چۆنیەتیی دروستکردنی ڕووداوی ديپلۆماسی، لەسەر خاكی هەرێمی کوردستان

ئاشکرایە کە ئێستا هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی ديپلۆماسیی گرنگدايە و بەردەوام پێویستیی بە کاری ديپلۆماسیی نوێ هەیە. دروستکردنی ڕووداوی ديپلۆماسی(Diplomatic Events) لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە بەرژوەندیی ئابووری و سەربازی کۆمان دەکاتەوە، ئامرازێکی کاریگەرە. كوردستان دەتوانێت هەر لەسەر خاکەکەی، ڕووداوی ديپلۆماسی دروست بکات، چ بە شێوەیەکی دوو لایەنە بێت یان لەگەڵ چەند دەوڵەتێك بێت. لێرەدا چەند نموونەیەك دەخەینە ڕوو، کە تیایدا بۆمان دەردەکەوێت کە چەند بەئاسانی دەتوانین هەندێك ڕووداوی ديپلۆماسی، بە مەبەستی توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم، دروست بکەین. ئەم ڕووداوانە لەوانەیە هەندێکیان سادە بن، بەڵام سوودی ڕەمزیی ديپلۆماسیی گەورەیان دەبێت. با ئێمە لەگەڵ دەوڵەتان تەنیا یادی نەهامەتی و ناخۆشییەکان نەکەینەوە ــــ بۆ نموونە ڕێکكەوتننامەی شوومی سايکس_پێکۆـــ بەڵکوو پێویستە یادی ئەو ڕۆژانەیش بکرێتەوە کە دەبنە هۆی بەستنەوەمان به‌ دەوڵەتانی دیکەوه‌.  

نموونەکانی یەکەم: مێژووی هاوبەش

مێژوو، لە دروستکردنی ڕووداوی ديپلۆماسیی دوو لایەنەدا گرنگە. یادکردنەوەی هەندێک ڕووداو، کە ئێمەی کوردستانی بەستۆتەوە بە ئەمریکا، زۆر پێویستە؛ بۆ نموونە ڕۆژی بڕیاردانی سەرۆکی ئەمریکی ـــ باراك ئۆباما­ـــ بۆ پاراستنی هەرێم و بەتایبەتی هەولێری پایتەخت لە ڕۆژی (٧/٨/٢٠١٤)، بە شێوەیەکی ديپلۆماسی و دیاریکراو، بکرێت بە "ڕۆژی یادکردنەوە". ئەم ڕۆژە، كه‌ سیمبۆلێکە بۆ پاراستنی کوردستان لە لایەن ئەمریکییەکانەوە، با بکرێته‌ "ڕۆژی ئەمریکی ـــ کوردستانی". ده‌زانین کە ئەو ڕاگەیاندراوانەی سەرۆکەکانی ئەمریکا (ويلسۆن و ڕۆزڤێڵت و ترومان) لە جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمدا، چەند کاریگەر بوون. ئەو ڕاگەیەندراوانە، بوونە مایەی ڕزگارکردنی چەندین وڵاتی ئەوروپی، کە تا ئێستا یاد دەکرێتەوە و شانازیی پێوە دەکرێت. کەچی لای ئێمە، ئەم یادکردنەوەیە، هەر باس نەکرا و، هه‌ر نەبوو بە هەواڵێکیش لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن.

پێویستە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی زلهێزدا یادی ديپلۆماسیی هاوبەشمان هەبێت. پێمان باشە، ڕۆژێك هەڵبژێردرێت لەگەڵ فەرەنسا. بۆ نموونە، ڕۆژی سەردانی سەرۆک "فرانسوا هۆڵاند" بۆ هەرێم، یان ڕۆژی وەفاتی دانيێل میتران، کە پێشتریش کراوە و پێویستە بەردەوام بێت. دوای تاووتوێكردنێكی تەواو، دەتوانین ڕۆژێك بۆ یادکردنەوە هەڵبژێرین، کە بۆ ئێمە و بۆ فەرەنسییەکانيش گرنگ بێت.

 لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکانیش، با ڕۆژی دەرچوونی بڕیاری (٦٨٨) لە (٥/٤/١٩٩١)، بکرێت بە ڕۆژی  دوولایەنەی کوردستان و نەتەوەیەکگرتووەکان. دروستکردنی هەمان ڕووداوی ديپلۆماسی لەگەڵ ڕووسیایشدا گرنگە. بۆ نموونە ڕۆژێك بدۆزینەوە کە ئاراستەی شۆڕشی کوردستانی گۆڕی؛ ئەو کاتەی بارزانیی نەمر لە سۆڤيەت بوو، یان ئەو نووسەرە ڕووسانەی کە لەسەر کوردیان نووسیوە (وەك مينۆرسکی)، با یادی ڕۆژی لەدایکبوونیان بکرێتەوە و بکرێن بە ڕەمزی ديپلۆماسیەتی نێوان کورد و ڕووس.

هەروەها با هەوڵ بدرێت لەگەڵ ميللەتانی تریش – بەتایبەتی زلهێزەکان و دروسێکانمان ـــ ڕووداوی ديپلۆماسی دروست بکرێت؛ بۆ نموونە کورد و ئەڵمانی، کورد و بریتانی و... هتد.

 

نموونەکانی دووەم:  شوێنی هاوبەش

خاك و پێگەی هەرێمی کوردستان، دروستکەری چەندین ڕووداوی مێژوویی بووە، کە هه‌ر خۆی سوودی ديپلۆماسیی هەیە بۆ ئەمڕۆمان. لە کوردستاندا چەند شوێنێك هەن، كه‌ پەیوەندییەکی مێژوویییان بە دەوڵەتانه‌وه‌ هەیە. لە ڕێگای کتێبێکەوە، بۆم دەرکەتووە کە چەندین سەربازی بریتانی بە پلەی جۆراوجۆر، گۆڕەکانیان لە کوردستانن (بەتایبەتی لە  گۆڕستانی عەنکاوە)، کە لە سەردەمی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، لێرە کوژراون یان مردوون، جا لە بەر هەر هۆیەك بێت. تەنیا بۆ زانیاری، ئەم کتێبە بریتییە لە یاداشتێكی کەسێکی بریتانی بە ناوی Wallace Lyon، کە لە نێوان ١٩١٨ تا ١٩٤٤، وەك ئەفسەر و کارگێڕی سیاسی، لە هەرێمی کوردستان ژیاوە. هه‌ر سەبارەت بە بابەتەکەمان، دەکرێ ئەو پارچە زەوییه‌ی کە گۆڕەکانی لێیە، بخرێتە ژێر جۆرە ڕەوشێکی یاساییی تایبەته‌وه‌ کە بریتانییەکان بە هیی خۆیان بزانن، یان هەر هيچ نەبێت ئاڵای بریتانیا لەسەریان هەڵبکرێت. وەك چۆن فەرەنسا، چەند پارچە زەوییەکی خۆی پێشکەش کردووە به‌ مەبەستی دروستکردنی گۆڕستان بۆ ئه‌و سەربازه‌ ئەمریکی و کەنەدییانه‌ی لە جەنگی جیهانیی دووەمدا لەسەر خاکی فەرەنسا کوژرا بوون و، ئێستایش لەژێر دەسەڵاتی ئەمریکی و کەنەدایییەکاندان. هەروەها، شوێنی گیانلەدەستدانی ئەو سەربازە بیانییانەی کە لە کوردستان شەهيد دەبن، بکرێن بە مۆنيومێنت، یان گۆڕەکەنیان بخرێتە ژێر ئەو سیستەمە یاسایییەی کە لە سەرەوە باسمان کرد.

باش وایه‌ هەوڵيش بدرێت شوێنە ئایینییە پیرۆزەکانی مەسیحی، بەتایبەتی گۆڕەکان، بخرێتە ژێر سیستەمی یاسای کوردستانی و ڤاتیکانییه‌وه‌. یان ڕێکەوتن لەگەڵ هەر دەوڵەتێكدا بکرێت کە شوێنەوارێکی ئایینی یان ڕۆشنبيریی لەسەر خاکی کوردستان هەیە و، با ئەم شوێنەوارانە بە شێوازێکی تایبەت و هاوبەش ڕێک بخرێن. ئەمە جگە لەوەی کە، پێویستە به‌رده‌وام هه‌وڵ بدرێ بۆ ناساندن و پاراستنی شوێنە مێژوویییەکانی کوردستان و وەك سامانێکی مرۆڤایەتی لە "يونسکۆ" تۆمار بکرێن.  

*     *     *

لە کۆتاییدا، دەتوانین هەر لەسەر زەویی خۆمان، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان بەهێز بکەین، به‌وه‌ی یادی چەندین ڕووداوی ديپلۆماسی بکەینەوە کە تایبەت بن بە ئێمەی کوردستانی و نه‌ته‌وه‌كانی دیکەوه‌. لە هەمان کاتدا پيشانی جيهانی بدەین کە ئێمە نه‌ته‌وه‌یه‌كی چالاک و کراوەین لەناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا. ئەمانەی سەرەوە، تەنیا نموونەن. ئه‌م بابه‌ته‌، لە لایەن سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت و هەروەها به‌ شێوه‌ی دوولایەنە لەگەڵ دەوڵەتی پەیوەندیداردا، دەکرێ کاری زیاتر و باشتری لەسەر بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە دەزگای تایبەتی دابمەزرێت کە بەدواداچوونی بۆ بکات و ڕێکی بخات. ئێمە پێمان باشە کە ئەم بيرۆکەیە، لەگەڵ هەموو نه‌ته‌وه‌كانی کاریگەر لە جیهان و هەروەها لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێشدا، کاری لەسەر بکرێت. بەکورتی، مەبەستمان تەنیا ئەوەیە كه‌ بير بکەینەوە، ئاخۆ چ خاڵێك دەمان بەستێتەوە بە دەوڵەتانی جیهانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بيکەین بە ڕووداوێکی ديپلۆماسیی کاریگەری دووقۆڵی.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples