بۆ دامەزراندنی دەوڵەت، ڕێگهیەکی نەخشراوی یاساییی دیاریکراو نییە، بەڵکوو چەندین ڕێگه و میکانيزم هەیە. یەكێك لەو ڕێگهیانەی، کە ئێمە ناومان لێ ناوە "هاوکێشەی تاوانی نێودەوڵەتیی دادگهی نێودەوڵەتیی دەوڵەتسازی"، کاریگەریی خۆی بۆ چەندین نەتەوەی بێوڵات سەلماندووە. واتا پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان تاوانی نێودەوڵەتی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێدا هەیە، هەروەها دادگەی نێودەوڵەتی، لە کۆی پرۆسەکەدا بەشدارە. هەنگاوەکانی ئەو هاوکێشەیە لەو بوارەدا بریتین لە:
هەنگاوی یەکەم: ڕوودانی تاوانی نێودەوڵەتییە دژی پێکهاتەیەکی نەتەوەیی، ئایینی یان ناوچەیی. تاوانە نێودەوڵەتییەکانیش، سێ جۆریان خۆیان لە یاسای نێودەوڵەتیدا سەلماندووە، ئەوانیش جینۆساید (تاوانی کۆمەڵکوژی) و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگە. ئەم سێ تاوانە لە دادگه تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکاندا ڕێک خراون و کاریان لەسەر کراوە و سەپێندراون. دڕندەترین تاوانيش بریتییە لە تاوانی جينۆساید؛ تاوانێكە بۆ قڕکردن و کۆمەڵکوژیی نەتەوەیەك یان ئایينێکی دیاریکراو. ئەم تاوانە تەنیا دژی ئەو پێکهاتەیە ئەنجام نەدراوە، بەڵکوو دژی هەموو مرۆڤایەتی ئەنجام دراوە و دەبێتە هۆی تێکدان و شێواندنی پێکەوەژیانی هەموو جیهان. ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە، مەبەستیان نەهێشتنی پێکهاتەیەکە کە لەم گۆی زەوییه دەژێت. واتا، کاتێك ئەنفال و کیمیاباران دژی کورد ئەنجام دران، ئەم تاوانە دژی هەموو جیهان کرا. وەك لە ناوەکەیەوە دیارە، تاوانی نێودەوڵەتی، واتا تاوانێکی بێسنوورە، تاوانێکی جیهانییە. باشترین ميکانيزم و ئامرازیش بۆ دادگهییکردنی تاوانباران، پێویستە جیهانی و نێودەوڵەتی بێت.
هەنگاوی دووەم: دادگهییکردنی تاوان و تاوانباران لە لایەن دادگهیەکی نێودەوڵەتییەوە. ئەم کارە جگە لەوەی گەڕانەوەی دادپەروەرییە بۆ خاوەن مافەکان و قوربانیان، ناساندنی پرسێکی نەتەوەیییە، یان دەرخەری کێشەی کەمایەتییەکانە لە وڵاتێکدا یان چەند وڵاتێکی دیاریکراودا. بەداخەوە، ئەمە ڕووی ڕاستەقینەی جیهانە؛ لە زۆر حاڵەتدا تا کارەساتێك یان تاوانێکی گەورە ڕوو نەدات، هەندێك پرسی ڕەوا بەبزری دەمێننەوە. ههتاوەکوو دادگهیەک یان دەزگهیەکی نێودەوڵەتیش باس و لێکۆڵینەوەی لێ نەکات، ئەم پرسە پشتگيریی نێودەوڵەتی بەدەست ناهێنێت. دادگه تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکانیش چەندین جۆریان هەیە: دادگه دامەزراوەکانی دوای جەنگی جیهانیی دووەم لە نۆرمبێرگ و تۆکیۆ، دادگهی سەربازی بوون. نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بيست ساڵەی دواییدا، چەندین دادگهی تاوانکاریی تایبەتی دامەزراند: بۆ نموونە دادگهکانی نێودەوڵەتیی تاوانکاریی تایبەت بە يۆگسلاڤیای پێشوو و ڕواندا. دامودەزگهی ناوخۆییی دەوڵەتەکانیش، لە دروستکردن و بەڕێوبردنی هەندێك لەو دادگهیانەدا بەشدار بوون، هەروەکوو دادگهی تایبەت بە سيرالیۆن، کەمبۆجیا، تەیمووری ڕۆژهەڵات و لوبنان.
هەنگاوی سێیەم: دوای ئەوەی تاوانێکی نێودەوڵەتی ڕوو دەدات و دادگهیەکی نێودەوڵەتی، ڕاستیی ئەم کارەساتە بۆ جیهان دەردەخات، کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی، بۆ ئەو نهتهوانەی ئەم جۆرە تاوانە مەزنەیان بەرامبەر کراوە، بە دوای قەرەبووکردنەوەیەکی شایستە دەگەڕێ. كۆمەڵگهی نێودەوڵەتی، باش دەزانێت کە قەرەبووکردنەوەیەکی ماددی، هيچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، بۆیە بە دوای قەرەبوویەکی مەعنەویدا دەگەڕێت. باشترین قەرەبوویش بۆ ئەم جۆرە نهتهوه ستهملێکراوانە، بریتییە لە پیادەکردنی مافی چارەی خۆنووسین. كاتێك نهتهوهیهكی ژێردەستە تاوانێکی مەزن بەرامبەری دەکرێت، هەر خۆی دەتوانێت بڕیار بدات کە لەگەڵ نهتهوه باڵادەستەکە بمێنێتەوە، یان چارەنووسێکی نوێ هەڵبژێرێت. ئەم هەنگاوە، دهبێته ڕێگر له بهردهم دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانەدا.
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی بيرۆکەکەمان، لێرەدا چەندین نموونە دەخەینە بەرچاوی خوێنەران، کە چۆن نهتهوه ژێردهسته بێوڵاتهكان بەم هاوکێشەیەدا تێ پەڕیون.
پێش جەنگی جیهانیی دووەم، جوولەکە نهتهوهیهکی پەرتەوازە و پەراوێزخراو بوو لەو وڵاتانەی تێیدا دەژیان. گەییشتە ڕادەیەك، لە ساڵانی ١٩٣٠-١٩٤٠ لە ئەڵمانیا و هاوپەیمانەکانی لە ئەوروپا، جوولەکە کۆمەڵکوژ کرا؛ تەنیا لەبەر ئەوەی بە جوولەکەیی لەدایک بوونە. ئەم تاوانانە، خرایە پێش دادگهیەکی نێودەوڵەتیی سەربازی، ناسراو بە دادگهی نورمبێرگ. لە ساڵی ١٩٤٦، ئەم دادگهیە بۆ جیهانی سەلماند کە چ تاوانێك دەرهەق بە جوولەکە کراوە. زۆری پێ نهچوو، لە ساڵی ١٩٤٨ دەوڵەتی ئیسرائیل، لەو شوێنەی کە خۆیان مەبەستیان بوو، ڕاگەیهنرا و پشتگیرییەکی نێودەوڵەتیی تەواوی لێ کرا. هەر بەزووترین کاتیش، بوو بە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
"بۆسنییەکان" و "ئەلبانییهکانی کۆسۆڤۆ"، دوو نهتهوهی زۆرینە موسلمان بوون كه لە وڵاتی یۆگسلافیای پێشوو، لەناو جەرگەی ئەوروپا دەژیان. لە جەنگەکانی یۆگسلافیای نێوان ساڵانی (١٩٩١-١٩٩٩)، ئەم نهتهوانه، لە لایەن حکوومەتی یۆگسلاڤياوە بە سەرکردایەتیی سلۆبۆدان ميلۆسۆڤيچ، تاوانی گەورەی نێودەوڵەتییان له دژی ئەنجام درا. هەنگاوی دواتر، لە ساڵی ١٩٩٣ەوە دادگهیەکی نێودەوڵەتیی تاوانکاریی تایبەت بە یۆگسلاڤیا، لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانهوه دامەزرا. ئەم دادگهیە بۆ جیهانی پشتڕاست کردووە کە تاوانی قێزەوەن لە دڵی ئەوروپادا بەرامبەر پێکهاتەیەکی ئایینیی جیاواز ڕوویان داوە. بەشێك لەم ڕووداوانە، بوونە هۆی سازکردنی دوو دەوڵەتی خاوەن سەروەری: "بۆسنیا هێرزێگۆڤینا"، بەپێی ڕێکكەوتننامەی دایتۆن لە ساڵی ١٩٩٥، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٨، دەوڵەتی نوێی "کۆسۆڤۆ" ڕاگەیەنرا. هەرچەندە چەندین دەوڵەتيش دژی ئەم ڕاگەیاندنە بوون، بەڵام دادگهی نێودەوڵەتیی داد لە ساڵی ٢٠١٠، گوتی کە ئەم ڕاگەیاندنە، پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتی نییە.
لە ساڵی ٢٠٠٥، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کەیسی تاوانە نێودەوڵەتییەکانی سوودانی – بەتایبەتی لە دارفوور،-ڕهوانهی دادگهی نێودەوڵەتیی تاوانکاریی لە لاهای كرد. کەچی دوای چەند ساڵێك، لە ساڵی ٢٠١١، باشووری سوودان دەوڵەتی خۆی ڕاگەیاند و، بوو بە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان. هەرچەندە دارفوور و باشووری سوودان دوو بابەتی تا ڕادەیەك جیاوازن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئاگاداربوونی کۆمەڵگهی نێودەوڵەتییە بەو تاوانانەی کە لە دارفوور ڕوویان داوە و، بوو بە هۆی خێراکردنی پرۆسەی دامەزراندنی باشووری سوودان. دادگهی نێودەوڵەتیی تاوانکاری، تیشکی خستە سەر هەبوونی تاوانی نێودەوڵەتی، کە لە لایەن سەرکردەکانی سوودان ئەنجام دراون. هەر ئەم سەرکردانە، وەك خۆدەربازکردن لەم پرسە، ئاسانکارییەکی تەواویان بۆ دروستبوونی دەوڵەتی باشووری سوودان کرد.
کەواتە، لەم سێ نموونەی سەرەوە بۆمان دەردەرکەوێت کە دادگهی نێودەوڵەتی، چەند کاریگەریی لەسەر دروستکردنی دەوڵەت هەیە، دوای ئەوەی تاوانێکی نێودەوڵەتی دژی گەلێكی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت. ئەگەر بێین و ئەم هاوکێشەیە لەسەر کوردستان جێبەجێ بکەین، کێشەیەكمان بۆ دێته پێش: ئهو تاوانە نێودەوڵەتییانهی دژی کورد کراون، تا ئەمڕۆ نەبراونەتە پێش دادگهیەکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە تاوانی نێودەوڵەتی. دادگهیەکی ناوخۆییی عێراقیی تایبەت بە تاوانەکانی ڕژێمی بەعس، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە دامەزرا. دادگهی باڵای تاوانکاری، دادگهیەکی تەواو عێراقی بوو و نەهێشترا ڕەهەندی نێودەوڵەتیی تێدا بێت؛ هەرچەندە ئەو تاوانانەی کە ڕوویان دابوو، بە تاوانی نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێن. سروشتی ئەم دادگهیە، ڕێگر بوو لەوەی كه ئەو تاوانانەی دژی کورد ئەنجام درابوون، لە جیهاندا بناسرێن. ئەم دادگهیه، تێبینیی یاسایی و تهنانهت سیاسییشی لەسەر بوو. دەرفەتێك بوو لەدەست چوو؛ دەبوایە بە ڕێگهی دادوەری نێودەوڵەتیی پسپۆر و بەناوبانگهوه، بکرێت بە دادگهیەکی نێودەوڵەتی. گەورەترین تاوانبارەکانی عێراق، کە سەددام حوسێن بوو، بۆ کەیسێکی ناوخۆیی (ناسراو بە کەیسی دوجەییل) دادگهیی کرا و زووبەزوو لەسێدارە درا؛ کەچی تاوانی زۆر گەورەتر لەم کەیسە هەبوو، سەددامی پێ دادگهیی نەکرا. بۆ نموونە، کیمیابارانی هەڵەبجە، خۆی لە خۆیدا چەندین ڕەهەندی نێودەوڵەتیی هەبوو كه دەبوایە سەرۆکی پێشووی عێراق، سەددام حوسێن، چەندین وەڵامی بدایەتەوە. چ دەوڵەتێك ئەو چەکی کیمیایییەی فرۆشتبوو بە عێراق؟ بە ڕێگهی چ دەوڵەتێك کڕدرابوو؟ چۆن هات بۆ عێراق؟ ئەم دەوڵەتە، ئەوەندە تەکنۆلۆژیی بەهێز نەبوو ئەم چەکە بۆ لێدانی هەڵەبجە ئامادە بکات، چ دەوڵەتێك لەپشت لێدانی هەڵەبجەوه بوو؟ ئهمانه و چەندین پرسیاری دیكه، کە تاوەکو ئێستا بێوەڵام ماونەتەوە. ویسترا بە زووترین کات، سەری مارەکە پان بکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بۆ جیهان نەدرکێنرێت.
ئەگەر دادگهیەکی نێودەوڵەتی ههبوایە، ڕاستییەکان بۆ کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی، جوانتر دەردەکەوتن، هاوشێوەی ئەو تاوانانەی سەددام، لە ساڵی ٢٠١٤ دژی کوردانی ئێزیدی دووبارە نەدەبووە. بڕیارێکی دادگهیەکی نێودەوڵەتی لەسەر جينۆسایدکردنی کورد، دەبوو بە ئامرازێکی گرنگ بە دەستی کوردستانەوە، بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ؛ هاوشێوەی ئەو نموونانەی له سەرەوە باسمان کرد. سەیرەکە لەوەدا بوو، دوای بڕیاری دادگهی باڵای تاوانکاریی عێراق، هەرێمی کوردستان بۆ ناساندنی تاوانەکانی دژی گەلی کورد، دەستی به هەڵمەتێك کرد؛ لە کاتێکدا ئەگەر دادگەیهکی نێودەوڵەتی بوایە، ئێمە پێویستمان بە ناساندن نەدەبوو، خۆی دادگهی نێودەوڵەتی دامەزراوەیەکی تەواو ناسراوە لە جیهان. لە کاتی دەرچوونی هەر بڕیارێك لەم جۆرە دادگهیانە، ڕەنگدانەوهی لەسەر هەموو کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی دەبوو و، یەکێك دهبوو لە باشترین هەنگاوەکان بەرەو سەربەخۆیی.
ئێستا باس لە پرسی بەدادگهییکردنی تاوانەکانی داعش دەکرێت. ئەم پرسە بە دوو ئاراستە ڕۆیيشتووە: ئاراستەیەکیان نێودەوڵەتی، ئاراستەیەکییش ناوخۆیی. هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ناساندنی تاوانهکانی داعش دژی کوردانی ئێزیدی، پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە دیوە. لە چەندین ڕاپۆرتی گرنگی نێودەوڵەتیدا دەیانخوێنینەوە. هەوڵەکان پێشکەوتنێکی باشیان بەخۆه بينيوە، ئێستا قوربانییەکی دەستی داعش، خاتوو "نادیە موراد"، بە بالێۆزی نیازپاكی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا. هەنگاوی دواتر، پێویستە دادگهیەکی نێودەوڵەتی بۆ ڕاوەدوونان و دادگهییکردنی داعشە تاوانبارەکان دابمەزرێت. "بەنێودەوڵەتیکردن"ی پرسی جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی، لە قازانجی پرسی ئێزیدییەکان بەتایبەتی و، کوردستان بەگشتی دەبێت. "بەناوخۆییکردن"ی ئەم پرسە، واتا بچووکردنەوەی بابەتەکە.
* * *
ئێستا بەڕوونی هەستی پێ دەکەین، بير لە داڕشتنەوەی سنووری ئیداریی مووسڵ دەکرێتەوە؛ لەبەر ئەوەی پێکهاتەکان توانای پێکەوەژیانیان لەم پارێزگایە نەماوە. بەڵام ئەگەر زیاتر قووڵ ببينەوە، ئەگەر دادگهیەکی نێودەوڵەتی، ڕاستیی پێکەوەنەژیانی پێکهاتەکان و تاوانەکانی بۆ جیهان سەلماند، لەو باوەڕەدام بير لە سنووری سیاسیش بکرێتەوە. پرسیار ئەوەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کوێی ئەم هاوكێشەیەدا کاریگەر دەبێت و، چۆن تاوانەکانی داعش و تاوانەکانی سەردەمی بەعس بەنێودەوڵەتی دەکاتەوە. سەلماندنی جينۆساید لە بەردەم دادگهیەکی نێودەوڵەتیدا، ئاکام و ئەنجامەکانی، بە قەبارە لە بڕیارێکی ئاساییی دادگه گەورەتر دەبێت. لە هەندێك حاڵەتی هاوشێوەی کورد، ئەم جۆرە بڕیارانە، خۆی ئامراز و دروستکەری دەوڵەتێکی نوێ بووە بۆ نهتهوه تاوانلێکراوهكان.