تاوانی ئەنفال لەبەر ڕۆشناییی یاسای نێودەوڵەتیی گشتیدا (بەشی سێیەم و کۆتایی)

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

پرۆسەی دامەزراندنی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق

پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٩/نیسانی/٢٠٠٣، دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانان (CPA) لە ١٦/نیسان/٢٠٠٣ هەتا ٢٨/حوزەیران/٢٠٠٤ حوکمڕانیی عێراقی لەئەستۆ بوو. دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانان، بژاردەی جۆراجۆری لەبەردەستدا بوو بۆ چۆنێتیی دادگەییکردنی سەرانی ڕژێمی بەعس، وەک: دادگەییکردن لە ڕێگەی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی، دادگەییکردن بە هۆی دادگەیەکی تایبەتی نێودەوڵەتی وەک ئەوەی ڕواندا و یۆگسلاڤیا، دادگەییکردن بە هۆی دادگەیەکی تێکەڵاو کە تێکەڵاوێکە لە یاسا سزایییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان وەک دادگەی تایبەت بە سیرالیۆن و کۆسۆڤۆ، یان دادگەیەکی سزاییی ناوخۆیی. بەڵام بە بۆچوونی دەسەڵاتی کاتی لەو سەردەمە، دامەزراندنی دادگەیەکی سزاییی عێراقی باشترین بژاردە بوو، چونکە دەیتوانی باشتر کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات و هەروا لە لایەن عێراقییەکانەوە ڕەواییی زیاتری هەبوو. ئەوە بوو ئەنجومەنی حوکم یاسای ژمارە (١)ی بە ناوی "دادگەی تاوانی عێراق تایبەت بە تاوانە دژەمرۆیییەکان) لە ١٠/کانوونی یەکەم/٢٠٠٣ دەرکرد بۆ بەسزاگەیاندنی بەرپرسانی ڕژیمی بەعس و، بە فەرمانی ژمارە (٤٨) لە هەمان ڕۆژ لە لایەن "پۆل بریمەر"ەوە دەرچوو. سەرەتا کەسێک بە ناوی "سالم چەلەبی"، بوو بە سەرۆکی دادگە و ستافی دادگەکە بە دادوەر، داواکاری گشتی، لێکۆڵەری دادوەری و فەرمانبەران سەرجەمیان عێراقی بوون، کە لە دەرەوەی وڵات ڕاهێنانیان پێ کرابوو. لە سێپته‌مبەری ٢٠٠٤ سالم چەلەبی بە تۆمەتی کوشتن لەسەر کارەکەی لا درا، هەرچەندە دواتر بێتاوان دەرچوو و پاشان عامر بەکری جێگەکەی گرتەوە.

دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانان لە کاتی دانانی دادگەی ئاماژەپێکراو ئامانجی ئەوە بوو، کە سوود لە کێشە و گرفتەکانی دادگەکانی ڕابردوو وەک دادگەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە یۆگسلاڤیا لە دادگەییکردنی "میلۆسۆڤیچ" وەربگرێت. جیاوازیی سەرەکیی دادگەی تاوانە دژەمرۆیییەکانی عێراق لەگەڵ ئەوەی یۆگسلاڤیا ئەوە بوو، کە ئەوەی یەکەم دادگەیەکی تەواو عێراقی بوو و ناوەڕۆکێکی ناوخۆیی و عێراقیی هەبوو و لە چوارچێوەی یاساکانی ئەم وڵاتەدا کاری دەکرد.

پاش گواستنەوەی دەسەڵات بۆ عێراقییەکان، یاسای دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق ژمارە (١٠) ساڵی ٢٠٠٥ دەرچوو کە بەپێی بەندی (٣٧)ی یاسای دادگەی تاوانی عێراق تایبەت بە تاوانە دژەمرۆیییەکان هەڵوەشێنرایەوە. هەروا بەپێی بەندی (١) لە یاساکە، هەر کەسێکی سروشتی، چ عێراقی یان غەیرەعێراقی کە دانیشتووی عێراق بێت و تاوانەکانی هاتوو لە بەندەکانی (١١) و (١٢) و (١٣) و (١٤)ی ئەم یاسایە ئەنجام بدات لە ڕێکەوتی ١٧/٧/١٩٦٨ هەتا ١/٥/٢٠٠٣ لە کۆماری عێراق یا هەر شوێنیکی تر، ئەوا دەکەوێتە ژێر باواندارێتی (ولایة)ی دادگەکە و تاوانەکانیش بریتین لە: تاوانی جینۆساید، تاوانی دژەمرۆیی، تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکردنی یاساکانی عێراقی کە لە بەندی (١٤)ی ئەم یاسایەدا هاتوون. هەروا دادگەی ناوبراو بۆی هەیە بۆ لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی تاوانەکانی جینۆساید، تاوانی دژەمرۆیی و تاوانەکانی جەنگ، چاو لە ئەحکام و بڕیارەکانی دادگە سزایییە نێودەوڵەتییەکان بکات و پشتیان پێ ببەستێت.

سەڵاحییەتی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق

بەپێی یاسای دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق سەڵاحییەتەکانی ئەم دادگەیە بریتییە لەمانەی خوارەوە:

١) سەڵاحییەتی لە ڕووی کات: بەپێی بەندی ١/دووەم لە یاسای ئاماژەپێکراو، سەڵاحییەتی دادگە لە ڕووی کات لە ١٧/٧/١٩٦٨ هەتا ١/٥/٢٠٠٣ دیاری کراوە؛ واتە ماوەی ٣٥ ساڵ دەگرێتەوە، کە ئەویش سەردەمی فەرمانڕەواییی حزبی بەعسە لە عێراق.

٢) سەڵاحییەتی لە ڕووی شوێن: بەپێی بەندی ١/دووەم لە یاسای دادگە، سەڵاحییەتی دادگە لە ڕووی شوێن، کۆماری عێراق یان هەر شوێنێکی تر دەگرێتەوە.

٣) سەڵاحییەتی کەسی (شخصي): سەڵاحییەتی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق لە ڕووی کەسییەوە بەپێی بەندی ١/دووەم هەموو کەسێکی سروشتیی دەگرێتەوە، چ هاووڵاتیی عێراقی بێت یان ناعێراقی و دانیشتووی عێراق بێت. هەروا تەنیا کەسی سروشتی دەگرێتەوە و کەسی مەعنەوی ناگرێتەوە.

٤) سەڵاحییەتی بابەتی (موضوعي): لە ڕووی بابەتییەوە، بەپێی بەندی ١/دووەم چوار تاوان دەگرێتەوە کە بریتین لە: تاوانی جینۆساید، تاوانی دژەمرۆیی، تاوانی جەنگ و ئەو پێشێلکارییانەی یاساکانی عێراق کە لە بەندی (١٤)ی یاسای دادگەی باڵای تاوانەکان ئاماژەی پێ کراوە.

دادگەی کەیسی ئەنفال

دادگەی لێکۆڵینەوە  پاش ئەوەی کە ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوەی لە کەیسی ئەنفال تەواو کرد، دادوەری لێکۆڵینەوە بە هۆی بوونی بەڵگەی یاساییی دژ بە تۆمەتبار "سەددام حوسێن" و "عەلی حەسەن مەجید" (ناسراو بە عەلی کیمیایی)، "هاشم سوڵتان ئەحمەد"، "عەلی حوسێن ڕەشید"، "فەرحان موتلەگ جبووری"، "سابیر دووری" و "تاهیر ئەلعانی" پاڵپشت بە بەندی ١٨/بڕگە سێیەم لە یاسای دادگە و بەندی ١٣٠/بڕگە ب لە یاسای بنەماکانی دادگەییکردنی سزاییی عێراقی ژمارە (٢٣) ساڵی ١٩٧١  دۆسییەکەی ڕەوانەی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق کرد.

پرۆسەی دادگەی ئەنفال لە ٢١/ئاب/٢٠٠٦ دەستی پێ کرد، کە تێیدا سەددام حوسێن و شەش کەسی تر دادگەیی کران کە بریتی بوون لە: عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیایی، هاشم سوڵتان ئەحمەد، عەلی حوسێن ڕەشید، فەرحان موتلەگ جبووری، سابیر دووری و تاهیر ئەلعانی. سەرەتا داواکاری گشتیی دادگەکە "مونقیز ئال فێرعەون"، سەددام حوسێنی بە ئاراستەکردنی پرۆسەی ئەنفال تۆمەتبار کرد کە بووەتە هۆی مردنی پتر لە ١٨٢٠٠٠ کورد. ئال فێرعەون هەروا سەددامی بە تاوانی جینۆساید تۆمەتبار کرد و لەم بارەیەوە چەندین وێنەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی خستە ڕوو کە لە شارەکانی باکوور و باشووری عێراق گیرابوون. هەروا داواکاری گشتی ڕای گەیاند، کە پتر لە ٩٠٠٠ بەڵگەنامەی لەبەردەستە کە تۆمەتی جینۆساید لەسەر سەددام دەسەلمێنێت.

لە درێژەی پرۆسەی دادگەییکردن و لە ئەنجامی گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی بەڵگەکان دەرکەوت، کە ئەو کردارانەی کە تۆمەتباران ئەنجامیان داوە، بە مەبەستی جینۆساید و تاوانی دژەمرۆیی و تاوانەکانی جەنگ بووە، وەک: کوشتنی بەئەنقەست بەبێ دادگەییکردن، ڕاگرتنی نایاسایی، بەکارهێنانی ئامرازە نایاسایییەکان و دوورخستنەوە و ڕاگواستن و بێبەشکردن و چەوساندنەوە و...، کە هەموو ئەم کردارانە بە شێوەیەکی گشتی ڕێکخراو بوون و ئەنجامدانی بە پلانی پێشوەختە و داڕێژراو بووە، کە تۆمەتبار عەلی حەسەن مەجید لە وتەکانیدا لە بەردەم دادگە چەندین جار جەختی لەسەر ئەنجامدان و بەرپرسیارێتیی خۆی لەم تاوانانە کردۆتەوە.

هەروا لە درێژەی دادگەییکردنەکەدا، ژمارەیەکی زۆر لە بەڵگەنامەی فەرمی و بروسکە و نووسراوی جۆراجۆری یاسایی خرانە ڕوو کە نە تۆمەتباران و نە پارێزەرەکانیان تانەیان لە ساختەبوونیان نەدا و، بەم جۆرە دەبێتە بەڵگە لەسەریان و بەشداری و ڕۆڵیان لەم تاوانە دڕندانەیەدا دەسەلمێنێت. هەر بۆیە، پاڵپشت بەو بەڵگە و نووسراوە فەرمییانەی کە لە درێژەی پرۆسەی دادگەییکردندا خرانە ڕوو کە سەلمێنەری کرداری تۆمەتبارانە، هەروا دانپێدانانی هەندێک لە تۆمەتباران بە تاوانەکانیان و وتەی دادخوازان و شایەدەکان، کۆنووسەکانی لێکۆڵینەوە و پشکنین و ڕاپۆرتی شارەزایان، دادگە دڵنیا بوو لەو بەڵگە و قەرینانەی کە لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادگەییکردندا خراونەتە ڕوو، هەر بۆیە بڕیاری کۆتاییی خۆی لەسەر ئەم کەیسە دەرکرد.

لە دانیشتنی ٦/١٢/٢٠٠٦ کە دوا بەشداریی سەددام حوسێن بوو لە دادگەی ئەنفال، داواکاری گشتی دوا شایەدی بۆ دادگەکە بانگ کرد. پاش گوێبیستبوونی وتەکان، دادگە ڕای گەیاند کە دانیشتنەکە بۆ  ٨/١/٢٠٠٧ دوا دەخات، بەڵام هەشت ڕۆژ بەر لەم ڕێکەوتە، واتە لە ٣٠/١٢/٢٠٠٦، حوکمی لەسێدارەدان بۆ سەددام لەسەر کەیسی دوجەیل جێبەجێ کرا و بەم جۆرە کەیسی ئەنفال بە لەسێدارەدانی سەددام بەناتەواوی مایەوە. گەلی کورد کە لە ساڵانی فەرمانڕەوایەتیی بەعس دەیان کارەساتی دڵتەزێنیان بەسەر هاتبوو، ساڵانێکی زۆر چاوەڕێی ئەو ڕۆژەیان دەکرد کە دادپەروەری دەربارەیان جێبەجێ بکرێت و قوربانیان بتوانن مافەکانی خۆیان بەدەست بهێنن، بەڵام بە لەسێدارەدانی سەددام حوسێن ئەو ئاواتە وەک پێویست بەدی نەهات.

پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی سەرەڕای هەبوونی چەندین دۆسییەی تاوانی ترسناکی وەک ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالی بارزانییەکان و ڕاگواستنی فەیلییەکان لە دادگەی باڵای تاوانەکان، کەیسی دوجەیل کە لەچاو ئەواندا سووکتر بوو پێش خرا؟ هەروا بۆ ڕێگە نەدرا پرۆسەی دادگەییکردنی سەددام حوسێن لە کەیسەکانی تایبەت بە کورد وەک ئەنفال و کیمیاباران و...، بگاتە ئەنجامی کۆتاییی خۆی؟ "لری کاکس"، بەڕێوەبەری بەشی ئەمریکای ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لەم بارەیەوە دەڵێت: "لەسێدارەدانی خێرا و بەپەلەی سەددام حوسێن، نادروست بوو. ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە کە بە هیچ جۆرێک دادپەروەری دەرهەق بە قوربانییە بێئەژمارەکانی تاوانە دڕندانەکانی ئەو ڕەچاو نەکراوە. لە ڕاستیدا ئەم کارە هەلێکی ناسەرکەوتوو بوو بۆ دروستکردنی سەروەریی یاسا لە عێراقدا."

نزیکەی ساڵ و نیوێک پاش لەسێدارەدانی سەددام، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگە، ڕەعد ئەلساعدی، لە ئاخاوتنێکدا لە زانکۆی کریتۆن ئاماژەی بەم خاڵە کرد و گوتی کە پرۆسەی لەسێدارەدانی سەددام لەژێر چاودێریی دەسەڵاتی دادوەریدا نەبووە، بەڵکوو حکوومەتی عێراق ئەم پرۆسەیەی بەڕێوە بردووە. کاردانەوەی کوردەکان لەم بارەیەوە نەرێنی بوو؛ نەک لەبەر ئەوەی کە لەسێدارەدانی سەددام ڕەوا نەبوو، بەڵکوو بووە هۆی ئەوەی کەیسە گرنگەکانی کورد بەناتەواوی بمێنێتەوە و گەلێک لە نهێنییەکانی ئەم دۆسییانە دێزە بە دەرخوونە کران و برانە ژێر گڵ. هەروەک چۆن ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست کاتی خۆی لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، کە لەسێدارەدانی سەددام لەسەر کەیسی دوجەیل بۆ کوردەکان زۆر جێی نائومێدی بوو، چونکە کوشتاری دوجەیل لە چاو دۆسییەی ئەنفال تاوانێکی بچووک بوو.

لە ٥٣یەمین دانیشتنی دادگە لە ٢/٤/٢٠٠٧ داواکاری گشتی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لە ٥٢ لاپەڕە پێشکەش بە دادگە کرد، کە تێیدا بەوردی پەنجەی خستە سەر تاوانی جینۆساید و تاوانی دژەمرۆیی و تاوانەکانی جەنگ لە شاڵاوەکانی ئەنفال، کە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە ئەنجام درابوون. ئەوەی کە لەم راپۆرتەدا ئاماژەی پێ کرابوو ئەمانەی لای خوارەوە بوون:

١) لەسێدارەدان و بێسەروشوێنکردنی دەیان هەزار کەس کە بەشێكی زۆریان منداڵ و ئافرەت بوون.

٢) بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە جۆری غازی خەردەل، سارین و دەمار (اعصاب) کە بووە هۆی کوشتنی هەزاران سڤیل کە بەشێکی زۆریان ئافرەت و منداڵ بوون.

٣) وێرانکردنی بەتەواوەتیی هەزاران گوند و دەیان شار و شارۆچکە.

٤) وێرانکردنی هەزاران قوتابخانە و مزگەوت.

٥) بەتاڵانبردنی ماڵ و سامانی هاووڵاتیان بە شێوەیەکی بەرفراوان.

٦) ڕه‌شبگیریی گوندنشینەکان کە فەرمانی دەستگیرکردنیان نەبوو.

٧) ڕه‌شبگیری و ڕاگرتنی هەزاران کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و هێشتنەوەیان لە دۆخی برسیکردن، تینووکردن و بێبەشکردن بەبێ بڕیاری دادوەر.

٨) ڕاگواستنی هەزاران گوندنشین بە شێوەیەکی زۆرەملێ.

٩) تێکدانی ژێرخانی ئابووریی گوندەکانی کوردستان لە کاتی هێرش و پەلامارەکانی سوپای عێراق دژ بە گەلی کوردستان.  

دادگە لە دوا دانیشتنی خۆیدا بەم جۆرە بڕیاری دا: لە ڕێکەوتی ٢٤/٦/٢٠٠٧ دادگەی دووەمی باڵای تاوانەکانی عێراق بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەممەد عورێبی مەجید خەلیفە"  و هەموو ئەندامەکانی پێک هات و بەم جۆرە بڕیارەکانی خۆی لەبارەی دۆسییەی ئەنفال ڕاگەیاند:

- لەبەر ئەوەی بەڵگەی پێویست نەبوو، تاهیر تۆفیق ئەلعانی ئازاد کرد.

- بڕیاری زیندانیکردنی هەمیشەییی بۆ تاوانبار فەرحان موتلەگ ساڵح بڕییەوە.

- بڕیاری زیندانیکردنی هەمیشەییی بۆ تاوانبار سابیر عەبدولعەزیز ئەلدووری بڕییەوە.

- بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ تاوانبار سوڵتان هاشم ئەحمەد دەرکرد.

- بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ تاوانبار حوسێن ڕشید تکریتی دەرکرد.

- بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ تاوانبار عەلی حەسەن مەجید دەرکرد.

- لە ڕێکەوتی ٨/١/٢٠٠٧ ڕێکارە یاسایییەکان دژ بە ئیدانەکراو سەددام حوسێن مەجید ڕاگیران، لەبەر مردنی و جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان دژ بە نابراو بە هۆی ئیدانەکردنی لە کێشەی دوجەیل پاڵپشت بە ئەحکامی بەندەکانی (٣٠٠) و (٣٠٤) لە یاسای بنەماکانی دادگەییکردنی سزاییی ژمارە (٢٣) ساڵی ١٩٧١.

ئەنجام

تاوانی ئەنفال، یەکێکە لەو تاوانە ترسناکانەی کە لە کۆتایییەکانی سەدەی بیستەم ئەنجام درا و وەک پەڵەیەکی ڕەش بە نێوچاوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی نووستوو و حکوومەتی عێراق دەمێنێتەوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکە، چاوی لە ئاست دڕندەییی ڕژێمی ئەوسای عێراق بەرامبەر بە گەلی کوردستان داپۆشت. حکوومەتی نوێی عێراقیش کە پاش ساڵی ٢٠٠٣ پێک هات، لە ئاست کەیسی ئەنفال و پرۆسەی دادگەییکردن کەمتەرخەم بوو و، بە لەسێدارەدانی سەددام حوسین وەک تۆمەتباری سەرەکیی دۆسییەکە، بەکردەوە وای کرد کە پرۆسەی دادگەییکردنەکە بەنیوەچڵی بەڕێوە بچێت و نەگاتە ئامانجی ڕاستەقینەی خۆی. هەروا تەنانەت پاش ئەوەی کە دادگە لە بڕیارەکانی خۆی ئەنفالی وەک تاوانی جینۆساید و تاوانی دژەمرۆیی و تاوانی جەنگ لە قەڵەم دا، حکوومەتی عێراق تاکوو ئێستا ئامادە نەبووە دان بەم تاوانەدا بنێت وەک جینۆساید و داوای لێبووردن لە گەلی کورد بکات، تەنیا ئەوەندەیە پەرلەمانی عێراق وەک جینۆساید دانی بەم تاوانەدا ناوە. هەروا سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی ئەم تاوانە تاکوو ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە، کە ئەمەیش یەکێکە لە ئەرکەکانی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر کەسوکاری قوربانیان و لە قۆناغی دادپەروەریی ڕاگوزاری. جگە لەمەیش، لەسێدارەدانی بەپەلەی سەددام لەسەر کەیسی دوجەیل لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراقی نوێ لەسەر کوشتنی ١٤٨ هاووڵاتیی شیعە و، مەحکوومنەبوونی لە کەیسی گرنگی وەک ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و...، دڵی هاووڵاتیانی کوردی ئێشاند و، ئەو ڕاستییەیشی سەلماند کە لە عێراقی نوێیشدا ستەمەکان لەسەر کورد بە جۆرێکی تر بەردەوامن. 

 

سەرچاوەکان:

١) ئاسۆ کەریم، دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق و لێبووردنی گشتی، کۆنگرەی بەجیهانناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد، هەولێر ٢٦-٢٨ کانوونی دووەمی ٢٠٠٨، چاپی یەکەم، دەزگای ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٨.

٢) تەها سلێمان، تاوانی ئەنفالی ١٩٨٨ زانیاری و دیکۆمینت، دەزگای لێکۆڵینەوە بۆ جینۆساید و ئەنفال، چاپی یەکەم، ٢٠١٥.

٣) تەها سلێمان، جينۆسايدكردنی كوردستان، چاپی یەکەم، چاپخانەی حەمدی، سلێمانی، ٢٠١٦.

٤) رضوان العید، جریمة الابادة الجماعیة في ظل القانون الدولي الإنساني، جامعة ابوبکر بلقاید تلمسان/الجزائر، رسالة الماجستیر، ٢٠١٤-٢٠١٥.

٥) زهیر کاظم عبود، محکمة الأنفال قراءة قانونیة، الطبعة الاولی، مٶسسة ئاراس، اربیل، ٢٠٠٨.

٦) زياد أحمد محمد العبادي، دور المحاكم الجنائية الدولية الخاصة في تحديد جريمة الإبادة الجماعية والمعاقبة عليها، الرسالة الماجستیر، كلية الحقوق/ جامعة الشرق الأوسط، عمان، ٢٠١٦.

٧) د.ستار عزیزی، حمایت از اقلیت ها در حقوق بین الملل، چاپ اول، انتشارات نور علم، همدان، ١٣٨٥.

٨) شایان سیداحمدی، عملیات انفال کردستان عراق در ترازوی حقوق بین الملل، چاپ اول، انتشارات خرسندی، تهران، ١٣٩٥.

٩) عصماني لیلی، التعاون الدولي لقمع الجرائم الدولیة، اطروحة الدکتوراە، جامعة وهران/الجزائر، ٢٠١٢-٢٠١٣.

١٠) علیرضا روستایی، نسل کشی فرهنگی در نظام حقوق بین الملل معاصر، چاپ اول، انتشارات جنگل، تهران، ١٣٩٥.

١١) عەدالەت عومەر ساڵح، شاڵاوی ئەنفال و کاریگەرییەکانی لەسەر باری ئابووری و دەروونی و کۆمەڵایەتیی ئافرەتانی بەجێماوی ئەنفال، کۆنگرەی بە جیهانناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد (٢٦-٢٨ کانوونی دووەمی ٢٠٠٨)، چاپی یەکەم، دەزگا‌ی ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٨.

١٢) فاطمه عبدی، بررسی نسل كشی در عرصه بين الملل، فصلنامه علمی- حقوقی قانون یار، دوره اول،  بهار ١٣٩٦.

١٣) قاسم صالحی اقدم، بررسی عملیات انفال از منظر حقوق بین الملل با تأکید بر رأی دادگاە عالی کیفری عراق، پایان نامە کارشناسی ارشد حوقو بین الملل، دانشکدە حقوق دانشگاە بهشتی، زمستان ١٣٩٣.

١٤) د. مارف عومەر گوڵ، جینۆسایدی گەلی کورد لەبەر ڕۆشناییی یاسای نێودەوڵەتاندا، چاپی پێنجەم، دەزگا‌ی ئاراس، هەولێر، ٢٠١٠.

١٥) مایکل جی.کلی، نسل کشی در کردستان عراق؛ صدام حسین و یک محاکمە ناتمام، ترجمە سربس نظری، چاپ اول، مٶسسە انتشارات امیرکبیر، تهران، ١٣٩٠.

١٦) هیلال ئیبراهیم، ئەنفال لە چوارچێوەی ڕێکكەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە  نەهێشتنی جینۆساید (چۆنێتیی بردنی ئەنفال بۆ ناو نەتەوە یەکگرتووەکان)، کۆنگرەی بەجیهانناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد، هەولێر ٢٦-٢٨ کانوونی دووەمی ٢٠٠٨، چاپی یەکەم، دەزگا‌ی ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٨.

١٧) اتفاقية منع جريمة الابادة الجماعية والمعاقبة عليها عام ١٩٤٨.

١٨) قانون محکمة الجنائیة العلیا العراقیة لسنة ٢٠٠٥.

١٩) نظام روما الأساسي للمحکمة الجنائية الدولیة عام ١٩٩٨.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples