ئایا سەروەریی سنووردار هەیە؟

زۆر جار لە هۆکارەکانی ڕاگەیاندن، لە ناوەنده‌ سیاسی و ئاکاديمییه‌كانیشدا، دەبیسین و دەیبينین كه‌ هەندێك قسەکەر باس لەسەروەریی ناتەواو، نيمچەسەروەری، یان سەروەریی سنووردار دەکەن. هەندێك جار لە شێوەی "تانە" دەگوترێت: عێراق لە دوای ٢٠٠٣وە، بەتایبەتی لە دوای دەستێوەردانی وڵاتانی جیهان و دراوسێ، سەروەرییەکی سنووردار پیاده‌ دەکات. یان جار بە جار، بەپێچەوانەوە، ئەم دەسته‌واژانە وەك دروشمێك بەکار دەهێنرێت؛ کاتێك دەڵێن هەرێمی کوردستان سەروەریی هەیە بەڵام سەروەرییەکی ناتەواوە، یان سنووردارە. بە مانایەکی دیكه‌، قسەکەرەکان بێ ئەوەی چووبنە بنج و بناوانی چەمکی "سەروەری"یه‌وه‌، پێشگر و پاشگری بۆ زیاد دەکەن؛ کە ئەمەیش دەیانخاتە ناو گێژاوێكی ئەکاديمی، کە هەڵگری پرسیاری یاسایی و هزریی زۆرن. لەسەروبەندی ڕاگەیاندنی دەوڵەت، وشە و دەستەواژەکانی تایبەت بە دەوڵەتبوون و سەروەری و سەربەخۆیی، زۆر دووبارە دەکرێنەوە و دەگوترێنەوە. بۆیە لێرەدا بەپێویستمان زانی، لە ڕێگه‌ی ئەم کورتە نووسینەوە چەند ڕەهەندێکی چەمکی سەروەری، ڕوون بکەینەوە.

سەروەری

چەمکی سەروەری، لە سەدەکانی ناوينەوە بەکاردێت. سەرەتا ئەم چەمکە بۆ پيشاندانی دەسەڵات و هێزی ڕەهای پادشا و پاپا و خەلیفەکان بەکار دەهات. ئەم کەسانە سەروەر بوون؛ کەس نەبوو شان لە شانیان بدات. لەو کاتەدا وا باو بوو کە ئەم کەسانە لە لایەن خودای گەورەوە هەڵبژێردراون و دەسەڵاتیشیان وەرگرتووە. هەربۆیە، ئەم "سەروەرانە" تەنیا بەرامبەر پەروەردگار خۆیان بە بەرپرس دەزانی، نەك بەرامبەر خەڵکەکەی، کە بەڕێوه‌یان دەبرد. لەگەڵ ڕوونبوونەوەی سنوور، ڕەگەزەکان و دەسەڵاتەکانی دەوڵەتدا، به‌رگی سەروەری، کرایە بەر دەوڵەتی سەربەخۆ. لەگەڵ کاریگەریی نووسینەکانی گەورە زانای فەڕەنسی "ژان بۆدن" (Jean Bodin) لە سەدەی شازدە و، بەرجەستەبوونی "ڕێکكەوتننامەی ئاشتیی وێستفالیا" (Westphalia) لە ساڵی ١٦٤٨، تەنیا دەوڵەت وەك سەروەر مایەوە تا ئەمڕۆ. بەم شێوەیە سەروەری، لە کەسایەتیی سەرکردەی وڵات دوور خرایەوە.

سەروەری، واته‌ پیادەکردنی دەسەڵاتێكی ڕەها لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات. بە مانایەکی تر، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، هيچ دەسەڵاتێك لەسەروەریی دەوڵەت باڵاتر نییە. لە ئاستی ناوخۆییشدا، هیچ کەس و لایەنێك ناتوانێت کێبڕكێی دەسەڵاتی دەوڵەت بکات. پێناسە و ڕەهەندەکانی سەروەری، زۆر و فرەلایەنن. سیاسییەکان و سیاسەتناسان بە جۆرێك لێکی دەدەنەوە و، ئابووریناس و کۆمەڵناسانیش لە گۆشەنیگای تایبەتی خۆیانەوە چەمکی سەروەری دەخوێننەوە.

سەروەری و یاسا

سەروەری، پەیوەندییەکی پتەوی بە دوو بواری کارکردنەوە هەیە: یاسا و سەربەخۆیی. پەیوەندیی سەروەری و یاسا، لە دەستوور و یاساکاندا بەتوندی هەستی پێ دەکرێت. سەروەریی وڵات، یەكخەر و کۆکەرەوەی یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتە. هەڵگرانی ڕێچکەیەکی هزری کۆنی بەهێز لەم بوارەدا دەڵێن: بەبێ دەوڵەتی سەروەر، یاساکان یاسا نین؛ دامەزراوەکانیش دانپێدانراو نابن. كاتێك "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام"، كه‌ زیاتر بە "داعش" ناسراوە، لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤ ڕاگەیەندرا، هيچ دەوڵەتێك لە جیهان بە سیفەتی دەوڵەتێکی سەروەر، دانی پێدا نەنا. داعش دەيویست، سەروەریی خۆی بەسەر جیهاندا بسەپێنێت. بە شێوەیەکی ئاسایی، سەروەریی دەوڵەت لە خاکێك و لەسەر دانيشتووانێكی دیاریکراو پیادە ده‌کرێت. ئەو قەوارەیەی کە داعش ڕای گەیاندبوو، سەروەری نەبوو؛ کەواتە یاساکان و دامەزراوەکانیش، لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا، هيچ بەهایەکیان نەبوو و نییە. ڕاگەیاندنی دەوڵەتێك بێ سەروەری، وەك لەدايكبوونی کۆرپەیەکی بێڕۆحە. پڕۆژەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، بەمردوویی لەدایك بوو.

چەمكێکی تریش هەیە کە پێویستە هەڵوێستەیەکی کورتی لەسەر بکەین، کە جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ چەمکی سەروەریدا هەیە. ئەم چەمكەیش بریتییە لە "سەروەریی یاسا"؛ واته‌ باڵادەستبوونی یاسا لە وڵاتێكدا، بە جۆرێك هەموو هاووڵاتیان لە زیادەڕەویی دەسەڵات بپارێزرێت. ئەم چەمکە، لە "سيادة القانون"ی زمانی عەرەبییەوە بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە. ئەگەر بچینەوە سەر بنەڕەتی وشەکە لە زمانەکانی ئینگليزی و فەڕەنسیدا، وشەی "سەروەری"یان تێدا نییە. لە ئینگلیزیداRule of Law بەکاردێت، کە لە کوردیدا زەحمەتە بەرامبەرەکەی بيدۆزینەوە، بەڵام دەکرێت ببێت بە "دەسەڵاتی یاسا". لە زمانی فەڕەنسیدا Etat de droit بەکاردێت، کە بە زمانی کوردی، دەبێت بە "دەوڵەتی یاسا".

سەروەری و سەربەخۆیی

لە لایەکی ترەوە، سەروەری و سەربەخۆیی، پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان هەیە؛ دەوڵەت لە ڕێگه‌ی سەروەرییەوە پێناسە دەکرێت. هەندێك بيرمەندی وەك Vattel، هەروەها لە بڕیارێکیدا "دادگه‌ی هەمیشەیی بۆ دادی نێودەوڵەتی" لە ساڵی ١٩٢٧دا، سەربەخۆیی و سەروەری، بە دوو ڕووی هەمان دراو هەژمار كران. سەربەخۆیی لە هەمان کاتدا، مەرج و پێوەری سەروەرییە. سەروەری، پارێزەری سەربەخۆییی وڵاتە. واتا، کاتێك دەوڵەتێکی سەروەر هەبوو، بۆ هیچ دەوڵەتێكی تر نییە دەست لەم سەربەخۆیییە وەربدات.

بەڵام لە یاسای نێودەوڵەتیدا، جیاوازییەکی بچووك لە نێوان سەربەخۆیی و سەروەریدا هەیە، کە پێویستە لێرەدا دەری بخەین. سەربەخۆیی، چەمکێکی کرداری، ئەرێنی و جووڵاوە. ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، پێویستیی بە جووڵانەوەیەكی ناوخۆیی، یان نێودەوڵەتی هەیە. بەڵام سەروەری، پێگەیەکی بەرگریکار و چەسپاوی هەیە. کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی، لە پێشێلکردنی سەروەریی دەوڵەتاندا دێتە دەنگ. پرۆسەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، خۆی دژی یاسای نێودەوڵەتی نییە؛ وه‌ك چۆن لە ڕای ڕاوێژکاریی دادگای نێودەوڵەتیی داد دەربارەی کۆسۆڤۆ لە ساڵی ٢٠١٠، دەرکەوتووە. گوتار (خيتاب)ی یاسایی و سیاسیی هەرێمی کوردستان، دەبێت ڕوون بێت؛ خەڵکی هەرێم داوای مافی بڕیاردان له‌ چاره‌نووس و سەربەخۆیی دەکەن. داواکردنی سەروەریی عێراق، ئاراستەیەکی هەڵەیە لە خيتابی بەدەوڵەتبووندا. سەروەریی وڵاتان لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا، زۆر بەتوندی پارێزگاریی لێ دەکرێت. بەڵام "ميللەتانی ڕووەو سەربەخۆیی"، بە چاوێکی جیاواز تەماشا دەکرێن. لە دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، دانپێدانان و دانپێدانەنانی وڵاتان، دەبێتە پێوەرێکی نوێ بۆ پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت.

سەروەری و دەسەڵات

تێکەڵکردنێك لە نێوان چەمکی سەروەری و دەسەڵاتدا هەیە. ڕاستە سەروەری، واتا یەكخستنی دەسەڵاتەکان لە دەستی دەوڵەتێكدا. ئەم دەوڵەتەیش بەپێی ویست و بەرژوەندیی گشتی، ده‌سه‌ڵاته‌كان دابه‌ش ده‌كاته‌وه‌؛ ئینجا بە شێوەی فيدراڵی بێت، ناناوەندی بێت، یان هەر شێوەیەکی تری حوکمڕانی. کەواتە، لە دەوڵەتدا دەسەڵات دابەش دەکرێت، نەك سەروەری. یەکخستنی دەسەڵاتەکانیش لە دوو بەرەوە دەکرێت: دەوڵەت لە ناوخۆی خۆی، سەروەری بەرامبەر هەر دەسەڵاتێکی تر دەسەپێنێت، وەك حزب، هۆز، یان هەردەسەڵاتدارێکی لۆکاڵی؛ لە بەرەی دەرەکیش، دەوڵەت بە دەستگرتن بە سەروەرییەوە، بۆ هەموو جیهانی دەسەلمێنێت کە تاکە دەسەڵات و نوێنەری گەلەکەیەتی و، هيچ دەسەڵاتدارێکی تر نییە کە سەروەرییەکەی سنووردار بکات، یان کێبرکێی له‌گه‌ڵدا بکات.

هەرێمێك، پارێزگه‌یەك، یان وەزارەتێك چەندین دەسەڵاتی جۆربەجۆریان هەیە، کەچی سەروەری، بەپێچەوانەوە یەك شتە. دەوڵەت لە ڕێگه‌ی سەروەرییەوە دەناسرێتەوە. سنوودارکردنی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت، کاریگەریی لەسەر پێگەی یاساییی دەوڵەت نییە. لە یاسای نێودەوڵەتی و لە یاسا نێوخۆیییەکاندا دەسەڵاتەکان سنووردار دەکرێن، نەك سەروەری.

کورتبينیی سەروەریی سنووردار

ئەم خاڵە زۆر بە خاڵی سەرەوە (سەروەری و دەسەڵات) گرێ دراوە. ئەگەر دەسەڵات و سەروەری بەیەکەوە ببەستینەوە، ئەوا دەمانخاتە گێژاوێکی ئەکاديمییه‌وه‌. دەوڵەت ئازادە لەوەی ئەرکەکانی فراوان بکات؛ هەروەها دەرگه‌ واڵایە بۆ وڵاتان مافەکانی خۆیان پيادە بکەن یان نا. ئەگەر دەسەڵات و سەروەری، هەمان واتایان هەبێت، کەواتە دەکرێت ئەم سەروەرییە دابەش بکرێت، هاوبەشی هەبێت و کەم بکرێتەوە. لە هەمان کاتدا، وا دەکات کە سەروەرەکان ئاستی جیاوازیان هەبێت: "نيوسەروەر"، یان "نیمچەسەروەر"مان هەبێت.

جاران، دەستەواژەی نيوسەرور بۆ ئەو وڵات و ناوچانەی کە لەژێر کۆلۆنیاليزمی ڕۆژاوادا بوون، بەکار دەهات. کەواتە، دوو ئاستی دەوڵەت هەبوون: دەوڵەتی باڵادەست (سەروەریی تەواو) و دەوڵەتی ژێردەست (نيوسەروەری). هەروەها دکتۆرینێكی ناسراوی "برێژنێڤ" هەبوو، کە هەندێك بيرمەندی ڕۆژاوا بە "سەروەریی سنوودار" ناویان دەبرد. بەپێی ئەم بيرۆکەیە دەوڵەتانی ناسراو بە وڵاتانی سەتەلایت، کە لەژێر هێژموونی و دەسەڵاتی یەكێتیی سۆڤیەتدا بوون، سەروەرییەکی سنوورداریان هەبوو. پێناسەکردنی سەروەریی وڵاتان بە سنووردار، تانە و تەشەرە بۆ ئەو وڵاتانە. هیچ دەوڵەتێك لە جیهاندا، ڕازی نییە سەروەرییەکەی بە کەم، یان بە سنوودار وەسف بکرێت. لەکەداربوونی سەروەری، واته‌ تێکچوونی شيرازەی وڵات.

ئەو دەستەواژانەی هەوڵی ئەوە دەدەن لەسەروەریی وڵاتان کەم بکەنەوە، دەستەواژەیەکن لە دەرەوەی زانستی یاسان؛ کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر سەروەری بە واتا یاسایییەکەی، کە سەروەرییەکی ڕەهایە، نییە. دەوڵەت ئازادە لەوەی چۆن دەسەڵاتە سەروەرییەکانی لە ئاستی ناوخۆیی، یان نێودەوڵەتیدا، سنووردار بکات. بەڵام سنووردارکردنی دەسەڵاتە سەروەرییەکان، به‌ واتای سنووردارکردنی سەروەری نییە.

بۆ نموونە، کاتێك بریتانیا ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا بوو،  هەندێك دەسەڵاتی سەروەریی خۆی بەم یەكێتییە دابوو؛ بەڵام سەروەریی خۆی لە دەست نەدابوو. کاتێکیش بریتانیا ویستی دەسەڵاتەکانی خۆی لەم یەكێتییە وەربگرێتەوە، توانیی بەئاسانی خۆی بکشێنێتەوە؛ بەو شێوەیەیش کە خۆی ده‌یویست، سەروەریی خۆی پيادە کرد. لە ئاستی ناوخۆی وڵاتانیشدا هەمان قسەیە؛ بۆ نموونە، کاتێك دەستووری دەوڵەتێكی فيدراڵ، هەندێك لە دەسەڵاتە سەروەرییەکانی بە هەرێم و یەکە ئیدارییەکانی تر لە وڵاتدا دەدات، به‌ واتای سازشکردن نییە لەسەروەری، بەڵکوو ئەمە شێوەی "ڕاسپاردن" وەردەگرێت. واتا دەوڵەت، هەرێم و دەسەڵاتەکانی ڕاسپاردووە ئەم کارە سەروەرییانە ئەنجام بدەن. بە مانایەکی تر، دەوڵەت سەروەرە لەوەی، هەر کاتێك ویستی دەتوانێت دەسەڵاتەکانی بکێشێتەوە و، بە شێوەیەکی تر پیادەی سەروەریی خۆی بکات. دەکرێت دەستوورێكی نوێ بێتە کایەوە و، بە جۆرێك بێت شێوەی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە فيدراڵییەوە، بگۆڕێت بۆ شێوەی فەرمانڕەواییی ناوەندیی توند. لەم حاڵەتەدا، دەوڵەتانی جیهان بۆیان نییە دەست لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە وەردەن؛ لەبەرئەوەی سەروەریی وڵات دەپارێزێت.

قەوارەی سەروەر، قەوارەی ناسەروەر

وەك چۆن ڕۆح، بەشێكی دانەبڕاوە لە ژیانی مرۆڤ، ئەوهایش سەروەری، بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی دەوڵەتی سەربەخۆ. کەس دەتوانێت پێمان بڵێت ڕۆح پارچەپارچە دەکرێت؟ کەس هەبووە نيوەڕۆح، یان نيمچەڕۆحی هەبێت؟ مرۆڤ، یان ڕۆحی تێدایە، یان تێیدا نییە. هەمان شتیش بۆ دەوڵەت ڕاسته‌: قەوارەیەکی سیاسی، یان سەروەریی هەیە، یان نییەتی. ڕوون و ئاشکرایە هەر قەوارەیەك لەبەرئەوەی دەوڵەتە، سەروەرە. ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، هەروەك لەدايكبوونی مرۆڤێك وایە؛ لەگەڵ یەکەم هەناسەی کۆرپەدا، چەندین مافی دەبێت و کەسایەتیی یاسایی پەرە دەستێنێت. ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، خۆی سەروەری هێنەرە. ڕاستە لەوانەیە لەسەرەتای لەدايكبووندا، نەتوانێت هەموو ماف و ئەرکەکان پیادە بکات، بەڵام کاتێك سەروەری و کەسایەتییه‌كه‌ی دروست بوو، زۆر زەحمەته‌ لە ڕۆژی ئەمڕۆدا لەناو ببردرێت.

ڕوودەدات كه‌ دەوڵەتێك لەژێر هێژموون و داگیرکاریی دەوڵەتێكی تردا بێت، بەڵام ئەو دەوڵەتە سەروەریی لە دەست نەداوە، بەڵكوو چەند دەسەڵاتێکی لێ زەوت کراوە؛ مافی هەیە بە هەموو شێوەیەك بيگه‌ڕێنێتەوە. لە ساڵی ١٩٩٠ەوە، دەوڵەتانی جیهان لە ڕێگه‌ی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، سزا نەما بەسەر عێراقدا نەیسەپێنن، کەچی لە دەقی بڕیاری سزادانەکه‌یاندا، هەر جەختیان لەسەر سەروەریی عێراق دەکردەوە.

سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان

بەپێی یاسا، قەوارەیەکی سیاسی، چەند بەهێز و دەسەڵاتدار و ڕێکوپێك بێت، دەوڵەتی ڕانەگەیاندبێت، سەروەر نییە. ئەوەتا لە پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستانی ساڵی ٢٠٠٩، تەنیا باس لەسەروەریی دەستوور و یاساکانی هەرێم كراوه‌؛ پێشتر ڕوونمان کردەوە کە ئەم جۆرە دەستەواژانە زۆر لە چەمکی سەروەرییەوە دوورن. یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٠٥)، بە هيچ شێوەیەك ئاماژەی بۆ ئەم چەمکە نەکردووە. بەڵام کاتێك دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ دەخوێنینەوە، تێیدا نۆ جار ئاماژە بۆ ئەم چەمکە کراوە؛ لە (٧) جاریان مەبەست لە بەکارهێنانی چەمکی سەروەری بووە، هەروەكوو لەسەرەوە پێناسەمان کردووە. لێرەوە بەئاسانی بۆمان دەردەکەوێت کە کام قەوارە سەروەرە و کام قەوارە سەروەر نییە.

ئێمە لێرەدا، سەروەری لە ڕووە یاسایییەکەیەوە لێک دەدەینەوە، لەوانەیە هەندێك جار نە لەگەڵ واقع و نە لەگەڵ هیواکانی گەلی کوردیشدا بگونجێت. بوون و نەبوونی سەروەری پرسێکی دوورە لە هەست و سۆزەوە، تا هەرێمی کوردستان بەشێك بێت لە عێراق، سەروەریی خۆی ڕادەستی دەوڵەتی عێراق کردووە. عێراق سوود لەم سەروەرییە دەبينێت و پیادەی دەکات و، هەندێك جار بە خراپیش بەکاری هێناوە دژی هەرێمی کوردستان. ئەگەر لە ڕوانگەیەکی ترەوە باسی بکەین، بڵێین نەخێر ئێمە بەشێك نین لە عێراق و، سەروەریی خۆمان هەیە، تا ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، ئەم قسەیە ڕاست نییە؛ چونکە سەربەخۆیی، یەکسانە بە سەروەری. لەم بوارەدا خاڵی وەرچەرخان، ڕاگەیاندنی سەربەخۆیییە.

بەپێی یاسا، سەروەریی هەرێمی کوردستان و عێراق، یەك پارچەیە و لێك دانەبڕاوە. لە یاسای نێودەوڵەتیدا، هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە هەڕەشە بۆ سەروەریی عێراقیش لێک دەدرێتەوە. لە ڕوانگەی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتییشەوە، کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقیش، کێشەیەکی ناوخۆیییە لەسەر دەسەڵات و، پەیوەندیی بە سەروەریی عێراقەوە نییە. ڕاستە، لە ڕووی واقعيیەوە هاوپەیمانان بەرگرییەکی مێژوویی و جیاوازیان لە هەرێمی کوردستان لە جەنگی دژی داعش کرد، بەڵام نابێت تەنیا لە چاوی خۆمانەوە ئەم پشتگيرییە بيخوێنینەوە؛ دەبێت بە چاوی وڵاتانی تریش تێی بڕوانین: هاوپەیمانان، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەرگرییان لەسەروەریی خاکی عێراق کرد.

زۆر سروشتییە، دەوڵەتی سەروەر، لە دەوڵەتێکی تری سەروەر لەدایك بێت. هەموو لەدایكبوونێکیش ئێش و ئازاری خۆی هەیە، بەتایبەت بۆ دەوڵەتی دایك. بەڵام عێراق لە حاڵەتێکدایە، "ناوکە پەتکە"کەیشی، کە سەرچاوەی بژێوی هەرێمی کوردستانه‌، بڕیوە. عێراق بەکردەوە سەلماندوویەتی، کە ئەم پارچەیەی خاکی خۆی ناوێت. هەر ئەوەندە ماوە، دەنگێك لە کوردستانی عێراق بەرز ببێتەوە، کەسایەتی و سەروەریی خۆی بۆ دنیا وەگەڕ بخات. ئەگەر دەوڵەتی سەرەوەری دایك ڕێگر نەبوو، هيچ وڵاتێك و دەسەڵاتدارێکی تر، ناتوانێت کاریگەریی لەسەر سەروەریی نوێی وڵاتێكه‌وه‌ هەبێت. هێژموون دروستکردن لەسەر قەوارەیەکی ناسەروەر، ئاسانترە وەك لەسەر دەوڵەتێکی سەروەر. لەو بڕوایەداین دەوڵەتی داهاتووی كوردستان، لەو پاڵپشتییەی کە هاوپەیمانان وەك هەرێمێك لە كوردستان کردوویانە، زیاتری ناوێ، بەتایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠١٤؛ بەڵکوو لەوانەیە پێویستیی بە پاڵپشتییەکی کەمتریش هەبێت، لەبەر ئەوەی قەڵغانی سەروەری، خۆی لە خۆیدا پارێزەرێکی یاساییی بەهێزە بۆ هەموو دەوڵەتێك.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples