خستنه‌ڕووی پرس
پاش ته‌واوبوونی جه‌نگی سارد، سه‌رده‌مێكی نوێ له هاوكێشه سیاسییه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هاته ئاڕاوه. كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه تا ئێستا سیسته‌مێكی نێوده‌وڵه‌تیی جێگیر بۆ ڕێكخستنی كاروباری نێوده‌وڵه‌تیی ناوچه‌یی نه‌هاتۆته ئاراوه و، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ناوه‌نده ئه‌كادیمی و سیاسییه‌كان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرا، ئه‌م سیسته‌مه نوێیه تاكجه‌مسه‌ریش نه‌بوو و، نییه. به‌م واتایه كه له قۆناغی ڕێگوزه‌ر و گواستنه‌وه‌داین له سیسته‌م و ڕێكخستنێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕێكخستن و سیسته‌مێك كه تا ئێستا ڕوون نییه كه به‌ره‌و چ ئاقارێك ده‌ڕوا. هه‌ر به‌م هۆكاره‌یه كه ئه‌م سه‌رده‌مه له ڕووی ئاسایشییه‌وه به سه‌رده‌می "نادڵنیایی و ئاڵۆزی" ده‌ناسرێت.
سیسته‌م و بونیادی هه‌رێمیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش كه له ده‌یه‌ی (70)كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا جێگیر ببوو ئێستا له گۆڕاندایه و، پڕ و ته‌ژییه له ئاژاوه و كێشمه‌كێش و ململانێ و توندوتیژی و ته‌نانه‌ت جه‌نگی خوێناوی و، ئه‌و سیسته‌م و ته‌كووزه كۆنه‌یش كارامه‌ییی خۆی له‌ده‌ست داوه. له‌م نێوه‌نده‌دا پاش ڕووداوی 11ی سێپته‌مبه‌ری ساڵی 2001 و هێرشی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان بۆ ئه‌فغانستان و عێراق، ڕه‌وتی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكارییه‌كان خێراتر بوو و، زیاتر پشێوی و ئاڵۆزیی به‌خۆیه‌وه بینی.
بۆیه پرسیار ئه‌وه‌یه كه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ڕووداو و ئاڵۆزییه‌كان به‌ره‌و كوێ ده‌ڕۆن؟ یان به واتایه‌كی تر، هۆكاری ئه‌و هه‌موو ئاڵۆزی و توندوتیژی و پێكدادانه له نێوان ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه به‌گشتی و، ئه‌كته‌ره خوارنه‌ته‌وه‌یی-ناده‌وڵه‌تییه‌كان و ئه‌كته‌ره ده‌وڵه‌تییه‌كان و ئه‌كته‌ر سه‌رووهه‌رێمییه‌كان به‌تایبه‌ت، چییه؟
لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین هۆكاره‌كانی ئه‌و ئاڵۆزی و گۆڕانكارییانه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕوون بكه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی باشتر بتوانین خوێندنه‌وه بۆ هاوكێشه‌كانی ئێستا و داهاتووی ناوچه‌كه بكه‌ین. گریمانه‌ی ئه‌م نووسینه‌یش ئه‌وه‌یه كه پاش كۆتاییهاتنی جه‌نگی سارد، سیسته‌م و ڕێكخستنی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له قۆناغی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌دایه، به‌م پێیه‌یش هاوسه‌نگیی نوێ دروست ده‌بێت.
به هۆی نه‌مانی هاوسه‌نگی و سیسته‌می پێشووتر‌ی ئاسایشیی ناوچه‌یی، ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه له ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌كییدا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه و گوشاردان و، بۆیه‌یشه له ئاستی سیاسه‌تی ده‌ره‌كیدا ڕه‌فتارێك ده‌كه‌ن كه ببێته هۆی جێگیربوون و توندوتۆڵبوونی سیسته‌می حوكمڕانی و ئاسایشی ناوخۆییی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه.
یه‌كه‌م: ستراتیژیی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
سه‌ڕه‌رای پرسی ئاسایشی وزه له ڕابردوو و ئێستادا و، هه‌روه‌ها پاراستنی ئاسایشی ده‌وڵه‌تانی دۆست و هاوپه‌یمانی نه‌ریتیی ئه‌مریكا (ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی، به‌تایبه‌ت سعوودیا و هه‌روه‌ها ئیسڕائیل)، به‌پێی لێكدانه‌وه‌كان، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌پێی سیناریۆیه‌كی دڵخوازی خۆی، ده‌یخواست وه‌كوو ئه‌وه‌ی كه له ژاپۆن و ئه‌ڵمانیای ڕۆژاوا و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا ڕووی دا، ڕێكخستنی ویستراوی خۆی له ناوچه‌گه جێگیر بكات و به‌ره‌ژه‌وه‌ندییه‌كانی بپارێزێت.
به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه، ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان و ئاڵوگۆڕه‌كان وای كرد كه ته‌نانه‌ت ستراتیژیسته‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه چۆن بتوانن به كه‌مترین تێچوو، ناوچه‌كه به‌جێ بێڵن و ئه‌و پشێوی و ڕووداوانه‌ی كه دواتر بینیمان له عێراق ڕووی دا و، ته‌نانه‌ت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌و تاوان و كاره‌ساتانه‌ی سووریا و دروستبوونی داعش به‌جێ هێشت، كه ئه‌مریكا (لانی كه‌م ئیداره‌ی ئۆباما) نا‌یه‌وێت جارێكی تر ڕاسته‌وخۆ به‌شداری له جه‌نگێكی تر بكات.
ڕاستییه‌كه‌ی، هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌مه‌یش (سه‌ره‌ڕای پرسه ناوخۆیییه‌كانی ئه‌مریكا) ئه‌وه بوو كه ستراتیژیی نوێی ئه‌مریكا ئه‌وه بوو و، ویستی كه چه‌قی ستراتیژیی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و ناوچه‌ی نفووزی چین (وه‌كوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌تر بۆ سه‌ر داهاتووی پێگه و نفووزی ئه‌مریكا) بگوازرێته‌وه و، پاراستنی هاوپه‌یمانان له مه‌ترسییه‌كانی كۆریای باكوور و سنوورداركردنی چین و ڕووسیا و ڕێگه‌گرتن لێیان له كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كه، ببێته ئه‌وله‌وییه‌تی سه‌ره‌كیی ئه‌مریكا. به‌م مانایه كه "چین" وه‌كوو هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ره‌كیی داهاتوو و، مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر ئاسایش و پێگه و هێژموونیی سه‌ربازی و ئابووری و، به‌م پێیه‌یش سیاسیی ئه‌مریكا له جیهاندا ده‌ستنیشان كراوه.
بۆیه بۆ خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری ئه‌مریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه سیاسه‌ت و ستراتیژیی ئه‌مریكا له‌م ناوچه‌یه گرێدراوی ستراتیژییه باڵاكانی ئه‌مریكایه له جیهان و، چۆنیه‌تیی تێگه‌یشتن و پێناسه‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كان بۆ سه‌ر ئه‌مریكا و گۆڕانكارییه‌كانیه‌تی له لایه‌ن سیاسه‌تداڕێژه‌رانی ئه‌مریكی.
ئه‌مه سه‌ڕه‌رای پرسی تیرۆر، وه‌كوو گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیی پێناسه‌كراوی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌مریكا؛ بۆیه، سیاسه‌ته‌كانی به‌م ئاراسته‌یه ده‌ڕوات كه گورزی كوشنده له‌و گرووپ و ڕێكخراوه تیروریستییانه بدات، به‌تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌مه بێجگه له پرسی ڕێگه‌گرتن له نفووزی ده‌وڵه‌تانی ڕووسیا و ئێران له ناوچه‌كه. لێره‌وه‌یه كه شاهێدی خاوی، ناڕوونی، ئاڵۆزی و بێهه‌ڵوێستیی ئیداره‌ی ئه‌مریكاین له پرسه‌كانی ناوچه‌كه‌دا.
دووه‌م: ڕووسیا له هاوكێشه جیۆسیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا
به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕاستییانه، ڕووسیای سه‌رده‌می پووتین (Vladimir Putin)، به‌تایبه‌ت دوای ساڵی 2007وه، هه‌وڵ ده‌دات به تێپه‌ڕاندنی ستراتیژیی سیاسه‌تی یۆرۆئه‌تلانتیكگه‌رایی (Euroatlantism) و ئۆراسیاگه‌رایی(Eurasianism)، دووباره پێگه و ڕۆڵی خۆی له هاوكێشه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ده‌ست بێنیته‌وه. به‌م مانایه‌ی كه قۆناغی ئیفلیجبوون (The stage of paralysis)ی پێشووتر تێ په‌ڕێنێت، كه له هاوكێشه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان په‌راوێز خرابوو.
بۆیه چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنی ململانێ جیۆسیاسییه‌كانی ڕووسیا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌تایبه‌ت له چوارچێوه‌یه‌كی ناسراو به "فره‌لایه‌نگه‌رایی" (multilateralism) له بری سیسته‌می فره‌جه‌مسه‌ری (multipolarity)، خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت. بۆیه ڕووسیا هه‌وڵ ده‌دات كه ستراتیژیی "پشتبه‌یه‌كتربه‌ستن له‌سه‌ر بنه‌مای فره‌لایه‌نگه‌رایی" (Interdependence Based on Multilateralism) له ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی په‌یڕه‌و بكات.
به‌و مانایه‌ی كه له گوشار و سنووردارێتیی جاران له ناوچه‌ی "ده‌ره‌وه‌ی نزیك"ی خۆی ڕزگاری بێت و، چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفته‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌به‌ستێته‌وه به سازشی ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی له ناوچه‌كانی تری جێگه‌ی مشت‌ومڕ و ململانێی له‌گه‌ڵ خۆی؛ بۆ نموونه ئاسیای ناوه‌ڕاست و قه‌وقاز و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌ی باڵتیك و...هتد.
كه‌واته ستراتیژیی ڕووسیا، بوونه به "هێزێكی گه‌وره‌ی مۆدێرنی نۆرماتیڤ" (Normalized Modern Great Power)، كه هه‌م پابه‌نده به پڕه‌نسیپه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و به‌شداره له كاروباری جیهانی و، هه‌میش وه‌كوو هێزێكی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی، مامه‌ڵه و هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
لێره‌وه‌یه كه ڕووسیا بۆ دووباره گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر شانۆی سیاسه‌تی جیهانی، به‌پێی ستراتیژیی دروستكردنی هاوپه‌یمانیی به‌رفراوان (extensive alliance – building) له ناوچه جیاجیاكان، ستراتیژیی نوێی خۆی جێبه‌جێ ده‌كات. له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌وڵ ده‌دات هاوسه‌نگییه‌ك له نێوان په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی سوننه‌ی عه‌ره‌بی و ئیسرائیل و توركیا له لایه‌ك و، ئێران و ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له سووریا و بزووتنه‌وه ڕادیكاڵه شیعه‌كان له لایه‌كی تره‌وه، دروست بكات. كه ئه‌مه‌یش ئاڵۆزی و كێشه‌ی بۆ سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و، ته‌نانه‌ت خوێندنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه، دروست كردووه.
سێیه‌م: به‌رژه‌وه‌ندی و تێڕوانینی ئه‌كته‌ره‌كانی تری سه‌رووهه‌رێمی
ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپی، زیاتر له ڕوانگه‌ی ئاسایشی و دژایه‌تیی جه‌نگی دژه‌تیرۆر و، هه‌روه‌ها پرسی ئاسایشی وزه و ئابوورییه‌وه ده‌ڕواننه ناوچه‌كه و، له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا له‌م بوارانه (سه‌ره‌ڕای كه‌مێك جیاوازی و، به‌پێی پێگه و هێزیان) هاوڕا و هاوهه‌ڵوێستن.
بۆیه‌یشه لێره‌وه‌یش له‌گه‌ڵ ڕووسیا پێكدادانێك له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ڕوو ده‌دات. به‌و واتایه‌ی كه ڕووسیا، لێره‌وه ده‌توانێت گوشار بۆ سه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته ئه‌ورووپییانه له‌و بوارانه‌ی كه ئاماژه‌مان پێ دا، دروست بكات.
هاوكات، ده‌وڵه‌تانی تری وه‌كوو چین و هندۆستان، به‌گرنگییه‌وه دڕواننه پرسی ئاسایشی و، به‌تایبه‌ت پرسی وزه و ئابووری له ناوچه‌كه. هه‌رچه‌نده وه‌كوو ئه‌مریكا و ڕۆژاوا، بوون و ده‌ستێوه‌ردانیان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، زه‌ق و به‌رجه‌سته نییه، به‌ڵام له لایه‌ن ئه‌مریكاوه نفووز و ستراتیژی و هاوپه‌یمانییه‌تییان له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره هه‌رێمییه‌كان، چاودێری ده‌كرێت.
چواره‌م: كێبڕكێ و ململانێی ئه‌كته‌ره هه‌رێمییه‌كان
به نه‌مانی ڕێكخستن و سیسته‌می هاوسه‌نگیی كلاسیكیی جه‌نگی سارد له ئاستی جیهانی، كه هه‌ر ئه‌كته‌ره و ئاسایشیی خۆی له چواچێوه‌ی نفووز و پاڵپشتیی یه‌كێك له جه‌مسه‌ره‌كان (یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت و ئه‌مریكا) پێناسه ده‌كرد، ئێستا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش ده‌وڵه‌تان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشیان و پاراستنی خۆیان و، هه‌روه‌ها زیاتركردنی هێز و نفووزیان له ئاستی هه‌رێمیدا، كه له دۆخێكی ئه‌نارشیكدایه، هه‌وڵ ده‌ده‌ن هاوسه‌نگیی نوێ بێننه ئاراوه.
ئه‌مه به‌م مانایه كه تێكچوون و به نه‌مانی ڕێكخستن و سیسته‌می عه‌ره‌بی له ناوچه‌كه (به‌تایبه‌ت پاش 2003 و، دواتر پاش به‌هاری عه‌ره‌بی)، جۆرێك له گرێدراوی له ئاسایشی هه‌رێمی دروست ده‌بێت. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه بێجگه له پرسه‌كانی وه‌كوو (تیرۆر، پیسبوونی ژینگه، كۆچبه‌ران، نه‌خۆشییه سنووربڕه‌كان، مادده هۆشبه‌ره‌كان و...هتد) كه ڕه‌هه‌ندی جیهانییان هه‌یه، ده‌وڵه‌ته هه‌رێمییه‌كان، ئاسایشی خۆیان له‌و هێشووه هه‌رێمییه (هه‌روه‌ك بۆزان و ویۆر Buzan and Ole Waever- ده‌ڵین) ، پێناسه و ده‌پارێزن، واته شێوازێك له سیسته‌می ناوچه‌یی بۆ ئاسایش و ڕێكخستن دروست ده‌بێت، كه ئاسایشی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه له هه‌مبه‌ر یه‌كتریدا پێناسه ده‌كرێت.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه كه باری بۆزان لە كتێبی "Regions and Powers: The Structure of International Security" (ناوچەكان و هێزەكان: بونیادی ئاسایشی نێودەوڵەتی) لە ساڵی (2003)دا، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی یەكێتیی سۆڤیەت، شەش هێشوو- ناوچەی ئاسایشی وەكوو: ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا، ئەفریقا، ئەمریكای باكوور و ئەمریكای باشوور، پێك هات. بەم شێوەیە شەش هێشووی ئاسایش دروست بوو، كە بابەت و پرس و گیروگرفتەكانیان لەگەڵ یەكتری (لەناو هێشووەكە ـ ناوچەكە) وێكچوونی تێدایە. بۆزان، بەرگری لە ئاستی شیكردنەوەی ناوچەیی دەكات و "تیۆریی ئاسایشیی ناوچه‌ییی ئاوێته" Regional security complex theory (RSCT) بونیاد دەنێت.
لێره‌وه‌یه كه ئه‌و ئاوێته‌بوون یاخود ئاڵۆزییه له دۆخی ناوچه‌كه و، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌كته‌ره‌كانی ناوچه‌یی و گرێدراوی پرسی ئاسایشی ده‌وڵه‌تان ده‌بێته هۆی دروستبوونی هاوپه‌یمانیی كاتی و ته‌كتیكی؛ بۆ نموونه بارگرژی و، پاشان ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕووسیا و توركیا، سه‌ره‌ڕای ناكۆكبوونیان له زۆر پرس و بواری تر، یاخود به‌رژه‌وه‌ندی و خاڵی هاوبه‌شی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی و توركیا و ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان له لایه‌ك و، ناكۆكییان له لایه‌كی تره‌وه له‌م نێوه‌نده‌دا.
بە بڕوای بۆزان، ئاستی شیكردنەوەی نەتەوەیی یاخود" ئاسایشی نەتەوەیی"، كە ڕیالیستەكان بەرگریی لێ دەكەن، ناتوانێت هەموو بوار و بابەتەكانی ناوچەیی لەخۆ بگرێت، بەڵكوو هەموویان دەخاتە ژێر ویستی نەتەوەیی و ویستی دەوڵەت، كە ئەمه‌یش ڕاست نییە. هەروەها لە ئاستی جیهانیدا كۆنتێكستی ناوچەیی و خوارنەتەوەیی و نەتەوەیی، هەموویان دەكەونە ژێر هێژموونیی سیستەمی نێودەوڵەتی و، بەپێی فۆرمۆڵی دابەشكردنی هێز لە ئاستی جیهانیدا شیكردنەوەیان بۆ دەكرێت؛ كە ئەمه‌یش ڕاست نییە.
ئه‌مه‌یش به مانای ئه‌وه‌یه كه هێزی هه‌رێمی دێته ئاراوه. به‌م واتایه‌ی كه هاوسه‌نگییه‌كی هه‌رێمی دیته ئاراوه؛ بۆ نموونه توركیا و سعوودیا و ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی له لایه‌ك و، ئێران و عێراق و سووریا له لایه‌كی تر. لێره به‌دواوه هێزه سه‌رووهه‌رێمییه‌كانیش پاڵپشتی له‌م ڕێكخستنه نوێیه ده‌كه‌ن، یاخود له نێوان خۆیان (بۆ نموونه ڕووسیا و ئه‌مریكا) له‌سه‌ر پرسه‌كان ڕێك ده‌كه‌ون.
ئه‌وه به واتای ئه‌وه‌یه كه ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌یی و، هه‌روه‌ها ڕێكخستن و سیسته‌مه هه‌رێمییه‌كان، چیتر وه‌كوو پێشووتر له‌ژێر ڕیسا و یاسای گه‌مه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و بونیادی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی كار ناكه‌ن؛ ئه‌مه‌یش جه‌وهه‌ری سه‌هه‌ڵدانی ئه‌و پرسه نوێیه و ئاڵۆزییانه‌یه، به‌تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كانیش له‌م دۆخه نوێیه و له‌م نێوه‌ندا، ڕۆڵێكی كاریگه‌ر و به‌رچاویان هه‌یه، له لایه‌ك له ئاستی ناوخۆییی ده‌وڵه‌تان، له لایه‌كی تر له هاوكێشه و ململانێی نێوان ده‌وڵه‌ته هه‌رێمییه‌كان؛ بۆ نموونه حزبوڵلای لوبنان، ئه‌لقاعیده، داعش، گرووپه چه‌كداره جۆراوجۆره‌كانی سووریا و...هتد. كوردیش وه‌كوو ئه‌كته‌ریكی ناده‌وڵه‌تی، به‌ڵام هاوشێوه-ده‌وڵه‌ت، ڕۆڵێكی به‌رچاوی له هاوكێشه جیۆسیاسییه‌كان له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه.
ئه‌وه‌ی كه زۆر گرنگه هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین و، ته‌نانه‌ت زه‌مینه‌ی ئه‌و ململانێ و هاوپه‌یمانی و توندوتیژی و بارگرژییانه‌مان له پاش جه‌نگی سارد بۆ ڕوونتر ده‌كاته‌وه و، ئێستا جێگه‌ی ئایدیۆلۆژییه جیهانییه‌كان (له سیسته‌می دووجه‌مسه‌ریی پێشووتر) له ململانێیه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی گرتۆته‌وه، ڕۆڵی فاكته‌ری ناسنامه‌یه، كه ناسنامه‌ی مه‌زهه‌بی و ئایینی، له پاڵ ناسنامه‌ی ئێتنیكی و نه‌ته‌وه‌یی، ڕۆڵی له‌م نێوه‌نده‌دا هه‌یه و، ئاراسته‌ی هاوسه‌نگی و ڕووداوه‌كان دیاری ده‌كات.
به واتایه‌كی تر، ململانێیه ناسنامه‌یییه‌كان له نێوان ده‌وڵه‌تاندا، درێژ بۆته‌وه بۆ ململانێیه جیۆسیاسییه‌كان. بۆیه ئێستا، باس له جیۆپۆلیتیكی شیعی و جیۆپۆلیتیكی سوننه ده‌كرێت و، به‌ڕوونی ده‌بیندرێت و له پرسه ئاسایشییه هه‌رێمییه‌كاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.
بۆیه، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له نووسینی تردا ئه‌م فاكته‌ره ناسنامه‌یییانه، كه بوونه‌ته به‌رنامه‌ی كاری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تان له ناوچه، زیاتر ڕوون بكه‌ینه‌وه. بۆیه‌یشه باس له‌وه ده‌كرێت بنه‌مای كێبڕكی و چۆنیه‌تیی ململانێیه جیۆسیاسییه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه و، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌كته‌ری ناده‌وڵه‌تی (نه‌ته‌وه‌یی-ئایینی و مه‌زهه‌بی) له‌م نێوه‌نده‌دا له هاوكێشه ئاسایشییه‌كانی هه‌رێمیدا ڕۆڵی كاریگه‌ر ده‌بینن. بۆیه‌یشه پرسه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به جیۆكاڵچه‌ر له‌گه‌ڵ پرسه جیۆسیاسییه‌كان ئاوێته بوونه و، هه‌ندێ جار جیاكردنه‌وه‌یان ئاسان نییه. به‌گشتی ئه‌و جه‌نگه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌م سۆنگه و لۆژیكه سه‌رچاوه ده‌گرێت و، خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت.
كۆبه‌ند
كۆتاییهاتنی ڕیسا و یاساكانی بونیادی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تیی دووجه‌مسه‌ریی جه‌نگی سارد، ڕێكخستن و بونیادی هاوسه‌نگیی هێزه‌كانی له هه‌موو جیهان، به‌تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، تێك دا؛ بۆیه پشێوی (Anarchy) و ئاڵۆزی كه تایبه‌تمه‌ندیی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی بوو، ئێستا بۆته هۆی دروستبوونی بارودۆخ و تایبه‌تمه‌ندیی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له لایه‌ك و، ته‌نانه‌ت دۆخی ناوخۆیی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یش له لایه‌كی تره‌وه. سروشتی به‌رژه‌وه‌ندی و ئه‌وله‌وییه‌تی ئه‌كته‌ره سه‌رووناوچه‌یییه‌كان له ناوچه‌كه "زیاتر" ئابووری و له چوارچێوه‌ی جیۆئێكۆنۆمیكدا پێناسه كرایه‌وه و، به‌م پێیه ده‌وڵه‌ته هه‌رێمییه‌كان زیاتر له پرسه‌كانی ئاسایشی هه‌رێمییه‌كان بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان تێوه گلان، بۆ نموونه پاش هاتنه‌سه‌ركاری پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له ساڵی 2002، به‌رژه‌وه‌ندیی ناوچه‌یی و پرسه‌كانی ئاسایشی ناوچه‌ییی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، زیاتر بایه‌خی په‌یدا كرد و، به جۆرێك، بوو به ئه‌وله‌وییه‌تی ستراتیژی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا.
به نه‌مانی هاوسه‌نگی و سیسته‌می پێشوو، ئه‌وه كێشه و پرسه ناوخۆیییه‌كانیش سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه و، له ئاستی ده‌ره‌كیشدا ڕه‌وشێكی نوێ دروست بوو. بۆیه ده‌وڵه‌تان سیاسه‌تێكی وا په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن كه له ئاستی ناوخۆیی، ببێته هۆی به‌هێزبوونی ده‌سهڵاتداریه‌تییه‌كه‌یان؛ بۆ نموونه هێرش و ده‌ستێوه‌ردانی توركیا له سووریا و ڕێگه‌گرتن له به‌هێزبوونی ئه‌كته‌رێكی نا-ده‌وڵه‌تی به ناوی كورد له ڕۆژاوا. ته‌نانه‌ت له‌م دۆخه نوێیه‌دا، ده‌وڵه‌تان له هه‌مبه‌ر گۆڕانكارییه‌كانی ناوخۆییی ده‌وڵه‌تانی تریش هه‌ستیارترن؛ بۆ نموونه ئێران و توركیا له هه‌مبه‌ر گۆڕانكارییه‌كانی سووریا و عێراق و، هه‌روه‌ها به‌هێزبوونی بكه‌رایه‌تیی كورد ته‌نانه‌ت له هاوكێشه سیاسییه ناوخۆیییه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌كانی تری ناوچه‌كه.
لێره به‌دواوه، هه‌ر ده‌وڵه‌تێك هه‌وڵ ده‌دات له ڕێگه‌ی هاوپه‌یمانییه‌وه (هه‌رچه‌نده كاتیش)، ئاسایشی خۆی بپارێزێت و، هاوسه‌نگییه‌ك له ئاستی هه‌رێمی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له قازانجی خۆی بێنێته ئاراوه، كه ئه‌مه‌یش له بونیاد و سیسته‌می پێشووتر‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا كارێكی ناوازه بوو. ئه‌و پرسه‌یش، هۆكاری سه‌ره‌كیی زۆربه‌ری ئه‌و توندوتیژی و پێكدادان و ئاڵۆزی و پشێوییانه‌یه (سه‌ره‌ڕای هۆكاره كاریگه‌ره‌كانی تر).
ستراتیژیی سه‌ره‌كیی هێزه سه‌رووناوچه‌یییه‌كانیش، دروستكردنی هاوسه‌نگییه له نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه له ناوچه‌كه‌دا و، ڕێگه‌گرتن له زاڵبوونی ئه‌كته‌ر- لایه‌نێك به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی تردا. به‌م پێیه‌یش، نه‌گواستنه‌وه‌ی مه‌ترسییه ئاسایشییه‌كانی تیرۆر بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه و ناوچه‌ی ده‌ره‌وه‌ی نزیكیان، له پاڵ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كانیان و نه‌كه‌وتنه ژێر كۆنترۆڵی هێزه سه‌رووهه‌رێمییه‌كه‌ی تر. ئه‌مه ئه‌جێندای هه‌ردوو له ده‌وڵه‌تانی ڕووسیا و ئه‌مریكایه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و، نه‌خشه‌ڕێگه‌یه بۆ چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێزه هه‌رێمییه‌كان و ئه‌كته‌ره-ناده‌وڵه‌تییه‌كان.
كوردیش له چوارچێوه‌ی ئه‌م سیسته‌م- بونیاده‌دا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌توانێت ڕۆڵی بكه‌رایه‌تیی خۆی ببینێت. بۆیه دوو فاكته‌ری "ناسنامه" و "جیۆپۆلیتیك"، ڕۆڵی سه‌ره‌كی له هاوكێشه ئاسایشییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا ده‌بینن.
|