ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان- عێراق و چه‌ند تێبینییه‌ك
(مافی به‌ده‌وڵه‌تبوون)
په‌رویز ڕەحیم قادر- مامۆستا له كۆلێژی یاسا و زانسته سیاسییه‌كان / زانكۆی سه‌لاحه‌دین
پاش ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی "كۆسۆڤۆ" له سربیا له 17ی فێبریوه‌ری ساڵی 2008، پاشان به‌فه‌رمیناسینی له لایه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆر لە ده‌وڵه‌تان، كۆماری سربیا هه‌وڵی دا له ڕێگه‌ی ڕێوشوێنه یاسایییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه، ئه‌م هه‌وڵه‌ی كۆسۆڤۆ و به‌فه‌رمیناسینی له لایه‌ن ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌وه به نایاسایی بناسێنێت.
به‌م پێیه، كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ڕێكه‌وتی 8ی ئۆكتۆبری ساڵی 2008، له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاری (A/RES/63/3) داوای له "دادگای نێوده‌وڵه‌تیی داد" (International Court of Justice) كرد، كه به‌پێی مادده‌ی 96ی جاڕ‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (Charter of the United Nations) و مادده‌ی 65ی په‌یڕه‌و‌ی دادگای نێوده‌وڵه‌تیی داد، بیروڕای ڕاوێژكاریی خۆی ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسیاره كه: "ئایا ڕاگه‌یاندنی یه‌كلایه‌نه‌ی سه‌ربه‌خۆیی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ریی كاتیی ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمیی كۆسۆڤۆ، هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ یاسا نێوده‌وڵه‌تییەکان؟)، بخاته ڕوو یاخود ده‌رببڕێت.
ئه‌وه بوو كه له 22ی جۆلای ساڵی 2010، دادگای نێوده‌وڵه‌تیی داد، ڕای ڕاوێژكاریی خۆی ده‌رباره‌ی (هاوته‌ریببوون یاخود "گونجاوبوونی" ڕاگه‌یێندراوی یه‌كلایه‌نه‌ی سه‌ربه‌خۆیی له‌گه‌ڵ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان) ده‌ربڕی. دادگا، به (9) ده‌نگی "بەڵێ" له هه‌مبه‌ر (4) ده‌نگی "نەخێر"دا، سه‌لاحیه‌تی خۆی بۆ ده‌ربڕینی ڕای ڕاوێژكاری بۆ وڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری كۆمه‌ڵه‌ی گشتی (بڕیاری A/RES/63/3) په‌سند كرد، هه‌روه‌ها به (10) ده‌نگی به‌ڵێی ئه‌ندامان له هه‌مبه‌ر (4) ده‌نگی نه‌خێر له كۆی 15 ئه‌ندام (ئه‌ندامێكی ئاماده نه‌بوو) ڕای گه‌یاند: ڕاگه‌یێندراوی یه‌كلایه‌نه‌ی سه‌ربه‌خۆییی ئه‌نجوومه‌نی كۆسۆڤۆ (Assembly of Kosovo) ده‌رباره‌ی سه‌ربه‌خۆییی كۆسۆڤۆ له سربیا، پێشێلكردنی یاسای نێوده‌وڵه‌تیی گشتی (بڕیاری 1244ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش، ساڵی 1999 ، هه‌روه‌ها ئه‌و چوارچێوه ده‌ستوورییه‌ی (The Constitutional Framework) كه نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له لایه‌ن ده‌سته‌ی جێبه‌جێكاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له كۆسۆڤۆ The United Nations Interim Administration Mission in Kosovo" ( UNMIK)" وه‌ری گرتووه)، نییه. ده‌نگی باڵای دادوه‌ره‌كانی دادگای نێوده‌وڵه‌تیی داد، قورساییی ئه‌م بڕیاره‌ی زیاتر كرد.
به‌پێی جاڕ‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، هه‌روه‌ها به‌ڵگه‌نامه‌كانی تری گرنگی یاسای نێوده‌وڵه‌تی، (یه‌كپارچه‌ییی خاكی ده‌وڵه‌تان) و (مافی دیاریكردنی چاره‌نووس) بە دوو پره‌نسیپی بنچینه‌ییی یاسای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ژمار ده‌كرێت. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، ئه‌م دوو پره‌نسیپه له دۆخێك‌دا كه كه‌مینه‌یه‌كی قوربانی، دوچاری زۆرداری، سڕینه‌وه، جیاكاری و سه‌ركوت ده‌بێته‌وه و، له‌ژێر گوشاردا له ڕێگه‌ی جیابوونه‌وه و ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی خۆی له ده‌وڵه‌تێكی جێگیر، به دوای مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیدا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌وه ئه‌م دوو پره‌نسیپه تووشی پێكناكۆكی و دژیه‌كی ده‌بنه‌وه.
بڕیاری دادگای نێوده‌وڵه‌تیی داد، ده‌رباره‌ی ڕاگه‌یێندراوی سه‌ربه‌خۆییی كۆسۆڤۆ به یه‌كه‌م كاری له‌م جۆره‌ی ئه‌م دامه‌زراوه‌یه (دانپێدانان به ڕاگه‌یه‌ندراوی تاكلایه‌نه‌ی سه‌ربه‌خۆییی كۆسۆڤۆ له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ئیستیعمار) بوو. ئه‌مه‌ش ده‌توانێت كاریگه‌ری و شوێندانه‌ریی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر یاسا و بڕیاره‌كانی داهاتوو، هه‌روه‌ها ڕه‌وتی سه‌ربه‌خۆییی لانی كه‌م به‌شێك له نه‌ته‌وه‌كان وه‌كو (هه‌رێمی كوردستان) هه‌بێت.
به‌م پێیه، پێویسته سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، هه‌روه‌ها بڕیارداڕێژه‌ران و سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كان، په‌رله‌مان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نانه‌ت ناوه‌نده یاسایی و هزری و ئه‌كادیمییه‌كان به‌وردی خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه له ڕه‌هه‌ند و ده‌رهاوێشته و كاریگه‌رییه ئاشكرا و نائاشكراكانی ئه‌م بڕیاره‌ی دادگای نێوده‌وڵه‌تیی داد، بكه‌ن.
لێره‌دا ته‌نیا ئاماژه به چه‌ند خاڵێكی جه‌وهه‌ریی زۆر گرنگ ده‌كه‌ین، كه له‌م ڕایه ڕاوێژكارییەدا ده‌تواندرێت هه‌ڵبهێنجرێت و له ڕووی یاسایی- سیاسییه‌وه بۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان- عێراق كاریان پێ بكرێت.
یه‌كه‌م: پێكناكۆكبوونی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و یاسای نێوده‌وڵه‌تی
ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی به گشتی و ڕاگه‌یاندنی یه‌كلایه‌نه‌ی سه‌ربه‌خۆیی، دژی بنه‌ماكانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه، به‌كارهێنانی نایاساییی هێز و هه‌روه‌ها زه‌بروزه‌نگ یاخود شێوه‌كانی تری پێشێلكردنی نۆرمه‌كانی حوكمه فه‌رمانپێكه‌ره‌كانی (Jus Cogens) یاسای نێوده‌وڵه‌تییه.
دووه‌م: نوێنه‌رایه‌تیی په‌رله‌مان یاخود ڕێبه‌رایه‌تیی گه‌ل
خاڵێكی زۆر گرنگ و هه‌ستیار و ورد له لێكۆڵینه‌وه‌ی دادگای نێوده‌وڵه‌تیی داد، له پرسی سه‌ربه‌خۆیی و پرۆسه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و ڕاگه‌یێندراوی سه‌ربه‌خۆییی كۆسۆڤۆ ده‌ر‌ده‌كه‌وێت ئه‌وه‌یه كه، بۆ كوردستان پێویسته نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی گه‌ل كه به ڕێگه‌یه‌كی دیموكراتیك هه‌ڵبژێردراون، ڕاگه‌یێندراوی سه‌ربه‌خۆیی به ڕێبه‌رانی گه‌لی كوردستان ئیمزا بكه‌ن. ئه‌مه جیاوازه له په‌رله‌مان، به‌م واتایه كه په‌رله‌مانیش به‌شێكه له‌م ڕێبه‌ر و نوێنه‌رانه، هه‌ر وه‌كو له پرسی كۆسۆڤۆدا په‌رله‌مانی كۆسۆڤۆ خۆی نه‌كرده تاكه نوێنه‌ر یاخود ڕێبه‌ری گه‌ل، هه‌روه‌ها په‌رله‌مان خۆی نه‌كرده خاوه‌نی ڕاگه‌یێندراوه‌كه، به‌م مانایه كه له ڕایه‌كه‌دا ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ی كه ئه‌م ڕاگه‌یێندراوه‌یان ئیمزا كردووه خۆیان به ڕێبه‌رانی گه‌لی كۆسۆڤۆ ناساندووه (هه‌ر چه‌نده دۆخی یاسایی- سیاسیی كۆسۆڤۆ جیاوازیشی هه‌بێت له‌گه‌ڵ كوردستان، به‌ڵام ئه‌مه زۆر كێشه‌ی یاسایی و سیاسی له كۆڵ كوردستان ده‌كاته‌وه).
سێێه‌م: به‌كارهێنانی هێزی ناڕه‌وا و داگیركاری
بیروڕای زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپی و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆییی كۆسۆڤۆ ئه‌وه بوو كه هیچ دژایه‌تییه‌ك نییه له نێوان ئه‌م ڕاگه‌یاندنه تاكلایه‌نییه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه له ڕێگه‌ی زۆر و داگیركاری ئه‌مه بكرێت. ئه‌مه‌ش وانه‌یه‌كه و بۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان زۆر گرنگه.
چواره‌م: جیابوونه‌وه به ڕه‌زامه‌ندی و دانوستاندنی ده‌وڵه‌تی جێگیر
ئه‌گه‌ر بكرێت، كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانی زۆر زۆر كه‌متر بێته‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا، بكه‌وێته دانوستاندنی ڕاسته‌وخۆ بۆ چۆنیه‌تیی سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه له عێراق. ئه‌مه باشترین سیناریۆی یاسایی و سیاسییه ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرێت و ئه‌گه‌ریش نه‌كرا، ئه‌م پرۆسه‌یه دیسانه‌وه پێویسته بۆ بوون به به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كه هه‌موو هه‌وڵێكی ئاشتیخوازانه دراوه بۆ جیابوونه‌وه یاخود ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی تاكلایه‌نه.
پێنجه‌م: یاسای نێوده‌وڵه‌تیی تایبه‌ت
خاڵێكی زۆر گرنگ له ڕووی یاسای تایبه‌ته‌وه كه دادگای نێوده‌وڵه‌تیی داد، له پرسی كۆسۆڤۆدا لێكۆڵینه‌وه‌ی لێ كرد، بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت ئه‌م ڕاگه‌یێندراوه له‌گه‌ڵیدا دژه یاخود نا، دادگا به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م یاسایه‌ی نه‌زانی. ئه‌وه، ده‌كرێت به دیوه‌كه‌ی تری‌دا بۆ كوردستانیش ڕاست بێت. به‌م مانایه له كاتی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییدا، ئه‌گه‌ر هیچ ده‌قێكی ده‌ستووری له عێراق (هه‌روه‌ها دۆخی یاسایی‌ی كوردستانیش) ڕێگه‌ی به جیابوونه‌وه نه‌دابێت، ئه‌وه هیچ ده‌قێكیش به‌ئاشكرا ڕێگه‌ی لێ نه‌گرتووه. هه‌روه‌ها ده‌توانین له‌سه‌ر پرسی كیۆبێك (هه‌ر چه‌نده به‌پێی ده‌ستوری كه‌نه‌دا و دۆخی كیۆبێكییه‌كان له ڕووی ستانداره نێوده‌وڵه‌تییه باڵاكانی سیاسی، ئابووری، كه‌لتووری و...هتد، له كه‌نه‌دا ئه‌م داوایه به ڕه‌وا نه‌زانرا یاخود ڕه‌ت كرایه‌وه)، كه وه‌زیری دادی كه‌نه‌دا داوای له دادگای باڵای كه‌نه‌دا كردبوو وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ده‌رباره‌ی داواكاریی سه‌ربه‌خۆییی كیۆبێك بداته‌وه و دادگای باڵایش بیروڕای ڕاوێژكاریی یاساناسانی نێوده‌وڵه‌تی (له وانه: دادگای نێوده‌وڵه‌تیی داد و كۆمیسیۆنی یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی) وه‌رگرتبوو و ئێستا به‌رده‌سته، كه‌ڵك وه‌ربگرین.
شه‌شه‌م: ڕابردووی خوێناوی و كاره‌ساته‌كان
كاره‌ساته‌كان و ڕابردوو و مێژووی خوێناویی كورد به‌تایبه‌ت (پرۆسه‌ی ئه‌نفال و كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه و جینۆسایدی ئێزدییه‌كان) باشترین به‌ڵگه‌ن بۆ كاركردن له‌سه‌ر " تیۆریی جیابوونه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری" ( Remedial Secession) و ڕاگه‌یاندنی تاكلایه‌نه‌ی سه‌ربه‌خۆیی، كه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی یاسایی دانراوه كه به پره‌نسیپی
The Principle of no Irreparable Harm ناسراوه. ته‌نانه‌ت ئه‌مه ده‌توانێت له پاڵ دیپلۆماسیی كاریگه‌ر و حوكمڕانی و سه‌روه‌ریی كاریگه‌ری كوردستان، ببێته بنه‌مایه‌ك بۆ دروستبوونی دۆخێكی تایبه‌ت بۆ سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا. هه‌روه‌ها ده‌تواندرێت كار له‌سه‌ر پێشێلكردنی سیسته‌ماتیكی مافی مرۆڤ له كوردستان له ئێستای عێراقدا (به ڕابردوویشه‌وه) بكرێت بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی ده‌ره‌كی. چونكه ئه‌مه تاكه خاڵه له ئێستادا به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ موماره‌سه‌كردنی مافی دیاریكردنی چاره‌نووس له بواری ده‌ره‌كی (سه‌ربه‌خۆیی) و له ئه‌گه‌ری نه‌توانین بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌م مافه بۆ كوردستان ده‌سته‌به‌ر نابێت و پێویسته له‌سه‌ر پره‌نسیپ و بنه‌مای تر، كه له‌م نووسینه كورته‌دا ئاماژه‌م پێ داوه، كار بكرێت.
حه‌وته‌م: پره‌نسیپی سه‌روه‌ریی كاریگه‌ر
به‌پێی هه‌موو پێوه‌ره كلاسیكییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، كوردستان بنه‌ماكانی به‌ده‌وڵه‌تبوون (Statehood)ی هه‌یه، به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه كه ئێستا وه‌كو ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. به‌ڵام خاڵی جه‌وهه‌ری بۆ هه‌رێمی كوردستان له پێش و له پاش ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، گرنگیدانه به چه‌مك و بنه‌مایه‌كی جێگه‌ی سه‌رنج بۆ دانپێدانانی نێوده‌وڵه‌تی، كه ئه‌ویش بریتییه له: "پره‌نسیپی سه‌روه‌ریی كاریگه‌ر" یاخود حوكمڕانیی كاریگه‌ر و شوێندانه‌رانه (Effectiveness Principle)، كه ئێستا (له‌م سه‌رده‌مه‌دا) ده‌تواندرێت یەكێك له باشترین به‌ڵگه‌كان بێت بۆ مافی به‌ده‌وڵه‌تبوون و ڕه‌وایه‌تیپێدان به سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان.
هه‌شته‌م: پره‌نسیپی ئازادیی لۆتۆس
هه‌رچه‌نده ئه‌م پره‌نسیپه بۆ ڕێزگرتن له سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تانه، به‌ڵام له پرسی كۆسۆڤۆ، ناڕاسته‌وخۆ دیوه‌كه‌ی تری سوودی لێ وه‌رگیراوه. به‌م مانایه كه ده‌كرێت له پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستاندا به‌پێی ڕوانگه و بنه‌مای "پره‌نسیپی ئازادیی لۆتۆس" (Lotus Principle) كار بكرێت (ئه‌م پره‌نسیپه له‌سه‌ر بنه‌مای تیۆریی یاسای گیۆرگیلینیك "1851-1911"یاساناسی به‌ناوبانگی ئه‌ڵمانی دانراوه كه له‌سه‌ر بنه‌مای خۆسنوورداركردنی ئیرادییه Auto – lim)، به‌م پێیه تا كاتێك قه‌ده‌خه‌بوونێكی ئاشكرا و ده‌رنه‌بڕدراو بوونی نه‌بێت، ئه‌وه ده‌وڵه‌تان به‌پێی بنه‌مای سه‌روه‌ری، له ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێك سه‌ربه‌ستن. ئه‌م پره‌نسیپه له ساڵی )1927( له پرسێك به‌ناوی“Lotus” به فه‌رمی ناسێنرا و دانی پێ دانرا.) و سوودی لێ وه‌ربگیرێت. هه‌ر چه‌نده لێكدانه‌وه‌ی جیاوازی بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام ده‌كرێت بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان به‌م مانایه بێت كه: "هه‌ر شتێك قه‌ده‌خه نه‌كرابێت، ڕێگه‌پێدراوه". به‌م مانایه كه چونكه یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌رباره‌ی سه‌ربه‌خۆییخوازی و جیابوونه‌وه بێده‌نگه، واته نه پاڵپشتیی لێ ده‌كات و نه قه‌ده‌خه‌ی ده‌كات، ئه‌وه ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و به‌ده‌وڵه‌تبوون، به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، نایاسایی نییه.
نۆیه‌م: به‌تایبه‌تنه‌كردنی دۆخی كۆسۆڤۆ
ڕای دادگای نێوده‌وڵه‌تیی داد، به پێچه‌وانه‌ی بیروڕای هه‌ندێ وڵاتی وه‌كو ئه‌ڵمانیا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، كه بنه‌مای به‌ڵگه یاسایییه‌كه‌یان بۆ به‌فه‌رمیناسینی كۆسۆڤۆ، دۆخی تایبه‌تی كۆسۆڤۆ بوو، به‌م مانایه كه ناكرێت به‌پێی دۆخی مێژوویی و یاسایی‌ی كۆسۆڤۆ، گشتاندن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی داواكاریی بزووتنه‌وه سه‌ربه‌خۆییخوازه‌كانی تر بكرێت، ئه‌وه دادگا له ڕایه‌كه‌ی خۆی له هیچ شوێنێك ئه‌مه‌ی ده‌رنه‌بڕیوه و كۆسۆڤۆی جیا نه‌كرده‌وه. لێره‌وه‌یه كه ئه‌مه زۆر سوودمه‌ند ده‌بێت بۆ ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان.
ده‌یه‌م: پره‌نسیپی یه‌كپارچه‌ییی خاك
خاڵێكی زۆر گرنگ و پڕ مشت‌ومڕ له ڕای دادگای نێوده‌وڵه‌تیی داد ئه‌وه‌یه كه پره‌نسیپی یه‌كپارچه‌ییی خاك، ته‌نیا له سنووری په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌وڵه‌ته‌كانه، به مانایایه‌كی تر ته‌نیا ده‌وڵه‌تان پابه‌ندن به ڕه‌چاوكردن و پاراستنی، نه‌ك خه‌ڵكی نیشته‌جێ له ده‌وڵه‌تێك. ئه‌مه‌ش یه‌كجار بۆ داهاتووی كوردستان و سه‌ربه‌خۆییی كوردستان گرنگه.
كۆتایی: ستراتیژیی سه‌ربه‌خۆیی
- خاڵیكی زۆر گرنگ و هه‌ستیار ئه‌وه‌یه كه ڕێبه‌رانی گه‌لی كۆسۆڤۆ زۆر وشیارانه خۆیان له ده‌ربڕینی ئاشكرا و به‌رجه‌سته‌كردنی (مافی دیاریكردنی چاره‌نووس)دوور گرت. ئه‌م خاڵه زۆر گرنگه، چونكه له كاتی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، له‌وانه‌یه تووشی ئیشكالیه‌تی یاسایی ببین بۆ دۆخی كوردستان له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه فه‌رمییه‌كانی پێناسه‌كراوی وه‌رگرتنی سه‌ربه‌خۆیی (ئیستیعمار، داگیركاری، ئاپارتاید) به‌پێی بنه‌ماكانی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و هه‌روه‌ها دوو پره‌نسیپه بنچینه‌یییه‌كه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی (سه‌روه‌ری و مافی دیاریكردنی چاره‌نووس)، بۆیه پێویسته زۆر زیره‌كانه و ژیرانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته بكه‌ین.
- پێویسته هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕووبه‌رووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ر ئه‌گه‌رێك و گه‌ره‌نتیی زیاتری سه‌ركه‌وتنی سه‌ربه‌خۆیی له داهاتوودا، زیره‌كانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دوو چه‌مكی جیابوونه‌وه (Secession) و هه‌ڵوه‌شانه‌وه (Dissolution) بكات.
- به‌پێی سه‌ره‌كیتیرین ڕه‌وتی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌سازی له ڕووی زانستی و واقعی و مێژوویییه‌وه ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تان دروست ده‌كات "یاسا" نییه، به‌ڵكو"جه‌نگ"ە، به جه‌نگی ساردیشه‌وه. هه‌رێمی كوردستانیش له‌م دۆخه‌دایه و پێویسته سوودی لێ وه‌ربگرێت.
- بۆیه به كورتی به‌پێی گۆڕانكارییه نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی و نێوخۆیییه‌كان له عێراق، پێویسته ستراتیژیی سیاسی- یاسایی‌ی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان بریتی بێت له:
پێدانی (مافی به‌ده‌وڵه‌تبوون) بۆ كوردستان و (لێسه‌ندنه‌وه‌ی مافی ده‌وڵه‌تبوون) بۆ ده‌وڵه‌تی ئێستای عێراق.
بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانه:
- http://www.icj-cij.org/docket/files/141/15987.pdf
- http://www.un.org/en/sections/un-charter/un-charter-full-text/index.html
- https://rm.coe.int/CoERMPublicCommonSearchServices/DisplayDCTMContent?documentId=090000168007cdac
- http://www.securitycouncilreport.org/atf/cf/%7B65BFCF9B-6D27-4E9C-8CD3-CF6E4FF96FF9%7D/Kos%20A%20RES63%203.pdf
- www.un.org/en/ga/63/resolutions.shtml
- http://www.securitycouncilreport.org/un-documents/justice-rule-of-law-and-impunity/
|