ئەوروپا، دەروازەی ناساندنی دەوڵەتی نوێیە

یەکەم: ئەوروپا و دەوڵەتسازی

ئەوروپا، کيشوەری پير، هەردەم زادەی هزری نوێ بووە بۆ جیهان. هەندێك لەو هزرانە کاریگەرییەکی نەرێنییان لەسەر جیهان هەبووە، بۆ نموونە: فاشيزم، کۆلۆنیاڵيزم و نەخشاندنی سنوورەکانی دەرەوەی ئەوروپا بەپێی بەرژوەندیی وڵاتانی ئەوروپی. هەندێك لەو هزرانە یەکجار گرنگ و بەسوود بوونە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، بۆ نموونە: چەسپاندنی مافی مرۆڤ، پێکەوەژیان، بيروڕای ئازاد و ئاشتەواییی کۆمەڵایەتی. لە دوای جەنگی جیهانییەوە، دەوڵەتانی ئەوروپی بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوونە کە ڕووی ئەرێنی و مرۆڤانەی خۆیان لە ناوخۆی خۆیان پيشان بدەن و، لە جیهانیشدا بڵاوی بکەنەوە.

ئەوروپا لانەی هزری دەوڵەتسازی و سەروەری و دانپێدانان و سنوور و ناسنامە بووە. ڕێکكەوتننامه‌ی وێستفاليای ساڵی ١٦٤٨، بە یەکەمین سەرچاوەی فەرمی بۆ پەيڕەوکردنی چەمکی دەوڵەتی مۆدێرن و یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت. چەمکی دەوڵەت، لە ئەوروپییەکانەوە بۆ هەموو جیهان هەناردە کرا. ئەم چەمکە چەندین میللەتی لە جیهاندا حەساندەوە، چەندینی تریشی خستە ژێر پێی خاوەن دەوڵەتەکان. چەمکی دەوڵەت ئەوەندە بەهێز بوو،كه‌ یاسای نێودەوڵەتی و دامەزراوە و ڕێکخراوه‌  نێودەوڵەتییەکانیشی لێوە دروستبوو. چەمکی دەوڵەت ئەوەندە بەهێز بوو، کە چەمکە مێژوویییەکانی وەك ئومەت، ئیمپراتۆرییەت، حوکمڕانیی کڵێسە و خەلافەتی بەرەو سڕینەوە برد.

ژمارەی دەوڵەتان لە جیهان لە دوو سەد دەوڵەت نزيک دەبێتەوە. ئەوەی جێی تێڕامانە، چەند دەوڵەتێکی ئەوروپی دەستیان لە دروستبوونی زۆرینەی ئەو وڵاتانە هەبووە. وڵاتانی ئەوروپی، بەتایبەتی بریتانیا، فەڕەنسا و ئیسپانیا، سنووری زۆرێك لە وڵاتانی ئەفریقی، هەردوو کیشوەری ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان نەخشاندووە. پرسی جیابوونەوە و سەربەخۆییی دەوڵەتانی نوێ لە ناوخۆی کیشوەری ئەوروپا، کارێکی ئاسان بووە. هەر لەسەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی پێشوو، زۆرترین وڵاتی نوێ لەسەر خاکی ئەوروپا پەیدابوون. ئێستاکەیش پرسی ڕيفراندۆمی سەربەخۆیی لە سکۆتلەند و کەتەلۆنیا کەوتۆتە بەرباس و خواستی خەڵك، بێ ئەوەی دڵۆپێك خوێن بڕژێت.

ئەگەر پێشتر ئەوروپا بە ئارەزووی خۆیان دەوڵەتیان دروست دەکرد و لەتیان دەکرد، ئێستا بەم شێوەیە نییە. پێشتر ئەوروپا دروستکەری دەوڵەتبوون، ئێستا ناسێنەری دەوڵەتی نوێن. ئەگەریش نەیانەوێت دان به‌ ده‌وڵه‌تێكدا بنێن، ئەوا کێشەی بۆ دروست دەکەن. ئەوەتا، باکووری قوبرس لە ساڵی ١٩٨٣وە خۆی وەك دەوڵەت ڕاگەیاندووە، بەڵام لەبەر ئەوەی دەوڵەتانی ئەوروپی پێیان باش نەبووە، تەنیا یەك دەوڵەت دانیپێداناوە، کە تورکیایە. بە هەمان شێوە بۆ کۆماری ترانیستریا کە لە ساڵی ١٩٩٠ سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاندووە، بەڵام کێشەی خۆناساندنی هەیە لە دنیادا و، وڵاتانی ئەوروپی قبووڵیان نییە. بەڵام دەوڵەتانی جیابووە لە یەکێتیی سۆڤێت و یوگسڵاڤیا زۆر بەئاسانی لە ئەوروپا قبووڵ کران و، بە هەمان شێوە لە جیهانیشدا ناسێنران.

