پێشه‌كی
له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ڕوانگه و پێناسه‌ی جۆراوجۆر له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زه‌كانی پێكهێنه‌ری "هێز" بوونی هه‌یه. له سه‌رده‌می ئێستادا وزه‌یش یه‌كێكه له‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی كه پێكهێنه‌ری هێزی ده‌وڵه‌تانن. سه‌رچاوه‌ی سروشتی، به‌تایبه‌ت سه‌رچاوه‌كانی وزه (نه‌وت و گازی سروشتی)، كه كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كیی ئابووریی جیهانه، بۆ هه‌ر ده‌وڵه‌ت و یه‌كه‌یه‌كی سیاسی، ئامرازێكی گرنگی هێزه له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیدا.
سه‌ره‌ڕای هه‌وڵ و پێشكه‌وتنه‌كان له‌م چه‌ند ده‌یه‌ی دواییدا بۆ دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی جێگره‌وه‌ی نه‌وت و گاز، به‌ڵام تاوه‌كوو ئێستا نه‌وت و گاز وه‌كوو كارتێك له دانوستان و هاوكێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه و گه‌وهه‌رییان بینیوه. به‌م پێیه‌یش "دیپلۆماسیی وزه" له‌م هاوكێشانه‌دا، وكوو هێز خۆی ده‌رخستووه. ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه یه‌ده‌گێكی به‌رچاوی نه‌وت و گازیان هه‌یه نه‌ك ته‌نیا له بواری ئابووری، به‌ڵكوو له بواری سیاسی‌دا وزه‌یان به‌كار هێناوه. به‌م مانایه كه نه‌وت و گاز چیتر تاكه فاكته‌رێكی گرنگی ئابووری نین، به‌ڵكوو له دیپلۆماسیدا بوارێكی تایبه‌تی به ناونیشانی دیپلۆماسیی وزه له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا وه‌رگرتووه. بۆیه ده‌وڵه‌تان له‌م ڕێگه‌یه‌وه ئاسایشی خۆیان ده‌پارێزن و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاسایشی وڵاتانی تر داده‌نێن.
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه كه كوردستان خاوه‌نی یه‌ده‌گی ناسراو و نه‌ناسراوی به‌رچاوه له بواری سه‌رچاوه سروشتییه‌كان و، ئێستا هه‌رێمی كوردستانیش له‌ناو نه‌خشه‌ی جیهانیی وزه‌دایه و چه‌ندین كۆمپانیای گه‌وره‌ی جیهانی له هه‌رێمی كوردستان له‌م كه‌رته‌دا كار و چالاكی ده‌كه‌ن و ڕۆژ به ڕۆژ ئاستی هه‌نارده‌كردنی وزه‌ی كوردستان به‌رزتر ده‌بێته‌وه (سه‌ره‌ڕای هه‌موو كه‌موكورتی و گرفته‌كان)، له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌در‌ێت گرنگی و ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌م جۆره دیپلۆماسییه بۆ ئێستا و داهاتووی ده‌وڵه‌تی كوردستان شرۆڤه و ڕوون بكه‌ینه‌وه.
دیپلۆماسیی وزه
وزه له ژیانی ئابووری و پیشه‌سازیی ده‌وڵه‌تاندا ڕۆڵی ژیرخانیی هه‌یه. به‌م مانایه هه‌ر كاتێك كه وزه به ڕێژه و ئاستی ته‌واو و زۆر له به‌رده‌ست بێت، په‌ره‌سه‌ندنی ده‌وڵه‌تانیش ده‌سته‌به‌ر بووه. مێژووی سه‌ده‌ی ڕابردوویش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه به‌شێكی زۆر له ململانێ و كێبركێی ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كان به مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌رچاوه‌كانی وزه و پاراستنی ئاسایشی وزه بووه و، ئاسایشی جێگیر و به‌رده‌وامیی حكوومه‌ته‌كان په‌یوه‌ندیی به ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به‌و سه‌رچاوانه‌وه هه‌بووه.
له ڕووی تیۆرییه‌وه چه‌ندین پێناسه‌ی جۆراوجۆرمان له بواری دیپلۆماسیدا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه گرنگه ناساندنی چه‌مكی دیپلۆماسیی وزه‌یه، كه ڕه‌هه‌ند و بنه‌ماكانی بۆ ئیمه ڕوون بكاته‌وه. بۆ نموونه له ڕوانگه‌یه‌كه‌وه دیپلۆماسیی وزه به‌وه ده‌ناسرێت كه بریتییه له ئه‌نجامدانی ڕاسپارده دیپلۆماسییه‌كانی وڵاتێك به مه‌به‌ستی پاڵپشتی له ئابووری و بازرگانی و كه‌رتی داراییی ده‌وڵه‌ت بۆ هاندانی وه‌به‌رهێنانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی له‌م بواره‌دا. هه‌روه‌ها دیپلۆماسیی وزه، به‌كارهێنانی ئامرازی په‌یوه‌ندی و دانوستاندنه به ئامانجی به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی ئامانج و سیاسه‌ته نیوده‌وڵه‌تییه‌كانی به‌شی وزه و گرێبه‌سته وزه‌یییه‌كان. له لایه‌كی تریشه‌وه دیپلۆماسیی وزه به مانای توانای ده‌سته‌به‌ركردنی ئامرازه ته‌كنه‌لۆژییه‌كان و تێپه‌ڕاندنی به‌ربه‌سته‌كانی به‌بازاڕكردن، ده‌رهێنان و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی نوێ، هه‌روه‌ها ئاست و چۆنیه‌تیی وبه‌رهێنان له‌م بواره‌دا.
به شێوه‌یه‌كی گشتی له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ئامراز و شێوازه‌كانی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، تووشی گۆڕانكاری و وه‌رچه‌رخان بوونه. به‌م پێیه‌یش له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌كارهێنانی ئامرازه ڕه‌قه‌كان، وه‌كوو هێزی سه‌ربازی، ئه‌وله‌وییه‌تی خۆی تا ڕادده‌یه‌ك له‌ده‌ست داوه و، ناتوانێت هه‌موو ئامانجه نه‌ته‌وه‌یییه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات و، جێگه‌ی خۆی داوه‌ته ئامرازه نه‌رم و سیاسییه‌كان. بۆیه دیپلۆماسی، ڕۆڵێكی گرنگ له سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌گێڕێت.
ئه‌گه‌ر چه‌مكی "دیپلۆماسی"، به مانا گشتگیر و فراوانه‌كه‌ی، بریتی بێت له زانستی په‌یوه‌ندی له نێوان سیاسه‌تمه‌دار و سه‌رۆكی وڵاتانی جیهان، ئه‌و كاته سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتان له بری به‌كارهێنانی جه‌نگ له ڕێگه‌ی دانوستاندن و ڕێككه‌وتن، ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی ده‌سته‌به‌ر و مسۆگه‌ر ده‌كات. به‌م پێیه، ده‌توانین بڵێین كه "دیپلۆماسیی وزه" بریتییه له: به‌رنامه‌یه‌كی ستراتیژیی گشتگیر و كارامه، كه جۆر و چۆنێتیی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی له بواری وزه‌دا بۆ ده‌وڵه‌تێك ده‌ستنیشان ده‌كات. هه‌روه‌ها چوارچێوه‌ی گشتیی ڕێككه‌وتنه‌كانیش ڕوون ده‌كاته‌وه. به‌گشتی دیپلۆماسیی وزه‌ی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك یارمه‌تیی دروستبوونی ده‌رفه‌تی مامه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی داوه‌ته ئه‌و وڵاته، به مه‌به‌ستی زیاتر و زۆرتركردنی به‌رژه‌وه‌ندی و پێگه ژیۆپۆلیتیك و ژیۆئێكۆنۆمییه‌كانی ئه‌و وڵاته.
به‌گشتی دیپلۆماسیی وزه هه‌وڵ ده‌دات كه له ڕێگه‌ی به‌كارهێنان، پاڵپشتی و پشتیوانیی فاكته‌ری وزه، مه‌ترسییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی سه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته كه‌م بكاته‌وه. به‌و پێیه‌ی كه گرنگی و پێویستیی وڵاتان به "وزه"، زه‌مینه‌ی ڕێككه‌وتن و گرێبه‌ستی نێوده‌وڵه‌تی خۆش ده‌كات، "دیپلۆماسیی وزه" ده‌توانێت هه‌لومه‌رجی پێویست به مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین ڕێژه‌ی ئاسایش و ده‌سته‌به‌ركردن و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان مسۆگه‌ر بكات.
ئه‌ركه‌كانی دیپلۆماسیی وزه
هه‌رچه‌نده به‌پێی پێگه و سیسته‌می ئابووری و توانای وڵاتان، ئه‌ركی دیپلۆماسیی وزه ده‌گۆڕێت، به‌ڵام له ڕاستیدا به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای وڵاتان له هاوكێشه ده‌وڵه‌تییه‌كان و، به مانایه‌كی تر به‌رزكردنه‌وه‌ی هێزی ده‌وڵه‌تان له ڕێگه‌ی دیپلۆماسیی وزه له هاوكێشه سیاسییه‌كاندا ئه‌ركی سه‌ره‌كیی دیپلۆماسیی وزه‌یه. هه‌ندێ له وڵاتان بۆ مانه‌وه و به‌رده‌وامیی خۆیان كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گرن، وه‌كوو ئێران و، هه‌ندێكی تریش بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی نفووز و پێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییان، وه‌كوو ڕووسیا. هه‌ندیكی تریش بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو یاخود بنیاتنانی ژێرخانه ئابووری و پیشه‌سازییه‌كان به مه‌به‌ستی دڵنیاییی كه‌رته‌كانی پێشه‌سازی و كشتوكاڵ و ته‌نانه‌ت فێركردن و خوێندن و توێژینه‌وه به ئامانجی گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌مه‌لایه‌نه و فره‌ڕه‌هه‌ند، وه‌ك نه‌رویج. هه‌ر ئه‌وه‌یشه كه وا ده‌كات بۆ نموونه وڵاتێكی بچووكی وه‌ك "قه‌ته‌ر"، كه خاوه‌ن سه‌رچاوه‌ی گازی سروشتییه، له هاوكێشه ناوچه‌یییه‌كاندا، زیاتر له قه‌باره و هێزی خۆی بتوانێت شوێندانه‌ر بێت و ڕۆل ببینێت.
پسپۆرانی ئه‌م بواره چه‌ندین ئه‌رك ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن كه ئامانجی دیپلۆماسیی وزه‌یه، بۆ نموونه:
١- ده‌ستنیشانكردنی بازاڕه‌كانی وزه
٢- شرۆڤه‌ی سه‌ر‌نجڕاكێشی و یاخود نه‌خوازراوبوونی به‌شداری له گرێبه‌ست و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی بواری وزه
٣- هه‌ڵوێست و بڕیاری پێویست له هه‌مبه‌ر گۆڕانكارییه جیهانییه‌كانی بازاڕی وزه
٤- پێشكه‌شكردن و پێشنیازكردنی میكانیزم و ڕێوشوێنی پێویست و گونجاو به مه‌به‌ستی كه‌ڵكوه‌رگرتن له هه‌موو تواناكان به ئاراسته‌ی به‌كارهێنانی پێگه‌ی وڵات بۆ كاریگه‌ریدروستكردن له‌سه‌ر بازاڕی وزه. به‌م پێیه، ستراتیژیی وزه به‌شێكی جیانه‌كراوه‌یه له ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تان.
ئیمڕۆكه زۆربه‌ی وڵاتانی كاریگه‌ر له‌سه‌ر بازاڕی جیهانیی وزه، وه‌كوو ئه‌مریكا، یه‌كێتیی ئه‌وروپا، ڕووسیا، چین و هیندستان، ستراتیژیی تایبه‌تی وزه‌یان هه‌یه. ئامانجی ئه‌م ستراتیژییه‌یش دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندی بووه له نێوان به‌شی وزه، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا. ئه‌مه‌یش په‌یوه‌ندیی به‌هێزی له‌گه‌ڵ پرسی هێز له ئاستی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌یه. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، وزه بۆته كاڵایه‌كی به‌رهه‌مهێنه‌ری "هێز"، به‌ڵام به هه‌ر دوو ڕه‌هه‌ندی سیاسه‌تی "نه‌رم و ڕه‌ق"ی هێز. به‌م پێیه دیپلۆماسیی وزه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا له چوارچێوه‌ی دابینكردنی ئاسایشی وزه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه و كار ده‌كات. هه‌ر بۆیه‌یشه كه زانایه‌كی به‌ناوبانگ به ناوی "ده‌یڤید هارڤێی" (David Harvey) له كتێبی "ئیمپریالیزمی نوێ" (The New Imperialism)دا ده‌ڵێت: هه‌ر كه‌سێك نه‌وتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كۆنترۆڵ بكات، نه‌وتی جیهانی كۆنترۆڵ كردووه و، هه‌ر كه‌سێكیش نه‌وتی جیهان كۆنترۆڵ بكات، ده‌توانێت لانی كه‌م ئابووریی جیهان بۆ داهاتوویه‌كی نزیك كۆنترۆڵ بكات.
بۆیه ئه‌و وڵاتانه‌ی كه له دابینكردنی ئاسایشی وزه به‌شدارن، له ڕاستیدا له ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌شدارن و وه‌كوو فاكته‌ر و ئه‌كته‌ریكی به‌هێز له هاوكێشه‌كاندا ده‌رده‌كه‌ون. باشترین نموونه‌یش له ساڵانی 2006 و 2009دا، ڕووسیا له ڕێگه‌ی بڕینی گازی ئۆكراینا گوشاری خسته سه‌ر ئه‌و وڵاته و، په‌یامێكی ئاشكرای بۆ وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا نارد و، پاشان له قه‌یرانی ئۆكراینادا له داگیركردنی "كریمیا" و قه‌یرانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئۆكراینادا كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی، نه‌یتوانی وه‌كوو پێویست له هه‌مبه‌ر ڕووسیادا هه‌ڵوێستی توندی هه‌بێت. چونكه ڕووسیا به‌پێی دیپلۆماسییه‌تی تایبه‌تی وزه‌ی خۆی، كارتی وزه‌ی له هه‌مبه‌ر یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ته‌نانه‌ت ئۆكراینا به‌كار هێنا. ئه‌مه‌یش وه‌كوو وڵامێك له به‌رده‌م گوشاره‌كانی ناتۆ و یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا له ناوچه‌ی نفووزی ڕووسیا.
ئاسایشی وزه
ئاسایشی وزه (Energy Security) یه‌كێك له گرنگترین پرسه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به سیاسه‌تی وزه‌یه؛ به هۆی ئه‌وه‌ی كه په‌ره‌پێدانی ئابووریی وڵاتان و ناوچه‌كانی جیهان، چ له ئاستی ورد و چ له ئاستی باڵادا، په‌یوه‌ندیی به‌م پرسه‌وه هه‌یه. كاتێك كه باس له ئاسایشی وزه ده‌كه‌ین، مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه گواستنه‌وه‌ی ئازادیی وزه به هۆی هۆكار و ڕووداو و ئه‌كته‌ر جۆراوجۆره‌كانه‌وه تووشی گرفت و پچڕان نه‌بێت و، نه‌بێته هۆی دروستبوونی قه‌یران له ئابووریی نێوده‌وڵه‌تیدا.
ئاسایشی وزه، چه‌ندڕه‌هه‌ندییه. بۆ نموونه "ئاسایشی خستنه‌ڕوو" به مانای ئه‌وه‌یه كه دڵنیایی بدرێته "به‌كارهێنه‌رانی وزه" كه له لایه‌ك به‌ئاسانی ده‌ستیان به سه‌رچاوه‌كانی وزه ڕاده‌گات و هێڵه‌كانی گواستنه‌وه پارێزراون و، به بڕیاری سیاسیی ئه‌و وڵاته‌ی هه‌نارده‌كار ڕاناوه‌ستێت، له لایه‌كی تریشه‌وه ڕووداوه پێشبینینه‌كراوه‌كان وه‌كوو مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر ژێرخان و دامه‌زراوه‌كانی وزه، هۆكاره سروشتییه‌كان، تیرۆریزم، جه‌نگ، ناسه‌قامگیری، پشێویی سیاسی، شۆڕش و...، نه‌بنه هۆی ڕاوه‌ستانی خستنه‌ڕووی وزه. له لایه‌كی تره‌وه، "ئاسایشی داواكاریی وزه" بریتییه له دڵنیاییی وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ری وزه، له‌وه‌ی كه ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی كه ده‌یخه‌نه ڕوو، داواكاری و كڕیاری هه‌بێت.
بۆیه له سه‌ده‌ی ئێستادا چوار گرفتی سه‌ره‌كی، هه‌ڕه‌شه له "ئاسایشی وزه" ده‌كه‌ن:
١- به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌كارهێنانی وزه، به‌تایبه‌ت له بواری نه‌وت.
٢- كه‌مبوونه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی وزه له جیهان.
٣- ئاسایشی خستنه‌ڕوو و داواكاری له جیهان.
٤- پیسبوونی ژینگه و به‌رزبوونه‌وه‌ی گازه گوڵخانه‌یییه‌كان له ئاستی جیهانی.
بۆیه، بیرمه‌ندانی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م به سه‌ده‌ی "ژیۆئێكۆنۆمیك" ده‌زانن. بۆیه یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا له هه‌مبه‌ر پرسی ئاسایشی وزه‌دا زۆر هه‌ستیارن. بۆ نموونه یه‌كێتیی ئه‌وروپا له ئێستادا به ڕێژه‌ی 15.2% له كۆی گازی سروشتیی به‌رهه‌مهاتووی جیهان و 19.3% له كۆی نه‌وتی جیهان به‌كار دینێت. بۆ نموونه ئه‌وروپا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م پێداویستییانه‌یش، به ڕێژه‌ی 214.6 ملیۆن ته‌ن نه‌وت ڕۆژانه له ڕووسیا و وڵاتانی هاوبه‌رژه‌وه‌ندی، وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست 161 ملیۆن ته‌ن و، ئه‌فریقای باكوور 122 ته‌ن نه‌وت هاورده ده‌كات. له بواری دابینكردنی گازیشدا، نیوه‌ی گازی پێویستی خۆی ته‌نیا له سی وڵاتی ڕووسیا به ڕێژه‌ی 26% و، نه‌رویج 14% و، ئه‌لجه‌زایه‌ر 10% دابین ده‌كات. بۆیه پێشبینی ده‌كرێت كه یه‌كێتیی ئه‌وروپا تا ساڵی 2030 به ڕێژه‌ی 488 ملیار مه‌تری چوارگۆشه گازی سروشتی هاورده بكات. بۆیه وڵاتانی ئه‌وروپا زۆر به‌جددی له هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی وابه‌سته‌بوونیانن به ڕووسیا، یاخود لانی كه‌م له هه‌وڵی فره‌جۆركردنیدان.
به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی و پێویستیی ده‌وڵه‌تان به وزه
دیپلۆماسیی وزه له لایه‌ك په‌یوه‌ندیی به ئابووری و، له لایه‌كی تره‌وه به ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندی و هێزی نه‌ته‌وه‌یییه‌وه هه‌یه. وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وت و گاز ده‌توانن سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ی خۆیان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا وه‌كوو فاكته‌ر و كارتی گوشار به‌كار بێنن؛ باشترین نموونه‌یش "ڕووسیا"یه. ڕووسیا توانیویه‌تی له ڕێگه‌ی كه‌ڵكوه‌گرتن له سه‌رچاوه‌كانی "گاز"ی خۆی، ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا بخاته ژێر گوشاره‌وه و ته‌نانه‌ت سیاسه‌ته‌كانیان له هه‌مبه‌ر ڕووسیا هه‌موار بكاته‌وه.
هه‌رچه‌نده ستراتیژیی وڵاتان له‌م باره‌یه‌وه جیاوازه. بۆ نموونه "ئیسڕائیل" كه له‌سه‌ر ئاستی جیهانی، خاوه‌ن یه‌ده‌گی نه‌وت و گازی به‌رچاو نییه، به‌ڵام به‌پێی تواناكانی و به سوودوه‌گرتن له "دیپلۆماسیی وزه" له هه‌مبه‌ر وڵاتانی یۆنان و قوبرس و ئۆردن وه‌ك هه‌نارده‌كاری وزه ده‌ركه‌وتووه و، له هه‌مان كاتیش‌دا له هه‌مبه‌ر هیندستان له چوارچێوه‌ی پێشكه‌شكردنی پرۆژه و وه‌به‌رهێنانی له كه‌رتی وزه‌ی ئه‌و وڵاته كار ده‌كات. به‌م پێیه گرنگیی "دیپلۆماسیی وزه" بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ییی وڵاتان، بۆ سروشتی سیسته‌می ئابووری-سیاسیی نێوده‌وڵه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه؛ به هۆی ئه‌وه‌ی كه وابه‌سته‌بوون و گرێدراویی دوولایه‌نه و چه‌ندلایه‌نه‌ی وڵاتانی جیهان، بۆته تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌كیی ئابووری-سیاسیی نێوده‌وڵه‌تی. بۆیه دیپلۆماسیی وزه له‌م بواره‌دا كار ده‌كات كه ئه‌م پێكه‌وه‌گرێدراوییه له قازانجی وڵاته‌كه و یاخود له دژی وڵاتانی تر به‌كار بێنێت. به‌م پێیه ده‌بینین كه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌ڵمانیا، كه پێویستیی زۆری به گازی ڕووسیا هه‌یه، به مه‌به‌ستی دابینكردنی پێویستییه‌كانی خۆی له بواری وزه‌دا پاڵپشتی له سیاسه‌تی كه‌مكردنه‌وه‌ی وابه‌سته‌بوونی ئه‌وروپا به ڕووسیا ده‌كات.
خاوه‌ندارێتی یاخود نه‌بوونی سه‌رچاوه‌كانی وزه، ده‌وڵه‌تانی به‌سه‌ر دوو گرووپدا دابه‌ش كردووه: گرووپی یه‌كه‌م كه له جیهاندا زۆرترین ڕێژه‌ی وزه به‌كار دێنن، له هه‌مان كاتیش‌دا به‌شێكی بچووك له قه‌باره‌ی نه‌وت و گازی جیهان به‌رهه‌م دێنن. بۆ نموونه گرووپی ده‌وڵه‌تانی پیشه‌سازیی ناسراو به (OECD) كه نزیكه‌ی 62% له نه‌وتی به‌رهه‌مهاتووی جیهان به‌كار دێنن، ته‌نیا خاوه‌نی 7% له یه‌ده‌گی نه‌وتی جیهانن و، به ڕێژه‌ی 34% له پێداویستییه‌كانی وزه‌ی خۆیان له وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن و پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانیان گرێدراوی گرووپی دووه‌م، واته وڵاتانی خاوه‌ن یه‌ده‌گی نه‌وت و گازی سروشتین. له گرووپی دووه‌مدا، وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نزیكه‌ی خاوه‌نی 65% له سه‌رچاوه‌كانی نه‌وتی جیهانن، به‌ڵام ته‌نیا به ڕێژه‌ی 4.8% له‌و نه‌وته به‌كار دێنن. له لایه‌كی تریشه‌وه یه‌ده‌گی وڵاتانی گرووپی یه‌كه‌م زۆر كه‌مه و له دۆخی ته‌وابووندایه، به‌ڵام بۆ نموونه پێشبینی ده‌كرێت كه یه‌ده‌گی نه‌وتی ئێران بۆ 67 ساڵ و، سعوودیا بۆ 85 ساڵی تر به‌رده‌وام بێت. له هه‌مان كاتدا یه‌ده‌گی گازی سروشتیی ئێران بۆ 217 ساڵ و قه‌ته‌ر بۆ 495 ساڵی تر به‌رده‌وام بێت.
بۆیه ڕۆڵی "دیپلۆماسیی وزه" له هه‌ر دوو ئاستی ئاسایشی ناوخۆ و ده‌ره‌كیدا بۆ ده‌وڵه‌تان گرنگیی تایبه‌تی هه‌یه. له لایه‌ك ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت پێداویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگه دابین بكات و پرۆسه‌ی په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌سه‌ندنی وڵات به‌رده‌وام بێت، له لایه‌كی تریشه‌وه له ئاستی ده‌ره‌كی و نێوده‌وڵه‌تیدا پێگه و ڕۆڵ و نفووزی ئه‌و وڵاته ده‌ستنیشان ده‌كات و، ئه‌مه‌یش دیسانه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی و ئاسایشی ئه‌و وڵاته ده‌پارێزێت. به مانایه‌كی تر، ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سه‌رچاوه‌ی وزه له ڕێگه‌ی گرێدراوبوونی وڵاتانی دیكه و وابه‌سته‌بوونیان به نه‌وت و گاز، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی خۆی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و وڵاتانه گرێ ده‌دات. بۆیه ده‌بینین كه ئیسڕائیل له‌گه‌ڵ سێ گرووپی وڵاتان و له سێ ناوچه‌ی جیاواز:
١- ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست (قه‌ته‌ر)،
٢- ناوچه‌ی ده‌ریای ناوه‌ڕاست (قوبرس و یۆنان)،
٣- ئۆراسیا (ڕووسیا، قه‌زاقستان و كۆماری ئازه‌ربایجان)،
به "دیپلۆماسیی وزه"ی تایبه‌ت به خۆی بۆ پاراستنی ئاسایش و گرێدانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه كار ده‌كات. بۆیه ئیسڕائیل هه‌م پێداویستییه‌كانی خۆی دابین ده‌كات و هه‌م له چه‌ندین بواری تری ئابووری و سیاسی و ته‌نانه‌ت سه‌ربازیدا له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌دا په‌یوه‌ندیی توندوتۆڵی دروست كردووه و، ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ییی خۆی ده‌پارێزێت. باشترین ئاكام و مه‌به‌ستی ئه‌م سیاسه‌ته‌یش گوشارخستنه‌سه‌ر ئێرانه له لایه‌ن ئیسڕائیله‌وه به ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له ڕێگه‌ی ئه‌و دیپلۆماسییه‌وه له‌گه‌ل وڵاتانی ئه‌و سێ ناوچه‌یه.
كۆبه‌ند
دیپلۆماسیی وزه، ده‌توانێت پێگه و نفووز و هێز و به‌گشتی ئاستی ئاسایشی وڵاتان به‌رز بكاته‌وه. پێویستیی وڵاتان به په‌یڕه‌وكردنی "دیپلۆماسیی وزه"، ئاكام و ده‌ڕ‌بری دروستبوونی بواری نوێی دیپلۆماسییه، چونكه هێز و پێكهاته و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتووه و، پێكه‌وه‌گرێدراوبوونی ئابووری و ئاسایشی وڵاتان و وابه‌سته‌بوونی دوولایه‌نه و فره‌لایه‌نه‌ی ده‌وڵه‌تان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا دیپلۆماسی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی كلاسیكی تووشی گرفت و كێشه كردووه. بێجگه له‌وه‌ی كه ئه‌م بواره په‌یوه‌ندیی به پرسه‌كانی گه‌شه‌سه‌ندن و په‌ره‌پێدانی ناوخۆی ده‌وڵه‌تان و، به‌م پێیه‌یش "ڕه‌وایه‌تی"ی حكوومه‌ته‌كانه‌وه هه‌یه. به‌تایبه‌ت ئیمڕۆكه ده‌بینین كه لۆژیكی ئابووری به‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی وڵاتاندا زاڵه (بۆ نموونه سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا له سه‌رده‌می ترامپ دا.)
هه‌رێمی كوردستانیش به هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیایی و خاوه‌ندارێتیی ڕێژه و ئاستێكی به‌رچاو له یه‌ده‌گی نه‌وت گازی دۆزراوه و ته‌نانه‌ت نه‌دۆزاروه و گریمانه‌كراو، ده‌توانێت سوود له‌م ده‌رفه‌ته وه‌ربگرێت و دیپلۆماسییه‌كی كارا و چالاكی وزه په‌یڕه‌و و دابڕێژێت. دیپلۆماسیی وزه ده‌توانێت وه‌كوو تایبه‌تمه‌ندییه‌كی گرنگی هه‌رێمی كوردستان، له لایه‌ك پرۆژه‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوون مسۆگه‌ر بكات و، له لایه‌كی تریشه‌وه ئاسایش، په‌ره‌پێدان و ڕه‌وایه‌تیی ئه‌و ده‌وڵه‌ته ده‌سته‌به‌ر بكات. بۆیه ئیمڕۆكه باس له‌دیپلۆماسیی ده‌وڵه‌ت/كۆمپانیاكان ده‌كرێت.
به‌م پێیه‌یش كوردستان ده‌توانێت له ئاسایشی وزه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌شدار بێت و، له لایه‌كی تریشه‌وه له ڕێگه‌ی كۆمپانیاكانه‌وه كاریگه‌ری و نفووزی له‌سه‌ر ناوه‌نده‌كانی بڕیاری نێوده‌وڵه‌تی و ده‌وڵه‌تی هه‌بێت. بۆیه وزه له پاڵ پێشمه‌رگه و جه‌نگی داعش، ده‌توانێت ببێته یه‌كێك له ڕه‌گه‌زه‌كانی هێز بۆ هه‌رێمی كوردستان له هاوكێشه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا؛ به‌و پێیه‌ی "ژیۆپۆلیتیكی وزه" ڕۆڵێكی گرنگی له ململانێ نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یییه‌كاندا ده‌گێڕێت. خاڵی گرنگ ئه‌وه‌یه كه دیپلۆماسیی وزه بریتی نییه له گرێدانی داهاتی وڵات به هه‌نارده‌كردنی وزه‌وه، یاخود تاكسه‌رچاوه‌بوونی داهاتی كوردستان، به‌ڵكوو له سه‌روو هه‌نارده‌كردنی وزه‌یشه‌وه هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت به كه‌ڵكوه‌گرتن له پێگه‌ی جوگرافیایی و په‌یڕه‌وكردنی ستراتیژیی تایبه‌ت، "دیپلۆماسیی وزه"ی هه‌بیت. ئه‌مه‌یش ده‌كرێت په‌یوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ر و هه‌نارده‌كاری وزه و، هه‌روه‌ها هاورده‌كار و به‌كاربه‌ری وزه، كه زیاتر ڕۆژاوایین، به‌رێته ئاستێكی به‌رز و توندوتۆڵ.
بۆیه پێویسته هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی داڕشتن و په‌یڕه‌وكردنی دیپلۆماسیی وزه‌ی خۆیدا، خوێندنه‌وه بۆ پێداویستییه‌كانی بازاڕ به‌گشتی و وڵاتانی به‌كاربه‌ر و هاورده‌كار به‌تایبه‌ت بكات. چونكه گرێدانی ئاسایشی هه‌رێم به ئاسایشی وزه‌وه، ده‌توانێت گرنگترین فاكته‌ری دابینكه‌ری ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندی و مانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی كوردستان بێت. چونكه پێشبینی ده‌كرێت ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تاوه‌كوو ساڵی 2023، ڕۆژانه نزیكه‌ی 10 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت و ڕێژه‌ی 41 ملیار فوتی چوارگۆشه گازی سروشتی به‌رهه‌م بێنێت. به‌م پێیه ڕێژه‌ی 29% له نه‌وتی به‌رهه‌مهاتووی ئێستا بۆ ڕێژه‌ی34% له به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی جیهان و، ڕێژه‌ی 14% له به‌رهه‌مهێنانی گازی سروشتیی ئێستا بۆ ڕێژه‌ی 29% له گازی سروشتیی جیهان به‌رز بكاته‌وه و به‌رهه‌م بهێنێت. یه‌كێك له باشترین نموونه‌كانیش له لایه‌ك ڕووسیا و ئیسڕائیل و، له لایه‌كی تره‌وه قه‌ته‌ر و سعوودیان بۆ دیپلۆماسیی وزه و، كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هاوكێشه سیاسییه نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یییه‌كان.
بۆیه هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت له‌م بواره نوێیه‌دا قسه‌ی بۆ گوتن هه‌بێت، به مه‌رجێك ئه‌م كه‌رته به‌دامه‌زراوه‌یی و زانستی بكرێت. پاشان ده‌توانێت لانی كه‌م ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له سێ دامه‌زراوه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی بواری وزه‌دا ڕۆڵی هه‌بێت:
به‌گشتی ده‌كرێت هه‌رێمی كوردستان ئه‌م خاڵانه له‌به‌رچاو بگرێت:
١- به‌ڕێوه‌بردنی دروست و زانستیی سه‌رچاوه‌كانی وزه.
٢- دۆزینه‌وه‌ی بازاڕ و به‌كاربه‌ری جۆراوجۆر و فره‌جۆر.
٣- كاركردن له‌سه‌ر بونیادنانی ژێرخانی ته‌كنه‌لۆژیی پێویست بۆ دروستكردن و گۆڕینی مادده سروشتییه‌كانی وزه، بۆ مادده وكاڵای پڕنرختری پێترۆكیمیایی.
٤- ڕێكخستنی یاسایی و شه‌فافی وه‌به‌رهێنانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی له كه‌رتی وزه‌دا.
٥- په‌ره‌پێدان به لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه له بواری وزه، ڕاهێنان و پێگه‌یاندنی هێزی مرۆییی پسپۆر له ڕێگه‌ی خوێندنی باڵا و ئه‌زموونی وڵاتانی پێشكه‌وتوو و دامه‌زراندن و بونیادنانی ناوه‌ندی زانستیی په‌یوه‌ندیدار.
٦- به‌كارهێنانی زانست و نفووز و هێز و ته‌كنه‌لۆژیی كۆمپانیا گه‌وره‌كانی بواری وزه و، له لایه‌كی تریشه‌وه كه‌ڵكوه‌رگرتنی سیاسی له‌م كۆمپانیایانه.
٧- دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ‌تر له بواری وزه (هاورده و هه‌نارده و وه‌به‌رهێنان) له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه.
٨- هه‌وڵدان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پێگه‌یه‌كی شیاو و گونجاو له بازاڕی وزه‌دا.
٩- چاودێری و لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌رده‌وامی بازاڕی وزه و سیاسه‌ت و ستراتیژی و توانا و لاوازییه‌كانی به‌رهه‌مهێنه‌ران و به‌كاربه‌رانی وزه.
١٠- دروستكردنی په‌یوه‌ندیی سیاسی و به‌هێز له‌گه‌ڵ وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ر و به‌كاربه‌ر، به مه‌به‌ستی دڵنیاكردنه‌وه و به‌شداری له پاراستن و ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی وزه.
١١- بۆ بنیاتنان و داڕشتن و په‌یڕه‌وكردنی "دیپلۆماسیی وزه"ی تایبه‌ت به كوردستان، پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سوود له پسپۆرانی بواری: زانسته سیاسییه‌كان و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، یاسا (ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی)، ئابووری، پیشه‌سازی و ته‌كنه‌لۆژی، به‌ڕێوه‌بردن و ماركێتینگ و ... وه‌ربگرێت.