هەرێمی کوردستان؛ لە "ديپلۆماسییەتی سەربازییەوە" بەرەو "ديپلۆماسییەتی بەرگری"

هەرێمی کوردستان و ديپلۆماسییەتی سەربازی:

هەموو پێوەر و ئاماژەکان پیشانی دەدەن، کە هەرێمی کوردستان بۆتە مەیدانی ديپلۆماسییەتێکی سەربازیی بەرفراوان. ئێستا هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، چەقی هاوئاهەنگیی سەربازی و ديپلۆماسییە بۆ ڕيشەکێشکردنی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە مووسڵ. ئەو سەرکردە و بەرپرسانەی ديپلۆماسییەتی کوردستان بەڕێوە دەبه‌ن، هەمان ئه‌و كه‌سانه‌ن کە سەرکردایەتیی هێزی سەربازی و بەرگری لە هەرێمی کوردستان ده‌كه‌ن. سەرۆکی هەرێم، کەسی یەکەمی ديپلۆماسییەتی کوردستانە، هەر جەنابیشیان فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستانە. کەواتە سەرکردە باڵاکانی کوردستان لە هەمان کاتدا ديپلۆماسییەت و ئەرکی سەربازی ئەنجام دەدەن، کە ئەمەیش لە دۆخی جەنگدا دەسەڵاتێكی پێویستە. ديپلۆماسییەتی سەربازی بەتەواوی کارا بووە، چونکە هەرێمی کوردستان نزیکترین خاڵە لە داعش. سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، بوونه‌ته‌ مەیدانی جەنگێکی نێودەوڵەتی؛ شەڕی ڕزگارکردنەوەی مووسڵ.

هاوشێوەی وەزیری دەرەوەی وڵاتان، ئێستا وەزیرەکانی بەرگری، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپیشەکانیان، بەردەوام سەفەری دەرەوەی وڵات دەکەن. هەر لەگەڵ جەنگی دژی داعش، چەندین وەزیری بەرگریی وڵاتان سەردانی هەولێر و بەغدایان کردووە. لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی مووسڵ، دەبينين زیاترین کەسایەتیی بیانی کە سەردانی هەرێم دەکەن، وەزیرانی بەرگریی وڵاتانن. لە سەدەی بیست و یەکدا، پاراستنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی، تەنیا بە کاروباری دەوڵەتێك نەبەستراوەتەوە، بەڵکوو ئەم بەرپرسیارێتییە پێویستیی بە کارێکی بەکۆمەڵ و هاوکاریی دەوڵەتانی دیکە هەیە. هەڕەشەکانی ئەمڕۆ زۆربەیان سنووربڕن و ڕەهەندێکی نێودەوڵەتیی تێدایە، بۆیە پێویستیی بە وڵامێکی فرەڕەهەند و نێودەوڵەتی هەیە.

پێش ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١، بەرگری لە خاکی کوردستان، زیاتر لایەنی سەربازی و پێشمەرگایەتی بووە و، کەمتر لایەنی ديپلۆماسیی پێوە دیار بووە. بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، دژی حکوومەتی ناوەندیی عێراق هێز بەکار هاتووە. لە ئەنجامی ئەمەوه‌، لەوانە بووە دەستکەوتێکی ديپلۆماسی هەبووبێت یان نا، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە؛ ديپلۆماسی، بۆ بەهێزبوون بەکار دێت.

 

پێناسەی ديپلۆماسییەتی بەرگری:

ديپلۆماسییەتی بەرگری، بریتییە لە چەمکێکی نوێ كه‌ لە دوو بەش پێک دێت: هاریکاریی سەربازی و ديپلۆماسییەت. لە ڕووی ئامرازەکانەوە، چەمکی ديپلۆماسییەتی بەرگری تا ڕادەیەك جیاوازە لە ديپلۆماسییەتی ئاسایی، بەڵام ئامانجی هەردووکیان بەجێگەیاندنی سیاسەتی نيشتمانیی دەرەکییە. ئەم ديپلۆماسییەتی بەرگرییە، چەندین کاری پێویستە كه‌ مەرج نییە هەموویان کاری سەربازی بن، بەڵام ئامانجی هەمووی پاراستن و ڕەخساندنی دۆخێکی سەقامگير و ئاشتییە بۆ نیشتیمان.

سەرچاوەی چەمکی ديپلۆماسییەتی بەرگری، دەگەڕێتەوە بۆ ڕوانگەی ستراتیژیی بەرگریی بریتانی لە ساڵی ١٩٩٨ "Strategic Defense Review". دەوڵەتێکی زلهێزی وەكوو بریتانیا، لە هەموو ئاستەکاندا بيری لە هەماهەنگیی سەربازی کردۆتەوە. بۆیە، ئەم وڵاتە ئاماژە بۆ دەستەواژەی "ديپلۆماسییەتی بەرگری" دەکات. مەبەست لە بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە، بۆ دیاریکردنی گشت ئەو چالاکییانەیە کە دامودەزگه‌ سەربازییەکان لە پێناوی ئاشتی و سەقامگیریدا دەیکەن. بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە، سەرکەوتنێكی بەرچاوی لای دەوڵەتانی تر به‌ده‌ست هێناوە، بۆ نموونە لە لایەن ئیسپانیاوە لە ساڵی ٢٠٠٣.

ئیسپانییەکان لە ڕاپۆرتێکیاندا، پێناسەیەکی باش بۆ ئەم چەمکە دەکەن، کە لە ساڵی ٢٠١٢دا نووسراوە: ديپلۆماسییەتی بەرگری، بریتییە لە گشت چالاکییە نێودەوڵەتییەکان، کە لەسەر بنەمای وتووێژ و هاریکاری، لە لایەن وەزارەتی بەرگرییه‌وه‌، بە شێوەیەکی دوولایەنە یان لەگەڵ هاوپەیمانەکان، دامەزراون. مەبەست لێی، پێكانی ئامانجەکانی سیاسەتی بەرگرییە، کە ئەمەیش لە کۆتاییدا خزمەت بە سیاسەتی دەرەوەی وڵات دەکات.

ئامانجەکانی ديپلۆماسییەتی بەرگری

ديپلۆماسییەتی بەرگری، لە هەمان کاتدا بەشێک و ئامرازێکە بۆ توندوتۆڵکردنی بەرگریی هەرێمی کوردستان. ديپلۆماسییەت، پێویستە هەردەم بەردەوام بێت، بەڵام مەرج نییە تەنیا لەگەڵ دەوڵەتێك یان چەند دەوڵەتێکی دیاریکراودا بێت. لەوانەیە لە هەر دۆخێکدا، بەپێی پێویست جۆرە ديپلۆماسییەتێکی نوێ پیادە بکرێت. لێرەدا بە شێوەیەکی گشتی، هەندێك ئامانجی ديپلۆماسییەتی بەرگری دەردەخەین، بۆ ئەوەی لە ئەنجامدا كوردستان بەرەو پێشکەوتنی ديپلۆماسی و سەربازی بڕوات، بەم شێوەیەی خوارەوە:

یەکەم: بەڕێوەچوونی دیالۆگ و وتووێژی بەردەوام و ڕێکخراو، لەگەڵ ئەو دەوڵەت و هێزانه‌ی کە لە سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا پێگەیەکی تایبەتیان هەیە. ئه‌وه‌ ڕاستە كه‌، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان دەوڵەت نییە، زەحمەتە لە کۆبوونەوە و ڕووداوە ديپلۆماسییە بەکۆمەڵەکاندا، وەکوو هەرێمێکی خاوەن بەرگرییەکی سەربەخۆ بەشداریی پێ بکرێ، بەڵام ده‌بێ بە ڕێگه‌ی دوولایەنه‌ هەوڵ بدرێت، کە ئەویش ڕێگه‌یەکی ديپلۆماسیی سەرکەوتوو و بەرهەمدارە، هەروەکوو ئەو یاداشته‌ لێکتێگەییشتنه‌ی لە نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ١٢/٧/٢٠١٦، واژوو کرا.

دووەم: لە ڕێگه‌ی ئەو پەیوەندییە سەربازییانەوە، پیشانی دەوڵەتانی دراوسێ و جیهان بدرێت کە ئێمەی کوردستانی، لە ناوچەکەدا، بە دوای کەشێکی ئاشتی و ئاسايشێکی بەردەوامدا دەگەڕێین. پێویسته‌ هەوڵ بدرێت پێش ڕوودانی کێشە و ململانێکان، ديدگه‌یەکمان بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئەم کێشانە هەبێت.

سێیەم: پەرەپێدانی کەرەستە یاسایییەکان لە هەردوو ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆییدا. واته‌، هەردەم بۆ پاراستنی کوردستان بە دوای ڕێککەوتننامەی دوولایەنەدا بگەڕێین، لە هەمان کاتدا پیشانی نەدەین کە ئەم ڕێککەوتننامەیە هەڕەشەیەك دەبێت بۆ لایەنێکی دیاریکراو. ده‌بێت جۆرە سیاسەتێکی بێلایەن بەرامبەر کاروباری ناوخۆییی وڵاتانی دراوسێ هەڵبژێردرێت و، هەر کاتێك ئەوان ویستیان دەست له‌ کاروباری ناوخۆییی هەرێمی کوردستان وەردەن، ديپلۆماسییەتی بەرگری، کارا بکرێت.

چوارەم: ئامانجێکی تر لە ئامانجەکانی ديپلۆماسییەتی بەرگری، گه‌ره‌كه‌ بریتی بێت لە پەرەپێدانی توانای سەربازیی هەرێمی کوردستان. بۆ نموونە مەشقپێکردنی پێشمەرگە لە لایەن دەوڵەتانەوە. چەندین جار بينیومانە پێشمەرگە لە لایەن سەربازانی ئەورووپی و ئەمریکییەوە مەشقیان پێ کراوە، ئەمە خۆی، هەنگاوێکی باشە بۆ بەهێزکردنی پێشمەرگە دژ به‌ داعش. پێویستە ئەم هەنگاوانە، لە ڕێگه‌ی کەناڵە ديپلۆماسییە سەربازییەکانه‌وه‌ دووبارە ببنەوە و بەدامەزراوەیی بکرێن. ئامانجێکی تری ديپلۆماسییەتی بەرگری ئه‌وه‌یه‌ كه‌، پێویستە کار بۆ دروستکردن و پێشخستنی پيشەسازیی سەربازی بکات: کارگەی خۆماڵی، بە یارمەتیی دەوڵەتان، کەلوپەل و کەرەستەی سەربازیی پێویست لە ناو هەرێمی کوردستاندا دروست بكات.

ئەرکەکان و کەرەستەکانی ديپلۆماسییەتی بەرگری:

 لێرەدا گرنگترین ئەرک و کەرەستەکانی ديپلۆماسییەتی بەرگری، دەخەینە ڕوو:

یەکەم: ڕێگەگرتن لە هەر ململانێ و ناکۆکییەك لە چوارچێوەی کاری دامودەزگه‌کانی بەرگریدا، لە ڕێگه‌ی پەیوەندیکردنی بەردەوام لەگەڵ هێزەکانی تردا. دامودەزگه‌کانی پێشمەرگە، پێویستییان بەو پەیوەندییە تۆندوتۆڵە هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ هێزەکانی دراوسێ و دەوڵەتانی تردا، بە زووترین کات بتوانرێت ئاو بەو ئاگرانەدا بکرێت کە لە حاڵەتێکدا ڕوو دەدەن و ترسی فراوانبوونیان هەیە. وه‌ك ئەو حاڵەتانەی لە دووزخورماتوو لە نێوان هێزە کوردستانییەکان و حەشدی شەعبیدا ڕوویان دا؛ ئەویش بە دروستکردنی پەیوەندییەکی ڕوون و ئاشکرا و بەدەستهێنانی متمانەی بەرامبەر و سەرخستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان. ئەم بەرژەوەندییانەیش بریتین لە ئاشتی، ئاسايش، پێکەوەژیان، دراوسێتیی باش و ڕێزگرتن لە یاسا و...هتد.

دووەم: هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ هەموو ئه‌و دەوڵەت و ڕێکخراوانەی لە بواری بەرگریدا کار دەکەن، وەکوو NATO و نەتەوە یەکگرتووەکان. ئێستا، هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتیی سەربازیی دژی داعش. ڕاستە ئێستا ديپلۆماسییەتێکی سەربازیی کارامان هەیە، بەڵام باشە بير لە ديپلۆماسییەتێکی بەرگری و بەردەوامی فرەلایەن بکرێته‌وه‌. بۆ نموونە، نزیکبوونەوەمان لە ڕێکخراوێکی بەرگریی وەکوو NATO، پارێزەری داهاتووی کوردستان دەبێت.

سێیەم: بۆ ئەوەی بە ديپلۆماسییەتێکی بەرگریی سەرکەوتوو بگەین، پێویستە ديپلۆماسییەتێكی یەکگرتووی هەرێم هەبێت. یەكخستنی سیستەمی بەرگریی هەرێمی کوردستان و، یەكخستنی سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دوو مەرجی هەرە گرنگن بۆ گەییشتن بە ديپلۆماسییەتێکی بەرگری. لە ئەنجامدا، کوردستانمان پارێزراو و سەقامگير دەبێت.

چوارەم: ئامرازێکی تر بۆ بەهێزکردنی ديپلۆماسییەتی بەرگریی هەرێمی کوردستان، بەستنی ڕێککەوتننامەیە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا، كه‌ ئێستا له‌ جەنگی دژی داعش یارمەتیی کوردستان دەدەن. ئێستا، لە جەنگی داعشدا دەوڵەتانی دژی داعش پێویستییان بە کوردستان هەیە، بەڵام لە دوای جەنگی داعش، كوردستان پێویستیی بەو دەوڵەتانە دەبێت. کەواتە، ئەو پەیمان و یارمەتییانەی ئێستا، دەبێت بنووسرێن و دیكۆمێنت بکرێن و تێڕوانيان بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان هەبێت. ئەم ڕێککەوتننامانە، با ببنە بناغەیەك بۆ پاراستنی داهاتووی کوردستان. با هەوڵ بدرێت هاوشێوەی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەییشتنەی لە نێوان هەرێمی کوردستان (وەزارەتی پێشمەرگە) و ئەمریکا (وەزارەتی بەرگری)دا بەسترا، دووبارە و چەندبارە لەگەڵ هەموو دەوڵەتانی تریش ببەسترێت. گرنگیشە کار لەسەر ناوەڕۆکی ئەم جۆرە ڕێککەوتننامانە بکرێت، بۆ ئەوەی تەنیا کارێکی سەربازی نەبێت، بەڵکوو پەیامێکی بەرگریی داهاتووی تێدا بێت، کە پێگەی سیاسیی هەرێم بەرزتر بکاتەوە.

پێنجەم: بەهێزکردنی نوێنەرایەتیی هەرێم لەو وڵاتانەدا کە پەیوەندیی سەربازی، کۆمان دەکاتەوە. بۆ نموونە ئێستا، ئەمریکا و فەرەنسا بەتەواوی لە جەنگی مووسڵدا بەشدارن و بەرپرسە ئەمریکی و فەرەنسییەکان ڕۆژانە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەدا لە پەیوەندیدان. بۆیە باشە، بير لە پتەوکردنی نوێنەرایەتیی هەرێم لەم دوو دەوڵەتەدا بکرێتەوە، بەتایبەتی لە ڕووی سەربازییەوە. پێویستە کەسانێکی شارەزا لە سیستەمی بەرگریی فەرەنسا و ئەمریکا، شان بە شانی نوێنەرەکان کار بکەن. مەرج نییە ئەم ڕاوێژکارانە خەڵکی کوردستان بن، بەڵام با لەو کەسانە بن کە بتوانن پەیوەندییەکانی هەرێم و ئەو دەوڵەتانەی باسمان کرد، پتەو بکەن، بەتایبەتی لە ڕووی سەربازییەوە.

پوختە:

مەبەست لە نووسینی ئەم بابەتە، پتەوکردن و بەردەوامبوونی ديپلۆماسییەتی سەربازی، یان باشتر بڵێین ديپلۆماسییەتی بەرگریی هەرێمی کوردستانە. واتە ئەم ديپلۆماسییەتە، تەنیا بە ديپلۆماسییەتێکی کاتییه‌وه پەیوەست نەبێت‌ و، بە جەنگی مووسڵه‌وه‌ سنووردار نەبێت، بەڵکوو ئەم ديپلۆماسییەتە، پێویستە بەردەوام بێت و شێوازی جۆراجۆر وەربگرێت و، بە شێوەیەکی گشتی خزمەت بە سیاسەتی دەرەوە و سەربەخۆییی کوردستان بکات. پێش ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١، لە پێناوی بەدەستهێنانی مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان، لە لایەن حيزبە سیاسیەکانی کوردستانەوە، دژی حکوومەتی بەغدا هێز بەکار دەهێنرا. لەوانەبوو دەستكەوتێکی ديپلۆماسیی هەبووایە یان نەبووایە. بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە، پێویستە ديپلۆماسییەت بۆ بەهێزکردنی نيشتمان بخرێته‌ كار.

ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بووه‌تە چەقی ديپلۆماسییەتێکی سەربازیی بەرفراوان و فرەلایەن. بۆ داهاتوو، پێویستە بير لە ديپلۆماسییەتێکی بەرگری بکرێتەوە. ئەو هێز و وڵاتانەی کە ئەمڕۆ شان بە شانی پێشمەرگە هێرش دەکەنە سەر مووسڵ، با هەر ئەوانیش، لە داهاتوودا پارێزەری کوردستان بن. ئێستا لە جەنگی داعشدا، دەوڵەتانی دژی تيرۆر، پێویستییان بە کوردستان هەیە، بەڵام لە دوای جەنگی داعش، كوردستانی سەربەخۆ پێویستیی بەو دەوڵەتانە دەبێت. بۆ ئەوەی بە ديپلۆماسییەتێکی بەرگریی سەرکەوتووانە بگەین، پێویستە هەر لە ئێستاوە زۆر چالاکانە، کەرەستە و ئامانجەکانی دیاری بکەین و کاریان لەسەر بکەین.  

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples