پێشه‌كی:
دوای دیاریكردنی ڕۆژی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له هه‌رێمی كوردستان، مشتومڕێكی زۆر له لایه‌ن لایه‌نگران و دژبه‌رانی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی لێ كه‌وتۆته‌وه. جیا له‌وه‌ی كه هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانێت، له‌ژێر هه‌ر پاساوێك بێت ئیراده و ویست و مافی نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی پشتگوێ بخات، به‌ڵام ئه‌رگیومێنتی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆم نین زیاتر له دوو ته‌وه‌ردا ده‌خولێته‌وه كه یه‌كه‌میان بریتییه له‌وه‌ی كه كاته‌كه‌ی به گونجاو نازانن و، دووه‌میان ئه‌وه‌یه كه به‌بڕوای ئه‌و كه‌سانه، پێویسته ئه‌وله‌وییه‌ت بدرێته پرس و بابه‌ته‌كانی تری ناوخۆییی تایبه‌ت، وه‌كوو: شێواز و چۆنێتیی حوكمڕانی، یاسا، دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و هتد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا له ڕووی زانستی سیاسییه‌وه گرنگه، ڕوونكردنه‌وه و جیاكردنه‌وه‌ی سنووری پرسه ئاسایی و سیاسی و ...، له‌گه‌ڵ سنووری پرسه نائاسایی یاخود ئاسایشییه‌كانه.
به‌م مانایه كه هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆ دابینكردن و ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌و بوار و ده‌رفه‌تانه‌ی كه ده‌كه‌ونه ناو چوارچێوه‌ی پرسه سیاسییه ئاسایییه‌كان یاخود ڕۆژانه‌كان، پێویستیی به ڕه‌خساندنی هه‌لومه‌رج و بارودۆخێكه كه تیایدا ئه‌م پرسانه‌ی كه به شێوه‌یه‌كی سروشتی، ته‌ژین له ناكۆكی و جیاوازیی بیڕورا، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌ی سیاسه‌تی ئاسایی‌دا بمێننه‌وه و، ئه‌مه‌یش ناكرێت تا ئه‌و كاته‌ی كه ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه ستراتیژییه‌كی بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی خۆی نه‌بێت كه ئه‌و هه‌لومه‌رج و بارودۆخه پێناسه ده‌كات و ده‌پارێزێت.
لێره‌وه ئه‌وه‌ی كه ئه‌م چوارچێوه و هه‌لومه‌رجه سیاسییه دابین و ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، هه‌بوونی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یییه له چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی‌دا، كه له ساده‌ترین پێناسه‌دا ناوی "ده‌وڵه‌ت"ه. بۆیه هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م سه‌روه‌رییه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌یش، ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته باڵا یاخود ئاسایشییه‌كان. بۆیه دیاریكردنی چاره‌نووس، به ناوه‌رۆكی ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی داده‌ندرێت.
له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه تیشك بخه‌ینه سه‌ر هه‌ستیاری و گرنگیی ئه‌م بوار و هه‌نگاوه له سه‌روو هه‌موو مشت‌ومڕ و ئه‌رگیومێنته‌كان ده‌رباره‌ی ئه‌وله‌وییه‌تی پرسه‌كانی بواری سیاسه‌تی ئاسایی. چونكه پاراستنی بوونی تاك/نه‌ته‌وه له لایه‌ك ئه‌وله‌وییه‌تی ئاسایشی تاك/نه‌ته‌وه‌یییه و، له‌لایه‌كی تریشه‌وه له چوارچێوه‌ی ئاسایشی بوونناسانه‌دا مانا وه‌رده‌گرێت و پێناسه ده‌كرێت. بۆیه پڕسیار ئه‌وه‌یه كه ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی كورد چییه و، ستراتیژیی ده‌سته‌به‌ركردن و پاراستنی ئه‌م ئاسایشه چ په‌یوه‌ندییه‌كی به پرسی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیییه‌وه هه‌یه؟
ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی
چه‌مكی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، چه‌مكێكی مۆدێرنه و له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا سه‌ریهه‌ڵداوه. هه‌رچه‌نده خودی چه‌مكی ئاسایش مێژوویه‌كی دوورودرێژی به قه‌ده‌ر مێژووی مرۆڤایه‌تی هه‌یه و، په‌یوه‌ندیی به بوون و مانه‌وه‌ی مرۆڤه‌وه هه‌یه، به‌ڵام چه‌مكی ئاسایش به دروستبوونی كۆمه‌ڵگه و ناسنامه جیاجیاكانی مرۆڤ، هه‌روه‌ها ئاڵۆزیی كۆمه‌ڵگه‌كان و پێداویستییه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵگه، گۆڕانی به‌سه‌رداهات و، ئاسایشی ناسنامه و ئه‌و دیارده و دامه‌زراوانه‌یشی كه ئه‌ركی پاراستنی ئه‌و ناسنامه و بوونه كۆمه‌ڵایه‌تییه (وه‌كوو ده‌وڵه‌ت) ده‌گرنه ئه‌ستۆ، بوو به ناوه‌ڕۆك و بابه‌تی ئاسایش. به‌م پێیه‌یش، به دروستبوونی نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت و بۆ به‌رده‌وامی و مانه‌وه له‌ڕووی ماددی (فیزیكی) و مانایییه‌وه (به‌هایی و ناسنامه‌یی)، پێویستیی داڕشتنی ڕێوشوێن و میكانیزمه‌كانی پاراستنی ئاسایش له چوارچێوه‌یه‌كدا به ناوی ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تدا هێنایه ئاراوه.
لێره به‌دواوه بێجگه له پرسه ماددییه‌كان، پرسه به‌هایی و ناسنامه‌یییه‌كانیش وه‌كوو ئاسایشی بوونناسانه‌ی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌كان هاتنه نێو بازنه و بواری ئاسایشییه‌وه. به مانایه‌كی تر، چه‌مكی ئاسایش په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ ئاشتی و جه‌نگ و په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌سه‌ندن و خۆشگوزه‌رانی و هێز و ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی و سیاسه‌ت و ... په‌یدا كردووه.
له‌م بارودۆخه‌دا ئاسایش ته‌نیا نه‌بوونی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیی ده‌ره‌كی نییه، به‌ڵكوو بنیاتنانی هێز و ده‌سه‌ڵاتدارێتی و به‌توانابوون له بواره جۆراوجۆره‌كاندا، ده‌بێته گه‌وهه‌ری ئاسایشی مۆدێرن له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تدا. ده‌وڵه‌تیش به چه‌مكی "سه‌روه‌ری"، له ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا مانا په‌یدا ده‌كات، كه به‌مانای ده‌سه‌ڵاتدارێتیی باڵا و حاشاهه‌ڵنه‌گره له ناوخۆ و، سه‌ربه‌خۆیییه له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له ئاستی ده‌ره‌كیدا. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، مافی قۆرخكراوی به‌كارهێنانی یاسایی‌ی توندوتیژی یاخود هێزی ڕه‌وا و یاسایی بۆ ده‌وڵه‌ت، له چوارچێوه‌ی چه‌مكی "سه‌روه‌ری"دا مانا په‌یدا ده‌كات. به‌م پێیه كاتێك ده‌وڵه‌ت ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی نه‌بێت، ئه‌وه ئه‌گه‌ر مه‌ترسیی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كییشی له‌سه‌ر نه‌بێت، ناتوانین باس له بوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خاوه‌ن ئاسایش بكه‌ین.
له‌م نێوه‌نده‌یشدا هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنان و پاراستن و به‌رفراوانكردن و په‌ره‌پێدانی هێز و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی، ده‌بێته باڵاترین ئامانج و ناوه‌رۆكی چه‌مكی ئاسایش به مانا مۆدێڕنه‌كه‌ی، كه له چوارچێوه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییدا به‌رجه‌سته ده‌بێت. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، له گوتاری مۆدێرنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییدا بێجگه له نه‌بوونی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیی ده‌ره‌كی، گه‌یشتن به ئاستێكی ڕێژه‌یی له هه‌ستكردن به ئاسایش و متمانه له پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌یییه‌كان له ڕێگه‌ی به‌ده‌ستهێنانی هێز و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی، ده‌بێته ئه‌وله‌وییه‌تی داڕشتنی ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی هه‌ر كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌تێك.
بۆیه لێره‌وه خودی "ده‌وڵه‌ت"، بۆ "نه‌ته‌وه بێده‌وڵه‌ته‌كان" ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیی ماددی و ناسنامه‌یی و به‌هایی، چونكه ده‌وڵه‌ت ئه‌ركی پاراستن و داڕشتنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی هه‌یه و، له‌كاتێكدا به مانا گشتییه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تێك دیموكراتیك نه‌بێت و ده‌وڵه‌تی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه نه‌بێت كه له‌چوارچێوه‌یدا ده‌ژیت، ئه‌وه خودی ئه‌و ده‌وڵه‌ته له سه‌رچاوه‌ی ئاسایشییه‌وه، ده‌بێته هه‌ڕه‌شه‌ی بوونناسانه‌ی ئاسایشی بۆ نه‌ته‌وه بێده‌وڵه‌ته‌كه. بۆیه ئه‌وله‌وییه‌ت و ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، ڕزگاربوونه له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كان له ڕێگه‌ی به‌ده‌ستهێنانی هێز و ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ڕه‌وا كه له چوارچێوه‌ی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌ییدا له ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا به‌رجه‌سته ده‌بێت. بۆ كوردیش له‌م قۆناغه‌دا و به‌پێی ئه‌زموونه مێژوویییه‌كانی، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له چوارچێوه‌ی ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییدا مانا په‌یدا ده‌كات و خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت.
ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی داڕشتنی ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به سێ قۆناغدا تێپه‌ڕ ده‌بێت:
- قۆناغی یه‌كه‌م بریتییه له پێناسه‌كردن و ده‌ستنیشانكردن و، هه‌روه‌ها به‌رجه‌سته‌كردنی سنووره‌كانی "ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی" و "به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی" و "به‌ها نه‌ته‌وه‌یییه‌كان".
- قۆناغی دووه‌م بریتییه له ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییانه‌ی سه‌ر ئه‌م سێ ڕه‌گه‌زه‌ی داڕشتنی ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی.
- قۆناغی سێیه‌م بریتییه له دیاریكردن و ته‌رخانكردنی ئه‌و ڕێوشوین و سه‌رچاوه و ئامراز و یاسا و به‌گشتی میكانیزمانه‌ی كه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر بوار و ڕه‌گه‌زه‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و پووچه‌ڵكردنه‌وه‌یان داده‌ندرێت.
به شێوه‌یه‌كی گشتی "به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی"، بریتییه له پاراستنی ئه‌زموونی مێژوویی و پێگه‌ی جوگرافیایی و سه‌رچاوه‌ی مرۆیی و توانا ماددییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی هێز و ده‌سه‌ڵاتدارێتی، كه له چوارچێوه‌ی كه‌لتووری گشتی و سیاسی‌دا پێناسه ده‌كرێت. له ڕوانگه‌یه‌ی دیكه‌وه به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی، كۆمه‌ڵه ئامانجێكه كه هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسی هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنان و ده‌سته‌به‌ركردن و پاراستنی ده‌دات كه له چوارچێوه‌ی چه‌مكی"چاكه‌ی گشتی"دا به‌رجه‌سته ده‌بێت.
هه‌روه‌ها "ناسنامه"، ئه‌و بنیات و پێكهاته و چوارچێوه مانایییه‌یه كه له ڕێگه‌یه‌وه تاكه‌كان خۆیانی پێده‌ناسێنن و له‌گه‌ڵ یه‌كتری په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن و، له‌تاكه‌كانی تر جیایان ده‌كاته‌وه. له لایه‌كی تریشه‌وه "به‌هاكان"ی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، ئه‌و بنه‌ما و بنچینه و پڕه‌نسیپانه‌ن كه تاكه‌كان به‌پێی ئه‌و پێوه‌ڕانه ڕه‌فتار ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت دادوه‌ری و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ڕه‌فتاره‌كانیش ده‌كه‌ن.
كۆی ئه‌مانه‌یش له‌ڕێگه‌ی ڕه‌گه‌زی نه‌ته‌وه‌وه، ده‌بنه به‌رژه‌وه‌ندی و به‌ها و ناسنامه‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه له چوارچێوه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییدا به‌پێی ستراتیژییه‌كی تایبه‌ت پارێزگاری‌یان لێ ده‌كرێت و ده‌پارێزرێن و، یاخود لانی كه‌م به‌فه‌رمی ده‌ناسرێن و ڕێزیان لێ ده‌گیرێت. به‌گشتی له ئه‌نجامی پرۆسه‌ی كارلێكێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدا (به واتا فره‌ڕه‌هه‌نده‌كه‌ی)، ئه‌وه ده‌ستنیشان ده‌كرێت كه ناسنامه و به‌ها نه‌ته‌وه‌یییه‌كان و، هه‌روه‌ها به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی چییه و كامانه‌ن.
به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه كه له ده‌وڵه‌تێكدا ئه‌م ته‌عامول و كارلێكه مۆدێرنه دیموكراسییه له ئارادا نه‌بێت و، ده‌وڵه‌ته‌كه نوێنه‌ری پێكهاته و ناسنامه نه‌ته‌وه‌یی/ نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی سنووری ئه‌و ده‌وڵه‌ته نه‌بێت، ئه‌و كاته ئه‌م ستراتیژییه چۆن دادڕێژرێت و، ئایا ئه‌و ستراتیژییه كه له لایه‌ن ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌وه داڕێژراوه بریتییه له ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه؟ بۆ نموونه كورد له عێراق یاخود پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان؟ خستنه‌ڕووی ئه‌م پرسه‌یش بۆ بابه‌تێكی دیكه‌ی گرنگ ڕاكێشمان ده‌كات، كه پێویسته ئه‌مه ده‌ستنیشان بكرێت كه "سه‌رچاوه‌ی ئاسایش"ی گه‌لی كوردستان چییه و كێیه؟
سه‌رچاوه‌ی ئاسایش
پێشووتر ته‌نیا ده‌وڵه‌تان ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یییان داده‌ڕشت. به‌مانایه‌كی تر، جاران ده‌وڵه‌ت سه‌رچاوه‌ی ئاسایش بوو، به‌ڵام به هۆی گۆڕانكارییه جۆراوجۆره‌كان له كۆتاییی جه‌نگی سارد، ئه‌وه له‌پاڵ ده‌وڵه‌تدا تاك/كۆمه‌ڵگه به‌سه‌رچاوه‌ی ئاسایشی داده‌ندرێت. بۆیه له بونیادی سیاسی و ناسنامه‌ییی ده‌وڵه‌تێك كه له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكاریی ناسنامه‌یی_نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و...) داندرابێت، ئه‌وه ده‌وڵه‌ت سه‌رچاوه‌ی ئاسایشییه ته‌نیا بۆ ئه‌و پێكهاته و ناسنامه‌یه‌ی كه له‌سه‌ر ڕۆنراوه. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه ده‌وڵه‌ت سه‌رچاوه‌ی نائاسایشییه بۆ ناسنامه و پێكهاته‌كانی تر، چونكه لێره‌دا ئه‌و ده‌وڵه‌ته ده‌ربڕی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌ییی ئه‌و نه‌ته‌وانه نییه كه په‌راوێز خراون و، به‌م پێیه‌یش تاك/كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه نابنه سه‌رچاوه‌ی ئاسایش و، لێره‌وه به زه‌بروزه‌نگ و توندوتیژی، ئاسایشی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. ئه‌مه‌یش بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك به لووتكه‌ی نا-ئاسایشی داده‌ندرێت.
له ڕوانگه‌یه‌كی دیكه‌وه، پێویسته ستراتیژیی ئاسایشیی نه‌ته‌وه‌یی له چوارچێوه‌یه‌كی "نه‌ته‌وه‌یی/ مه‌ده‌نی"دا بێت. ئه‌مه‌یش به مه‌به‌ستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان. به‌گشتی ئه‌و بوارانه ده‌كه‌ونه ناو چوارچێوه‌ی ئاسایشییه‌وه كه "بوونناسانه‌ن" و، هه‌ڕه‌شه له بوونی فیزیكی/ واتاییی نه‌ته‌وه و پێكهاته‌یه‌ك ده‌كه‌ن.
به‌و مانایه كه هه‌موو بابه‌تێك ناكه‌وێته نێو چوارچێوه‌ی ئاسایش، وه‌كوو: سیاسه‌تی ئاساییی ڕۆژانه یاخود كاروباری تایبه‌تی هاووڵاتیان و هتد. هه‌رچه‌نده له ده‌وڵه‌ته دیكتاتۆر و نادیموكراسییه‌كان، به هۆی ئه‌وه‌ی كه تاك/كۆمه‌ڵگه به‌شدار نییه له داڕشتن و پێناسه‌كردنی ناسنامه و به‌رژه‌وه‌ندی و به‌هاكان و به‌گشتی داڕشتنی ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ستنیشانكردنی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كان، ئه‌وه هه‌موو بوار و ڕه‌هه‌نده نا-ئاسایشییه‌كانیش ده‌كه‌ونه چوارچێوه‌ی ئاسایشی پێناسه‌كراوی ده‌سه‌ڵاتی زاڵ، وه‌كوو: پرسی كورد له عێراق، توركیا، ئێران و سووریا.
هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كان
هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه سه‌ربه‌خۆیی و ئۆتۆنۆمیی تاك/كۆمه‌ڵگه له لایه‌ك و، له لایه‌كی تره‌وه ده‌وڵه‌ت بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه، ئه‌وه به هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیی ئاسایشی داده‌ندرێن. بۆیه له هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی ئاسایش، وه‌كوو "سه‌ربازی"، "ئابووری"، "ژینگه‌یی"، "سیاسی" و "كۆمه‌ڵگه‌یی"دا، "پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی" به ناوه‌رۆك و گه‌وهه‌ر و پێشمه‌رجی مانه‌وه و بوونی نه‌ته‌وه/تاك داده‌ندرێت. كه وابوو هیچ به‌ها و ئه‌وله‌وییه‌تێك بۆ داڕشتنی ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، له‌سه‌رووی پاراستنی سه‌ربه‌خۆییی ئه‌و كۆمه‌ڵگه/ده‌وڵه‌ته‌دا نییه.
سه‌ربه‌خۆییش به‌گشتی و له ساده‌ترین پێناسه‌دا پاراستنی هه‌لومه‌رجی بنچینه‌یی و گرنگی كۆمه‌ڵگه‌یه له ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه له به‌رامبه‌رپرس، بابه‌ت و ئه‌جێندا و مه‌ترسییه‌كانی دوژمنانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا. هه‌رچه‌نده به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی به‌سه‌ر دوو چه‌شنی ژیاری و ناژیاریدا دابه‌ش ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ژیانییه له‌سه‌ر مانه‌وه و پاراستنی ده‌وڵه‌ت، كۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مه سیاسییه‌كه‌یه كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ویست و ئیراده‌ی گشتییه. لێره‌وه‌یه كه به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی له چوارچێوه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی (تاك/ده‌وڵه‌ت)دا خۆی مانیفێست ده‌كات.
به‌مانایه‌كی تر، هه‌روه‌كوو "باری بۆزان" ده‌ڵێت: "ده‌وڵه‌ت له دڵی چه‌مكی ئاسایشدایه." هه‌روه‌ها یه‌كێك له گرنگترین و سه‌ره‌كیترین جۆره‌كانی ناوه‌رۆك و سه‌رچاوه‌ی ئاسایشیش، هه‌ر ده‌وڵه‌ته؛ چونكه ده‌وڵه‌ت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پێداویستییه‌كانی هاووڵاتیان (تاك/كۆمه‌ڵگه) دێنه ئاراوه كه له‌م نێوانه‌دا "ئاسایش" گرنگترینیانه و، هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسیش بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌م مه‌به‌سته، له‌ڕێگه‌ی گۆڕانی هێزی سیاسییه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارێتیی سیاسی له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تدا، هه‌وڵی مانه‌وه‌ی ناسنامه‌كه‌ی ده‌دات.
ئه‌مه‌یش له ڕێگه‌ی "هێزی سه‌ربازیی كارامه" و "ئابووریی پته‌و و به‌ر‌هه‌مهینه‌ر" و "سیسته‌م و سیاسه‌تی دیموكراتیك"ه‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت. هه‌رچه‌نده تاوه‌كوو ئێستا ناوه‌رۆكی ئاسایش سه‌ربازییه، به‌ڵام له‌سه‌رده‌می ئێستادا كۆی بوار و ڕه‌هه‌نده‌كانی تری سیاسه‌تی باڵا، به ئاسایشی نه‌رم پێناسه ده‌كرێن.
ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی و ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی
به‌پێی ئه‌م چوارچێوه چه‌مكی و تیۆرییه‌ی كه خرایه ڕوو، هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی كه له چوارچێوه‌ی به‌ده‌ستهێنانی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆدا به‌رجه‌سته ده‌بێت، بریتییه له ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌یی. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، پرسی ئه‌نجامدانی ڕیفڕاندۆم بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی گه‌لی كوردستان له هه‌رێمی كوردستان، به‌شێكی بنه‌ڕه‌تی و بنچینه‌یییه له ستراتیژیی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی كوردستان.
لێره‌وه‌یه كه هه‌موو پرس و بابه‌ته‌كانی دیكه‌ی تایبه‌ت به پرۆسه‌ی سیاسی، له‌ژێر ڕۆشناییی ئه‌م پرسه‌دا مانا وه‌رده‌گرن و ته‌نانه‌ت بوار و ده‌رفه‌تی ئه‌نجامدانیان دێته ئاراوه. به‌م مانایه تاوه‌كوو به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی كه گرنگترینیان ناسنامه و به‌ها نه‌ته‌وه‌یییه‌كانه له چوارچێوه‌ی ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌سته‌به‌ر و پارێزراو نه‌بن، هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌ته ئاسایییه‌كان له ئارادا نییه.
به‌م پێیه‌یش، شێواندنی سنووری پرسه ئاسایشییه‌كان له‌گه‌ڵ پرسه ئاسایییه ڕۆژانه‌یییه‌كانی هه‌ر كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌تیك، ئه‌و كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ته ده‌خاته به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیی وجوودی، یاخود بوونناسانه‌وه. بۆیه بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی، په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به ئاسایشی بوونناسانه‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه هه‌یه. باشترین به‌ڵگه‌یش ئه‌زموون و ڕووداوه‌كانی ڕابردووی كورده له چوارچێوه‌ی عێراقدا، كه به‌رده‌وام سنووره ناسنامه‌یی و به‌هایی و به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی كورد له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی سڕینه‌وه و مه‌ترسیدا بوونه.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، ئاسایش به‌مانای گه‌ره‌نتیی مانه‌وه و به‌رده‌وامیی كیانی نه‌ته‌وه‌یی و سیسته‌می سیاسییه، كه له بارودۆخی ئێستادا هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك بۆ ئه‌م مانه‌وه و به‌رده‌وامییه بوونی نییه. چونكه كورد به‌شدار نییه له داڕشتنی ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی خۆی له عێراقدا و، ئه‌م ئاسایشه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق بریتی نییه له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی كورد. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی كه خودی ئه‌و ده‌وڵه‌ته، سه‌رچاوه‌ی نا-ئاسایشییه بۆ كورد.
بۆیه ڕزگاربوون له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان، ئه‌ركی هه‌ره له‌پێشینه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یییه؛ ئه‌مه‌یش به‌بێ ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی كوردستاندا نایه‌ته‌دی. بۆیه ئه‌وه‌ی كه تاوه‌كوو ئێستا بوونی هه‌یه، "ستراتیژیی ئاسایشی حكوومییه"، نه‌ك "ستراتیژیی ئاسایشیی ده‌وڵه‌ت"؛ ئه‌م دوو چه‌مكه‌یش جیاوازییه‌كی ڕوونیان له‌گه‌ڵ یه‌كتری هه‌یه و، ئاسایشی یه‌كه‌میان له‌ژێر و خواره‌وه‌ی ئاسایشی دووه‌میانه. هه‌روه‌ها چاره‌نووسی پرسی "چاكه‌ی گشتی"، زه‌مینه‌ی هاتنه‌ئارای له ده‌ره‌وه‌ی ئاسایشی ده‌وڵه‌ت ناڕوون و نا-گشتی یاخود تایبه‌ته.
كۆبه‌ند:
ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، له ساده‌ترین پێناسه‌یدا موماره‌سه‌كردنی مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی گه‌لی كوردستانه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی، له ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌وه. لێره‌دایه‌كه ئه‌م پرسه، جیاده‌بێته‌وه له‌هه‌موو پرس و بابه‌ته‌كانی تری جێگه‌ی ناكۆكی و مشت‌ومڕ، كه ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته ئاسایییه‌كانه‌وه. بۆیه سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌م ئامانج و هه‌م ئامرازی پاراستنی ناسنامه و به‌رژه‌وه‌ندی و به‌ها نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی گه‌لی كوردستانه. به‌م پێیه‌یش ئه‌م ڕیفراندۆمه به ستراتیژیی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی گه‌لی كوردستان داده‌ندرێت.
بۆیه بۆ مانه‌وه و به‌رده‌وامیی ماددی و ناسنامه‌ییی كورد و ده‌سته‌به‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی (وه‌كوو پاراستنی خاك و ئازادی و خۆشگوزه‌رانی و دادپه‌روه‌ری و...)، پێویسته كورد خاوه‌ن "سه‌روه‌ری" بێت. ئه‌مه‌یش به‌پێی هه‌موو ڕوانگه زانستی و تیۆرییه‌كان و، له لایه‌كی تره‌وه ئه‌زموونه مێژوویییه‌كان و ڕووداو و گۆڕانكارییه‌كان ناكرێت، به‌بێ هه‌بوونی ستراتیژییه‌كی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، كه له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا خۆی له ڕیفراندۆمدا ده‌بینێته‌وه.
له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، هه‌م قۆناغ و بارودۆخه‌كه هه‌ستیاره و، هه‌میش پرس و بابه‌ته‌كه له گرنگترین ئه‌وله‌وییه‌ته ئاسایشییه‌كانی گه‌لی كوردستانه، كه له چوارچێوه‌ی "ئاسایشی بوونناسانه"دا پێناسه ده‌كرێت. بۆیه هه‌موو پرس و بابه‌ته‌كانی تر، له‌پاش ئه‌م پرسه و له خواره‌وه‌ی هه‌ستیاریی ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ن. ئه‌مه‌یش بۆ ڕزگاربوون له سه‌رچاوه‌ی ئاسایشی ئێستا كه ده‌وڵه‌تی عێراقه و، خۆی سه‌رچاوه‌ی نا-ئاسایشییه بۆ بوون و مانه‌وه و ناسنامه و به‌رژه‌وه‌ندی و به‌هاكانی گه‌لی كوردستان و، له لایه‌كی تریشه‌وه بۆ به‌سه‌رچاوه‌كردنی ئاسایشی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان.
|