ڕیفۆرم و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی گه‌نده‌ڵی، وه‌ك گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی كوردستان:

جه‌نگ، تیرۆر، داعش و ئه‌نفال و كیمیاباران و...، نه‌یتوانی سه‌ری به‌رزی كورد و كوردستانییان دانوێنێت، به‌ڵام له‌ دۆخی به‌رده‌وامبوونی گه‌نده‌ڵیدا، زۆر دڵنیا نیم! هیوادرام ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ و قه‌یرانانه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان له ‌ڕێگه‌ی به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی بڕیاره‌كانی جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی، ببێته‌ ده‌رفه‌تێكی زێڕین (به‌ڵام دوایین ده‌رفه‌ت) بۆ ڕیفۆرم له‌ بونیادی ئابووری- سیاسی و ئیداریی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ ئاسایشییه‌ی هه‌رێم، كه‌ به‌داخه‌وه‌ كوردستانی تا لێواری شكست و لێكترازان بردووه‌ و سه‌رمایه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ كوردستان، ئه‌گه‌ر كۆتاییی پێ نه‌هێنابێت، ئه‌وه‌ خستوویه‌ته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی جددیی داڕمان.

بۆیه‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، با هه‌ست نه‌كات به‌ته‌نیایه‌، به‌ڵكوو ته‌نیا پێویسته‌ ئاورێكی جددی له‌ كۆلێژ و زانكۆكانیش بداته‌وه‌ و سوود له‌ كه‌سانی پسپۆر و ئه‌كادیمی و دڵسۆزیش وه‌ربگرێت. ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ له‌م ده‌رفه‌ته‌ زێڕینه‌دا به‌ پاڵپشتیی هه‌موو هاووڵاتیانی كوردستان (جگه‌ له‌ گه‌نده‌ڵكاران!)، به‌دڵنیایییه‌وه‌ له‌م ئه‌ركه‌ قورس و پێویسته‌ ئاسایشییه‌دا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و، ده‌زانێت كه‌ نه‌ك به‌ته‌نیا نییه‌، به‌ڵكوو هه‌موو كوردستان پشتیوانیی به‌رێزیان ده‌كه‌ن و لاپه‌ڕه‌یه‌كی زێرینی پڕشانازی له‌ كارنامه‌ی خۆیدا تۆمار ده‌كات. به‌ڵام له‌بیریشمان نه‌چێت ئه‌مه‌ ته‌نیا به‌ ئیراده‌یه‌كی گشتگیری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و، هه‌روه‌ها پاڵپشتی و ئه‌ركی پسپۆران و شاره‌زایان و كه‌سانی دڵسۆزی پاك و نشتیمانپه‌روه‌ر سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت.

گه‌نده‌ڵی: هۆكار، ده‌رهاوێشته‌، چاره‌سه‌ر

1- پێناسەی گەندەڵی:

لە پەیوەندیی نێوان گەندەڵی (corruption)ی ئابووری و داراییدا پێناسەی جۆراوجۆرمان ھەیە و لە سادەترین پێناسەدا دەگوترێت: گەندەڵی بریتییە لە پێشێلکردنی یاساکان بە مەبەستی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی تاکەکەسی، یان بەکۆمەڵ.
لە قامووسی "وێبێستێر"دا گەندەڵی بە شێوەی پاداشتی ناڕەوا بۆ ئیجبارکردنی کەسێک بۆ لادان لە وەزیفە پێناسە کراوە و، ئاشکرایە کە ھەموو کاتێک بەکارھێنانی ناڕەوا و خراپی دەسەڵات و ئیمکانیاتی دەوڵەت، بۆ بەرژەوەندیی کەسی نییە، بەڵکوو لەوانەیە بۆ خزم و کەس و تاقم و گرووپ و... بێت.

ڕوانگەیەکی تر بۆ پێناسەی وشەی "فەساد"، یان "گەندەڵی"، ئەوەیە کە ئەم چه‌مكه‌ لە وشەی لاتینی (Rumpere) وەرگیراوە، کە بە مانای "شکاندن"، یان "پێشێلکردن" ھاتووە و ئەوەی کە دەشکێنرێت، یان پێشێل دەکرێت بریتییە لە "شێواز و ڕەفتاری ئەخلاقی، یان کۆمەڵایەتی و، یان ڕێسای ئیداری) و لە زمانی فارسیشدا "فەساد" بە مانای "زوڵم"، "ستەم"، "زەوتکردنی ماڵی کەسێک"، "زەرەر گەیاندن" و "بەدڕەوشتی" بەکار ھاتووە.

زانایەک بەناوی "گونار میردال" بڕوای وایە کە فەساد یان گەندەڵی، شێوازی جۆراوجۆری لادان، یان بەکارھێنانی ناڕەوای ھێز و بەرپرسیارێتی و پێگەی پیشەیییە و، ھەروەھا زانا "جی.اس.نای" گەندەڵی بە ڕەفتارێک دەزانێت بە ھۆی لاوازیی کەسایەتی، کە دەربڕی لادانە لە شێوە ڕەفتاری ئاساییی وەزیفە و لادان و پێشێلکردنی یاسا و ڕێساکان و ئەنجامدانی واستە و پێدان و وەرگرتنی بەرتیل و تەزویرکردن و ...ھتد. زانا "مەک مۆلێن" دەڵێت: گەندەڵی، کاتێک ڕوو دەدات کە کارمەندێکی کەرتی گشتی، یان دەوڵەت لە بەرامبەر ئەنجامدانی کارێک کە بەپێی یاسا لەم کارە ڕێگەی لێ گیراوە، بەرتیل وەردەگرێت.

دامەزراوەی "گالوپ"، گەندەڵی وەکوو چالاکییەکی نایاسایی، کە لەم ڕێگەیەوە ھاووڵاتیان بەرتیل دەدەنە کارمەندانی دەوڵەت تاوەکوو ڕێگەپێدان (مۆڵه‌ت)ی شتێک وەربگرن، یان گرێبەستێک مۆر بکەن، یان لە سزا ھەڵبێن و، بە شێوەی گشتی بەرتیلدان بۆ زاڵبوون بەسەر یاسا و ڕێسای بیرۆکراسیدا پێناسە دەکات.

"بانکی جیھانی" و "ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، "گەندەڵی بە بەکارھێنانی ناڕەوای دەسەڵاتی دەوڵەتی (ھێزی گشتی) بۆ بەدەستھێنانی بەرژەوەندیی کەسی، یان "تایبەتی" پێناسه‌ ده‌كه‌ن.

٢- جۆرەکانی گەندەڵی:

دەستنیشانکردنی "گەندەڵی" و جۆرەکانی، بەپێی جیاوازی لە یاسای دەوڵەتان و، ھەروەھا بەھا و بنەما ئەخلاقییەکانی ھەر کۆمەڵگه‌یەک جیاوازە، بۆ نموونە: زانایەکی زانستی سیاسەت بە ناوی "ھیدن ھایمر" گەندەڵی بەگشتی بەسەر ٣ جۆری (١. گەندەڵیی ڕەش ٢. گەندەڵیی سپی ٣. گەندەڵیی خۆڵەمێشی)دا دابەش دەکات:

١. گەندەڵیی ڕەش: کارێک کە ھەم لە ڕوانگەی جەماوەر و، ھەم لە ڕوانگەی نوخبەکانەوە قێزەونە، وەکوو "بەرتیل".

٢. گەندەڵیی خۆڵەمێشی: کارێک کە لە ڕوانگەی نوخبەکان و پسپۆڕان قێزەونە، بەڵام جەماوەر بێلایەنن (وەکوو جێبەجێنەکردنی یاسایەک لە لایەن کارمەندێک، کە ئەم یاسایە سوودمەندە).

٣. گەندەڵیی سپی: کارێک کە بەپێچەوانەی یاسایە، بەڵام زۆربەی کۆمەڵگە زۆر بە گرنگ و مەترسیداری نازانن (وەکوو: چاودێری لە جێبەجێکردنی یاسایەک کە بە ھۆی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و که‌لتوورییه‌وه‌، سوودمەندی، یان کاراییی خۆی لەدەست داوە).

ھەروھا دەتوانین گەندەڵی بە شێوەیەکی تر بەسەر ٤ دەستەدا دابەش بکەین:
١. گەندەڵیی سیاسی

٢. گەندەڵیی یاسایی

٣. گەندەڵیی ئیداری

٤. گەندەڵیی ئابووری

کە ئەم چوار بابەتەی "گەندەڵی "ئاکامی کار و کارلێک لە نێوان نوخبەی سیاسی و بیرۆکراتی و ھاووڵاتیانە. لە ڕوانگەیەکی ترەوە جۆرەکانی "گەندەڵی" دابەش دەبێت بۆ سەر ٣ جۆری:

١- بنەمای" ئیداری و دەوڵەتتەوەر"

٢- بنەمای "بازاڕتەوەر"

٣- بنەمای "حوکمڕانیی باش"

کە ئەمەیش لە چوارچێوەی "گەندەڵیی سیاسی"دا پێناسە دەکرێت یان جۆرەکانی:
١. بەرتیلخواردن

٢. واستەكاری و پەیوەندیی کەسی و خزم و گرووپ و حزب و...ھتد.

٣. بەکارھێنانی خراپی سەرچاوەی داراییی دەوڵەت، بە نایاسایی.

ھەرچەندە "گەندەڵیی سیاسی" دەتوانێت جیاواز لە "گەندەڵیی ئیداری" بێت، یان پێکەوەگرێدراو بن، زانایەک بە ناوی "پول ھیود"، "گەندەڵیی سیاسی" وا پێناسە دەکات: "ڕەفتاری نابەجێ و لادان لە یاسا و ڕێنمایییە فەرمییه‌كان لە لایەن بەرپرسانی دەوڵەت بە ھۆی بەرژەوەندیی تاکەکەسی و تایبەت، یان حزبی و تائیفی، یان ناوچەیی."
بە بڕوای "ڕۆز- ئەکرمەن"، "گەندەڵی" لە ڕووی سیاسییەوە بریتییە لە: "ڕەفتاری گەندەڵکارانە، یان ئەو چالاکییە گەندەڵئامێزانەی کە لە کاتی دروستکردنی پرۆژەی بودجە دەکرێت، گەندەڵیی سیاسییان پێ دەگوترێت." واتە کاتێک کە "بڕیاری سیاسی" بەسەر بودجەوە زاڵ بێت. یان ئەوەی کە گەندەڵیی سیاسی کاتێک دەکرێت کە دروستکەرانی بڕیاری سیاسی، بە شێوەی سەربەخۆ، یان لە ڕێگەی ھاوکاریی بەرپرسە گەندەڵەکانەوە و، یان کارمەندەکانەوە بە جۆرێک ڕەوتی سەرچاوەکانی گشتی (دەوڵەتی) بگۆڕن کە خۆشگوزەرانیی ئابووریی کۆمەڵگە تووشی کێشە و لاوازبوون بێت لە بەرژەوەندیی خۆیان.

ھەرچەندە لە ھەموو دەوڵەتاندا ڕێژە و ئاستێک لە "گەندەڵی" ھەیە، بەڵام بە ھۆی پێکھاتە و بونیادی سیاسی و لاوازیی دەوڵەتانی دوواکەوتوو و، بوونی گەندەڵیی سیسته‌ماتیک و حکوومی و دامەزراوەیی، چاکسازیی سیاسی و ئابووری لەم دەوڵەتانەدا، لەژێر ھەڕەشەی بەردەوامدایە.

٣- ئاستەکانی گەندەڵی:

ئێمە دەتوانین بە چەندین شێواز، ئاماژە بە ئاستەکانی "گەندەڵی" بکەین. بۆ نموونە گەندەڵی بەگشتی لەسەر دوو ئاستی:

١ . گەندەڵی لە نێوان نوخبەکان و کارمەندانی پلەبەرز و بەرپرسانی باڵای دەوڵەت و نوخبە سیاسییەکان و، تەنانەت حزبە سیاسییەکانیش، بە ڕێکكەوتنی نھێنی و ئاڵوگۆڕی سیاسیی ناڕەوا لەگەڵ لایەنەکان و... کە بە "گەندەڵیی یەخەسپییەکان" دەناسرێت و ھەر لە بەشی "ھەناردە و ھاوردەکردنی کاڵاکان" و دەستێوەردان و بەشداری لە "مزایدە (زیادكردن) " و "مناقصە (كه‌مكردن)" و "فرۆشی سەرچاوەکانی ژێرزەوی" تاوەکوو "پرۆژەکانی گەورەی ئاوەدانکردنەوە" و... دەگرێتەوە.

٢ . گەندەڵی لە نێوان کارمەندانی خوارووی دەوڵەت، کە ھەر لە بەرتیلوەرگرتن و جێبەجێکردنی نایاساییی کارەکان و... دەست پێ دەکات.

ھەروەھا ئێمە دەتوانین ئاماژە بە چەندین ئاستی تری گەندەڵی، یان "فەساد"، بکەین:

١. گەندەڵیی ھەڕەمەکی و گەندەڵیی بەپلان یاخود سیسته‌ماتیک:

بەپێی جۆری دەوڵەت، پێشکەوتوویی، یان دوواکەوتوویی، یاسا و سیستەمی سیاسی دەگۆڕێت، بەڵام گەندەڵیی بەپلان و دامەزراوەیی، یەکێکە لە مەترسییەکانی دەوڵەتانی دواکەوتوو، یان لەحاڵی گەشەسەندندا (وڵاتانی گه‌شه‌ستێن). بەرەنگاربوونەوە، یان بنەبڕکردنی گەندەڵیی سیسته‌ماتیک زۆر زەحمەتتر و ئاڵۆزترە لە گەندەڵیی ھەڕەمەکی و شاراوە.

٢. گەندەڵیی ڕێکخراو و بەربڵاو و، گەندەڵیی تاکەکەسی:

گەندەڵیی ڕێکخراو و بەربڵاو، دیاردەیەکی مەترسیداری سیاسییە، کە بەرپرسان و کارمەندانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، یان لایەن و ئاراستەیه‌یه‌کی ڕێکخراو و دیاریکراو گەندەڵی دەکەن، كه‌چی لە گەندەڵیی تاکەکەسیدا ئاستی مەترسی کەمترە و بەنھێنیتر دەکرێت. بەڵام لە دەوڵەتانی شکستخواردوو و دواکەوتوو، کۆمەڵە کەسێک بە شێوەی ڕێکخراو ئەرک و نفووزی دەوڵەت بەربڵاو دەکەن و، لە ھەموو بوارەکانی دارایی، ڕێکخستنی بازاڕ، کۆنترۆڵی بازاڕ، کەرتی خزمەتگوزاری و مۆنۆپۆڵ یان قۆرخکردنی کێبڕکێی ئابووریدا بەرژەوەندی و دەسکەوتی ناڕەوای خۆیان لە ڕێگەی کەناڵی فەرمییەوە سەرپەرشتی و ئاڕاستە دەکەن.

٣. گەندەڵیی گەورە و گەندەڵیی بچووک:

گەندەڵیی بەرپرسه‌ گه‌وره‌كان و وەزیرەکان و کارمەندە باڵاکانی دەوڵەت و نوخبە سیاسییەکان، بە "گەندەڵیی گەورە" ناو دەبەن و، گەندەڵیی کارمەندانی خواروو و پۆلیس و کارمەندانی گۆمرگەکان و... بە "گەندەڵیی بچووک". گەندەڵیی گەورە، زۆر مەترسیدارترە و، بەبێ کۆنترۆڵکردن و بنەبڕکردنی، ناتوانرێت گەندەڵی ڕیشه‌كێش بكرێ، چونکە ھەم ئاست و قەبارەی بەرزتر و مەترسیدارترە، ھەم لەسەر دەوڵەت کاریگەرترە و، ھەمیش بە ھۆی ئەوەی کە گەندەڵکاران گەورە بەرپرسانی دەوڵەتن، زیانی گەورە بە دەوڵەت دەگەیەنن، بەڵام کەمتر بەدواداچوون بۆ کارەکانیان دەکرێت و، زەحمەتتر چاودێری و کۆنترۆڵ دەکرێن، یان سزا دەدرێن. توێژینەوەکان لەبارەی گەندەڵییەوە دەریان خستووە کە لە دەوڵەتانی جیاوازدا گەندەڵی لەنێو ئاستە خوار و مامناوەندییەکانی دەوڵەتدا، گرێدراوی گەندەڵییه‌ لە نێوان سیاسەتمەداران و دروستکەرانی بڕیار لە دەوڵەتدا. چونکە ئەگەر دەسەڵات و بەرپرسانی باڵای دەوڵەت گەندەڵ بن، ئەوە بۆ بەرەوپێشچوون و جێبەجێکردنی گەندەڵییەکانیان پێویستیان بە بەڕێوەبەرە مامناوەندییه‌كان و کارمەندانی خوارووترە و، لە لایەکی ترەوە بۆ ئەم مەبەستە، ناچارن دامەزراوەکانی چاودیری و کۆنترۆڵ و ڕاگەیاندن و "دەزگه‌ی دادوەری" لاواز بکەن؛ کە ئەمەیش کاریگەریی جددی و قووڵ و مەترسیداری بۆ کۆی سیستەمی سیاسی و ئابووری و ھەموو بوارەکانی تری ژیان لە کومەڵگه‌ و دەوڵەتدا ھەیە.

٤- ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی گەندەڵی:

کۆمەڵێک ھۆکار بۆ دروستبوونی "فەساد" یان "گەندەڵی" دەستنیشان کراوە کە لێرەدا ئاماژە بە ھه‌ندێکیان دەکەین، کە ئەم ھۆکارانە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی گەندەڵی ھەیە:

١. مونۆپوڵ یاخود قۆرخکاریی دەوڵەتی و دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاریی "ڕانتی":

کاتێک کە دەسەڵاتەکان و سەرچاوە ئابوورییه‌كانی دەوڵەت لەژێر کۆنترۆڵی کەمینەیەکی حوکمڕاندان و، ھەروەھا لە ڕوانگەی سیاسییەوە کاتێک بەرپرسان مافی زۆر و، ئەرک و بەرپرسیارێتی و چاودێریی کەمیان لەسەر بێت، لەم ڕوانگەیەوه‌ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، پەیوەندیی بە ئەندازیاریی دووبارە و ڕێکخستنی دەوڵەتەوە ھەیە؛ چونکە لەم حاڵەتەدا گەندەڵیی ئابووری، دەرەنجامی گەندەڵیی سیاسییە و، گەندەڵی ئابووریش دەبێتە ھۆی گەندەڵیی کۆمەڵایەتی و... ھتد.

٢. شەفافنەبوون و ناڕوونیی سیستەمی بودجەی دەوڵەت:

ئەم خاڵە، کاریگەریی قووڵ و بەرچاوی لەسەر گەشەی ئابووریی دەوڵەت و، ھەروەھا بەپێچەوانەوە، دواکەوتوویی و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە دەوڵەتدا ھەیە.

٣. نەبوونی کارامەیی و لێھاتوویی، یان شیاوەتی لە پۆستەکاندا:

 یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتانی دواکەوتوو و لاواز، یان لە ڕەوتی پێشکەوتن و گەشەسەندن، گرنگینەدانیانە بە لێھاتوویی و کارامەیی و پسپۆریی تاکەکانی کۆمەڵگە و، هه‌روه‌ها پەراوێزخستنی کەسانی شیاو و لێھاتووە، کە لەم حاڵەتەدا دەگوترێت: "کورتەباڵاکان" دەوڵەت بەڕێوە دەبەن!

٤. نەبوونی سیستەمێکی دڵنیاییی کۆمەڵایەتی:

ئەم خاڵە، گرنگیی تایبەتی ھەیە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی خۆشگوزەرانیی تاکەکان و ھۆگری یاخود (ولاء) و ئینتیمای تاکەکان بۆ کۆمەڵگە و دەوڵەت، ھەروەھا شکست لە بەره‌نگاربوونەوەی گەندەڵی و سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و گەشەسەندنی دەوڵەت؛ کە لە دەوڵەتانی دواکەوتوودا لە نزمترین ئاستی خۆیدایە.

بەکورتی، ناکارامەییی ڕێکخراوەیی و بونیادی، دەستێوەردان و قۆرخکاریی ئابووری لە لایەن دەوڵەته‌وه‌، نەبوونی شەفافییەت لە کارەکان و یاساکاندا، تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی و جۆری پەیوەندیی ئابووری و سیاسی، سروشتی سیستەمی سیاسی، ڕەوایەتیی لاوازی دەوڵەت، کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت لە لایەن تاکەکەس، یان حزب و گرووپێک یاخود قۆرخکردنی ڕەوتی سیاسی و ئابووری، ھەروەھا دەسەڵاتی بەرفراوانی نوخبە سیاسییەکان دوور لە چاودێری و کۆنترۆڵ، بە بەستێن یاخود زەمینەی گەندەڵی ھەژمار دەکرین.

ھەندێ لایەن، گەورەترین ڕیشەی گەندەڵی بۆ نایابی، یان کەمیی دەرفەتە سیاسی و ئابوورییه‌كان دەگێڕنەوە، ئەمەیش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە کەس و لایەنە دەستڕۆیشتووەکان ھێزی داراییی خۆیان بۆ کڕینی ھێزی سیاسی، یان ھێزی سیاسییان بۆ دەستکەوتی ئابووری و دارایی بەکار بھێنن.

بۆیەیش دەتوانین ھۆکارەکانی سەرھەڵدان و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، بەم جۆرە پۆلین بکەین:

١ھۆکاری ئیداری و بەڕێوەبردن:
- ئاڵۆزی و ناکارامەییی یاساکان و ڕێنمایییەکان و سیستەمی بیرۆکراسی.
- ناکارامەییی سیستەمی چاودێری و لێکۆڵینەوە و کۆنترۆڵ.
- ناکارامەییی سیستەمی پێدان و بڵاوکردنەوە و سیستەمەکانی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆیییەکان.
- ناکارامەییی سیستەمی ھەڵبژاردن و دانانی بەڕێوەبەران.
- نەبوونی سیستەمەکانی گونجاوی ئاگادارکردنەوە و خزمەتگوزاری و کەرتی گشتی.

٢. ھۆکاری ئابووری:
- دەستێوەردانی بێسنوور و بەربڵاوی دەوڵەت لە بواری خزمەتگوزاری و کاڵاکان.
- بوونی قۆرخکاری یاخود مۆنۆپۆڵی دەوڵەتی و نادەوڵەتی (ڕانت).
- کێشەی دارایی کارمەندانی دەوڵەت.
- ئاستی لاوازی کێبڕکێ لە سیستەمی ئابووری و بازرگانیی دەوڵەتدا.
- ناکارامەییی یاساکان بۆ چالاکیی ئابووری و بازرگانی، یان ڕەچاونەکردنی یاساکان.

٣. ھۆکاری سیاسی:
- بونیادی ھێز لە دەوڵەت و چۆنیەتیی دابەشبوونی ھێزی سیاسی.
- سەقامگیریی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و گۆڕانکارییە سیاسییەکان.
- چۆنیەتیی کار و چالاکیی حزبە سیاسییەکان و ئاستی گەشەسەندوویییان.
- چۆنیەتیی کۆنترۆڵ و چاودێری و ئاست و ڕێژەی دەسەڵاتی چاودێریی دامەزراوە مەدەنییەکان لەسەر دامەزراوەکانی ھێز و بەڕێوەبردن.
- کار و کارلێکی بابەت و پرسە سیاسییەکان و چالاکییە ئابوورییەکان.
- تێوەگلانی "دەسەڵاتی داد" لە کاروباری سیاسی و حزبیدا.

٤. ھۆکاری کەلتووری و کۆمەڵایەتی:
- ئاستی ئەخلاقی گشتی و ڕاددەی پابەندبوونی ھاووڵاتیان بە بەھاکان.
- ئاستی پابەندی و گرێدراویی قەومی و بنەماڵەیی و تائیفی و...ھتد.
- ئاستی پابەندی و گرێدراوی بە ڕێکخراوەکان.
- ئاست و ڕاددەی بوونی ویژدانی کاری و کۆمەڵایەتی.
- ھەستیاری و ھۆشیاریی گشتیی کۆمەڵگە، سه‌باره‌ت به‌ گەندەڵی و لادانی بەرپرسان لە بەھا گشتییەکانی کۆمەڵگه‌، یاسا و ڕێنمایییەکان.

٥- گرنگیی دژایەتی و بنەبڕکردنی گەندەڵی لە دەوڵەتاندا:
پەرەسەندن، یان بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، یەکێک لە بەربەستە ھەرە گرنگەکانی پێشکەوتنی ھەر دەوڵەتێکە، بەتایبەت لە دەوڵەتانی (ئاسیایی و ئەفریقایی)دا ئاستی بەرزی گەندەڵی، نیشاندەری ناکارامەییی دەوڵەت و، ھەروەھا لاوازی یاخود شکستخواردووییی دەوڵەتە.
لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە گەندەڵی دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی وەبەرھێنان و کەمبوونەوەی گەشەی ئابووریی دەوڵەت و، گەندەڵی دەتوانێت چالاکییە ئابوورییەکان لە بەرھەمھێنانەوە، بگۆڕێت بۆ "رانت" و چالاکیی نایاسایی و مشەخۆری. ھەروەھا دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی "گرووپی مافیایی" و لاوازیی سەروەری (سیادە)ی دەوڵەت و، ھەروەھا لێکترازانی قووڵ لە دەوڵەت و ناسنامەکاندا و، سەر دەکێشێت بۆ بڵاوبوونەوەی ھەستی نادادپەروەری و...ھتد.
ھەرچەندە ھەندێ جار، ئەوە لاوازی و ناکارامەییی دەوڵەتە کە دەبێتە ھۆی گەندەڵی و، لە درێژەدا گەشەنەسەندن و دواکەوتوویی و ھەژاریی دەوڵەت.

٦- کاریگەری و ئاکامەکانی گەندەڵی لەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگه‌:
١. گەندەڵی، بە ھۆی خوڵقاندنی کێشە بۆ سیاسەتەکانی دەوڵەت بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی و ئامانجی زۆرینە و گشتی، دەبێتە ھۆی بەفێروچوونی سەرچاوە سنووردارەکانی ئابووری و داراییی نیشتیمان.
٢. گەندەڵی، دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی خێراییی گەشەی ئابووری و، ھەروەھا لاوازبوونی مەیل، یان حەز و ویستی وەبەرھێنەری ناوخۆ و بیانی.
٣. گەندەڵی، دەبێتە ھۆی پاشڤەچوونی چالاکیی خزمەتگوزاری و بازرگانیی کەرتی تایبەتی بچووک و کۆمپانیاکانی سەربەخۆ، ھەروەھا چالاکییە ئابوورییەکان زیاتر دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵ و قۆرخی کەرتی دەوڵەتی، یان تایبەتی کەسانی دەسترۆیشتوو و نزیک لە دەسەڵات. بەگشتی "قۆرخکاری"، كه‌ بە نەخۆشیی کوشەندەی گەشەسەندن دەژمێردرێت، تەشەنە دەکات.
٤. گەندەڵی، ئاستی ڕەوایەتیی دەوڵەتان لاواز دەکات و سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە و بەھا دیموکراسی و ئەخلاقییەکان لاواز دەکات. لەم ڕێگەیەیشەوە، دەبێتە بەربەست لە بەردەم گەشەپێدانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و...ھتد.
گەندەڵی بەگشتی، سەرمایەی کۆمەڵایەتی و سەرمایەی سیاسی، لاواز و لەرزۆک دەکات؛ کە ئەمەیش مەترسی و ھەڕەشەی جددییە بۆ بەردەوامیی دەوڵەت.
دیاردەی گەندەڵی لە ھەموو جیھاندا، بەڵام بە ئاست و ڕێژە و جۆری جیاواز، بوونی ھەیە. کیشوەری ئەوروپا کەمترین ئاست و ڕێژەی گەندەڵیی تێدایە و، دواتر ئەمریکای باکوور و پاشان ئەمریکای لاتین و باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا و، دواتر ئاسیا و، لە کۆتاییدا ئەفریقا.
جێگەی ئاماژەیە کە لە ئەفریقادا حکوومەتەکان ئەرکێکی تایبەتیان ھەیە و، لە کردەوەدا لەژێر چەتری حکوومەت، پەیوەندیی سیاسیی تایبەت دروست دەکەن؛ بەم واتایەی کە حکوومەت ئامرازێکە بۆ پەردەپۆشکردنی گەندەڵیی سیاسی و دارایی و ئیداری و، بەتاڵانبردنی سەرچاوەکان و داھاتی دەوڵەت. لە دەوڵەتانی ئەفریقاییدا پەیوەندییە کەسی و تائیفییەکان چوارچێوەی سیستەمی سیاسی پێک دێنن و، گەندەڵی، ڕەگەزێکی گرنگی پشێویی کۆمەڵایەتی و سیاسییە.

٧- ئەنجام:
کۆمەڵێک ڕێوشوێن یاخود میکانیزم بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە سیستەمە سیاسییەکاندا خراونەتە ڕوو، کە گرنگترینیان بەگشتی بریتین لە:
١- ڕیفۆرم ياخود دووبارە بونیادنانەوەی سیستەمی ئابووری و دارایی و ئیداریی دەوڵەت.
٢- جێگیرکردنی سەروەریی یاسا و پەرەپێدانی شەفافییەت.
٣- پەرەپێدانی ڕۆڵی دەزگه‌ی قەزا (دادوەری)ی سەربەخۆ و بێلایەن،
٤- بوونی چاودێری و کۆنترۆڵی جۆراوجۆر بۆ کارە سیاسی و ئابوورییەکان لە ھەموو ئاست و بوارەکاندا.
٥- گرنگیدان بە ڕۆڵی پەروەردە و ھۆشیاریی تاکەکان.
٦- گرنگیی ئازادیی ڕاگەیاندن و دەستەبەرکردنی ئەم ئازادییە.
٧- بەرپرسیارێتی و وه‌ڵامدەربوونی سیاسەتمەداران، یان نوخبە سیاسییەکان و کارمەندانی باڵای دەوڵەت.
٨- بچووکترکردنه‌وه‌ی قەبارەی دەوڵەت.
٩- زۆرترکردنی ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
١٠- کەمکردنەوەی بیرۆکراسییەتی ئیداری.
١١- بوونی یاسای پێویست و، ھەروەھا ئیرادەی گشتی بۆ سزادانی گەندەڵکاران.
١٢- نەبوون یاخود کەمکردنەوەی قۆرخکاریی سیاسی و ئابووری.
١٣- زەمینەسازی و کاری کەلتووری و ئەخلاقی لەم بارەیەوە.
١٤- بەرزکردنەوە و باشترکردنی ژیانی ھاووڵاتیان و کارمەندانی دەوڵەت.
١٥- دەستپێڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی زانیاری بۆ تاک و ڕێکخراوەکان.
١٦- ھەنگاونان بەرەو گەشەسەندنی ئابووری و سیاسی و ... ھتد.
بەڕوونی تێبینی ئەوە دەکرێت کە لە دەوڵەتانی پێشکەوتوو و دیموکراتیکدا گەندەڵی لە نزمترین ئاستدایە، بەڵام لە دەوڵەتانی نادیموکراتیک و دواکەوتوودا گەندەڵی لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە و، بەتایبەت لە دەوڵەتانی ناسراو بە "الدولة الفاشلة"، یان "شکستخواردوو" کە ململانێی ئایینی، نەتەوەیی و توندوتیژی، ناسەقامگیری و ھەژاری، لەوپەڕیدایە.

Latest from پەرویز ڕەحیم

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples