دياردەی دەوڵەتی "فرەسوپا"

دەستپێك

دەوڵەت پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی فرەڕەهەند و فرەڕێکخستنە. هەلومەرجی هەر دەوڵەتێك بڕیاردەدات، چۆن و بە كام شێوە دەوڵەتەکان خۆیان ڕێک بخەن. ئەوەی تا ئەمڕۆ لە زانستە سیاسی و یاسایییەکاندا سەلمێندراوە، دەوڵەت هەندێك لە ئەرکەکانی بە تاكلایەنانە جێبەجێ دەکات و لە هەندێك بابەتی تردا، دەوڵەت فرەلایەنانە دەسەڵاتەکانی بەڕێوە دەبات. بە مانایەکی تر، حکوومەتی ناوەندی، ئەرك و دەسەڵاتە هەستیار و گرنگەکان لە دەستی خۆیدا دەهێڵێتەوە، پرسەکانی تری حکوومەت لەگەڵ یەکە کارگێڕییەکان و دەسەڵات و ناوەندەکانی تری کۆمەڵگه‌، دابەش دەکات. بەرگریکردن لە نيشتمان، پرسێکە پێویستیی بەوەیە بە شێوەیەکی ناوەندی (مەرکەزی) ڕێک بخرێت. ئەرکە هەرە مێژوویی و بنەڕەتییەکانی دەوڵەت، بریتییە لە پاسەوانی، كه‌ هەروەها پێی دەگوترا "دەوڵەتی پاسەوان". واتا ئەرکی سوپای دەوڵەت، بەرپەرچدانەوە و بەرگریکردنە لە هەموو هەڕەشەیەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، کە ڕووبەڕووی گەلەکەی دەبێتەوە.

پێناسەی فرەسوپایی لەناو یەك وڵاتدا

فرەسوپایی (چه‌ندسوپایی)، چەمکێكی یاسایی نییە کە بە دەقێکی ڕێکوپێك پێناسە کرابێت. لە بنەڕەتدا، یەك دەوڵەت هەیە و، یەك سوپایشی دەبێت. فرەسوپایی، کارێکی نامۆیە و پێچەوانەی ئاراستەی دەوڵەتدارییە. ئەگەر دیاردەی فرەسوپاییش هەبێت، لە دەوڵەتێكەوە بۆ دەوڵەتێکی تر جیاوازە. هۆکار و ئامانجی دروستبوونی فرەسوپایی لە وڵاتەکاندا، وەك یەك نین. ئەگەر بمانەوێت پێناسەیەکی سادەی دەوڵەتی فرەسوپایی بکەین، بریتییە لە بوونی چەند سوپایەک لە يەك وڵاتدا، کە لە ڕێکخستن و ئامانجی دروستبوونیاندا، جياوازییەکی زۆر هەیە. ئەم فرەسوپایییە، فەرماندەیەك نییە یەکی بخات، یان فەرماندەیەكی لاواز کۆیان دەکاتەوە.

لەبەر هەبوونی جەنگ و ململانێی هەميشەیی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆر هەست به‌ دیاردەی فرەسوپایی دەکەین. هۆکاری ئەم ناکۆکییانە زۆرن: ئایینی، نەتەوەیی و سیاسی. عێراق، لەو کاتەی لەسەر دەستی بریتانییەکان دروست بووە تاکوو ئێستا، هەردەم فرەسوپاییی پێوە دیار بووە. لە کاتی خۆیدا، بریتانییەکان یەکەی سەربازییان لە پێکهاتەیەکی دیاریکراو دروست دەکرد؛ پشتگيریی تایبەتی ئەو یەکانەیان دەکرد، لەسەر حيسابی سوپای عێراق و پێکهاتەکانی تر.

هەرێمی کوردستان دیاردەی فرەسوپاییی بەخۆوە دیوە. ئەم دیاردەیە، لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی بيستەم، براکوژیی لێ دروست بوو. ئەوە چەندین ساڵە هەوڵدەدرێت کە پێشمەرگە یەك بخرێتەوە. لە لایەن فەرماندەییی گشتیی هێزە چەکدارەکان و وەزارەتی پێشمەرگەوە، لە پێناوی نەهێشتنی فرەسوپایی لە هەرێمی کوردستاندا، هەنگاوی باش نراوە. تێکەڵبوونی خوێنی ئاڵی پێشمەرگەی هەموو لایەنە سیاسییەکان لە یه‌ك خەندەقدا، پێویستە ببێت بە هەوێنی نەهێشتنی فرەسوپایی لە هەرێم. جەنگی دژەداعش دەرفەتێکی گرنگە بۆ یەكخستنی سوپای هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەزگه‌ فه‌رمییەکانی هەرێم. ئەوەی زیاتر لەم باسەدا تیشکی دەخەینە سەر، دیاردەی فرەسوپایییە لە عێراقدا، بەڵام پێش ئەوە پێویستە هەندێك باسی فرەسوپاییی نێودەوڵەتیش بکەین.

فرەسوپاییی نێودەوڵەتی

ئەو فرەسوپایییه‌ی کە ئێمە مەبەستمانە باسی لێوە بکەین، جیاوازە لە فرەسوپاییی نێودەوڵەتی کە لە چەندین شوێن لە جیهاندا بڵاو کراونەتەوە. ئەم فرەسوپایییە، بە هێزی فرەناسنامەکان (Multi-National Force) ناسراون. هەر لە ناوەکەیەوە دیارە، ئەم جۆرە هێزانە بۆ مەبەستێکی دیاریکراو دروست دەکرێن و، پێك دێن لە چەند یەکە و سەربازی جیاوازی چەند دەوڵەتێك. هەر یەکەیەکی سەربازی، لەوانەیە که‌لتوورێكی سەربازیی تەواو جیاوازی هەبێت، ئەرکێکی تایبەتیشیان بۆ دیاری دەکرێت. هەموو ئەم هێز و سوپا جیاوازانە، لەژێر چەتری فەرماندەیییەکی یەكخراو، فەرمان و ئەرکە سەربازییەکان ڕادەپەڕێنن. لە هەمان کاتدا، ئەم جۆرە هەماهەنگی و ڕێکخستنە، لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا بە "هاوپەیمانێتی"يش ناسراوە.

لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی پێشوو، ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە لایەن هێزێکی فرەسوپای نێودەوڵەتی پارێزرابوو؛ هێزەکە پێکهاتبوو لە ئەمریکا و بریتانیا و فەرەنسا. لە ساڵی ٢٠٠٣، حکوومەتی ڕژێمی بەعس، بە هێزێکی فرەسوپای نێودەوڵەتی ڕووخا. لە نێوان ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١١، عێراق بە هێزێکی فرەسوپاییی نێودەوڵەتی کۆنتڕۆڵ کرابوو. عێراق، لە لایەن"هێزی فرەناسنامە لە عێراق" (Multi-National Force – Iraq) دەپارێزرا و بەرگریی لێ دەکرا. لە ساڵی ٢٠٠٤، سکرتێری دەوڵەتی ئەو کاتەی ئەمریکا  Colin Powell، ئامانجی ئەم هێزەی ڕاگەیاندبوو، کە بریتی بوو لە پاراستنی ئاسایش و خاکی عێراق و ڕێگەگرتن لە تيرۆریزم، هەروەها یارمەتیدانی گەلانی عێراق بۆ قۆناغێکی سیاسیی نوێ و، ئاسانکاری بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی، کە عێراق بنیات بنرێتەوە، ئەمانە هەمووی لەژێر یەك فەرماندەیی هێزی فرەناسنامە لە عێراقدا.

ئامانجی دروستبوونی هێزی فرەسوپاییی نێودەوڵەتی، تەواو جیاوازە لەگەڵ فرەسوپاییی ناوخۆیی. هێزی فرەسوپاییی نێودەوڵەتی، لە لایەن یاسای نێودەوڵەتییەوە ڕێگه‌پێدراوە، بەتایبەتی ئەگەر ئامانجی ئەم جۆرە هێزانە پێچەوانەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی نەبێت. مەبەستێکی تر لە دروستبوونی هێزی فرەسوپاییی نێودەوڵەتی، یان هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی، کارکردنی بەکۆمەڵە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو. شاراوە نییە، هەر کارێکيش بەکۆمەڵ بێت، لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا ئاسانتر قبووڵ دەکرێت. بۆیە هێزە فرەناسنامەکان، کە لە ڕاستیدا فرەسوپایییە، بۆ شەرعیيەتدان بە کارکردن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئامرازێکی کاریگەرە. بۆ نموونە، دەبينین کە ئەمریکییەکان بۆ ئەوەی شەرعییەت بده‌نه‌ کارێکی نێودەوڵەتی، هەردەم بە دوای هاوپەیمانێتیی سەربازیدا دەگەڕێن. لە ساڵی ٢٠٠٣ بە دواوە، دەوڵەت هەبوو بەشداریی لە (هێزی فرەناسنامە لە عێراق) کردبوو، ژمارەی سەربازەکانی لە پەنجەی دەستێك تێپەڕ نەدەبوون؛ وەکوو ئایسلەندا. بەڵام لەناو هەمان هێزدا، دەوڵەت هەبوو بە زیاتر لە سەد و پەنجا هەزار سەرباز بەشداریی کردبوو، وەکوو ئەمریکا.

فرەسوپاییی ناوخۆیی

کێشە گەورەکە لە فرەسوپاییی نێودەوڵەتیدا نییە، کاتێك فەرماندەیەکی یەکخراو و ئامانجێکی یاساییی هەبێت، بەڵکوو فرەسوپاییی ناوخۆیی، بەرپاکەری ململانێکانە. ئەگەر فرەسوپایی و فرەناسنامەییی هێز لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، پێگە سەربازییەکان بەهێز دەکات، لە ئاستی ناوخۆدا تەواو پێچەوانەیە؛ فرەسوپایی، دەبێتە هۆی لاوازبوون و درزتێکەوتنی دەوڵەت و، ململانێی هەمیشەیی دروست دەکات. هەروەکوو ئاماژەمان پێ کرد، لەگەڵ دروستبوونی عێراقدا، دیاردەی فرەسوپایی له‌و وڵاته‌دا پەیدا بووە. هۆکاری ئەم فرەسوپایییەیش زۆرە: هەندێکیان لە لایەن حکوومەتی بەغدادەوە دروست کرابوون، بۆ ئەوەی بتوانێت کۆنترۆڵی وەزارەتی بەرگری بکات. هەندێکیان بۆ هەلومەرجێکی دیاریکراو دروست کراون، یان لە پێکهاتەیەکی دیاریکراو لە دەرەوەی پێکهاتە ئاسایییەکانی وەزارەتی بەرگریی عێراقی دروست کرابوون. ئەم وڵاتە، "جەيش شەعبی"، "فیدائیی سەددام"، "جەیشی قودس"، "قوات الحرس الجمهوري" و...دامەزراند و نەمان.

لەگەڵ پەیدابوونی داعش، چەندین هێزی تری سەربازی لەسەر بانگەوازی پیاوانی ئایینی و کۆمەڵایەتی، دروست بوون. گرنگترین هێزه‌ دروستبووه‌كان بریتین له‌ "حەشدی شەعبی" و، لەگەڵ ئەمەیشدا "حەشدی عەشائیری" و "حەشدی وەتەنی"یش بە شێوەیەکی تر دروست بوون. ئێستا دەنگۆی جددی هەیە، کە بۆ پێکهاتەکانی تری عێراقیش هێز دروست دەکرێت و، هەر ناوچەیەکیش هێزێکی تایبەت بە خۆی دەبێت.

پێگەی سیاسی و سەربازیی هێزی "حەشدی شەعبی"، وای کرد کە ئەم هێزە، لە مانگی (١١)ی ٢٠١٦ ەوە لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، بە یاسا ڕێک بخرێت. بەپێی ئەم یاسایە، هێزی "حەشدی شەعبی"، پێکهاتەیەکی سەربازیی سەربەخۆن و بەشێکن لە هێزە چەکدارەکانی عێراق و، بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقه‌وه‌ بەستراونەتەوە. هۆکار و ئامانجی ئاشکرای ئەم هێزە، بەرپەرچدانەوەی تيرۆریزمە لە عێراق. بەڵام دەبێت چاوەڕێی داهاتوو بکەین، چۆن و بە چ شێوەیەك، ئاراستە و ئامانجەکانی ئەم جۆرە هێزانە دەگۆڕێن. ئەوەی سه‌باره‌ت به‌ باسەکەمان گرنگه‌، عێراق هەر بەردەوامە لە قبووڵکردن و دروستکردنی هێزی جیاواز لە دەرەوەی دەزگه‌ ئاسایییەکانی بەرگری.

لە لایەکی ترەوە، لە دێرزمانەوە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، له‌ پێناو بەرگریکردن لە خاکی کوردستان، پێشمەرگەی دروست کرد. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە، هێزی پێشمەرگە وەك هێزێکی سەربازی، لە دەستوور و یاساکانی عێراقدا ڕێک خرا و دانی پێ دانرا. حکوومەتی بەغداد، ئەمڕۆ پشت بە هێزەکانی پێشمەرگە لە جەنگی دژی داعش دەبه‌ستێت، کەچی بەردەوام، هێزی پێشمەرگە لە شایستە دارایییەکان و پێدوایستییە سەربازییەکان بێبەش دەکات.

لەم هەموو باسەی سەرەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە عێراق دەوڵەتێکی فرەسوپایییە. پێکهاتە و یەکە سەربازییەکانی بەرگری لە عێراق، لەسەر بناغەی نەتەوەیی و ئایینی و ناوچەیی پێکهاتووە و پێك دەهێنرێت. بە ئاسانترین شێوە، دەکرێت هێز لە دەرەوەی دامەزراوەکانی بەرگری دروست بکرێت، دوای ئەوە، بەرگی یاساییی بكرێته‌ به‌ر.

عێراقی فرەسوپا، بەرەو کوێ؟

یەكپارچەییی نيشتمان، تەنیا واتایەکی جوگرافیی نییە. بەرگریکردن لە نیشتمان، بە یەك دەست و بە یەك هەڵوێست، دەکرێت. ئەمڕۆ، عێراق یەك دوژمنی سەرەکیی هەیە کە "داعش"ە. هەموو هێزە جیاوازەکان لە عێراق ڕێک خراون و هەماهەنگن. لە داهاتوودا، ناوچەکانی ژێر دەستی داعش ڕزگار دەکرێت و پرسیار دەربارەی داهاتووی ئەم هەموو هێزە جیاواز و ناکۆکانەی عێراق دەکرێت: ئایا جەنگێکی تر بەڕێوەیە؟ ئەم جارەیان لە نێوان ئەو هێزانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد.

كاتێك دەوڵەتی بۆسنی و هیرزێگۆڤینا ڕاگەیه‌ندرا، دەوڵەتێکی فرەسوپا دروست بوو. سێ پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەییی جیاواز (بۆسنی-کروات-سرب)، سێ سوپای جیاوازیان هەبوو. ئەم سێ سوپایە دژی یەك دەجەنگان و، چەندین کاره‌ساتی خوێناوی لەم وڵاتەدا ڕووی دا. دواتر، هەوڵ درا هەرسێ هێزەکە بەیاسایی بکرێن. هەنگاوی کۆتایی، دوای جەنگ و دوای هەوڵێکی نێودەوڵەتیی مەزن، لە ساڵی ٢٠٠٥، بڕیار له‌سه‌ر یەكخستنی تەواوی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی وەزارەتێکی بەرگریدا، درا.

ئەم بابەتە لە عێراقدا بە شێوەیەکی تەواو پێچەوانە پێش دەکەوێت؛ عێراق تازە بە تازە، پەرە بە فرەسوپایی دەدات. یەكێك لە هۆکارە هەرە سەره‌کییەکانی جەنگی ناوخۆی بۆسنیا، فرەسوپایی بوو. فرەسوپایی لەناو یەك دەوڵەتدا، زەنگی جەنگی ناوخۆیییە. لەم بوارەدا، نموونەکان زۆرن، وه‌ك لە لوبنان، کۆڵۆمبیا، باشووری سوودان و یەمەن ڕوویان داوە و، ڕوو دەدەن. بچووکترین ململانێی نێوان پێکهاتەکان، لەوانەیە بگات بە پێکدادانی سەربازی و، لە ئەنجامدا کارەساتی لێ بکەوێتەوە؛ هەروەکوو لە تووزخورماتوو ڕووی دا. هەروەها، لەبەر کێشە قووڵەکانی عێراق و دەستێوەردانی دەرەکی، حکوومەتی بەغدا، هاوشێوەی سیستەمی بەرگریی ئەمریکی (Unified Command Plan)، لە توانایدا نییە پلانی یەکگرتووی فەرماندەیی دابڕێژێت. ئەمریکا چەندین فەرماندەیی و پێکهاتەی سەربازیی هەیە و لە زیاتر لە ١٠٠ دەوڵەت کار دەکەن. فەرماندەییی هێزی سوپای ئەمریکی، ئەم پلانە یەکگرتووە تۆکمەیە، بە جوانترین شێوە بەڕێوە دەبات.

لە لایەکی ترەوە، دەوڵەتی فرەسوپا ئاماژەیەکی دیارە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت. بنەماکە ڕوون و ئاشکرایە: یەك سوپا، یەك وڵات. لۆژيكیش دەڵێت: چەندین سوپا، چەندین دەوڵەت. ئەڵمانیا و ئیتاڵیا، کاتێك لە سەدەی نۆزدەیەم دەیانویست یەك دەوڵەتی یەکگرتوو دابمەزرێنن، هەوڵی یەکەمیان بریتی بوو لە یەكخستنی سوپا. کەچی عێراق، لە ساڵی ٢٠١٦ پەرە بە فرەسوپایی دەدات. کەواتە ئاراستەکەی عێراق تەواو پێچەوانەی نموونەی ئەڵمانیا و ئیتاڵیایە. ئاشکرایە، بە دروستکردنی هێزی نوێ بۆ ئەم پێکهاتە و بۆ ئەو ناوچەیە لە دەرەوەی دامەزراوەی بەرگری، عێراق خۆبەخۆ کۆتایی بە یەكپارچەییی وڵاتەکەی دەهێنێت؛ کەواتە، بە شێوەیەکی ئاشتییانە بێت یان خوێناوی، دەوڵەتی نوێ لەم ناوچەیەدا بەڕێوەیە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples