هەرچەندە ناوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەڵام "نەتەوەکان" لەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەدا جێیان نابێتەوە، ئەگەر بەرگی دەوڵەتێکیان لەبەر نەبێت. واته، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بنەڕەتدا، دەبوو ناوی "دەوڵەتە یەکگرتووەکان" بوایە و، وشەی نەتەوەی تێدا بەکار نەهاتایە. لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستەواژەی "دەوڵەت، یەکسانە بە نەتەوە"، ڕاست نییە. ١٩٣ دهوڵهت، ئهندامی ئهم ڕێکخراوە جیهانییەن، بهڵام ئایا نوێنەرایەتیی ١٩٣ نەتەوە دەکەن؟ ٢١ دهوڵهتی عهرهبی، ئهندامن، ئایا ٢١ نەتەوەی عەرەبیش هەن، یان هەر یهك نهتهوه ههیه؟ کورد نەتەوەیە، بۆچی ئەندام نییە لە "نەتەوە" یەکگرتووەکان؟ کەواتە ئەم ڕێکخراوە، پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە نەتەوەوه نییە، بەڵکو هەندێك بنەمای تێدایە، دژی داواکارییە نەتەوەیییەکان لێک دەدرێتەوە.
ئەگەر بە ديدێکی ترەوە سەیری بکەین، نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو دەرگاکانی لەسەر نەتەوە دانەخستووه. چەند ڕێگایەكی کەم کراونەتەوە کە تا ڕاددەیەك پێگەیەك دەداته نەتەوەکان، بەڵام بە هيچ جۆرێك، ناگات بە ئەندامبوون لەم ڕێکخراوە. مافی چارەی خۆنووسین بۆ نهتهوهکانی ژێر کۆڵۆنیالیزم (ئیستعمار)، کردنەوەی دەرگا بۆ ئەندامی نوێ، دەستێوەردانی مرۆڤانە و پاراستنی مافی کەمینەکان؛ ئەمانە چەند بنەما و ميکانیزمێكن، كه لە ڕوانگەی مرۆڤبوون و ئاشتیی نێودەوڵەتییهوه لە چوارچێوەی کاری نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پێش خراون.
بەڵام نەتەوە بێوڵاتەکان، کاتێ مافەکانیان پێشێل دەکرێ، خاکیان لە ناوخۆی دەوڵەتێكدا زەوت دەکرێ، چارەیان نییه كه جگە لە هەوڵەکانی خۆیان، دەبێت پەنا بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بەرن. لەم کۆمەڵگایەیش، بەهێزترین ڕێکخراوی جیهانی کە مرۆڤایەتی توانیویەتی دروستی بکات، بریتییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان. دەزگای هەرە بەتوانای ئەم ڕێکخراوەیش، بریتییە لەئەنجوومەنی ئاسایش، كهتەنیا دەزگای دەوڵەتان نییە بەڵکو بڵندگۆی "کەڵە" دەوڵەتەکانە.
ئەنجوومەنی ئاسایش، چۆن دەتوانێ نەتەوەکان بپارێزێ و لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا جێگەیان بۆ بکاتهوه، ئەوهایش دەتوانێ یاری بە چارەنووسی نەتەوەیەک بکات. ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان لە ١٦/١٢/١٩٢٥ بڕیاریدا، بە لکاندنی مەرجداری هەرێمی کوردستان بە عێراق. دوای ٦٥ ساڵی ڕەبەق، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیە کگرتووەکان، کە میراتگری فەرمیی ئەنجوومەنی کۆمەڵەی گەلانە، هاتەوە بۆ پاراستنی گەلی کورد لە عێراق، بە بڕیاری ٦٨٨ لە ٥/٤/١٩٩١. لە سۆنگەی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشهوه لەم ناوچەیەدا و لە دیدێکی تەواو مرۆڤانەوە، کوردیان لەو کاتەدا پاراست.
شاراوە نییە كه ئەنجومەنی ئاسایش، تا بۆی بکرێت سەروەریی دەوڵەتان دەپارێزێ. ئەگەر گوزەرێك بە ناو بڕیارەکانیدا بکەین، کە ژمارەیان زیاترە لە ٢٣٠٠ بڕیار، لە ساڵی ١٩٤٥هوه تا ئەمڕۆ، بۆمان دەردەکەوێ کە ئەم ئەنجومەنە، چەندە هەستیارە بەرامبەر ئەو قەوارانەی کە دەوڵەت نین. ئەنجومەنی ئاسایش، خۆی لهوه بەدوور دەگرێ کە پێگەی کەسی یاسای نێودەوڵەتی(١)، بداته قەوارەیەکی نادەوڵەت. بۆ نموونە، لە بڕیاری ژمارە ٩٨٦ ی ڕۆژی ١٤/٤/١٩٩٥، دەربارەی نەوت بەرامبەر خۆراك، ئەم ئەنجومەنە بڕێك لە نەوتی فرۆشراوی عێراقی بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کرد، کەچی ناوی سێ پارێزگاکەی (هەولێر و دهۆك و سلێمانی)ی هێناوە نەك هەرێمی کوردستان، کە ئەو کاتە قەوارەیەکی دیفاکتۆی نیمچە سەربەخۆ بوو.
کەچی، دوای ئەوەی دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ دەرچوو، ئەنجومەنی ئاسایش لە بڕیاری ژمارە ١٨٨٣ لە ڕۆژی ٧/٨/٢٠٠٩، کاتێك باسی باش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە مانگی (٧)ی ئەو ساڵەدا دەکات، زۆر بەڕوونی ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی هێناوە. ئەم ناوهێنانەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەواو لەگەڵ دەستووری عێراقدا یەک دەگرێتەوە. کەواتە، مامەڵەكردن لەگەڵ قەوارە ناودەوڵەتەکاندا، لە ڕێگای دەوڵەتەکانیانهوە دەبێت. تەنیا لە چەند حاڵەتێكدا نەبێت، كه ئەنجومەنی ئاسايش بەسەر سەروەریی دەوڵەتەکانەوە باز دەدات. بۆ نموونە، لە کاتی دەستێوەردانی مرۆیی و کارەساتی مرۆییی مەزن و تاوانە نێوڵەتییەکاندا.
دوای ئەم پێشەکییە درێژە، دێمەوه سەر دوا بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە عێراق: ژمارە(2)٢٢٩٩. ئەم بڕیارە، لە ڕۆژی ٢٥/٧/٢٠١٦ دەرچووە، دەچێتە سەر ئەو ژمارە زۆرە بڕیارانەی کە "بۆ" یان "دژی" عێراق دەرچوونە و ژمارەیان دەگاتە (٨٠) بڕیار. مەبەستی سەرەکی لەم بڕیارە، درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ یارمەتیدانی عێراق، کە بە يونامی UNAMI ناسراوە. لە هەندێك شوێنی ئەم بڕیارەدا، هەست به جۆرە گۆڕانکارییەک دەکەین لە هەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر هەرێمی کوردستان– قەوارەیەکە، دەوڵەتی ڕانەگەیاندووە.
لەگەڵ ئامانجە سەرکییەکەی بڕیارەکە، ئەنجوومەنی ئاسایش وەك دابونەريتێکی خۆی، لە پێشەکیی هەر بڕیارێكدا کە دەری دەچوێنێت، چەند پەیامێك و بيرخستنەوەیەك دەنێرێت. لە بڕیاری ٢٢٩٩، چەند پەیامێك هەیە پێویستە هەڵوهستەیان لە سەر بکەین، کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە هەرێمی کوردستانهوه هەیە. دەتوانین ئەم پەیامانە بکەینه دووبەش: بەشی یەکەم، ناوی هەرێمی کوردستانی تێدا هاتووە. بەشی دووەم، بابەتەکە پەیوەندیی تەواوی بە هەرێمەوە هەیە، کەچی ناوی کوردستان نەهاتووە، ئینجا لە بەر هۆیەك بێت کە بە درێژی دێینە سەری.
بەشی یەکەم: نەتەوە یەکگرتووەکان، وەك پيشەی هەميشەییی خۆی، هەوڵ دەدات ڕێگە لە گرژی و ئاڵۆزی و جەنگ بگرێت. لەم بڕیارەدا، ئەنجوومەنی ئاسایش گرنگییەکی تەواو دەدات بەوەی کە "هاوبەشییەکی ڕاستەقینە" لە نێوان حکوومەتی عێراقی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چەند تەوەرێکی دیاریکراودا هەبێت: دەستپێکردنەوەی دیالۆگێکی سیاسیی نێوان هەردوو لایەن، نەکردنی هەر کارێك و ڕاگەیاندنێك کە ئاڵۆزییەکان قووڵتر بکاتهوه، چارەسەرێكی دادپەروەرانە بۆ دابەشکردنی سەرچاوەکان، چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هاوتا بۆ پرسی سنووری ناوخۆییی ناوچە جێناکۆکەکان و ڕێزگرتنی دەستوور.
هەڵبەتە، نەتەوە یەکگرتووەکان لەم جۆرە کێشانەدا ناچێتە بنج و بنەوانیانهوه و بڵێت کێ خەتابارە. ئەوەی لە خاڵی یەکەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، نەتەوە یەکگرتووەکان هەستی بهوه کردووە کە ئەم خاڵانە لە نێوان عێراق و كوردستاندا کێشەن. لە بنەڕەتدا، ئەم کێشانە بە نیسبەت ئەم ڕێکخراوەوە، بەپێی بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەمیشە پرسی ناوخۆیی بووونه و، نابێت دەستێوەردانی تێدا بکات. سوودی بۆ کورد ئەوەیە کە ئەم پرسانە لە چوارچێوەی عێراقدا قەتیس نەماون، بەڵکو ئەم بابەتانە بەنێودەوڵەتی بوونە و، گەیشتوونهتە ئەو ڕاددەیەی کە ببن بە بەشێك لە بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەروەها شتێکی تریش هەیە، ئهویش ئهوهیه كه ئەم پەیامە ئاڕاستەی عێراق کراوە، ئەرکەکەیشی بە پلەی یەکەم لەسەر دەوڵەتی عێراقە كه بۆ چارەسەری کێشەکان دەستپێشخەری بکات. چارەسەری ئەم کێشانەیش دووقۆڵی دەبن لە نێوان دوو حکوومەتی هاوتای عێراقی و کوردستانی.
بەشی دووەم: تێبینییەکی تر دەربارەی بڕیاری (٢٢٩٩) بریتییە لە ناونەهێنانی هەرێمی کوردستانە لە هەندێك پرسی پەیوەندیدار بەم هەرێمەوه. هەروەك لە سەرەوە باسمان کرد، ئەنجومەنی ئاسایش ئامرازێکە بەدەستی دەوڵەتان، یان باشتر بڵێین بە دەستی زلهێزەکانهوه. نەتەوە و هەرێم و هەر قەوارەيەك کە وڵات نەبێت، بە زەحمەت جێی دەبێتەوە. لێرەدا بە شێوەی چەند خاڵێك ئەم بابەتە دەخەینە ڕوو، کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی واقعییانە دای ڕشتووە، هەندێك لە هەڵوێستەکانیش جێی ڕەخنەن:
یەکەم: ئەو کار و دەزگهیانەی کە حکوومەتی هەرێم، سازی کردوون و پەیوەندییان بە بابەتی بڕیاری ٢٢٩٩هوه هەیە، نەبوونەته بەشێك لەم بڕیارە. بۆ نموونە، دروستکردنی دەستەیەکی باڵا لە ئاستی وەزارەتەکانی هەرێم بۆ پرسی بەبەڵگەکردن و لێكۆڵینەوە لەو تاوانانهی دژی ئێزیدییەکان ڕوویان داوە، کەچی دروستکردنی لێژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوان و پێشێلکارییەکان، لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقییەوە پێشوازییەکی باشی لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشهوه لێ کراوە.
دووەم: گەورەترین ناهەقی لهم بڕیارەدا، ئهوهیه كه دەستخۆشی لەو سەرکەوتنانە دەکات کە "حکوومەتی عێراقی" لە ڕزگارکردنی شنگال و بێجی و ڕومادی و شوێنی تردا بەدەستی هێناون. ڕوون و ئاشکرایە کە کێ شەنگالی ڕزگار کردووە. ئەگەر دەست و بازوو و قوربانیی پێشمەرگە نەبوایە، زۆر زەحمەت بوو باس لە ڕزگارکردنی ئەم شارە بکرێت. ئەمە تەنیا قسەی من نییە. هەموو جیهان ئەم شایەتییە دەدەن و، لە ڕاپۆرتەکانی نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە، ئەم ڕاستییە پشتڕاست کراوەتەوە.
بۆ تێگەییشتنی سەرچاوەی ئەم ناحەقییە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ چۆنیەتیی دەرکردنی ئەم بڕیارە. بڕیاری ٢٢٩٩، لەسەر داوای وەزیری دەرەوەی عێراقی، ئیبراهيم ئەلجەعفەری، دەرچووە. نامەکەی وەزیر لە ڕۆژی ١٥/٧/٢٠١٦، لە ڕێگهی نوێنەری هەمیشەییی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، مەحەمەد عەلی ئەلحەکيم، گەیەنراوەته ئەمينداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. بۆ داڕشتنی ئەم جۆرە بڕیارە، کە دەوڵەتانی ئەندام هيچ لارییەکیان نەبووە لە مەبەستە سەرکییەکەی بڕیارەکە، دەڕواننە دەمی دەوڵەتی پەیوەندیدار، کە لێرەدا عێراقە. هەروەها پێش دەرکردنی ئەم بڕیارە، چەندین ڕاپۆرت لە دەزگا جیاوازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانهوه لە عێراق و کوردستان، بۆ ئەم ئەنجوومەنە هاتوون. گرنگترین ڕاپۆرتيش ئەو ڕاپۆرتانەن کە سێ مانگ جارێك نوێنەری تایبەتیی ئەمینداری گشتی لە عێراقەوە دەینووسێت و، باس لە ورد و درشتی ئەو ڕووداوانە دەکات کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان داوە. لەم ڕاپۆرتانەدا، ڕۆڵی بەهێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژی داعش، زۆر ئاشکرایە. ڕاپۆرتی ٢٦/١/٢٠١٦، ژمارە S/2016/77، لە پەرەگرافەکانی (٢) و (٥٠)، زۆر بەڕوونی باسی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە شنگال دەکات.
کاتێك دەست پێ دەکەن بە داڕشتنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، دەوڵەتان بەرامبەر سەروەریی دەوڵەتی پەیوەندیدار هەستیار دەبن. ئەنجومەنی ئاسایش، توندترین داکۆکیکاری سەروەریی وڵاتانه. چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەك لە وشەکانی بەکارهاتوو و ڕۆحی دەقەکانەوە دەردەکەوێت، تەنیا مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتان دەکات. بۆیە سیستەمی بەرگریی هەر دەوڵەتێك، بە یەك چاو سەیر دەکرێت. عێراق لەو دەوڵەتە دەگمەنانهی جیهانه، کە چەندین هێزی بەرگریی تێدایە: سوپای عێراقی، پێشمەرگە، حەشدی شەعبی، حەشدی وەتەنی و هێزی هۆزەکان. نەتەوە یەکگرتووەکان، خۆی لە دانپێدانان بە یەك بە یەکی ئەم هێزانە بەدوور دەگرێت. بۆیە هێزی پێشمەرگە، هەرچەندە بناغەیەکی یاسایی و دەستووریی خۆی هەیە، بە ئاگری ناڕوونی بناغەی یاساییی هێزەکانی تری عێراقی، سووتاوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، داڕێژەرانی ئەم بڕیارە، جۆرە چارەسەرێکی شاراوەیان دۆزیوەتەوە، ئێمە لە خاڵی سێیەمدا ڕوونی دەکەینەوە.
سێیەم: سەرنجی خوێنەر بۆ دەستەواژەی هاوبەش یان هاوبەشەکان لە بڕیاری ٢٢٩٩، ڕادەکێشم كه لە دەقە عەرەبییەکەدا بە "شراکة" یان "شركاء" هاتووە. لە دەقە ئینگلیزییەکەیشدا، بە Partnership یان Partners هاتووه. لە بەشی یەکەمدا باسمان کرد کە ناوی حکوومەتی هەرێم، بەئاشکرا لەو بڕیارەدا هاتووە کە داوای "هاوبەشییەکی ڕاستەقینە" لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقدا کراوە. ئەنجومەنی ئاسایش دەزانێت كه عێراق کێشەی زۆرە. هەندێ لهو كێشانه، بەبێ بەشداریکردنی حکوومەتی هەرێم چارەسەر نابن. لە دەقەکانی دواتردا، چەندین جار "حکوومەتی عێراق و هاوبەشەکانی" دووبارە بووهتەوە. لێرەدا، ئەگەر بەوردی دەقی بڕیارەکە و ڕاپۆرتەکانی پێشتر بخوێنینەوە، بۆمان دەردەکەوێت مەبەستیان حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەبێ ئەوەی ناوی بهێنن. چونکە لەوانەیە عێراق، ناوهێنانی دووبارەی قبووڵ نەکردبێت، کە ههر خۆی داوای کردووە ئەم بڕیارە دەربچێت.
بۆیە داڕێژەرانی دەقی بڕیارەکە، زیرەکانە جیاکارییەکیان لە نێوان حکوومەتی عێراقی و هاوبەشەکەیدا (کە هەرێمی کوردستانه) کردووە، بێ ئەوەی حکوومەتی عێراق هەستیار بێت. بۆ نموونە، ئەنجومەنی ئاسایش داوای لە حکوومەتی عێراق و هاوبەشەکانی کردووە، بە زووترین کات و بەپارێزراوی، ئاوارەکان بگەڕێننەوە ناوچەکانی خۆیان، یان دەستخۆشیی لە دەوڵەتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، کە یارمەتیی حکوومەتی عێراقی و هاوبەشەکەیانیان داوه، یان دەستخۆشی لە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق و هاوبەشەکانی دەکات لە پێناو ڕيشەکێشکردنی داعش و...هتد.
بە مانایەکی تر، لە هەموو بڕیارەکانی پێشووتری ئەنجومەنی ئاسایشدا، عێراق بە یەك چاو و بە یەك قەوارە لە قەڵەم دەدرا، کەچی حکوومەتی ئێستای عێراق، یەك قەوارە نییە بەڵکو هاوبەشی هەیە. لەوانەیە ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەردانەکانی بۆ هەولێری پایتەخت، هەستێکی تەواوی بەم واقعە ڕاستەقینەیە کردبێت. ئەم ڕوانگە نوێیەی نەتەوە یەکگرتووەکان –ڕێکخراوێكی پڕاوپڕ هەڵچنراو بە سەروەریی وڵاتان- بۆ هەرێمی کوردستان جێی هەڵوهستەیە.پێگەی هەرێمی کوردستان، وەك هاوبەشێك بۆ حکوومەتی عێراق، پێناسەیەکی نوێیە لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانهوه. هاوتاکردنی حکوومەتی عێراقی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان، خۆی لە خۆیدا دەتواندرێ دەستکەوتی یاسایی و سیاسیی کاریگەری لە لایەن هەرێمەوە لەسەر بنیاد بنرێت.
لە کۆتاییدا، هاوبەشیکردنیش بنەما و لۆژيکی تایبەت بە خۆی هەیە. دەوڵەتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش باش دەزانن، هاوبەشی تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت، كه ئیرادە و بەرژەوەندیی هاوبەش هەبێت. کاتێك نەما، هاوبەشبوونيش کۆتایی دێت.
_______________________
1 کەسەکانی یاسایی نێودەوڵەتی بریتیین لە دەوڵەتان بە شێوەیەکی سەرەکی، لە هەمان کاتدا هەندێك کەسانی تریش هەیە لە یاسای نێودەوڵەتی کە لاوەکین وەك رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و هەندێك قەوارەی تری نێودەوڵەتی. تا ئێستا مشتومڕێکی هزری و یاسایی قوڵ هەیە دەربارەی هەرێمەکانی ناو دەوڵەتەکان، نەتەوەکان و تاکەکان (کەسی سروشتی)، کە ئایا کەسی یاسای نێودەوڵەتین یان نا.
2 دەقی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەر شەش زمانی فەرمی:
http://www.un.org/fr/documents