ئاسمانی هەرێمی کوردستان؛ چەکێکی دووسەرە

ئاسمانی هەرێمی کوردستان، چەکێکی دووسەرە. هەروەك چۆن دەکرێت بە باشترین شێوە بۆ پاراستن و بووژاندنەوەی کوردستان بەکار بێت، بەپێچەوانەیشه‌وە، دەکرێت بە توندترین شێوە دژی ئەم هەرێمە بەکار بێت. لەبیرمان نەچێت، دوای بڕیاری ٦٨٨ لە ڕۆژی ٥/٤/١٩٩١، ئێمە لەڕێی ئاسمانەوە پارێزراین، کاتێك هەندێك دەوڵەتی ئەوروپی و ئەمریکا بە پشتبەستن بەم بڕیارە، ناوچەی دژەفڕین (Non-Fly Zone)یان، بەتایبەتی لە سەرووی هێڵی (٣٦)ەوە دانا. کەچی هەر لە ئاسمانەوە هەڵەبجە بە بۆمبی کيمیایی بۆردومان کراو، نەیارانمان چەندین جار بە فڕۆکە و مووشەکی دوورهاوێژ هێرشیان کردۆتە سەرمان یان بەم جۆرە چەکە ئاسمانییانە هەڕەشەیان لە هەرێمی کوردستان کردووە. هەروەکو چۆن خاك گرنگە بۆ ئێمەی کوردستانی، ئاوهایش ئاسمانەکەی گرنگە. ئەمڕۆ ئێمە، بەهێز و بازووی پێشمەرگە کۆنترۆڵی خاکمان کردووە، بەڵام هەرێمی کوردستان بەزەحمەت دەتوانێت كۆنتڕۆڵی ئاسمانی خۆی بکات.

کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمان، نیشانەی بەهێزییە. لە زۆربەی جەنگەکانی سەدەی ٢٠ و ٢١، ئەو لایەنەی کە هێزی ئاسمانیی تۆکمەی هەبووە براوەی جەنگ بووە. هەروەها بەپێی ماددەی یەکی ڕێکكەوتننامەی پاريسی ساڵی ١٩١٩، لەسەر ڕیکخستنی یاساییی ئاسمان و فڕۆکەوانیی جیهان، تەنیا زلهێزەکان مافی بەکارهێنانی ئاسمانییان پێ درابوو؛ واتا بریتانیای زلهێزی ئەو کاتە، مافی بەکارهێنانی ئاسمانی ئەم ناوچەیەی هەبوو نەك عێراقی تازە دروستبووی ئەوکات. لە ڕێکكەوتننامەی شيکاگۆی ساڵی ١٩٤٤ – کە گرنگترین ڕێکكەوتننامەیە لە بواری فڕۆکەوانی-دەوڵەتان پێداگرییان لەسەر ئاسمانی خۆیان دەکردەوە، و وەکو پایەیەك لە پایەکانی سەروەری پێناسە کراوە. کەواتە ئاسمان، واڵایییەکی ئازاد نییە بەڵکو خراوەتە ژێر ڕکێفی سەروەریی دەوڵەتانه‌وه‌. هەر بۆیە، دەوڵەتان لە سەرەتادا بە شێوەیەکی ناوەندی (مەرکەزی)، ئاسمانی خۆیان ڕێک دەخست، به‌بێ گوێدان به‌ هەرێمەکانی خۆیان. بەڵام ئەم قسەیە تەنیا بۆ ماوەیەك ڕاست بوو. دەوڵەتانی فیدراڵی، لە مەسەلەی ڕێکخستنی ئاسمانی دەوڵەتەکەیان، ڕۆڵیکی بەرچاویان بە هەرێمەکانی خۆیانداوە، هەروەکو لە نموونەی سویسرا و بەلجیکاوە بۆمان دەردەکەوێت.

عێراق، کە لە ٢٠٠٥ەوە خۆی بە دەوڵەتێکی فیدراڵی پێناسە کردووە، بە هیچ شێوەیەك ڕێگەی بە ڕێکخستنی هاوبەشی یاساییی نێوان بەغداد و هەولێر نەداوە. پرسی ڕێکخستنی ئاسمانی، وه‌ك هەر پرسێکی تر لە عێراق، بەفيدراڵی نەکراوە، هەرچەندە دەستووری ٢٠٠٥،بێدەنگە لەسەر ئەم پرسەو بەدەسەڵاتێکی تاكلایەنه‌ (حصری)ی عێراقی داینەناوە. یاسای بەرکاری ڕێکخستنی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقی لە ساڵی ١٩٧٤ دانراوە، ئەو کات عێراق لە لووتکەی مەرکەزیبوونی دەسەڵاتدا بوو.

هیوایەک هەبوو لە ساڵی ٢٠١٦ ئەم یاسایە هەموار بکرێتەوە، بە جۆرێك ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە ڕێکخستنی ئاسمانی عێراقدا بەرچاو بگيرێت – هەروەك چۆن لە وڵاتە فيدراڵيیەکان ڕێکخراوە – بەڵام پەرلەمانتارانی هەرێم نەیانتوانی مافی كوردستان لەم پرسەدا بە سەرکەوتوویی بچەسپێنن. ئەم بابەتە گرنگە بەبێدەنگی لە ناوەندە سیاسی و ڕاگەیەندنەکان تێپەڕی و هەر باس نەکرا. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نەك هه‌ر بەرەو فيدراڵیبوون نەچوو، بەڵكو هێشتا مەرکەزیەتی دەوڵەتی عێراقی لەسەر ئەم پرسە توند کرد. لە ماددەی یەکەمی ئەم یاسایەدا لە ساڵی ١٩٧٤، باس لە دەسەڵاتدارەکان (بە شێوەی کۆ)ی فڕۆکەوانی کرابوو، کەچی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی لە ١٢/٤/٢٠١٦، کردیان بە یەك دەسەڵاتدار (بە شێوەی تاك)، نەوەک دەستەواژەی "دەسەڵاتدارەکان" بە شێوەیەك ڕاڤە (تفسير) بکرێت، کە دەسەڵاتی پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.

ئەو دەسەڵاتدارە تاكلایەنەی عێراقيش کە سەرپەرشتیی کاری مەدەنیی ئاسمانی عێراق دەکات، ناوی دامەزراوەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنییە (المنشأة العامة للطيران المدني). بەپێی ڕێسایەک ڕێکخراوە، کە لە ساڵی ١٩٩٦ لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی لە سەردەمی بەعس دەرچووە. سەیر لەوەدایە ئێمە ئه‌وكات نيمچە سەربەخۆ بووین و ئاسمانەکەمان لە لایەن ئەمریکا و بریتانیا و فەرەنسا پارێزراو بوو. هەروەها بە هۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە، لەو ماوەیەدا، کاری فڕۆکەوانیی مەدەنی و سەربازی لە عێراق، بەتەواوی پەك خرابوو.

کەواتە هەموو ئەو یاسا و ڕێسایانەی سەبارەت بە فڕۆکەوانی و ئاسمان دەرچوونە، کۆنن و بەردەوامی بە دەسەڵاتی تاكلایەنەی حکوومەتی عێراق دەده‌ن. کێشەکە تەنیا لە بەغداد نییە. پەرلەمانی هەرێمی کوردستانيش لە ساڵی ٢٠٠٨، یاسای دەزگای فڕۆكەخانەکانی شارستانیی هەرێمی کوردستانی دەرکردووە، کەچی تا ئێستا هيچ هەنگاوێکی ڕاستەقینە  بۆ دروستکردنی ئەم دەزگایە نەنراوه‌. ئەگەر ئەم یاسایە وەکو خۆی جێبەجێ بکرایە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی نەیدەتوانی بەم شێوەیە یاسای فڕۆکەوانیی عێراقی هەموار بکات. دەبوایە بە جۆرێك لە جۆرەکان ڕۆڵێك بۆ ئەو دەزگایەی هەرێمی کوردستان بکرایەتەوە.

ڕاستە لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، سەروەریی ئاسمانی بۆ دەوڵەتان پارێزراوە، بەڵام ئەم سەروەرییە ڕەها نییە. چەندین کۆتی لەسەر دانراوە. دەکرێت هەرێمی کوردستان سوودی لێ ببينێت. لێرەدا چەند خاڵێک دەخەینە ڕوو، كه‌ مەبەست لێی، تێگەیشتن و بەهێزکردنی لایەنی ئاسمانیی هەرێمی کوردستانە.

یەکەم: لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕوون بووه‌تەوە، کاتێك هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر گەلێك هەبێت، سەروەریی ئاسمانیی دەوڵەتان ڕێگر نییە. باشترین نموونەی یاسای نێودەوڵەتیش بڕیاری ٦٨٨ بوو. ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاسایش، بووه‌ هۆی ڕاگرتنی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر گەلی کوردستان و بوو بە هەوێنی دروستکەری هەرێمی کوردستان. هەر ئەم بڕیارە، دەریخست كه‌ پێشێلکاریی ڕێکخراو و بەکۆمەڵ بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەبێتە هۆی پەکخستنی بنەمای سەروەریی وڵاتان لەسەر ئاسمانەکەیان.

دووەم: کاتێك ئاسایش و ئاشتەواییی نێودەوڵەتی لەژێر هەڕەشەدا بێت، سەروەریی ئاسمانیی دەوڵەتێك نابێتە لەمپەر. له‌م ئاراستەیەدا، چەندین بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانمان هەیە. هەروەها، چالاکبوونی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و فەرەنسا و چەندین دەوڵەتی تر لە دوای ٢٠١٤ەوە، دەچێتە قاڵبی ئەوەی کە عێراق و سووریا و ناوچەکە لەژێر هەڕەشەدان. بۆیە مەبەست لە پاراستنی هەرێمی کوردستانيش لە لایەن ئەم فڕۆکانەوە، ئەوە بوو کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نایەوێت هەڕەشەکانی سەر ئاسایش و ئاشتەوایی بەرفراوانتر بێت. کەواتە کاتێك ئەم هەڕەشەیە نەما، ئەم هێزه‌ ئاسمانییانە ناتوانن ئازادانە بەردەوام بن، بەڵکو پێویستیان بە مۆڵەتی دەوڵەتی عێراق دەبێت.

سێیەم: جێبەجێکردنی ئەرکێکی نێودەوڵەتی، ڕێگایەکە لە ڕێگاکان بۆ کۆتکردنی سەروەریی ئاسمانیی دەوڵەتەکان. یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی ئێستای یاسای نێودەوڵەتی، بریتییە لە ڕووبەڕووبوونەوە دژی تيرۆریزم (به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم). بەپێی بڕیاری ژمارە ٢٢٤٩ی ساڵی ٢٠١٥، دەوڵەتان هەموویان پابەندکراون بە لەناوبردنی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (ناسراو بە داعش). کەواتە هەموو دەوڵەتان – بە دەوڵەتی عێراق و سووریاوە- پابەندن بە کردنەوەی ئاسمانی خۆیان بۆ ئەو فڕۆکە سەربازییانەی دژی داعش دەجەنگن.

کەواتە، ئێمەیش لە هەرێمی کوردستان پابەندین و دەبێت بە باشترین شێوە له‌گه‌ڵ ئەم هێزە ئاسمانییانەدا هاوکار و هه‌ماهەنگ بین. هەندێك جار لەوانەیە هەرێم، کاتێك فڕۆکەی مەدەنی پەک دەخرێت، تووشی کێشەی تەکنیکی ببێتەوە، وه‌ك چۆن لە مانگی ١١ و ١٢ ساڵی ٢٠١٥ ڕوویدا. مووشەکەکانی ڕووسیا بۆ لێدانی مۆڵگەکانی داعش و هاوشێوەکانیان بە ئاسمانی هەرێمدا ڕۆیشتن، بە هۆیەوە چەندین ڕۆژ حکوومەتی عێراقی، کاری فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت. زەرەمەند لێرەدا، هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیایانە بوون کە کاریان لەگەڵ ئێرە هەبوو. بەڵام پێویستە شتێك ڕوون بکەینەوە: ئەگەر لە بواری ئاسمانیدا هەماهەنگی و پەیوەندیی توندوتۆڵ له‌ نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕووسیا هەبوایە، ئەم ڕاگرتنە ڕووی نەدەدا. لەڕێگای ئەم پەیوەندییانەوە، دەکرا ڕێڕەوێكی شیاو بدۆزرێتەوە بۆ ئەو مووشەکانە و نەبن بە هەڕەشە بۆ ئه‌و فڕۆکە مەدەنییانه‌ی کە بە ئاسمانی کوردستاندا تێ دەپەڕن یان لێرەوە هەڵدەستن.

چوارەم: کۆتێکی تر لەسەر سەروەری، دەبێت لە ڕووی ناوخۆیییە بۆی بڕۆین. ئێمە ئەگەر هەرێمێکی فيدراڵی بين لە چوارچێوەی عێراقدا، دەبێت دەسەڵاتدارانی بەغداد بەشێك لە دەسەڵاتەکانی بواری فڕۆکەوانی ڕادەستی هەرێمەکان بکات، هەروەكو لە وڵاتانی تری فيدراڵی پیادە دەکرێت. هەروەها پێویستە هەر لە بەغداد دەزگایەکی هەماهەنگیی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان – هەرێمەکانی تريش ئەگەر دروست کرا- دابمەزرێت بۆ ڕێکخستنی هەموو لایەنە جۆربەجۆرەکانی ڕێکخستنی ئاسمانیی عێراق. نە بارودۆخی ئێستای عێراق و نە یاساکانی فڕۆکەوانی لە جیهان لە خزمەتی تاكڕەویی بەغداددا نین، بەڵكو ئێستا کاتی هەماهەنگی و هاوکاریی فرەلایەنەیه‌ لە بواری ڕێکخستنی ئاسمانی.

پێنجەم: تا وەکو هەرێمی کوردستان بەشێك بێت لە عێراق، پێویستیی بە ناوەندێکی پەیوەندیی توندوتۆڵ و ڕۆژانە هەیە لەگەڵ عێراق و هەموو دەوڵەتانی جیهان لە بواری فڕۆکەوانیی مەدەنی و سەربازی. ئەگەر بێینە سەر بواری مەدەنی، لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە یاسامان هەیە، پێویستە بە زووترین کات بەرکار بکرێت. هەروەها لە ڕووی سەربازییه‌وه‌، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان لە جەنگێکی گەورەی نێودەوڵەتیی دژی تيرۆریزمدا بەشدارە، پێویستیی بە دامەزراوه‌یه‌کی هەماهەنگیی ئاسمانیی سەربازی هەیە بۆ ڕێکخستن و پەیوەندیبەستنی ڕۆژانە لەگەڵ هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە له‌دژی داعش جه‌نگ دەکەن. دەزانین کە ئێستا ئەو پەیوەندییە هەیە، بەڵام ئەوەی مەبەستمە بە دامەزراوەییکردنیەتی لە ناو حکوومەتی هەرێم. لەوانەیش گرنگتر، هەوڵ بدرێت بەپێی توانا، دامەزراوەی سەربازیی ئاسمانی و بەرگریی ئاسمانی (دژەهێرشی ئاسمانی)یش لەناو وەزارەتی پێشمەرگە دروست بکرێت.

شەشەم: لە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانيشدا، پێویستە ڕاستەوخۆ بير لە ئاسمانی ئەم دەوڵەتە نوێیە بکرێتەوە، چونکە دەرچەیەکمان نابێت بۆ دەرەوەی وڵات، تەنیا بە ڕێگای ئاسمانی نەبێت. کەواتە، دەبێت بە زووترین کات دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان، لە بواری فڕۆکەوانی، خۆمان پابەندی یاسای نێودەوڵەتی بكه‌ین. مەبەست لەم خۆپابەندکردنە ئەوەیە، بۆ جیهان دەسەلمێنین کە سەروەریی ئەم ئاسمانە، لە ئاسمانی عێراقەوە گۆڕاوە بۆ ئاسمانی دەوڵەتی نوێی کوردستان. هەروەها متمانەیەك بدەین بە هەموو جیهان و بەو بیانییانەی کە دانيشتووی کوردستانن، کە ئێمە لە بنەما نێودەوڵەتییەکان لا نادەین. لە هەمان کاتدا بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی، هەفتانە هەزاران فڕۆکەی مەدەنی بە سەر ئاسمانی عێراق و کوردستاندا تێ دەپەڕن، بۆیە ناکرێت ڕێرەوی خۆیان بگۆڕن و پێویستە بەردەوام بن لە گەشتی ئاسایی خۆیاندا.

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples