خستنه‌ڕووی بابه‌ت
جه‌نگی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ، كۆمه‌ڵێك پێشبینی و سیناریۆی جۆراوجۆر، به‌ڵام جیاوازی هێناوه‌ته ئاراوه. ئه‌وه‌ی كه جێگه‌ی سه‌ر‌نج و هه‌ڵوه‌سته‌له‌سه‌ركردنه ئه‌وه‌یه، هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كانی به‌شدار (ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ)، ته‌نانه‌ت ئه‌و ئه‌كته‌رانەی ئه‌گه‌ر ناده‌وڵه‌تییش بن، له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه ئه‌و هێزه‌ی بتوانێت ده‌ست به‌سه‌ر مووسڵدا بگرێت یاخود كۆنترۆڵی سه‌ربازی و سیاسیی هه‌بێت، ئه‌وه ده‌توانێت له هاوكێشه جیۆسیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه و ده‌ستنیشانكه‌ری له هاوسه‌نگیی هێز و ته‌نانه‌ت په‌یداكردنی هێژموونیدا هه‌بێت.
له شه‌ڕی مووسڵدا چه‌ند ئه‌كته‌رێكی ناوخۆیی، هه‌رێمی و سه‌رووهه‌رێمی به‌شدارن و هه‌وڵ و سیاسه‌ته‌كانیان (به‌تایبه‌ت له ڕووی باڵاده‌ستیی سه‌ربازییه‌وه) ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن، كه نایانه‌وێت لایه‌نێكی تر به‌سه‌ر دۆخه‌كه‌دا زاڵ بێت و كۆنترۆڵی مووسڵ بكات. لێره‌وه پێویسته به‌رژه‌وه‌ندی و مه‌ترسییه ئاسایشییه‌كانیان ڕوون بكه‌ینه‌وه و پاشان ئه‌وه خۆی ئاشكرا ده‌بێت كه مووسڵ وه‌ك "هارتله‌ندی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست" له ڕووی هاوكێشه جیۆسیاسییه‌كانه‌وه ڕۆڵ ده‌بینێت و، تا ئه‌و ئاسته گرنگیی هه‌یه كه بكه‌ره‌كانی ناوخۆییی عێراق، هه‌رێمی و سه‌رووهه‌رێمی، بكه‌ونه ناو جه‌نگێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی درێژخایه‌نه‌وه بۆ سه‌ركه‌وتن و كۆنترۆڵكردنی مووسڵ.
هاوكێشه‌ی ئه‌كته‌ره ناوخۆیییه‌كان
له ئاستی ناوخۆی عێراقدا، مووسڵ وه‌ك دوایین ده‌رفه‌ت بۆ دووباره‌دابه‌شكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و هێز دێته به‌رچاو و، به‌م پێیه‌یش هه‌ر سێ پێكهاته و ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كیی ناوخۆیی (له پاڵ كه‌مه نه‌ته‌وه و ئایینه‌كان بۆ نموونه وه‌ك كریستیانه‌كان) هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن كه ئه‌و ده‌رفه‌ته وه‌كوو "كۆتا هه‌ل" بۆ مانه‌وه و به‌رده‌وامییان له‌ده‌ست نه‌چێت. به‌پێچه‌وانه‌وه، وا بیر ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌گه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ریان زاڵ بێت، ئه‌وه ئه‌وان ده‌كه‌ونه ژێر هێژموونی و كۆنترۆڵی ئه‌وانه‌ی ترەوە. ئه‌م لۆژیكه له چوارچێوه‌ی ڕوانگه‌ی تیۆریی "ڕیالیزمی كلاسیكی نوێ"وه، به باشی ڕوون ده‌كرێته‌وه.
به‌پێی ئه‌م ڕوانگه‌یه، به‌تایبه‌ت "ڕیالیزمی هێرشبه‌رانه"، ئامانجی سه‌ره‌كیی هه‌ر ئه‌كته‌ر و یه‌كه‌یه‌ك ئه‌وه‌یه كه به هۆی سێ هۆكار و فاكته‌ری سه‌ره‌كییه‌وه، به‌شی خۆی له ده‌سه‌ڵات له ڕێگه‌ی هێزه‌وه زیاتر بكات: 1- پێكهاته‌ی ئه‌نارشیی سیسته‌م 2- توانای هێرشبه‌رانه‌ی ئه‌كته‌ره‌كان 3- نه‌بوونی متمانه و نادڵنیایی له ئامانج و مه‌به‌ست و نییه‌ته‌كانی ئه‌كته‌ر، یاخود لایه‌نی به‌رامبه‌ر.
سوننه‌كان
لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت به هۆی ئه‌نارشیكبوونی دۆخی ناوخۆییی عێراق (هاوشێوه‌ی بونیادی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی) و نه‌بوونی حكوومه‌تێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی ته‌واو و گشتگیری دیموكراتیك و نیشتمانی له عێراق، ئه‌وه هه‌ر لایه‌ن و ناسنامه‌یه‌ك په‌نا ده‌باته به‌ر "پشتبه‌خۆبه‌ستن" و زیاتركردنی هێز و ده‌سه‌ڵاتی خۆی. له لایه‌كی تره‌وه به‌رزبوونه‌وه‌ی توانای لایه‌نی به‌رامبه‌ر، بۆ نموونه شیعه‌كان، ده‌بێته هۆی لاوازبوونی سوننه‌كان و كورده‌كان له عێراق و، به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه.
له هه‌مان كاتدا، نه‌بوونی متمانه و دڵنیایی له نێوان پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی عێراق (سوننه، شیعه و كورد) به‌پێی ئه‌زموونی تاڵ و خوێناویی ڕابردوو، هه‌روه‌ها ئه‌زموونی شكستخواردووی ڕابردووی حوكمڕانی له عێراقدا، وا ده‌كات ئه‌و بكه‌ره ناسنامه‌یییانه به هیچ شێوه‌یه‌ك (له نه‌بوونی سوپایه‌كی نیشتمانی و حكوومه‌تێكی نه‌ته‌وه‌ییدا) ئه‌و متمانه‌یان به هێزی سه‌ربازیی لایه‌نی به‌رامبه‌ر نه‌بێت و هه‌ست به نادڵنیاییی ئاسایشی بكه‌ن، كه ئه‌و هه‌ست و تێگه‌ییشتنه‌یش ڕاسته‌قینه‌یه و ته‌نیا لێكدانه‌وه نییه.
گرنگیی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ له ڕووی سیاسی و ئاسایشییه‌وه تا ئه‌و ڕاده‌یه به‌رزه كه ده‌توانێت ئه‌و خاڵه وه‌رچه‌رخانه بێت، هاوسه‌نگیی ناوخۆییی عێراق له نێوان هێزه سه‌ره‌كییه‌كاندا ده‌ستنیشان بكات. هه‌ر بۆیه، به‌شداریی هێزێكی میلیشیای وه‌ك حه‌شدی شه‌عبی له ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵدا، بۆ هێزه سوننییه‌كان جێگه‌ی نادڵنیایی و، له ڕووی ناسنامه‌یییه‌وه جێگه‌ی دڵه‌ڕاوكێی ئاسایشییه.
به‌م پێیه‌یش، ئه‌وان به هۆی ئه‌زموونی ئێستا و ڕابردوویان له‌گه‌ڵ شیعه‌كان و ناكۆكیی ناسنامه‌ییی قووڵ له ڕووی مه‌زهه‌بییه‌وه، متمانه‌ی زیاتریان به كورد و هێزی پێشمه‌رگه هه‌یه (هه‌رچه‌نده ئه‌وه ته‌نیا له‌م قۆناغه‌ی جه‌نگدا ڕاسته و له داهاتوودا به هۆی هاوكێشه سیاسی و ئاسایشییه‌كانەوە ئه‌مه ده‌توانێت بگۆڕدرێت)، باشترین به‌ڵگه‌یش بۆ ئه‌مه، پێشوازیی خه‌ڵكی مووسڵ بوو له داعش له سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی ئه‌م هێزه‌وه، كه وه‌ك فریادڕه‌سێك له لایه‌ن سوننه‌كانه‌وه سه‌یر ده‌كرا، به به‌راورد له‌گه‌ڵ هێزی سه‌ربازیی عێراق و، به‌گشتی حكوومه‌تی شیعییه‌وه.
كورده‌كان
مووسڵ، بۆ كوردیش گرنگیی ستراتیژی و ئاسایشیی هه‌یه، به‌م مانایه كه مووسڵ و ناوچه‌كانی تری سه‌ر به‌م پارێزگایه به هۆی پێكهاته‌ی دانیشتووانییه‌وه، ده‌توانێت هاوسه‌نگیی هێز به قازانجی كورد بگۆڕێت. ئه‌م هاوسه‌نگییه‌یش به مه‌رجێكه كه كورد بێجگه له به‌شداری له پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی، له داهاتووی مووسڵیشدا ڕۆڵی سه‌ره‌كیی له به‌ڕێوه‌بردنیدا هه‌بێت، هه‌روه‌ها له داڕشتنی نه‌خشه‌ی داهاتووی مووسڵدا كوردیش بكه‌رێكی سه‌ره‌كی بێت.
له لایه‌كی تره‌وه، ئازادكردنی مووسڵ ده‌توانێت وه‌ك "قووڵاییی ستراتیژی"ی ئه‌و ناوچانه بێت كه ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندایه. به‌و مانایه‌ی كه ئه‌گه‌ر له ناوچه‌ی پارێزگای نه‌ینەوا و، به‌گشتی ناوچه تێكه‌ڵه عه‌ره‌به‌كان خاوه‌ن نفووز و پێگه نه‌بێت، ئه‌وا به‌رده‌وام، كورد له دڵه‌ڕاوكێی ئاسایشیدا ده‌ژیت و مه‌ترسی ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی كه به "ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان" ده‌ناسرێن. له ڕوانگه‌یه‌كی تریشه‌وه، نزیكی له هێزه سوننییه‌كان (بێجگه له پرسی جوگرافیا)، ده‌توانێت له ڕووی جوگرافیای سیاسییه‌وه (جیۆسیاسی) پێگه‌ی كورد له هاوكێشه‌كانی عێراق و ته‌نانه‌ت ناوچه‌كه به‌رزتر بكاته‌وه و مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی لێ دوور بكاته‌وه.
لێره‌وه‌یه كه ئه‌كته‌ره‌كانی تر، پێویستییان به لایه‌نگری یاخود لانی كه‌م دژایه‌تینه‌كردنی لایه‌نی كوردی ده‌بێت بۆ به‌شداری له هاوكێشه سیاسی و جیۆسیاسییه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه. له‌مه‌یش گرنگتر، له ئه‌گه‌ری به‌هه‌رێمبوونی مووسڵ یاخود پێكهاتنی چه‌ند پارێزگایه‌كی نوێ له‌و ناوچانه‌ی ئیستای سنووری مووسڵ (پارێزگای نه‌ینه‌وا)، ئه‌وه دیسانه‌وه به‌شداریی كورد و ئه‌گه‌ری هاتنه‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێم (له داهاتوودا)، ده‌توانێت بۆ كورد گرنگیی ژیانی هه‌بێت و ته‌نانه‌ت ده‌توانێت وه‌كوو قه‌ڵغانێك وا بێت بۆ به‌رگری له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه ئاسایشییه‌كانی سه‌ر كوردستان.
به‌م پێیه‌یش، مووسڵ قووڵاییی ستراتیژیی هه‌رێمی كوردستانه و ئاسایشی ناسنامه‌ییی كورد له عێراقدا ناپارێزێت، ئه‌گه‌ر هێزێكی دژه كورد یاخود نه‌یاری كورد له‌و ناوچانه دەستڕۆییشتوو و ده‌سه‌ڵاتدار بێت.
لێره‌دایه كه به‌پێی ئه‌و ڕوانگه تیۆرییه‌ی كه له سه‌ره‌وه خستمانه ڕوو، ئه‌وه بۆ كوردیش هه‌ر ڕاسته و كوردیش متمانه‌ی ته‌واوی به هیچ هێزێكی تر نییه. بۆیه مووسڵ و به‌شداریی سیاسی و سه‌ربازی، ده‌توانێت دڵه‌ڕاوكێ ئاسایشییه‌كانی كورد كه‌متر بكاته‌وه. چونكه به‌هێزبوونی هه‌ر لایه‌نێك له بكه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی عێراق، له زیانی هاوسه‌نگیی هێزی ئێستا و سه‌نگی كورد ده‌شكێته‌وه.
خاڵێكی تری گرنگ و هه‌ستیار به‌ڵام چاوه‌ڕوانكراو، له پاش ئازادكردنی مووسڵ، ئه‌گه‌ری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان هێزی پێشمه‌رگه و میلیشیا شیعییه‌كان (حه‌شدی شه‌عبی) زۆر به‌هێزه و، ئه‌گه‌ر كورد ئه‌و قووڵایییه ستراتیژییه ده‌سته‌به‌ر نه‌كات، ئه‌و كات كۆی كیانی سیاسیی كورد و ئه‌و ناوچانه‌ی ئێستای كه له‌ژێر كۆنترۆڵی پێشمه‌رگه‌دایه، بۆ نموونه كه‌ركووك، ده‌كه‌وێته ناو مه‌ترسییه‌كی جددییه‌وه.
شیعه‌كان
له ڕوانگه‌ی شیعه‌كانیشه‌وه (سه‌ره‌ڕای ناكۆكییه ناوخۆیییه‌كانیان، چونكه مالیكی نایهه‌وێت عه‌بادی ببێته قاره‌مانی ئه‌م شه‌ڕه و وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی نه‌ته‌وه‌ییی عه‌ره‌ب ده‌ربكه‌وێت، له كاتێكدا شكستی مووسڵ له ئه‌ستۆی مالیكیی نزیك له ئێران، هه‌ژمار ده‌كرێت)، ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ و پاشان كۆنترۆڵكردنی و ڕێگه‌گرتن له سه‌ربه‌خۆیی، یان به‌هه‌رێمبوونی ئه‌م پارێزگایه، یاخود بوونی به چه‌ند پارێزگایه‌ك به‌بێ نفووز و كۆنترۆڵی ڕاسته‌وخۆی شیعه‌كان (حكوومه‌تی زۆرینه‌ی شیعیی عێراقی ئێستا)، داهاتووی هێزی ئه‌وان و ته‌نانه‌ت داهاتووی چاره‌نووسی ده‌وڵه‌تی عێراقیش ده‌ستنیشان ده‌كاته‌وه.
پاڵپشتیی ده‌وڵه‌تانی سووننه و به‌تایبه‌ت سعوودیا و توركیا، دژایه‌تیی توند و دڵه‌ڕاوكێیه‌كانی حكوومه‌تی عێراق له به‌شداریی توركیا له ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ، به‌باشی ده‌رده‌خات. له‌لایه‌كی تره‌وه له ئه‌گه‌ر و سیناریۆی به‌هه‌رێمبوونی نه‌ینه‌وا، ئه‌وه مووسڵ له لایه‌ن هێزه سه‌ربازی و سیاسییه‌كانی كورد و سوننه‌وه به‌ڕێوه ده‌بردرێت و، به‌م پێیه‌یش بۆ شیعه‌كان ئه‌وه كۆتاییی عێراقه و، سوننه له‌گه‌ڵ كورد ده‌توانن هاوسه‌نگیی هێز به‌ته‌واوی له عێراق و ناوچه‌كه بگۆڕن و، شیعه‌كان پێگه و نفووزی خۆیان نه‌ك له عێراق، به‌ڵكوو له ناوچه‌كه له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
له ڕاستیدا، مووسڵ بۆ شیعه‌كانیش ده‌توانێت ڕۆڵی گرنگی ئاسایشیی هه‌بێت و، نه‌بوونی نفووز و كۆنترۆڵ له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه، ئه‌وه ناوچه‌ی شیعیی عێراق تووشی مه‌ترسیی ئاسایشی به‌رده‌وام (به‌تایبه‌ت له لایه‌ن ڕێكخراو و گرووپه تیرۆریستی و توندڕه‌وه سوننه‌كان) ده‌كاته‌وه. لێره‌وه چیتر شیعه‌ی عێراق له هاوكێشه ناوخۆیی و ناوچه‌یییه‌كاندا قووڵاییی ستراتیژیی نابێت، به ڕه‌چاوكردنی ناكۆكیی شاراوه‌ی به‌شێك له عه‌ره‌به شیعه ناسیۆنالیسته‌كان و ته‌نانه‌ت مه‌زهه‌بییه‌كان (له ڕووی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌رجه‌عییه‌ته‌وه) له‌گه‌ڵ ئێران. ئه‌و كاته‌یه كه شیعه‌كانی عێراق، له عێراق و ناوچه‌كه‌دا هه‌ست به گه‌ماروودراوی ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها له ئه‌گه‌ری به‌شداریی كارای سوننه‌كان له پرۆسه‌ی سیاسیی داهاتووی عێراقدا، ئه‌وه شیعه‌كان ناتوانن وه‌ك ماوه‌ی ڕابردوو (له پاش 2003) كۆنترۆڵی هه‌موو عێراق بكه‌ن و، لێره‌وه ناكۆكیی ناوخۆیییان زیاتر ده‌بێت. هه‌موو ئه‌مانه، جگه له ململانێ ئایدۆلۆژییه مه‌زهه‌بییه‌كانی شیعه و سوننه و پرسی توڵه‌كردنه‌وه له هێزه سوننیه‌كان (وه‌ك ئاماژه به لێدوانی قه‌یس خه‌زعه‌لی كه تۆڵه‌ی "ئیمامی حوسێن" له مووسڵ ده‌كه‌ینه‌وه). بۆیه له ڕوانگه‌ی تیۆریی ڕیالیسته كلاسیكه نوێیه‌كانه‌وه، شیعه‌یش متمانه‌ی به ئامانج و نییه‌تی كورد و سوننه نییه و، به‌هێزبوونیان ده‌توانێت له دژی توانا و هێزی شیعه‌كان ته‌واو بێت و، ئه‌مه‌یش له ئاستێكی باڵادا، هێز و توانای كورد و سوننه له هاوكێشه سیاسییه‌كاندا به‌رز ده‌كاته‌وه و هاوسه‌نگیی هێز له قازانجی كورد و سوننه ده‌گۆڕێت.
كۆبه‌ند
به‌پێی ڕوانگه‌ی ڕیالیزمی كلاسیكی نوێ، به‌تایبه‌ت ڕیالیزمی هێرشبه‌رانه، شه‌ڕی مووسڵ بۆ زاڵبوونی هه‌ر لایه‌نێك كه به‌سه‌ر دۆخه‌كه‌دا زاڵ بێت و كۆنترۆڵی سه‌ربازی و سیاسیی هه‌بێت، له ڕووی جیۆسیاسییه‌وه و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر داهاتووی ده‌وڵه‌تی عێراق، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت.
به هۆی نه‌بوونی متمانه له نێوان لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی عێراق (كورد، سوننه و شیعه)، كۆنترۆڵی مووسڵ له لایه‌ن پێكهاته یاخود ئه‌كتەرێك له‌م بكه‌رانه‌ی ئێستای عێراق، ده‌بێته هۆی تێكچوونی هاوسه‌نگیی هێز، به زیانی لایه‌نه‌كانی دیكه. به‌م پێیه، مووسڵ له نه‌بوونی سه‌روه‌ری و ئه‌نارشیبوونی بارودۆخی سیاسی و ئاسایشیی عێراق، وه‌ك دڵی عێراق "هارتله‌ند" وایه.
بۆیه هه‌موو هێزه ناوخۆیییه‌كان مانه‌وه، پاراستن و دڵنیاییی ئاسایشی، هه‌روه‌ها داهاتووی هێزی خۆیان له چۆنیه‌تیی دابه‌شكردنی هێز له پاش كۆنترۆڵی مووسڵدا ده‌بیننه‌وه. مووسڵ، بۆ شیعه و كورد قوڵاییی ستراتیژییه. بۆ هێز و لایه‌نه سوننه‌كانیش هێژموونی و كۆنترۆڵی مووسڵ بریتییه له مانه‌وه، ئاسایشی ناسنامه‌یی، ده‌سه‌ڵات و هێز له هاوكێشه سیاسییه ناوخۆیی و ناوچه‌یییه‌كان.
بۆیه، پێویسته كورد به دوای ئاسایشی ناسنامه‌ییی خۆی له مووسڵدا بێت. به‌م مانایه كه كورد ئاسایشی ناپارێزرێت یاخود له ئه‌گه‌ری به‌ده‌وڵه‌تبووندا، سه‌ره‌ڕای مه‌ترسیی گرووپه تیرۆریستی و توندڕه‌وه‌كانی سوننه و شیعه، كاتێك ده‌توانێت مانه‌وه‌ی خۆی وه‌ك کیانێكی سیاسی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌سته‌به‌ر بكات، كه به‌سه‌ر مووسڵدا زاڵ بێت، یاخود به‌شدارێكی كاریگه‌ر و شوێندانه‌ر بێت. ئه‌مه بێجگه له پرسی ئاسایشی وزه، كه خاڵێكی گه‌وهه‌رییه بۆ داهاتووی هه‌رێمی كوردستان له ڕووی جیۆئێكۆنۆمییه‌وه.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، ئه‌گه‌ر كورد بتوانێت له نه‌ینه‌وا خاوه‌ن نفووز و پێگه و بوونی هه‌قیقی هه‌بێت، ئه‌وه هه‌ولێر، كه‌ركووك، سلێمانی و دهۆك پارێزراوه و به‌ده‌وڵه‌تبوونی هه‌رێمی كوردستانی ئێستا، مسۆگه‌رتره. له‌مه‌یش گرنگتر، كورد له ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیدا، ده‌بێته خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی جیۆسیاسیی گرنگ و، به‌سه‌ر دڵی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا زاڵ ده‌بێت.