ڕووداوێکی مێژوویی
لە ڕۆژی ١٧/٧/٢٠١٧، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئامادەبوونی هەر پازدە ئەندامەکەی، دەربارەی عێراق کۆبوونەوە. نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان "يان کوبيش" (JánKubiš)بۆ عێراق، لەوێ ئامادەبوو و، کورتەیەکی لەسەر ئەو ڕووداو و کار وچالاکییانەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشکرد. پێشتر لە ڕۆژی ١١/٧/٢٠١٧ ئەمینداری گشتی لە ڕێگهی نوێنەرە تایبەتەکەیەوە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەڵی لەسەر ڕووداوەکانی عێراق و کوردستان نووسیبوو. ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەندێك تێڕوانینی بۆ داهاتووی عێراقیش ئاراستەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش کرد. پێش ئەم دانیشتنە بە سێ ڕۆژ لە ١٤/٧/٢٠١٧، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە (٢٣٦٧)ی دەرکرد. هەروەها ڕۆژێك پێشتر لە ١٣/٧/٢٠١٧ ئەنجومەنی ئاسایش ڕاگەیهندراوێکی ڕۆژنامەوانیی بە بۆنەی ڕزگاربوونی شاری مووسڵ لە دەستی داعش، دەرکرد. هەروەها لە ڕۆژی ١٠/٧/٢٠١٧، ئەمینداری گشتی ڕاگەیاندراوێکی تری ئاراستەی جیهان کرد سەبارەت بە ڕزگاربوونی مووسڵ.
شایەنی گوتنە، لە دانیشتنەکەی ١٧/٧/٢٠١٧ و بڕیارەکەی ١٤/٧/٢٠١٧ و ڕاپۆرتەکەی ١١/٧/٢٠١٧ باس لە کوردستان کرا، بەڵام لە هەردوو ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆژی ١٣/٧/٢٠١٧ و ١٠/٧/٢٠١٧ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئاماژە بە کوردستان نەکراوە. بابەتەکان بۆ ئێستا و داهاتووی هەرێمی کوردستان گرنگ و هەستیارن، پێویستە بایەخی زیاتری پێ بدرێت نەك تەنها لە دەزگاکانی ڕاگەیاند، بەڵکوو پێویستە ناوەندە سیاسی، ئەکاديمی و هزرییەکانیش گرنگیی تەواوی پێ بدەن. هەندێك لە ڕاگەیاندنەکان بابەتەکەیشیان بە لاڕێدا برد. هەموو بابەتەکەیان لەسەر هەڵوێستی نوێنەری سوید لە ئەنجومەنی ئاسایش چڕ کردەوە، لە کاتێكدا ئەم بابەتانەی سەرەوە شایەنی شرۆڤە و خوێندنەوەیەکی بەرفراوانتر بوو. بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، پرسی ڕيفراندۆمی هەرێمی کوردستان خرایە بەر باسی دەزگهی هەرە بەتوانای جیهان، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ كهتەنیا دەزگهی دەوڵەتان نییە بەڵکوو بڵندگۆی "کەڵە"دەوڵەتەکانە.
لە هەفتەی ١٠-١٧ی مانگی ٧ی ساڵی ٢٠١٧، گەورە دەزگهکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پرسی عێراق و کوردستانیان خستە بەرباس و بيرکردنەوە. ئێمە لێرەدا، هەوڵدەدەین خوێندەوەیەك بکەین بۆ هەڵوێستەکانی وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پرسی هەستیاری ڕيفراندۆمی کوردستان و پەیوەندی بە عێراقەوە، کە لەو هەفتەیەدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ باسکران.
دانیشتنەکەی ١٧/٧/٢٠١٧ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان
بە ئامادەبوونی گشت ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش و ئامادەبوونی نوێنەری بەردەوامی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، "يان کوبيش" لە ڕۆژی ١٧/٧/٢٠١٧ دهستی كرد بە دەرخستنی نوێترین ئەو تەحەددییانەی کە لە داهاتوودا بەرەوڕووی عێراق دەبێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە، نوێنەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و، هەروەها لە هەمان کاتدا سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ یارمەتیدانی عێراق، کە بە يونامی (UNAMI)ناسراوە، سێ بابەتی خستە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش: بابەتی یەکەم پەیوەندیی بە دوای ڕزگارکردنی مووسڵهوه هەبوو: ئاوەدانکردنەوە، ئاوارەکانو تۆڵەسەندنەوە لە کەسوکاری داعشەکان. بابەتی دووەم پەیوەندی بە دواکەوتنی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگهکانی عێراقەوە هەبوو. سێیەم بابەت کە زۆر گرنگە بۆ ئێمەی کوردستانی، خستنەڕووی پرسی ڕیفراندۆمە لە بەرزترین دەزگهی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
ئەم پرسەی سێیەمە، پێویستیی بە شرۆڤە و بيروردییەکی تەواوە. گوتەکانی "یان کوبيش"تەنیا کورتکراوەی گرنگترین ئەو خاڵانە بوون کە لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەڵدا لە (١٦) لاپەڕەدا بەدرێژی باسی لە ڕووداوەکانی سێ مانگی پێشوو دەکرد. ڕاپۆرتەکە لە ڕۆژی ١١/٧/٢٠١٧ لە لایەن ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایش کراوە. پرسی ڕيفراندۆمی کوردستان لە بابەتە گرنگەکانی ئەم ڕاپۆرتەن. ڕاپۆرتەکە زۆر بەدرێژی باسی لە چۆنێتیی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردووە و، هەروەها ئاماژەی بە چۆنێتیی دەرچوونی بڕیاری ڕيفراندۆم و کاردانەوەکان کردووە.
لێرەدا، پێویست ناکات هەموو ئەو خاڵانە ڕوون بکەینەوە کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە. زۆربەی ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەدا نووسراوە بریتییە لە دەرخستنی ڕووداوەکان، بێ ئەوەی ئەمینداری گشتی خوێندەوەی بۆ بکات. ئەوەی گرنگە با بزانین ڕای ئەمینداری گشتی سەبارەت بە ڕيفراندۆم چییە؟ هەروەها با بزانین ڕای دەوڵەتانی خاوەن کورسی لە هۆڵی ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی ڕيفراندۆم چی بووە؟
لە کۆتاییی ڕاپۆرتەکەیەدا، ئەمینداری گشتی چەندین تێبینیی دەرخستووە. سێ لەو تێبینییانە، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە: لە تێبینیی یەکەمدا، داوا لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە ميکانیزمەکانی هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە، بەتایبەت لە پارێزگهی نەینەوا و شارۆچکەی شنگال، باشتر بکەن. هەروەها لە تێبینیی دووەمدا، بانگهێشتی هەردوو لایەنی حکوومەتی فيدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان ڕێوشوێنی توند بگرنە بەر؛ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی، داوای دایەلۆگیان لێ دەکات. هەروەها ئەمینداری گشتی بەڕاشکاوانە دەڵێت: "جەنگی دژی داعش گشت پرسەکانی دەرخست کە لە ڕابردوودا کەڵەکە ببوون." هەر لە ڕوانگەی ئەمینداری گشتییەوە، ئەگەر ئەم پرسانە بە دیالۆگ چارەسەر نەکرێن، لەوانەیە قەیران، ململانێ و تێکچوونی سەقامگيری و ئاسایشی لێبکەوێتەوە. گرنگترین ئەو پرسانەی کە ئەمینداری گشتی ئاماژەی بۆ کردوون، بریتین لە سنووری ناوچە جێناکۆکەکان و جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستوور بە تایبەتی لە کەرکووک، ڕيفراندۆمی سەربەخۆیی، هەروەها گەڕاندنەوەی ئاوارەکان. هەروەها دەڵێت: "هەنگاوە تاكلایەنەکان، ئەوانەی کە لەگەڵ دەستوور و یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ناگونجێن، لەوانەیە دۆخەکە ئاڵۆزتر بکات و بگات بە قەیران و، لەوانەیە گرووپە توندڕەوەکان دەربکەونەوە." لێرەدا، ئەمینداری گشتی نەیویستووە پرسی ڕيفراندۆم بە تەنیا باس بکات؛ بە چەند بابەتێکی ترهوه گرێی داوە، کە جێبەجێنەبوونی ئەو پرسانە تەنیا پەیوەندیی بە حکوومەتی بەغداوە هەیە. ئەم قسانەی سەرەوە،تەنیا لە سۆنگەی ئەمنییەوە كراون؛ دەیەوێت بە هەموو شێوەیەك هەرێم و عێراق، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان پێکەوە دانیشن. هەروەها ئەمینداری گشتی داوای لە دامودەزگه پەیوەندیدارەکانی عێراق کردووە کە بە زووترین کات یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی (مجلس الاتحاد) و یاسای چۆنێتیی دابەشکردنی داهاتەکانی عێراق دەربکەن، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پێگەی هەرێمی کوردستانهوه دەبێت.
ئەوەی شایەنی گوتنە، تێبینییەکی تری ئەمینداری گشتی، تایبەت کراوە بە پرسی ڕيفراندۆم. ئەمینداری گشتی، زۆر زیرەکانە لە نێوان ئەنجامدان، یان ڕاگرتنی ڕيفراندۆمدا بێلایەنی هەڵدەبژێرێت. ئەمینداری گشتی دهڵێ: "لەژێر ڕۆشناییی ئەم پرسانە، من سهبارهت به نیازی ڕاگەیهندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەندێك دەسەڵاتی لۆکاڵ کە ڕيفراندۆم ئەنجامدەدەن، نەك تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکوو لە ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بە کەرکووکیشهوه، زانیاریم وەرگرتووە (take note). هەروەها زانیاریم وەرگرتووە سهبارهت به ڕاگەیەندراوی سەرۆكوەزیران، حەیدەر عەبادی، کە کاتی ڕيفراندۆمەکە گونجاو نییە، هەروەها ڕێزی هەیە بۆ هەر بۆچوونێك کە پارێزگهکان هەیانە. ئەو ڕەوتە ئیجابییە هاوبەشەی کە دژی داعش دروستبوو، هەروەها ئەو دەسکەوتە بەنرخانەی کە لە ئەنجامی ئەو قوربانییە گەورانەوه هاتنه دی، لەوانەیە بکەونە مەترسییەوە، ئەگەر دایەلۆگێکی ئامانجدار لە نێوان بەغدا و هەولێردا نەبێت. ئەم دایەلۆگە، پێویستە بە زووترین کات ئەنجام بدرێت. بە هەموو شێوەیەك هیوادارم کە هەردوو لایەن پابەند بن بەو ئامانجە ڕاگەیهندراونەیان، بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری ئەو پرسانەی هەڵپەسێردراون، لە ڕێگهی وتووێژێکی بنیاتنەرهوه."
ئەگەر بەوردی ئەو دەقەی سەرەوە بخوێنینەوە، دەتوانین چەند خاڵێكمان بۆ ڕوون بێتەوە:
یەکەم: ئەمینداری گشتی، تەنیا دەڵێت زانیاریی وەرگرتووە؛ هیچ دەربڕینێکی نە ئیجابی، نە سلبیی نەبووە لەسەر ڕيفراندۆم. ڕێکخراوێك کە پاراستنی یەكپارچەییی خاك یەكێك بێت لە ئامانجەکانی، ئهمه خاڵێکی ئیجابییە بۆ کوردستان. ئەمینداری گشتی، ئیدانەی ڕيفراندۆمی نەکردووە و بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ دای نەناوە؛ هەروەها داوای لە وڵاتان نەکردووە کە بەرامبەر ڕيفراندۆم هەڵوێست وەرگرن.
دووەم: ئەمینداری گشتی باس لە ڕيفراندۆم دەکات لە چوارچێوەی عێراقدا و، بە پرسێکی ناوخۆی عێراق بۆ پرسی ڕيفراندۆم لێی دەڕوانێت، بەڵام دوو قەوارەی جیاواز هەن، کە هەردوو قەوارەكه جێی بایەخی ئەمینداری گشتین. لە لایەکی ترەوە، ئەگەر پرسێکی ناوخۆیی بێت، بۆچی ئەمینداری گشتی دەستلە کاروبارێکی ناوخۆییی عێراقی وەردهدات؟ ئەنجومەنی ئاسایش باش لەو هەقیقەتە تێگەیشتوون کە گۆڕانکارییەك لە نەخشەی سیاسیی عێراق و ناوچەکەدا بەڕێوەیە. ئەم گۆڕانکارییانەیش خۆی لە خۆيدا ڕەهەندێکی نێودەوڵەتییان دەبێت؛ بۆیە هەر لە ئێستاوە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەسازییەكی دەروونی دەکەن و، داوادەکەن هەر گۆڕانکارییەك ڕوو بدات بە ڕێگهی دانوستاندن چارەسەر بکرێت.
سێیەم: هەموو هەوڵەکانی ئەمینداری گشتی بۆ دروستکردنی دانوستان و دایەلۆگە لە نێوان هەولێر و بەغدا. لێرەدا دەستەواژەیەکی گرنگ بەکاردێنێت، ئەویش "ئامانجە ڕاگەیندراوەکان"ە؛ ئێستا ئامانجی ڕاگەیاندراوی کوردستان ئەنجامدانی ڕيفراندۆمە و، دواتر ئامانجی ڕاگەیاندراو، دەبێت بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی. لە هەموو دۆخەکاندا ئەمینداری گشتی، "هیوادارە" کە هەموو پرسەکان لە ڕێگهی وتووێژێکی بنیاتنەر ئەنجام بدرێت. وتووێژی بنیاتنەر، دەکرێت لەسەر پرسی سەربەخۆییی کوردستانیش ئەنجامبدرێت.
چوارەم: ئەمینداری گشتی، تەنیا لە تێڕوانینێكی ئەمنییهوه بۆ پرسی ڕيفراندۆم دەڕوانێت؛ هەموو ئامانجەکەی ئەوەیە کە ڕيفراندۆمی کوردستان، نەبێت بە کێشەیەکی نوێ، یان ململانێیەکی نوێ لە عێراق و ناوچەکە. ئەمینداری گشتی، نە بە چاوی مافی بڕیاردانی چارهنووسی گەلان باسی ئەم بابەتەی کردووە، نە بە چاوی پاراستنی یەكپارچەییی خاکی عێراق ئەو پرسەی ورووژاندووە. لەم قۆناغەی ئێستادا، پێویستە هەموو هەوڵە ديپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە بێت کە بیسەلمێنێت ڕيفراندۆمی سەربەخۆیی نابێت بە هەڕەشە بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
ئەم چەند ڕستەیەی ئەمینداری گشتی بەوردی نووسراون و، تا ڕاددەیەکی زۆر بێلایەنیی هەڵبژاردووە و، هاوسەنگیی نێوان دەوڵەتی عێراق (دەوڵەتی بنیاتنەری نەتەوە یەکگرتووەکانە لە ساڵی ١٩٤٥) و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی پاراستووه، کە بەفەرمی بەشێکە لە عێراق و دەوڵەتی ڕانەگەیاندووە و، هێشتا هیچ نوێنەرێکی لە هيچ دەزگهیەکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نییە. ئەگەر سەرنج بدەین، ئەم ڕاپۆرتەی ئەمینداری گشتی، هەموو ڕاگەیەندراوەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراقی زۆر بهوردی و وشە بە وشە، گەیاندووە بە ئەنجومەنی ئاسایش. بۆیە، دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆر بەوریایییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی ڕيفراندۆم و سەربەخۆیی بکەن. لە تێبینییەکەی سەبارەت بە ڕيفراندۆمی کوردستان،تەنیا ئاماژەی بە هەڵوێستی حەیدەر عەبادی کردووە،كهچی ئاماژهی به هیچ هەڵوێست و کاردانەوەکانی تری ناوخۆیی و دەرەکی نەکردووە. ئەو گوتانەی سەرۆكوەزیرانی عێراقی، حەیدەر عەبادی، کە لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کردوون، دژی بنەمای ڕيفراندۆم نین، بەڵکوو وا دەردەکەوێت کە سەرۆكوەزیران کێشەی لەگەڵ کاتی ڕيفراندۆمەکەدا هەبێت. پێدەچێت ئەمینداری گشتی، بەمەبەست ئاماژەی بەم ڕستەیەی سەرۆكوەزیرانی عێراقی کردبێت.
کاردانەوەی وڵاتان لەناو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان
با بزانین ڕای دەوڵەتانی خاوەن کورسی لە هۆڵی ئەنجومەنی ئاسایش،لەبارەی ڕيفراندۆم چی بووە؟ هەروەک باسمان کرد، لە ڕاپۆرتەکەی ١١/٧/٢٠١٧ و لە دانیشتنەکەی ١٧/٧/٢٠١٧، پرسی ڕيفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان خرایە پێش چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. لە دانیشتنەکەدا نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی و هەر پازدە ئەندامەکەی ئەنجومەن (٥ ئهندامی هەمیشەیی و ١٠ ئەندامی کاتی) دانیشتبوون و ئامادەبوون، بەم شێوەیە: ئەمریکا، فەڕەنسا، بریتانیا، چین، ڕووسیا، بۆلیڤیا، میسر، ئيسيوپیا، ئیتاڵيا، ژاپۆن، قهزاقستان، سينيگال، سويد، ئۆکراینا، ئۆرۆگوای؛ عێراقیش ئامادەبوو، لەبەرئەوەی وڵاتی پەیوەندیدارە. لە دانیشتنەکەدا "یان کوبیش" قسەی خۆی کرد، هەروەکوولەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کردووە. ڕيفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان، تەوەرێك بوو لە تەوەرەکانی گوتارەکەی. ئەم دانیشتنە بە کۆنووسێکی ئەنجومەنی ئاسایش تۆمار کراوە و، نزیکەی (٩) لاپەڕە دەبێت.تەنیا سێ دەوڵەتی ئەندام،دەربارەی گوتەکانی "یان کوبيش" قسە دەکەن، ئەوانیش: ئۆرۆگوای، بۆلیڤیا و ئۆکراینا بوون. هەروەها عێراقیش لە کۆتاییی دانیشتنەکەدا گوتاری خۆی پێشکەش کرد. شایەنی گوتنە، هیچ لەو سێ دەوڵەتەی سەرەوە، باسیان لە پرسی ڕيفراندۆم نەکردووە.
نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، یان کوبيش، زۆر بەڕاشکاوانە پرسیاری ڕيفراندۆمی لە پێش ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش خوێندەوە: "ئایا دەخوازی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟" ئهم پرسیاره، بە هەر شەش زمانە فهرمییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەڕگێڕدراوە، کەچی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش، لەسەر ئەم پرسە هەر بێدەنگییان هەڵبژارد. ئۆکراینا، خۆی بە قوربانیی دەستی ڕيفراندۆمی کریمیای ساڵی ٢٠١٤ دەزانێت، کە زۆربەی خەڵکی کريمیا ڕووسیایان هەڵبژارد؛ کەچی ئۆكراینا، سەبارەت بە ڕيفراندۆمی کوردستانبێدەنگ بوو.
دەزگهیەکی ڕاگەیاندنی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە هەمان ڕۆژی دانیشتنەکە هەواڵێکی بڵاوکردەوە کە گوایە نوێنەری سويد لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ڕيفراندۆم بووە. ئەم هەواڵە بەشێواوی خرایە بەردەم خەڵکی کوردستان. من نازانم ئەم هەواڵە تا چەند ڕاستە، بەڵام ئایا مهنتقییه وڵاتێکی وەكوو سوید،كه لووتکەی ديموکراسی و ئازادییە، دژی ئامرازێکی ديموکراسیی وەکوو ڕيفراندۆم بێت؟ لە هەمان کاتدا، ئەگەر سوید دژ بووایە، دەبوو لە دانیشتنەکەدا گوتاری خۆی بدایە. وەکوو لە کۆنووسەکەدا دیارە، سوید دوور و نزیك لە دانیشتنەکەی (١٧/٧/٢٠١٧)دا هیچ هەڵوێستێکی نەنواندووە. دەوڵەتان لە دەربڕینی هەڵوێستی خۆیان لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی ئاسایشدا ئازادن، بهڵام پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی و چۆن نوێنەری سوید لە دانیشتنەکە دێته دەرەوە و، لە پێش تەنیا دەزگهیەکی ڕاگەیاندنی کوردستانی، هەڵوێستێکی ئاوا توند دژی ئیرادەی میللەتێك دهنوێنێت؟
نوێنەری عێراق کە لەوێ دانیشتبوو و لە بهردهمیدا پرسیاری ڕيفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان دەخوێندرایەوە، هەڵوێستی ڕاستەوخۆی دژی وەرنەگرت. عێراق جەختی لەوە کردەوە کە دەوڵەتێکی فيدراڵە، یەكە و یەکگرتووە، سەربەخۆیە، خاوەنی سەروەریی تەواوی خۆیەتی و لە سەر بنەمای دەستوورێکی ديموکراسی و فیدراڵی بنياتنراوە، کە لە ساڵی ٢٠٠٥دا ڕیفراندۆمی میللی و شەفاف و ديموکراسیی بۆ ئەنجام دراوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق لەسەر بەهای هاووڵاتیبوون و هاوبهشی، دامەزراوەکانی بەڕێوە دەبات، هەروەها نوێنەری عێراق دەڵێت بەشداریی سیاسیی فیعلیی هەموو پێکهاتەکان، لە دەسەڵاتەکان و لە وەزارەتەکاندا بوونیان هەیە. عێراق وەڵامێکی ناڕاستەوخۆی ئاراستەی ڕيفراندۆمی سەربەخۆیی کرد، بەڵام عێراق دەیتوانی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕاشکاوانە دژی ڕيفراندۆم بوەستێتەوە، كهچی نەیکرد. عێراق دەیتوانی لە سۆنگەی بنەمای یەكپارچەییی خاکی وڵاتەکەی، بەرەوڕووی سەربەخۆییی کوردستان بێتەوە، بەڵام ئەم هەڵوێستەی لە ئەنجومەنی ئاسایش ڕانەگەیاند.
کەواتە، نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی، ویستی پرسی ڕيفراندۆم بخاتە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی ئاسایشهوه، بەڵام وڵاتان بێدەنگییان هەڵبژارد. با بزانین کاریگەری و پێگەی ئەم بێدەنگییە چییە؟ لێرەدا بە چەند خاڵێك، هەوڵدەدەین هۆکاری ئەو بێدەنگییە بخەینە ڕوو:
یەکەم: بابەتی ڕاگەیاندنی ڕيفراندۆمی کوردستان، بابەتێکی نوێیە لە سەر شانۆی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. دەوڵەتان نایەنەوێت لەناو ئەنجومەنی ئاسایش زوو هەڵوێست وەرگرن، تاوەکوو بيردەکەنەوە و شرۆڤەی تەواوی بۆ دەکەن. لەوانەیە لە دانیشتنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی ئاسایشدا هەڵوێستی خۆیان دەربڕن.
دووەم: دەوڵەتان لەم پرسە هەستیارانەدا، چاوەڕێی هەڵوێستی دەوڵەتی پەیوەندیدار دەکەن. لێرەدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر بەوردی چاودێریی هەڵوێست و هەڵسوکەوتەکانی عێراق دەکەن. تاوەکوو عێراق هەڵوێستێکی ڕوونی سەبارەت بە ڕيفراندۆم نەبێت، دەوڵەتان ناتوانن لە خۆیانەوە هەڵوێستیان هەبێت. ئەگەر عێراق ڕازی بێت بە ڕيفراندۆمی سەربەخۆیی، دەوڵەتانی جیهان هیچ پاساوێکیان نامێنێت بۆ دژایەتیکردنی ڕيفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان.
سێیەم: ڕهنگه هەندێك دەوڵەت پرسی ڕيفراندۆمی کوردستان بە بابەتێکی ناوخۆیی تێ بگەن، هەربۆیە نایەنەوێت لە کاروباری عێراق و کوردستاندا دەستێوەردان بکەن.
چوارەم: لە هەموو ئهو خاڵانەی سەرەوە گرنگتر، پرسی ڕيفراندۆم بابەتێك نییە کە هەڕەشە بێت بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، بۆیە پێویست ناکات ئەنجومەنی ئاسایش، کە ئەرکەکەی پاراستنی ئاشتی و ئاسایشە، دەستێوەردان بکات. ئەگەر پرسەکە بوو بە هەڕەشەیەك بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەوا ئەنجومەنی ئاسایش ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت. بە واتایەکی تر، بۆ هەندێك دەوڵەت، پرسی ڕيفراندۆم پرسێکی هەڕەشە ئامێز نییە؛ پێویست بە کاردانەوە ناکات.
پێنجەم: لەوانەیە ئەم بێدەنگییەی هەندێك دەوڵەت، نیشانەی ڕازیبوون بێت بە ڕيفراندۆم؛ بێدەنگی، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا واتای تایبەتی خۆی هەیە. دەوڵەتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش، سێ بژاردەیان لە کاتی دەنگدان هەیە: دەتوانن بڵێن "بەڵێ"، دەتوانن "دژ" بن، و دەتوانن "بێدەنگ" بن. بێدەنگی، واتا دژی پرسەکە نییه، بەڵام لەبەرهۆیەکی تایبەت بە دەوڵەتەکە، بە "بەڵی" دەنگ نادات، یان نایهوێت پەیوەندیی خۆی لەگەڵ دەوڵەتێکی دژ بخاتە مەترسییەوە. هێشتا پرسی سەربەخۆییی کوردستان نەکەوتۆتە ناو گەمەی دەنگدانی ئەنجومەنی ئاسایش، بەڵام ڕۆژێك لە ڕۆژان، ئەگەر پرۆسەی ڕيفراندۆم و سەربەخۆیی سەرکەوت، ئەوا ئامادەسازیی ديپلۆماسی پێویستە، بۆ بوونە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
شەشەم: هەندێك دەوڵەت، لە دەرەوەی ئەنجومەنی ئاسایش هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاندووە کە لەگەڵ یەكپارچەییی خاکی عێراقن. ئەم دەوڵەتانە، نەیانویستووە لەناوەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەمان هەڵوێست دووبارە بکەنەوە. شایەنی گوتنە، هەڵوێستوەرگرتن لە دەرەوەی ئەنجومەنی ئاسایش، زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەوەی لەناو ئەنجومەنی ئاسایش وهردهگیرێت. هەڵوێستی ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن بەهێزترن و، ئاراستەی دەوڵەتانی زلهێز و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت. ئەو هەڵوێستەی کە لەناو ئەنجومەنی ئاسایش ڕادەگەیەنرێت، بۆ مێژوو تۆمار دەکرێت و، هەر گۆڕانکارییەك لەو هەڵوێستە، کاریگەری دهكاته سەر پێگە و ناوبانگی ئەو دەوڵەتە. لەوانەیە هەندێك دەوڵەت نەیانویستووە لە هۆڵی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دژایەتیی خۆیان بۆ ڕيفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان ڕابگەیەنن، نەوەك ڕۆژێك دابێت و ئەو وڵاتە دژە، شانبەشانی دەوڵەتی کوردستان، لەسەر یەك مێز لە ژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکان دابنیشنەوە. دەوڵەتان پێش ئەوەی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا هەڵوێستیان هەبێت، بير لە هەموو ئەگەرێك دەکەنەوە. لەوانەیە یەکێك لە ئەگەرەکانی داهاتوو، بریتی بێت لە بەئەندامبوونی کوردستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان.