دەستپێك
جیهان شایەتە، زۆرترین ڕێژەی گۆڕی بەکۆمەڵ لە سەدەی بيست و، بیست و یەکدا، لە عێراقە. چەندین جار گوتراوە کە عێراقێکی تر لەژێر خاکی ئەم وڵاتەدایە. چيرۆکی نێوان عێراق و گۆڕی بەکۆمەڵ، تەواو گرێدراون. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام، یەكێك لە کارەساتە هەرە سەرنجڕاکێشەکان بۆ کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی، بریتی بوون لە هەڵدانەوەی ئەو ژمارە زۆرەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەژێر خاکی عێراق. بە سەدان گۆڕی بێکێڵ دەدۆزرانەوە و هەڵدەدرانەوە. هەر گۆڕێك سەدان، یان هەزاران خەڵكی لەخۆ دەگرت کە ئێسكوپروسکیان تێکەڵ ببوون؛ بە جۆرێك کە زۆر زەحمەت دەناسرانەوە. ئەم گۆڕانە، نيشاندەری چيرۆکێكی خەمناك و هەمیشەییی عێراقییەکان و گەلی کوردستانيشە. هەر ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە باشترین بەڵگەن بۆ سەلماندنی تاوانەکان، کە دژی ئەو کەسانە و تەواوی هاووڵاتیانی عێراقی ئەنجام دراوە. ئەگەر مرۆڤێکی ئاسایی،بەسروشت لە مردنی خۆی بترسێت، هاووڵاتییعێراقی، ترسەکەی بە جۆرێكی ترە. لەوانەیە لە یەك گۆڕدا،کەسێك تادوا هەناسەی مەرگی خۆی، چاوی لەسەر هاوسەرەکەی و منداڵەکانی و دايك و باوکی بێت، کە لە هەمان گۆڕدایە. پێکهاتەکانی عێراق بەکۆمەڵ کوژراون و بەکۆمەڵ لە گۆڕەکاندا پەستراون. بە چاوی خۆمان دیتمان، گەڕانەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوەکانی کوردستان، چ مێژوویەکی ڕەشی تری ئەم وڵاتەمان پيشان دەدات. مێژووی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق،لەسەردەمی بەعسهوه ڕانەوەستاوە، بەڵکوو هەر بەردەوامە.
لە دوای ٢٠١٤ەوە تا ئەمڕۆ، گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە دەستی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لێ درانەوە، ئەم جارەیان بۆ پێکهاتەیەکی تری کوردستان و عێراق: کوردانی ئێزیدی. هەندێك بەدواداچوونی نێودەوڵەتی، باس لە (٧٢) گۆڕی بەکۆمەڵ دەکەن كه لەسەر خاکی داگیرکراوی عێراق و سووریا هەڵکەندراون. ئەم ژمارە زۆرەی گۆڕەکان، تەنیا لەو خاکانەن کە لە دەستی داعش ئازاد کراون. دەبێت چەندی تریش مابن کە هێشتا لە سنووری دەسەڵاتی داعشدا بن و، چەندیش هەبن، کە تا دنیا هەیە نەدۆزرێتەوە.
گرنگیی بابەتەکە
کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی ئاگادارە کە تاوانی گەورە له دژی کوردانی ئێزیدی لە عێراق ڕووی داوە، ئیدانەیان کردووە، دژی ڕاوەستاون، دانیان پێ داناوە. کەچی کاتێك دێنە سەر لایەنی کرداریی پرسەکە و دادگهییکردنی بکەرانی ئەو تاوانانە و پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، دەوڵەتەکان بەو گڕوتینەوه نابينین. گۆڕە بەکۆمەڵەکان بریتین لە بەڵگەی یاسایی بۆ سەلماندنی ئەم جۆرە تاوانانە لە پێش دادگه نێودەوڵەتییەکان؛ پێویستە بپارێزرێن. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، هەوڵەکان بۆ پاراستنی گۆڕەکان سنووردارن. چەند ڕێکخراوێکی ناحکوومیی نێودەوڵەتی، خۆبەخشانە بۆ ئەم بابەتە هاتوونەتە پێش و، ڕاپۆرتیان دەربارەی نووسیوە. هەروەها چەند لایەنێکی فهرمیی بیانیش پشتگيری و هاوسۆزیی خۆیان نيشانداوە. بۆ نموونە، گرووپی جێگری سەرۆکی گرووپی سۆسیالیست و ديموکراتەکان Group of the Progressive Alliance of Socialists & Democrats (Josef Weidenholzer) لە پەرلەمانی ئەوروپی، داوا لە ئەوروپییەکان دەکات، به مەبەستی بەڵگەنامەکردن و دەرکەوتنی ڕاستییەکان، گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق و سووریا بپارێزرێن و بپشکێنرێن.
لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، لە دوای دوو ساڵ لە کارەساتەکانی شنگال، لە ڕۆژی ٣/٨/٢٠١٦، قایمقامییەتی شنگال گلەییی لە "وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان"ی کوردستان و حکوومەتی عێراقی دەکرد، کە هیچیان بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان نەکردووە. لە لای خۆیەوە، وەزارەتی شەهیدانی هەرێم وەڵامی دایەوە، کە کێشەکە پەیوەندیی بە خودی قایمقامییەتەکەوە هەیە. حکوومەتی عێراقیش، دوور و نزیك، ئەو بابەتەی لە ئەستۆ نەگرتووە. کەواتە لەو ناوەندەدا، تاكە لایەن کە زیان دەکات، پرسی بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزیدی وبەبەڵگەکردنی تاوانەکانە. خاوەنی گۆڕە تاکەکەسییەکان، کەسوکاری مردووەکانن، بەڵام خاوەنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، حکوومەت و دەوڵەتە؛ بۆیە هەر ئەوان، دەبێت سەرپەرشتی بکەن، بیپارێزن و بەڵگەسازیی بۆ بکەن.
لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشی نێوان دوو دەزگهی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە ناکۆکییە چەکدارییەکان لە عێراق (١١/١٢/٢٠١٤-٣٠/٤/٢٠١٥)، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (UNAMI)و، کۆمیسيۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختیان لەسەر بابەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کردۆتهوه. ڕەخنەکارییەك بەم ڕاپۆرتەوە دیارە و، داوادەکات، به مەبەستی دەستکەوتنی بەڵگەکان،گۆڕەکان لە کوردستان و عێراق باش بپارێزرێن. هەندێك جار، ڕێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان هاواریان لێهەڵدەستێت کە،پێویستە گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە شنگال، پێویستە بپارێزرێن، هەروەک لە ڕاپۆرتی مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٦ (Human Rights Watch) دەیخوێنینەوە.
پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان چەندین سوودی یاساییی هەیە: دهرخستنی زانیاریی یاسایی دەربارەی تاوانەکان و نییەتی تاوانکاران، بەرجەستەکردنی ڕاستییەکان، دیاریکردنی زەرەرمەندەکان و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان. لەبەر ئەم هۆیانەی سەرەوە، گۆڕە بەکۆمەڵەکان پێویستییان بە پاراستنێکی تایبەت هەیە.
یاسا و گۆڕە بەکۆمەڵەکان
لە پشت هەر گۆڕێکی بەکۆمەڵ، چەندین چيرۆکی خهمناك و سامناك هەیە. پرسی گۆڕە بەکۆمەڵەکان پرسێکی مرۆڤایەتی، کۆمەڵایەتی، دەروونی، سیاسی و یاسایییە. پرسێکی تایبەت نییە بە عێراق، بەڵکوو ئەم جۆرە گۆڕانە، لە چەندین وڵاتی تریشدا هەن: ئۆگەندا، فليپین، نیپاڵ، هیندستان، بۆسنیا و ليبیا. تا ئێستا، یاسای نێودەوڵەتی نەیتوانیوە پێناسەیەك بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان دابنێت.
ئەگەر بێینە سەر پەیڕەوی بنەڕەتیی دادگهکانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، بۆمان دەردەکەوێت کە یاساداڕێژهرانی ئەم پەيڕەوانە، هەوڵی ئەوەیان نەداوە چەمکی گۆڕە بەکۆمەڵەکان باس بکەن. بەڵام بە شێوەیەکی ناڕاستەخۆ، پرسی نایاساییبوونی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، لە پەیڕەوی بنەڕەتیی دادگهی نێودەوڵەتیی تاواندا دەبينین، کە لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە لە لاهای دەستبەکاربووە. لەژێر ڕۆشناییی ئەم پەیڕەوە، بێسهروشوێنكردن، کوشتن لە دەرەوەی یاسا، کوشتنی بەرفراوان و ڕێکخراوی هاووڵاتیانی مەدەنی و، مامەڵەکردنی نامرۆڤانە، واتا دژی کهرامەتی مرۆڤێك، زیندوو بێت یان مردوو، ئەم حاڵەتانەی سەرەوە هەموویان بە جۆرێك لە جۆرەکان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا ڕوودەدەن. بە مانایەکی تر، ئەو شێوازە جیاوازانەی کوشتن و مامەڵەکردن، بریتین لە تاوانی نێودەوڵەتی. کەواتە گۆڕەبەکۆمەڵەکان سەلمێنەری هەبوونی یەکێکە لەم تاوانانە: تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و، هەروەها تاوانی جینۆساید.
گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەڵگەی یاسایین، لەوانەیە یەکەم و باشترین بەڵگەی یاساییش بن بۆ ڕوودانی تاوانێکی نێودەوڵەتی. دادگهی نێودەوڵەتیی تاوان، تایبەت بە يوگسلاڤیای پێشوو، پشکنێکی تەواوی دەربارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئەنجام داوە و، لە چەندین کەییسدا وەکوو بەڵگەنامەیەکی حاشاهەڵنەگر قبووڵ کرا، بۆ نموونە لە کەیسەکانی ملاديچ و کارازیچ.
هەوڵەکانی پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان، تەنیا بۆ مەبەستی بەڵگەی یاسایی بۆ دادگهکان نییە، ئینجا نێودەوڵەتی بێت یان ناوخۆیی؛ بەڵکوو ئەرکی پاراستنی ئەو جۆرە گۆڕانە، لایەنێکی مرۆڤایەتیی مەزنی تێدایە. کەسوکاری قوربانییەکان، پێویستە ڕاستییهكانیان بۆ دهركهوێ و، لاشەی خۆشەویستەکانی خۆیان بە جوانترین شێوە بە خاك بسپێرن. واتا لە ڕووی دەروونییشەوە، پێویستە کەسوکاری قووربانییەکانی دەستی داعش، بە شایستەترین شێوە قەرەبوو بکرێنەوە. بەپێی بنەمای حەوتەم لە بنەما بنەڕەتییەکان سەبارەت بە قوربانیانی پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٠٥، کە لە لایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچووە، ئەرکی دەوڵەتانە قوربانییەکان ئاشنا بکەن بە ڕاستییەکان و ڕووفاتی کەسوکارەکانیان. باشترین ڕێگهیش بۆ گەییشتن بە هەقیقەتی جینۆساید دژی کوردانی ئێزدی، بریتییە لە پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان لە دەستی تێکدەر و ژینگە.
پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان لە ئاستی عێراق
هەروەک باسمان كرد، پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ئەرکی سهرشانی حکوومەتەکانه. سەبارەت بە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کوردانی ئێزیدی، لەبەر هەڵکەوتەی جوگرافیی گۆڕەکان، ئەرکی هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقییە، کە بیانپارێزێت. عێراق تاکە وڵاتە لە جیهان کە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە، یاسایەکی تایبەت بە کاروباری پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی هەیە: یاسای ژمارە (٥)ی ٢٠٠٦. هەڵبەتە، هۆی دەرچوونی ئەم یاسایەیش دیارە؛لەسەردەمی ڕژێمی ڕووخاوی سەددام، ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان گەییشتبووە ڕێژەیەکی سەرسووڕهێنەر بۆ عێراق و جیهان. دوای ئەم یاسایە، عێراق چاوەرێی ئەوەی نەدەکرد، بۆ جارێکی تریش،گۆڕی بەکۆمەڵی نوێلەسەر خاکەکەی لێ بدرێتەوە. بۆیە، دیسانەوە یاساکە هەموارکرایەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ تاوانەکانی داعش بگونجێت:بەپێی یاسای ژمارە (١٣)ی ٢٠١٥.
ئەگەر بە هەموو جیهاندا بگەڕێین، تاکە یاسا کە پێناسەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کردبێت، یاسای عێراقییە، بەم شێوەیە: "خاکێکە، لاشەی زیاتر لە شەهیدێکی تێدایە، بە شێوەیەك نێژراون یان شاردراونەتەوە کە ڕێوشوێنە شەرعی و بەها مرۆڤایەتییهكان ڕەچاو نەکراون، مەبەست لێی شاردنەوەی تاوانی کۆمەڵکوژییە کە لە لایەن تاکێك، یان کۆمەڵە کەسێك، یان دەستەیەك ئەنجامدراوە، هەروەها بریتییە لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ."سەرەڕای ئەو تێبینییه یاسایییانەی کە دەربارەی ئەم پێناسەیە و یاساکە هەیە، بەڵام یاسای عێراقی بۆ کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان، داهێنانێکی گرنگە. دەسەڵاتی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ڕێکخراوە؛ پێشتر ئەرکی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقی بوو، ئێستا لە دەستی دەزگهی شەهیدانی عێراقە. چەندین ماددە و بڕگە، بە مەبەستی چۆنیەتیی کردنەوە و پشکنینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان داڕێژراون. هەروەها ئەم یاسایە، بۆ دۆزەرەوە و ڕێنیشاندەرەکانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، خەڵاتی داناوه. لە هەمان کاتدا، بۆ ئەو کەسانەی كه دەبنە هۆی تێکدان و ڕێگەگرتن و ونکردنی بەڵگەکان، سزا دانراوە.
پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان لە ئاستی هەرێمی کوردستان
کاتێك دێینە سەر یاسا کوردستانییەکان، دەبينین لەم بابەتەدا زۆر کورتبڕی کراوە. یاسای سندووقی پشتگيری و هاوکاریی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالکراوان و قوربانیانی جينۆساید، ژمارە (٣٧)ی ساڵی ٢٠٠٧، باسی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی نەکردووە. هەروەها یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان، ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٠٧، درکی بەوە نەکردووە کە گەڕان و پشکنین و پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان قەرەبوویەکی مەعنەوین بۆ کەسوکاری قوربانییەکان. ئەم یاسایە، زیاتر باس لە بابەتی ماددی دەکات، نەك مەعنەوی، هەروەکوو لە ماددەی حەوتەمی ئەم یاسایەدا بۆمان دەردەکەوێت. بەپێی ئەو زانیارییەی هەمانە، تاكه یاسا کە باسی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان کردبێت لە هەرێم، یاسای وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستانە: ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٠٦. ماددەی دووەمی پەڕەگرافی دەیەم، دەڵێت: "وەزارەتی ناوبراو ئەرکی گەڕان بە دوای چارەنووسی ئەنفالکراوەکان و دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گێڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، دەگرێتە ئەستۆ."دیارە لە کاتی دەرکردنی ئەم یاسایه لە ساڵی ٢٠٠٦، پەرلەمانی کوردستان لەو باوەڕەدا نەبووە کە جينۆسایدێکی تر دژی هاووڵاتیانی کوردستان و عێراق ڕوو بداتەوە، بۆیە بابەتی گەڕان و دۆزينەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیكورت كردۆتهوه بۆ"ئەنفالکراوەکان". پرۆسەی جينۆسایدی کوردانی ئێزیدی لە ٢٠١٤، بە شێوەیەکی تر ڕوویداو، بە مەبەستێکی جیاواز ڕووی دا و، لە لایەن بکەری جیاوازهوه ڕوویداوە.
بەڵام ڕاستییهكهی، پرۆسەی ئەنفال و جينۆسایدی ئێزیدییەکان، دوو ڕووی هەمان تاوانن، ئەویش تاوانی جينۆسایدە. بۆ قوربانیانی ئەنفال لەسەردەمی بەعس، چی کراوە و چی دەکرێت، پێویستە بە هەمان شێوەیشبۆ قوربانیانی دەستی داعش بکرێت. بەتایبەتی كه ئێستا پێگەی هەرێمی کوردستان لە بارێکی نێودەوڵەتیی باشدایە، دەتوانرێت هێشتا زیاتر، کار لهسهر کەیسی ئێزیدییەکان بكرێت. سۆزێکی نێودەوڵەتیی بەهێز بۆ ئەم کەیسە هەیە. پێویستە یاساکانی هەرێمی کوردستان، وەڵامی تەواویان بۆ ئەم پرسە هەبێت، وەک چۆن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٥دا، یاسای کاروباری گۆڕەبەکۆمەڵەکانی هەموارکرد، بۆ ئەوەی لەگەڵ پێشهاتە نوێیەکانی عێراق بگونجێت.
ئەگەر بەوردی دەقە یاسایییەکەی هەرێمی کوردستان بخوێنینەوە، پرسی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان باس ناکات، تەنیا باس لە "گەڕان"، "دۆزینەوە" و "گێڕانەوە" دەکات. بابەتی پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە، ئەرکێکی نيشتیمانییە و، داواکارییەکی نێودەوڵەتییە. دەقە یاسایییەکانی پەرلەمانی عێراق، زۆر باش داڕێژراون. بەڵام بە کردار، حکوومەتی عێراق ناتوانێت بەتەواوی پیادەی بکات، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە لەژێر دەستی هێزە عێراقییەکاندا نییە.
دەقە یاسایییەکانی هەرێم،بەرامبەر پرسی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لاوازن. بە کردەوە، دەبينین چەندین هەوڵ بۆ پاراستن و پشکنینی گۆڕەکان هەیە، بەتایبەتی لە لایەن لێژنەی باڵای بەجينۆسایدناساندنی کەیسی ئێزیدییەکان. لە لایەکی ترەوە، چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ناحکوومی، دەیانەوێت هاوکار بن؛ وەکوو کۆمیسيۆنی نێودەوڵەتی بۆ کەسە ونبووەکان (International Commission on Missing Persons)، كه چالاکانە لە مانگی (٣)ی ٢٠١٦هوه کار دەکەن. هەرچۆنێك بێت، کار و هەوڵەکانی ئەم جۆرە ڕێکخراوانە، پێویستە بە ئاگاداری و چاودێریی دادگه نێودەوڵەتییەکان (وەك دادگهی نێودەوڵەتیی تاوان) و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان (وەك کۆمیسيۆنی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان) بێت. حکوومەتی هەرێمێش لە ڕێگهی دامەزراوەی تایبەتمەندەوە، ڕێکخەر و سەرپەرشتیاری کۆی پرۆسەکانی تایبەت بە گۆڕە بەکۆمەڵەکان بێت.
کۆتایی
لە ڕێگهی گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە، ویستراوە ناسنامەی نەتەوەیەك، یان کۆی پێکهاتەیەکی ڕەسەنی تێدا بنێژرێت. پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئەرکێکی نيشتمانییە. پشکنين و لێکۆڵینەوەکان کارێکی پيشەیی و زانستیی وردە و، ناساندنیان بە جينۆساید، مافێكی نێودەوڵەتییە. كوردستان، لە بواری گەڕان و هەڵدانەوە و پشکنين و پاراستن و بەڵگەکردنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، پێویستیی بە دەزگهیەکی حکوومیی تایبەتمەند هەیە. ئەم دەزگهیە، دەتوانێت سوود لە شارەزا نێودەوڵەتییەکان وەرگرێت و، هاوکار بێت بۆ هەر دادگه و لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی. گۆڕە بەکۆمەڵەکان باشترین بەڵگەی سەلماندنی تاوانی جينۆسایدن. هەروەها پاراستن و ناسينەوە و بەرزڕاگرتنی جەستەی شەهیدان، قەرەبووکردنەوەیەکی مەعنەویی کاریگەرە بۆ کەسوکاری قوربانییەکان.