خوێنی شەهیدان سەرمایەی مەعنەویی کوردستانە. گیانفیدایی و خۆبەخشين بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان، لووتکەی دڵسۆزیی مرۆڤە. دەستەواژەی "زێڕی سوور"، بچووکترین وەسفی گەورەییی خوێنی شەهیدانە. ئەم دەستەواژەیە لە ساڵانی جەنگی جیهانیی دووەم، بۆ جەنگاوەرانی فەرەنسیی دژی نازییەکان بەکار هاتووە. مەبەست لە بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە، بەهای مەزنی خۆبەختکردنە لە پێناوی نيشتماندا. شایەنی گوتنە، لەم جەنگەی کوردستان دژی داعش، زێڕی سوور فریامان کەوت، نەك زێڕی ڕەش.

وەك چۆن بەرزڕاگرتن و پاراستنی کەسوکاری پێشمەرگە، ئەرکێکی پیرۆزە لە ئاستی ناوخۆییدا، ئەوهایش بەبەڵگەنامەکردن و ناساندنی شەهیدانی پێشمەرگە، کارێکی گرنگە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. فيلمی "پێشمەرگە" لە دەرهێنانی فەیلەسووفی گەورەی فەرەنسی "بێرنارد هێنری لێڤی"، بەشێک لە گەورەیی و پیرۆزیی ئەرکی پێشمەرگەی بۆ جیهان دەرخستووە. بەڵام بەم ئاڕاستەیە، پێویستمان بە کاری زیاترە.

"دڵداری شاعير"، بە هەستێکی دووربینانە لە ساڵانی چلەکانی سەدەی پێشتر، باسی خوێنی شەهیدانی کردووە، کاتێك دەڵێت:

"ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سوور و شۆڕشين -  سەیری کە خوێناوییە ڕابردوومان."

ئەم دێڕە لە سروودی "ئەی ڕەقیب"، فەلسەفەیەکی سەرنجڕاکێشێ تێدایە. دڵدار بانگهێشتی هەموو دنیا دەکات، پێیان دەڵێت: "سەیر کە!" واتا ببينن، هەستی پێ بکەن، ئاگادار بن، کە ئێمەی کورد چەندان قوربانیمان داوە. لەسەر ئەم بناغەیە، دەمەوێت پرسیارێك بکەم: لە جەنگی دژی داعش زیاتر لە ١٥٠٠ شەهیدمان هەیە، ئایا جیهان به‌مه‌ ده‌زانێت؟ ئەگەر لە ڕوانگەی حیکمەتەکەی دڵداری شاعير لێکی بدەینەوە، چی بکەین تا جیهان بتوانێت "سەیر"ی قوربانیدانی ئێمە بکات؟

پێویسته‌ هه‌موو جیهان ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ بناسێ و لێیان ئاگادار بێت، كه‌ له‌ پێناوی خاكی كوردستاندا خوێنیان به‌خشیوه‌. ئەم جەنگەی دژی داعش، هەروەکو سەرکردەکانمان ڕایان گەیاندووە، جەنگێکە لە جیاتی مرۆڤایەتی دەیکەین. ئایا مرۆڤایەتی، شەهیدەکانی خۆی دەناسێت؟ دەوڵەتانی ڕۆژاوا و پێشکەوتوو، هەردەم بەدوای بەڵگە و ئاماردا دەگەڕێن. چی بکەین بۆ ئەوەی پێشمەرگە شەهیدەکانمان بناسرێن؟

لێرەدا، پێشنیار دەکەم ڕێبەرێکی مەزن، لە شێوەی کتێبێکی شایستە، بۆ هەموو شەهیدانی دەستی داعش دابنرێ. تێیدا ناو، شوێن و ڕۆژی لەدایكبوون، باری خێزانی، پلەی وەزیفی، پلەی سەربازی، شوێنی شەهیدبوون، وێنەیان و هەر زانیارییەکی تر کە دەزگا پەیوەندیدارەکان پێیان باشە، بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگليزی چاپ بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە، دەکرێ سوود لە زانیاری و داتاکانی وەزارەتی شەهیدان و وەزارەتی پێشمەرگە وەربگیرێ. ناوی پێشنیارکراویشم بۆ ئەم ڕێبەرە بریتییە لە:

"Honorary Book for Kurdistan Martyrs’ against the ISIS"

  (كتێبی شەرەف بۆ شەهیدانی کوردستان دژی داعش).

پێم باشە لەم کتێبەدا، ئاماژە به‌وه‌یش بكرێت کە ئەم شەهیدانە، ئامانجیان تەنیا جەنگی دژی تيرۆریزم نەبووە، بەڵکوو ئه‌وان لەناخەوە بۆ "جه‌نگی سەربەخۆییی کوردستان" جەنگاون. چەندان نه‌ته‌وه‌ هه‌ن، شانازی بە جەنگی سەربەخۆییی خۆیان دەکەن؛ وەك ئەمریکا و يۆنان. كه‌واته‌، ئێمەی کوردستانیش، بۆ نەیکەین بە جەنگی سەربەخۆیی؟ دەبێت هەموو جیهان تێ بگات كه‌ ئەو پێشمەرگەی ئەمڕۆ شەهيد دەبێت، "شەهیدی ڕێگای سەربەخۆیی"ی کوردستانە، ئینجا دەکرێت باسی ئەوە بکرێت کە شەهیدی دەستی ڕەشی تيرۆرە.

چاپکردنی ئەم كتێبه‌، لە چەند ڕوویەکەوە زۆر گرنگە:

یەکەم: میوانی بیانی و دیپلۆماتکار و جیهان بەتەواوی تێ بگەیەنین، کە ئێمەی کوردستانی، چەند شەهیدمان بۆ مرۆڤایەتی، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنی خۆمان دژی دوژمنەکانمان داوە. ئەو ژمارە زۆرەی شەهیدانمان، دەبێت هەموو جیهان پێی بزانێت، بەڵکوو لەم ڕێگایەوە، قەرەبووی ماددی و مەعنەویی کوردستان بەگشتی و، کەسوکاری شەهیدان بەتایبەتی، بکرێته‌وە.

دووەم: لێكنزیككردنه‌وه‌ی حزبه‌ كوردییه‌كان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی: لە یەك کتێبدا شەهیدی كوردستان، بەبێ جیاکردنەوە پيشانی خەڵکی کوردستان بدرێت.

سێیەم: تۆمارکردنی مێژووە بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان. ئەمە خۆی لە خۆیدا قەرەبوویەکی مەعنەویی شایستە دەبێت. لە کۆتاییدا، مەبەست لێی، وننەبوونی خوێنی شەهیدانە.

ئەوەی لە سەرەوە باسمان کرد، ئەرکێکی هەرە سادەیە بەرامبەر ئەو قوربانیدانەی پێشمەرگەکانمان بۆ کوردستان. پێویستە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا کەسوکارەکانیان ڕێزێکی تایبەتیان بۆ دابنرێت و پێگەیان لە کۆمەڵگەی کوردستان، هەمیشە بەرز ڕابگيرێت. پێویستە کاری تریش بکرێت. بۆ نموونه‌ مۆزەخانەی تایبەتیان بۆ دروست بکرێت، یان ماڵپەڕی ئینتەرنێتی تایبەتیان بۆ بکرێتەوە، یان ناویان لە ماڵپەرە فه‌رمییەکان و دامودەزگا حکوومییەکانی کوردستاندا بڵاو بکرێتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples