ئامادەسازی بۆ دەوڵەتی خاك "داخراو"

بڕیارێکە و جوگرافیا داویەتی؛ هەرێمی کوردستان کەناری دەریاییی نییە. لە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتێك لەم هەرێمەدا، وڵاتێکی خاكیان داخراو (Landlocked Country) دادەمەزرێنین. لەدەستی ئێمە نییە، بەختە، قەدەرە، ئەم نه‌ته‌وه‌یه‌ لێرە پەیدا بووە و تا هەميشەیش هەر لەسەر ئەم خاکە دەژيت. هەڵبەتە لە ڕووی مێژوویییەوە، زۆرن ئەوانەی گوتوویانە کە به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌ و توند بۆ دانەمەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ جوگرافیا داخراوەکەی. سنوورداڕێژەرانی پێش سەد ساڵ لەمەو پێش، ئەم خاڵەیان قۆستەوە بۆ دەرکردنی کوردستان لە نەخشەی سیاسیی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سادەترین پێناسەی وڵاتی خاک (داخراو)، بریتییە لە نەبوونی دەرچەیەکی دەریاییی ئازاد بۆ جیهان. واتا دەوڵەتە داخراوەکە لە هاوردەکردن و هەناردەکردنی بازرگانی و هاتووچۆدا ئازاد نابێت. به‌ناچار وڵاتی "جوگرافیاداخراو"، بۆ بەستنی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا، پێویستیی بە دەوڵەتێك یان چەند دەوڵەتێك دەبێت. پێویستە ئەوەیش بڵێین، ئەگەر لە ڕابردوودا، نەبوونی دەرچەیەکی دەریایی بە لەمپەرێکی مەزن بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەت دادەنرا، ئێستا ئەم تێڕوانینە تەواو گۆڕاوە. ئەوەتا، لە کۆی نزیکەی ٢٠٠ دەوڵەت لە جیهاندا، یەك لەسەر چواری وڵاتان جوگرافیاداخراون. بۆ نموونە، نەمسا، سویسرا، هەنگاریا، سربیا، سوودانی باشوور، ئەفغانستان، ئۆزبەکستان، نەیجیریا، پاراگوای و، چەندین ولاتی تر لە جیهان. زیاتر لە سەدەیەكە، ئەم دەوڵەتانە لە هەوڵ و خەباتدان بۆ بەدەستهێنانی مافی بەکارهێنانی دەریا و زەریاکان. یەکەم ئامرازی نێودەوڵەتی، کە دانی بە مافی دەوڵەتە بێکەنارەکان نا، بریتی بوو لە ڕێکكەوتننامەی بارسێلۆنای ساڵی ١٩٢١.

عێراق یەكێکە لەو وڵاتانەی کە کورتترین کەناری ئاویی هەیە لە جیهان. یەکێك لە هۆیەکانی ناکۆکیی نێوان عێراق و کوێت، بریتی بوو لە دیاریکردنی کەناری دەریایی. تاوەکو نەتەوە یەکگرتووەکان دەستێوەردانی نەکرد، سنووری نێوانیان هەميشە کێشەلەسەربوو. لە ساڵی ١٩٩٣وە، بە بڕیاری ٨٣٣ی ئەنجوومەنی ئاسایش، سنووری خاکی و ئاویی عێراق و کوێت، بۆ هەتاهەتایە نەخشێنرا.

هەرێمی کوردستان، لە سەروبەندی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆدایە، بۆیه‌ پێویستە خۆی لەگەڵ ئەو جوگرافیایه‌ی کە تیایدا دادەمەزرێت، بگونجێنێت. ئاشکرایە کە نەوتی کوردستان پێویستیی بە ڕێگه‌ ئاوییەکان هەیە بۆ ئەوەی بگاته بازاڕەکانی جیهان. تەنیا بۆ زانیاری، (%٩٧)ی کاڵا و شتومەکە بازرگانییەکان لە جیهاندا، بە ڕێگه‌ی ئاوی دەگوازرێنەوە. پێمان باشە، پێش و دوای ڕاگەیەندنی دەوڵەت، لە ڕووی یاسایی و کارگێڕێیەوە ئامادەسازییه‌كی تەواو بکرێت. واتا دامەزراوەی تایبەت بەو دۆخە جوگرافیایییه‌ی خۆمان دروست بکەین. یاسای نێودەوڵەتی، بەتایبەتی پەیماننامەی "مۆنتێگۆبێ" دەربارەی یاسای دەریایی لە ساڵی ١٩٨٢، مافێکی بەرفراوان دەبەخشێتە وڵاتانی بێکەنار. لە هەمان کاتدا، چەندین دەوڵەت هەن كه‌ لە ئاستی ناوخۆی وڵاتەکەیاندا چەندین دەزگایان دامەزراندووە، کە وڵاتانی سەر دەریا، نییانە. لێرەدا نموونەی سویسرا وەردەگرین. وڵاتێکی شاخاوییە، کەناری نییە، بەڵام ئەم بارودۆخە، نه‌بووه‌ته‌ له‌مپه‌رێك بۆ سویسرییەکان کە بە باشترین شێوە وڵاتەکەیان بەڕێوەبەرن. سویسرا، لە ساڵی ١٨١٥ەوە بێلایەنیی خۆی ڕاگەیاندووە. ئەم سیاسەتە، ئاسانکارییەکی زۆری کردووە لە پەیوەندییە هەرێمایەتییەکەی خۆیدا و، ئاسانکاریی هاتووچۆ بە ڕێگای وڵاتانی دراوسێ.

لە گۆشەنیگایەکی ترەوە، پێویستە كوردستان تێڕوانینێکی جیاوازی بۆ ڕووبار و زێیەکانی خۆی هەبێت. هەرێمی کوردستان بێئاو نییە. ئەکادیمیستێکی ئیتاڵی  (Sestini)لە ساڵی ١٧٨١، کاتێك لە کۆنستەنتیپۆل (ئیستەمبوولی ئێستا) بەرەو بەسرا چووە، بە کوردستاندا تێپەڕيوە. زۆر بەڕاشکاوانە، کاتێك بە ناوچەکانی کوردستاندا تێپەر دەبێت، پێی باش بووە بە ڕێگه‌ی ڕووبارەکان (بەتایبەتی ديجلە) گەشتەکەی بکات، نەك بە ڕێگه‌ی وشکانی، کە زەحمەت بووە و کاتی زۆری ویستووە. ئەم قسەیە پێش ٢٣٥ ساڵ دەربارەی کوردستانی گەورە، کراوە. پێویستە دیسانەوە بە هزر و پێشکەوتنەکانی سەردەم بيری لێ بکەینەوە. هەرێمی كوردستان چەند زێیەکی گرنگی لەدەستە، دەبێت بخرێنە خزمەت پرۆژە ستراتیژی و سیاسییەکانی ناوچەکەمان. هه‌روه‌ها، دەکرێت بە باشترین شێوه‌ سوودی لێوەرگيرێت لە بواری کشتوکاڵی و گەشتوگوزار و، بەپێی توانا، بکرێت بە ئامرازێک بۆ بارهەڵگرە ئاوییەکان و بەستنەوەمان بە وڵاتانی دراوسێ. پێش و دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەت، پێویستە کوردستانی باشوور، بير لە ڕێکكەوتننامە بکاتەوە لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی، بە مەبەستی ڕێکخستنی ڕێڕەو و سەرچاوەی زێ و ڕووبارەکان. 

ئەگەر سوود لە ئەزموونەکانی سویسرا وەربگرین، كوردستان پێویستیی بە چەندین دامەزراوەیە، کە دەکرێ کاری لەسەر بکرێت، بەم شێوەی خوارەوە:

یەکەم: دروستکردنی لیژنەی هاوبەشی سنووری هەميشەییی دووقۆڵی، بەجیا لەگەڵ هەرچوار دەوڵەتەکەی دراوسێی خاوەن کەناری دەریایی (تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق)، دەربارەی پرسی گواستنەوە و هاتووچۆ. پێویستە کاری تەواو بکرێت بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو پرسانە بە شێوەیەکی بەردەوام و ڕۆژانە، بۆ ئەوەی ئەو كاڵا و شتومەکانه‌ی كوردستان کە دەگەنە کەناری ئەم وڵاتانە، بە باشترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. بێگومان، ڕێکخستن و بەڕێوبردنی ئەم جۆرە لێژنانەیش لە ڕێگه‌ی ئەو ڕێکكەوتننامانه‌وە دەبێت کە پێشوەختە بە شێوەیەکی دووقۆڵی واژوو کراون.

دووەم: دروستکردنی لێژنەی دووقۆڵیی کاتی لەگەڵ حکوومەتەدراوسێیه‌كان، بە مەبەستی ڕێکخستنی پرسێک یان کێشەیەکی دیاریکراو، بۆ نموونە دروستکردنی ڕێگه‌یەکی نوێ، چارەسەرکردنی ڕووداوێك، كێشەیەکی تەکنيکی، پرسێکی ژینگەیی، یان ڕێکخستنی گومرگی و ڕێگاوبان.

سێیەم: دامەزراندنی دەزگه‌ی پەیوەندیدار لەناو حکوومەتی کوردستان، كه‌ تایبەت بێتبه‌ بەدواداچوون و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. دروستکردنی ئەم دامەزراوەیە بۆ دوو ئامانجی سەرەکییە: یەکەمیان، گەرەنتیکردن و بەرزڕاگرتنی بنەمای "دراوسێتیی باش"ە، دووەمیان، دۆزینەوەی باشترین میکانیزم و ڕێگه‌چارە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كێشەکانی جوگرافیای داخراوی کوردستانه‌. پێمان سەیر نەبێت، ئەوەندەی سویسرا کار لەسەر توندکردنی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی دەکات، ئەوەندە کار لەسەر پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ چين و ئەمریکا ناکات. حکوومەتی سویسرا، باش دەزانێت کە چارەنووسی ئابووریی وڵاتەکەی، بە پلەی یەکەم بەستراوەتەوە بە ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، و فەڕەنسا، نەك دەوڵەتە دوورەدەستەکان.

چوارەم: حکوومەتی کوردستان، پێوستیی بە پاپۆڕی بارهەڵگری خۆی هەیە. لە یاسای نێودەوڵەتیدا هيچ ڕێگرییەك نییە، کە دەوڵەتێکی بێکەنار، کەرتی دەریایی دروست بکات و گەشەی پێ بدات. نزیکەی ٧٠%ی گۆی زەوی، ئاوە. پاپۆڕەکان ئازادانە تێپەڕ دەبن، بێ ئەوەی دەوڵەتێك بتوانێت ڕێگرییان لێ بکات. هەموو دەوڵەتێك لە جیهاندا، پاپۆڕی خۆی هەیە، ناسنامە و ئاڵای خۆی بەپێی یاسا ناوخۆیییەکانی ڕێکخستووە. بەڵام لە هەمان کاتدا، کوردستان بەم سنوورەی ئێستای خۆیه‌وه‌، پێویستیی بە هاوکاری و بەندەری وڵاتانی دراوسێی دەبێت. گرنگیدان بە کەرتی دەریاوانی، چەندین سوودی هەیە. بۆ نموونە، کەمکردنەوەی خەرجییەکانی تایبەت بە به‌کرێگرتنی پاپۆڕی بیانی، گواستنەوەی كاڵا نیشتمانییەکان–نەوت بۆ نموونە-، گواستنەوەی چەك و چەندین چالاکیی تر.

پێنجەم: چالاکكردنی هێزی سەربازیی ئاویی كوردستان. لەبەر ئەوەی کوردستان لە چەند شوێنێك ئاوی هەیە، یان ڕوونتر بڵێين، سنووری ئاویی دەبێت، ئەگەر دەوڵەت بەم نەخشەیەی ئێستا ڕابگەیەنێت. پاراستنی کوردستان، دەبێت لە هەموو ڕوویەوە بێت: وشکانی، ئاسمانی و، هەروەها ئاوی. پێشنیار دەکەم کە چەند یەکەیەکی سەربازی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا دروست بکرێت، کە ئەرکیان لە شوێنە ئاوییەکان بێت. بينیمان کە لە جەنگی دژی داعش چەندین خاڵی ئاویمان لەگەڵ سنووری عەرەبی سوننە هەیە، کە زێ و ڕووبارن. ئەم هەلومەرجە، پێویستیی بە شارەزایییەکی سەربازیی تایبەت بە خۆی هەیە. 

لە کۆتاییی بابەتەکەماندا پێویستە بڵێین، ئەم پێنج خاڵەی کۆتایی، دەکرێ لە ئێستاوە، پێش ڕاگەیاندنی دەوڵەت، کاریان لەسەر بکرێ. ڕاستە، دەوڵەتی خاك "داخراو" کێشەی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام دركکردنی پێشوەختەی كێشەکان – پێش ڕوودانیان-، خۆی لە دۆزینەوەی چارەسەردا ئاسانکاری دەکات. ئەگەر لە ئێستاوە ئەم هەنگاوانە بنێین، دەوڵەتێکی كوردستانی بێکەنار، بۆ ناوچەکە کێشە نابێت بەڵکوو چارەسەر دەبێت. ئەمڕۆ، كێشە ئەوە نییە خاکێکی سنوور "داخراو"ت هەبێت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە سیاسەتێك و پەیوەندییەکی "کراوە"ت لەگەڵ وڵاتان هەبێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples