چەند جارێك لە ڕۆژنامە و لێدوانەکان گوێمان لێ بووە، بەرپرس و کەسایەتییە عێراقییەکان باس لەوە دەکەن: "ئەگەر کوردستان بوو بە دەوڵەت، با ببێت بە دراوسێیەکی باش، یان دراوسێتییەکی باش کۆمان بکاتەوە." چەمکی دراوسێتی لە عێراق، تایبەتمەندیی خۆی هەیە و، لە یاسا و دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ ڕەنگی داوەتەوە. واته، ئەو وتار و لێدوان و هەڵوێستە سیاسییانەی عێراق دەربارەی دراوسێکانی هەیەتی، جیاوازە لەو تێڕوانینانەی کە دەوڵەتانی تر بۆ چەمکی دراوسێتی باش، هەیانە.
پێکەوەژیان و دراوسێتیی باش، دوو چەمکی ئەرێنی (پۆزهتیڤ) و هاوئامانجن، بەڵام لە ڕووی بەکارهێنانی جوگرافیایییەوە، جیاوازن. تاوەکووو نهتهوهیهك لەناو دەوڵەتێكی فرەنەتەوەدا بژیت، باس لە پێکەوەژیان دەکرێت. بەڵام کاتێك سنووری سیاسی دادەنرێت، دراوسێتی باش وەك چەمکێك بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو دەوڵەتی دراوسێ، خۆی دەسەپێنێت. ئاشکرایە، دراوسێتی، دێرینترین و بەردەوامترین پەیوەندییە لە نێوان دوو دەوڵەت، دوو نەتەوە، دوو ماڵ و... هتد. ئەو سنوورەی کە دوو دەوڵەت لەیەك جیا دەکاتەوە، دەبێتە مایەی دروستکردنی پەیوەندییەکی باش، یان بەپێچەوانەوە، دەبێتە سەرچاوەی شەڕ و ئاڵۆزی. زۆربەی زۆری جەنگە نێودەوڵەتییەکان لە نێوان وڵاتانی دراوسێدا ڕوویان داوە، نەك لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە سنووری هاوبەشیان نییە.
جیاوازیی نێوان "دراوسێتیی باش" و "دراوسێی باش"
لە کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی، تێکەڵيیەك لە نێوان دوو چەمکی جیاوازدا هەیە؛ دراوسێتیی باش Good neighborliness و، دراوسێی باش Good neighbor. دۆخی دراوسێتی لە نێوان دوو دەوڵەتدا، چەند ماف و ئەرکێك بۆ هەر دوو لایەن دروست دەکات. ئەم دۆخە یاسایییە بە "دراوسێتیی باش" پێناسە دەکرێت. چەمکی دراوسێتیی باش، فرەڕەهەندە؛ جوگرافی، ئابووری، سیاسی و، هەروەها یاسایییە. ئەگەر بێینە سەر چەمکی "دراوسێی باش"، ئەم چەمکە تەواو سیاسییە. ڕوانگەی دەوڵەتێکە بۆ دەوڵەتێکی دراوسێی خۆی لە دۆخێکی تایبەتدا بۆ کاتێکی دیاریکراو. واته، ئەمڕۆ دەوڵەتی (A) دراوسێیەکی باشە لە دیدی دەوڵەتی (B)ەوە، سبەینێ دەوڵەتی (A)، دەبێت بە دراوسێیەکی خراپ بۆ (B)، لە هەمان کاتدا لە دیدی دەوڵەتی (C)ەوە، لەبەر ئەوەی حکوومەتێکی ئایدیۆلۆژیی جیاوازی هەیە، لەوانەیە هەر دوو دەوڵەتی (A) و (B) بە دراوسێی خراپ دابنێت. هەرچییەك بێت، هەڵوێستی سیاسیی ئەم سێ دەوڵەتە (A) و (B) و (C)، بەرامبەر یەکتر، دەبێت وەك ئەرکێکی یاسایی، ڕێز لە بنەمای "دراوسێتیی باش" بگرن. هۆی تێکەڵبوونی چەمکی دراوسێتیی باش و دراوسێی باش، لەبەر ئەوەیە کە خودی بنەمای دراوسێتیی باش، تا ڕادەیەك لە یاسایی نێودەوڵەتیدا لاوازە.
لاوازیی بنەمای دراوسێتیی باش
بەپێی ماددەی (٨) لە دەستووری عێراقی، ساڵی ٢٠٠٥، عێراق ڕەچاوی بنەمای دراوسێتیی باش دەکات. دوای گەڕان و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر، بۆمان دەرکەوتووە کە عێراق تاکە وڵاتە کە ئەو بنەمایەی لە دەستووردا دەقنووس کردووە. ڕاستییهكهی، ئەم بنەمایە تا ئێستا بەتەواوی، وەکوو چەمکێکی یاسایی لە کۆمەڵگهی نێودەوڵەتیدا، جێی خۆی نەکردۆتەوە. بنەمای دراوسێتیی باش لە دەستوورەکانی پێشووتری عێراق نەبووە، کەچی لە ساڵی ٢٠٠٥، بەکتوپڕی، بوو بە دەقێك لە دەقەکانی دەستوور.
هۆی دانانی ئەم دەقە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە عێراق پەیوەندییەکی مێژووییی ناجێگیر و دووژمنکارانەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی خۆی هەبووە. لە سەردەمی حوکمڕانیی سەددام حوسێن، ئەم دوژمنکارییە لەگەڵ ئێران و کوێت، گەییشتە لووتکە. عێراق و ئێرانی دراوسێ، درێژخایەنترین جەنگیان لە سەدەی بیستەم (١٩٨٠-١٩٨٨)هەڵگیرساند. لە لایەکی ترەوە، حکوومەتی عێراقی دەیویست دراوسێیەکی خۆی (کوێت) لەسەر گۆی زەوی بسڕێتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. ئەمریکا و سەرکردە عێراقییەکانی دوای ٢٠٠٣، ویستیان پيشانی بدەن کە عێراقی پێش ٢٠٠٣، زۆر جیاوازە لە عێراقی دوای ٢٠٠٣. واته ئەم دەوڵەتە، نابێت لە داهاتوودا ببێت بە هەڕەشە بۆ دراوسێکانی.
سەیروسەمەرەکە لەوەدایە، عێراق بەپێی دەستوور، خۆی پابەند کردووە بە بنەمای دراوسێتی باش، کەچی دەستووری دراوسێکانی عێراق (ئێران، تورکیا، کوێت، سعوودیا، ئوردن و سووریا)، بە هیچ شێوەیەك باس لە پەیوەندیی دراوسێتی، هەر ناکەن. چۆن عێراق خۆی بە ئەرکێكهوه پابەند دەکات، کەچی دەوڵەتی بەرامبەر خۆی پابەند ناکات؟ هەقیقەت ئەوەیە، کاتێك ئەم بنەمایەی کرد بە بنەمایەکی دەستووری، ئیتر نابێت دراوسێکانی خۆی بۆ دراوسێی باش و دراوسێی خراپ پۆلین بکات. کاتێك عێراق دهست بە جێبەجێکردنی دەستووری خۆی دهكا، دەبێت بە "نیازێکی پاك" و دوور لە بەرژەوەندیی هەنووکەییی سیاسی، ڕاڤەی دەقەکان بکات.
ئەگەر عێراق بە بنەمای دراوسێتیی باشهوه پابەندە، دەبێت بە یەك چاو تەماشای وڵاتانی دراوسێی خۆی بکات. پرسیارەکە ئەوەیە: لە ماوەی نێوان ٢٠٠٥ـــ-٢٠١٦، ئایا بەیەکسانی، مامەڵەی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی خۆی کردووە؟ بێ گومان نەخێر. ئاراستە و بەرژەوەندیی سیاسیی هەنووکەییی حکوومەتی بەغداد، دەتوانێت ڕۆژێك ئەم وڵاته بکات بە دراوسێییەکی باش، سبەینێ هەمان دەوڵەت، دەبێته دراوسێیەکی خراپ و، هەندێك جاریش دهبێتە دوژمن.
لە ڕۆژی ١٣/٦/١٩٧٥، لەژێر سێبەری ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائیر، عێراق و ئێران ڕێککەوتننامەی "سنووری و دراوسێتیی باش"یان واژوو کرد. هەروەها سێ پڕۆتۆکۆڵی لەگەڵ هاوپێچ کرابوو سەبارەت بە داڕشتنی سنووری دەریایی، وشکانی و ئاسایشی سنوور، کەچی زۆری پێ نهچوو شەڕێکی خوێناویی درێژخایەن لە نێوانیاندا ڕووی دا. لە ڕاستیدا، تەنیا ئامانج لە "ڕێککەوتننامەی دراوسێتیی باش"، ئەوە بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بدرێت. دوای چەندین هەزار قوربانی بە دەستی هەردوو لا، ئێستا دەبينين کە پەیوەندیی دراوسێتیی نێوان بەغداد و تاران لە باشترین دۆخدایه.
لە لایەکی ترەوە، ئەگەر بێینە سەر پەیوەندیی نێوان تورکیا و عێراق، لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە تا ساڵانی چلەکان لە خراپترین دۆخدا بوو، کەچی لە ڕۆژی ٢٩/٥/١٩٤٦، عێراق و تورکیا پەیماننامەی "هاوڕێیهتی و دراوسێتیی باش"یان واژوو کرد. هەروەها، زیاتر لە شەش پڕۆتۆکۆڵی تریان واژوو کرد دەربارەی بابەتی هەمەجۆری وەك؛ ئاوی دیجلە و فورات، ئاسایش، گواستنەوە و گەیاندن، سنوور و پرسی سنوور و... هتد. ئەمڕۆ لە سەروبەندی گرتنەوەی مووسڵدا، تورکیا و عێراقی دراوسێ، لە خراپترین باری ديپلۆماسيدان؛ هەندێك جار گوێمان لە دەهۆڵی جهنگ دەبێت لە نێوان ئەم دوو دەوڵەتە دراوسێیەدا.
پێویستە ئەوەیش بڵێین، چەمکی دراوسێتیی باش، لە دوو شوێنی چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە و، لە چەندین ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی تریشدا هاتووه؛ بەڵام چەند دەزگهیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی پێشوو، ویستیان پێناسەیەك بۆ چەمکی دراوسێتیی باش دابنێن، بەڵام قەت سەرکەوتوو نەبوون.
کەواتە دراوسێتیی باش، هەرچەند لە دەستووردا بێت، لە ڕێککەوتننامەکاندا بێت، لە یاساکان، یان لە لێدوانەکان بێت، چەمکێکی لاوازە و، بە ڕەشەبای سیاسەت و ئایدیۆلۆژیی هەنووکەیی، پتەو دەکرێت یان کز دەکرێت.
دراوسێی ئایدیۆلۆژی
یەكێك لە هۆکارەکانی نەبوونی پێناسەیەكی دیاریکراو بۆ چەمکی دراوسێتیی باش لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوە بوو، کە جەنگی ساردی ئایدیۆلۆژی لە نێوان بلۆکی ڕۆژاوا و بلۆکی سۆڤیەتدا هەبوو. کاتێك دەزگهکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیانویست لە ساڵانی ١٩٨٠، پێناسەیەك بدۆزنەوە، وڵاتان بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ باسیان لە دراوسێ ئایدیۆلۆژییەکانی خۆیان دەکرد. ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و سۆڤیەت، بە شان و باڵی ئەو دراوسێتییە باشەیان هەڵدەدا کە لەگەڵ "برا دەوڵەتە کۆمۆنیستەکان" هەیانە. ئەمریکا ڕەخنەی لەم هەڵوێستە دەگرت و ئەم جۆرە دراوسێتییەی بە ملکەچکردنی دەوڵەتە بچووكەکان لە قەڵەم دەدا. کۆبا، لەولاوە، ئەمریکای بە دراوسێی خراپ تۆمەتبار دەکرد، کە تەنیا بۆ ئیمپریالییهت هەوڵ دەدات.
کەواتە، چەمکی دراوسێتیی باش، لە سەردەمی جەنگی سارد بەرگێكی هزری، یان ئایدیۆلۆژیی کرابووه بهر. زلهێزەکان ئەم چەمکەیان بۆ فراوانکردنی پانتاییی دەسەڵات و هەژموونی خۆیان دەقۆستەوە. ئێستایش دەیبینین، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەمکی دراوسێتی، بە هزر، ئایین یان ڕێچکەی ئایینی، بەهێز دەکرێت. واتا ئەو دەوڵەتانەی کە یەك هزر و یەك ئایین کۆیان دەکاتەوە دراوسێی باشن، بەپێچەوانەوە، ئەو دەوڵەتەی هەمان هزر و هەمان ڕێچکەی ئایینیی دەوڵەتەکەی تری نەبێت، ئەوا دراوسێی خراپە. با ڕوونتر بڵێین، ئێستا دراوسێی ئایدیۆلۆژی، بووهتە سەرچاوەیەك بۆ دروستبوونی دوو بلۆک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ بلۆکی سوننە و بلۆکی شيعە.
هەرێمی کوردستان لە کوێی ئەم دوو بلۆکە دراوسێیەدایه؟ ئەگەر لە ڕووی جوگرافییەوە لێکی بدەینەوە، ئێمە لە چەقی سنووری ئەم دوو بلۆکەداین. واته پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکیی هەستیارمان بۆ هەردوو جەمسەرەکە هەیە؛ دراوسێتیی هاوبەشمان لەگەڵ دوو دراوسێی ئایدیۆلۆژیی دژ بەیەك هەیە. هەردوو بلۆکەکە، دەیانەوێ کاریگەریی خۆیان لەسەر ئەم هەرێمە هەبێت. ئەم دوو جەمسەرە، ڕەنگدانەوەی لە هەرێم هەبووە. زۆر دوور نییە هەرێم بەرەو دوو زۆنی ئیداریی جیاواز ببرێتەوە. ئاشکرایە کە کوردستان هێشتا دەوڵەتی ڕانەگەیاندووە، هەردوو بلۆکەکە دەیانەوێت دراوسێتی، یان پەیوەندییەکی ئایدیۆلۆژی لەگەڵ ئەم هەرێمەدا دروست بکەن.
هەرێمی کوردستان لەم دۆخەی ئێستایدا، دەبێت بە دوای دراوسێتیی باشدا بگەڕێت، نەك پۆلینکردنی دەوڵەتەکان بۆ دراوسێی باش و خراپ. جیۆپۆلیتیکی کوردستان، لە دۆخێکدا نییە بتوانێت دراوسێتییەکی ئایدیۆلۆژی، لەسەر حیسابی جەمسەرەکەی تر هەڵبژێرێت. باشترین هەڵوێست ئەوەیە لە ململانێی ئاڵۆزی نێوان شیعە و سوننەدا بێلایەن بێت. با کوردستان نەکرێتەوە بە مەیدانی جەنگی "چاڵدێران"ێکی نوێ. هەوڵ بدرێت لەگەڵ یەك بە یەكی دراوسێکانمان، پرۆژەی پەرەپێدانی دراوسێتیی دوولایەنهمان هەبێت. بۆ وڵاتێکی خاكداخراوی وەك کوردستان، باشترە بە دوای دراوسێتی و پەیوەندیی ستراتیژیی فرەلایەندا بگەڕێت، نەك دراوسێتیی ئایدیۆلۆژی. هەر لە ئێستاوە، ئەگەر هەولێر، بۆ بەغداد و ئەنقەرە و تاران سەلماندی کە ڕێز لە بنەمای دراوسێتیی باش دەگرێت، لەو باوەڕەداین، کە هەنگاوەکانی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی ئاسانتر دەبێت.