دووەم: ئەوروپا و هەرێمی کوردستان

ئاشکرایە ئەوروپییەکان، بەتایبەتی  بریتانییەکان دروستکەری دەوڵەتی ئێستای عێراقن. ڕۆژی سەربەخۆبوونی عێراق لە ٣/١٠/١٩٣٢، ڕۆژی بەئەندامبوونێتی لە ڕێکخراوی کۆمەڵەی گەلان. ئەم ڕێکخراوەیش دروستکراوی دەوڵەتە ئەوروپییەکان بوو و، خۆیان تێیدا باڵادەستبوون. لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە تا سەربەخۆبوونی عێراق، کوردستانی باشوور و بریتانیا هەمان مێژوویان هەبووە.

چەندین ئەفسەر و پلەداری ئینگليز لە نێوان ساڵانی ١٩١٧ ساڵانی سییەکانی سەدەی پێشوو، لە کوردستان ژیانیان بەسەر بردووە. هەندێکیان مردوون، یان کوژراون و هەر لە کوردستان نێژراون. لەو سەردەمەدا، پەرلەمانی فەڕەنسی گلەیی لەسەرۆكوەزیرانەکەیان دەکەن کە بۆچی ئەو پارچە خاکەی کوردستان، کە دەبوو بۆ فەڕەنسییەکان بێت، چۆتە ژێر دەستی بریتانییه‌کان. بەپێی ڕێکكەوتننامه‌کەی سایکس پیکۆی ساڵی ١٩١٦، کوردستانی عێراق، بەشێکی فەڕەنسی بوو، بەشەکەی تری بریتانی. لایەنگرانی سەرۆكوەزیرانی فەڕەنسا لە ساڵی ١٩٢٠وەڵام دەدەنەوە: ڕاستە بەو شێوەیە بووە، بەڵام بەرامبەر خاکی کوردستانی عێراق، بریتانییەکان تەواو پاڵپشتیی فەڕەنسایان کرد بۆ بەدەستهێنانی دوو هەرێمی ئەڵمانی. ئەم خاکی هەرێمی کوردستانە، لەو سەردەمەدا کڕین و فرۆشتنی پێ دەکرا، بێ ئەوەی خەڵکەکەی ئاگادار بن. بریتانییەکان و فەڕەنسییەکان بە ئارەزووی خۆیان نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان نەخشاند.

ئەوروپا، پێشتر دروستکەری دەوڵەتان بوو، ئێستا ناسێنەری دەوڵەتانە. پێشتر پێشێلکەری مافەکانی گەلان بوو، ئێستا پشتگیری لەو مافانە دەکات. وەکوو زانراوه‌، دروستکەرەکەی ئەو سنوورەی ئێستای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بریتانیا و فەڕەنسا بوون لە سەدەی پێشوو، کەچی لە ساڵانی نەوەدەکانی هاتنەوە ناوچەکە بۆ پاراستنی گەلی کوردستان بە ڕێگه‌ی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەر بریتانیا و فەڕەنسا و ئەمریکا بوون، بۆ پاراستنی گەلی کوردستان هێڵی دژەفڕینیان بەسەر عێراقدا سەپاند. هەر ئەم ناوچە دژەفڕینە بوو، کە بيرۆکەی ئەوروپییەکان بوو و، قەوارەیەکی سەربەخۆی دیفاکتۆی لە عێراق دابڕاند.

پەرلەمانی ئەوروپا، یەکەم دامەزراوەی نێودەوڵەتی بوو لە ڕۆژی ١٢/٣/١٩٩٢، داوای لە دەوڵەتانی ئەندام کرد کە لە یەکەم هەڵبژاردنی کوردستاندا بە مەبەستی بنیاتنانی دامەزراوە سیاسییەکان، یارمەتیی کورد بدەن. هەروەها هەمان پەرلەمان لە دوای هەڵبژاردن، دڵخۆشیی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی یەكەم هەڵبژاردنی دیموکراسی و ئازاد بە بەشداریی مەسیحییەکان و تورکمانەکان دەربڕی. لە هەمووی گرنگتر، دانپێدانانی ئەم دامەزراوە ئەوروپییە بوو بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەردەمێکدا کە دەوڵەتێك، یان دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی ئامادە نه‌بوو ئەم قەوارەیە به‌فه‌رمی بناسێت. لە بڕیارێکیدا، لە ڕۆژی ٢٦/٦/١٩٩٣، پەرلەمانی ئەوروپا باس لە دامەزراوە دیموکراسییەکانی کوردستانی عێراق دەکات. هەروەها لە بڕیارێکی تردا، لەسەر مافی گەلی کورد، پەرلەمانی ئەوروپا وێنەیەك لە بڕیارەکە بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی دراوسێ کە کوردی تێدایە دەنێرێت؛ هەروەها شان بە شانی دەوڵەتانی ناوچەکە، وێنەیەك لە ڕۆژی ٢٠/٩/١٩٩٣ بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەنێرێت. کەواتە یەکەم دامەزراوەی جیهانی کە دانی بە حکوومەتی هەرێم دانابوو، پەرلەمانی ئەوروپا بوو. ئەوەی جێی داخ بوو، لەگەڵ دەستپێکردنی جه‌نگی براکوژی لە ناوەڕاستی نەوەدەکان، ئاستی ئەو پاڵپشتییە بەرەو کزی ڕۆیشت. بۆ نموونە، لەو سەردەمەدا فەڕەنسا لە پاراستنی ناوچەی دژەفڕین کشایەوە.

لێرەدا ئاسان نییە هەموو ئەو هەڵوێست و بابەتانە بخەینە ڕوو کە هەرێمی کوردستان و ئەوروپا دەبەستێتەوە. هەر ئەو دەوڵەتە ئەوروپییانە بوون بەتەواوی و بەبێ پێچوپەنا پشتگیرییان لە پێشمەرگە کرد دژی داعش. هەر دامەزراوە ئەوروپییەکانن لە ئاستی یەكێتیی ئەوروپا و ئەنجومەنی ئەوروپا و دادگه‌ی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە پشتگیری لە مافی گەلی کورد دەکەن نەك تەنیا لە ئاستی کوردستانی عێراق، بەڵکوو لە پارچەکانی تری کوردستان. کوردستان بەشێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ئەوروپییەکان پێیان خۆشە ئەم ناوچەیە بە "ڕۆژهەڵاتی نزیك" بانگ بکەن، بە ئينگليزی Near East و بە فەڕەنسی Proche-Orient. لە ڕووی جوگرافیاوه‌، کوردستانی عێراق لە باکووری ئەم ڕۆژهەڵاتی نزیکەیە. داعش، دەوڵەتێکی تيرۆریست کە لەم ناوچەیە دامەزرا، بوو بە هەڕەشە بۆ ئەوروپییەکان. کەواتە ئەم ناوچەیەی جیهان، جێی بایەخی ئەوروپییەکان بووە. ڕۆژهەڵاتی نزیك و ئەوروپا، دراوسێی یەکترن؛ کاریگەریی سیاسی، ئەمنی و ئابوورییان لەسەر یەکتر هەیە.

 كوردستان پێویستیی بەوەیە کە دەوڵەتێك بە پێوەری ئەوروپییەکان دابمەزرێنێت؛ دەوڵەتێکی دۆست بۆ ئەوروپییەکان، کە لە داهاتوودا ببێت بە مایەی متمانە و دڵنەوایی بۆ ئەوان. تورکەکان لە ساڵانی بيستەکانی سەدەی پێشترەوە درکیان بە گرنگیی ئەوروپا کردووە. دەوڵەتی ئێستای تورکیا، زۆر جیاوازە لە خەلافەتی عوسمانی؛ لە ڕووی دامەزراوە، بەڕێوبردنی وڵات و یاساکانەوە زۆر لە سیستەمی ئەوروپییەوە نزیکه‌.

سێیەم: خۆری سەربەخۆییی کوردستان لە ئەوروپاوە هەڵدێت

ڕيفراندۆم ئامرازێکی تەواو ئەوروپییە. ئەوان بەها و پێگەی سیاسی و یاساییی ڕیفراندۆم دەزانن. ئەوروپییەکان داهێنەری بوونە و، کاریان پێ کردووە. سەد ساڵ لەمەو پێش، ئەوروپییەکان باش دەیانزانی کە پێویستە ڕای ئەو خەڵکەی باشووری کوردستان وەرگيرێت؛ لە ماددەی ٦٤،  لە ڕێکكەوتننامەی "سیڤه‌ر"ی ساڵی ١٩٢٠ ئاماژەی بۆ کراوە. ڕێکكەوتننامەکە لە نێوان وڵاتانی ئەوروپی و ئیمراتۆرییەتی عوسمانی بوو. هەر ئەوروپییەکان بوون لێژنەیەکیان نارد بۆ یەكلاییکردنەوەی چارەنووسی کوردستانی عێراق لە ساڵی ١٩٢٥ و، ڕاپرسییەکی سنووردار و کرچوکاڵیان لە ناوچەکە کرد بۆ ئەوەی ئەم کوردستانە بە "عێراقی بریتانی"یه‌وه‌ بلکێنن. خۆیان باشیان دەزانی، کە پرسکردن بە (٨٠٠) کەس بۆ یەكلاییکردنەوەی چارەنووسی کوردستانی باشوور، کێماسیی زۆری تێدایە. بە شێوازێكی خراپیش بێت، هەر پرسێکیان بە چەند کەسێكی ناوچەکە کرد. دەیانویست بە هەر نرخێك بێت، چەند کەسێك بدۆزنەوە بە ئارەزووی ئەوان قسە بکەن و، کوردستان بە عێراقەوە بلکێنن.

ئێستا چەرخێکی نوێیە. ئەوروپییەکان بایەخێکی تەواو بە ڕای خەڵك دەدەن، بەتایبەتیش ئەگەر بە ڕێگه‌ی ڕیفراندۆم بکرێت. ئێستا بۆیان دەرکەوتووە، کە هیچ ئامرازێك بەهێزتر نییە لە ڕيفراندۆم. بە ڕيفراندۆم، سنوور دەگۆڕێت، دەستوور هەموار دەکرێتەوە، ئەو یەكێتیی ئەوروپایەی کە زیاتر لە شەست ساڵە ئەوروپییەکان کاریان بۆکردووە و پێشی دەخەن، یەك ڕیفراندۆم هەمووی ڕادەماڵێت. ڕیفراندۆم، کایە و قەوارە و سنوورە چەقبەستووەکان لە بنەڕەتەوە هەڵدەتەکێنێت.

بەرژوەندییە ئابوورییەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، پێش سەد ساڵ و ئێستا وەکوو خۆیان ماون؛ ئەوەی گۆڕاوە، یان چاوەڕێ دەکرێت بگۆڕێت ئه‌کتەرەکانن. سامانی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان بۆ ئەوروپییەکان گرنگە؛ نەوتەکە ماوە و ئێستاكه ‌گازی سروشتیش هاتۆتە سەری. زیرەکییەکە ئەوەیە، چۆن ئەوروپییەکان تێ بگەیەنین ئەو سەرچاوەی وزەیە بە ڕێگه‌ی دەوڵەتی کوردستانه‌وه‌ ئاسانتر دەگاتە ئەوان، نەك لە ڕێگه‌ی عێراق.

سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسعوود بارزانی و شاندە یاوەرەکەی لە ڕۆژی ١١/٧/٢٠١٧ بۆ بروکسلی پایتەختی بەلژیکا و یەكێتیی ئەوروپا بەڕێکەوت نەبووە. هەستکراوە، کە پێگەی تێگەیشتن و ناساندنی ڕیفراندۆم لە لایەن ئەوروپییەکانەوە چ گرنگییەکی هەیە. ئەوروپا ڕەزامەند بێت، جیهان ڕازییە. ئەوروپا جیاوازە لە ئەمریکا. وەکوو ئاماژەمان پێکرد، ئەوروپییەکان شارەزاییی مێژوویییان لە دەوڵەتسازکردن هەیە. ئەوروپییەکان بوونە، ڕۆڵیان لە دروستکردنی وڵاتانی دنیا هەبووە، نەك ئەمریکییەکان. عەقڵییەتی ئەوروپی، بەئاسانتر دروستبوونی دەوڵەت و نەمانی دەوڵەت قبووڵ دەکات. بۆ ئەوروپییەکان، بەردەوام پرسی دروستبوونی دەوڵەتانی نوێ لە ئەوروپا و دەرەوەی ئەوروپا جێی باس و تێڕامانە. وەکوو دروستکردنی ئامێرێکی ئەلیکترۆنی وایە: ئەو کەسەی پێشتر ئامێرەکەی دروست کردووە، دەزانێت دواتر چۆن پێشی بخات یان هەڵی بوەشێنێتەوە. ئەوروپییەکان خۆیان نەخشەی ئەم ناوچەیەیان کێشاوە و، دەزانن چۆن نەخشەکان بگۆڕن و لە داهاتوودا پێشی بخەن.

سەردانەکان و پەیوەندییە ديپلۆماسییەکان هەمیشە پێویستن. سەردانەکانی دوای ڕيفراندۆم گرنگتر دەبن. وڵاتانی ئەوروپی و جیهان، دەزانن کە ڕيفراندۆم مافی ڕەوای هەموو گه‌لێکە. بەڵام لە دوای ڕیفراندۆم، ئەرکەکە جیاواز دەبێت؛ داوای دانپێدانان بەو دەوڵەتە نوێیەی لێ دەکرێت. هیچ دەوڵەتێکی ئازادیخواز ناتوانێت ڕيفراندۆم ڕەت بکاتەوە، بەڵام دەوڵەتان ئازادن لەوەی دان بە دەوڵەتی نوێدا بنێن، یان نەنێن.

ڕاستە، بروکسل پایتەخی یەكێتیی ئەوروپا، بڕیاری زۆر گرنگی لێوە دەدرێت، بەڵام سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپی سەبارەت بە دەوڵەتی نوێ یەكدەنگ نییە. ئیسپانیا نایەوێت دان بە دەوڵەتی کۆسۆڤۆدا بنێت، لە کاتێکدا زۆربەی زۆری وڵاتانی ئەوروپی وەكوو دەوڵەت قبووڵیان کردووە. کاتێك یەکێتیی ئەوروپا ڕای خۆی دەربارەی پرسێك دەردەبرێت، مانای ئەوە نییە کە گشت دەوڵەتانی ئەندام هەمان هەڵوێستیان هەبێت. هەر دەوڵەتێکی ئەوروپی لە ئاراستەکردنی سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا ئازادییەکی  پێ دراوە.

لە دوای ڕيفراندۆم، چەند پایتەختێکی ئەوروپی هەن كه‌ دەبێت بە هەموو شێوەیەك کاری ديپلۆماسییان لەسەر بکرێت. دەوڵەتسازی و کۆکردنەوەی دانپێدانان، پرۆسەیەکی بەردەوامەو بەرنامەڕێژیی دەوێت؛ بە یەك سەردان و دوو سەردان تەواو نابێت. دەوڵەتێك پاریس، لەندەن و مۆسکۆ پێی ڕازی بوو، ئەوا جیهان قبووڵییەتی. هەر ئەو دەوڵەتانەبوون پێش سەد ساڵ کاریگەرییان لەم بوارەدا هەبوو و، هەر ئەوانەیشن كه‌ ئێستا ناسێنەری دەوڵەتانی نوێن. ئەوروپییەکان، دەبێت تێبگەیەنرێت و متمانەیان بۆ دروست بکرێت، کە "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی، گوتەی کۆی میللەتێکی زوڵملێکراوە.

چیرۆکی پەیوەندییەکانی کوردستان و ئەوروپا بەخراپی دەستی پێ کرد، به‌ڵام چاوەڕێ دەکرێت بەخۆشی تەواو ببێت. ڕۆڵی پێشمەرگە لە جەنگی دژی داعش، پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا و پاراستنی کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەیییەکان، پاساوی بەهێزن بۆ دروستکردنی دەوڵەتی نوێ. پرسیار لە ئەوروپییەکان بکەن: ئایا پێش سەد ساڵ کە ئەم ناوچانەتان دابەش دەکرد، دەتانزانی دوورگەیەکی پێکەوەژیانی ئایینی لە دەریایەکی توندڕەویی ئایینیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەمێنێنتەوە؟ پرسیاریان لێ بکەن: پێکهاتە ئایینییەکان لە بەغدا و مووسڵ پارێزراوبوون، یان لە هەرێم؟ ئایا عەرەبی سوننە، لە بەغدا و بەسرا و شارەکانی باشووری عێراق دەتوانن بژين؟ بۆچی سەد ساڵە ئەم عێراقە سەقامگير نابێت و خوێنی لێ دەچۆڕێت؟ پرسیاریان لێ بکەن: بەرژوەندییەکانیان لە کوێ زیاتر پارێزراوە، لە هەولێر یان لە بەغدا؟ ئەگەر دوودڵییەك هەیە، چۆن دەوڵەتی نوێی کوردستان ببێت بە جێی متمانە و بەرژەوەندیی ئەوروپییەکان؟

پرسیارەکان زۆرن و، ئەوانیش پرسیاری خۆیان دەبێت. کوردستان لەسەردەمی پێش ڕيفراندۆم و دوای ڕيفراندۆم، ئەرکێکی ديپلۆماسیی قورسی لەسەرە. لە نێو ئەو هەموو دەوڵەتانەی جیهانیش، پێویستە زیاتر کار لەسەر ئەوروپا بکرێت، کە دەروازەی ناساندنی دەوڵەتی نوێن لە جیهاندا.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples