یه‌كێك له‌و كێشه و گرفته پرسیارورووژێنه‌رانه، مشت‌ومڕ له‌سه‌ر پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به دیموكراسی، ئاشتی، ئازادی و دادپه‌روه‌ری، یه‌كسانی و...، له زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگەكان و به‌تایبه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و، به‌دیاریكراوی ژێنگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی باشووری كوردستانه. ئه‌مه نه‌ك بۆ خه‌ڵكی ئاسایی، به‌ڵكوو ته‌نانه‌ت بۆ نوخبه هزری و سیاسییه‌كانیش ڕاسته. به‌م مانایه كه تاوه‌كوو ئێستا ڕوانگه و ڕۆئیایه‌كی ڕوون و ئاشكرا بۆ ئه‌م چه‌مك و دیاردانه، بوونی نه‌بووه و، به‌م پێیه‌یش په‌روه‌رده و كه‌لتووری سیاسیی له‌سه‌ر بنیات نه‌نراوه.
لێره‌وه‌یه كه ئه‌و هه‌موو ناكۆكی، شپرزه‌یی، ئاڵۆزی و بێمتمانه‌یییه باڵی به‌سه‌ر ژینگه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌دا كێشاوه و، بچووكترین ناكۆكی، سه‌رده‌كێشیت بۆ قه‌یرانی گه‌وره‌ی سیاسی و ته‌نانه‌ت تارماییی توندوتیژی و سڕینه‌وه‌ی یه‌كتری و، ته‌نانه‌ت جه‌نگی ناوخۆیی هێشتاكه به‌سه‌ر ئاسمانی كوردستانه‌وه ده‌بینرێت.
لێره‌دا پرسیارێكی زۆر ساكار، به‌ڵام له ڕاده‌به‌ده‌ر قورس و ئاڵۆز بۆ وه‌ڵامدانه‌وه ئه‌وه‌یه كه: هۆكاری چییه؟ هه‌رچه‌نده زۆر حیزب، لایه‌ن، تاك و ڕۆشنبیر هه‌وڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، زیاتر (ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هه‌موو) ئه‌وه‌ی تر تۆمه‌تبار ده‌كات به بڕواپێنه‌بوون، پابه‌ندنه‌بوون و پێشێڵكردنی ئه‌و بنه‌مایانه.
به‌ڵام له ڕاستیدا هیچ لایه‌نێكیش زۆر به‌ڕوونی ئه‌وه‌مان ناخاته به‌رده‌ست كه هۆكاره بنچینه‌یییه‌كه چییه؟ هه‌رچه‌نده له نووسینێكی كورتدا، ناكرێت و ناتوانین هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌وه ڕوون بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌ین له چه‌مكێك به‌ناوی "فره‌یی" و "دادپه‌روه‌ریی سیاسی"، هه‌روه‌ها بوار، بابه‌ت و چه‌مكه‌كانی په‌یوه‌نددار‌ه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین و بزانین تا چه‌نده ڕه‌فتار، بیركردنه‌وه، وتار و جیهانبینیمان له هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌م بنچینه و بنه‌مایانه‌دا ته‌با و هاوته‌ریبه؟ ئایا بیرمان له ڕۆنان و بنیاتنانی دادپه‌روه‌ریی سیاسی یاخود لانی كه‌م زه‌مینه‌ی فۆرمگرتن و په‌ره‌سه‌ندنی كردۆته‌وه؟
بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه و تیۆریزه‌كردنی، هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه‌ڵك له تیۆری و بیر و ڕای زانای گه‌وره‌ی ئه‌مریكی "جۆن ڕاوڵز" وه‌ربگرین و، به‌پێی ڕوانگه‌ی ناوبراو (هه‌رچه‌نده له سێ كتێبی جیاواز و تا ڕاده‌یه‌ك هه‌مواركراودا، تیۆریی دادپه‌روه‌ری 1971 و لیبراڵیزمی سیاسی 1993 و یاسای نه‌ته‌وه‌كان 1999)، كه هه‌وڵ ده‌دات وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بنچینه‌یییه بداته‌وه كه به چ شێوه‌یه‌ك ده‌توانین، سه‌ره‌ڕای فره‌یی و جیاوازییه پێكناكۆكه‌كانی هزری، فه‌لسه‌فی، ئایینی و ئه‌خلاقی و...، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی جێگیر و به‌رده‌وام و دادپه‌روه‌رانه‌مان هه‌بێت و یاخود بنیاتی بنێین؟
له‌وانه‌یه لێره‌وه وه‌ڵامی ئه‌وه‌یشمان ده‌ست بكه‌وێت كه بۆچی ئێمه له كوردستاندا، له هه‌مبه‌ر یه‌كتریدا لێبوورده، پشوودرێژ و ئاسانگیر نین و، ئاشتی له لامان پرس و بابه‌تێكی بنچینه‌یی نییه، به‌ڵكوو دوور و زۆر نامۆیه؟
وه‌ك یه‌كه‌م خاڵ و بواری بنچینه‌ییی خوڵقێنه‌ری كێشه‌ئامێز و پێكناكۆك، زۆربه‌ی ئێمه له كوردستاندا بڕوامان وایه كه پرۆژه و ئایدیا سیاسییه‌كانمان چوارچێوه‌یه‌كی گشتگیر، ته‌واو، ته‌نانه‌ت جیهانگیر یاخود یۆنیڤێرساڵه. به‌م مانایه، چ ئه‌و لایه‌ن و حیزبه‌ی كه خاوه‌ن ئایدیۆلۆژییه‌كی تایبه‌ته و، چ ئه‌و حیزبه‌ی كه سێكۆلاره، هه‌ڵگری ئه‌و په‌یام و به‌رنامه‌یه‌ن و وا ڕه‌فتار و بیر ده‌كه‌نه‌وه كه له بواری سیاسی‌دا، وه‌ڵامی هه‌موو كێشه و گرفته‌كانیان لایه. به‌م پێیه‌یش به بڕوای ئه‌و پارت و لایه‌نانه، لادان له پره‌نسیپ و به‌هازاڵه‌كانی ئه‌و تاك، لایه‌ن یاخود حیزبه‌یه كه ئه‌و كێشه، گرفت، توندوتیژی و نادادپه‌روه‌رییانه‌ی ئێستای بۆ نموونه له هه‌رێمی كوردستانی دروست كردووه یاخود خوڵقاندووه و به‌دی هێناوه!
"جۆن ڕاوڵز" دركی به‌م كێشه بنچینه‌یییه كردووه و "لیبرالیزمی گشتگیر" له "لیبرالیزمی سیاسی" جیا ده‌كاته‌وه. هه‌رچه‌نده خۆی سه‌ر به‌م قوتابخانه و جیهانبینییه‌یه، به‌ڵام لیبرالیزمی گشتگیر ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرێت. "ڕاوڵز" بڕوای وایه كه ئه‌مه‌ی یه‌كه‌میان له‌سه‌ر بنه‌مای میتافیزیك و جۆره ئایدیۆلۆژی و فه‌لسه‌فه و ئه‌خلاقێكی تایبه‌ت له‌سه‌ر سروشتی مرۆڤ دانراوه.
له به‌رامبه‌ردا، بڕوای به‌وه هه‌یه كه تیۆریی دادپه‌روه‌ریی سیاسی (لیبراڵ) نه له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ئه‌خلاقی و میتافیزیكی ده‌رباره‌ی سروشتی مرۆڤ، به‌ڵكوو له‌سه‌ر "نه‌ریتی بیركردنه‌وه‌ی دیموكراتیك" ده‌ست پێ ده‌كات. به‌م مانایه كه تیۆرییه‌كی دادپه‌روه‌ریی سیاسی، نابێت له هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی بنه‌ماكانی ئایینێكی تایبه‌ت یاخود ئه‌خلاق و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی گشتگیر له بواری "سیاسه‌ت"دا بێت. به‌ڵكوو پیویسته تیۆرییه‌كی خودبنیات و له‌سه‌ر بنچینه‌ی خۆی، بۆ ڕێكخستنی دادپه‌روه‌رانه‌ی بونیاده بنچینه‌یییه‌كانی كۆمه‌ڵگە پێشكه‌ش بكات.
ئه‌وه به واتای ئه‌وه‌یه كه ئه‌م تیۆرییه بۆ دادپه‌روه‌ریی سیاسی له بری ئه‌وه‌ی كه دادپه‌روه‌ری له‌سه‌ر بنه‌ماكانی فه‌لسه‌فیی تایبه‌ت ڕۆ بنێت یاخود بنیات بنێت، هه‌وڵ ده‌دات خۆی له مشتومڕه فه‌لسه‌فی و میتافیزیكییه‌كان بپارێزیت و دوور بكه‌وێته‌وه و، ئه‌و دادپه‌روه‌رییە، له‌سه‌ر بنه‌ما و بنچینه‌یه‌كی "سیاسی" دابمه‌زرینێت. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه ده‌توانین بڵێین هه‌ر تیۆرییه‌ك بۆ پاساوهێنانه‌وه بۆ دادپه‌روه‌ریی سیاسی، نابێت بۆ سروشتی مرۆڤ و خوا بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكوو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌لتووری گشتی، پره‌نسیپ، بنه‌ما و هزر و بیرۆكه گشتییه قبووڵكراوه‌كانی دیموكراسییه‌كی مۆدێرن. لێره‌وه به‌پێی بۆچوونی ڕاولز، ده‌بێت تیۆرییه‌ك ده‌رباره‌ی دادپه‌روه‌ری بنیات بنێین كه:
به‌پێی ئه‌م بۆچوونه، ئه‌و فره‌یییه‌ی كۆمه‌ڵگەی كوردستان له ڕووی ئایینی، مه‌زهه‌بی، ته‌نانه‌ت سیاسی و كه‌لتووری و ناوچه‌یی و...، بابه‌تێكی كاتی نییه كه له‌ناو بچێت، به‌ڵكوو ئه‌مه به "پلۆرالیزمی مه‌عقووڵ" ده‌ناسرێت. چونكه له هه‌رێمی كوردستان ئه‌و فره‌یییه هه‌ندی جار به سه‌رچاوه‌ی كێشه و گرفت ده‌زاندرێت، له كاتێكدا ناشتوانین پشتگوێی بخه‌ین یاخود له ناوی به‌رین.
ئه‌م "پلۆرالیزم یاخود فره‌یییه مه‌عقووڵه"، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی جێگیر و به‌رده‌وامی هه‌موو كۆمه‌ڵگه دیموكراتیكه‌كانه. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، ئه‌م فره‌یییه ڕاستی و واقعێكی حاشاهه‌ڵنه‌گره، بۆیه پێویست ناكات كه ته‌نیا كاتێك ئێمه هه‌ست به بوونی "یه‌كگوتاری" و به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی بكه‌ین، كه هه‌موو تاكه‌كان له چوارچێوه‌ی بنه‌مایه‌كی ئه‌خلاقی و یاخود له چوارچێوه‌ی حیزب و ڕێكخراوێكدا بیر بكه‌نه‌وه و ڕه‌فتار بكه‌ن، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌كه‌ی، به بڕوای "ڕاوڵز" ئه‌و جۆره ڕوانگانه، ده‌بێته هۆكاری سه‌ركوت، سڕینه‌وه، پێكدادان، جه‌نگ و توندوتیژیی به‌رده‌وام.
ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م بیرۆكه و سیاسه‌ته په‌یڕه‌و بكرێت، ته‌نیا له ڕێگه‌ی سه‌ركوتی ده‌وڵه‌ت و سیسته‌مێكی سیاسییه، كه ده‌كرێت هه‌مووان له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌كی ئه‌خلاقی و فه‌لسه‌فیی تایبه‌ت ڕێك بكه‌ون؛ ئه‌زموونه مێژوویییه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له ده‌وڵه‌تانی كۆمۆنیستی و ته‌نانه‌ت ئێستا له وڵاتانی سه‌ركوتكه‌ر، ئه‌و ڕاستییه ده‌سه‌لمێنن. به‌م هۆیه‌یشه‌وه كه هیچ ڕوانگه و بنه‌مایه‌كی ئایدیۆلۆژی و گشتگیر، ناتوانێت ببێته بنه‌ما و بنچینه‌یه‌ك بۆ دادپه‌روه‌ری، به‌تایبه‌ت پرسی ده‌سته‌به‌ركردنی "دادپه‌روه‌ریی سیاسی" له كوردستاندا، به‌ڵكوو داننان به‌و فره‌یی و جیاوازییانه (فره‌ییی مه‌عقووڵ)، ده‌توانێت زه‌مینه و به‌ستێنی ده‌سته‌به‌ركردن و پاراستنی ئازادی و یه‌كسانی و ئاشتی، فه‌راهه‌م بكات.
لێره‌دا ئه‌م پرسیاره دێته ئاراوه كه "فره‌ییی مه‌عقووڵ" چییه؟ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره، زۆرێك له كێشه‌كانی فره‌یی له بۆچوون له سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵگه له كوردستان ڕوون ده‌كاته‌وه و، ته‌نانه‌ت ده‌توانێت وه‌كوو سه‌ره‌تای كۆتایییه‌ك بێت بۆ لێكترازان و بازنه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی توندوتیژی، ڕق و كینه له سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا له نێوان تاك و لایه‌نه سیاسییه‌كاندا.
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مه‌یش، له ڕاستیدا ڕاولز له نێوان دوو جۆر "پلۆرالیزم" یاخود "فره‌یی"دا جیاوازی داده‌نێت: 1- پلۆرالیزم خۆی له‌ناوخۆیدا 2- پلۆرالیزمی مه‌عقووڵ. "پلۆرالیزم خۆی له ناوخۆیدا"، له‌سه‌ر بنه‌مای "ئه‌قڵانییه‌ت"(Rationality) دروست ده‌بێت، به‌ڵام "فره‌ییی مه‌عقووڵ" له‌سه‌ر بنه‌مای "مه‌عقووڵییه‌ت"(Reasonablity) بنیات ده‌نرێت.
جیاوازیی ئه‌م چه‌مكانه‌یش له‌وه‌دا ئاشكرا و به‌رجه‌سته ده‌بیت، كه بابه‌ت، پرس و شتێكی مه‌عقووڵ (Reasonable) له ئایدیای گشتی و كۆمه‌ڵ، واتا سیسته‌می به‌شداریی مونسیفانه‌وه هاتووه و به‌شێكه له مامه‌ڵه و ئاڵوگۆڕی دوولایه‌نه‌ی یه‌كسانی نێوان تاك و لایه‌نه‌كان، به‌ڵام پرس، بابه‌ت یاخود شتێكی ئه‌قڵانی (Rational) زیاتر بواری تاكه‌كه‌سی و به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی ده‌گرێته‌وه. لێره‌وه ئه‌و بابه‌ت و شته ئه‌قڵانییه، تایبه‌ته به به‌دواداچوونی ئازادانه‌ی ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی، به‌پێی دادوه‌ری و ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆی خودی ئه‌و تاكه. به‌م پێیه‌یش لێره‌دا بنه‌مایه‌كی مه‌عریفی پێك دێت، به‌م شێوه‌یه: "ئه‌وه‌ی كه ئه‌قڵانییه، تاكه‌كه‌سییه و، ئه‌وه‌ی كه مه‌عقووڵه، گشتییه."
ئێمه پێویستیمان به‌م چوارچێوه گشتییه هه‌یه كه ببێته ده‌روازه‌یه‌ك بۆ چوونه‌ناو ئه‌و جیهانه و ئاڵوگۆڕی ئازادانه‌ی بیر و بۆچوون و وه‌رگرتنی بیر و ڕای لایه‌نی به‌رامبه‌ر، به‌بێ هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌پێی ئایدیا، ڕوانگه‌ی ئایینی، حیزبی و تائیفی و...هتد. لێره‌وه پێشنیازی لایه‌نی به‌رامبه‌ر وه‌رده‌گیرێت كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هه‌مووان ئه‌وه قبووڵ بكه‌ن و پێیه‌وه پابه‌ند بن، به مه‌رجێك" ئه‌وانه‌ی تریش هه‌روه‌ها ڕه‌فتار بكه‌ن و پێیه‌وه پابه‌ند بن."
له‌م چركه‌ساته‌دا‌یه یاخود به‌پێی ئه‌و بنه‌مایانه كه تاكه‌كان له سروشتی خۆیاندا بوونه‌وه‌رێكی ئه‌قڵانین (به‌و واتایه‌ی كه به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی و ئایدیۆلۆژی و بنه‌مای ئه‌خلاقی و حیزبیی خۆیان ڕه‌فتار ده‌كه‌ن). به‌ڵام هه‌ر ئه‌و تاكانه هیچ شتێك ناچاریان ناكات كه له پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و ڕێزلێنان له به‌رژه‌وه‌ندی و بۆچوونی ئه‌وانی تردا به‌شدار بن. لێره‌وه‌یه كه ته‌نیا به‌پێی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی "فره‌ییی مه‌عقووڵ" له‌سه‌ر بنه‌مای دان و ستاندنی دوولایه‌نه و قبووڵكراو و په‌سه‌ندكراوی گشتی هه‌مووان یاخود لانیكه‌م زۆرینه (له بواری سیاسی)دایه كه رێككه‌وتن و دادپه‌روه‌ریی سیاسی و ئابووری دێته ئاراوه. هه‌روه‌ها لێره‌وه‌یه كه ده‌توانین بڵێین ئاشتی و ئاسایشی جێگیر و به‌رده‌وام (هه‌رچه‌ند رێژه‌یی) ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت.
ئه‌مه زۆر به‌باشی كێشه‌كانمان بۆ ده‌رده‌خات، چونكه به‌پێی بنه‌ماكانی ئه‌قڵانییه‌ت یاخود "فره‌یی خۆی له‌ناوخۆیدا" بێت، ئه‌وه تاكه‌كانی كوردستان دابه‌ش بوونه‌ته سه‌ر چه‌ندین ئایدیا و به‌رژه‌وه‌ندیی تاك، بنه‌ماڵه‌یی، ناوچه‌یی، تائیفی، حیزبی، ئایینی و...، كه ته‌نیا هه‌وڵی به‌دواداچوونی بیر و بۆچوون و ده‌سته‌به‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان ده‌ده‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ڕاستیدا هیچ گرنگی و ڕێزیك بۆ تاك و لایه‌نه‌كانی تر دابنێن.
به‌ڵام "فره‌ییی مه‌عقووڵ"، جیا له به‌دواداچوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان، له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگه و سیاسه‌تدا ڕازی ده‌بن یاخود به‌وه قایل ده‌بن كه بیر و ڕای ئه‌وانی تریش گرنگه و جێگه‌ی ڕێزه و پێویسته گوێبیستی بن و ته‌نانه‌ت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ڕه‌چاو بكه‌ن، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كه "ئه‌وانه‌ی تریش وا بكه‌ن".
لێره‌وه‌یه كه ململانێكان له هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر پرسه جۆراوجۆره‌كان ده‌چێته قۆناغ و بوارێكی زۆر دیموكراتیك و ئاشتییانه و شارستانییانه‌ی سه‌رده‌میانه، به‌م مانایه‌ی كه ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت و بیر و ڕای لایه‌ن و تاك و هه‌ر بكه‌ریكی تر له لامان ئه‌قڵانی نه‌بێت، به‌ڵام ده‌توانێت به‌پێی "فره‌ییی مه‌عقووڵ"، بۆ ئێمه مه‌عقووڵ بێت.
لێره‌دایه كه ئه‌و دروشمه‌ی به‌رده‌وام ده‌گوترێته‌وه به‌ڵام كه‌متر جێبه‌جێ ده‌كرێت، بواری جێبه‌جیكردنی بۆ ده‌ڕه‌خسێت، كه ئه‌ویش بریتییه له: "به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی له سه‌روو به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی و بنه‌ماڵه‌یی و ئایینی و ...هتد". مه‌رج نییه كه ئه‌و فره‌یی و جیاوازییه جۆراوجۆرانه له باشووری كوردستان، پێكه‌وه سازاو و گونجاو بن، چونكه هه‌موو ئه‌و تاك و حیزب و ڕوانگه و ناسنامانه، پاساوی ئه‌قڵانییان بۆ خۆیان و سیاسه‌ت و بیر و بۆچوونه‌كانیان هه‌یه، هه‌رچه‌نده له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه ئه‌م پاساوانه قبووڵكراو نه‌بن.
ئه‌مه سه‌رچاوه‌ی كۆی كێشه‌كانه، به‌بێ ئه‌وه‌ی زانیبێتمان بۆ به‌م شێوه‌یه‌یه و هه‌موو دژی ئه‌وه‌ی ترین؟! چونكه ئه‌و بنه‌ما مه‌عقووڵانه كاتین و له‌سه‌ر گرێبه‌ست دانراون، به‌و مانایه‌ی كه هه‌تاهه‌تایی و هه‌قیقه‌ت نین، هه‌روه‌ها هاوسه‌نگییه‌ك له نێوان بیر و بۆچوونی هه‌موو لایه‌نه‌كاندا دروست ده‌كات.
بۆیه، بۆ ده‌سته‌به‌ربوونی دادپه‌روه‌ریی سیاسی له كوردستاندا، پێویسته تاك و لایه‌نه‌كان واز له‌و بیرۆكه‌یه بێنن كه دامه‌زراوه سیاسییه‌كان له كوردستاندا، پێویسته ده‌ربڕ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیر و بۆچوون و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بن. به‌ڵكوو پێویسته ئه‌وه‌یان به‌بیر بێته‌وه كه ئه‌و دامه‌زراوانه شوێنیكی گشتین بۆ هاوكاریی دوولایه‌نه و چه‌ند لایه‌نه، نه‌ك زاڵكردنی ئایدیۆلۆژی، به‌رژه‌وه‌ندی و ئه‌جێندایه‌كی تایبه‌تی تاك یاخود حیزب و لایه‌نێك.
لێره‌وه‌یه كه هه‌ر تاك یاخود لایه‌نیك بگاته ده‌سه‌ڵات، هه‌وڵی سه‌پاندنی ئه‌و بیر و بۆچوونه گشتگیرانه‌ی خۆی وه‌ك هه‌قیقه‌تی ڕه‌ها نادات، به‌م پێیه‌یش لایه‌نه‌كانی تر، ترس و دڵه‌ڕاوكێی سڕینه‌وه‌یان نامێنێت. چونكه ڕه‌فتاركردنی به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه "مه‌عقووڵ" نییه، هه‌رچه‌نده بۆ سوود و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی ئه‌و تاك و لایه‌نه "ئه‌قڵانی" بێت. به هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و تاك و لایه‌نانه له نێوان به‌هاكانی خۆیان له لایه‌ك و، له‌گه‌ڵ بواری سیاسی‌دا له لایه‌كی تره‌وه، كه بریتییه له چه‌مكی "دادپه‌روه‌ریی سیاسی"، كه بوار و به‌رژه‌وه‌ندیی به‌شداریی هه‌مووان به‌سه‌ریدا زاڵه، جیاوازی داده‌نێن.
كۆبه‌ند:
گه‌وره‌ترین گرفت و كێشه له گۆڕه‌پانی گشتی و سیاسیی كوردستاندا، "نه‌بوونی متمانه‌یه"، كه ئه‌وه‌یش ئه‌نجام و ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌و پرسه بنچینه‌یییه‌یه كه باسمان لێوه كرد. ئه‌وه‌ی له كوردستاندا ڕوو ده‌دات له ڕاستیدا تێنه‌گه‌ییشتن یاخود به‌هه‌ڵه‌تیگه‌ییشتنه له چه‌مكی "فره‌یی"، به‌م مانایه كه ئه‌م فره‌یییه له ئه‌گه‌ری تێنه‌گه‌ییشتن و نه‌بوونی ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر بنه‌ما گشتییه‌كان، (نه‌ك بیر و بۆچوون و بنه‌مای تایبه‌ت)، ده‌بێته هۆی دروستبوون و هاتنه‌ئارای ئه‌و بارگرژی و توندوتیژیی سیاسییه به‌رده‌وامه‌ی ئێستا و ته‌نانه‌ت سه‌رده‌كێشێت بۆ دروستبوونی جه‌نگی ناوخۆیی (براكوژی یاخود خۆكوژی) و تێكچوونی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له هه‌رێمی كوردستاندا. به‌م پێیه‌یش "دادپه‌روه‌ریی سیاسی"، ده‌كه‌وێته مه‌ترسی و، ئاشتیی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌چێته ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه.
بۆیه، ده‌بێت هه‌موو تاك و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان به جیاكردنه‌وه‌ی بواری سیاسی له‌گه‌ڵ بواری تایبه‌ت، ئه‌و "فره‌یییه مه‌عقووڵه"، كه جۆن ڕاوڵز تیۆریی دادپه‌روه‌رییه سیاسییه‌كه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زراندووه، بێننه دی. به واتایه‌كی تر، له "فره‌ییی ئه‌قڵانی" كه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ها و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ته و هه‌ڕه‌شه له كۆی سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئاسایشیی كوردستان ده‌كات، تێ په‌ڕین و گوزه‌ر بكه‌ین. ئه‌مه‌یش به لێكتێگه‌ییشتن و ڕێككه‌وتن ده‌بێت، به‌ڵام نه‌ك ڕیككه‌وتنێك له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت، به‌ڵكوو ئه‌و تێگه‌ییشتنه‌ی كه له‌سه‌ر دادپه‌روه‌ریی سیاسی و به‌شداریی مه‌عقووڵی هه‌مووان و نوێنه‌ره‌كانیان له دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بنیات نرابێت.
به‌م پێیه، سازش و ڕێككه‌وتن و ئاشتبوونی كاتی، دادی هه‌رێمی كوردستان نادات. به تێپه‌ڕینی كات و گۆڕان له هاوسه‌نگیی هێزی لایه‌نه‌كان، ئه‌وه ئه‌و ڕێككه‌وتنه كۆتاییی پێ دێت و، ئه‌مه‌یشمان به ده‌یان جار له هه‌رێمی كوردستان بینیوه. ته‌نیا به‌دیل و جێگره‌وه، كاری بنچینه‌یییه و به‌رده‌وامتره و ئه‌مه‌یش له ڕێگه‌ی سازش، ڕه‌زامه‌ندی، هاوده‌نگی و هاوڕابوون و ڕێككه‌وتنیك ده‌كرێت كه له لای جۆن ڕاوڵز به "ڕێككه‌وتنی تێكهه‌ڵكێش" (Overlapping Consensus) ده‌ناسرێت، به‌م مانایه‌ی كه ئه‌و تاك و لایه‌نانه له‌سه‌ر به‌ها و نۆرمه سیاسییه گشتییه‌كان، كه ناكرێت به‌بێ ئه‌وان گه‌مه‌ی سیاسی و یاسایی بكرێت، ڕێك ده‌كه‌ون كه دیوێكی تری "دادپه‌روه‌ریی سیاسییه"، كه ده‌توانێت له‌سه‌ر یه‌كسانی له ده‌رفه‌ته سیاسی و ئابوورییه‌كان، پاراستنی ئازادییه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان، ڕێزلێنان، قبووڵكردن و به‌فه‌رمیناسینی دوولایه‌نه بێت. ئه‌مه‌یش سه‌ر ده‌كێشێت بۆ بنیاتنانی ئاشتی و سه‌قامگیریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌سته‌به‌ربوونی ئاسایشی هه‌مووان له هه‌رێمی كوردستاندا.
ئه‌مه‌یش پێوسته له بیر و بۆچوون، به‌رژه‌وه‌ندی، ئایدیۆلۆژی و ئایین و ... لایه‌نه‌كانه‌وه سه‌ربه‌خۆ بێت. كاتێك كه حیزب، تاك و لایه‌نه‌كان ئه‌و تێڕوانین و بڕوایه‌یان لا دروست بوو، كه بنه‌ماكانی ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان "دادپه‌روه‌رانه" و له‌سه‌ر بنه‌مای ئینسافه، ئه‌وه خۆیان ده‌یپارێزن و پێشێڵی ناكه‌ن و، به تێكچوونی هاوسه‌نگیی هێزی لایه‌نه‌كان ئه‌و ڕێككه‌وتنه تێك ناچێته‌وه و متمانه له نێوان لایه‌نه‌كان دروست ده‌بێت.
ئه‌مه‌یش كاتێك دێته دی، كه تاكه‌كان ئه‌و هه‌ست و دڵنیایییه‌یان لا دروست ببێت كه به هۆی به‌شداریی یه‌كسانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییان، شوێندانه‌ری و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بڕیاری سیاسی و چاره‌نووسی خۆیان هه‌یه. ئه‌مه‌یش ده‌بێته بنچینه‌ی كه‌لتووری دیموكراتیك بۆ هه‌رێمی كوردستان و به‌م پێیه‌یش كه‌لتووری سیاسیی دیموكراتیكی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان.