پێشه‌كی: هه‌روه‌ك چۆن هاتنه‌سه‌ركاری ترامپ به‌پێی ڕاپرسی و ڕای پسپۆرانی ئه‌و یواره دوور له چاوه‌ڕوانی بوو، قۆناغی پاش هاتنه‌سه‌ركاری له ڕووی جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنیشی دوور بوو له پێشبینییه‌كان و، زۆربه‌ی چاودێران به ئه‌سته‌میان ده‌زانی "ترامپ" ئه‌م به‌ڵێنانه بخاته بواری جێبه‌جێكرنه‌وه. ئه‌مه بۆته هۆی دروستبوونی نیگه‌رانی و دوودڵیی زۆربه‌ی سیاسه‌تمه‌دار و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ئاسایی له ناوخۆی ئه‌مریكا و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، به‌و پێیه‌ی كه به هۆی پێگه و هێزی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بڕیاره سیاسییه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له ڕووی ئابووری و سیاسی و سه‌ربازی و ئاسایشییه‌وه، ده‌رهاوێشته و ڕه‌هه‌ندی ده‌ره‌كییشی ده‌بێت. لێره‌وه پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه ئاخۆ ترامپ ده‌توانێت هه‌موو ئه‌و به‌ڵێنه ڕادیكاڵانه‌ی كه له سه‌رده‌می هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن داویه‌تی، جێبه‌جێ بكات؟ ئه‌گه‌ریش ناتوانێت، به‌ربه‌سته‌كان چین؟ له لایه‌كی تریشه‌وه چاوه‌ڕوانی و دڵه‌ڕاوكێیه‌كانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی له سیاسه‌ته‌كانی سه‌رۆكی نوێ و ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا كامانه‌ن؟ به‌كورتی جیهانی وێناكراوی ترامپ به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوا؟ له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین تیشك بخه‌ینه سه‌ر چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی ئه‌م بابه‌ت و پرسانه.
ترامپ، كۆمارییه‌كان و سیاسه‌تی ناوخۆیی
هاتنه‌سه‌ركاری ترامپ، هاوكات بووه له‌گه‌ڵ بردنه‌وه و سه‌ركه‌وتنی كۆمارییه‌كان له كۆنگرێسی ئه‌مریكی یاخود هه‌ر دوو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پیران (سنا). ئه‌مه‌یش ده‌رفه‌تێكی زێڕینی بۆ ترامپ دروست كردووه. به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه حزبی كۆماری، به‌رگری له هه‌موو سیاسه‌ته‌كانی ترامپ ده‌كات. بۆ نموونه كاتێك كه ترامپ به‌ئاشكرا به‌رگری له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌شكه‌نجه بۆ وه‌رگرتنی زانیاری له تۆمه‌تبارانی ڕووداوه تیرۆریستییه‌كان ده‌كات، سیناتۆر "جۆن مه‌ككین" به‌توندی له دژی ده‌وه‌ستێته‌وه. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، زۆربه‌ی كۆمارییه‌كان له سه‌رده‌می هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنیش پشتیوانی و پاڵپشتییان له ترامپ نه‌كرد، كه هۆكارێكی سه‌ره‌كییشی ترس و دڵه‌ڕاوكێیان له دروشمه توند و ئه‌و به‌رنامه پڕ مشتومڕانه‌ی ترامپ بوو كه ئێستاكه ده‌یه‌وێت جێبه‌جێیان بكات. به شێوه‌یه‌كی گشتی "ترامپ" له چه‌ند خاڵێك له‌گه‌ڵ نه‌ریتی كۆمارییه‌كاندا جیاوازیی قووڵی هه‌یه؛ ئه‌مه‌یش كاری ترامپ بۆ وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندیی كۆمارییه‌كان له كۆنگرێسی ئه‌مریكا دژوار ده‌كات. لانی كه‌م له‌م چه‌ند بواره‌ی خواره‌وه ده‌توانین ئاماژه‌یان پێ بده‌ین:
١- سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ترامپ (هه‌رچه‌نده تا ئێستا بنه‌ما و چوارچێوه‌كه‌ی زۆر ڕوون نییه)، به‌پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی كۆمارییه‌كان، یان ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به "هه‌ڵۆكان" ناسراون. ئێمه ئه‌وه به‌ڕوونی له دروشمه‌كانی هه‌ڵبژاردن و چاوپێكه‌وتنه‌كانی ترامپدا ده‌بینین و ده‌بیستین كه چیتر ڕازی نییه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكادا تێچووی داراییی جه‌نگ و پاراستنی ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا بگرێته ئه‌ستۆ یاخود وه‌كوو پێشووتر، ڕاسته‌وخۆ (بۆ په‌ره‌پێدانی دیموكراسی، یان به‌رگری له هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا و جه‌نگی دژه‌تیرۆر) ئه‌مریكا له جه‌نگێك تێوه بگلێنێت.
٢- له ڕووی ده‌ستێوه‌ردانی ئابوورییه‌وه، به شێوه‌یه‌كی نه‌ریتی، كۆنسێرڤاتیستەکان به‌رگری له ده‌وڵه‌تێكی بچووك ده‌كه‌ن، به‌ڵام دروشم و هه‌ڵسوكه‌وتی ترامپ ئه‌وه‌ی لێ ده‌خوێندرێته‌وه كه له‌گه‌ڵ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت له كاروباری ئابووری بێت و، ئه‌مه‌یش به‌پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی لیبراڵیزم و كۆمارییه‌كانه.
٣- هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ڕووسیا یاخود نزیكبوونه‌وه و ڕێككه‌وتنی فره‌ڕه‌هه‌ند له‌گه‌ڵ ڕووسیا، له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆمارییه‌كان یاخود هه‌ڵۆكان له ئه‌مریكا، هێڵی سوور بووه و به جۆرێك به كه‌وتنه‌ژێرپرسیاری هێژموونیی ئه‌مریكا لێك دراوه‌ته‌وه. به‌ڵام به‌پێی دروشمه‌كانی ترامپ، ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا ئه‌گه‌ر هه‌وڵی ئه‌وه بدات، ئه‌وه له لایه‌ن كۆمارییه‌كان نه‌خوازراوه و دژی سیاسه‌تی چه‌ندین ساڵه‌یانه.
٤- ته‌نانه‌ت له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه "ترامپ" كه‌سێكی پارێزگار نییه و پابه‌ندی ئه‌و بنه‌ما كۆمه‌ڵایه‌تییانه نییه كه پارێزگاره‌كان بڕوایان پێ هه‌یه له بواری بنه‌ماڵه و خێزان یاخود له‌باربردنی كۆرپه‌ڵه و پرسه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به هاوڕه‌گه‌زبازه‌كان و ...هتد.
هه‌روه‌ها له ئاستی ناوخۆییدا گوتار و سیاسه‌ته‌كانی ترامپ تووشی به‌رپه‌رچدارنه‌وه و ناره‌زایه‌تیی تاك و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆته‌وه، بۆ نموونه: خۆپێشاندانی به‌رفراوانی ژنان و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكه له دژی وته‌كانی ترامپ له ئه‌مریكا و ته‌نانه‌ت له سه‌رتاسه‌ری جیهان. لێره‌وه ده‌بینی كه هه‌وڵی ترامپ بۆ سنوورداركردنی موسڵمانان (هه‌رچه‌نده ترامپ پێشووتر به‌ڵێنی قه‌ده‌غه‌كردنی ته‌واوی هاتنیان بۆ ئه‌مریكای دابوو) تووشی ڕه‌خنه و ناره‌زایه‌تیی قووڵی به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی بۆته‌وه. بۆ نموونه له ئه‌گه‌ری لابردنی ته‌واوی به‌رنامه‌ی چاودێری یاخود بیمه (دڵنیایی)ی ته‌ندروستی (Patient Protection and Affordable Care Act) ناسراو به Obama Care یاخود PPACA كه له لایه‌ن "باراك ئۆباما"وه دانرابوو، ئه‌وه زیاتر له 28 ملیۆن هاووڵاتیی ئه‌مریكی زه‌ره‌مه‌ند ده‌بن و، ئه‌مه‌یش كۆی سیاسه‌تی ترامپ و كۆمارییه‌كان ده‌خاته به‌رده‌م ڕه‌خنه‌ی جددی و، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی كۆنگرێس ده‌بێت.
بۆیه ترامپ و به‌م پێیه‌یش كۆمارییه‌كان له ئه‌گه‌ری پشتیوانی له‌م سیاسه‌تانه، له ڕووی جه‌ماوه‌رییه‌وه تووشی كێشه ده‌بن و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی كۆنگرێس ده‌بێت. به‌گشتی له ئاستی ناوخۆیی، ترامپ له جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ته‌كانیدا به‌پێی سیسته‌می سیاسیی ئه‌مریكا، له به‌رده‌م چه‌ندین به‌ربه‌ستی فه‌رمی و نافه‌رمیدایه، كه گرنگترینیان بریتین له:
١- ده‌ستووری ئه‌مریكی، یه‌كێك له به‌هێزترین و گه‌وره‌ترین به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م كاره‌كانی ترامپ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ترامپ بیه‌وێت له‌و چوارچێوه ده‌ستوورییه‌ی ئه‌مریكا له بواره جۆراوجۆره‌كانی ماف و ئازادییه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان لا بدات یاخود ده‌سه‌ڵاته‌كانی به شێوه‌یه‌كی نادروست، یان خراپ به‌كار بێنێت. لێره‌وه ده‌ستوور توانا و ده‌سه‌ڵاتی ترامپ سنووردار و ده‌ستنیشان ده‌كات و، پارێزگاری له ده‌سه‌ڵاته‌كانی تر وه‌ك یاسادانان و دادوه‌ری ده‌كات.
٢- ڕاسته كه زۆرینه‌ی كۆنگرێس له ده‌ستی كۆمارییه‌كاندایه، به‌ڵام كۆنگرێسی ئه‌مریكا، كه به‌پێی ده‌ستوور ده‌توانێت ببێته ڕێگر له به‌رده‌م سه‌رۆككۆمار و ترامپ، بۆ به‌یاساییكردنی زۆربه‌ی سیاسه‌ته‌كانی پێویستیی به ڕه‌زامه‌ندیی كۆنگرێس هه‌یه. كۆنگرێس ده‌توانێت له حاڵه‌تی زۆر تایبه‌تدا ترامپ تۆمه‌تبار بكات و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر كار لای بدات.
٣- ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له ئه‌مریكا هێزی گوشاری زۆریان هه‌یه و ده‌توانن هه‌ڵمه‌تی دژی ترامپ وه‌ڕێ بخه‌ن و، ئه‌مه‌یش له ئه‌مریكادا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی سه‌رۆككۆماره‌كان ده‌بێت؛ به‌و پێیه‌ی پێویستییان به هه‌ڵبژاردنه‌كانی كۆنگرێس بۆ كاروباره‌كانیان ده‌بێت.
٤- لۆبی و گرووپه‌كانی گوشار له ئه‌مریكا، ڕۆڵێكی یه‌كجار گه‌وره‌یان هه‌یه و له ڕووی یاساییشه‌وه دانپێدانراون. بۆیه ترامپ ناتوانێت له سیاسه‌ته‌كانیدا له بواری ناوخۆیی و ده‌ره‌كیشدا ڕۆڵی گه‌وره‌ی ئه‌م لۆبی و گرووپه به‌رژه‌وه‌ندییانه ڕه‌چاو نه‌كات.
٥- ڕاگه‌یاندن و ڕای گشتی و به‌گشتی ئازادیی ڕاده‌ربڕین، سنوور و به‌ربه‌ستێكی به‌هێزی به‌رده‌م سیاسه‌ته‌كانی ترامپ ده‌بێت له‌و 4 یاخود 8 ساڵه‌ی سه‌رۆككۆمارییه‌كه‌یدا. له ئه‌مریكا به هۆی ئازادیی ڕاده‌ربڕین و ڕاگه‌یاندن، هۆیه‌كانی ڕاگه‌یاندن ده‌توانێت (هه‌روه‌كوو پێشووتریش نیشانی داوه) ئاراسته‌ی سیاسه‌ته‌كانی بگۆڕێت؛ به‌و پێیه‌ی ده‌توانێت كاریگه‌ری و شوێندانه‌ریی له‌سه‌ر ڕای گشتی هه‌بێت. بۆیه ترامپ ناتوانێت به‌ئاسانی ئه‌و سنوورانه ببه‌زێنێت؛ هه‌رچه‌نده حه‌ز ده‌كات خۆی به "دژه‌باو" یان "ڕه‌چه‌شكێن" بناسێنێت.
٦- یه‌كێك له فاكته‌ره‌كانی كاریگه‌ر له‌سه‌ر داڕشتنی سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی له بواره جۆراوجۆره‌كاندا له ئه‌مریكا، ڕۆڵی ناوه‌نده‌كانی ڕاوێژكاری، لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه (Think tank) و به‌گشتی زانكۆ و كه‌سانی پسپۆره. به‌م پێیه ئه‌م ناوه‌ندانه له په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانی و ته‌ندوتۆڵدان له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌كانی دروستكردنی بڕیاری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی. بۆیه ترامپ له لایه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتن له كاره‌كانی پێویستیی به‌م ناوه‌ندانه هه‌یه و، له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌و ناوه‌ندانه ده‌توانن ببنه به‌ربه‌ست له به‌رده‌م سیاسه‌ته‌كانی "دۆناڵد ترامپ"دا.
٧- بیرۆكراسیی جێكه‌وتووی ئه‌مریكا و ڕۆڵی شوێندانه‌ری كه‌سه بیرۆكراته‌كان یه‌كێكی تره له‌م له‌مپه‌رانه‌ی كه ترامپ له سیاسه‌ته‌كانیدا ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه، هه‌ر به‌م هۆیه‌شه كه "ترامپ" له سه‌رده‌می هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا به توندی ڕه‌خنه‌ی له سیسته‌می بیرۆكراسیی ئه‌مریكا گرت و به ناكارامه ناوی برد و به دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵك و ئه‌مریكا پێناسه‌ی كرد. به‌م پێیه، ترامپ بۆ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ته‌كانی هه‌وڵ ده‌دات ڕۆڵیان كه‌م بكاته‌وه یاخود جێگوركێیان پێ بكات. هه‌رچه‌نده ئه‌مه كارێكی ئه‌سته‌م و پڕ له كێشه ده‌بێت بۆ ترامپ.
٨- ڕۆڵی دامه‌زراوه و ناوه‌ند و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له بواری ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا له‌سه‌ر داڕشتنی سیاسه‌ت و ستراتیژیی ئه‌م وڵاته حاشاهه‌ڵنه‌گره، به‌م پێیه گرنگیپێدان و ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ ئه‌م دامه‌زراوانه بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی سیاسه‌ته‌كانی ترامپ كاریگه‌ری له‌سه‌ر داڕشتنی پلان و سیاسه‌ته‌كانی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا و ترامپ ده‌بێت و، ترامپ به ته‌واوی ناتوانێت پێشنیاز و ڕاسپارده‌كانیان پشتگوێ بخات.
ترامپ و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی ئابووریی ناوخۆیی له هه‌مبه‌ر به‌جیهانیبووونی ئابووریدا
یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ده‌نگپێدانی ده‌نگده‌ران به ترامپ، پرسه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به بارودۆخی ئابووری و بێكاری بووه. له‌م ڕووه‌وه ترامپ به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی داوه كه جارێكی تر بارودۆخی ئابووری ئه‌مریكا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه سه‌رده‌می زێرینی خۆی. به‌ڵام پرسیاری جددی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م دروشمانه‌ی ترامپ له‌گه‌ڵ لۆژیكی سه‌رمایه‌داری و لیبراڵیزمی نوێ، كه ئه‌مریكا به ڕێبه‌ر یاخود پێشه‌نگی داده‌ندرێت، گونجاوه؟ بۆ نموونه ترامپ باس له‌وه ده‌كات كه هه‌وڵ ده‌دات باجی زۆر بخاته سه‌ر كاڵا و شمه‌كی هاورده‌كراو له ده‌ره‌وه و، له یه‌كه‌مین كاری‌دا ڕێككه‌وتنی ئابووریی ئه‌مریكای ناسراو به ئاسیا-پاسێفیك له‌گه‌ڵ 11 وڵات، هه‌ڵوه‌شانده‌وه. له لایه‌كی تره‌وه، ترامپ باس له‌وه ده‌كات كه هه‌وڵ ده‌دات به كه‌مكردنه‌وه‌ی ماڵیات له 35% بۆ 15% له‌سه‌ر كۆمپانیاكانی ئه‌مریكی، هانیان بدات كه وه‌به‌رهێنانیان بێننه‌وه بۆ ناوخۆی ئه‌مریكا و چیتر له ده‌ره‌وه نه‌بێت و، به‌م شێوه‌یه كار بۆ چه‌ندین ملیۆن ئه‌مریكی ده‌سته‌به‌ر بكات. یاخود به ئه‌ركه دارایییه‌كانی سه‌ر ئه‌مریكا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ناتۆ و ...دا بچێته‌وه. به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی، یه‌كێك له هۆكاره‌كانی زلهێزی و مه‌زنایه‌تیی ئه‌مریكا و به‌هێزیی ئابووری و پاشان سه‌ربازی و سیاسیی ئه‌مریكا، له لۆژیكی سه‌رمایه‌داریی مۆدێرنی ئه‌مریكا له ڕێگه‌ی ڕه‌هه‌ند و بواره‌كانی "به‌جیهانیبوونه‌وه" سه‌رچاوه ده‌گرێت.
لۆژیكی به‌جیهانیبوون دژی هه‌ر جۆره سنوورێكی سیاسی و ئابوورییه و كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان و ڕێكخراوه ناده‌وڵه‌تییه‌كان و بانكه‌كان و به‌گشتی سه‌رمایه، كاریگه‌ریی ته‌واویان له‌سه‌ر سیاسه‌تی جیهانی و ملیۆنان كه‌س له سه‌رتاسه‌ری جیهان هه‌یه. به‌جیهانیبوون به چڕبوونه‌وه‌ی شوێن و فه‌زا و كات ده‌ناسڕێت و هه‌موو چالاكییه ئابوورییه‌كانی وڵاتانی پێكه‌وه گرێ داوه و تێك ئاڵاندووه.
زۆرن ئەو تیۆریسیەنانەی كە سیمای سەرەكیی بەجیهانیبوون بە ئابووری دەزانن و، دەڵێن هەرچەندە كە ڕەهەندەكانی بەجیهانیبوون فرەن و هەموو ڕەهەندەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسیی تەنیوه‌تەوە، بەڵام ئاشكراترین و بەرجەستەترینیان بواری ئابوورییە، كە لە سەدەی 19وە دەستی پێ كردووە. هەرچەندە لە نێوان ساڵانی (1914 تاوه‌كوو 1945)، ئەم ڕەوتە پاشەكشەی كردووە.
بەڵام لە كۆتایییەكانی دەیەی 70، شەپۆڵێكی نوێ لە پرۆسەی بەجیهانیبوونی ئابووری، سەری هەڵدایەوە؛ كە ئەویش لەژێر كاریگەریی پێشكەوتنەكانی بواری پەیوەندییەكان بووە بە هۆی گواستنەوه، بە هەموو ڕەهەندە ماددی و ناماددییەكانیەوە و، زەمینەی تێكەڵبوونی سیسته‌مه ئابوورییەكانی پێك هێنا. بۆ نموونە: لە ساڵی 1945ه‌وە تاوەكوو ئێستا خەرجییەكانی گواستنەوەی كاڵا لە ڕووی دەریایی (50%) و لە ڕووی ئاسمانی (80%) و لە ڕووی پەیوەندیی ته‌له‌فۆنییەوە، (99%) دابەزیوە.
قەیرانی ئابووریی ساڵی 1929 و داتەپینی "بانكی كردیتێنسالت" لە نەمسا لە 1931 و، هەروەها قەیرانی ئابووریی 1997-1999 لە تایلەندا و دواتر لە هۆنگ كۆنگ، كۆریای باشوور، تایوان، سەنگافوورە، مالیزیا و ئەندۆنیسیا، نیشانیان دا كە ڕۆڵی وڵاتان لە دانانی سیاسەتی ئابووریدا كاڵتر بووه‌تەوە. هەرچەندە بەجیهانیبوونی ئابووری لە لایەن كۆمەڵناسانی وەكوو "پۆل هێرست" و "گراهام تامسپۆن" ڕەت كراوەتەوە و، دەڵێن ئەم پاساوانە بیانوویه‌كه بەدەست ڕاست و چەپەكانەوە.
هه‌روه‌ها له تایبەتمەندییەكانی "بەجیهانیبوونی ئابووری" كە دەتوانین ئاماژەیان پێ بكەین، بریتین له:
١- بەجیهانیبوونی بازاڕە دارایییەكان.
٢- به‌جیهانیبوونی ستراتیژییەتی كۆمپانیاكان لە نێوان بازاڕێكی كێبڕكێی كاردا.
٣- بڵاوبوونەوەی تەكنەلۆژی لە هەموو جیهاندا بە ئاستی جیاواز.
٤- دروستبوونی هاوشێوەیییەك لە بەكارهێنانی جیهانی، لەگەڵ بازاڕەكانی بەكارهێنانی جیهانی.
٥- جێگۆڕكێ لە نێوان ئابووریی نەتەوەیی و ئابووریی سیاسیی جیهانیدا.
٦- كەمبوونەوەی ڕۆڵی دەوڵەتی نەتەوە لە داڕشتنی ئابووریی جیهانیدا.
٧- زۆربوونی درز، یان لێكترازانە چینایەتییه‌كان لەنێو كۆمەڵگه‌كان – چ پێشكەوتوو و چ لە حاڵی گەشەسەندندا.
٨- پەراوێزخستنی كۆمەڵگه‌كانی كەمتر گەشەسەندوو.
٩- زاڵبوونی سەرمایە لەسەر كار و، لە ئەنجامدا لاوازبوونی هێزی پیشەیی و، هەروەها كەسانێك كە سەرمایەیان نییە.
هەروەها سەرمایەداری، نێودەوڵەتیترین سیستەمە تاوەكوو ئێستا مرۆڤ بەخۆیەوە بینیبێتی، لە كاتێكدا "فیود‌اڵیزم" لە كەشێكی بەستراو و داخراو و بەگشتی ناوخۆییدا بوو. بەڵام بەپێچەوانەوە ناسنامەی سەرمایەداری دەرەكی بووە، بە جۆرێك كە مانەوەی سەرمایەداری پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ تەكنه‌لۆژی، ئابووری و داگیركردنی بازاڕكان، ناردنی كاڵا و سەرمایە، ئامادەكردنی ماددەی خاو، هێزی كار و كێبڕكێ دامەزراوە.
لەوانەیە بتوانین بڵێین بەربڵاوترین بۆچوون لە پەیوەندی لەگەڵ بەجیهانیبوونی ئابووری و ئابووریی سیاسیی نێودەوڵەتی، ئەوە دەبێت كە بەجیهانیبوونی ئابووری، دەوڵەت لاواز دەكات و دەوڵەت توانای كۆنتڕۆڵ و داڕشتنی بابەتەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسیی لاواز دەبێت و، لە لایەكی ترەوە هێز لەنێو كۆمەڵگه دابەش دەبێت و هێز بەرەو سەرمایەداریی نێودەوڵەتی باڵ دەكێشێت و دەچێتە ژێر دەستی كۆمپانیا فرەڕەگەزەكان. كەواتە بەجیهانیبوونی ئابووری، هێرشێكە دژی سیستەمەكانی ماڵیاتی، دەوڵەتی خۆشگوزەران دانوستاندنی بەكۆمەڵ لە نێوان (كار، سەرمایە، دەوڵەت) و...هتد.
لە ئەنجامیشدا سەرمایەداران خۆیان لە بەربەست و سنوورەكانی دامەزراوە سیاسییەكان، كە دەتوانێت شێوازێكی كۆنترۆڵی دیموكراتیك لەسەر سەرمایە بن، ڕزگار دەكەن. یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی بەجیهانیبوونی ئابووری، خوڵقاندنی ئابوورییەكی مەجازی (virtual)یە؛ واتا گۆڕان لە سەرمایەداریدا لە ڕووی شێواز، بەرهەمهێنان و یاسای گەمەكانه‌وه. واتا هەموو ڕۆژێك قەبارەیەكی فراوان لە سەرمایە كە لەوانەیە چەندین بەرامبەری داهاتی وڵاتێك بێت، كە لە بازاڕەكانی جیهانیدا دێت و دەڕوات.
لە هەلومەرجی ئێستادا، جیهانیبوونی ئابووری خاوەنی دوو ڕەهەندی گەورەیە:
١- ئازادكردنی بازرگانیی نێونەتەوەیی بۆ كاڵاكان.
٢- خزمەتگوزارییەكان و ئازادكردنی شەپۆڵی سەرمایەی نێونەتەوەیی، كە ئەمانەیش بە یارمەتیی پەرەسەندنی تەكنه‌لۆژی، سێ دەرەنجامی لێ دەكەوێتەوە: ا-زۆربوون ب- پسپۆڕی ج- دابەشكردن.
به‌گشتی، كۆمپانیا فرەڕەگەزەكان یارمەتیی دروستكردنی دابەشكردنی كاری نێودەوڵەتیی نوێیان داوە؛ واتە وابەستەبوونی یەكسانی ئابووری لە نێوان كۆمەڵگه‌كان، كە ئێستاكە تێكڕای وڵاتانی جیهان بەقووڵی دەخاتە ژێر كاریگەریی خۆیەوە. هەرچەندە ئەمە دروستە كە وڵاتانی جیهانی سێیەم زۆرتر لەچاو كۆمەڵگه پیشەسازییەكان بە جموجووڵەكانی هەندێك لە بازاڕەكانی جیهانییه‌وه وابەسته‌ن، یان بەرامبەر بەو جموجووڵە زیانیان پێ دەگات. بە واتایەك، تێكڕای ئابوورییەكان زۆرتر وابەستەی یه‌كترین و، كۆمپانیا فرەڕەگەزەكان یارمەتیی پێكه‌وه‌گرێدراوبوونی سیسته‌می ئابووریی جیهانیان داوە؛ هەرچەندە نایەكسان و نادادپەروەرانە.
بۆیه ترامپ له دژبه‌یه‌كییه‌كدا له نێوان پته‌وكردنی سنووره‌كان له لایه‌ك و، له لایه‌كی تره‌وه به‌جیهانیبوونی ئابووریدا تووشی كێشه ده‌بێت و له‌وانه‌یه له درێژخایه‌ندا نه‌توانێت ئه‌م به‌ڵێن و سیاسه‌ته ئابوورییانه به‌ڕێوه به‌رێت، چونكه سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ناتوانێت له‌ناو سنووره‌كانی خۆیدا قه‌تیس بمێنێته‌وه و، ئه‌م ڕێككه‌وتننانه‌ی ئه‌مریكا دوولایه‌نه و چه‌ندلایه‌نه بووه و ئه‌مریكایش سوودی زۆری لێ بینیوه. له لایه‌كی تره‌وه ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ترامپ ئابووریی ئه‌مریكا لاواز ده‌كات و، "چین" ده‌توانێت هێژموونیی ئابووریی ئه‌مریكا لاواز و له‌ناو به‌رێت و ئه‌مه‌یش له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا كاریگه‌ریی سیاسی و سه‌ربازی و ئاسایشی به‌دوای خۆیدا دێنێت. بۆیه پرسیار ئه‌وه‌یه كه ئایا ڕێگه ده‌درێت ترامپ ببێته ئه‌و هۆكاره‌ی كه "چین" جێگه‌ی ئه‌مریكا بگرێته‌وه؟
كۆبه‌ند
له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی كه جێگه‌ی سه‌ر‌نج و هه‌ڵوه‌سته‌یه، خودی ترامپ و كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی نییه، به‌ڵكوو زه‌مینه و به‌ستێنی ناوخۆیی و نێوده‌ڵه‌تیی سیاسی و ئابوورییه كه وا ده‌كات سه‌ره‌ڕای هه‌موو پێشبینییه‌كان، ترامپ بێته سه‌ر ده‌سه‌ڵات. ترامپ به‌پێی ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوورییه‌كانی، ده‌توانێت زۆر شت بكات و، له هه‌مان كاتدا به هۆی به‌ربه‌ست و گوشاره فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كانه‌وه له ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیدا، ناتوانێت زۆربه‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه بباته سه‌ر. لۆژیكی سه‌رمایه‌داری و گوشاره‌كانی به‌جیهانیببون له لایه‌ك و، بونیادی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی و دابه‌شبوونی هێز، هه‌ندێ پرس و بابه‌ت له‌سه‌ر ئیداره‌ی نوێی ترامپ ده‌سه‌پێنێت كه لادان و به‌زاندنی، كارێكی ئه‌سته‌م و نه‌كرده‌یییه. ئه‌مه بێجگه له ڕۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و پێویستیی ترامپ به یاساییكردنی بڕیاره‌كانی و ده‌نگی كۆنگرێسمانه‌كان له ئه‌مریكا، كه له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌بێت.
له ئاستی ده‌ره‌كیشدا، ترامپ ناتوانێت له زۆرێك له‌م په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی كه له ڕاستیدا ئه‌مریكا بۆ پاراستنی هێژموونیی ئابووری و سیاسی و سه‌ربازیی خۆی پێویستیی پێیان هه‌یه، بێته ده‌ره‌وه. بۆ نموونه "ناتۆ" یه‌كێك له‌و په‌یماننامه و ڕێكخراوانه‌یه كه ئاسایشی ئه‌مریكا و هێژموونیی ئه‌و وڵاته له ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپاوه له هه‌مبه‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی ده‌ره‌كی و به‌تایبه‌ت ڕووسیا ده‌پارێزێت. هه‌رچه‌نده چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ترامپ له ڕێگه‌ی كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆری كابینه‌كه‌ی، سیاسه‌ته‌كانی هه‌موار بكرێته‌وه، به‌ڵام له ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا، جۆرێك له دڵه‌ڕاوكێ و چاوه‌ڕوانی ده‌بینرێت تا ئه‌و كاته‌ی كه زیاتر ڕه‌وت و سیمای سیاسه‌ته‌كانی ئاشكرا ببێت. خاڵێكی گرنگ ئه‌وه‌یه كه نابێت ئه‌وه له‌بیر بكه‌ین كه تا ئێستا به‌پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی نه‌ریتیی كۆمارییه‌كان، ترامپ به هۆی دروشم و به‌ڵێنه‌كانییه‌وه پشتیوانیی كرێكاره‌كانی بۆ لای خۆی ڕاكێشاوه و به‌رده‌وامیی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه، له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی ترامپ له جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی و، هه‌روه‌ها سه‌ركه‌وتنی سیاسه‌تی ئابووریی "ترامپ" و كابینه‌كه‌ی، ده‌وه‌ستێته‌وه.
به‌ڵام نابێت ئه‌و خاڵه گه‌وهه‌رییه فه‌رامۆش بكرێت كه له سه‌رده‌می به‌جیهانیبووندا، به‌تایبه‌ت له بواری ئابووری و ئاساشی و ته‌كنه‌لۆژیدا، جێبه‌جێكردنی زۆربه‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی ترامپ له وڵاتێكی سه‌رمایه‌داریی پێشكه‌وتوو وه‌كوو ئه‌مریكادا، كارێكی ئه‌سته‌م و مه‌حاڵه. بۆیه پێشبینی ده‌كرێت سه‌ره‌ڕای جیاوازیی ترامپ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی پێشووتری ئه‌مریكا، به‌پێی گوشاری ستراكچه‌ر، سیاسه‌ته‌كانی ئه‌كته‌ر و بكه‌رێكی وه‌ك ترامپ، واقعیتر و هه‌موار بكرێته‌وه، هه‌رچه‌نده پێشبینیی ئاڵۆزی و بارگرژی و توندوتیژیی زیاتر له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌گه‌ریكی چاوه‌ڕوانكراوه، له قۆناغێكدا كه له ڕووی پێكهاته‌ی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تییه‌وه به قۆناغی ڕاگوزه‌ر و گواستنه‌وه ده‌ناسرێت. بۆیه كورد، پێویسته به‌وردی و یه‌كگرتوویی و وشیارییه‌وه چاودێری و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه ئینتیقاڵییه‌دا بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت سوود له ده‌رفه‌ته پێكهاته‌یییه‌كانی وه‌ربگرێت و، خۆی بۆ هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی ئاماده‌تر بكات.