هەڵوێستی یاساییی ئەمریکا سەبارەت بە یەكپارچەییی خاکی وڵاتان

دەستپێك

لە بنەڕەتدا، یاسای نێودەوڵەتی لە لایەن وڵاتەکانەوە بنیات نراوە و، ئامانجی پاراستنی وڵاتەکانە. وڵاتیش لە سێ کۆڵەکە پێک دێت: گەل، خاك و ڕێکخستنی سیاسی. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە مەبەستی پاراستنی کۆڵەکەی خاك، بنەمای یەکپارچەییی خاک (یەکانگيریی خاك)ی وڵاتانی داناوە. ئێستا لەسەر گۆی زەوی، یەك بست خاك نادۆزینەوە کە دەوڵەتێك، یان هەر قەوارەیەکی سیاسی، بە پارچەیەك لە خاکی خۆی نەزانێت. واتا، بەشە وشکانییەکەی گۆی زەوی بە سەر دەوڵەتە سەروەرەکاندا دابەش بووە. هیچ دەوڵەتێك ئامادە نییە، پارچەیەك لە خاکەکەی ڕادەستی دەوڵەتێکی تر بکات.

بەرامبەر بە خاك، کۆڵەکەیەکی تر هەیە ئەویش "گەل"ە. واتە، ئەگەر خاك لایەنە ماددی و جوگرافییەکەی دەوڵەت پێک بێنێت، گەل لایەنی مرۆییی دەوڵەت پێک دێنێت. خاك، بە بنەمای یەكپارچەییی خاك پارێزراوە. گەل بە چەندین بنەمای تر پارێزراوە، وەك: پاراستنی مافی مرۆڤ و مافی بڕیاردانی چارەنووس. ڕاستە، گەل و خاك دوو کۆڵەکەی سەرەکیی دەوڵەتن، بەڵام ئەم دوو کۆڵەکەیە لە دوو ڕەهەندی تەواو جیاوازەوە سەرچاوەیان گرتووە. ئەم دوو کۆڵەکەیەی دەوڵەت دەکەونە ململانێوە، کاتێك گەلێك، یان بەشێك لە گەلێك نەتوانێت لە چوارچێوەیەکی ماددی (خاك)دا پێکەوە بژین. ئەگەر جاران ڕەهەندی ماددی و جوگرافیی دەوڵەت بەتەواوی پارێزراو بوو، ئێستا پرسی مافی مرۆڤ و مافی گەلان بە هەمان شێوە پارێزراوە.

لە ڕۆژی ٨/٦/٢٠١٧، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، Heather Nauert، هەر دوو ڕەهەندەکەی سەرەوەی باس کرد. سەبارەت بە ڕەهەندی خاك، گوتەبێژەکەی ئەمریکا پشتگیریی خۆی بۆ عێراقێکی یەکگرتوو، سەقامگير و فيدراڵ دەربڕی. لە لایەکی ترەوە ئەمریکا، لە بابەتی کوردستانی عێراق، ڕەهەندی مرۆیی (گەل)ی لە پێش چاو گرت، کاتێك گوتەبێژەکەی دەڵێت: "ئێمە بەها بۆ خواستی ڕەوای گەلی کوردستانی عێراق دادەنێین و لێی تێ دەگەین." بە ئینگليزی دەبێتە:

"We appreciate and understand the legitimate aspirations of the people of the Iraqi Kurdistan"

لە ڕاگەیاندراوەکەوە دیارە، ئەمریکا نایەوێت هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پرسی عێراق و سەربەخۆییی کوردستان بەتەواوی ئاشکرا بکات. ئەمریکا ئەولەوییەتی تری هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە لەناوبردنی داعش و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، چاوەڕێی بەرەوپێشچوونی ڕووداوەکان دەکات. ده‌سته‌واژه‌ی "پاراستنی یەكپارچەییی خاکی وڵاتی عێراق"، کە بۆ پشتگيریکردنی سەروەریی دەوڵەتێك زۆر بەکار دێت، ئەمریکا لەم ڕاگەیەندراوەی خۆیدا بەکاری نەهێناوە. گومانی تێدا نییە، ڕاگەیەندراوەکەی ئەمریکا زۆر بيری لێ کراوەتەوە و بە چەندین فيلتەری سیاسی و یاساییدا تێ پەڕيوە تا وەکوو ڕاگەیاندراوە.

چەمکی پاراستنی یەکپارچەییی خاکی وڵاتان لە پێش دادگه‌ی نێودەوڵەتیی داد

چەمکی پاراستنی یەکپارچەییی خاکی وڵات، لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ڕەهەندێکی سیاسی و یاساییی جۆراوجۆری هەیە. ئەم پرسە زۆر بەدرێژی لە کەیسی کۆسۆڤۆ لە پێش دادگه‌ی نێودەوڵەتیی داد شەنوکەو کرا. کۆسۆڤۆ لە ڕێكه‌وتی ١٧/٢/٢٠٠٨، سەربەخۆییی تاکلایەنەی خۆی لەسەر خاکێك ڕاگەیاندبوو، کە تا پێش ئەم ڕێكه‌وتە، خاکی کۆسۆڤۆ، بە خاکی یۆگسڵاڤيای پێشوو، یان "سربیا" دادەنرا. زۆربەی زۆری بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان لە پاراستنی یەکپارچەییی خاکی وڵاتی یۆگسڵاڤیای پێشوو دەکردەوە. ئەمریکا و وڵاتانی تری ئەندامی هەمیشەیییش، سەردەمێك لەگەڵ یەكپارچەییی خاکی یۆگسڵاڤيا (سربیا) بوون. لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، هەڵوێستی خۆیان گۆڕی و، دانیان بە دەوڵەتە نوێیەکەی کۆسۆڤۆدا نا.

دوای مشتومڕێکی زۆر، دادگه‌ی نێودەوڵەتیی داد ڕای خۆی لەم بارەیەوە دەربڕی. دادگه‌ پێی وابوو کە بنەمای پاراستنی یەکپارچەییی خاکی وڵات، نابێتە ڕێگر لە به‌رده‌م سەربەخۆییی نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێردەستە. دادگه‌، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ دوو کەرت پۆلین کرد: کۆمەڵگەی نێوان دەوڵەتان و کۆمەڵگەیەکی تری فراوان کە هەموو قەوارە و گەلان و نەتەوەکان تێیدا بەشدارن. کۆمەڵگەی نێوان دەوڵەتان ڕێسا و بنەمای تایبەت بە خۆی هەیە کە تەنیا دەوڵەتەکان پێیانه‌وه‌ پابەند دەبن (بۆ نموونه‌ پاراستنی یەکپارچەییی خاکی وڵاتان)، بەڵام نەتەوە و گەلان و قەوارە ژێردەستەکان، بە یەکپارچەییی خاکی وڵاته‌وه‌ پابەند نین.  کەواتە لە پرسی کۆسۆڤۆ، دادگه‌ی لاهای پێی باش بوو کە ڕەهەندی مرۆیی (ئیرادەی گەل)، باڵادەستیی خۆی بە سەر ڕەهەندی ماددی و جوگرافی (یەكپارچەییی خاك)دا بسەپێنێت.

دادگه‌ زۆر بەکەمی ئەم هەڵوێستەی سەرەوەی شرۆڤه‌ كردووه‌ و پاساوی بۆ هێناوه‌ته‌وه‌. هەڵوێستی دادگه‌ لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە لەگەڵ سەربەخۆییی کۆسۆڤۆدا بوون، کۆك بوو. شایەنی گوتنە، زیاتر لە (٣٠) دەوڵەت ڕا و بۆچوونی یاساییی خۆیان لە پێش دادگه‌ سەبارەت بە ڕەوابوون، یان ڕەوانەبوونی ڕاگەیاندنی تاكلایەنەی سەربەخۆییی کۆسۆڤۆ دەربڕیبوو. ئێمە لەم بابەته‌دا، گرنگی بە هەڵوێستی یاساییی ئەمریکا دەدەین کە ئەم دەوڵەتە، چۆن و بە چ شێوەیەك هەوڵی داوە بیسەلمێنێت بنەمای یەکپارچەییی خاکی وڵاتان بەسەر کۆسۆڤۆدا جێبەجێ ناکرێت. ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا بۆ پرسی سەربەخۆییی کوردستان زۆر گرنگە. پێویستە بزانین یاساناس و دەسەڵاتدارانی ئەمریکا چۆن بۆ بابەتی یەکپارچەییی خاکی وڵاتان دەڕوانن، بەتایبەت یەکگرتووییی خاکی عێراق.

وانەکانی ئەمریکا سەبارەت بە یەکپارچەییی خاکی يۆگسڵاڤیا

لە ڕێگه‌ی کەیسی کۆسۆڤۆوە لە پێش دادگه‌ی نێودەوڵەتیی داد، ئەمریکا وانەیەکی گرنگی دەربارەی ڕەوابوونی ڕاگەیاندنی تاكلایەنەی سەربەخۆیی و جێبەجێنەبوونی بنەمای یەکپارچەییی خاكی وڵاتان پێشکەش بە هەموو جیهان کرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ڕێگه‌ی باشترین ڕاوێژکارە یاسایییەکانییەوە، لە ڕۆژانی ١٧/٤/٢٠٠٩ و ١٧/٧/٢٠٠٩ دوو یاداشتنامەی تێروتەسەلی ئاراستەی دادگه‌ کرد. یاداشتنامەی یەکەم لە (١٥٢) لاپەڕە پێک هاتبوو و،  یاداشتنامەی دووەم لە (٥٠) لاپەڕە. یاداشتنامەی یەکەم لە لایەن گەورە یاساناس و دادوەر Joan E. Donoghue ئامادە کراوە؛ ئه‌و ئێستا لە دادگه‌ی نێودەوڵەتیی داد، یه‌كێكه‌ له دادوەره‌كان‌. لە کاتی نووسینی ئەو یاداشتنامەیەدا گەورە ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە و، هەروەها یەکێك بووە لە داڕێژەرانی ڕێکكەوتننامەی ساڵی ٢٠٠٨ لە نێوان عێراق و ئەمریکا سەبارەت بە کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان. یاداشتنامەی دووەم لە لایەن گەورە پرۆفيسۆری ئەمریکی Harold Hongju Koh ئامادە کراوە.

ئەم دوو یاداشتنامەیە و چەندین یاداشتنامەی تری وڵاتان سەبارەت بە پرسی سەربەخۆییی کۆسۆڤۆ، وانەی یاسایی و سیاسیی زۆر گرنگی تێدایە. ئێمە لێرەدا پوختەیەك دەربارەی هەڵوێستی ئەمریکا دەخەینە ڕوو. هەڵبەتە، ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا، بۆ پرسی سەربەخۆییی کوردستان و مەسەلەی یەکپارچەییی خاکی عێراق زۆر گرنگە. لە وانەکانی ئەمریکاوه‌ تێ دەگەین، تا کام ئاست یەکپارچەییی خاك پارێزراوە. بە قسەی ڕاوێژکارە یاسایییەکانی ئەمریکاوە دیارە کە، یەکپارچەییی خاك مافێکی ڕەها نییە، بەڵکوو هەندێك پێوەر و سنووری تایبەت بە خۆی هەیە.

یەکەم: زۆربەی زۆری بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان لە یەكپارچەییی خاکی "کۆماری فیدراڵی یۆگسڵاڤيا" دەکردەوە، بەتایبەتی بڕیاری ١٢٤٤.  بە هەمان شێوە، زۆربەی بڕیارەکانی تایبەت بە عێراقیش لە ساڵی ١٩٩٠ەوە جەختیان لەسه‌ر یەکپارچەییی خاکی عێراق کردۆتەوە. ئەمریکا لە بەردەم دادگه‌ی نێودەوڵەتیی داد دەڵێت: "یەکپارچەییی خاك، مانای ئەوە ناگەیەنێت کە سنووری یۆگسڵاڤيا تا هەتایە بەو شێوەیە جێگير بکرێت؛ پێویستە پرۆسە یاسایی و سیاسییەکان ڕەچاو بکرێن."

دووەم: بە بۆچوونی ڕاوێژکارە یاسایییەکانی ئەمریکا، یەکپارچەییی خاکی وڵاتان، ڕێگر نییە لە به‌رده‌م بنیاتنانی دەوڵەتی نوێ لەسەر خاکی دەوڵەتانی پێشتر بنیاتنراو. لەبەر گرنگیی ئەم هەڵوێستە، لێرەدا بە زمانی ئینگليزیش دەیخەینە پێش چاوی خوێنەرانی ئازیز:

“ Principles of territorial integrity do not preclude the emergence of new states on the territory of existing states”

ڕاستە ئەم بنەمایە لە ماددەی ٢ی بڕگەی -٤ی چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، بەڵام ئەم بنەمایە، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی نوێ قەدەغە ناکات. ئەمریکا هەموو ئەو ڕاگەیه‌ندراوانەی سەبارەت بە یەکپارچەییی خاکی یۆگسڵاڤيا بە بێسوود لە قەڵەمی دەدات، لەبەر ئەوەی چەندین دەوڵەت لەم دەوڵەتە جیا بوونەوە وەکوو: کرواتیا و سلۆڤينیا.

سێیەم: لە ڕووی ڕواڵەتییەوە (شکلی)، ئەمریکا پێی وایە شێوازی دەربڕینی پاراستنی یەکپارچەییی خاکی یۆگسڵاڤيا لە بڕیاری ١٢٤٤، بە بەراورد لەگەڵ بڕیارەکانی تری ئەنجومەنی ئاسایشدا جیاوازە. ئەمریکا دەیویست بە شێوەیەك بڕیاری ١٢٤٤ شرۆڤە بکات، کە جیابوونەوەی کۆسۆڤۆ یەكێك بووە لە چارەسەرە گونجاوەکان بۆ کێشەکانی ئەو ناوچەیە. هەروەها بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش ئاڕاستەی يۆگسڵاڤيای پێشوو کرابوو، بەڵام ئێستا وڵاتێکی تر بە ناوی سربیا هەیە. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە بەکارهێنانی وشە و زاراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان چەند گرنگن. پێویستە یاساناس و توێژەرانی کوردستان زۆر بەوردی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان شی بکەنەوە.

چوارەم: ڕاوێژکارە پایەبەرزەکانی ئەمریکا دەڵێن، هیچ بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاشکاوانە نەیگوتووە کە کۆسۆڤۆ پارچەیەکی دانەبڕاوی سربیایە. ئەگەر لەگەڵ پرسی سەربەخۆییی کوردستانیشدا بەراوردی کەین، هەموو بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، لە دۆخێکی جیاواز لە پرسی سەربەخۆییی کوردستانه‌وه‌‌، جەختیان لە یەكپارچەییی خاکی عێراق کردۆتەوە. هیچ بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕاشکاوی باسی لەوە نەکردووە کە کوردستان پارچەیەکی دانەبڕاوی عێراقە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە، تا ئەمڕۆیش کوردستان سەربەخۆییی ڕانەگەیاندووە، تا بزانین هەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە یەكپارچەییی خاکی عێراق چۆن دەبێت. بۆ ئەوەی بزانین هەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان چۆن دەبێت، پێویستە چاوەڕێی بڕیارەکانی دوای ڕيفراندۆمی سەربەخۆیی بکەین.

پێنجەم: لە ڕوانگەی ئەمریکاوە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، پرسێکی گرێدراوی ڕووداوەکانە. ئەم ڕاگەیاندنە لە یاسای نێودەوڵەتیدا، نە ڕێگەپێدراوە، نە قەدەغەیە، هەروەها پێچەوانەی بنەمای یەکپارچەییی خاك نییە. ته‌نیا ده‌وڵه‌تان پابه‌ندن ڕێز له‌م بنه‌مایه‌ بگرن؛ قەوارە ناوخۆیییەکان و نادەوڵەتەکان، به‌ بنەمای یەکپارچەییی خاکی وڵاته‌وه‌ پابه‌ند نین. یەکپارچەییی خاکی وڵات لە ناوخۆی وڵاتەکاندا جێبەجێ نابێت. لێرەدا، ڕاوێژکارە ئەمریکییەکان، بۆ بەهێزکردنی هەڵوێستەکەیان پەنا بۆ بۆچوونەکانی چەندین گەورە یاساناسی جیهان دەبەن. بۆ نموونە، پێنج گەورە یاساناس دەربارەی سەربەخۆییی کوبێك دەڵێن: یاسای نێودەوڵەتی، بەتایبەتی بنەمای یەکپارچەییی خاك، ڕێگه‌ لەو گه‌لانه‌ی‌ ناکۆلۆنین (واتا لەژێر ئینتدابی وڵاتێکی تر نەبووبن) ناگرن، كه‌ سه‌ربه‌خۆیی بەدەست بهێنن.

International Law and, in particular, the principle of territorial integrity does not preclude non-colonial peoples from gaining independence.

شەشەم: ئامانجی بنەمای پاراستنی یەکپارچەییی خاکی وڵات بریتییە لەوەی کە دەوڵەتان، نابێ پارچەیەك لە خاکی وڵاتێکی تر بپچڕێنن و بيخەنە ژێر سەروەریی خۆیانه‌وه‌. واتا، حیکمەتە هەرە باڵاکەی بنەمای یەکپارچەییی خاك، بریتییە لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێوان دەوڵەتەکان.

حەوتەم: لە یاداشتنامەکانی پێش دادگه‌ی نێودەوڵەتیی داد، ڕاوێژکارە ئەمریکییەکان چەندین نموونەی تر دەهێننەوە بۆ ئەوەی بیسلەمێنن کە بنەمای یەکپارچەییی خاك، ڕێگریی لە گەلانی ژێردەستە نه‌كردووه‌. هەروەها ئاماژە بە خاڵێك دەکەن، کە هیچ بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی قەوارەیەکی سەربەخۆخواز دەرنەچووە. ئەگەر ڕێوشوێنەکان ئاشتیخوازانە بن، ئەوا بە هیچ شێوەیەك ئەنجومەنی ئاسایش ڕێگر نەبووە؛ هەروەها هەوڵیشی بۆ پاراستنی یەكپارچەییی خاکی وڵاتە پارچەبووەکە نەداوە.

*       *       *

ئەمانەی سەرەوە، پوختەی هەڵوێستە یاسایییەکانی ئەمریکا بوو سەبارەت بە یەكپارچەییی خاکی وڵاتان. ئەم هەڵوێستە بە شێوەیەکی فەرمی و ڕێكخراو، ئاراستەی دادگه‌ی نێودەدەوڵەتیی داد کراوە. هەڵوێستی یاسایی، سیفەتێکی جێگير و گشتیی هەیە. سیفەتێکی جێگیری هەیە، لەبەر ئەوەی بە بەراورد لەگەڵ هەڵوێستی سیاسی، بەئاسانی ناگۆڕێت. سەرچاوەی هەڵوێستی یاسایی، دادپەروەری و مافی مرۆڤ و ئاشتەوایییە؛ سەرچاوەی هەڵوێستی سیاسی، بەرژه‌وەندییە. هەروەها هەڵوێستی یاسایی، سیفەتێكی گشتیی هەیە؛ واته‌ تەنیا لە کەیسێکی دیاریکراو جێبەجێ نابێت، بەڵکوو ئەگەر هەر حاڵەتێکی هاوشێوەی کۆسۆڤۆ ڕووی دا، چاوەڕێی هەمان هەڵوێستی یاساییی ئەمریکا دەکرێت. کوردستانی سەربەخۆ دەتوانێت بە هەمان شێوە، پاساوەکانی ئەمریکا وەرگرێتەوە.

ئەو هەڵویستە یاسایییانەی لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، ڕێگه‌ یاسایییەکان بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ ئاسان دەکەن. ئێستا کاتی ئەوەیە کار لەسەر هەڵوێستە سیاسییەکانی ئەمریکا بکرێت. بێ گومان هەڵوێستی سیاسی، تەواو پێچەوانەی هەڵوێستە یاسایییەکان نابێت، بەڵام هەڵوێستی سیاسی، گرێدراوی بەرژه‌وەندییه‌ هەنووکەیی و درێژخایەنەکانە. هەڵوێستی سیاسی و هەڵوێستی یاسایی، دوو ئامرازن بە دەستی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و هەموو دەوڵەتێکی جیهان. لەبەرچاوگرتنی ڕەهەندی مرۆیی (خواستی ڕەوای گەلی کوردستانی عێراق) لە لایەن گوتەبێژی وەزارەتی ئەمریکییەوە، هەنگاوێکی گرنگە. ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمریکا لە ڕۆژی ٨/٦/٢٠١٧دا دەخوێنرێتەوە، ئەمریکا پشتگيری لە دۆخی ئێستای عێراق دەکات؛ لە هەمان کاتدا باسی لەوە نەکردووە کە لە داهاتوودا ده‌بێته‌ ڕێگر له‌ به‌رده‌م سەربەخۆبوونی کوردستان. ئەمریکییەکان ویستیان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پێمان بڵێن: "لكل حادث حديث"، واتە: "بۆ هەر ڕووداوێك قسەی خۆمان دەبێت".

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples