پێشه‌كی
پرسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، بابه‌تێكی فره‌ڕه‌هه‌ند و فره‌ڕه‌گه‌زه. به‌م مانایه كه له جیهانی ئیمڕۆدا ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی مۆدێرن، ته‌نیا سه‌ربازی و ڕێگه‌گرتن له هه‌ڕه‌شە و هێرشی سه‌ربازیی ده‌ره‌كی و پاراستنی ئارامی له ناوخۆ نییه، به‌ڵكوو په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به كۆمه‌ڵێك پرس و بابه‌ته‌وه هه‌یه كه پێشووتر له وڵاتانی نادیموكراتیك و دوواكه‌وتوو گرنگییان پێ نه‌ده‌درا، یاخود پشتگوێ خرابوون؛ به‌ڵام به‌رده‌وام ئه‌و جۆره وڵاتانه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه و پشێوی و ناسه‌قامگیریدا بوونه. یه‌كێك له پرس و بابه‌تانه، پرسی په‌یوه‌ندیی نێوان زمان و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یییه. به‌م واتایه كه پاراستن و په‌ره‌په‌ێدانی زمانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك، به‌شێكی گرنگ و هه‌ستیاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی ئه‌و وڵاته پێك دێنێت كه له چوارچێوه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییی ئه‌و ده‌وڵه‌ت یاخود نه‌ته‌وه‌یه‌دا مانا په‌یدا ده‌كات. ته‌نانه‌ت بزووتنه‌وه توندڕه‌وه نه‌ته‌وه‌یییه‌كانیش وه‌كوو پان-عه‌ره‌بیزم و پان-فارسیزم و پان- توركیزم و ...، ناونیشان، بنه‌ما و ڕه‌هه‌ندی زمانییان هه‌یه.
لێره‌دا پرسی سه‌ره‌كیی ئه‌م نووسینه، ئه‌وه‌یه كه زمان چ په‌یوه‌ندییه‌كی به ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یییه‌وه هه‌یه یان ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به چ شێوه‌یه‌ك گرێدراوی ناسنامه و زمانه؟ به‌تایبه‌ت بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێده‌وڵه‌ت، وه‌كوو كورد، كه ئه‌م پرسه زۆر هه‌ستیارتره تاوه‌كوو بۆ نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تێكی پێگه‌یشتوو و پێشكه‌وتووی ڕۆژاوایی؛ چونكه به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی سڕینه‌وه‌ی زمان و ناسنامه و كه‌لتووره‌كه‌یه‌وه بووه. به‌م پێیه له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین تیشك بخه‌ینه سه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان زمان، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ستیاری و گرنگیی پرسی زمان له چوارچێوه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییدا ڕوون بكه‌ینه‌وه.
زمان و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی
به شێوه‌یه‌كی گشتی زمان ده‌زگه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك و ڕێكخراوه له ده‌نگه‌كان، كه گرنگی و به‌هاكه‌ی له ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه ده‌ستنیشان و دیاری ده‌كرێت و، ئاخێوه‌ر (قسه‌كه‌ر) و گوێگر به مه‌به‌ستی دروستكردنی په‌یوه‌ندی له نێوان خۆیاندا، كه‌ڵك له‌م به‌ها و گرنگییه‌ی هێماكانی وه‌رده‌گرن. زمان سروشت و جه‌وهه‌ری هزر و بیركردنه‌وه‌كان و وێنا زه‌ینییه‌كانمان و به‌گشتی ئه‌و چه‌مكانه‌ی كه له هزر و مێشكماندان، ده‌ستنیشان ده‌كات. به‌م پێیه، دروستكراوبوونی هه‌ر زمانێكی تایبه‌ت، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شێوازی بیركردنه‌وه‌ی ئێمه ده‌رباره‌ی جیهان و ئامرازێكه بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه. به‌گشتی زمان چه‌ند ئه‌ركێكی هه‌یه:
١- ئه‌ركی ئامرازی: به‌كارهێنانی زمان به مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری
٢- ئه‌ركی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یی: به‌كارهێنانی زمان به مه‌به‌ستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا
٣- ئه‌ركی تاكه‌كه‌سی: به‌كارهێنانی زمان بۆ ده‌ڕبرینی هه‌ست و سۆز و مانا و واتاكان
٤- ئه‌ركی: ئه‌ركی دۆزینه‌وه‌یی: به‌كارهێنانی زمان به ئامانجی فێربوون و دۆزینه‌وه‌ی ماناكان و شته‌كان و، به‌گشتی دۆزینه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ند و بواره‌كانی جیهان و ژیان
٥- ئه‌ركی هزرین و وێناكردن: به‌كارهێنانی زمان به مه‌به‌ستی بیركردنه‌وه و تێفكرین و وێناكردنی هزری و خه‌یاڵی
٦- ئه‌ركی سیمبۆلیك: به‌كارهێنانی زمان بۆ ئاڵوگۆڕكردنی نیشانه و هێماكان و، به‌گشتی بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زانیارییه‌كان
٧- ئه‌ركی سیسته‌می و ڕێكخستن: به‌كارهێنانی زمان بۆ كۆنترۆڵكردنی ڕه‌فتاری ئه‌وانی تر.
به‌م پێیه ده‌سته‌واژه و وشه‌كان و ئه‌و زمانه‌ی كه به‌كاری دێنین، بێلایه‌ن و داماڵراون له به‌هاكان و، زۆربه‌ی كات ئاوێته‌ی هێز و ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و... ده‌بن؛ بۆیه زمان ئامرازێكی به‌هێزه بۆ لێكدانه‌وه و ته‌فسیر و شرۆڤه‌ی جیهان، ژیان، بوون و جیهانبینیی ئێمه و شێوازه‌كانی گۆڕانكاری تێیایدا. لێره‌وه‌یه كه زمان ده‌توانێت به‌رژه‌وه‌ندیی گرووپ و لایه‌نه‌كان به‌رجه‌سته بكات و، هه‌روه‌ها ببێته هۆی پارێزگاری و پاراستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هێز و ده‌سه‌ڵاتی هه‌نووكه‌یی و زاڵ. هه‌ر بۆیه به‌پێی توێژینه‌وه نوێیه‌كان، زمان ده‌توانێت به شوێندانه‌ری و كاریگه‌ریدروستكردن له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی تاكه‌كان و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگه، چوارچێوه‌ی ڕه‌فتاركردنی تاك و كۆمه‌ڵگه ده‌ستنیشان بكات. ڕاستییه‌كه‌ی، سنووره‌كانی خۆشه‌ویستی و نه‌فره‌ت، دۆست و دوژمن، باش و خراپ، چاكه و خراپه و ...، جوگرافی و ماددی و هه‌ستپێكراوی فیزیكی نین، به‌ڵكوو له چوارچێوه‌ی زمان و وشه و چه‌مكه‌كاندایه كه دروست ده‌بن، به‌رجه‌سته ده‌بن و مانا وه‌رده‌گرن. به‌م پێیه‌یش ئه‌وه‌ی تری ناسنامه‌یی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و ... له چوارچێوه‌ی زماندا مانا په‌یدا ده‌كات و، تا ئاستی سڕینه‌وه و له‌ناوبردن و دوژمنایه‌تی و به‌شه‌یتانیكردنیش به‌رز ده‌بێته‌وه. بۆیه چه‌مكه‌كانی ئازادی، دادپه‌روه‌ری، یه‌كسانی، ماف، هێز، ده‌سه‌ڵات، ئاسایش و... له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیكه جیاوازن و گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت و، ته‌نانه‌ت زه‌ینی، ڕێژه‌یی و زمانین، نه‌ك ماددی و فیزیكی و ڕه‌ها.
ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، پێناسه‌ی جۆاوجۆری بۆ كراوه، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین كه ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بریتییه له پاراستنی ناسنامه و، هه‌روه‌ها یه‌كانگیری و یه‌كگرتووییی نه‌ته‌وه‌یی و، به‌گشتی پاراستن و ده‌سته‌به‌ركردنی به‌ها بنه‌ڕه‌تییه‌كانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك. ئاسایش بە مانای پارێزگاریكردن لە تاك، كۆمەڵگە، نەتەوە و دەوڵەت، لە هەمبەر هەڕەشەكان دێت و، به خاڵی بەرامبەر هەڕەشە هەژمار دەكرێت و، هەر دەوڵەتێك بتوانێت هەڕەشەكان نەهێڵێت، ئەوە گەیشتۆتە ئاسایش و ئارامی. "واڵتەر لیپمەن"، لێكۆڵەری ئەمریكی، یەكەم كەس بوو كە چەمكی ئاسایشی نەتەوەیی بەڕوونی پێناسە دەكات: "نەتەوەیەك كاتێك خاوەنی ئاسایشە، كە لە دۆخی دووری لە جەنگدا، بتوانێت بەها بنەڕەتییەكانی بپارێزێت و، لە حاڵەتی جەنگیشدا بتوانێت ئەم بەهایانە پێش بخات."
به‌م پێیه په‌ره‌سه‌ندن یان گه‌شه‌سه‌ندنی زمان، وه‌كوو ڕه‌گه‌ز و بنه‌مایه‌كی بنچینه‌ییی نه‌ته‌وه، ده‌بێته هۆی په‌ره‌سه‌ندن و پاراستنی یه‌كانگیری و پته‌وكردنی یه‌كگرتووییی نه‌ته‌وه‌یی. زمان وه‌كوو ڕه‌گه‌زێكی ناسنامه‌پێده‌ر، یان پێكهێنه‌ری ناسنامه، بۆ نه‌ته‌وه ڕۆڵ ده‌بینێت. بۆیه هه‌ر جۆره هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر زمان، ده‌بێته هۆی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ناسنامه و یه‌كگرتووییی نه‌ته‌وه‌یی.
زانایانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، پێیان وایه كه ئامانجی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بریتییه له ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ت و هه‌لومه‌جێكی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ پاراستن یاخود په‌ره‌پێدانی به‌ها بنه‌ڕه‌تی و بنچینه‌یییه نه‌ته‌وه‌یییه‌كان بۆ ڕێگه‌گرتن، یان ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ر جۆره هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌ك. لێره‌وه‌یه كه به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای نه‌ته‌وه‌یی بۆ ئه‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه، پێویسته ببێته ئه‌ركی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و، به‌م پێیه‌یش ڕۆڵ و كاریگه‌ریی زمان به‌رجه‌سته ده‌كات.
له ڕوانگه‌یه‌كی دیكه‌یشه‌وه، به هۆی ئه‌وه‌ی كه له وڵاتانی گه‌شه‌نه‌سه‌ندوو یاخود ناسراو به جیهانی سێیه‌م، به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه و، له وڵاتانه‌دا ئاسایشێكی نه‌ته‌وه‌ییی جێگیر و به‌رده‌وام بوونی نییه و به‌دامه‌زراوه‌یی نه‌كراوه، ئه‌وه لێره‌وه هه‌ر جۆره هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر كۆڵه‌كه و بنچینه‌كان و ڕه‌گه‌زه‌كانی نه‌ته‌وه، كه زمان یه‌كێكه له گرنگترینیان، ده‌بێته هۆی مه‌ترسییه‌كی جددی بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی ئه‌و وڵاته. له لایه‌كی تریشه‌وه، به هۆی دواكه‌وتوویی و نه‌بوونی په‌روه‌ده‌ی مۆدێرن و جێگیر، ئه‌وه زمانیان به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه.
بۆیه وڵاتانی نادیموكراتیكی زلهێز و داگیركه‌ر، هه‌وڵ ده‌ده‌ن به هۆی ڕێگه‌گرتن له گه‌شه‌سه‌ندنی زمانی نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست، ڕێگه له به‌هێز بوونی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه بگرن، تاوه‌كوو ناسنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییی له‌رزۆك و نایه‌كگرتوو دروست بێت. ئه‌مه‌یش كار ده‌كاته سه‌ر یه‌كانگیری و یه‌كگرتووییی نه‌ته‌وه‌یی؛ چونكه له وڵاتانی دوواكه‌وتوودا هه‌ر جۆره هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و به‌ها بنچینه‌یییانه، كه زمان یه‌كێكه له‌و به‌ها بنه‌ڕه‌تییانه، ئه‌وه ناسه‌قامگیری و هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌خوڵقێنێت.
هه‌روه‌ها له ساڵی 1978، یۆنسكۆ له ڕاگه‌یه‌نراوی تایبه‌ت به "نه‌ژاد"دا ڕای گه‌یاند كه هه‌موو تاك و گرووپه‌كان ئه‌و مافه‌یان هه‌یه كه جیاواز بن و خۆیان به جیاواز بزانن و، به‌م پێیه هه‌روا هه‌ژمار بكرێن. پاشان له 18ی دێسه‌مبه‌ری ساڵی 1992، كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ڕاگه‌یه‌نراوی تایبه‌ت به مافی تاكه‌كانی سه‌ر به كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و ئیتنیكی و ئایینی و زمانییه‌كانی په‌سند كرد. ئه‌م ڕاگه‌یه‌نراوه وڵاتانی پابه‌ند كرد تا به‌رگری له ناسنامه و بوونی كه‌مینه‌كانی له چوارچێوه‌ی سنووره‌كانیاندا بكه‌ن.
به‌پێی ڕوانگه و تیۆرییه نوێیه‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، "زمان" ده‌توانێت ببێته هۆی دروستكردنی دۆست، یان دوژمن؛ به‌م مانایه كه ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ڕه‌هه‌ندێكی زه‌ینیی هه‌یه و، له ڕێگه‌ی زمان و گوتاره‌وه هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی، یان دڵنیایی و هه‌ستكردن به ئه‌من و ئاسایش ده‌گوازێته‌وه. بۆیه ئاسایش و نه‌بوونی ئاسایش، له سه‌ره‌تادا ڕه‌هه‌ندێكی زمانی و گوتاریی هه‌یه. بۆ نموونه لایه‌نگرانی ئه‌م ڕوانگه‌یه ئه‌و به‌ڵگه‌یه ده‌هێننه‌وه كه ڕێبه‌رانی وڵاتان له ڕێگه‌ی "وتار یاخود گوتاره‌كانیانه‌وه" هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كان به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن و، به‌م پێیه‌یش خه‌ڵك له هه‌مبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی كه سیاسه‌تمه‌دار یاخود ڕێبه‌ران به مه‌ترسیی ده‌زانن، ئاماده ده‌كه‌ن.
ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ناسنامه
كاتێك تاك دەتوانێت بڵێت خاوەن ناسنامەیە، كە لە مانه‌وه و ئاسایشی خۆی دڵنیا بێت، چونكە مانه‌وه و ئاسایش وا دەكات، كە تاك هەست بە كەسایەتییەكی جێگیر بە درێژاییی زەمەن بكات. ناسنامە لەسەر مانه‌وه و بەردەوامی مانا پەیدا دەكات؛ كەواته هەر جۆرە ناسنامەیەك، تاك یان كۆمەڵایەتی، پێویستیی بە مانه‌وه و بەردەوامی و بوونی ئاسایشی ناسنامەیییەكەی هەیە.
ئاسایشی كۆمەڵگەیی لە قوتابخانەی كۆپنهاگن، كە "بۆزان" یەكێك بوو لە ئەندامه سه‌ره‌كییه‌كانی، چەمكێكی سه‌ره‌كی هەیە كە ئەویش بریتییە لە ناسنامە. هەر كاتێك گرووپێك هەست بەوە بكات كە باوەڕ و ڕەوتە كه‌لتووری ـ كۆمەڵایەتییەكانیان ئینكار، كۆنتڕۆڵ، یان دەستكاری دەكرێن، ئەوە هەست به نائاسایشی (نائه‌منی) دەكەن.
لەوانەیە ئەم هه‌ستكردن به نائاسایشییه ڕاستەقینە بێت، وەكو بەزۆر كۆچپێكردن، یان ڕاگواستنی گرووپێك لە شوێنێك بۆ شوێنێكی تر. لەوانەیە ئەم هەستكردن بە نائاسایشییە تەنیا زەینی بێت، واتە لە دەرەنجامی هەڵسوكەوتی گرووپێك لە دژی گرووپێكی تر بێت، كە دەبێتە هۆی نائاسایشیی ڕاستەقینە. ئەم كێشەیەش "باری بۆزان" ناوی لێ دەنێت بە كێشەی (ئاسایشی كۆمەڵگەیی)، كە بەپێی ئەوە كردەوەكانی كۆمەڵگە لە هەوڵدان بۆ بەهێزتركردنی ئاسایشی كۆمەڵگەییی خۆی، ببێتە هۆی كاردانەوەی لە كۆمەڵگەی دووەمدا و، لە ئاكامدا ئاسایشی كۆمەڵگەییی یەكەم، لاواز بێت.
كێشەی بوونی ئەم بابەتە، لە ڕاڤه‌كردنی ئەم كردەوەیه‌دا خۆی شاردۆتەوە. هەوڵی كۆمەڵگە بۆ بەرجەستەكردنی ناسنامەی خۆی، بە كارێكی ئامانجدار و بەپلان و بیرلێكراوە بۆ بەرجەستەكردنی خۆی و هەڵاواردنی ئەوی تر دادەنرێت. وەك چۆن دەوڵەتان لە كاتی گومانكردن لە بوونی هەڕەشە لەسەر سەروەرییان پەنا بۆ چەك دەبەن، كۆمەڵگەكانیش لە كاتی هەستكردن (نەك درككردن و بینینی هەڕەشە) دژی ناسنامەكەیان (نەك سەروەرییان) كاردانەوە نیشان ده‌ده‌ن؛ كە ئەمه‌یش لەسەر بنەمای گومان و هەستە، كه دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی و كێشە.
بەگشتی، خستنەڕووی بابەتی ئاسایشی كۆمەڵگەیی و پێگەی ئەم بابەتە لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، دەگەڕێتەوە بۆ بۆزان و هاوكارەكانی، هەروەكوو "كراهمان ئه‌لكە" دەڵێت: ژمارەی قوربانیانی مرۆڤ لە دەرەنجامی توندوتیژییە ناوخۆیییه‌كان، كە بەشێكی زۆری سەرچاوەی ناسنامەییی هەیە، زۆر زیاترە لە ژمارەی قوربانیانی جه‌نگی جیهانی.
بۆزان و هاوكارەكانی وەكوو "وەیڤەر و ویلد"، بڕوایان وایە هەروەك هەڕەشە نەتەوەیییەكان، هەڕەشەكانی كۆمەڵگەیی، میكانیزمی خۆی هەیە. تەنیا ڕێوشوێنی نەتەوەیی بۆ چارەسەری قەیرانەكانی كۆمەڵگەیی كاریگەر نین، لە ڕوانگەی ئەوانەوە هەر كۆمەڵگەیەك بەپێی پێكهاتەی ناسنامەكەی، مەترسیی ناوخۆیی و هەڕەشەی دەرەكیی تایبەت بە خۆی هەیە، بۆ نموونە:
١- ئەگەر ناسنامەی كۆمەڵگەیەك لەسەر جیابوونەوە، یان گۆشەگیری و تەنیابوون دروست بووبێت، تەنانەت زیادبوونی ژمارەیەكی بچو‌وكیش لە بێگانەكان، بە كێشەی ئاسایشی دەزانێت، وەكوو فینله‌ندا.
٢- ئه‌گه‌ر ناسنامه‌یه‌ك بە هۆی زیاتربوونی ژمارەی ناسنامه‌كانی دیكه بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، بەڵام خۆی بە ڕێژەیەكی زۆر كەم ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كانی زیاد ببێت، وەكوو (سوننییەكانی لوبنان).
٣- یان ئه‌و پێكهاته ناسنامه‌یییه‌ی كه لە ڕێگەی سەركوتكردنی زۆرینەوه، وەكوو (سێربەكان لە كۆسۆڤۆ) كۆنتڕۆڵی دەوڵەتیان لەدەستدایە، لە بەرامبەر شەپۆڵی زیادبوونی دانیشتووانی لایەنی بەرامبەر، یاخود بەرزبوونەوەی لەدایكبوونی ناسنامه‌كانی تر زۆر لاوازن و، هەست بە هەڕەشە و مەترسی دەكەن، وەكوو ئیسڕائیلییەكان لە بەرامبەر زیادبوونی ژمارەی فەڵەستینییەكان لە كەرتی غەززە.
٤- ئەگەر ناسنامەی نەتەوەیی، بە هەندێك داب و نەریتی كه‌لتووریی تایبەتەوە گرێ درابێت، ئەوە هەر كه‌لتوورێكی جیهانیی یه‌كسانساز، بۆ ئەو ناسنامەیە هەڕەشە و مەترسییە.
٥- ئەگەر تەوەری سەرەكیی ناسنامەی نەتەوەییی كۆمەڵگەیەك زمان بێت، ئەو كاتە باڵادەستیی زمانێك، بۆ نموونە زمانی ئینگلیزی، لە تەك نفووزی ڕوولەزیادبوونی كۆمەڵگەكان لەسەر یەكتر دەبێتە هۆی كێشە، وەكوو كیوبیك لە كەنەدا.
٦- ئەگەر نەتەوەیەك لە تێكەڵكردنی ژمارەیەك نەتەوە و گرووپی ئیتنی و ئایینی پێك هاتبێت، بە شێوەیەك كە ژیانی نەتەوەییی هەر یەك لەو گرووپانە مێژوویەكی جیاوازی هەبێت، ئەوە بڵاوبوونەوەی ناسیۆنالیزم و بیرۆكەی خۆبەڕێوەبردن، یان سەربەخۆیی، دەتوانێت كوشندە بێت، وەكوو: یوگسڵافیای پێشوو، عێراق، یەكێتیی سۆڤیەتی پێشوو.
٧- ئەگەر نەتەوەیەك پێكهاتەیەك بێت لە گرووپە جیاوازەكان، كە لە ڕێگەی ناسنامەیەك گرووپێكی نوێیان پێك هێنابێت، ئەوە ناسنامەی نەتەوەییی ئەو دەوڵەتە لە بەرامبەر بەرجەستەبوونی جیاوازییەكان و وێكنەچوونی نەژادی و كه‌لتووریدا دەكەوێتە ژێر هەڕەشە و مەترسییه‌وه، وەكوو: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
بە لێووردبوونەوە لەو خاڵە سەرەكییانە، لۆژیكی هەڕەشە و مەترسییەكانی ئاسایشی كۆمەڵگەیی، شیاوی دركپێكردنە. لە هەموو ئەو خاڵانەدا، نەتەوەكان و گرووپەكان هەوڵی پارێزگاری و مانەوە و بەرجەستەكردنی خۆیان دەدەن. ئەم نەتەوە و گرووپانە وا هەست دەكەن و هەندێك كات بەڕوونی دەبینن، كە بوون و ناسنامەكەیان لە بەرامبەر گۆڕانكارییە ئاسایییەكان و كردەوەكانی گرووپەكانی تردا هەڕەشەی لێ دەكرێت.
بۆیه زانایان له‌و بڕوایه‌دان كه ناسنامه بریتییه له وه‌ڵامی "كێیه‌تی" و "چییه‌تی"ی تاك و نه‌ته‌وه. به‌م پێیه ئه‌گه‌ر ڕه‌گه‌زێكی ئه‌و ناسنامه‌یه تووشی كێشه بێت، ئه‌وه یه‌كگرتووییی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، كه پێی ده‌گوترێت "قه‌یرانی ناسنامه"؛ لێره‌وه‌یه كه ڕۆڵی زمان له تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی ناسنامه و دروستبوونی سه‌قامگیری و هه‌ستكردن به دڵنیایی، ده‌رده‌كه‌وێت.
قه‌یرانی ناسنامه له ڕاستیدا، یه‌كێك له مه‌ترسیدارترین هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی هه‌ر وڵاتێكه، كه ته‌نانه‌ت ده‌توانێت ببێته هۆی هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر مانه‌وه و، به‌گشتی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی هه‌ر وڵاتێك و دروستبوونی جه‌نگ و پێكدادان و لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تان.
زمان و ئاسایشی كه‌لتووری
لە گرنگترین ڕەگەزەكانی ناسنامەی نەتەوەیی، دەتوانین ئاماژە بە بەها نەتەوەیییەكان، ئایین، بەها كۆمەڵایەتی و مرۆیییه‌كان بكەین. بەها نەتەوەیییەكان هەموو هاوبەشییە كەلتوورییه‌كانی وەكوو: وڵات، زمان، هێما نەتەوەیییه‌كان، مێژوو، داب و نەریتەكان، ئەدەب و ... لەخۆ دەگرن. بەها ئایینیەكانیش هەموو هاوبەشییە ئایینی و كەلتوورییە ئایینییەكانی كۆمەڵگە لەخۆ دەگرن. بەها كۆمەڵایەتییەكانیش، كۆمەڵێك ڕێسا و یاسای كۆمەڵایەتی، یان پرەنسیپیی كۆمەڵایەتین و، هەروەها بەها مرۆڤایەتییەكانیش دەگرنەوە. لە لایەكی ترەوە دەتوانین بڵێین كە ناسنامەی نەتەوەیی، كۆمەڵێك ڕەهەندی بنیاتنەر، یان دروستكەری هەیە، وەكوو: ڕەهەندی كۆمەڵایەتی، مێژوویی، جوگرافی، ئایینی، كەلتووری، زمان و ئەدەب.
ئەمڕۆكە گرنگیی كه‌لتوور زۆر بەرچاو بووە، تەنانەت هەندێ زانای وەكوو "هانتینگتۆن"، بڕوایان وایە كە ململانێ و جەنگەكانی داهاتوو لەسەر جیاوازیی كەلتووری و ئایدیۆلۆژی دەبێت. تایبەتمەندییە كەلتوورییه‌كانی هەر یەكەیەكی سیاسی، چ كەلتووری گشتی و، چ كەلتووری سیاسی و، ڕوانگەی ئایدیۆلۆژیی هەر كۆمەڵگە و سیستەمێكی سیاسی، ڕۆڵی دیار و دەستنیشانكەری لە پاراستن، یان هەڕەشەكردن و كەوتنەبەرمەترسیی پێگەی هەر دەوڵەتێكدا هەیە و، دۆست و دوژمن لەسەر ئەم بنەمایانە دیاری دەكرێن، بۆ نموونە: ئایدیۆلۆژیی توندوتیژی ئایینی، یان لیبراڵ و دیموكراتیك، كە كاریگەریی زۆری لەسەر ئاسایش و تواناكان و ململانێكان و چۆنێتیی تێگەیشتن و ڕوانین بۆ پرس و بابەتە جیاوازەكان و، یان تێگەیشتن لە هەڕەشە و مەترسی و هاوكاری و ... هەیە، كە ئەمڕۆ ئێمە ئەمە بەڕوونی دەبینین.
له لایه‌كی تره‌وه، كه‌لتوور و زمان په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵیان پێكه‌وه هه‌یه. لێره‌وه تێگه‌یشتن له كه‌لتووری وڵاتان، له ڕێگه‌ی زمانه‌كه‌یانه‌وه ده‌بێت. بۆیه هه‌ڕه‌شه له زمان، به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه ده‌بێت له كه‌لتووری ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه. بۆیه ته‌نانه‌ت پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فیربوونی زمان، كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی كه‌لتووریی ئه‌و نه‌ته‌ه‌یه ده‌بێت.
ئاسایشی كەلتووری، واتا توانای بەرهەمهێنان و كۆكردنەوە و تایبەتمەندییەكان بۆ نەهێشتنی مەترسیی لەدەستدانی ئەو بەها كەلتوورییانەی كۆمەڵگە، كە لە هزر و ویژدانی هاووڵاتیاندا هەن. چونكە ئاسایش، بە هەموو جۆرەكانییەوە، پێویستیی بە ستراتیژییەتێكی تایبەت هەیە بۆ پاراستنی كۆمەڵگه. وەك چۆن ئاسایشی ئابووری، دەبێتە هۆی پاراستن لە دواكەوتوویی و سەربەخۆیی، بە هەمان شێوە ئاسایشی كەلتووری هۆكارێكە بۆ پاراستنی بەهاكان، بۆ ئەوەی نەكەونە ژێر كاریگەریی هەڕەشەی دەرەكییه‌وه. ئاسایشی دەوڵەت لە ڕووی ئابووری، سیاسی و سەربازییه‌وه پێویستیی بە ئاسایشێكی كەلتووری هەیە كە پشتیوانی بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بە هێز بەرگری بكات و، ئەمه‌یش مافی دەوڵەتە كە خۆی لەو هەڕەشە و مەترسییانەی كە كەلتووری كۆمەڵگه تێك دەدات، بپارێزێت.
ڕاستییه‌كه‌ی، ناوی به‌شێكی زۆری نه‌ته‌وه‌كانیش له ڕێگه‌ی زمانه‌كانیان ده‌ناسڕێته‌وه، بۆ نموونه: ئه‌ڵمانه‌كان، فارسه‌كان، توركه‌كان، عه‌ره‌به‌كان و ئینگلیزه‌كان و... هتد. چونكه زمان كۆڵه‌كه‌ی ناوه‌ندی و سه‌ره‌كیی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كه، كه له نه‌ته‌وه‌كانی تر جیای ده‌كاته‌وه و، به‌م پێیه گرنگترین ڕه‌گه‌زی ناسنامه‌یییه. له ڕوانگه نوێیه‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییشدا، پاراستنی ناسنامه ده‌بێته جه‌وهه‌ری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی؛ بۆ نموونه له ڕوانگه‌ی قوتابخانه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی كۆپنهاگنه‌وه، كه ئاسایشی كۆمه‌ڵگه‌یی و پاراستنی ناسنامه ده‌كاته ڕه‌هه‌ندێكی بنچینه‌ییی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی.
له‌وێوه كه بیرمه‌ندان بڕوایان وایه كه زمان به‌شێكی گرنگی كه‌لتووری هه‌ر وڵاتێكه و، كه‌لتووریش ڕه‌گه‌زێكی تری ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و پێكهینه‌ری نه‌ته‌وه‌یه، بۆیه زمان له پاش خاك و وڵات و مه‌زهه‌ب، یه‌كێك له به‌هێزترین پێكهێنه‌ره‌كانی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و، به‌م پێیه‌یش ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یییه.
په‌روه‌رده و زمان و ئاسایش
به‌گشتی دامه‌زراندن و گه‌شه‌كردنی سیسته‌می په‌روه‌رده و فێركردنی مۆدێرن، له‌سه‌ر بنه‌مای په‌ره‌پێدانی زمانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه دامه‌زراوه. به مانایه‌كی تر، هاوكێشه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی مۆدێرن به‌م شێوه‌یه‌یه كه ئه‌گه‌ر زمانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك له ڕێگه‌ی به‌زانستیكردنه‌وه تێكه‌ڵ به زانست و زانیاریی سه‌رده‌م نه‌كرێت و، له ڕه‌هه‌ند و بواره جۆراوجۆره‌كانی په‌روه‌رده و فێركردن پێش نه‌خرێت و كاری پێ نه‌كرێت، ئه‌وه له به‌رامبه‌ر زمانه‌كانی تردا لاواز ده‌بێت. كاتێك كه زمانیش لاواز بوو و به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه چوو، ئه‌وه به‌ها و بنه‌مایه‌كی بنچینه‌ییی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه و، به‌م پێیه‌یش " قه‌یرانی ناسنامه" ڕوو ده‌دات و، كاتێكیش قه‌یرانی ناسنامه ڕووی دا، ئه‌وه سه‌قامگیری و یه‌كانگیریی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه و، له كۆتاییدا ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی تووشی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیی جددی ده‌بێت.
لە پێناسەی بۆزان بۆ ئاسایشی كۆمەڵگەییدا "توانای كۆمەڵگه بۆ درێژەپێدان بە سروشتی خۆی لە هەلومەرجی گۆڕاودا"، هەم گۆمەڵگە و هەم ناسنامە وەكوو ڕاستییەكی هەبوو لە جیهانی دەرەوەدا هەژمار كراون. لەم ڕوانگەیەوە كۆمەڵگە بە مانای گرووپە كۆمەڵایەتییه گرنگه‌كان، كە كاریگەریی لەسەر هاوكێشە نەتەوەیی و نێودەوڵەتییەكان دادەنێن، بگۆڕی سەربەخۆن و ڕاستییەكی كۆمەڵایەتین؛ واتە كۆمەڵگە لێرەوە تاوەكوو ئاستی دەوڵەت بەرز دەكرێتەوە و، دەتوانێت سەربەخۆ لە دەوڵەت، بوونی هەبێت.
قوتابخانەی كۆپنهاگن بڕوایان وایە كە مانەوە، یان بەردەوامیی كۆمەڵگە، لە ڕاستیدا گرێدراوە بە ناسنامەكەیه‌وه. ئەوان وا بەڵگە دەهێننەوە كە لە كاتی دروستبوونی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ناسنامەی كۆمەڵگه، ئیتر كۆمەڵگە بوونی خۆی لەدەست دەدات و، لەمەودوا ناتوانین بڵێین كۆمەڵگە. هەروەها لە هەندێ شوێندا جەخت لەسەر هەڕەشە ئابوورییه‌كان لەسەر هەندێك گرووپی تایبەت لەناو كۆمەڵگه دەكەنەوە، كە ئەمە دەتوانێت كاریگەریی لەسەر كۆی ئاسایشی كۆمەڵگه‌دا هەبێت.
ته‌نانه‌ت مەعریفەی "پۆستمۆدێرنەكان" مەعریفەیەكی زەینی ـ زمانییە. بەم مانایەی كە لە ڕوانگەی نه‌ریتی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، ئاسایش بابەتێكی فیزیكی و عەینی (بابه‌تی) و ماددی بوو و، لە ڕوانگەی مۆدێرندا ئاسایش بابەتێكی عەینی و زەینی بوو، بەڵام لە ڕوانگەی "پۆست‌مۆدێرن" بابەتێكی زەینی ـ زمانییە؛ بەم مانایەی كە هیچ پەیوەندییەكی گەوهەری لە نێوان هێمای ئاسایش لەگەڵ ڕاستیی دەرەوەدا بوونی نییە و، تەنیا پەیوەندییەكی گرێبەستی و كاتییەكە لە چوارچێوەی گوتارە جیاوازەكاندا بوونی هەیە.
كۆبه‌ند
ئامانجی سه‌ره‌كیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، په‌ره‌پێدان و پاراستنی یه‌كانگیری و یه‌كگرتووییی نه‌ته‌وه‌یییه؛ ئه‌مه‌یش له ڕێگه‌ی پاراستنی ناسنامه‌ی هاوبه‌شیانه‌وه ده‌بێت. یه‌كێك له گرنگترین ڕه‌گه‌زه‌كانی ئه‌م ناسنامه‌یه‌یش تاوه‌كوو ئیستا، بریتییه له كه‌لتوور و زمان. بۆیه پاراستن و په‌ره‌پێدانی ئه‌م زمانه هاوبه‌شه له جیهانی ئاڵۆز و خێرای ئیمڕۆدا، پرسی هه‌ره سه‌ره‌كیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی هه‌ر ده‌وڵه‌تیكه. ڕاستییه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ی كه نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مریكی پێكه‌وه گرێ ده‌دات، زمانی هاوبه‌شیانه، كه "زمانی ئینگلیزی"یه. بۆیه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی هاوبه‌شیشیان نه‌بێت، وه‌ك عه‌ره‌به‌كان، به‌ڵام هه‌ر هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن كه یه‌ك نه‌ته‌وه‌ن؛ چونكه زمان ده‌توانێت قووڵاییی ستراتیژی بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌تێك دروست بكات؛ باشترین نموونه‌یش وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی و توركیا به‌تایبه‌ت.
بۆ كوردیش پرسی زمان، سه‌ره‌ڕای پرسێكی مه‌عریفه‌ناسانه، پرسیێكی بوونناسانه‌یه؛ به‌م واتایه كه پاراستنی زمان، پاراستنی ناسنامه‌ی كورد-بوونه، یاخود له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، ئاسایشی زمان بریتییه له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بۆ كورد؛ چونكه ناكرێت ناسنامه و كه‌لتووری كورد-بوون، له زمانی كوردی جیا بكرێته‌وه. كه‌واته ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ئاسایشی حكوومه‌ت و دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی، بریتییه له په‌ره‌پێدانی ئه‌م زمانه. ئه‌مه‌یش به سیاسه‌ت و سیسته‌مێكی پته‌و و تۆكمه‌ی ناسنامه‌یی كه له چوارچێوه‌ی زماندا خۆی مانیفێست ده‌كات، به‌رجه‌سته ده‌بێت.
بۆیه له سه‌رده‌می ئیمڕۆدا گرنگیدان به نوێكردنه‌وه و كارپێكردن به زمان له هه‌موو بوار و ئاسته‌كاندا له كۆمه‌ڵگه و كاروباری ده‌وڵه‌ت و حوكمڕانی و په‌روه‌رده و فێركردن، یه‌كێكه له ستراتیژییه‌كانی پاراستنی زمان و، به‌م پێیه ناسنامه و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك. ئه‌مه بێجگه له ڕوانگه پۆست‌مۆدێرن و جیاوازه‌كان كه ته‌نانه‌ت (زمان به خانه‌ی بوون) ده‌زانن. بۆیه پێویسته له ڕوانگه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسی ناسنامه و، بەم پێیه‌یش زمانی نه‌ته‌وه‌یی/ كوردی بكرێت.