پێشه‌كی
خێراییی گۆڕانكارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆته تایبه‌تمه‌ندیی جێگیری بارودخی ئیمڕۆی جیهان. هاتنه‌سه‌ركاری ترامپ، یه‌كێك له‌و ڕووداوه گرنگانه‌یه كه به هۆی پێگه و ڕۆڵی حاشاهه‌ڵنه‌گری ویلایه‌ته یه‌ركگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی، له گۆڕانكارییه‌كی سیاسیی ناوخۆی ئه‌مریكاوه، بۆ ڕووداو و وه‌رچه‌رخانێكی نێوده‌وڵه‌تی هه‌نگاو ده‌نێت. به‌م پێیه له مێژوودا سیاسه‌ت و ستراتیژی و به‌گشتی دۆكترینه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه، به‌رگری و سه‌ربازیی ئه‌مریكا جێگه‌ی بایه‌خ و گرنگیپێدان بوونه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه گۆڕانكاری و پێشبینییه‌كان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌سته‌م و ناڕوون ده‌كات، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خودی ناڕوونی و ته‌نانه‌ت دژبه‌یه‌كیی سیاسه‌ت و وته و بڕیاره‌كانی دۆناڵد ترامپ.
ئه‌وه‌ی كه لێره‌دا گرنگه تاووتوێ بكرێت، دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و وه‌ڵامه‌یه كه ئایا ترامپ وه‌كوو سه‌رۆككۆماره‌كانی پێشووتری ئه‌مریكا خاوه‌ن دۆكترینی تایبه‌ت به خۆیه‌تی بۆ به‌ڕێوه‌بردن و جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ته ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی؟ له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین هێما، نیشانه و كۆڵه‌كه و هێڵه گشتییه‌كانی ئه‌م دۆكترینه ڕانه‌گه‌یه‌نه‌دراوه ڕوونتر بكه‌ینه‌وه؛ به‌و پێیه‌ی كه گۆڕانكاری له هاوسه‌نگیی هێز له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌رهاوێشه و ئاسه‌واری ناوچه‌ییی هه‌یه و، به‌م پێیه‌یش كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ئێمه‌ی كورد له هه‌موو به‌شه‌كان و به‌تایبه‌ت له باشووری كوردستان، كه له قۆناغی به‌ده‌وڵه‌تبووندایه، ده‌بێت.
دۆكترین (Doctrine)
به‌گشتی چه‌مكی دۆكترین كه له چه‌مكی Doctrinaی لاتینی وه‌رگیراوه، به مانای كۆمه‌ڵه بیروباوه‌ڕ و پێشنیاز و ڕێوشوێن و شیكردنه‌وه‌یه؛ به‌و مه‌رجه‌ی كه به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردن یاخود كرده‌ییكردن ڕێك خرا بێت و ڕۆڵی ڕێگه‌پێشانده‌ر و چوارچێوه‌یه‌ك بۆ سیاسه‌ته‌كان بگرێته ئه‌ستۆ. دۆكترین به‌رفراونتر و گشتگیرتره له "ستراتیژی" و، به‌م پێیه‌یش له سیاسه‌ت و ڕه‌فتار و تاكتیك گه‌وره‌تر و باڵاتره. دۆكترینی سیاسی، جۆره تێڕوانین یاخود ڕوانگه‌یه‌كه له لایه‌ن كه‌سێك، یان كۆمه‌ڵه كه‌سێكه‌وه به مه‌به‌ستی ده‌ستنیشانكردنی چۆنێتیی سیاسه‌ت و ڕه‌فتاری سیاسی داده‌ڕێژڕێت. به‌م پێیه دۆكترینی سیاسی ده‌بێته بنه‌مایه‌ك بۆ چۆنێتیی ڕه‌فتاری سیاسیی ده‌وڵه‌تێك له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا.
ده‌رباره‌ی گرنگیی دۆكترینی سیاسیی هه‌ر ڕێبه‌ر یاخود ده‌وڵه‌تێك، ده‌توانین بڵێین كه له ڕاستیدا دۆكترینی سه‌ربازی و ئاسایشی و به‌رگری و... هه‌ر وڵاتێك له‌ژێر كاریگه‌ریی چوارچێوه‌ی گشتیی ئه‌م دۆكترینه سیاسییه‌دایه. بۆ نموونه له جه‌نگی ساردیشدا دۆكترینی سه‌ركرده‌كانی هه‌ر یه‌كه له یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت و ئه‌مریكا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاسایش و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و، به‌گشتی ڕه‌فتاری ئه‌م وڵاتانه و ده‌وڵه‌تانی دیكه هه‌بوو. بۆ نموونه دۆكترینی "لیۆنید بێرژنێف"، سكرتێری گشتیی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حزبی كۆمۆنیستی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت (1964-1982) كه بریتی بوو له "سه‌روه‌ریی هه‌ر وڵاتێكی سۆسیالیستی، ناتوانێت پێچه‌وانه یاخود جیاواز بێت له به‌رژه‌وه‌ندی و ئاسایشی وڵاتانی تری سۆسیالیستی، یان بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشی جیهانی"؛ هه‌ر ئه‌مه‌یش، بووه بنه‌ما و هۆی ده‌ستێوه‌ردانی سۆڤیه‌ت له وڵاتانی تر، بۆ نموونه ئه‌م دۆكترینه پاساوی ده‌ستێوه‌ردانی "سوپای سوور"ی له چێكۆسلۆڤاكیا له ساڵی 1968 ده‌دایه‌وه.
چه‌ند نموونه‌یه‌ك له دۆكترینه‌كانی سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مریكا
پێشووتریش له ئه‌مریكا دۆكترینی مۆنرۆ (Monroe Doctorine) له 2ی دێسه‌مبه‌ری ساڵی 1823 له لایه‌ن "جه‌یمز مۆنرۆ" (James Monroe)، سه‌رۆككۆماری ئه‌مریكا (1817-1825) ڕاگه‌یه‌ندرا. ئه‌م دۆكترینه دژی ئیستعمار (كۆلۆنیالیزم) یاخود ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتانی ئه‌وروپی بوو له‌و وڵاتانه‌ی كیشوه‌ری ئه‌مریكا، كه تازه سه‌ربه‌خۆییی خۆیان به‌ده‌ست هێنابوو. به‌پێی ئه‌م دۆكترینه، ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا بڕیاری دا كه خۆی له ده‌ستێوه‌ردان و به‌شداری له جه‌نگه‌كانی نێوان ده‌وڵه‌ته ئه‌وروپییه‌كان و موسته‌عمه‌ره (كۆلۆنی)یه‌كانیان دوور بگرێت، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا هه‌ر جۆره جه‌نگ و چالاكییه‌كی داگیركه‌رانه له كیشوه‌ری ئه‌مریكا به ڕه‌فتارێكی دوژمنكارانه ڕابگه‌یه‌نێت، یاخود بزانێت. ئه‌م دۆكترینه، سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی ئه‌مریكای له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ئاراسته ده‌كرد و، ئه‌مریكا خۆی له كاروباری نێوده‌وڵه‌تی وه‌رنه‌ده‌دا تاوه‌كوو سه‌رده‌می بیست و هه‌شته‌مین سه‌رۆككۆماری ئه‌مریكا، "ڤۆدرۆ وێلسۆن (1856-1924)" (Woodrow Wilson) له جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م، كه بنه‌ما و پره‌نسیپه‌كانی ئه‌م دۆكترینه له لایه‌ن وێلسۆنه‌وه به به‌شداریی سه‌ربازیی ئه‌مریكا له كۆتایییه‌كانی جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م (هه‌رچه‌ند كورت) پێشێل كرا یاخود گۆڕدرا. هه‌روه‌ها ده‌توانین ئاماژه به دۆكترینێكی به‌ناوبانگی ئه‌مریكا بكه‌ین كه له لایه‌ن "هه‌ری ترۆمه‌ن" (Harry S.Truman)، سی و سێیه‌مین سه‌رۆككۆماری ئه‌مریكا له ساڵی 1947 ڕاگه‌یه‌ندرا كه به دۆكترینی ترۆمه‌ن (Truman doctrine) ناسرا. به‌پێی ئه‌م دۆكترینه، جیهان به‌سه‌ر دوو به‌شدا دابه‌ش بووه: ده‌وڵه‌تانی ئازاد و دیموكراتیك، وڵاتانی نائازاد و نادیموكراتیك یاخود كۆمۆنیستی. به‌م پێیه‌یش پێویسته ئه‌مریكا یارمه‌تیی دارایی و سه‌ربازیی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه بدات كه دژی كۆمۆنیزم و بۆ ئازادی ده‌جه‌نگن. ده‌وڵه‌تانی یۆنان و توركیا له یه‌كه‌م ده‌وڵه‌تان بوون كه ئه‌م یارمه‌تییانه ئه‌وانی گرته‌وه. هه‌روه‌ها جه‌نگی كۆریا له ساڵی 1950 تا 1953 له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م دۆكترینه به‌ڕێوه چوو. بۆیه ده‌بینین دۆكترینی وڵاته به‌هێزه‌كان كه له لایه‌ن ڕێبه‌رانیانه‌وه هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی ده‌درێت، له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا شوێنه‌وار و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆی په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌وڵه‌تان و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه.
دۆناڵد ترامپ و دۆكترینه جیاوازه‌كان
هه‌رچه‌نده تاوه‌كوو ئێستا به‌فه‌رمی دۆكترینی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ترامپ ئاشكرا نه‌كراوه و ڕوون نییه، به‌ڵام له دروشم، وته و بڕیاره‌كانی ئه‌م دوایییه‌ی "ترامپ"ه‌وه، ده‌كرێت سیمایه‌كی گشتی بۆ ڕوونتربوونه‌وه‌ی ئه‌م دۆكترینه گریمانه‌كراوه‌ی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا ده‌ربكه‌وێت. زۆر جار له ناوه‌نده سیاسی و ئه‌كادیمییه‌كان "دۆناڵد ترامپ" له‌گه‌ڵ سی و چواره‌مین سه‌رۆككۆماری ئه‌مریكا (1953-1961)، سه‌رۆك "ئایزێنهاوه‌ر" (Dwight David "Ike" Eisenhower) به‌راورد ده‌كرێت. ئه‌مه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دۆكترینی تایبه‌تی "ئایزێنهاوه‌ر" كه "به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای سه‌ربازی، ده‌بێته هۆی ده‌سه‌به‌ركردنی گه‌شه‌پێدان و به‌رزكردنه‌وه‌ی هێزی نه‌ته‌وه‌یی". لێره‌دا وێكچوونێك له نێوان گوته و ڕه‌فتاری ترامپ له‌گه‌ڵ دۆكترینی ئایزێنهاوه‌ردا هه‌یه: ترامپیش بڕوای به‌وه هه‌یه كه پێویسته توانا و هێزی نه‌ته‌وه‌ییی ئه‌مریكا بگه‌ڕێندرێته‌وه. له لایه‌كی تره‌وه "هێنری كیسنجه‌ر" (Henry Alfred Kissinger)، ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووتری ئه‌مریكا، بڕوای وایه كه "ترامپ" به هۆی سیاسه‌ته دژه-په‌نابه‌ر و كۆچبه‌رییه‌كانییه‌وه، زیاتر، له بیست و شه‌شه‌مین سه‌رۆككۆماری ئه‌مریكا (1901-1909)، "تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت (1858-1919)" (Theodore Roosevelt) ده‌چێت.
"دۆناڵد ترامپ" له یه‌كێك له گوته‌كانیدا به‌ڕوونی ده‌ڵێت: "پێویسته ئه‌مریكا به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیه‌وه بێت تاوه‌كوو هه‌وڵی ئه‌وه بدات ڕه‌فتاری ده‌وڵه‌تانی تر بگۆڕێت." ئه‌مه ده‌توانێت ببێته بنه‌مایه‌ك بۆ وێناكردنی دۆكترینی تڕا‌مپ له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا. له لایه‌كی تره‌وه، "ترامپ" به‌ئاشكرا ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندووه كه: "ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌كوو زلكاوێكی گه‌وره وایه كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ده‌بێت خۆی لێ دوور بگرێت." بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازیی هێڵه گشتییه‌كانی دۆكترینی گریمانه‌كراوی "ترامپ" له‌گه‌ڵ دۆكترینی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی سه‌رۆككۆماره‌كانی پێشووتری ئه‌مریكا ڕوونتر ببێته‌وه، ئاماژه به چه‌ند نموونه‌یه‌ك ده‌كه‌ین. له‌م ساڵانه‌ی دواییدا چه‌ندین سه‌رۆككۆمای ئه‌مریكا، بۆ نموونه وه‌كوو "بیل كلینتۆن" (1993-2001) له ڕێگه‌ی دۆكترینی "دیموكراسی و لیبرالیزم" له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كاریگه‌ری و شوێندانه‌رییان هه‌بووه. پاش ئه‌وه، سه‌رۆككۆمار "جۆرج ده‌بلیۆ بۆش" (2001-209) هه‌وڵی دا له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازیی ئه‌مریكاوه دیموكراسی و نه‌ته‌وه‌سازی، وه‌كوو به‌ها و نۆرمێكی ئه‌مریكی، په‌ره پێ بدا.
ته‌نانه‌ت جیاوازیی گوته و كرده‌وه‌كانی ترامپ له‌وه زیاتر به‌رجه‌سته ده‌بێت كه له سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی "باراك ئۆباما" (2009-2017)، وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی لیبراڵی دژه‌جه‌نگ و براوه‌ی خه‌ڵاتی ئاشتیی نۆبڵ، كه بڕوای به چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكی و ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له ڕێگه‌ی دیپلۆماسی و ڕێوشوێن و میكانیزمی فره‌لایه‌ن و ئاشتییانه هه‌بوو، له ساڵی 2015دا له پێشه‌كیی به‌ڵگه‌نامه‌ی "ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی ئه‌مریكا 2015" دا ده‌ڵێت: "هیچ كاتێك پرسه‌كه ئه‌وه نه‌بووه كه ئایا ئه‌مریكا، ده‌بێت سه‌رۆكایه‌تیی جیهان بكات یان نا؟ به‌ڵكوو پرسی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه ئه‌مریكا به چ شێوازێك، ده‌بێت ئه‌م ڕێبه‌رایه‌تییه بكات؟"
پرس و هاوكێشه سیاسی- ئاسایشییه‌كانی دۆكترینی گریمانه‌كراوی ترامپ
بۆ ڕوونتربوونه‌وه‌ی هێماكان و پره‌نسیپه سه‌ره‌كییه‌كانی دۆكترینی گریمانه‌كراوی ترامپ، پێویسته له چه‌ند خاڵێكدا ئاماژه‌یه‌كی كورت به پرس و هاوكێشه شیمانه‌كراوه‌كانی سیاسی-ئاسایشیی "ترامپ" بكه‌ین:
گوتاری سیاسی و سیاسه‌تی ئاسایشیی ترامپ، زیاتر به ئاراسته‌ی ناوخۆی سنووره‌كانه تاوه‌كوو ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان. ئه‌مه ده‌توانین له وتار و سیاسه‌ته‌كانی ترامپ له‌م ماوه كه‌مه‌دا به‌ڕوونی ببینین. هه‌ر له پرسی كۆچبه‌ران و دروستكردنی دیوار له نێوان ئه‌مریكا و مه‌كسیك، تاوه‌كوو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنامه‌ی ئابووریی ترانس-پاسێفیك و به‌ڵێنی چوونه‌ده‌ر له ڕێككه‌وتننامه‌ی كه‌شوهه‌واییی پاریس و...، ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. بۆیه ده‌توانین بڵێین ڕه‌خنه له سیاسه‌ته‌كانی پێشووتری ئیداره‌ی ئه‌مریكا و گرنگیدان به كاروباری ناوخۆیی له بری كاروباری ده‌ره‌كی و، هه‌روه‌ها پرسه ئابوورییه‌كان له سه‌رووی پرسه ئاسایشییه‌كان، وه‌كوو ئه‌وله‌وییه‌تی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا له لایه‌ن ترامپه‌وه به‌رجه‌سته كراوه. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، خاڵه لاوازه‌كانی ئیداره‌ی پێشووتر، بۆته چه‌قی سیاسه‌تی نوێی ترامپ له بواری ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا. بۆیه "ئه‌مریكا-ته‌وه‌ری"، هێمای سه‌ره‌كیی ئه‌م گوتاره سیاسییه‌ی دۆناڵد ترامپه. هه‌رچه‌نده زۆرن ئه‌و پسپۆڕ و شاره‌زایانه‌ی كاروباری ئه‌مریكا كه گوتاری سیاسیی ترامپ به گوتارێكی ئاڵۆز و دژبه‌یه‌ك و به‌گشتی پۆپۆلیستی ده‌زانن كه له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع، ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنی به هۆی كاریگه‌ریی فاكته‌ر و هۆكاره جۆراوجۆره بونیادییه‌كانه‌وه به‌ئه‌سته‌م ده‌زانن. به مانایه‌كی تر، له‌و بڕوایه‌دا نین كه ترامپ خاوه‌ن گوتاری سیاسیی باو، به واتا زانستی-سیاسییه‌كه‌ی بێت.
2- سیاسه‌تی ئابووری:
له ڕووی ئابوورییه‌وه، ترامپ هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات به‌پێچه‌وانه‌ی پرۆسه‌ی به‌جیهانیبوونه‌وه بووژانه‌وه‌ی ئابووریی ئه‌مریكا ده‌سته‌به‌ر بكات و گرنگیی زیاتر به ناوخۆی ئه‌مریكا و داخستنی سنووره‌كان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یماننامه چه‌ندقۆڵی و فره‌لایه‌نه‌كان، كه‌مكردنه‌وه‌ی باج بۆ كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوخۆی ئه‌مریكا، بایه‌خدان به ڕێككه‌وتننامه دوولایه‌نه ئابوورییه‌كان، دانانی تاریفه‌ی گومرگی له‌گه‌ڵ وڵاتانی تر و... بدات. ئه‌مه‌یش له چوارچێوه‌ی دروشمی دۆناڵد ترامپدا به‌رجه‌سته بووه كه گرنگترینیان بریتین له: "یه‌كه‌م جار ئه‌مریكا" و "گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆ و مه‌زنایه‌تی بۆ ئه‌مریكا". ئه‌مه‌یش له لایه‌ك بۆ كه‌سایه‌تیی دۆناڵد ترامپ و ئه‌زموونه‌كانی له بواری ئابووریدا و، له لایه‌كی تریشه‌وه بۆ به‌ڵێنه‌كانی ترامپ له هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن و بارودۆخی ئابووریی چینی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی ده‌گه‌ڕێته‌وه. بۆیه هه‌موو پرسه ئاسایشی و سیاسییه‌كان له ڕوانگه و گۆشه‌نیگای ئابوورییه‌وه ده‌بینرێت. هه‌روه‌ها ترامپ وا هه‌ست ده‌كات، به كاركردن له‌سه‌ر ئه‌م پرسه ده‌توانێت ببێته جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌مریكییه‌كان و پێگه‌ی خۆی قایم و بۆ داهاتوو مسۆگه‌ر بكات. هه‌رچه‌نده پسپۆڕانی بواری ئابووری له جیهانی ئێستادا داخستنی سنووره‌كان و جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه ئابوورییه‌كانی ترامپ بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووریی ئه‌مریكا به‌ئه‌سته‌م ده‌زانن.
3- تێڕوانینی ئاسایشی:
بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شت له 7 وڵاتی موسڵمان، له چوارچێوه‌ی ڕوانگه‌ی ئاسایشی-ئابووریی "ترامپ"دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت. به‌م مانایه‌ی كه ترامپ تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی كه ده‌كرێت و ده‌توانێت، ده‌خوازێت له‌ناو سنووره‌كاندا ئاسایشی ئه‌مریكا بپارێزێت. ئه‌مه‌یش له ڕاستیدا هه‌ر له چوارچێوه‌ی گوتاری سیاسی و ئاسایشیی ترامپدا ده‌سووڕێته‌وه و، له لایه‌كی تریشه‌وه بنه‌مای ئابوورییشی هه‌یه. به‌م مانایه، بێجگه له‌وه‌ی كه ده‌ربڕی ئه‌وه‌یه كه ترامپ بڕوای وایه پێویسته سنووره‌كانمان له به‌رده‌م تیرۆریستان دابخه‌ین، له هه‌مان كاتیش‌دا ته‌واوكه‌ری سیاسه‌تی داخستنی سنووره‌كانه له به‌رده‌م كۆچبه‌راندا؛ بۆ نموونه هه‌وڵی دروستكردنی دیوار له نێوان مه‌كسیك و ئه‌مریكا.
ئه‌م بابه‌ته بێجگه له‌وه‌ی كه یه‌كێك بووه له به‌ڵێنه‌كانی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كه له‌لایه‌ن ترامپه‌وه جه‌ختی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام زیاتر بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتی و ڕازیكردنی توندڕه‌وه‌كانی ناوخۆی ئه‌مریكا بووه. بۆیه ده‌توانین بڵێین كه ئاسایش له ڕوانگه‌ی ترامپه‌وه دوو كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كیی هه‌یه:1- ئابووری 2- پاراستنی ئه‌مریكا له گرووپه تیرۆریستییه‌كان. ئه‌م دوو كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه، ڕه‌نگڕێژی سیاسه‌تی ئاسایشی ناوخۆیی و دره‌كیی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن. بۆیه هه‌ڵوێست و دروشمه‌كانی ترامپ له هه‌مبه‌ر چین و ڕووسیا و، هه‌روه‌ها یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ناتۆ و داعشدا، جیاوازییان له‌گه‌ڵ سه‌رۆككۆماره‌كانی پێشووتری ئه‌مریكادا هه‌یه. ئه‌م خاڵه‌یش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆی پرسه ئاسایشی و ده‌ره‌كییه‌كانی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا ده‌بێت.
4- ڕووسیا و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا:
هاوكاری له‌گه‌ڵ ڕووسیا له پرسه جۆراوجۆره‌كاندا، به‌تایبه‌ت سووریا و جه‌نگی داعش، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه ڕووسیا زیاتر به‌هێز بێت و له هاوكێشه سیاسییه‌كانی جیهانیدا ڕۆڵ و پێگه‌ی به‌رزتر ببێته‌وه. له لایه‌كی تریشه‌وه، ئه‌م هاوكارییه، ئه‌گه‌ری زۆره كه ده‌رهاوێشته‌كه‌ی، به‌هێزتربوونی سووریا و عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لێ بكه‌وێته‌وه و، ئه‌مه‌یش نفووز و ڕۆڵی ئێران به‌رزتر بكاته‌وه. به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌م دوایییه‌ی ترامپ له ئێران، ئه‌وه‌ی لێ ده‌خوێندرێته‌وه كه ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت كێشه و ڕه‌فتاره‌كانی ئێران له ڕێگه‌ی ئابڵووقه و گوشاره‌كانه‌وه "به‌ئاسایشی" بكات و له‌م ڕێگه‌یه‌وه ئێران له ناوچه‌كه‌دا كۆنترۆڵ و سنووردار بكات. ئه‌مه‌یش له ڕێگه‌ی دروستكردنی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌وه (سوننه-ئێسڕائیل) له دژی ئێران له ناوچه‌كه، ته‌واو ده‌كات. هه‌روه‌ها ترامپ هه‌وڵ ده‌دات له ڕێگه‌ی نزیكبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ڕووسیا، ئێران له ناوچه‌كه‌دا سنووردار و كۆنترۆڵ بكات. له لایه‌كی تره‌وه، پێشبینی ده‌كرێت كه سیاسه‌تی ترامپ له هه‌مبه‌ر ڕووسیا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بێت كه به نزیكبوونه‌وه له ڕووسیا، چین له ڕووسیا دوور بخاته‌وه. ئه‌مه‌یش به‌پێچه‌وانه‌ی دۆكترینی سه‌رۆك نیكسۆن، كه هه‌وڵی ده‌دا به نزیكبوونه‌وه له چین، ڕووسیا له چین دوور بخاته‌وه.
5- ئه‌مریكا و یه‌كێتیی ئه‌وروپا:
له لایه‌كی تره‌وه، ئه‌گه‌ری ڕێككه‌وتنی ترامپ له‌گه‌ڵ ڕووسیا، وڵاتانی ئه‌وروپای نیگه‌ران كردووه، به‌تایبه‌ت پێشبینی ده‌كرێت ترامپ له‌سه‌ر پرسی "كریمیا" له‌گه‌ڵ ڕووسیا ڕێك بكه‌وێت و، ئه‌مه‌یش مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی ئاسایشی ڕووسیا بۆ وڵاتانی ئه‌وروپی زیاتر ده‌كاته‌وه. ئه‌مه‌یش به جۆرێك، لاوازبوونی كه‌لتووری و ستراتیژیی ناسراو به "ئه‌تلانتیك-گه‌رایی"یه و، ئاسایشی ئه‌وروپا ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.
بۆیه گوته‌كانی ترامپ ده‌رباره‌ی له‌ئه‌ستۆگرتنی تێچووی سه‌ربازی و ئاسایشیی ڕێكخراوی "ناتۆ" له لایه‌ن خودی ئه‌وروپییه‌كانه‌وه، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا شرۆڤه ده‌كرێت. ئه‌مه‌یش ڕۆڵی ڕووسیا له هاوكێشه ئاسایشی-سیاسییه‌كانی ئه‌وروپا زیاتر ده‌كات و ده‌ستی ڕووسیا ئاوه‌ڵاتر ده‌بێت. بۆیه ئه‌وروپییه‌كان هه‌ست به ته‌نیایی ده‌كه‌ن و، هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ مه‌ترسییه‌كانی ڕووسیا، ئه‌م بۆشایییه پڕ بكه‌نه‌وه. ئه‌مه‌یش له كۆتاییدا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هاوكێشه جیهانییه‌كان ده‌بێت. بۆ نموونه ترامپ پاڵپشتی له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا ده‌كات كه به "ئه‌وروپای نوێ" ناویان ده‌بات؛ له به‌رامبه‌ر "ئه‌وروپای پیر"، كه مه‌به‌ست لێی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوای ئه‌وروپایه. ئه‌مه‌یش بێجگه له ڕووی ئاسایشی و ئابوورییه‌وه، له ڕووی سیاسییه‌وه به وه‌رچه‌رخان داده‌ندرێت. به‌م مانایه كه ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا پاڵپشتی له‌م وڵاتانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا ده‌كات كه به‌ره‌و سیسته‌مێكی "دیموكراسی له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌روه‌ری" هه‌نگاو ده‌نێن و ده‌ڕۆن، له بری "دیموكراسی له‌سه‌ر بنه‌مای لیبرالیزم".
6- چین و ئه‌مریكا:
گوته‌كانی ترامپ ده‌رباره‌ی دانانی تاریفه‌ی گومركی له‌سه‌ر كاڵا و هه‌نارده‌كانی چین، جۆرێك له بارگرژیی ئابووریی له نێوان چین و ئه‌مریكای لێ كه‌وتۆته‌وه. ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆی كاردانه‌وه‌ی چین و، هه‌روه‌ها دروستبوونی كێشه‌ی ئاسایشی بۆ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌و ناوچه‌یه‌ی زه‌ریای چین كه چین تیایدا باڵاده‌سته، لێ ده‌كه‌وێته‌وه. هه‌ر له‌م ناوچه‌یه‌دا هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا وه‌كوو ژاپۆن و كۆریای باشوور و تایوان و ته‌نانه‌ت فیلیپین و... تووشی دڵه‌ڕاوكێ و نیگه‌رانی بوونه. بۆیه ترامپ دڵنیایی ده‌داته ئه‌م هاوپه‌یمانانه كه به‌ته‌نیا جێیان ناهێڵێت. كۆی گشتیی ئه‌م هاوكێشه‌یه ئه‌وه‌ی لێ ده‌خوێندرێته‌وه كه "ترامپ" ده‌یه‌وێت سنوورێك بۆ به‌رفراوانبوون و گه‌شه‌ی ئابووریی چین له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا دابنێت. بۆیه له ڕوانگه‌ی ترامپه‌وه ئابووریی چین گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه بۆ پێگه، نفووز و گه‌وره‌ییی ئه‌مریكا.
كۆبه‌ند:
به‌پێی گوته و ئاماژه و هێماكانی سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیی "ترامپ"، ده‌كرێت بڵێین دۆكترینی گریمانه‌كراوی "ترامپ" به‌م شێویه ده‌بێت: پرسه ئابوورییه‌كانی ده‌بێته چه‌قی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و ناوخۆی ئه‌مریكا، په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه له‌سه‌ر بنه‌ما و ڕوانگه‌ی ئابوورییه‌وه داده‌ڕێژریته‌وه (بۆ نموونه له‌گه‌ڵ بریتانیا و پاڵپشتی له برێگزیت-Brexit)، چیتر ئه‌مریكا گرنگی به ڕۆڵی ڕێبه‌رایه‌تیكردنی جیهان نادات، پرسی دیموكراتیزاسیۆنی وڵاتان و ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌سازی، چیتر پرس و ئه‌وله‌وییه‌تی ئه‌مریكا نییه، له ڕووی سیاسییه‌وه ترامپ زیاتر سیاسه‌تێكی نه‌ریتی به‌ڕێوه ده‌بات و هێزی سه‌ربازیی ئه‌مریكا زیاتر بۆ به‌رگری و دووركردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه ئاسایشییه‌كان (به واتا ترامپییه‌كه‌ی) به‌كار دێت، نه‌ك هێرشكردن و ڕزگاركردن و ده‌ستێوه‌ردان.
بۆ نموونه هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئاسایشی و ئابوورییه‌دایه كه "ترامپ" یه‌كه‌مین گه‌شتی ده‌ره‌كی و فه‌رمیی خۆی بۆ "سعوودیا" ئه‌نجام ده‌دات و چه‌ندین گرێبه‌ستی بازرگانی و سه‌ربازی به به‌های زیاتر له 350 ملیار دۆلار له گه‌ڵ ئه‌م ولاته واژوو ده‌كات و هه‌وڵی دامه‌زراندنی هێزێكی سه‌ربازیی "ناتۆی عه‌ره‌بی" ده‌دات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه و سنوورداركردنی ئێران، به‌ڵام له‌رێگه‌ی هێزی سه‌ربازی/مرۆیی و دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی له‌لایه‌ن وڵاتانی ناوچه‌كه‌وه.
ئه‌م نزیكبوونه‌وه و سنووداركردنی ئێران، له‌گه‌ڵ دروشم و ته‌نانه‌ت ستراتیژیی ئابووریی ترامپ ده‌گونجێت. چونكه سعوودیا و وڵاتانی عه‌ره‌بی، به هۆی پێگه‌ی گرنگی جیۆئێكۆنۆمی و جیۆپۆلیتیكی و جیۆكاڵچه‌ری ئه‌م وڵاتانه، ده‌توانن هاوكێشه‌كانی هاوسه‌نگیی هێز له ناوچه‌كه به قازانجی ئه‌مریكا و وڵاتانی سوننه و، له دژی ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانیان بگۆڕن. لابردنی فرۆشتنی مووشه‌ك و چه‌كی ئاراسته‌كه‌ر له لایه‌ن ئه‌مریكاوه بۆ سعوودیا و، هه‌روه‌ها نه‌بوونی سعوودیا له لیستی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه گه‌شتی هاووڵاتیان بۆ ئه‌مریكا قه‌ده‌خه كراوه و، هه‌وڵی ئه‌مریكا بۆ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی دژه‌فڕین له سووریا و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی سووریا و پاڵپشتیی ئه‌مریكا له سعوودیا له جه‌نگی یه‌مه‌ن له دژی حوسییه‌كان، نزیكبوونه‌وه‌ی سعوودیا و ئه‌مریكا له حه‌یده‌ر عه‌بادی له دژی نووری مالكی و لایه‌نگرانی ئێران له عێراق، له ئاماژه‌كانی ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ن له دژی ئێران.
به‌گشتی، ئه‌مریكا بۆ ستراتیژیی نوێی ئیداره‌ی ئه‌مریكا له دژی ئێران پێویستیی به سعوودیایه و، سعوودیایش له ڕێگه‌ی دژایه‌تیی ئێران و سنوورداركردنی ڕۆڵ و پێگه و نفووزی ئه‌م وڵاته له لایه‌ك و، هه‌روه‌ها پێگه‌ی جیۆئێكۆنۆمی و جیۆپۆلیتیكی و جیۆكاڵچه‌ری خۆی، هه‌روه‌ها وه‌به‌رهێنان له ئه‌مریكا به‌تایبه‌ت له ڕووی وزه‌وه، ده‌توانێت سیاسه‌ته ئابوورییه‌كانی ترامپ، كه له هه‌ڵبژاردندا به‌ڵێنی به خه‌ڵكی ئه‌مریكادا بوو، بێنێته دی. خاڵێكی گرنگیش ئه‌وه‌یه كه ئه‌مریكا بێجگه له پرسی ئێران، له كێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌كوو كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین و ئیسڕائیلیش پێویستیی به سعوودیایه.
له كۆتاییدا ئه‌گه‌ر "ترامپ" له جێبه‌جێكردنی ئه‌م دۆكترینه گریمانه‌كراوه‌ی سه‌ركه‌وتوو بێت، ئه‌وه كۆی ئه‌م ئاماژانه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه له‌وانه‌یه و ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا ببێته هۆی بنیاتنان و دروستبوونی سیسته‌مێكی "فره‌جه‌مسه‌ری"، یان "فره‌جه‌مسه‌رگه‌رایی"؛ هه‌رچه‌نده ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نیی درێژتر بخایه‌نێت.