تێگەیشتن لە دانپێدانەنان بە دەوڵەتی نوێ

دەستپێك

ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی نوێ، پرۆسەیەکی جیاوازە لە دانپێدانان (الاعتراف– (Recognition. ڕاگەیاندنی دەوڵەت پرۆسەیەکی نیشتمانی و ناوخۆیییە، بەڵام دانپێدانان پەیوەندیی بە دەوڵەتانی ترەوە هەیە؛ دەوڵەتان لە دانپێدانان بە دەوڵەتی نوێ، ئازادن. هێشتا هەرێمی کوردستان دەوڵەتی ڕانەگەیاندووە، ترسێکی سیاسی بە وتاری گشتی و ڕاگەیه‌ندراوەکانەوە دیارە. بەداخەوە، ئەم ترسە لە لایەن هەندێك میدیاکار و نووسەرانەوە،گەیەندراوە بە حاڵەتی تۆقاندنی خەڵك. ئەم ترسەیش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کاتێك دەگوترێت: "ئەی ئەگەر دەوڵەتان دانیانبە دەوڵەتی نوێی کوردستان نەنا؟"لەم کورتە باسەدا، هەوڵدەدەین خوێندنەوەیەك بکەین بۆ چەمکی "دانپێدانەنان"؛ بەزمانی عەرەبی، دەبێتە "عدم الاعتراف" و بە زمانی ئینگليزی پێی دەگوترێت Non-Recognition. تێگەیشتن لە ترس، هۆکارێکی گرنگە بۆ ڕەوينەوەی ترسەکە. با بزانین، ئەگەر دەوڵەتێك دانیبە دەوڵەتێكی نوێ نەنا، چی ڕوودەدات؟ بەهای یاسایی و سیاسیی دانپێدانەنان چییە؟ شایەنی گوتنە، زۆربەی زۆری کتێبەکانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تیشك دەخەنە سەر چەمکی "دانپێدانان"، بەڵام ژمارەیەکی کەمیان کاریان لەسەر چەمکی "دانپێدانەنان" کردووە. ئێمە لەم کورتە باسەدا، کەمتر کارمان لەسەر دانپێدانان کردووە، ئەوەی جێی بایەخی بابەتەکەمانە، دانپێدانەنانە.

یەکەم: دانپێدانان و دانپێدانەنان لە یاسای نێودەوڵەتیدا

دانپێدانان و دانپێدانەنان قۆناغی دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتە. واته‌ هەر نه‌ته‌وه‌یه‌ك گەیشتە ئاستێك، بتوانێت بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات و دەوڵەتێك لە چوارچێوەیەکی جوگرافیی دیاریکراودا بنیاتبنێت، دەبێت بە دەوڵەت. دانپێدانان و دانپێدانەنانی دەوڵەتانی بیانی کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر پرۆسەی دەوڵەتسازیدا نییە. نه‌ته‌وه‌كان کاتێك دەوڵەتەکانی خۆیان دروستکرد، چاوەڕێی دانپێدانانی دەوڵەتانی تریان نەکردووە. ئەگەر نه‌ته‌وه‌كان چاوەڕێی دانپێدانانی پێشوەختەی دەوڵەتانی جیهانیان بکردایە، ئەو نه‌ته‌وانە دەبوایە بۆ هەمیشە دەردی "بێوڵاتی"یان بچێشتایە.

سەبارەت بە پێناسەی دانپێدانان، کاتێك دەوڵەتێکی نوێ ڕادەگەیه‌نرێت، دەوڵەتانی تر دەتوانن دان بەو دەوڵەتەدا بنێن و وەکو وئەندامێك لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قبووڵی بکەن. ڕاستە هەندێك تێڕوانینی کلاسیکی لە یاسای نێودەوڵەتیدا هەن، دانپێدانان بە دروستکەری دەوڵەتە نوێیەکە دادەنێن، بەڵام ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە: زۆربەی زۆری نەتەوە دەوڵەتدارەکان خۆیان دەوڵەتەکەی خۆیان دروستکردووە، نەك دەوڵەتانی تر. بەرامبەر "دانپێدانانی دروستکەر"، تێڕوانینێکی تر هەیە بۆ دانپێدانان کە پێی دەگوترێت "دانپێدانانی پیشاندەر". ئەم تێڕوانینەی دووەم سەبارەت بە دانپێدانان، زیاتر سەرکەوتوو بووە و جێی خۆی لای توێژەر و بيرمەندەکانی جیهان کردۆتەوە. بەکورتی، دانپێدانان دروستکەری کەسایەتیی یاساییی دەوڵەت نییە، بەڵکوو دانپێدانان لە لایەن دەوڵەتانەوە،تەنیا بە جیهان پیشان دەدات کە ئەم قەوارە نوێیە، دەوڵەتە و، دەتوانێت پەیوەندیی نێودەوڵەتیی ئاسایی لەگەڵ وڵاتانی تردا ببەستێت.

دانپێدانان، کارێکی ئارەزوومەندانەی دەوڵەتانە؛ دەوڵەتان ئازادن لەوەی دان بە دەوڵەتێکی نوێ بنێن. بۆیە هەندێك ڕووناکبير بە کارێکی سیاسی لە قەڵەمی دەدەن، نەك کارێکی یاسایی. بەڵام دانپێدانەنان، ئازادییەکی زۆر سنوورداری هەیە، هەروەها هەندێك دانپێدانەنان پێچەوانەی یاسان. بەگشتی پێویستە بگوترێت، دانپێدانان و دانپێدانەنان کاری ئارەزوومەندانەن و، بەرژەوەندیی سیاسی بەسەریاندا زاڵە نەك پێوەر و بنەمای یاسایی.

دووەم: ژوورە داخراوەکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

سروشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە ژوورێکی داخراو دەچێت. ئێمەی کوردستانی،سەدان ساڵە لە دەرەوەی ئەو ژوورەین. دانیشتووانی ئەم ژوورە بەئاسانی هەموو جۆرە قەوارەیەکی سیاسی قبووڵ ناکەن. هەتا دەوڵەت ڕانەگەیەنێت، ناهێڵن بێتە لای دەرگه‌ی ژوورەکەوە. کاتێك دەوڵەتیشی ڕاگەیاند، کلیلی چوونەژوورەوە، دانپێدانانە.

ڕاستەچەند ساڵێك دەبێت، بەتایبەتی لە دوای جەنگی دژی داعش، هەرێمی کوردستان جارجار توانیویەتی سەردانی ئەو ژوورە داخراوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات، بەڵام سەردانەکان کاتین؛ تا دەوڵەتیش ڕانەگەیەنیت، نابێت بە ئەندامێکی هەمیشەیی لەم کۆمەڵگەیە. ئێستا دەرفەتێك لە ئارادایە کە کەناڵە ديپلۆماسییە باڵاکان و بەرژه‌وەندییە هاوبەشەکان کار ئاسانی بکەن بۆ چوونە ناو ئەو ژوورەوه‌. کاتێك بەرژه‌وەندی و پێویستییەکان گۆڕان، دوور نییە دیسانەوە خۆمان لە دەرەوەی ئەم ژوورە ببينینەوە. هەرێمێك، دانیشتووی ئاساییی دەرەوەی ژوورەکەیە؛ دەوڵەتیش، دانیشتووی ئاساییی ناو ژوورەکەیە. ئەو ماف، جیاوك و بەرپرسیارێتییانەی لە دەرەوەی ژوورەکەن، زۆر جیاوازن لەوانەی کە لەناو ژوورەکەن.

کاتێك دەوڵەتێکی نوێ ڕادەگەیەنرێت، هەوڵ ده‌دات بچێته ‌ناو ژوورە داخراوەکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییه‌وه‌. وەک باسمان کرد، دانپێدانانی دەوڵەتانی ناو ژوورەکە، ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی لەناو کۆمەڵگه‌کە جێی خۆت بکەیتەوە. چەندیش دانپێدانانەکە لە لایەن دەوڵەتانی نزیك، دراوسێ و زلهێزەوە بێت، ئەوەندە ئاسانتر دەتوانیت جێی خۆت لەم ژوورەدا بەهێز بکەیت. مەرجیش نییە هەموو ئەندامانی ئەو ژوورە داخراوە، بەخێرهاتنت بکه‌ن. چاوەڕێ دەکرێت هەندێکیان، لەبەر هەر هۆیەك بێت، دژت ڕابوەستنەوە؛ ئەم حاڵەتە پێی دەگوترێت دانپێدانەنان.

سێیەم: دەوڵەتی داهاتووی کوردستان و دانپێدانان، یان دانپێدانەنانی عێراق

دەربارەی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتی داهاتووی کوردستان و عێراق، دوو ئەگەر هەیە: ئەگەری یەکەم ئەوەیە کە عێراق دانبە دەوڵەتە نوێیەکەی کوردستان بنێت. ئەم دانپێدانانە لە لایەن دەوڵەتی دایك، گرنگترین هەنگاو دەبێت لە پرۆسەی دانپێدانان. گەورەترین ئاسانکاری دەبێت بۆ دەوڵەتی داهاتووی کوردستان، كه‌ بچێتە کۆمەڵگە داخراوەکەی نێوان دەوڵەتەکان. باشووری سوودان، هەر خێرا لە لایەن دەوڵەتی دایك (سوودان)ه‌وه‌ دانی پێدانرا؛ بۆیە زۆری نەبرد هەموو دەوڵەتانی جیهان قبووڵیان کرد. بەڵام کۆسۆڤۆ لەبەرئەوەی دەوڵەتی دایك (سربیا)، دان بە سەربەخۆییی ئەم دەوڵەتە نوێیەدا نانێت، کۆسۆڤۆ کێشەی دانپێدانانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بۆ دروست بووە. ئەگەر عێراق یەکەم دەوڵەتبێت دانبە دەوڵەتی داهاتووی کوردستان بنێت، چاوەڕێ دەکرێت هەموو، یان زۆربەی زۆری وڵاتان لە جیهان، دانبەم دەوڵەتە نوێیەدا بنێن.

ئەگەری دووەم ئەوەیە کە عێراق دانبە دەوڵەتی داهاتووی کوردستان نەنێت. ئه‌مه‌یان ئەگەرێکی بەهێزە؛ لەبەرئەوەی عێراق کێشەی مامەڵەکردنی هەبووە لەگەڵ کوردستان وەك هەرێمێك، جا چۆن لەگەڵ دەوڵەتی داهاتووی کوردستاندا کێشەی نابێت، بە تایبەتی سنوورەکان کێشەی هەرە مەزن دەبن لە نێوان دەوڵەتی تازەدروستبووی کوردستان و عێراقی پارچەبوو. هەر بۆیە، پێویستە هەرێمی کوردستانی ئێستا و دەوڵەتی داهاتوو، پێشبینیی هەندێك کاردانەوەی عێراق بکات. یەكێك لەو کاردانەوانە ئەوەیە، دان بە دەوڵەتە نوێیەکەدا نەنێت. لەوانەیە عێراق ئەم دانپێدانەنانە وەكوو سزایەکی نێودەوڵەتی، بەسەر دەوڵەتە نوێیەکەدا بسەپێنێت. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: دانپێدانەنانی عێراق چ بەهایەکی هەیە؟ چۆن دەوڵەتی داهاتووی کوردستان ڕووبەڕووی ئەو دانپێدانەنانەببێتەوە. ئەم حاڵەتە،لە دۆخی نێوان ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و ئەڵمانیای ڕۆژاوا نزیکمان دەکاتەوە؛ هیچ لایەکیان دانی بەوەی تردا نەدەنا. ئەڵمانیای ڕۆژاوا، ئەڵمانیای ڕۆژهەڵاتی بە بەشێك لە خاکی خۆی دەزانی. یان حاڵەتێکی ترمان هەیە کە زۆر نوێترە: سربیا و کۆسۆڤۆ. سربیا بە هەموو شێوەیەك دژی سەربەخۆییی کۆسۆڤۆیە؛ ئامادە نییە دانبە دەوڵەتی کۆسۆڤۆ بنێت. "چین"ی زلهێز، بە هەموو شێوەیەك دژی ئەوەیە کە تایوان سەربەخۆ بێت، هەروەها دژی هەر دەوڵەتێکیش ڕادەوستێتەوە کە دان بە ئۆتۆنۆمیی تایوان بنێت. هەروەها زۆربەی زۆری دەوڵەتانی عەرەبی دژی دەوڵەتی ئیسڕائیلن و دانیان پێدانەناوە. ئایا دانپێدانەنان بە ئیسڕائیل کاریگەریی لەسەر سەروەری و کەسایەتیی ئەم دەوڵەتە هەبووە؟ بێ گومان نەخێر. ئەم دانپێدانەنانە تەنیا وەکوو سزایەکی نێودەوڵەتی دژی ئیسڕائیل بەکارهاتووە، کە ئاکامەکانی لەسەر ئەم دەوڵەتە، زۆر کەم بووە.

ئەوانەی سەرەوە، حاڵەتی جۆراجۆرن لە دانپێدانەنان. هەر حاڵەتێک دۆخێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆی هەیە؛ پەیوەندیی نێوان دەوڵەتی داهاتووی کوردستان و عێراق جیاوازە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. بەڵام لە ڕێگه‌ی ئەم نموونانەی سەرەوە، دەتوانین پێشبینیی هەندێك هەنگاوی نه‌رێنی (نێگه‌تیڤ)ی عێراقی بکەین دژی دەوڵەتی ئاییندەی كوردستان. یەك خاڵ زۆر گرنگە، كه‌ دەبێت هەڵوێستەی لەسەر بکەین: دانپێدانەنان هەرچەندە توند بێت، نابێتە ڕێگر بۆ پرۆسەی دەوڵەتسازی. ئەو خاڵەی کە پێویستە کوردستان کاری لەسەر بکات ئه‌مه‌یه‌: ڕاگەیاندنی دەوڵەت، هەرگیز نەبێتە هۆی هەڵگيرساندنی جەنگ لەگەڵ عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدوای ئاشتی و سەقامگيریدا دەگەڕێت؛ ئامادە نییە لە ماوەی جەنگدا دانبە دەوڵەتێکی تازە دروستبوو بنێت. لەسەردەمی جەنگدا، دەوڵەتی دانپێنەر بە چاوی خۆی دەڕوانێته‌ پرسەکە. ئەگەر دەوڵەتێك بزانێت دانپێدانان بە دەوڵەتێكی نوێ، دەبێتە هۆی هەڕەشە بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، ڕەنگە نەیەوێت دان بەو دەوڵەتە نوێیەدا بنێت.

جیاوازییەکی تر لە نێوان دانپێدانان و دانپێدانەنان ئەوەیە کە دانپێدانان بە دەوڵەتی نوێ، سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ دروستبوونی پەیوەندیی دووقۆڵی و ئاشتەوایی لە نێوان دەوڵەتی نوێ و دەوڵەتی دانپێنەر. بەڵام دانپێدانەنان سەرچاوەی ناکۆکییە لە نێوان دەوڵەتە نوێیەکە و دەوڵەتە دژەکە. جۆرە دانپێدانەنانێکی مەترسیدار هەیە: دەوڵەتی دژ، ئامانجی تەنیا دانپێدانەنان نییە، بەڵکوو ئامانجی، سڕینەوەی ئەوەی بەرامبەرە بە هەر نرخێك بێت. دەوڵەتی دژ، هەوڵ دەدات کێشەکان بۆ دەوڵەتە تازەلەدایکبووەکە گەورەتر بکات، بە جۆرێك هەموو جیهان تێبگەیەنێت کە ئەو دەوڵەتە شایەنی ئەوە نییە بێتە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. سەرکەوتن لە تاقیکردنەوەی دانپێدانەنان لەسەر دەوڵەتە نوێیەکە ڕاوەستاوە. ئایا تا چەند دەوڵەتە نوێیەکە دەتوانێت تەرازوو (بالانس) ڕابگرێت لە نێوان نیازه‌ شەڕانگێزەکەی دەوڵەتە دژەکە و، ڕێزگرتنی ئاشتی و دراوسێتیی باشە.

چوارەم: پێگە و کاریگەریی دانپێدانەنان

دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی نوێی كوردستان، چاوەرێی سێ جۆر هەڵوێست لە دەوڵەتانی جیهانەوە دەکرێت:

١. دانپێدانان بە دەوڵەتی نوێ، ئینجا بە شێوازی جۆراجۆر: پێشوازیکردن لەم ڕاگەیاندنە، پیرۆزباییکردن لەم وڵاتە نوێیە، ئاراستەکردنی پەیامێکی ديپلۆماسی و هتد.

٢. بێدەنگبوونی دەوڵەتان؛ ئەم بێدەنگبوونەیش لە بەرژه‌وەندیی دەوڵەتە نوێیەکەیە. هەندێك بيرمەند بە دانپێدانانی واقعی لە قەڵەمی دەدەن. لەم حاڵەتەدا بێدەنگبوون،نیشانەی ڕازیبوونه‌. دەوڵەتی بێدەنگ، نایەوێت، یان ناتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی دایك، یان دەوڵەتە پارچەپارچەبووەکە تێکبدات. لە هەمان کاتدا، نایەوێت دژی ڕاگەیاندنی دەوڵەتەکە نوێیەکە بێت. دەوڵەتی بێدەنگ چاودێریی دۆخەکە دەکات. چاودێریی ئەوە دەکات کە چەند دەوڵەت دان بە دەوڵەتە نوێیەکە دەنێن و، چەندیش دژن. دوایی ماوەیەکی دیاریکراو و بەپێیبەرژه‌وەندییەکانی خۆی، دەوڵەتەکە بڕیاری خۆی دەدات، بە بەستنی پەیوەندیی نێودەوڵەتی لەگەڵ دەوڵەتی تازە لە دایکبووەکە، یان نا.

٣. هەڵوێستی سێیەم، بریتییە لە دانپێدانەنان بە دەوڵەتە نوێیەکە:

دوو جۆر دانپێدانەنان هەیە: یەکەمیان دانپێدانەنانی سادەیە کە تەنیا دان بە دەوڵەتە نوێیەکە نانێن و دژن، کە بە دۆکترینیTobar ،  Stimsonیش ناسراون. جۆرێکی تریش لە دانپێدانەنان هەیە کە زۆر لەوەی یەکەم توندترە، کە ئێمە لێرەدا بە دانپێدانەنانی ئاڵۆز، یان ئامانجدار پێناسەی دەکەین.  دۆکترینی دانپێدانەنانی ئامانجدار، بيرۆکەی پرۆفیسۆرێکی ئەڵمانییە بە ناوی Hallestein.بەپێی ئەم جۆرە دانپێدانەنانە، دەوڵەت دانبە دەوڵەتە نوێیەکە نانێت و، هەروەها پەیوەندیی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی سێیەمدا، کە دان بەودەوڵەتە نوێیە بنێت، دەپچڕێنێت. کەواتە هاوکێشەکە سێ دەوڵەتی تێدایە: ١. دەوڵەتی تازە لەدایکبوو (دەوڵەتی نوێ)، ٢. دەوڵەتی دژی سەربەخۆییی ئەم دەوڵەتە نوێیە (دەوڵەتی دژ)، ٣. دەوڵەتێك کە دان بەو دەوڵەتە نوێیەدا دەنێت (دەوڵەتی سێیەم).

پێویستە ئاماژەیش بە جۆرێکی تری دانپێدانەنان بکەین لە دۆخی داگیرکاری و دەستێوەردانی سەربازی. کاتێك دەوڵەتێك خاکی دەوڵەتێكی تر داگیر ده‌كات، ئەوا دەوڵەتانی جیهان دان بەو جۆرە داگیرکارییە نانێن. کاتێك ژاپۆن لە ساڵانی سییەکانی سەدەی پێشوو چەندین خاکی لە ئاسیا بەزۆر بە ژاپۆنه‌وه‌ لکاندنی، دەوڵەتانی جیهان دانیان بەو واقعە نەدەنا؛ یان کاتێك عێراق دەوڵەتی کوێتی لە ساڵی ١٩٩٠ داگیر کرد، دەوڵەتانی جیهان بە هەموو شێوەیەك دژی ئەم حاڵەتە وەستانەوە.

هەندێك دەوڵەتمان هەن کێشەی دانپێدانانیان هەیە، وەکوو: کۆماری قوبرسی تورکی، ئۆسیتیای باشوور، ئەخبازیە و کۆسۆڤۆ. هۆی سەرەکیی کێشەکانیان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەڵێن دروستبوونی ئەم دەوڵەتانە بەرهەمی دەستێوەردانی سەربازیی دەوڵەتانی بیانی بووە، کە لێرەدا ناتوانین هەموو نموونەکان بەدرێژی باس بکەین. بە بەراورد لەگەڵ ئەو حاڵەتانەی سەرەوە، دەوڵەتی کوردستان لە ئەنجامی داگیرکاریی بیانییه‌وه‌ دروست نابێت؛ کوردستانییەکان لەسەر خاکی خۆیان دەوڵەت بنیات دەنێن. ئەوەی تا ئێستا ئاشکرایە، هیچ دەوڵەتێکی بیانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و سەربازی، نەهاتووە و نایه‌ت ئەم خاکە بگرێت و دەوڵەتی کوردستانی تێدا دروست بکات. دەوڵەتی کوردستان بە دەست و بازووی خەڵک و پێشمەرگەی خۆی دروست دەبێت. پێویستە بە جیهان پیشانبدەین، کە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان کارێکی خۆکار و خۆڕسك و پیادەکردنی مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یه‌كی زوڵملێکراوە.

سەبارەت بە دانپێدانەنان، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی نوێ هەقیقەتێکە، دەوڵەتێك دژی ڕادەوەستێتەوە و قبووڵی ناکات. دانپێدانەنان دوو پێناسەی دژیەك دروست دەکات: پێناسەی یەکەم هەقیقەتێكە کە دەوڵەتێکی نوێ ڕاگەیەندراوە؛ پێناسەی دووەم تاکە ئارەزووی دەوڵەتێكە کە پێی وایە ئەو دەوڵەتە نوێیە بوونی نییە.

سەبارەت بە کاریگەریی دانپێدانەنان، بەرژه‌وەندیی تایبەتی و گشتیی هاووڵاتیانی دەوڵەتە نوێیەکە، هەروەها بەرژەوەندیی تایبەتی خودی دەوڵەتە دانپێدانەنراوەکە، بەپێی یاسایی نێودەوڵەتی، پارێزراوە. واتا هەموو یاساناسان، کۆکن لەسەر ئەوەی موڵك و سامانی هاووڵاتیان و دەوڵەتە نوێیەکە، لە دەوڵەتە دژەکان پارێزراوە. ئەم بابەتە لە لایەن یاساناسێكی ئەمریکی Dickinson، تیشکێکی زۆری خراوەتە سەر. ئەم یاساناسە، جیاوازی دەکات لە نێوان ئەو کاروبارانەی سیاسین و ئەو کاروبارانەی کە سیاسی نین. کاروبارە سیاسییەکانی دەوڵەتی دانپێدانەنراو،لە دەوڵەتی دژ نەپارێزراوە، بەڵام هەر کارێکی تری دەرەوەی سیاسەت،بەپێی یاسایی نێودەوڵەتی و یاسا ناوخۆیییەکانی جیهان، پارێزراوە. یاساناسان و بيرمەندان، لەسەر ئەوە کۆکن کە دەوڵەتی دانپێنەنراو و دەوڵەتی دژ،لە  پەیوەندییەکانیان بۆ یاسای نێودەوڵەتی، ملکەچ دەبن.

پێنجەم: پەیوەندیی نێوان دەوڵەتی دژ و دەوڵەتانی سێیەم

ئەگەر هەرێمی کوردستان بڕیار خۆی دا و سەربەخۆییی ڕاگەیاند، هەروەک باسمانکرد، دەوڵەتان ئازادن لەوەی دان بەو دەوڵەتە نوێیەبنێن. ئەگەر ڕەزامەندیی پێشوەختەی عێراق وەرنەگیرابوو، ئەوا چاوەڕێ دەکرێت کە عێراقی "پارچەبوو" دژی ئەم سەربەخۆیییە بێت و، دان بەم دەوڵەتە نوێیە نەنێت. ئەگەر زۆربەی جیهانیش دان بەو دەوڵەتە نوێیە بنێت، چاوەڕێ دەکرێت عێراق کۆتا دەوڵەت بێت کە دان بەو دەوڵەتەدا بنێت. لەوانەیشە چەند دەوڵەتێکی دراوسێ، هەمان هەڵوێستی عێراقیان هەبێت.

هەروەک باسمان كرد، لەم هاوکێشەیەدا سێ جۆر دەوڵەت هەن: دەوڵەتی تازە دروستبوو کە بەدوای دانپێداناندا دەگەڕێت، ئێمە ناومان ناوە "دەوڵەتی نوێ"؛ لە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەت، کوردستان دەبێتە "دەوڵەتی نوێ" لەم هاوکێشەیەدا. جۆری دووەم، "دەوڵەتی دژ"ە؛ چاوەڕێ دەکرێت عێراق و هەندێك دەوڵەتی دراوسێ، دژی دانپێدانان بن بە دەوڵەتە نوێیە. سێیەم جۆری دەوڵەت، ئەو دەوڵەتانەی تری جیهانن کە دان بە دەوڵەتی نوێی کوردستان دەنێن، یان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، یان بێدەنگی هەڵده‌بژێرن؛ ئێمە ئەو جۆرە دەوڵەتانە بە "دەوڵەتانی سێیەم" پۆلین دەکەین.

کەواتە، دەوڵەتێكی كوردستان ڕادەگەیه‌نرێت و، سەروەریی خۆی لەسەر خاكێکی دیاریکراو پەيڕەو دەکات. عێراقی دژ، لەوانەیە هەر بە خاکی خۆی بزانێت و، هاووڵاتییەکیانیش هەر بە هاووڵاتیی خۆی بزانێت. هەرچەند بەکردەوە، خاکی كوردستان لە ساڵی ١٩٩١ بەشێك نەبووە لە عێراق، هەروەها زۆربەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بوودجە و مووچەیان لە نێوان ساڵانی (١٩٩١-٢٠٠٣) و لە نێوان ساڵانی (٢٠١٤ تا ئەمڕۆ) لە بەغداوە بڕاوە. لەو ماوانەدا، دانیشتووانی هەرێم تەنیا بە ناسنامە سەر بە عێراق بوونە، بەکردەوە لە زۆربەی مافەکانی هاووڵاتیبوون دابڕاون.

لەو حاڵەتەی کە ئاماژه‌مان بۆ کرد، عێراق جگە لەوەی دەوڵەتی دژە، خۆی بە دەوڵەتی پەیوەندیدار بە کاروباری کوردستان دادەنێت. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا دەوڵەتانی سێیەم، دەبێت چاوەڕێی دەوڵەتی پەیوەندیدار (عێراق) بکەن، بۆ ئەوەی دانبە دەوڵەتە نوێیەکە بنێت؟ بێ گومان وەڵامەکەی "نەخێر"ە. هەروەکووگوتمان، دەوڵەتان ئازادن لە دانپێدانان. سربیا تا ئەمڕۆیش خۆی بە خاوەنی کۆسۆڤۆ دەزانێت؛ لە ماوەی (٩) ساڵی تەمەنی، ١١٤ دەوڵەت دانیان بە دەوڵەتی کۆسۆڤۆدا داناوە. ڕاستە،ڕازیبوونی عێراق لە پرۆسەی دانپێدانان بە دەوڵەتی نوێی کوردستان گرنگە، بەڵام هەڵوێستی نەرێنیی عێراقیش، ڕێگر نابێت لە دانپێدانانی ئەو دەوڵەتانه‌ی کە دەیانەوێت دەوڵەتی کوردستان قبوڵبکەن. لەم دۆخەدا، پێویست ناکات بە چاوێکی ترس و تۆقینەوە سەیری بابەتی دانپێدانەنانی عێراق بکەین، بەڵکوو پێویستە بە چاوی ماف و بەرپرسیارێتییەوە ئەم بابەتە بخوێنینەوە.

شەشەم: دانپێدانەنانی نایاسایی

ئەو دەوڵەتانەی کە دژی دەوڵەتی نوێی کوردستان بن، لە دوو ئاستدا هەوڵدەدەن کێشە و سەرئێشە بۆ ئەم قەوارە نوێیە دروست بکەن: لە ئاستی ناوخۆیی، هەروەکوو تێکدانی یەكڕیزی و خوڵقاندنی جه‌نگی براکوژی و ئابڵووقەی ئابووری و... لە هەمان کاتدا لەوانەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا هەوڵەکانی خۆیان بۆ خوڵقاندنی کێشەی گەورەتر چڕ بکەنەوە. ئێمە لێرەدا باسی سروشت و کاریگەریی کێشەکان ناکەین کە لەوانەیە لە ئاستی ناوخۆییدا بۆمانی بخوڵقێنن، بەڵام ئەوەی مەبەستمە زیاتر باس لە ئاستە نێودەوڵەتییەکە بکەم.

پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا وڵاتانی دژ، دەتوانن هێژموونیی سیاسی لەسەر ئەو دەوڵەتانەی کە نیازیان وایە دان بە دەوڵەتە نوێیەکەدا بنێن، دروست بکەن؟ لە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان، عێراق لەوانەیە هەندێك ڕێوشوێنی توند بەرامبەر ئەو دەوڵەتانە بگرێتە بەر، کە دان بە دەوڵەتی نوێی کوردستان ده‌نێن. واتا کاردانەوەکانی دەوڵەتی عێراق تەنیا دژی کوردستان نابێت، بەڵکوو دژی هەر دەوڵەتێك دەبێت کە پەیوەندی و مامەڵە لەگەڵ ئەم دەوڵەتە نوێیە دروستدەکات. ئەم جۆرە دانپێدانەنانە، ناومان لێناوە "دانپێدانەنانی ئامانجدار"، کە مەبەستی لێی سڕينەوەی بەرامبەرە بە هەر نرخێك بێت. بۆ نموونە، لەوانەیە پەیوەندیی ديپلۆماسیی دووقۆڵی لەگەڵ دەوڵەتی سێیەمدا ببڕێت و،بەرژه‌وەندییە هاوبەشەکانیان هەڵپه‌سێردرێت. ئەم هەنگاوانە، چاوەڕوانکراون؛ عێراق بە هەمان لۆژيك، لیستێکی ڕەشی بۆ ئەوە کۆمپانیانە دروستکردبوو کە گرێبەستی نەوت و گازیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردبوو. ئایا عێراق دەتوانێت دیسانەوە لیستێکی ڕەشبۆ ئەو دەوڵەتانە دروست بکات، کە دانبە دەوڵەتی نوێی کوردستان دەنێن؟ ئایا عێراق، یان وڵاتانی دژ بەم دەوڵەتە نوێیە، هێز و پێگەی ئەوتۆیان هەیە کە ئەم کارانە بکەن؟ ئایا عێراق توانیویەتی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا تێک بدات لەبەر ئەوەی ئەمریکا بەهێزترین داکۆکیکەری ئیسڕائیلە؟ بۆ زانیاری، هەر لەسەرەتای دروستبوونی ئیسڕائیلەوە لە ساڵی ١٩٤٨ەوە تا ئەمڕۆ، عێراق دانی بەم دەوڵەتەدا نەناوە.

لە ڕووی یاسایییەوە، دەوڵەتانی دژی کوردستان ناتوانن هەڵوێستی خۆیان بەسەر دەوڵەتانی تردا بسەپێنن. وەک گوتمان، دەوڵەتان ئازادن لەوەی دان بە دەوڵەتێکی نوێ بنێن؛ ئەم ئازادییە ڕەهایە، ناکرێت دەوڵەتانی دژ کۆت و بەندی بۆ دابنێن. بەپێی یاسایی نێودەوڵەتی، ئەم جۆرە سنووردارکردن و خۆسەپاندنە، قەدەغەیە. دەوڵەتی پارچەبوو ناتوانێت سزا بەسەر دەوڵەتی سێیەمدا بسەپێنێت، لەبەر ئەوەی ئەو دەوڵەتە مافێکی ڕەوای خۆی پیادە کردووە؛ مافەکەیش بریتییە لە ئازادیی دانپێدانان بە دەوڵەتی نوێ. دانپێدانان، دەستێوەردان نییە لە دەوڵەتی پارچەبوو. بەڵام دانپێدانەنانی ئامانجدار دەستێوەردانە لە سیاسەت و کاروباری دەوڵەتانی سێیەم.

*     *     *

لە دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی كوردستان، چاوەڕێی قۆناغێكی گوازراوە (ئینتیقالی) دەکرێت. ئەم قۆناغە، سێ لایەنی هەیە: لایەنی یەکەم بریتییە لە دانپێدانان، کە ئەرێنییە بۆ کوردستان. لایەنی دووەم، بێدەنگیی دەوڵەتانە، کەئەمەیش ڕووی ئەرێنیی خۆی هەیە، بە مەرجێك ئەم بێدەنگییە زۆر درێژە نەکێشێت. لایەنی سێیەمی ئەم قۆناغە بریتییە لە دانپێدانەنان کە نەرێنییە و، لە زۆر بواردا پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە. ئێستا و لە دوای سەربەخۆییی کوردستان، پێویستە بایەخ بە دانپێدانان بدرێت، نەك ترسمان لە دانپێدانەنان هەبێت. ئەگەر چەند دەوڵەتێكی بەهێز و خاوەن قسە، دان بە دەوڵەتی داهاتووی کوردستاندا بنێن، دانپێدانەنانی عێراق، یان هەردەوڵەتێکی تر، کاریگەریی ئەوتۆی نابێت. ئەم قۆناغی گوازراوەیە، تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە دەوڵەتی کوردستان، دەبێتە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەم قۆناغی گوازراوەیە تایبەتمەندیی خۆی هەیە. کوردستان، خۆی خۆی پێناسە دەکات کە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە؛ هەندێك دەوڵەتیش دان بەو سەروەرییە دەنێن. هەندێك دەوڵەتی تریش پێناسەیەکی تەواو پێچەوانەی بۆ دەکەن. ئەم کوردستانە، تاقیکردنەوەی زۆری تێ پەڕاندووە؛ پرسی دانپێدانان و دانپێدنەنان لەوانەیە لە هەموویان ئاسانتر بێت. مێژووی گەلان سەلماندوویەتی لە نێوان دانپێدانان و دانپێدانەناندا، زۆربەی جاران ئەوەی یەکەم سەرکەوتووبووە. گرنگ ئەوەیە، دانپێدانانەکان نەگەن بە ئاستی جەنگ و هەڕەشە بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. دانپێدانان پرۆسەیەکی بەردەوامە و پەیوەندیی بە بەرژه‌وەندیی هاوبەش و دووقۆڵییەوە هەیە. هەندێك جاریش دەوڵەتێکی نوێ، دانی پێ دەنرێت، تەنیا لە پێناوی پاراستن و گەڕاندنەوەی دوو بەهای نێودەوڵەتیی گرنگ: ئاشتی و دادپەروەری. مێژوویش شایەتە: ساڵەهای ساڵە خەڵکی کوردستان و ناوچەکەیش بەگشتی، لەم دوو بەهایە بێبەش بوونە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples