كاریگه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كۆماری ئیسلامیدا؛ ڕاسته‌قینه،‌ یان ڕواڵه‌تی‌؟‌ ( دروستكردنی بڕیار له‌ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا)

پێشه‌كی:
له‌م ڕۆژانه‌دا له ‌به‌ره‌به‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری و ئه‌نجومه‌نی شار و گونده‌كانداین له‌ ئێران. یه‌كێك له‌ پرس و بابه‌ته‌ پڕ له‌ مشتومڕه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی لایه‌نگران و ته‌نانه‌ت نه‌یارانی سیسته‌می سیاسیی كۆماری ئیسلامیی ئێران، پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌‌. به‌م مانایه‌ كه‌ كۆماری ئیسلامی، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ وه‌كوو به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ڕه‌وایه‌تی و به‌جه‌ماوه‌ریبوونی سیسته‌می سیاسیی ئێران ده‌زانێت و، نه‌یارانی ئه‌م سیسته‌مه‌ ئه‌مه‌ به‌ شانۆگه‌رییه‌ك له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. كوردیش (له‌ ناوخۆ و له ‌ده‌ره‌وه‌) له‌م نێوه‌نده‌دا به‌رده‌وام له‌ نێوان ڕه‌تكردنه‌وه‌ و بایكۆتی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ و، له ‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌م ده‌رفه‌ته،‌ له‌ دوودڵی و هاتووچۆدا بووه‌.

بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ڕاستی و دروستیی هه‌ر كام له‌م بۆچوونانه‌ی لایه‌نگری به‌شداری یاخود دژبه‌ری به‌شداری و، بێمانابوونی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سیسته‌می هه‌نووكه‌یی و میكانیزمه‌ پێشبینكراوه‌كانی كۆماری ئیسلامیدا، پێویسته‌ پێكهاته‌ی سیاسی-ده‌ستوری یاخود بونیادی ئه‌م سیسته‌مه‌ سیاسییه‌ و چۆنێتیی پرۆسه‌ی بڕیاردروستكردن و به‌گشتی ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و هێز له‌ كۆماری ئیسلامی، بخه‌ینه‌ به‌ر باس و شرۆڤه‌وه‌.

لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین گرنگترین ئه‌م پێكهاتانه‌ بخه‌ینه ‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌ كه‌ ئایا هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی كۆماری ئیسلامیدا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دروستكردنی بڕیار هه‌یه‌؟ یاخود به‌ دیوێكی دیكه‌دا، ئایا خه‌ڵك له‌و سیسته‌مه‌ سیاسییه‌دا ده‌توانێت ته‌عبیر له‌ ویست و ئیراده‌ی خۆی بكات و، چاره‌نووسی خۆی به‌پێی پێوه‌ره‌كانی باو و ناسراوی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌موو وڵاتان، ده‌ستنیشان بكات؟

سیسته‌می سیاسیی كۆماری ئیسلامیی ئێران:

بەپێی سیستەمی فەرمی و یاسایی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی، (٢٩٠) ئەندامی ھەیە و، سەرۆککۆمار ھەر چوار ساڵ جارێک لە لایەن خەڵکەوە ھەڵدەبژێردرێت و بیست و دوو وەزارەت لە ئێراندا ھەیە، کە ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی متمانەیان پێ دەدات. ھەشتا و ھەشت کەس (مەلا) بۆ ماوەی ھەشت ساڵ دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری، کە کاریان ھەڵبژاردن و چاودێریی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە و، ڕێبەریش سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و فەرماندە باڵاکانی ھێزە چەکدارەکانیش دەستنیشان دەکات.

شوورای پاراستنی دەستوور، بەرپرسیارێتیی دەستنیشانکردنی پاڵێوراوانی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمان ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ و، ھەروەھا چاودێریی یاساکانی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی دەکات لە ڕووی دەستوور و بنەماکانی ئیسلامەوە و، ھەروەھا چاودێریی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی و سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری دەکات؛ کە ئەوانیش لە لایەن ڕێبەرەوە دادەندرێن. ھەروەھا کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندیی نیزام، بەپێی دەستووری ھەموارکراوی ساڵی (١٩٨٩) دامەزرا و، ئەندامە جێگیره‌كانی لە لایەن ڕێبەرەوە دادەندرێن کە ناکۆکییەکانی نێوان ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی و شوورای پاراستنی دەستوور و، ھەروەھا ڕاوێژپێدان بە ڕێبەر و دانانی سیاسەتە گشتییەکان، لە بەرپرسیارێتیی ئەم کۆمەڵەیەدایە. ھەروەھا ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاش پەسندکردنی ڕێبەر، لە ڕووی سیاسی و ئاسایشی و سەربازییه‌وه‌ دادەڕێژێت.

سیستەمی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی دەستوور، کۆماری و ئیسلامییە و لەسەر کۆمەڵێک بنەما دامەزراوە:

١- ئیمان بە خوای تاقانە و بەتاقانەزانینی لە حوکمڕانی و یاسادانان و ڕازیبوون بە ڕەزای ئەو خوا تاقانەیە.

٢- باوەڕ بە وەحیی خوا و ڕۆڵی سەرەکی لە داڕشتنی یاساکاندا .

٣- باوەڕ بە ڕۆژی دوایی و ئەو ڕۆڵەی کە لە ڕێبازی مرۆڤایەتیدا، لە کامڵبوون بەرەو خوا ھەیەتی.

٤- باوەڕبوون بە دادپەروەریی خوا لە دروستکردن و دانانی یاساکان.  

٥- باوەڕبوون بە بوار و پرسی ئیمامه‌كان (امامت) و ڕێبەریی بەردەوامییان، هه‌روه‌ها ڕۆڵی سەرەکییان لە درێژەپێدانی شۆڕشی ئیسلامی.

٦- باوەڕ بە کەڕامەت و بەھای بەرزی مرۆڤ و ئازادبوونی بە ڕەچاوکردنی بەرپرسیارێتیی مرۆڤ بەرامبەر بە خوا.

سه‌ره‌كیترین دامه‌زراوه‌كانی دروستكردی بڕیار:

١- ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران:

ڕێبەر، یان "وەلی فەقیھ" لە کۆماری ئیسلامیدا بەپێی دەستوور، بەرزتـرین دەسەڵاتە و لە ماددەی (١١٠) لە دەستووردا، بەم شێوەیە دەسەڵاتەکانی باس کراوە:

١- سەرپەرشتیکردنی باش بەڕێوەچوونی سیاسەتە گشتییەکانی وڵات.

٢- دیاریکردنی سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش ڕاوێژکردن لەگەڵ کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام.

٣- ڕاگەیاندنی جەنگ و ئاشتی.

٤- ڕێگەدان بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

ھەروەھا لە ساڵی (١٩٨٢)دا لە ھەموارکردنێکی دەستووری، وشەی "ڕەھا" خرایە پاڵ "ویلایەتی فەقیھ" (ویلایه‌تی موتڵه‌قـەی فه‌قیھ)، کە دەسەڵاتەکانی ڕێبەری بێسنوور و بەرفراوان کرد. بە شێوەیەکی گشتی بڕیارە گرنگەکانی سیاسەتی دەرەوەی ھەر وڵاتێک لە ڕێگەی باڵاتـرین بەرپرسی جێبەجێکردن وەردەگیرێت، وەکوو:  سەرۆککۆمار، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کابینە و ھتد . بەڵام لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی بە ھۆی پێگە ئایینی و سیاسی و یاسایییەکەی، ئەم ڕۆڵە سەرەکییە دەبینێت.

1- سه‌رۆككۆمار:

بە شێوەی فەرمی، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسی یەکەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و لە پاش ڕێبەر بەرزتـرین پێگەی دەستووریی ھەیە، بەڵام بەپێی ماددەی (١٢٢)ی دەستوور، سەرۆککۆمار لە بەرامبەر گەل و ڕێبەر و ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیدا بەرپرسیارە و، ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران دەتوانێت بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگەکان، سەرۆککۆمار لەسەر کارەکەی لا ببات.  ھەروەھا ڕێبەری باڵای ئێرانیش له‌ ڕێگه‌ی "دیوان عالی كشور" (دیوانی باڵای وڵات)، دەتوانێت متمانە لە سەرۆککۆمار وەربگرێتەوە؛ چونكه‌ سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له ‌لایه‌ن ڕێبه‌ره‌وه‌ دانراوه‌. دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرۆککۆمار بە بەرپرسی جێبەجێکردنی دەستوور دەزانێت، ھەروەھا بەپێی ماددەی (١٢٨، ١٢٥)ی دەستوور، واژووی ڕێککەوتننامە نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، ناردنی باڵیۆز و قبووڵکردنی باڵیۆزی بیانی، لە ئەستۆی سەرۆککۆمارە؛ ھەرچەندە بەپێی ماددەی (١٢٥)، دەبێت ڕێککەوتننامەکان لە لایەن ئەنجومەنی شوورای ئیسلامییه‌وه‌ پەسند بکرێن.

2- دەسەڵاتی دادوەری:

بەپێی ماددەکانی (١١٠، ١٥٧) لە دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری وەک بەرزتـرین دامەزراوەی دادوەری لە ئێران لە لایەن ڕێبەرەوە ھەڵدەبژێردرێت، ھەروەھا سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، ئەندامی کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامە و، ھەروەھا ئەندامە لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و، بەپێی ماددەی (١٥٦)ی دەستووری ئێران، چاودێریی یاساکان ده‌كات کە بەباشی جێبەجێ بکرێن. ئه‌مه‌یش دووباره‌ ڕۆڵ و پێگه‌ی باڵای ڕێبه‌ری شۆڕشی ئیسلامی له‌ سیسته‌می سیاسیی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا نیشان ده‌دات.

3- ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری:

ئەم ئەنجومەنە بەپێی دەستوور، ئەرکی دیاریکردن و چاودێریکردنی ڕێبەری لە ئەستۆدایە. ئەم ئەنجومەنە لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی، بۆ پێداچوونەوە بە دەستووری کۆماری ئیسلامی دامەزرا، کە لە (٨٨) مەلا پێک دێت، کە لە لایەن خەڵکەوە بۆ ماوەی ھەشت ساڵ ھەڵدەبژێردرێن و، دەبێت لە فیقھی ئیسلامی (شیعی)دا شارەزا بن. ئەم ئەنجومەنە بەپێی دەستوور، دەسەڵاتی لابـردنی ڕێبەری ھەیە؛ ئەگەر لە کارەکانی سەرکەوتوو نەبوو، یان پێشێلی دەستووری کرد. ھەروەھا ئەرک و چۆنێتیی ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە و دەسەڵاتەکانیان، لە ماددەکانی (١٠٧، ١٠٩، ١١١)ی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ھاتووە.

4- ئه‌نجومه‌نی پاراستنی دەستوور:

بەپێی ماددەکانی (٩١، ٩٤، ٩٧، ٩٩)ی دەستوور، ئەم شوورایە لە دوازدە کەس پێک دێت کە شەشیان لە فەقیھەکانن (مەلا) و بۆ ماوەی شەش ساڵ لە لایەن ڕێبەرەوە دادەندرێن و، شەش کەسی تـریان کە پسپۆر و شارەزای بواری دەستوور و یاسادانانن بە پێشنیازی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، کە لە لایەن ڕێبەرەوە پەسند دەکرێت، دادەندرێن؛ واتا ڕێبەر ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لە دامەزراندنیان ھەیە.

ئەم شوورایە، چاودێریی کاروبار و بڕیارەکانی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی دەکات کە ئەو بڕیار و یاسایانەی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی بەپێچەوانە، یان دژی بنەما و حوکمەکانی ئیسلام و مەزھەبی شیعە و دەستووری کۆماری ئیسلامی نەبن و، ئەگەر بە بڕوای ئەم شوورایە وابوو، ئەوە دەیگەڕێنێتەوە بۆ ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی بۆ پێداچوونەوە و ھەموارکردنی؛ بەم مانایە کە ئەم شوورایە باڵاتـرین دەسەڵاتە بۆ ڕاڤەکردنی دەستووری کۆماری ئیسلامی.

 ھەروەھا لە ماددەی (٩٩)ی دەستووردا، ئەم شوورایە ئەرکی سەرپەرشتی و چاودێریکردنی ڕیفراندۆم و ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی و ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری و سەرۆکایەتیی کۆمار و بەگشتی ھەموو ھەڵبژاردنەکانی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا له‌ ئه‌ستۆدایه‌؛ ھەروەھا ئەم شوورایە سەڵاحییەت (شیاوبوون)ی پاڵێوراوان پێش ھەڵبژاردنەکان دیاری دەکات. بەم پێیه‌یش نفووز، ڕۆڵ، گرنگیی پێگە و دەسەڵاتی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی (وه‌لی فه‌قیھ)، زۆر بەئاشکرا و بەڕوونی لە سیستەمی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەردەکەوێت. چونكه‌ به‌م پێیه‌ هه‌ر كه‌سێك كه‌ له ‌لایه‌ن ڕێبه‌ر و نیزا‌مه‌وه‌ به‌ ڕه‌خنه‌گر، نه‌خوازراو و دژبه‌ری وه‌لی فه‌قیھ و نیزا‌م بناسرێت، ڕێگه‌ی پێ نادرێت ته‌نانه‌ت وه‌كوو پاڵێوراو بۆ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك خۆی كاندید بكات و، ته‌نانه‌ت پاشانیش ده‌توانێت هه‌ڵبژاردنی و ده‌نگه‌كانی په‌سند نه‌كات!

5- ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی:

لە دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسەڵاتی یاسادانان پێگەیەکی بەرزی ھەیە، کە ھەم چاودێریی پێکھاتەی ھێز دەکات و ھەم یاسا دادەنێت؛ بەڵام لە ڕووی داڕشتنی سیاسه‌ته‌ گشتییه‌كانی ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەوەدا ئەو پێگە بەھێزەی لە کردەوەدا نییە. بۆ نموونه‌ تەنیا دەتوانێت متمانە بە وەزیری دەرەوە بدات، یان پرسیاری لێ بکات، یان متمانە لە ئەو و سەرۆککۆمار وەربگرێتەوە. ھەروەھا لە پرسی پەسندکردنی بوودجەی وەزارەتی دەرەوەدا، دەتوانێت کاریگەریی ھەبێت. ھەرچەندە بەپێی دەستوور، دەتوانێت پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێوده‌وڵه‌تییه‌کان پەسند، یان ڕەت بکاتەوە، بەڵام لە کردەوەدا بەم شێوەیە نییە و، سیاسەتی دەرەوە کە دەکەوێتە چوارچێوەی سیاسەتە باڵاکانەوە، ئەوە ناوەندی باڵای تـر، کاریگەرییان لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا ھەیە و، تەنانەت لە دەستنیشانکردنی وەزیری دەرەوەدا، سەرۆککۆماریش دەبێت ڕەزامەندی، یان ڕای وەربگیرێت .

ئه‌م بێده‌سه‌ڵاتییه‌ش دەگەڕێتەوە بۆ چه‌ند هۆكار و میكانیزمێك بۆ نموونه‌: لە لایەک ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بوونی ھەیە، کە بە ھۆی ئەو دەسەڵاتە بەرفراوانەی ھەیەتی، بـریتییە لە: دیاریکردنی سیاسەتی بەرگری و ئاسایشی وڵات، ھەماھەنگیی ھەموو چالاکییەکانی سیاسی، ھەواڵگری، کۆمەڵایەتی، که‌لتووری و ئابووری لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێکارەکانی بەرگری، ئاسایش و، ھەروەھا کەڵکوەرگرتن لە ھەموو تواناکانی وڵات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشە و مەتـرسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. له‌ لایه‌كی تره‌وه چاودێری و كۆنترۆڵی‌ ئه‌نجومه‌نی پاراستنی دەستوور له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی شوورای ئیسلامی له‌ ئارادایه‌. بۆیە، دەتوانین بڵێین ئه‌نجومه‌نی شوورای ئیسلامی و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی دەسەڵاتێکی ده‌ستووری، یاسایی و سیاسی و ئاسایشیی بەرزتریان ھەیە، بەتایبەت کە بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی لە لایەن ڕێبەرەوە پەسند دەکرێن و ھەموو دامەزراوەکان لە وڵات، دەبێت جێبەجێی بکەن.  

لە لایەکی تـرەوە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری، ھیچ جۆرە چاودێری و بەدواداچوونێکیان بۆ ئه‌نجومه‌نی شوورای ئیسلامی و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و بڕیارەکانیان نییە؛ بەڵکوو بەپێچەوانەوە دەسەڵاتەکانی تـر، دەبێت بەپێی ئەم بڕیارانەی ئەنجومەنانه‌ کار بکەن؛ بەم مانایە کە پاش پەسندی ڕێبەری، بڕیارەکانی دەسەڵاتەکانی تـر، بەتایبەت جێبەجێکردن و یاسادانان، لەژێر کاریگەریی بڕیارەکانی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی ده‌ستوور و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییدایە .بۆ نموونه‌، له‌م سیسته‌مه‌ سیاسییه‌دا، "ئه‌نجومه‌نی پاراستنی ده‌ستوور" له‌ ڕووی ده‌ستووری و یاسایی و ته‌نانه‌ت چاودێری و كۆنترۆڵی مه‌زهه‌بی - ئایینییه‌وه‌ كۆنترۆڵی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی له‌ ئێراندا كردووه‌. هه‌موو ئه‌م میكانیزم و دامه‌زراوانه‌ش له‌ژێر كاریگه‌ری ویست، ڕۆڵ و نفووزی ڕێبه‌ری باڵای شۆرشی ئیسلامی یاخود " وەلی فەقیھ" دایه‌.

6- کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندیی نیزام:

کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندیی نیزام لە ئێران، سیاسەتە گشتییەکان بە مەبەستی بەدیھێنانی ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دیاری دەکات. بەم مانایه‌ی ئەم سیاسەتانە ئامانجە باڵاکانی سیسته‌م بۆ بواری كردەیی و جێبەجێکردن نزیک دەکاتەوە و، ھەموو دامەزراوەکانی حکوومەت، دەسەڵاتەکانی دادوەری، جێبەجێکردن، یاسادانان، ھێزە چەکدارەکان و ڕاگەیاندن و... دەبێت جێبەجێی بکەن؛ واتا کۆمەڵەکە وەک باسکی ڕاوێژکاریی ڕێبەری، لە سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا کار دەکات.

بە لێوردبوونەوە لە ماددەی (١١٠) لە دەستووری ئێران، دەردەکەوێت کە دیاریکردنی سیاسەتە گشتییەکان لە لایەن کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندیی نیزامه‌وه،‌ جۆرێک بووە له‌ زیادکردنی دەسەڵاتەکانی ڕێبەر؛ چونکە کۆمەڵەکە وەک باسکێکی بەھێزی ڕێبەری لە دوو بواری سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەدا، ھەژمار دەکرێت. ئیمڕۆ لە کردەوەدا دەبینرێت کە کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندیی نیزام، بە پاڵپشتیی بنەمای دیاریکردنی سیاسەتە گشتییەکان و، لە لایەکی تـرەوە بە پاڵپشتیی جەختکردنەوە لەسەر بەرژەوەندیی نیزام بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی و شوورای پاراستنی دەستوور، دەبێتە ھۆی کەمتـرکردنەوەی ھێزی یاسادانان لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا.

 بۆ نموونە: کاتێک کە سیاسەتی گشتیی گەشەپێدان و پەرەسەندن دادەڕێژرێت، ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی ناتوانێت دژی ڕاوەستێت یاخود بۆ نموونە لە کاتی بەئەندامبوونی ئێران لە دامەزراوە، یان ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی، یان دروستکردنی پەیوەندی و بـڕینی پەیوەندی لەگەڵ لایەنێک، بە ھۆی ئەوەی کە سیاسەتە گشتییەکان پەسندکراوی ڕێبەرین، شوورای پاراستنی دەستووریش ناتوانێت ڕەتی بکاتەوە و بڵێت ئەوە بەپێچەوانەی دەستوور و بنەماکانی ئیسلامە؛ کە لە ڕاستیدا ئەوەیش ڕۆڵ و پێگەی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران نیشان دەدات.

بەم پێیە، چەمکی دەستنیشانکردن و دیاریکردنی سیاسەتە گشتییەکانی نیزام دەتوانێت فاکتەرێکی سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دادوەری و جێبەجێکردن و یاسادانان بێت و، جۆرێک لە بەرفراوانتـربوونی دەسەڵات بۆ ڕێبەری شوڕش بێت کە لە ڕێگەی کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندیی نیزامه‌وه‌ ئەنجام دەدرێت.

لێرەوە دەتوانین بڵێین لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا نەبوونی دامەزراوەی سیاسەتدانانی پسپۆر و پیشەیی لە ھەموو بوارەکانی ناوخۆ و دەرەکیدا، بووە ھۆی ئەوەی کە لە پێداچوونەوەی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، دامەزراوەیەک دابمەزرێت کە سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری ناوخۆ و دەرەکی دابـڕێژێت یاخود ڕێبەری، ڕاوێژیان پێ بکات؛ ھەرچەندە کە به‌كرده‌وه‌ و له‌ ڕووی پراكتیكییه‌وه‌ لە ئێران دەستنیشانکردن و دیاریکردنی سیاسەتە گشتییەکان ئەرکی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامییە.

7- ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی:

لە دەستووری ساڵی (١٩٧٩)دا، دامەزراوەیەک بەم ناوە بوونی نەبوو، بەڵکوو تەنیا ئەنجومەنی باڵای بەرگری ھەبوو. بەڵام لە ھەموارکردنەوەی دەستووردا لە ساڵی(١٩٨٩)، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی دامەزرا تاوەکوو بوارەکانی ئابووری و سەربازی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و... لە چوارچێوەی ئاسایشی نەتەوەییی ئێراندا خوێندنەوەیان بۆ بکرێت یاخود پرس و بابەتی پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوا لە سیاسەتی دەرەوەدا کە تا ساڵی (١٩٨٨) و بەتایبەت سیاسەتی دەرەوە، لە لایەن "ئایه‌توڵڵا خومەینی"یه‌وه‌ دیاری دەکرا، بەڵام بە شێوەی تیۆریک و داڕێژراو نەبوو. بۆیە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی دامەزرا، تا لەسەر بنەمای بڕیارەکانی کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندیی نیزام، ھەم لە بواری سیاسەتەکانی ناوخۆیی بڕیار بدات و ھەم لە بواری سیاسەتەکانی بەرگری و ئاسایشی و بەتایبەت دەرەکی و پەیوەندییەکاندا بڕیاری پێویست وەربگرێت.

کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندیی نیزام ڕەھەندە گشتییەکان و ئامانجەکان و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، ھەنگاوە کردەیییەکان لە بواری بڕیارە ستـراتیژیک یاخود ھەنووکەیییەکان لە بواری ئاسایشی نەتەوەییدا کە سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییەکان بەشێکن لێی، دیاری دەکەن، کە بە ھۆی پێگەی ڕێبەری شۆڕش لە دەستووردا، ئەم بڕیارانە گرنگیی تایبەتیان ھەیە.

ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بەپێی ماددەی (١٧٦)ی دەستووری (١٩٨٩)، لە لایەن سەرۆککۆمارەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. ئەم ماددەیە دەڵێت: "بە مەبەستی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی و یەکپارچەییی وڵات و سەرچاوەکانی نەتەوەیی، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمار پێک دەھێنرێت. ئەم ئەنجومەنە لەم کەسانە پێک دێت: سەرۆکەکانی ھەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری، سەرۆکئەرکانی ھێزە چەکدارەکان، وەزیری پلاندانان و بوودجە، وەزیری ناوخۆ، وەزیری ھەواڵگری، فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و فەرماندەکانی ھێزی دەریایی و ئاسمانی و وشکاییی ئەم سوپایە، فەرماندەی ئەرتەش و فەرماندەکانی ھێزی دەریایی و ئاسمانی و وشکاییی ئەم ھێزە و، ھەروەھا لە کاتی پێویست وەزیری پەیوەندیدار."

8- ھێزە چەکدار و سه‌ربازییه‌كان:

ماددەکانی (١٤١، ١٤٣، ١٥٠) لە دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئەرکی ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کە پێك دێن لە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و ئەرتەش، دیاری دەکات کە بـریتییە لە پاراستنی سەربەخۆیی و یەکپارچەییی وڵات و پاراستنی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شۆڕشە ئیسلامییەکە و دەسکەوتەکانی. ھەروەھا لە دیباجەی دەستووری ئێراندا ھاتووە کە: "ئەرکی سوپای پاسداران و ئەرتەش تەنیا پاراستنی سنوورەکان نییە، بەڵکوو ئەرکی بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕ، جیھاد لە ڕێگه‌ی خودا و خەباتکردن لە پێناو پەرەسەندنی دەسەڵاتی یاساکانی خوا لە جیھاندا لە ئەستۆی سوپای پاسداران و ئەرتەشدایە."

سوپای پاسداران ھێزێکی خاوەن ئەزموونه‌ لە جەنگدا و، لە لایەکی تـرەوە لە ناوخۆیش خاوەن پێگە و نفووزی سیاسی و ئابوورییە. دامەزراندنی سوپای پاسداران لە ساڵی (١٩٧٩) لە لایەن ئایەتوڵڵا خومەینییەوە بۆ ئەم مەبەستە بوو کە لە لایەک ئەرتەشی شاھەنشاھی کۆنتـڕۆڵ بکات و، لە لایەکی تـرەوە لە ناوخۆ مەتـرسیی نەیارەکان لەسەر شۆڕش نەھێڵێت.

جەنگی ھەشت ساڵەی ئێران و عێراق ڕۆڵی سوپای پاسدارانی زیاتـر کرد و، دواتـر سوپا و بەرژەوەندییەکانی بوون بە بەشێکی دانەبـڕاو لە سیستەمی سیاسی و نوخبە باڵاکان و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی. ڕۆڵی سوپای پاسداران جگە لە بواری چەکداری و کۆنتـڕۆڵی دەرەکی و ناوخۆیی، لە ڕووی ئابوورییەوە وای کردووە کە تەنانەت کۆنتڕۆڵی دەرھێنان و ھەناردەکردنی نەوت و غازیشی کردووە. سوپای پاسداران ئەمە لەسەر بنەمای ماددەی (١٤٧)ی دەستووری ئێران دەکات. ھەروەھا سوپای پاسداران ھەموو کاڵا ئێلێکتـرۆنییەکانی ئێران خۆی بەرھەم دێنێت و، یان لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی گرێدراوی خۆی کۆمپیوتەر و تەلەفۆن و مۆبایل و سیمکارت و... بەرھەم دێنێت و، بازاڕی قۆرخ کردووە.

لە لایەکی تـریشەوە سوپای پاسداران بەپێی تەفسیری ماددەی (١٤٧)ی دەستوور، دیسانەوە وەک بەڵێندەرێک لە پڕۆژە گەورەکانی ئاوەدانکردنەوە کار دەکات؛ ئەمە جگە لەوەی کە سوپای پاسداران کۆنتڕۆڵی زۆربەی فڕۆکەخانەکانی ئێرانی کردووە و لە ھەموو جومگەکانی دەسەڵات لە ئێراندا، بوون و نفووزی ھەیە و تەنانەت کۆنتڕۆڵی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوە و دەستێوەردان لە کاروباری سیاسی دەکات.

گرنگتـر لەمانە، سوپای پاسداران کۆنتڕۆڵی زۆربەی دامەزراوەکانی مووشەکی و پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانی کردووە. ھەروەھا بەپێی دەستوور، فەرماندە باڵاکانی سوپا و ئەرتەش لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییدا ئەندامن و، ئەمە جگە لە ڕۆڵی ھێزێکی میلیشیاییی سەر بە سوپای پاسداران بە ناوی "بەسیج" لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، کە ھەندێ جاریش وەک گرووپی گوشار کار دەکات؛ ھەروەھا ڕۆڵی گرنگی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران کە لە دەرەوەی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەکە چالاکی دەکات.

كۆبه‌ند:
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕێبەر بەپێی دەستوور ڕۆڵێکی ھەرە سەرەکیی لە پێکھاتەی فەرمی و یاساییدا ھەیە و، ھەموو جومگەکانی دەسەڵاتی کۆنتڕۆڵ کردووە و سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەیش لە ڕێگەی ئەو کەناڵانەوە لەژێردەستی ڕێبەردایە. ھەروەھا بەپێی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، فەرماندە گشتییەکانی ھێزەکانی ئەرتەش و سوپای پاسداران لە لایەن ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامییەوە دادەندرێن یان لا دەبـردرێن و، ڕێبەری شۆڕش خۆی ڕاستەوخۆ فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانە. لێرەوە ڕۆڵی وەلی فەقیھ (ڕێبەر) لە ڕووی بەرفراوانیی دەسەڵاتەوە دەردەکەوێت؛ جێگەی ئاماژەیە کە سوپای پاسداران، تەنیا لە بەرامبەر ڕێبەری شۆڕشدا خۆی بە بەرپرس دەزانێت.

به‌گشتی ئه‌وه‌ بەم مانایەیه‌ کە ڕۆڵی ئایینی و یاساییی ڕێبەر، ئەم پێگەیە دەستەبەر دەکات و، سەرچاوەی ئەم ھەموو دەسەڵاتەیش لەو ناسنامە ئایینییەوە سەرچاوە دەگرێت.  بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێین كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌نیا ڕه‌وایه‌تیپێدانه‌ به‌م پێكهاته‌ ئایینی-ئایدیۆلۆژیكه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران و، به‌پێی میكانیزمه‌ ده‌ستووری و ته‌نانه‌ت نافه‌رمییه‌كانه‌وه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دروستكردنی بڕیار له ‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ نابێت یاخود زۆر سنوورداره‌ و له ‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ كۆنترۆڵ كراوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی گه‌مه‌یه‌كی سنووردار و ویستراو له‌ چوارچێوه‌ی نوخبه‌ سیاسییه‌كانی ناوخۆی خودی ئه‌م سیسته‌مه‌. هه‌روه‌ها له‌م نێوه‌نده‌دا نوخبه‌ ناڕازییه‌كان، ئۆپۆزیسیۆنی دژه‌نیزام (ضد انقلاب) و ته‌نانه‌ت نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌كان و ئه‌ندامانی ئایین و ئایینزا فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كان (بێجگه‌ له‌ شیعه‌ی دوازده‌ ئیمامی و بڕواداران به‌ ویلایه‌تی ڕه‌های فه‌قیھ)، ناتوانن هیچ كاریگه‌رییه‌كیان له‌سه‌ر پێكهاته‌ و پرۆسه‌ی بڕیاردا هه‌بێت.

Latest from پەرویز ڕەحیم

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples