پەرویز ڕەحیم قادر/ مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین
ڕۆژی دووشەممە (10-6-2019) لە ڕێوڕەسمێکی گەورە و بە ئامادەبوونی سەدان میوانی کوردستانی، عێراقی و جیهانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستان سوێندی یاساییی خوارد و وەکوو دووەمین سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بوو. لەم نێوەندەدا نێچیرڤان بارزانی، به گوتارێك ئامانجهكانی خۆی له چوار ساڵی داهاتوودا خستە ڕوو. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین ناوەرۆکی وتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی دەرفەت و هەڕەشە ئاشکرا و شاراوەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە شرۆڤە بکەین.
خستنەڕووی بابەت
یهكێك له خهسارهكانی بهشێك له نوخبهی هزری، ڕۆشنبیری و تهنانهت ئهكادیمیی كورد ئهوهیه، دهیهوێت واقع و ڕووداوهكان تهنیا له چوارچێوهی تیۆرییەکی باو و دڵخوازی دیاریكراودا بخوێنێتهوه و زۆربهی كاتهكانیش ڕووبهڕووی ئاڵۆزی و خوێندنهوهی ڕووكهشیانه دهبێتهوه. بۆیه پێویسته ئێمه ههوڵ بدهین ئهم واقع و ڕووداو و، بهگشتی گۆڕانكارییانهی كوردستان و تهنانهت ناوچهكهیش بهپێی ڕاستییه ناوخۆیی- خۆماڵی و بابهتییهكانهوه به سوودوهرگرتن له هزر و زانست "تیۆریزه" بكهین. بۆ ئهم مهبهسته دەکرێت سوود له چهمك و تیۆریی "پارادایمی تۆماس كۆهین" له بواری فهلسهفهی زانست و مێژووی زانست وهربگرین، تاوهكوو تووشی گرفتی بوونناسانه و مهعریفهناسانه و میتۆدۆلۆژیك نهبین. هەروەها لە چوارچێوە و بهپێی ڕوانگهكانی "ناسنامهتهوهر" بهتایبهت "كۆنستراكتیڤیزم"، ههموو دیارده كۆمهڵایهتییهكان دروستكراوی كۆمهڵایهتین و بهم پێیهیش زانست، عهقڵانییهت و تهنانهت چهمكی بهها و بهرژهوهندی، ڕێژهیین و بهپێی ناسنامە نەتەوەیییەکان و بەم پێیە ناسنامە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری و تەنانەت پارادایمی زاڵی ههر سهردهمێك مانای جیاواز و تایبهتی دهبهخشێت و، هەروەها مانای جیاواز و تایبهتیش بهرههم دێنێت؛ كهواته پێوهری دروستی و تێگهیشتن له گوتار و پاشان ڕهفتار و ماناكانیش ههتاههتایی نین. بۆ ئەم مەبەستە و ڕوونکردنەوەی زیاتری چوارچێوەی تیۆریی بابەتەکەمان، پێویستە سەرەتا بەپوختی و بەکورتی بزانین گوتار و پارادایمی هێز چییە.
پارادایمی هێز و ڕهگهزهكانی
ههر "پارادایمێكی هێز" بۆ جێگیربوون و دووباره بهرههمهێنانهوهی خۆی، پێویستیی به "بكهر و بونیاد" ههیه. لێرهدا ئهگهر بۆ نموونه له گۆڕهپانی سیاسیی كوردستاندا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وهربگرین، ئهوه وهكوو "بكهر"ی سیاسیی سهرهكی و تهنانهت ههڵگری ڕهوایهتیی مێژوویی (له ڕووی بنهماڵهیییهوه) لهم پارادایمهدا ئهم ڕۆڵه دهبینێت. بكهره لاوهكییەکانی تر بۆ نموونه وهكوو "پارتی دیموكراتی كوردستان" و ئهكتهرهكانی تری ناو ئهم پارادایمه، چ وهكوو حزب و چ وهكوو تاك و كهسایهتییه کۆمەڵایەتی و سیاسییەكان، بهپێی دووری و نزیكی و ڕۆڵ و قورسایییان، دهكرێت وهكوو دامهزرێنهر، شیكهرهوه و داكۆكیكار و تهنانهت جێبهجێكهری ئهم پارادایمه (پارادایمی هێز) سهیر بكرێن.
ههموو پارادایمێكی هێز بۆ چهسپاندن و جێگیركردنی خۆی له ڕووی "بابەتی (عهینی) و وێنایی (زەینییەوە)" پێویستی به بونیاد یاخود ستراكچهر ههیه. لێرهدا، دهكرێت دهسهڵاته فهرمی و نافهرمییهكان، یان دامهزراوه و دهسهڵاته حكوومی و ناحكوومییهكان لهژێر ناونیشانی چوار ڕهگهز، یان بونیادی سهرهكی و بنهڕهتیدا پۆلێن بكهین:
١- كهڵهكهبوون (مهبهست دیاریكردنی ئاستی ڕۆڵی دهسهڵات و تەنانەت بازاڕه له ئابووریی كۆمهڵگهدا، ههروهها جۆری سیستهمی پهیوهندیی ئابووری و دهوڵهت و كۆمهڵگهیه؛ كه لێرهدا مهبهست چۆنێتیی دهستپێڕاگهیشتن و بهدهستهێنان و دابهشكردنی سهرچاوهی ماددی، دارایی و سامانه بۆ تاك و گرووپهكان له كوردستان. بهگشتی بهپێی سیستهمی تایبهتیی ئابووری- سیاسیی كوردستان و نهبوونی دهوڵهت، دۆسیهی نهوت و داهاتهكهی و چۆنێتیی دابهشكردنی، ئهم پهیوهندییه دهستنیشان دهكات.)
٢- ڕهوایهتی: بریتییه له هۆكار و بنهما كۆمهڵایهتییەکانی ویستراوبوون و دڵخوازبوونی كهس یاخود ئهم گوتاره، ههروهها بهڕهوا زانینی ئهم پارادایمه، كه لێرهدا له ڕەوایەتیی یاسایی و هەڵبژاردن و پاشان گوتاری سیاسی و ئەزموونی ڕابردوو و له ڕهفتاری سیاسیی سەرۆکی هەرێمی ئـیستا و سەرۆکی حکوومەتی ڕابردوودا خۆی دهبینێتهوه.
٣- ناسنامه: پێناسهكردنی خود و ئهوهی تر؛ لێرهدا له سنوور و چوارچێوهی ناسنامهی سیاسی و یاساییی هەرێمی کوردستان و پاشان كوردستانیبوون خۆی پێناسه دهكات و مانا وهردهگرێت.
٤- هێژموونی: هێژموونی، دهستنیشانكردنی هێزه زاڵهكانی دیاریكهری مانا و ڕهفتارهكانه كه لێرهدا ئهم هێزانه له چوارچێوهی گوتار و سیاسهتی فەرمیی هەرێمی کوردستان بەگشتی و پاشان هاوپهیمان و لایهنگرانیدا دهستنیشان دهكرێن و، ئهوانهی تر بهپێی مهودایان لهم مانا و ڕهفتارانه دهكهونه خانهی ڕکەبەر، نهیار و تهنانهت دوژمن و تەنانەت دەکهونە چوارچێوەی ئهوهی تری ناسنامهییی ئهم ناسنامه یاسایی و سیاسی و تەنانەت نهتهوهیییه (کورد بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی وەکوو پێکهاتە و لە هەمان کاتدا ئەکتەر و کیانێکی سیاسی و یاسایی).
بهگشتی ئهم چوار ڕهگهزهی سهرەوه كه ئاماژهمان پێ دا، وهكوو كاكڵ و ناوهڕۆكی ڕهقی پارادایمی هێز پێناسه دهكرێن و بهردهوام بكهری سهرهكی و بكهره لاوهكییهكان و له لایهكی ترهوه نهیارانی ئهم پارادایمه لهسهر پاراستن و بهردهوامی، یان گۆڕانی ئهم پارادایمی هێزه له كێبڕكێ و ململانێدان؛ ههرچهنده ئهم ململانێیه شاراوه بێت و له چوارچێوهی كێبڕكێدا خۆی بهرجهسته بكات.
لێرهوه ههر پارادایمێكی هێز بۆ مانهوه و بهردهوامیی خۆی، سیستهمێكی مهعریفی و هزریی تایبهت به خۆی بهرههم دههێنێت و هەر بۆیە ڕۆڵی زمان له دروستكردنی بونیادی هزری و زهینیی پارادایمی هێز بهرجهسته دهبێت. به تێپهڕبوونی كات، ئهم زمان و زهینییهت و ئهزموونه مێژوویی و تاكهكهسییانه دهبنه بنهمایهكی ڕهفتاری و، نوخبه سیاسییهكان و تاكهكان و دامهزراوه فهرمییهكان و دروستكهرانی بڕیار ناتوانن لێی لا بدهن و تەنانەت دژایهتیی بكهن. دژایهتیی پێكهاته و بونیادهكانی پارادایمی هێزی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لهم قۆناغهدا زۆر ئاسان نییه، چونكه ههم ڕهوایهتیی له ئاستی كۆمهڵگه و عێراق (هەرچەند بەناچار!) و نێودهڵهتییدا ههیه و ههم گوتاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ههڵگری ڕهگهزهكانی یاسایی و ناسنامەیییە و مانایشی لێ وهردهگرێت؛ ههروهها مانایشی بۆ ساز دهكات و بهم پێیهیش هێژموونی ههیه. له لایهكی تریشهوه ڕەگەز و بونیادی كهڵهكهبوون (وهكوو خاڵێكی جهوههری)ی ئهم پارادایمه، له دهست دامهزراوهكانی ژێر كۆنترۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و "نێچیرڤان بارزانی"دایە. لێرەوە هەوڵ دەدەین ئەم وتارە لەم چوارچێوەیەدا شرۆڤە بکەین.
دیموکراسی وەک دیسکۆرس، نەریت و دەرفەت
خاڵێکی سەرنجڕاکێش لە وتاری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئەم ڕستەیەیه: "سوپاس كه ئێوه وهك نوێنهرانی گهل، دهنگتان دا به ههڵبژاردنم وهك سهرۆكى ههرێم بۆ چوار ساڵی داهاتوو. سوپاس بۆ ههمووان؛ سوپاس بۆ ئهوانهى دهنگیان دا، ئهوانهی دەنگیان نەدا، ئهوانەی ڕۆژى دهنگدان نهچوونه پەرلهمان. سوپاسى ههر ههمووتان دهكهم. ههر یهك له ئێوه، به خواستی خۆی و بە نوێنەرايهتيی دەنگدهر، لەسەر ڕاسپاردهى ئهو حزبهی نوێنەراتیی دهكهن له پهرلهمان، ماف و ئەركی دیموکراتیی خۆتان پیاده كرد. لهم كاتهدا گهورهترین دهسكهوت، بهردهوامبوونى خودی پرۆسهی دیموكراسیيه له ههرێمى كوردستان. سوپاس كه متمانهتان پێ دام." کە ئەمەیش دەتوانێت ببێتە نەریتێکی دیموکراسی بۆ پێکەوەهەڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو بیر و بۆچوونە سیاسییەکان؛ ئەوەیە کە تەنانەت دەنگپێنەدانیش بەشێکە لە نەریتی دیموکراسی و ئازادیی بیر و ڕا و بۆیە پێویستە ڕێزی لێ بگیرێت. ئەمە بەپێچەوانەی ڕوانگەی تەسکی حزبییە کە ئەوی تر بە "دوژمن" پێناسە دەکات. بۆیە داننان بە ناکۆکی و جیاوازی دەتوانێت بەشێک بێت لە گوتارە سیاسییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک و کۆلەکەیەکی پتەو بۆ چەسپاندنی دیموکراسی. بەم پێیە دەکرێت هەڕهشەکانی پرۆسەی دیموکراسییش لەم وتارەدا ببیندرێت ئەگەر ئێمە نەتوانین جیاوازییەکان قبووڵ بکەین. هەروەها ئەمە پەیامێکیش بوو بۆ "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان" کە لە پرۆسەی دەنگدان بە نێچیرڤان بارزانیدا بەشدارییان نەکرد و دەنگیان بە سەرۆکایەتییەکەی نەدا. بەم واتایە کە ڕێز لەو هەڵوێستەیش دەگرێت و به شتێکی ئاسایی و تەنانەت دیموکراسییانەی دەزانێت.
ئەمەیش دەتوانێت دڵنیایییەک بێت بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاندانیان بە مەبەستی بەشدارییان لە حکوومەت بۆ سەرکەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەنانەت سڕینەوەی بارگرژییەکان لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی. هەر بۆیە دەڵێت: "جارێکی دیکە سەرجەم کوردستانیانی ئازیز دڵنیا دەکەمەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکان دەبێت، بە جیاوازی بیر و بۆچوونەکانیانەوە، لە پێناو ژیانێکی ئاشتییانە و ئارامیی گەلی کوردستاندا. هەرێمی کوردستان موڵکی هەموو کوردستانیانە بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمیش سەکۆی ئیرادە و خواست و مافەکانیان دەبێت بەبێ هیچ جیاکارییەک؛ بۆ هەمووان دەبێت و بە یەک چاو سەیری هەمووان دەکرێت." ئەمەیش بۆ ئەوەی دڵنیایی بداتە هەموو پێکهاتە ئیتنی، ئایینی و مەزهەبییهكان و، هەروەها نیشاندانی سروشتی سەروونەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و تەنانەت حزبیی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم. بۆیە ئەمە پەیامێکە بۆ ناوخۆ و دەرەوە بە مەبەستی دروستکردنی دیسکۆرسێکی نوێ لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم و تەنانەت عێراق، لە کاتێکدا دامەزاروە سیاسی و سەربازی و ئاسایشییە عێراقییەکان و تەنانەت ناوچەیییەکان بێلایەن نین. بەرجەستەکردن و پەیڕەوکردنی ئەم دیسکۆرسە دەتوانێت جگە لە سەرمایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە ئاستی نێودەوڵەتییش ببێتە سەرمایەیەکی هێمایین بۆ هەرێمی کوردستان.
سەرکەوتن، تراژیدیا و کارەسات: بیرەوەری و چارەنووسی هاوبەشی نەتەوەیی
وەبیرهێنانەوەی خۆڕاگری لە هەمبەر ئازار و کارەسات و سەرکەوتنە هاوبەشەکان بۆ هەر نەتەوەیەک، بەشێکن لە بنەماکانی بە-نەتەوەبوون. بۆیە نێچیرڤان بارزانی زیرەکانە هەوڵ دەدات نەگەڕێتەوە بۆ ڕابردووی دوور و زەقکردنەوەی ناکۆکی و تەنانەت پێکدادانە ناو-نەتەوەیییەکان (بۆ نموونە جەنگی ناوخۆیی) کە زیاتر لێکترازان و برینەکان وەبیر دەهێنێتەوە و بەرجەستەیان دەکات؛ بۆیە لە یاد و ڕووداوی زۆر نوێ وەکوو هێرش و جەنگی داعش لە دژی کوردستان دەست پێ دەکات و دەڵێت: "ناخۆشترین یادی نوێ، هێرشی دڕندانەی داعش بوو بۆ سەر چەندین شار و شارۆچکە و گوندی هەرێمی کوردستان و عێراق. شێوازی کوشتاری تیرۆریستانی داعش هەموومانی تووشی شۆکێکی بێوێنە کرد؛ دونیای هەژاند. زۆر کەس پێشبینیی دڕندەییی لەو جۆرەی نەدەکرد؛ زۆر کەس بڕوایان نەدەکرد لە سەدەی 21دا هێزی تاریکپەرستی وا، دەستی بچێتە ئەو هەموو دڕندەیییە و ئەو هەموو تاوانە. بۆ ماوەیەکی کورت لەوە دەچوو کە تیرۆریستان لە مەرام و مەبەستی خۆیان بۆ تۆقاندنی دونیا سەرکەوتوو بوون." لێرەوە نێچیرڤان بارزانی هەوڵ دەدات ئەو پەیامە بنێرێت کە تەنانەت ژیان لە سەدەی ٢١ ناتوانێت گەرەنتیی سڕینەوە و نەمانی هەڕەشەکان بکات و لەوانەیه لە داهاتوویشدا کارەسات و مەترسیی لەم چەشنە ڕوو لە کوردستان بکاتەوە.
هەر بۆیە لە وتارەکەیدا بارزانی دەڵێت: "دووپاتی دەکەمەوە ئارامی و ئاشتی و زامنکردنی مافی تاک و کۆمەڵگه ئامانجی سەرەکیمان دەبێت، بە گرتنەبەری دیالۆگ و چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا. هەروەها پاراستنی پەیوەندیی دۆستانەی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچە و بەردەوامیدان بە بەهێزکردنی پێگە و سەنگی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی هەرێم و نێودەوڵەتیدا. کاری جددی دەکەین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و زامنکردنی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان و بەها و پرەنسیپەکانی جیهانی پێشکەوتوو. دابینکردنی ماف و شایستەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگه و نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک، پتەوکردنی پێکەوەژیان و تەبایی و یەکترقبووڵکردن لە وڵاتێکدا کە وڵاتی هەموومان دەبێت و هەموو تاکێک خۆی بە خاوەنی ئەو وڵاتە بزانێت. هەموومان یەک خۆر لەسەرمان هەڵدێت و یەک ئاسمان دامان دەپۆشێت. یەک ئاییندە و یەک چارەنووسمان هەیە." بۆیە لێرە دەتواندرێت هەر دوو ڕەگەزەکانی پرۆسەی "نەتەوە و دەوڵەتسازی" لەپاڵ بنەماکانی دیموکراسی ببینرێت:
١- ئارامی و ئاشتی، بەشێک لە پرسە ئاسایشییەکان و ئامانجی ئاسایشی نەتەوەییی هەر دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکە.
٢- دەستەبەەرکردنی ماف و ئازادییە گشتییەکانی تاک و کۆمەڵگە، بە کرۆکی پرۆسەی دیموکراسی و حوکمڕانی دادەندرێت.
٣- چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان بە ڕێگەی دانوستاندن کە بە کرۆکی دیپلۆماسی دەزاندرێت. ئەمەیش بە واتای دوورکەوتنەوەیە لە بارگرژی و تەنانەت جەنگ تا ئەو جێگەیەی کە دەستوور ڕێگە دەدات. بۆیە دەستوور دەبێتە ناوبژیوانیکەر لە نێوان هەر دوو لا.
٤- ناردنی پەیامی دۆستایەتیی حکوومەت و گەلی کوردستان (باشوور) بۆ وڵاتانی دراوسێ و نێودەوڵەتی بە مەبەستی پەرەپێدان و پاراستنی پێگەی کوردستان.
٥- دووپاتکردنەوەی پابەندیی هەرێمی کوردستان بە بنەما و بەها و نۆرمە نێودەوڵەتی و جیهانییەکان، وەکوو مافەکانی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ناڕاستەوخۆ داواکاریی پابەندبوونی ئەو دەوڵەتانەیش بەو بەهایانە لە هەمبەر هەرێمی کوردستان.
٦- لە ڕێگەی نەهێشتنی توندوتیژی و جیاکارییەوە پرۆسەی هاوبەندیی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی بە مەبەستی نەتەوەسازی لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون دەگیرێتە بەر. ئەمە پەیام و ئامانجێکی گرنگی هەر دەسەڵاتێکی نەتەوەیی و دیموکراتیکە. ئەمەیش لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی بنەماکانی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن کە دوو بەهای جیهانی و شارستانییانەی سەردەمی مۆدێرنن. چونکە هەرێمی کوردستان پڕە لە ئاسەوارەکانی ڕابردوو و، هەروەها لە ڕووی پێکهاتەیییەوە هەم عێراق و هەم هەرێمی کوردستان فرەناسنامە و فرەپێکهاتەن، بەڵام بە پاراستنی ئەو دوو بەها و پرەنسپیە بنچینەیییە، دەتواندرێت ئەو مافانە دەستەبەر بکرێت. لە ڕاستیدا ئەوەی کە چەمکی هاووڵاتیبوون بەرجەستە دەکات ئەوەیە، کە جیاکاری و توندوتیژی بنەبڕ یاخود سنووردار بکرێت؛ ئەمەیش سەرمایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و، هەروەها دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دێنێتە دی.
٧- بەرجەستەکردنەوەی چارەنووس و وڵاتی هاوبەش، دەتوانێت یەکێکی تر لە ڕەگەزە گرنگەکانی دیموکراسی و هاووڵاتیبوون و، هەروەها بۆ هەرێمی کوردستان پێشکەوتن لە پرۆسەی دەوڵەت-نەتەوەسازی بێت. بۆیە هەوڵدان بۆ خستنەڕووی ئەم چەمکە، دەتوانێت چ لە ڕووی نەتەوەیی و چ لە ڕووی حوکمڕانییەوە بنەمایەک بێت بۆ تێپەڕکردنی جیاوازی و تەنانەت ناکۆکییەکان.
ڕێزگرتن لە دەسکەوتەکانی سەرۆکی هەرێمی پێشوو: مانەوەی کوردستان و خەبات بۆ دیموکراسی
بۆ گۆڕینی ههر پارادایمێكی هێز، پێویسته چ له ڕووی بكهرایهتییهوه و چ له ڕووی بونیادییهوه، جێگرهوه یان ئهلتهرناتیڤی گونجاو و ویستراو و بههێز ههبێت و پارادایمی هێزی جێگیر، تووشی قهیرانی "بابهتی" و مانایی بێت و، پارادایمی زاڵ نهتوانێت چیتر هێژموونی ههبێت و ڕهگهزه بونیادییهكانی، چیتر وڵامدهری داواكاری و ویستی كۆمهڵگهی كوردستان نهبێت. ئهم بابهتهیش سهرهڕای ڕهخنهی تاكهكانی كوردستان له ئهدای حكوومهت و حزبه دهسهڵاتدارهكان و قهیرانی داراییی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، بەڵام له ئێستادا زۆر لاوازه و جهنگی سهركهوتووانه دژی داعش بهگشتی و پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی سەرەڕای ئاسەوار و لێکەوتە نەرێنییەکانی، (بهتایبهت به هۆی كاریگهری لهسهر دووباره بهرههمهێنانهوهی ڕهوایهتی و هێژموونی و، ههروهها بههێزتركردنی ڕهگهزه ناسنامهیییهكان) ئهگهرهكانی لاوازتر كرد و، بۆیه هاوسهنگیی هێزی له بهرژهوهندیی بارزانی و حزبەکەی گۆڕی و لێرهوهیه كه خاڵه بههێزهكانی بارزانی خۆی مانیفێست یاخود ئاشكرا كردووە.
بەم پێیە، نێچیرڤان بارزانی وەکوو نەریتی هەر ڕێوڕەسمێکی دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات، هەوڵی دا لە وتارەکەیدا خاڵە بەهێز و ئەرێنییەکانی سەردەمی سەرۆکایەتیی پێش خۆی بەرجەستە بکاتەوە. بۆیە سەرکەوتن لە جەنگی دژی داعش و پاراستنی کوردستان لە مەترسییە ئاسایشییەکان، هەروەها بەستنەوەی بە بنیاتنان و پەرەپێدانی ئەزموونی دیموکراسیی کردە هەوێنی ئەو سوپاس و پێزانینە، هەم بۆ سەرۆکی حزبەکەی خۆی و هەم بۆ سەرۆکی پێشووتری هەرێمی کوردستان کە ئـێستا خۆی بۆ جێگرتنەوەی، سوێندی یاساییی بۆ خواردووە. بۆیە لە وتارەکەیدا دەڵێت: "جەنابی سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکیی بینی لە بەرپەرچدانەوەی تیرۆریستانی داعش و تێکشکاندنی خەونی تاریکپەرستی و وێرانکارییان. جەنابیان وەک فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەو پەڕی توانایەوە ڕاستەوخۆ بەشداریی لە پاراستن و بەرگری لە هەرێمی کوردستان کرد. ئەو ڕێوڕەسمەی ئەمڕۆیش کە زادهی پرۆسەی دیموکراسییە، بەرهەمی خەبات و تێکۆشان و کۆڵنەدانی جەنابی سەرۆک بارزانی و تێکۆشەرانی گەلەکەمانە؛ بەرهەمی خەباتیانە بەرەو دیموکراسیکردنی هەرێمی کوردستان". لێرەدا نێچیرفان بارزانی جگە لەوەی کە دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە پرۆسەیەكی ئاشتییانە و دیموکراسیدا دەخاتە ڕوو، هەوڵی ئەوەیە بەم وتارە شۆڕشگێڕی و خەبات و دیموکراسییش لێکجیا نەکاتەوە یاخود بە تەواوکاری یەکتری پێناسەیان بکات و ئاوێتەیان بکات. ئەمەیش بە دوو ئامانجی سەرەکی:
یەکەم: وڵامدانەوەی ناڕاستەوخۆی ڕەخنەی بەشێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆییی ئێستای کوردستان و تەنانەت لە ئاستی عێراق دەربارەی شکستی ئەزموونی ڕابردووی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهاتنی قۆناغی شۆڕشگێڕی و تەنانەت کەسە شۆڕشگێڕەکان.
دووەم: وێناکردنی ئەو دەسکەوت و دیموکراسییەی ئێستای هەرێمی کوردستان بە بەرهەمی خەباتی ڕابردووی شۆڕشگێڕان، بەتایبەتی سەرۆک بارزانی.
وەبیرهێنانەوەی یارمەتیی هاوپەیمانانی جەنگی دژی داعش: ڕۆڵی پێشمەرگە
لە وەتارەکەیدا نێچیرفان بارزانی هەوڵی دا لە ڕێگەی سوپاسکردنی هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی پێشمەرگە، سەرکەوتنەکانی ئەو هێزە و پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانی لە ڕۆژە سەختەکاندا وەبیر بێنێتەوە و لە هەمان کاتدا ڕۆڵ و ئەرکی ئەمریکا، وەکوو گەورەترین هێزی پشتیوان لەم سەرکەوتنە بەرجەستە بکات. بەم واتایە کە لە لایەک سوپاسی هاوپەیمانان دەکات و، لە لایەکی تریشەوە وەبیریان دەهێنیتەوە کە پێشمەرگە بوو کە بە یارمەتیی ئەوان توانیی جەنگی داعش بکات و هیوای ژیان و ئاشتی و ئازادی بگەڕێنێتەوە بۆ کوردستان و عێراق. ئەمەیش بۆ داهاتووی پەیوەندییەکان و بەردەوامبوونی یارمەتییەکان گرنگیی تایبەتی هەیە. بۆیە دەڵێت: "پێشمەرگە بە یارمەتی و هاوکاریی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، هاوشان لەگەڵ هێزە عێراقییەکانی سوپا و حەشدی شەعبی، سەر کەوتن لە ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکان و ڕزگارکردنی خەڵکی چەوساوەی ژێردەستی داعش. هەموومان قوربانیی گەورەمان دا لە پێناو ئازادی و سەربەستی و مافی ژیان و نیشتمان و گەلەکەمان. وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش، ڕۆڵی کاریگەر و بوێرانەیان بینی لە هاوکاری و سەرپەرشتیی پێشمەرگە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش. سوپاسی بێپایان بۆ حکوومەت و هێزی سەربازیی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و هەموو وڵاتانی بەشدار لە ناوچەکە و جیهان، کە بوونە هۆکار و گەرەنتیی گەڕانەوەی هیوای ژیان و ئاشتی و ئازادی لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق." لە ڕوانگەیەکی ترەوە لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت نیشانی بدات کە پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان هێزێکی جێگەی باوەر و متمانەن و پێویستە وەبەرەهێنانی لەسەر بکرێت، بۆیە دەڵێت: "پێشمەرگە سەلماندی کە وەکوو هەمیشە دەتوانێ بەرگری لە وڵات بکات. لە قۆناغی داهاتوو هەموو هەوڵێک دەدەین کە لە هەموو ڕووێکەوە پێشمەرگە ڕێک بخرێتەوە و بەهێز بکرێت و وەک بەشێک لە سیستهمی بەرگریی عێراق ماف و شایستە دەستوورییەکانی خۆی بەدەست بهێنێت. سوپاسی هاوپەیمانان دەکەین کە بۆ ئەو مەبەستە هاوکار و پشتیوانن." لەم ڕێگەیشەوە هەم دڵنیایی دەداتە ناوخۆی کوردستان کە کاری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕێکخستنەوەی هێزەکان دەبێت و، هەمیش پەیام دەنێێت بۆ ئەمریکا کە یارمەتیمان بدەن کە لە بەغدا مافە دەستوورییەکانی پێشمەرگە بە مەبەستی پڕچەککردن و ڕاهێنان و ئامادەییی زیاتری ئەم هێزە وەدەست بخەین. بێجگە لەمەیش، هەستیاریی عێراق دەڕەوێنیتەوە کە پێشمەرگە تا ئێستا بەشێکە لە سیستهمی بەرگریی عێراق؛ کەوابوو، پێوستە شایستە دارایییە دەستوورییەکانی دەستەبەر بکرێت. واتە هەم ڕەخنە لە سیاسەتی ڕابردووی بەغدا لە هەمبەر پێشمەرگە دەگرێت و هەم سەرکەوتنەکانی بەرجەستە دەکات کە ئەم ئارامییەی عێراق بەشێکی زۆری وەبەر پێشمەرگە دەکەوێت و، هەمیش داواکاریی خۆی وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەخاتە ڕوو.
بەستنەوەی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە
نێچیرڤان بارزانی لە خستەڕووی هەڕەشە و دەرفەتەکانی هەرێمی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بێ گومان ئەرکی سەرۆکی هەرێم دەبێت، ڕێ خۆش بکات و زەمینەسازی بکات بۆ لێکنزیکبوونەوەی هەرێم لەگەڵ دراوسێکان، بۆ گەشەپێدانی ئابووری و بازرگانی و بەهێزکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی و دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ گرفت و بەرژەوەندیی هاوبەش. ئەم جۆە کارکردنانە هیچ کات نابێتە مەترسی بۆ عێراق، بەڵکوو دەبێتە هۆی بتەوکردنی دۆستایەتی و پەیوەندیی دراوسێیەتی لەگەڵیان. پاراستن و گەشەپێدانی پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ دۆستان و هێزی نێودەوڵەتی، کە مانەوە و سەقامگیریی هەرێمیان مەبەستە و بە بەرژەوەندیی دەزانن، ئەرکی سەر شانی سەرۆکی هەرێمە. هەموومان دەزانین بەبێ هاوکاری و هەماهەنگی و فریاگوزاریی هێزی نێودەوڵەتی، داعش دەیتوانی زیانێکی گەلێک زیاتر بە کوردستان و عێراق و جیهانیش بگەیەنێت."
لە ڕاستیدا یەکێک لە ئەرکە هەستیار و گرنگە یاسایییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتیکردنی کوردستانە لە ئاستی عێراق و دەرەوەدا. بۆیە نێچیرفان بارزانی هەوڵ دەدات جگە لە وێناکردنی ڕۆڵ و بکەرایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەوە بخاتە ڕوو کە ئاشتی و پەرەپێدان و ئاسایشی هەرێمی کوردستان گرێدراوی سیاسەت و هەڵوێستی ئەو دەوڵەتە هەرێمی و سەرووهەرێمییانەیە. بەم واتایە کە ئەگەر هەرێمی کوردستان ناسەقامگیر بێت، ئەوە ئاسایشی ناوچەکە و ئەو وڵاتانەیش دەکەوێتە مەترسییەوە. هەروەها ئەو پەیامە دەنێرێت کە لە لایەک هەرێمی کوردستان هەرێمیکی دەستوورییە و نیگەران مەبن لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو یەکە سیاسییەوە و، لە لایەکی تریشەوە بۆ بەغدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی دەدات. جگە لەمانەیش بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزگرتنی دوولایەنەیە کە بنەمای پەیوەندییەکانە و، ئەوەیش بە واتای ئەوەیە کە لە هەرێمی کوردستان دڵەڕاوکێتان نەبێت و ئێمە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی (بۆ نموونە پرسی کورد لە سووریا و عێراق و تورکیا) ناکەین، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ڕێز لە سەربەخۆییی کاروباری ناوخۆییی ئێمەیش بگرن. بۆیە لە وتارەکەیدا دەڵێت: "هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی دەستووریی عێراق، سەلماندوویەتی کە بەشێکی دیار و کاریگەری ناوچەکە و کۆمەڵگهی نێودەوڵەتییە و ڕۆڵی بەرچاوی لە پارستنی سەقامگیری و هاوسەنگیی ئابووری و سیاسیی ناوچەکە هەیە. هەموو پێشکەوتنە سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییهكانی ناوچەکە و جیهانیش، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە. بۆیە قۆناغی داهاتوو هاوکاری و هەماهەنگی و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانی لێ دەخوازێت لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و دۆستانمان لە جیهان. بۆ ئەو مەبەستە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزگرتن، دەمانەوێت دەستی هاوکاری و هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی بۆ هەموو لایەک درێژ بکەین." بەم پێیە، ئەم داواکارییەی نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت وێنای چۆنێتیی پەیوەندییەکانی چوار ساڵی داهاتووی هەرێمی کوردستان بکات.
دانپێدانان بە جیاوازییەکان، بەڵام پێویستیی تێپەڕاندنی ململانێ و ناکۆکییەکان
بارزانی، ئەزموونی ڕابردوو لە کاری پێکەوەیی و، هەروەها ناکۆکی و ململانێ دێنێتەر بەر باس و دەڵێت: "ئەگەر ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوو ڕێنیشاندەرمان بێت، دەبێت لەسەر ئەو ڕاستییە کۆک بین کە وەک هەموو کۆمەڵگهیەکی سەردەم، دان بە جیاوازییەکانماندا بنێین و جیاوازییەکانمان نابنە ڕێگر لە سەرخستنی خواست و مەبەست و بەرژەوەندیی گشتیی هەرێمی کوردستان. سەرباری هەموو جیاوازییەکانمان، شایستەی داهاتووێکی باشترین بۆ نەوەی ئێستا و ئاییندەمان. بۆیە نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی وتارەکەیدا دەڵێت: "ئێمە بە قۆناغێکی ناسکی جیاوازیی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا تێ دەپەڕین. کۆمەڵگەی ئێمەیش وەک هەر کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتی، بێ داخوازیی سەربەستی، ئازادی، گەشەی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی نییە. لە هەمان کاتدا وەکوو زۆربەی میللەتانی دیکە ئێمەیش بێ ململانێی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئایدیۆلۆژی نین. لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئێمە زۆر جار لە فەرهەنگی سیاسی و نەریتی میدیاییماندا، پتر لە پێویست جەخت لەسەر ململانێ و ناتەبایی و ناسازیمان دەکەین." لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین نێچرڤان بارزانی سەرەڕای داننان بە جیاوازییەکان لە هەرێمی کوردستان، بەشێکی بۆ ویست و داواکاریی کۆمەڵگە بۆ خۆشگوزەرانی دەگەڕێنێتەوە و، بەشێکی دیکەیشی بۆ جیاوازی لە تێڕوانینی سیاسی. بۆیە ڕەخنە لە میدیاکان دەگرێت کە ئەم جیاوازی و ویستە سروشتییانە، بۆ لێکترازان و پێکدادان ئاراستە دەکەن. هەر بۆیە دەرفەتەکان لەم وتارەدا بریتین لە:
١- کاری پێکەوەیی بۆ دەستبەرکردنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی، سەرەڕای جیاوازییە سیاسی و ئایدیۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکان.
٢- ئاسایی و سروشتیبوونی ئەم جیاوازی و داواکاری و ویستە سیاسی و ئابوورییانەی هێزە سیاسییەکان و تاکەکانی کۆمەڵگە.
٣- دەرفەتی چارەسەرکردنیان لە ڕێگەی پێداچوونەوە بە کاری میدیایی و ڕێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی لێکترازانەکان بە سازان و دیدی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردن و چارەنووسی هەرێمی کوردستان.
هەڕەشەکان:
١- یەکترقبووڵنەکردن و قووڵکردنەوەی ناکۆکی و لێکترازانەکان.
٢- گۆڕێنی ئاراستەی ویست و داواکارییە ئاسایی و سروشتییەکان بۆ پێکدادانی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
٣- ڕۆڵی نەرێنیی میدیایی لە هەرێمی کوردستان.
٤- نیشاندنی ئەوەی کە تەنیا لە هەرێمی کوردستان ئەو ناکۆکی و جیاوازییانە بوونی هەیە و، ئەمە شتێکی سروشتی نییە.
هەر بۆیە نێچیرڤان بارزانی پێشنیار دەکات کە لەسەر ئاستی هەرێم، با پێکەوە سیاسەتی ئاشتەواییی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و گەشەی ئابووری و سازانی سیاسی دابڕێژین. گۆڕانکاریی خێرای هەرێم، پێویستی بە دیدی هاوبەش دوور لە ناکۆکی و ناتەبایی و ناسازی دەبێت. لە کۆتاییدا هەمووان بەرپرس دەبین لە سەرکەوتن و شکستەکان. هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان پێویستیان بە پاراستنی ماف و موڵک و سەرمایەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و مرۆیی هەیە.
چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور
لە وتارەکەدا بەشێک بۆ نیشاندانی ڕێگەچارەی ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان تەرخان کرابوو. بۆیە نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "دەبێت لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا پێکەوە کار بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش لە چوارچێوەی دەستووری فیدراڵی عێراقدا؛ ئەو دەستوورەی کە گەلی عێراق چەندەها ساڵ خەونیان پێوە دەبینی، تا ببێتە بنەمای عێراقێکی نوێ کە تێیدا مافەکانی هەرێم و هەموو عێراقییەکان لە چوارچێوەی حکومڕانییەکی دیموکراتی و فیدراڵی بپارێزرێت؛ دەستوورێک کە چوار لەسەر پێنجی دەنگدەران لە سەرتاسەری عێراق دەنگیان پێ داوە؛ دەستوورێکی فیدراڵی کە جێبەجێکردنی تەواوی ماددە و بەندەکانی، ببێتە زامنکردنی پێکەوەژیان و لێکتێگەیشتن و یەکترپەسندکردن و بەهێزکردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا." لەم ڕوانگەیەوە، دەکرێت پەیامەکانی نێچیرڤان بارزانی بەم شێوەیە پۆلین بکەین:
١- پێشنیار و پێشاندانی ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور.
٢- وەبیرهێنانەوەی ئەو خاڵەی کە تاکە زامنی پێکەوەژیان ئەو دەستوورەیە.
٣- پێداگری لەسەر ئەوەی کە عێراق لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەم دەستوورە لاوازتر دەبێت.
٤- وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە عێراقی پاش ٢٠٠٣ لەسەر بنەمای ئەو دەستوورە دامەزراوە و، پێویستە هەر لەو چوارچێوەیەیشدا گرفت و کێشەکانی نێوانمان چارەسەر بکرێت.
ڕەخنە لە پێشێلکردنی دەستوور و بەستنەوەی بە سەرهەڵدانی تیرۆر و داعش
نێچیرڤان بارزانی بە خستنەڕووی کێشەکانی ئێستای عێراق و بەستنەوەی بە جێبەجێنەکردنی دەستوور، ئەوەی وەبیر دەسەڵاتدارانی ئێستای بەغدا هێنایەوە کە ئەوە هەرێمی کوردستان بوو کە پاریزگاریی لە عێراقی نوێ و دامەزراوەکانی کردووە و تەنانەت بونیادی ناوەتەوە. هەروەها ناڕاستەوخۆ کێشە و گرفتەکانی سەردەمی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ و تەنانەت سەرهەڵدانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی، بۆ پێشێلکردن و پشتگوێخستنی ئەو دەستوورەی عێراق گەڕاندەوە. بۆیە دەڵێت: "ئێمە ئومێدمان بە دەستوور هەبوو، بەڵام بەداخەوە نەتوانرا وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت و ئەو عێراقە نوێیە بونیاد بنرێت کە هەموو گەلانی عێراق خەونیان پێوە دەبینی؛ ئەو عێراقە نوێیەی کە هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بونیادنانی هەموو دامەزراوەکانیدا ڕۆڵ و بەشداریی کارای هەبوو و بەرگریی لێ کردووە. لە عێراق ئەمڕۆ هیچ بەدیلێکی دیکە بۆ دەستوور نییە. بە ئەزموون ئەوەمان بینی کە پشتگوێخستنی بەمەبەست و بێمەبەست، یان جێبەجێنەکردنی هەر بەندێکی ئەو دەستوورە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناتەبایی و ناکۆکی و نەسازانی نوێ لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا. دەتوانین بە لێکتێگەیشتن و کاری هاوبەش جارێکی دیکە دەستوورەکەمان زیندوو بکەینەوە و ڕێزی لێ بگرین و بێ جیاوازی جێبەجێی بکەین، بۆ ئەوەی تاریکپەرستانی وەک داعش دروست نەبنەوە و کارەساتی وەک شنگال و ناوچەکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان دووبارە نەبنەوە؛ تاوەکوو عێراق و کوردستان ئارامتر و ئاوەدانتر بن و لە مەترسیی شەڕ و تیرۆر بەدوور بن کە هێشتا بەجددی هەڕەشە لە عێراق و ناوچەکە و جیهانیش دەکات و لێمان دەخوازێت پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەو نەهێشتنی." بۆیە لێرەدا بە چەند پەیام و خاڵێک هۆشداری دەداتە عێراق و تەنانەت وڵاتانی هەرێمی و سەرووهەرێمی:
١- ئەگەر دەتانەوێت عێراق دابەش نەبێت و جیا نەبینەوە، ئەوە باشترە بگەڕێنەوە بۆ جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستوور.
٢- ئۆباڵ و بەرپرسیارێتیی ڕووداو و کارەساتەکان بۆ ئێوە وەکوو نوخبە و حکوومەتی عێراق دەگەڕێتەوە، نەک ئێمە وەکوو هەرێمی کوردستان.
٣- هەرێمی کوردستان ئێوە و تەنانەت ئەو عێراقە نوێیەی پاراست و بونیات نایەوە. بۆیە ئەوە ئێوە نین کە خاوەنی عێراقی نوێن و ئازادی و ماف بە ئێمە دەدەن، بەڵکوو هەموومان پێکەوە دەبێت کێشەکانمان چارەسەر بکەین و ئێمەیش هاوبەش و خاوەنی عێراقی نوێین و بەپێچەوانەکەی، بە چاوی خۆتان بینیتان چی ڕووی دا.
٤- داعش و تیرۆر، ئاکام و لێکەوتەی سیاسەتە هەڵەکانی ئێوە و بە هۆی پابەندنەبوونتانە بە بنەماکانی پێکەوەژیان و داننان بە پێکهاتەکانی عێراق لە چوارچێوەی دەستووردا.
٥- تاوەکوو ئێستایش هەڕەشەی داعش و هاوشێوەکانی بۆ سەر عێراق و ناوچەکە هەر ماوەن، بۆیە ئەگەر بەردەوام بن لە سیاسەتی پێشوو، یان هەوڵنەدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانمان و تەنانەت نێوان سوننە و شیعە، ئەوە دڵنیا بن جارێكی تر کارەسات و ڕووداوی دیکە دەخوڵقێت.
٦- ئەگەر بەردەوام بن لەو سیاسەتەی ئێستاتان، ئەوە کارەساتی مرۆییی زیاتر ڕوو دەدات و تەنانەت ئەم هەڕەشانە تەنیا بۆ ئێمە نییە، بەڵکوو بۆ خۆیشتان وەکوو عێراق ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی دەبنەوە.
٧- کارەساتی شنگال بەشێکی لە ئەستۆی داعشە، بەڵام بەشهكهی تری، هۆکارەکهی، ئێوە و سیاسەتی هەڵەی ئێوەیە. لە لایەکی تریشەوە ئەوە پەیامێک بوو بۆ ناوەندە سیاسییە جیهانییەکان کە لە هەمبەر کارەساتی شنگال هەڵوێستیان هەبوو و ویژدانی مرۆڤایەتی و ڕای گشتیی جیهانی جووڵاند.
وەبیرهێنانەوەی سیاسەت و چارەنووسی ڕژێمی بەعس: ئاکامی هێرشی سەربازی و توندوتیژی لە هەمبەر گەلی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی بە ڕێگەی دووبارە وەبیرهێنانەوەی سیاسەت و سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی پێشووی بەعس، ناکارامەیی و لێکەوتە و دەرهاوێشتەکانی جەنگ و دیکتاتۆرییەتی سەددامی خستە ڕوو و گوتی: "لە مێژووی دوور و نزیکماندا شەڕ بووەتە هۆی وێرانکاری، دواکەوتنی کۆمەڵایەتی و هەرەسهێنانی ئابووریمان. زۆر جار شەڕفرۆش بیر لەوە ناکاتەوە کە ئاگری شەڕ ماڵی خۆیشی دەگرێتەوە؛ باشترین نموونەیش کە هەمانە و لەبیرمانە، هێرشی ڕژێمی بەعس بوو بۆ سەر کوردستان و ئێران و کوێت؛ لە کۆتاییشدا عێراق وێران بوو، خەڵکێکی زۆری بێگوناح کوژران، ژیان و ئابووری و بار و دەروونی خەڵکی وڵاتەکە تێک چوو، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و بڕیاری کۆمەڵکوژی، بووە سیاسەتی پەیڕەوکراوی ڕژێم. تا ئێستایش خەڵکی ئەم وڵاتە و ئەو هەرێمە و تەنانەت ناوچەکەیش باجی سیاسەتی شەڕفرۆشیی ئەو قۆناغە دەدەن و، هێشتا دیار نییە کە کاریگەرییە خراپەکانی کەی کۆتایی دێت. با برینی ڕابردوومان بە لێبووردەیی و سینگفراوانی ساڕێژ بکەین، نەک تۆڵە و پلانی نەگونجاو لەگەڵ پێکەوەژیان." بۆیە پەیامی ئەم بەشەی وتەکانی نێچیرڤان بارزانی بەم شێوەیە دەتوانین پۆلین بکەین:
١- بۆ ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، پەیامێک بوو کە ئەگەر دەتانەوێت ئەو کارەساتانە دووبارە ڕوو نەدەنەوە، وا باشترە بەرگری لە ئێمە بکەن و پاڵپشتی بکەن لە سیستەمێکی دیموکراتیک کە لەسەر بنەمای سازان و پاراستنی پێکهاتەکان و ماف و ئازادییەکانیان بێت.
٢- بۆ ئاستی بەغدا، بەئاشکرا بێهوودەییی جەنگ و سەرکوتکاری و هێرشی سەربازیی بۆ سەر کوردستان خستە ڕوو. بۆیە زۆر ڕاشکاوانە تێچوو و لێکەوتەکانی بۆ خودی عێراقییەکان بەرجەستە کردەوە.
٣- وەکوو گونجاوترین سیاسەت و پلان بۆ عێراق، پێداگریی لەسەر پێکەوەژیانی عێراقییەکانی کردەوە. ئەو پشێوی و دواکەوتوویی و هەژارییەی ئێستایشی، بە بەرهەمی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی ههژمار كرد. بەم واتایە کە هەر سیاسەتیکی هەڵە، باجەکەی هەموو لایەک دەیدەن، بەتایبەتی وڵاتانی هەرێمی و پاشان خەڵکی خودی عێراق. بۆیە بێجگە بۆ لایەنە سیاسییەکان، لە ڕاستیدا پەیامێکیش بوو بۆ خودی خەڵکی عێراق کە ئەوان باجی ڕابردوو و سیاسەتی هەڵەی سەرکردەکانیان دەدەنەوە و تا ئێستایش لەو لێکەوته، دەرهاوێشته و نەهامەتییانە ڕزگاریان نەبووە.
گەورەترین سامانی عێراق: پاراستنی ژیان و پێکەوەژیان
نێچیرڤان بارزانی بە وەبیرهێناوەی ئەو ڕاستییە کە نەتەوەی کورد کێشەکانی لەگەڵ ڕژێمەکانی عێراق نەکردووهتە بیانووێک بۆ جهنگی عەرەب و کورد گوتی: "با پێکەوە ڕاشکاوانە بەنیازپاکی و کرداری شیاو و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانە، هەنگاوی بونیادنەر بنێین بۆ ڕێککەوتن لەسەر نەخشەڕێگەیەکی هاوبەش بۆ وڵات و حوکمڕانی، بێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و ناوچەیی. گەلی کوردستان هەمیشە ویستی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستیی خۆی نیشان داوە. مایەی شانازیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانە کە هەرگیز ڕێگەی نەداوە کە شەڕی ڕژێمەکانی پێشووتری عێراق کە بەسەر گەلی کوردستان سەپێندرا، ببێتە شەڕی نێوان کورد و عەرەب." ئەمەیش چەند پەیامێكی بەهێزی بۆ عێراق و پاشان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەخۆ گرتووە:
١- حکوومەتی زۆرینە و کەمینەی تائیفی (شیعی و سوننە) و نەتەوەیی (عەرەبی) ڕەت دەکەینەوە، هەروەک چۆن لە ڕابردوویشدا ڕووبەڕووی بووینەتەوە.
٢- جارێکی تر ئەو ڕاستییەی وەبیر نەتەوەی عەرەب و حکوومەتی ناوەندی و تەنانەت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێنایەوە کە ئەوە حکوومەتی ناوەندیی عێراقە کە بەپێی جیاکاریی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی ڕەفتار و سیاسەت دەکەن، نەک کورد و هەرێمی کوردستان.
٣- هەروەها ئاماژەیەک بوو بەوەی کە کورد و هەرێمی کوردستان سیاسەتی ڕژێمەکانی عێراق لە نەتەوەی عەرەب، بە سوننە و شیعەوه، جیا دەکاتەوە. ئەمەیش هەڵگری چەندین پەیام و واتا بۆ ناوخۆ و دەرەوە بوو و وەکوو دەرفەتیک دەبیندرێت و، پێچەوانهكهیشی، وەکوو مەترسی و هەڕەشەیهک بۆ هەڵگیرسانی جەنگ و پێکدادانی نەتەوەیی و مەزهەبی لە عێراق.
لە لایەکی تریشەوە، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە یەکێک لە کێشەکانی وڵاتانی بەرهەمهینەری نەوت، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێجگە لە دەستێوەردانی دەرەکی، سیاسەتی سەربەخۆ لە ویستی کۆمەڵگە و پێکهاتەکان یاخود پڕچەککردن و سەرکوتکردنی نەیارانە. بەم واتایە کە لە دەوڵەتانی ناسراو بە "ڕێنتیەر ستەیت" (الدولة الريعية) بە هۆی داهاتی سەرچاوە سروشتییەکان (نەوت و گاز)، لە بری بوون بە سەرچاوەی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن، دەبنە هۆکار و فاکتەرێک لە دەست حکوومەتەکان بۆ پشتگوێخستنی ئازادی و مافەکان و، هەروەها پەیڕەوکردنی سیاسەتی نادیموکراسی. ئەزموونی ڕابردوو و ئێستای عێراقیش، نموونەیەکی هەرە بەرچاوی ئەو جۆر سیستەمە سیاسییانەیە. بۆیە لە واتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "زۆر جار خەڵک باسی ئەوە دەکەن کە سەرتاسەری عێراق، دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی، بەڵام با لەمەودوا بۆ خۆمان و بۆ هەموو دونیا لە عێراق بیسەلمێنین کە ئێمە پاراستنی ژیان و پێکەوەژیانمان لە هەموو سەرچاوەیەکی سروشتی لەلا گرنگترە لە عێراقدا." ئەمەیش چەند هەڕەشە و دەرفەت و پەیامێکی گرنگی تێدایە:
١- ئاماژەیەکەی ناڕاستەوخۆیە بە کەرکووک کە پێکەوەژیان و ناسنامەکەی، گرنگترە لە سەرچاوە سروشتییەکانی. هەر بۆیە چارەسەرکردنی کێشەکانیشی، هەر لە ڕێگەی ڕێککەوتن و سازان و پێکەوهبوون و دەستوورەوە دەبێت.
٢- سەرچاوەی داهات و تەنانەت سامانی ڕاستەقینەی هەر دەوڵەت و کۆمەڵگەیەک مرۆڤەکانن، نەک سامانی سەرچاوە سروشتییەکان.
٣- سەرچاوەی سروشتی بۆ خۆشگوزەرانی و باشترکردنی ژیانی مرۆڤەکانە، نەک بەپێچەوانەوە.
٤- ئاماژەیەکە بە ناکۆکییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر کێشەکانیان دەربارەی سامانی سروشتی، کە ئەوەیش هەر لە ڕێگەی پێکەوەژیان چارەسەر دەکرێت.
پەیامی دیپلۆماسی بۆ دەوڵەتانی هەرێمی
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتن، بەرژەوەندیی هەموومان دەپارێزێت، لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و داب و دەستووری دیپلۆماسی و سەروەریی هەر وڵاتێک و پێکهاتە دەستوورییەکاندا." ئەم ڕەستەیە دەتواندرێت بە کرۆکی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی دابندرێت و بەم شێوەیە خوێندنەوەی بۆ بکرێت:
١- بنەمای پەیوەندیی دەرەکیی هەرێمی کوردستان، بەرژەوەندی و ڕێزی دوولایەنە و هاوبەشە نەک پرسە ئایدیۆلۆژی و تەنانەت نەتەوەیی و مەزهەبییەکان.
٢- پرس و کێشەکان تەنیا لە ڕێگەی دانوستاندن و لێکتێگەیشتن چارەسەر دەکرێت نەک هێرشی سەربازی و هەڕەشەی بەکارهێنانی. (ئاماژەیەکە بۆ سیاسەتی ئاسایشی ڕابردووی عێراق و تورکیا لە هەمبەر هەرێمی کوردستان بەگشتی و پرسی کورد بەتایبەتی).
٣- پێویستە وڵاتانی هەرێمی ڕێز لە سەروەریی عێراق و کاروباری ناوخۆیی و سیستەمی سیاسی و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بگرن.
٤- پێویستە وڵاتانی هەرێمی ڕێز لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی- وەکوو دەستێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی- بگرن.
٥- دەبێت وڵاتانی هەرێمی (بەتایبەتی ئێران و تورکیا)، دان بە قەوارەی سیاسی و یاساییی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بنێن. ئەمەیش دووپاتکردنەوەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان چیتر تەنیا هەرێمێکی دیفاکتۆ (وەکوو لە ماوەی ١٩٩٢ تاوەکوو ٢٠٠٣) نییە، بەڵکوو ئێستا ڕەوایەتیی یاسایی و دەستووری و تەنانەت دیموکراسیی هەیە.
٦- دان بە فیدراڵییەتی عێراق بندرێت و ئەو ڕاستییە قبووڵ بکرێت کە عێراق دەوڵەتێکی ناوەندی نییە و هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگی ئەو پێکهاتە سیاسییەیە.
٧- ڕەخنەیەکیشە بۆ سیاسەتی ڕابردوویان لە هەمبەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و، لە لایەکی تریشەوە دڵنیایییە بۆ ئەو دەوڵەتانە کە پەیوەندییەکانیان بۆ نموونە لەگەڵ تورکیا، دەستووری و یاسایییە.
دابەشکردنی ڕۆڵ: ئەرکی تاک و حکوومەت و کۆمەڵگە بە ئامانجی بەستنەوی ڕابردوو بە داهاتوو
بەشێک لە وتارکە تەرخان کرابوو بە خستنەڕووی کرۆکی ڕەهەند و فاکتەرەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردستان و، هەروەها گرنگیدان بە ژینگە. بۆیە نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکەیدا دەڵێت: "سەرکەوتنی نەوەی تازە لە خوێندن و فێربوون، شارەزایی لە زانست، فەرهەنگ و تەکنۆلۆژیا و زانیاری، پزیشکی و کۆمەڵناسی و دەروونناسی و مێژوو، بابەتی پەیوەندیی مرۆییی کۆمەڵگەی ئێمە بەرەو ئاییندەیەکی گەشتر دەبات. پێکەوەژیانمان و گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و بوارەکانی دیکە، پێویستی بە کاری جددی هەیە بۆ پاراستنی سروشت و ژینگە، بە جۆرێک لەگەڵ بەرپرسیاریێتی ئێستا و قۆناغی داهاتوومان، ژینگە وەک سەرچاوەی سەرەکی ژیان زەرەرمەند نەبێت. بە کاری هاوبەشیمان، وەفادار دەبین بۆ خەباتی نەوەی پێش خۆمان و بە ئەمانەتەوە وڵاتەکەمان دەدەینە دەست نەوەی داهاتوو بۆ گەیشتن بە ئامانج و کاری هاوبەشمان." جێگەی ئاماژەیە کە لە ڕوانگە و خوێندنەوە نوێیەکان بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، وەکوو قوتابخانەی کۆپنهاگن، بێجگە لە گرنگیی بوارە سەربازییەکان و ئاسایشی سەربازی، گرنگی بە ژینگە وەکوو ڕەهەندێکی گرنگی ئاسایشی نەتەوەیی دەدرێت. هەروەها سڕینەوەی ئاسەوارەکانی جیاکاری و دواکەوتوویی و پێشکەوتنی کۆمەڵگە و توانادارکردنی تاکەکان بە خوێندن و فێرکردن و وەکوو مافێکی هاووڵاتیان سەیر دەکرێت. بۆیە ئەم بەشە لە ڕوانگەیەکی نوێی ئاسایشییەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت:
١- بەستنەوەی پێشکەوتنەکان بۆ ژینگە، وەکوو پرسێکی نوێی ئاسایشی.
٢- پێکەوەژیان و گەشەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، وەکوو بەهای باڵا و کرۆکی ئاسایشی نەتەوەیی.
٣- پێویستیی کوردستان بە بوارەکانی زانستی کۆمەڵایەتی و سروشتی و توانادارکردنی تاکەکان، وەکوو کرۆکی ئاسایشی مرۆیی.
٤- گواستنەوەی دەسکەوت و بەهاکان لە نەوهی ڕابردوو بە نەوەی داهاتوو؛ بەم واتایەی کە ناسنامە و ڕەهەند و بنەماکانی، وەکوو کرۆکی نەتەوە پێوستە پارێزگاریی لێ بکرێت و بۆ نەوەی داهاتوو بگوازرێتەوە.
٥- پرسی ئەمانەت و ئەمانهتداری، چ لە ڕووی فەلسەفییەوە پرسێکی گرنگە و چ لە بواری دەستەبەکردنی سەرمایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی؛ بەم واتایەی کە ئەمە پەیامێکە کە بەها باڵاکان دەپارێزرێن و دەسەڵات هی خەڵک و بۆ خەڵکە، بە مەبەستی پاراستنی ئەو بەها و نۆرمانەی کۆمەڵگە.
کۆبەند
بەگشتی وتاری دەستپێکی سەرۆکایەتی لە هەر وڵاتێک گرنگیی تایبەتی هەیە؛ چ له ڕووی پەیامە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و چ لە ڕووی دەرکەوتنی ڕوانگە و پلان و ئەجێندا و بەرنامەی کاری خولی سەرۆکایەتیی هەر سەرۆکێک. بۆیە شرۆڤە و ڕاڤە و خوێندنەوەی دیوە شارەوەکانی، گرنگییهكی زیاتری ههیه لە پەیام و بەرنامە ئاشکراکانی. وتاری نێچیرڤان بارزانی بەدەر نییە لەو لێکدانەوەیە، بۆیە دەکرێت جگە لە کاریگەریی ڕووداو و پێشهاتە و فاکتەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، سیاسەت و ستراتیژیی چوار ساڵی داهاتووی هەرێمی کوردستان لەم وتارەدا بخوێندرێتەوە. هەرچەندە هیچ وتار و سیاسەت و بەرنامەیەکیش بێ کەموکورتی نییە، بەڵام ئێمە هەوڵمان دا تەنیا پەیام و دەرفەت و هەڕەشەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەم وتارەدا شرۆڤە بکەین. تەنانەت خاڵێکی جێگەی مشتومڕ لە گۆرەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەوەیە کە، دەکرێت جێی بەتاڵی پرس و وشەکانی "سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم" لەم وتارەدا، لەم گۆشەنیگایهوە بخوێندرێتەوە کە هەرێمی كوردستان هەوڵی هەستانەوە و ساڕێژکردنی برینەکان و خۆ-بەهێزکردن دەدات و تۆپەکە جارێکی تر دەخاتەوە گۆڕەپانی بەغدا. هەرچەندە پەیامە ناڕاستەوخۆ و شاراوەکان لە خودی دەربڕینە ئاشکرا و سەرڕاستەکان گرنگی و سەنگی زیاتریان بۆ شرۆڤەی گوتارێک هەیە، بەڵام ناکرێت ڕۆڵی ڕووداو و ئەزموونەکانیش بۆ هێزی ئەکتەرێک (وەکوو هەرێمی کوردستان) و بکەر و نوێنەر و بریکاری ئەو ئەکتەرە (لێرەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان) فەرامۆش بکرێت.
بەم پێیە ههنگاوی كۆتاییی نێچیرڤان بارزانی بۆ بهدهستهێنانی هێژموونی تهواو و جێگیركردن و چهسپاندنی ئهم دیسكۆرسه له چوارچێوهی پارادایمی هێز، پرسی هەستانەوە و بەهێزکردنەوەی هەرێمی کوردستانە، كه گرێدراو و پهیوهندیداره له لایهك به سهركهوتنی چاكسازی و، له لایهكی ترهوه ئاساییكردنهوهی بارودۆخی سیاسیی ناوخۆییی ههرێمی كوردستان و دروستكردنی یهكگرتوویییهك له ناوخۆ و سڕینهوهی بارگرژییهكان به ئاراستهی ڕێکخستنی ناوماڵی كوردستان و دروستكردنی هەرێمی كوردستانی بەهێز. بهم مانایه كه له چوارچێوهی پارادایمی هێزدا، ئهم ڕهگهزانە (پەرەپێدانی دیموکراسی و ئاشتیی ناوخۆیی، خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان و بەرەوپێشەوەبردنی چاکسازی لە بوار و کەرتە جۆراوجۆرەکان و پاراستنی ئاسایش و سڕینەوەی بارگرژییەکانی ناوخۆیی و بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان و، هەروەها دیپلۆماسی و دروستکردنەوەی پەیوەندییەکی هاوسەنگ و پتەو لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و سەروووهەرێمی و بەگشتی بەهێزکردنەوەی هەرێمی کوردستان) ههم هێز به نێچیرڤان بارزانی "وهكوو بكهرێكی ئهم پارادایمه" و ههم به بونیادی ئهم دیسكۆرسهی بارزانی دهدات و ههمیش دووباره هێزی لێ وهردهگرێت. هەرچەندە دەکرێت/پێویستە نێچیرڤان بارزانی لە نێوان ئەم ڕەگەزانە و پرسی سەربەخۆیی (کە حزبەکەی ڕەوایەتیی ناوخۆییی لێ وەردەگرێت)، هەماهەنگی و هاوسەنگییەکی لۆژیکی بدۆزێتەوە.