پێشه‌كی:
سه‌ره‌ڕای ته‌مه‌نی كه‌می ئه‌زموونی حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام هه‌وراز و نشێوی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه: هه‌ر له پێكهێنانی په‌رله‌مان و دروستكردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تاوه‌كوو جه‌نگی ناوخۆیی له نێوان دوو هێزی سه‌ره‌كی (پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێیتی نیشتمانیی كوردستان)، تا ده‌گاته ڕێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژی له نێوان ئه‌م دوو هێزه و، پاشان ئه‌زموونی دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆنێكی جددی به ناوی "بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان" و له‌دایكبوونی له هه‌ناوی یه‌كێك له هێزه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، واته یه‌كێیتی نیشتمانیی كوردستان.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌یه، ئه‌وه‌یه كه بۆچی دروستبوونی بزووتنه‌وه‌یه‌ك به ناوی گۆڕان، كه هه‌ڵگری چه‌ندین دروشم و به‌رنامه‌ی چاكسازی و ڕیفۆرم له سیسته‌می سیاسی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان بوو، یاخود به دیوێكی تردا، له ژێر ناونیشانی گشتیی به‌دیموكراسیكردن، یان دیموكراتیزاسیۆنی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانین پۆلێنی بكه‌ین، نه‌یتوانی له ئامانجه‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو بێت؟ پرسیارێكی تر ئه‌وه‌یه كه ئایا كێشه له حزب و لایه‌نه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستانه وه‌كوو پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، یاخود له ستراكچه‌ر و بونیادی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت كه‌لتووریی هه‌رێمی كوردستانه، كه ئه‌م به‌رنامه و دروشمه چاكسازیخوازانه‌یه، بووه هۆی زیاتر ئاڵۆزبوون و بارگرژی، له بری خۆشگوزه‌رانی و ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌قامگیریی سیاسی و ئابووری؟
ئه‌م پرسیارانه، ده‌كرێت له ڕووی زانستییه‌وه به‌م شێوه‌یه پۆلێن بكرێن كه كێشه له ستراكچه‌ره جۆراوجۆره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه (سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌لتووری و...هتد)، یاخود له بكه‌رایه‌تیی ئه‌كته‌ر و هه‌ڵگرانی ئه‌م دیسكۆرسه، یاخود دیسكۆرسی به‌رامبه‌ر به‌م بزووتنه‌وه‌یه‌یه؟ لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین ڕوانگه‌یه‌كی زانستی و بێلایه‌ن به‌پێی ئه‌ده‌بیاتی سیاسی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه (ڕیفۆرمی و دیموكراتیزاسیۆن) له ڕێگه‌ی هه‌ڵگری ئه‌م دیسكۆرسه (بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان) بخه‌ینه ڕوو.
گۆڕان: هه‌وڵێك بۆ مانیفێستكردنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌ر‌نجه، ئه‌م پرسه‌یه كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و نوخبه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، خۆیان له هه‌ناوی هێزێكی سه‌ره‌كیی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه، كه له چوارچێوه‌ی كاره‌كته‌ری شۆڕشگێڕیدا پێناسه ده‌كرێت، دروست بوون. به‌م مانایه كه داواكارییه‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، به جۆرێك، گه‌ڕانه‌وه بوو بۆ ئه‌و بنه‌ما و ئامانجانه‌ی كه هۆكاری خه‌بات و شۆڕشه‌كانی باشووری كوردستان بوونه، كه له چوارچێوه‌ی دیموكراسی به مانا گشتییه‌كه‌ی و، دابینكردنی مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان، ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات و دادپه‌روه‌ری، ئازادی، شه‌فافییه‌ت، یه‌كسانی، یاساسه‌روه‌ری و... مانیفێست كرا.
خاڵێكی تری جێگه‌ی سه‌ر‌نج ئه‌وه بوو كه، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه زیاتر له لایه‌ن چین و توێژێكی دیاریكراوی گه‌نج و ناوه‌ڕاست به خواره‌وه و، هه‌روه‌ها زیاتر ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو (سه‌ره‌ڕای بوونی لایه‌نگر و ده‌نگ له ناوچه‌كانی تر به ڕێژه‌ی جیاواز) پاڵپشتی كرا.
دیسكۆرسی گۆڕان
گوتار یاخود دیسكۆرس و دروشمی سه‌ره‌كیی بزووتنه‌وه‌كه و ناوی خودی بزووتنه‌وه‌كه‌یش هه‌ر "گۆڕان"بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه جێگه‌ی سه‌ر‌نج و تێبینییه، ئه‌وه‌یه كه "گۆڕان" به‌پێی بارودۆخ و به‌ستێن و پێكهاته‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت ئابووریی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له دوو چوارچێوه‌ی باڵا: 1- گۆڕانی ڕیشه‌یی 2- ڕیفۆرم و چاكسازیدا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت. بۆیه لێره‌وه‌یه كه جیاوازییه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر و به‌م پێیه كاردانه‌وه‌كانی ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك بۆ هاوڕابوون و پشتیوانی یاخود دژایه‌تی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه، ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێڕامانه، به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی لایه‌نگران و هه‌ڵگرانی ئه‌م دیسكۆسه، به ناوه‌ندێتی یاخود (Nodal Point)ی چه‌مكی"گۆڕان"، تێگه‌یشتنی لانی كه‌م (چاكسازی) و لانی زۆر (ڕووخانی سیسته‌م و دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی سیسته‌مێكی تر)، دروست بوو.
ئه‌م ناڕوونییه له لایه‌ك، بووه هۆی دروستبوونی داواكاری و داخوازیی جۆراوجۆر له لایه‌ن لایه‌نگر و ئه‌ندامان و كۆمه‌ڵگه به‌گشتی و، له لایه‌كی تریشه‌وه، بووه هۆی دروستبوونی "نایه‌كده‌ستی" له هه‌ڵگرانی ئه‌م گوتاره و به جۆرێك توندڕه‌وی و میانڕه‌وه‌ی له خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنی چه‌مكی گۆڕان و، به‌م پێیه‌یش ڕه‌فتاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی.
گۆڕانكاری: بكه‌ر، یان بونیاد؟!
لێره به‌دواوه بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر‌ی گوتار و به‌م پێیه ڕه‌فتاری سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ده‌توانین ئاماژه به دوو جۆر یاخود مۆدێل و تیۆریی ڕیفۆرم، یاخود چاكسازی و گۆڕانكاری له چوارچێوه‌ی په‌ره‌پێدانی سیاسی و دیموكراتیزاسیۆندا بكه‌ین:
١- گروپی یه‌كه‌م بریتین له‌و تیۆرییانه‌ی كه ده‌سته‌به‌ركردن و گواستنه‌وه به‌ره‌و دیموكراسی له چوارچێوه‌ی فاكته‌ر و هۆكاره درێژخایه‌ن و بونیادییه‌كان یاخود پێكهاته‌یییه‌كانه‌وه ده‌بینن و خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، كه به گشتی به ڕوانگه‌ی كلاسیك ده‌ناسرێت.
٢- گروپی دووه‌م بریتین له ئه‌و ڕوانگه و تیۆرییانه‌ی كه گرنگی به هۆكار و زه‌مینه كورتخایه‌ن و زیاتر بكه‌رانه‌ی ئه‌كته‌ر و هه‌ڵگرانی گوتاره‌كه ده‌ده‌ن، كه به تیۆری و ڕوانگه‌ی نوێ یاخود كلاسیكی نوێ ده‌ناسرێن؛ كه زیاتر "نوخبه‌گه‌را" یاخود"كۆمه‌ڵگه‌گه‌را"ن.
ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ی دوایییان له‌سه‌ر ڕۆڵی نوخبه و ڕێبه‌رایه‌تی، به‌م پێیه‌یش چۆنیه‌تیی ڕێككه‌وتن و كۆده‌نگی و دانوستاندن له نێوان نوخبه ده‌سه‌ڵاتدار و نوخبه ڕیفۆرمخوازه‌كان و، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پێكهێنانی ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌تێكی بنكه‌فراوان بۆ قۆناغی گواستنه‌وه، جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌م ڕوانگه‌یه زیاتر له‌سه‌ر ڕۆڵی تاك و نوخبه له هه‌مبه‌ر پێكهاته و بونیاده جۆراوجۆره‌كان ڕاده‌وستێت. به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا ڕوانگه‌ی "كۆمه‌ڵگه‌گه‌را یاخود كۆمه‌ڵگه‌ته‌وه‌ر" له‌سه‌ر ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر ڕاده‌وستێت و، له پاڵ گرنگیی فاكته‌ر و هۆكاره‌كانی تری گۆڕانگاری، گرنگیی پێ ده‌دات. ئه‌م ڕوانگه‌یه زیاتر، له ده‌یه‌ی 1980 و 1990ی سه‌ده‌ی ڕابردوو په‌ره‌ی سه‌ند. دوو زانا به ناوی "ئۆدانێل و شمیتێر" له نووسینێكدا به ناوی "گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له حوكمڕانیی نادیموكراسیدا" O’ Donnell, Guillermo, Schmitter, Philippe C. (1986), "Transition from
Authoritarian Rule", vol.4: Tentative Conclusions about Uncertain Democracies,
Baltimore, MD: John Hopkins University press.، بڕوایان وایه كه بوونی ناكۆكی له‌نێو ده‌سه‌ڵاتداران و چۆنیه‌تیی ڕێككه‌وتن له نێوان میانڕه‌وه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار و میانڕه‌وه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن، ده‌توانێت ئه‌م گواستنه‌وه‌یه مسۆگه‌ر بكات.
حكوومه‌ت و حوكمڕانی، یان كۆمه‌ڵگه؟
به‌پێی ئه‌م چوارچێوه تیۆرییه بێت، پرسیاری سه‌ره‌كی، بێجگه له پرسی لانی كه‌م و لانی زۆری گۆڕان (ڕووخانی سیسته‌م یاخود چاكسازی له سیسته‌م)، بریتییه له‌وه‌ی كه گۆڕان و پرۆسه‌ی دیموكراتیزاسیۆن له كامه به‌ش و بواردا ئه‌وله‌وییه‌تی هه‌یه؟ به مانایه‌كی تر، پێویسته ئه‌م گۆڕانكارییه له ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه بێت بۆ سه‌ره‌وه، یاخود به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات و پاشان هه‌نگاونان بۆ گۆڕانكاری له سیسته‌می سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ...هتد؟ لێره‌وه باشتر بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه به هۆی ئه‌زموونی پێشووتری نوخبه‌كانی ڕێبه‌ریی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌وان لایه‌نی حكوومی یاخود چاكسازی له ڕێگه‌ی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتیان هه‌ڵبژارد. هه‌رچه‌نده له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردن و ئاشتییانه، به‌ڵام خاڵی جێگه‌ی سه‌ر‌نج ئه‌وه‌یه كه له لێكدانه‌وه‌ی ڕه‌فتاری ئه‌كته‌ر- بكه‌ره‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا، جۆرێك له ناهه‌ماهه‌نگیی هزری و كرداری له چوارچێوه‌ی دوو ڕوانگه یان دوو گوتاری جیاوازدا ده‌بنیرێت. به‌م مانایه، له لایه‌ك باس له گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و گۆڕینی سیسته‌می سیاسی ده‌كرێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی دروشم و به‌رنامه‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا به‌پێی دووگوتاری له شێوازی گۆڕین (درێژخایه‌ن یاخود كورتخایه‌ن)، ڕوون نییه كه ئه‌م گۆڕانه بریتییه له ڕووخانی سیسته‌م و بنیاتنانی سیسته‌مێكی نوێ به لادانی ده‌سه‌ڵاتی دوو هێزی سه‌ره‌كی (پارتی و یه‌كێتی)، له لایه‌كی تره‌وه به‌ڵێن و چاوه‌ڕوانیی به‌شێك له لایه‌نگران به‌پێی دروشمی لایه‌نی تر له‌ناو ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا كه ده‌نگیان به‌م بزووتنه‌وه‌یه داوه، گۆڕان بریتییه له چاكسازییه‌كی قۆناغ به قۆناغ و ئاشتییانه و له ڕێگه‌ی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هێزه سه‌ره‌كییه‌كانی تری ده‌سه‌ڵاتدار و به دانوستاندن و، له هه‌مان كاتدا له‌ژێر گوشاری جه‌ماوه‌ریی و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی كوردستان، هه‌روه‌ها ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی له هه‌مبه‌ر گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری و نایه‌كسانی و...، هه‌وڵی چاكسازی ده‌ده‌ن.
كه‌لێن و لێكترازانه‌كان
به ده‌ربڕینێكی تر، دوو "نه‌وه-جیل" (پێش ڕاپه‌رین و دوای ڕاپه‌رین) كه هه‌ڵگری دوو مێژوو و به‌گگراوند و نۆرم و به‌های جیاوازن، لێره‌وه له‌ناو ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هه‌ڵگری دروشمی گۆڕانن، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا دوو خوێندنه‌وه‌ی جیاوازیان بۆ گۆڕان و، به‌م پێیه میكانیزم و ئامانجه‌كانیان هه‌یه. لێره‌وه‌یه كه ئه‌م دژبه‌یه‌كی (لێكدژی)یه ده‌بێته هۆی ڕه‌فتاری جیاواز و دژبه‌یه‌ك؛ له لایه‌ك میانڕه‌وه‌ی بۆ گۆڕان و چاكسازی و، له لایه‌كی تره‌وه توندڕه‌وی و په‌له‌كردن له گۆڕان و، به‌م پێیه‌یش هه‌نگاو به‌ره‌و ڕووخاندن و لادانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌نووكه‌یی. باشترین نموونه‌یش ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌م لێكترازان و ناكۆكییه له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم له په‌رله‌مانی كوردستان ڕووی دا، كه بووه هۆی هه‌ڵپه‌ساردنی كاری په‌رله‌مان و ناردنه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی گۆڕان و به جۆرێك له جۆره‌كان دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات. لێره به‌داوه به هۆی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه و ڕووداوه‌كانی پاشتری، ده‌بینین كه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، ئه‌م جاره په‌نا ده‌باته به‌ر گوشاری جه‌ماوه‌ری و دروستكردنی ناڕه‌زایه‌تی؛ هه‌رچه‌نده به هۆی ئه‌وه‌ی كه له بنه‌ڕه‌تدا زیاتر بڕوای به گۆڕانكاری له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه هه‌یه و، جه‌ماوه‌ر وه‌كوو كارتێكی گوشار ده‌بینرێت، ناتوانێت ئامانجه سیاسییه‌كانی ده‌سته‌به‌ر بكات. ئه‌مه ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه كه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، زیاتر كار له‌سه‌ر نوخبه‌گه‌رایی ده‌كات؛ به مانایه‌كی تر، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ركه‌وتن و دروستبوونی هه‌ر گۆڕان و چاكسازی و گۆڕانكارییه‌ك له ڕێگه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌بینێت.
ئه‌مه ده‌ربڕ و ده‌رخه‌ری سروشتی "نوخبه-ته‌وه‌ر" له بری "كۆمه‌ڵگه-ته‌وه‌ر" و، به‌م پێیه‌یش زاڵبوونی ڕوانگه‌ی دووه‌مه له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا؛ واته گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی و ته‌نانه‌ت ڕووخانی سیسته‌مه‌كه له به‌رامبه‌ر گۆڕانكاری له خواره‌وه و هه‌نگاو به هه‌نگاو له ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ڕێككه‌وتن و دانوستاندن له‌گه‌ڵ هێزه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه جومگه سه‌ره‌كییه ئابووری، سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان تا ئه‌م ساته‌وه‌خته له‌ژێر كۆنترۆڵدایه. كاردانه‌وه‌كانیش (له لایه‌ن خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاته‌وه) هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت. بۆیه ته‌نانه‌ت بێجگه له ده‌سه‌ڵات، حزبه‌كانی تری ئۆپۆزیسیۆنی پێشوو وه‌كوو "یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان" كه به هێزێكی میانڕه‌وه‌ی ئیسلامی ده‌ناسرێت، به‌سه‌ر دوو باڵ یاخود ڕوانگه و هه‌ڵوێستدا له په‌رله‌مان و ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌ماندا، دابه‌ش ده‌بێت.
هه‌ڵسه‌نگاندن به‌پێی چوارچێوه‌ی تیۆریی "ئۆدانێل و شمیتێر"
لێره‌دا له چه‌ند خاڵێكدا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌پێی ئه‌و چوارچێوه تیۆرییه، خه‌ساره‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و گوتاری گۆڕانخوازی بخه‌ینه ڕوو. هه‌رچه‌نده ده‌كرێت له ڕه‌هه‌ند و ڕوانگه و تیۆریی جیاوازه‌وه سه‌یری ئه‌م پرسه بكرێت و خه‌سارناسی (Pathology)ی بۆ بكرێت.
یه‌كه‌م: پێش هه‌موو شتێك، پێویست بوو كه له ڕووی گوتارییه‌وه و پاشان له ڕووی سیاسه‌تی كرده‌یییه‌وه، كار له‌سه‌ر سازش و ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات بكرێت؛ واته به‌رنامه‌ی كاری له‌سه‌ر بنه‌مای "هاوسه‌نگی و سازش و ڕێككه‌وتن" له ڕێگه‌ی دانوستاندن دابڕێژرێت.
دووه‌م: پێویست بوو خودی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و لایه‌نگرانی، به ده‌سكه‌وتی "ڕێژه‌یی" و پرۆسه‌ی هه‌نگاو به هه‌نگاوی چاكسازی، ڕازی بوونایه.
سێیه‌م: پێویست بوو دیسكۆرسی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له ڕه‌گه‌زه گوتارییه دژبه‌یه‌كه‌كان ڕزگاری بووبایه. به مانایه‌كی تر، نابێت گوتاری بزووتنه‌وه‌یه‌كی ڕیفۆرمخواز له نێوان ڕووخان و چاكسازیدا هاتوچۆ بكات، یاخود سه‌رگه‌ردان و ناڕوون بێت.
چواره‌م: ستراتیژیی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، نه‌ده‌بوایه ته‌نیا له‌سه‌ر گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بینا بكرابایه، به‌ڵكوو پێویست بوو له خواره‌وه‌یش له ڕێگه‌ی گوتارسازی و پته‌وكردن و داڕشتنه‌وه‌ی چوارچێوه و بنه‌ما و پێگه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و په‌روه‌رده‌یییه‌وه كاری بكردبایه. به دیوێكی دیكه‌دا، تاكه ڕێگه‌ی ڕیفۆرم له حكوومه‌ته‌وه تێپه‌ر نابێت و، ئه‌مه‌یش بۆ لایه‌نگران و ئه‌ندامانیان باشتر شیكردنه‌وه‌ی بۆ كرابایه.
پێنجه‌م: گۆڕانی ڕیشه‌یی و فره‌ڕه‌هه‌ند و هه‌مه‌لایه‌نه له ڕێگه‌ی گوتاری ڕیفۆرمه‌وه ده‌سته‌به‌ر ناكرێت، یاخود هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك دژبه‌یه‌كییه؛ به‌ڵكوو ئه‌مه گوتاری شۆڕشه كه ده‌توانێت ئه‌م ڕه‌گه‌زانه هه‌ڵبگرێت.
شه‌شه‌م: به‌پێی ئه‌م خاڵه‌ی سه‌ره‌وه، گوتاری گۆڕان له‌سه‌ر "به‌شه‌یتانیكردن" یاخود "به‌دێوكردن"ی لایه‌نی به‌رامبه‌ر و ده‌سه‌ڵات دانرابوو؛ ئه‌مه‌یش له گوتاری ڕیفۆرمخوازی و له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه خاوه‌نی فره‌ییی سیاسییه، جێگه‌ی نابێته و جێبه‌جێكردنی ئه‌سته‌مه و، ته‌نیا له چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێرانه‌دا مانیفێست ده‌كرێت و، له‌مه‌یش گرنگتر و زیاتر، ده‌رفه‌ت و ئه‌گه‌ری هه‌ر جۆره ڕێككه‌وتن و سازشێك به هۆی چاوه‌ڕوانی و گوشاری بنكه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌وه له‌ناو ده‌بات.
حه‌وته‌م: ته‌واوی قورسایی بۆ گۆڕانكاری له گوتاری ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا "سیاسی" بوو و، ڕه‌هه‌ند و ڕه‌گه‌ز و بنه‌ماكانی كه‌لتووری و په‌روه‌رده‌یی و ڕۆشنبیری گرنگیی پێ نه‌درا، یاخود لانی كه‌م كه‌متر گرنگیی پێ درا.
هه‌شته‌م: هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌ك به واقعبینیی سیاسی، پێویسته ڕه‌چاوی هه‌لومه‌رج و بارودۆخی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه بكات، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌متر ڕه‌چاوی ئه‌م زه‌مینه‌یه‌ی كرد. بۆ نموونه له هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسی و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، ئه‌وله‌وییه‌تی سه‌ره‌كی، پرسه‌كانی جه‌نگ و مه‌ترسیی ده‌ره‌كی و به‌گشتی پرسی ئاسایشه، به‌م پێیه‌یش هه‌رێمی كوردستان له دۆخێكی تایبه‌تدایه و زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ر سه‌ره‌ڕای ناڕازیبوون له نادادپه‌روه‌ری و بوونی گه‌نده‌ڵی و سه‌روه‌رنه‌بوونی یاسا و ...، به‌ڵام به‌پێی ئه‌زموونی تاڵی ڕابردوو و، هه‌روه‌ها بارودۆخی تایبه‌تی كوردستان و ناوچه‌كه و گۆڕانكارییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عێراق، مه‌ترسییان له دروستبوونی ناسه‌قا‌مگیریی سیاسی و ئاسایشی و... هه‌یه.
نۆیه‌م: بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له دروستكردنی به‌ره‌یه‌ك یاخود هاوپه‌یمانێتییه‌ك له هێزه سه‌ره‌كییه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی پێشووتر (بۆ نموونه كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان)، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. به مانایه‌كی تر، لێكنزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌م هێزانه زیاتر له‌سه‌ر بنه‌مای ترس له ده‌سه‌ڵات و زیاتر ته‌كتیكی و ڕۆژانه بوو، نه‌ك ستراتیژیك و درێژخایه‌ن و له‌سه‌ر بنه‌مای دیسكۆرسی ئه‌م هێزانه بێت. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، ئه‌م هێزانه دژبه‌یه‌كییه‌كی قووڵییان له ڕووی گوتار و سیاسه‌تی كرده‌یییه‌وه هه‌بووه و هه‌یه.
ده‌یه‌م: خاڵێكی گرنگ كه په‌یوه‌ندیی به خاڵی پێشووتره‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌یه كه هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن و به‌تایبه‌ت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له نێوان گوتاری ده‌سه‌ڵات و گوتار و ڕه‌فتاری "ئۆپۆزیسیۆنبوون"دا له هاتووچۆدا بوون یاخود سه‌رگه‌ردان بوون. ئه‌مه‌یش دوودڵی و سه‌ر‌لێشێواویی بۆ جه‌ماوه‌ر و لایه‌نگرانیان دروست كردبوو.
یازده‌یه‌م: گوتاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌یتوانی هه‌ڵگری پێداویستیی هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه بێت، یاخود بگرێته خۆ. به مانایه‌كی دیكه، به هۆی هه‌ڵگرتنی ڕه‌گه‌زه گوتارییه دژبه‌یه‌كییه‌كانی ڕیفۆرم و شۆڕش (چاكسازی و ڕووخان)، له لایه‌ك له‌ناو ده‌سه‌ڵات و، له لایه‌كی تره‌وه له‌ناو خه‌ڵكدا ترسی دروست كرد؛ كه ئه‌گه‌ری پێكدادان دروست ده‌بێت و سه‌قامگیریی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ده‌شێوێنێت.
دوازده‌یه‌م: بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌پێی چوارچێوه تیۆرییه‌كه‌ی "ئۆدانێل و شمیتێر"، پێویست بوو كه له پرۆسه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆ و پله به پله و ڕیفۆرمخوازانه و هاوسه‌نگ له‌سه‌ر بنه‌مای "دانوستان و ڕێككه‌وتن و سازان" ده‌ست پێ بكات، له بری هه‌ڵگرتنی دروشمی ڕووخان و گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی له هه‌موو جومگه و بواره‌كاندا.
سێزده‌یه‌م: بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌یتوانی له بری په‌راوێزخستنی لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات، فۆرمۆڵێكی سیاسی، یان ئه‌لته‌رناتیڤێكی میانڕه‌وانه‌تر پێشكه‌ش بكات. به مانایه‌كی تر، پێویست بوو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و بزاڤی گۆڕانخوازی و چاكسازی، فۆرمۆڵێكی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای "هاوسه‌نگی" له نێوان ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ری و چاكسازی له لایه‌ك و، گره‌نتیدان به ده‌سه‌ڵات و پاراستنی ده‌سكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له لایه‌كی تره‌وه، دروست بكات. لێره‌وه به‌دڵنیایییه‌وه تێچووی كه‌متر ده‌بوو و له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵكه‌وه باشتر پێشوازیی لێ ده‌كرا و سه‌ركه‌وتوو ده‌بوو.
چوارده‌یه‌م: بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به هۆی گوتاره‌كه‌یه‌وه و په‌رشوبڵاوی له هه‌ڵگرانی ئه‌م گوتاره‌وه، له نێوان چاكسازی و ڕووخاندا، گوشاری جه‌ماوه‌ریی زۆری بۆ سه‌ر خۆی دروست كرد كه له توانای ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به‌ده‌ر بوو، یاخود توانای ئه‌وه‌ی نه‌بوو خێرا وه‌ڵامی ئه‌م چاوه‌ڕوانییه بداته‌وه.
پازده‌یه‌م: له ڕووی ناسنامه‌یییه‌وه، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له لایه‌ك هه‌وڵی ده‌دا خۆی له یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان جیا بكاته‌وه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا نوخبه سه‌ره‌كییه‌كانی، خۆیان به هه‌ڵگری شانازی و ئه‌زموون و مێژووی ئه‌م حزبه داده‌نا، یان لانی كه‌م له لایه‌ن لایه‌نگره‌كانیانه‌وه ئه‌م ناسنامه‌یان پێدراوه و، له لایه‌كی تریشه‌وه خۆیان به "ئه‌وه‌ی تر"ی پارتی دیموكراتی كوردستان و به‌گشتی ده‌سه‌ڵات، پێناسه ده‌كرد.
لێره‌وه به هۆی نه‌بوونی ده‌رفه‌ت (یاخود په‌له‌كردن له كاری ئۆپۆزیسیۆن و پاشان ده‌سه‌ڵاتبوون) و دروستكردنی كادیری نوێی سیاسیی خاوه‌ن ئه‌زموون له گۆڕه‌پانی سیاسی‌دا كه جێگه‌ی متمانه‌ی هه‌موو جه‌ماوه‌ر، یان لانی كه‌م زۆرینه بێت، كاره‌كته‌ره‌كانی پێشووتری یه‌كێتیی نیشتمانی به شێوه‌ی سه‌ره‌كی، ئه‌م ئه‌ركه‌یان گرته ئه‌ستۆ. بوونی كه‌سانی گه‌نج و خوێنده‌وار به‌پێی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووری سیاسی له هه‌رێمی كوردستان، كه‌متر ئه‌و كاریگه‌ری و شوێندانه‌رییه‌ی ده‌بێت؛ به‌م پێیه‌یش هه‌ڵگرانی ئه‌م دیسكۆرسه‌ی بزووتنه‌وه‌كه، هه‌ر له چوارچێوه‌ی نوخبه‌كانی پێشووتری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا قه‌تیس مانه‌وه و له لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ده‌كرا. له ڕووی ناسنامه‌یییه‌وه، ئه‌م لێڵی و ناڕوونییه كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه دروست كرد و، زیاتر وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه ته‌نیا دژی پارتی دیموكراتی كوردستانه خۆی نماش كرد و ناسێنرا.
كۆبه‌ند:
دروستبوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌زموونی كرده‌ییی كاری ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، سه‌ره‌ڕای پێویستیی دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆنێكی چاكسازیخواز له هه‌رێمی كوردستان، كه خزمه‌ت به ڕه‌وت و پرۆسه‌ی دیموكراتیزاسیۆن له بواره جۆراوجۆره‌كانی كۆمه‌ڵگه و سیاسه‌تدا بكات، هه‌ڵگری چه‌ندین وانه و ئه‌زموونه بۆ خودی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه و هه‌ر بزاڤێكی تری چاكسازیخواز و ڕیفۆرمیست له داهاتوودا. یه‌كێك له گرنگترین و به‌رجه‌سته‌ترین كێشه‌كانی ئه‌م بزاڤه (سه‌ره‌ڕای گرفت و به‌ربه‌سته‌كانی تر) هاتوچۆ و دوودڵی بوو له نێوان ڕووخان و ڕیفۆرمدا؛ به‌و مانایه كه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه نه‌یتوانی له لایه‌ك ڕێككه‌وتن و سازشێك له نێوان هێز و لایه‌ن و تاكه ڕیفۆرمخوازه‌كان بۆ چاكسازی له كایه جۆراوجۆره‌كانی هه‌رێمی كوردستان دروست بكات و، له لایه‌كی تره‌وه له ڕێگه‌ی دانوستاندنه‌وه، سازش و ڕێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا پێك بێنێت.
هه‌روه‌ها ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه زیاتر له‌وه‌ی به شێوه‌ی هه‌نگاو به هه‌نگاو له خواره‌وه كار بۆ ڕیفۆرم بكات، هه‌موو توانا و ستراتیژیی خۆی له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه و له ڕێگه‌ی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، داناوه. به‌م پێیه‌یش، به كاردانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و دووركه‌وتنه‌وه له ناوه‌ندی بڕیار، هیچ نه‌بێ له كورتخایه‌ندا تووشی شكست و نائۆمێدی و لێكترازان و په‌راوێزكه‌وتنی جه‌ماوه‌ری و سیاسی ده‌بێت. له لایه‌كی تره‌وه، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه نه‌یتوانی گوشاری جه‌ماوه‌ری وه‌كوو كارتێكی گوشاری سیاسی له سه‌ره‌وه بۆ دانوستاندن و سازش له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات به مه‌به‌ستی چاكسازی به‌كار بهێنێ؛ كه گه‌وره‌ترین هۆكاری ئه‌مه‌یش ئه‌وه بوو كه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه زیاتر له‌وه‌ی كه بڕوای به كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ده‌سه‌ڵاتی جه‌ماوه‌ری هه‌بێت، بڕوای به كۆنترۆڵی ناوه‌نده‌ی بڕیاری سیاسی و حكوومه‌ت هه‌بوو بۆ جێبه‌جێكردنی پلان و به‌رنامه‌كانی. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای دژبه‌یه‌كی و لێكترازان له گوتاری هه‌ڵگرانی ئه‌م دیسكۆرسه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه و زاڵبوونی باڵی توندڕه‌و، كه خوازیاری گۆڕانی ڕیشه‌یی و خێرا بوون له‌سه‌ر باڵی میانڕه‌وتر، كه خوازیاری ڕیفۆرمی هه‌نگاو به هه‌نگاو بوون له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێككه‌وتن و سازش له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و هێزه‌كانی تری گۆره‌پانی سیاسی له هه‌رێم كوردستاندا.
له كۆتاییدا، خاڵی گرنگ ئه‌وه‌یه كه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به ململانێی توندی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی له‌ده‌ست دا كه پاساو و ڕه‌وایه‌تی بۆ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ نوخبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له لای لایه‌نگرانی به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌مه‌یش، بووه هۆی ڕادیكاڵیزه‌بوونی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، كه له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانی ڕیفۆرمخوازیدا دژبه‌یه‌كه. ئه‌مه بێجگه له گوتاری حزبه سیاسییه ئیسلامییه‌كان كه هه‌ڵگری دژبه‌یه‌كین، به‌و مانایه كه به‌ئیسلامیكردنی ئه‌م سیسته‌مه‌ی ئێستا و داڕشتنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ئیسلامی سیاسی، به مانای گۆڕانی ڕیشه‌یی یاخود ڕووخانی سیسته‌م دێت، نه‌ك چاكسازی و ڕیفۆرم؛ بۆیه پێویسته زۆر به‌وشیارییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م چه‌مك و دیسكۆرسانه‌دا بكرێت و، هاووڵاتیان لێی ئاگادار بن.