سەربەخۆیی و ئابووری و سيندرۆمی لۆمباردی

سيندرۆمی لۆمباردی

لۆمباردی، هەرێمێکە لە باکووری ئیتاڵیا و، یەكێکە لە هەرێمە دەوڵەمەندەکانی ئیتاڵیا و ئەوروپا. وشەی سيندرۆم، وشەیەکی بواری پزیشکییە. ئەگەر ئەم وشەیە لە بواری کۆمەڵایەتی، یان سیاسیدا بەکاری بێنین بریتییە لە کۆمەڵێك نیشانە و ڕەفتار، كه‌ کاریگەرییان لەسەر کەسێك، کۆمەڵە کەسێك یان کۆمەڵگەیەك هەیە. ئەم نیشانە و ڕەفتارانە، گرێدراون بە ڕووداوێك، ناخۆشییەك، نەخۆشییەك یان هەر پرسێکی تر.

زاراوەی "سيندرۆمی لۆمباردی" لە لایەن پرۆفيسۆری فەڕەنسی "ستێفان ڕۆزیێير" (Stéphane Rosière)، پسپۆر لە بواری جيۆپۆلیتیك داهێنراوە. لە ڕوانگەی ئەم پرۆفيسۆرەوە، مەبەست لە سيندرۆمی لۆمباردی ئەوەیە، کاتێك پرسی سەربەخۆیی تێکەڵ بە پرسی ئابووری دەکرێت. بە واتایەکی تر، ڕەهەندی ئابووری، یان دارایی، کاریگەری لەسەر پرسی سەربەخۆیی دروست بکات. جووڵانەوەیەك لە هەرێمی لۆمباردی هەیە، کە بۆ سەربەخۆبوون، یان ئۆتۆنۆمیی زیاتری ئەم هەرێمە لەسەر بناغەی ئابووری، کار دەکات. ئیتاڵییەکانی دژی ئەم جووڵانەوەیە، هەر  بە هەمان زمانی ئابووری و دارایی وەڵام دەدەنەوە؛ هەرچەندە پرسێکە پەیوەندیی بە چارەنووسی گەلێکەوە هەیە. لە ڕاستیدا، هەرێمی لۆمباردی لە چاو بەشەکانی تری ئیتاڵیا، ناوچەیەکی زۆر دەوڵەمەندە. دانیشتووانی لۆمباردی، نە لە ڕووی نەتەوەیی، نە لە ڕووی ئایینی و نە لە ڕووی ڕەچەڵەكەوە، جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ ئیتاڵییەکان نییە. ئەوەی خەڵکی لۆمباردی لە ئیتاڵییەکان جیا دەکاتەوە، دەوڵەمەندیی ناوچەکەیە. سيندرۆمی لۆمباردی تەنیا تایبەت نییە بەم هەرێمەی ئیاڵیا، بەڵکوو ئەم سيندرۆمە ناوچەی تریشی گرتۆتەوە کە هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن، بۆ نموونە: کەتەلۆنیا و سکۆتلاندا.

ئەوديوی ڕیفراندۆم: سەربەخۆیی، یان ئابووری؟

هەندێك تێڕوانین دروست بووە، پرسی ڕاگەیاندنی دەوڵەت، یان دژایەتیی ڕاگەیاندنی دەوڵەت بە پرسێکی تەنیا نەتەوەیی و نیشتمانی نابینن، بەڵکوو بە پرسێکی ئابووری تێی دەگەن. هەندێك بيرمەندی ئەوروپی، ڕایان وایە کە پاڵنەری هەندێک جۆری سەربەخۆیی، ئابوورییە نەك نەتەوەیی و ڕەچەڵەکی؛ یان بەپێچەوانەوە، هۆکاری هێشتنەوەی زۆره‌ملێیانه‌ی هەرێمێك لە چوارچێوەی دەوڵەتێكدا، بە چاوێکی تەنیا ئابووری تەماشای دەکەن. پێش سەد ساڵ، گرنگترین هۆکاری لکاندنی هەرێمی کوردستان بە عێراقەوە کشتوكاڵ و نەوتی کوردستان بوو.

شاراوە نییە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ ئابووریی کوردستان هەستانەوەیەکی سەرنجڕاکێشی بەخۆیەوە بینی. خۆشگوزانییەکی تا ڕاددەیەك باش، ڕووی لەم هەرێمە کرد. داهاتی تاك لە هەرێمی کوردستان، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و عێراقیش، به‌رزتر بوو. کۆمپانیا و سەرمایەدارانی جیهان، تاوەکوو ساڵی ٢٠١٤ ڕوویان لەم هەرێمە کردبوو. هەروەک دیارە، لەو ساڵەدا چەندین كێشەی گەورەی ئابووری بەرۆکی ئابووریی کوردستانی گرت، کە گرنگترینیان بریتی بوو له‌: بڕینی بەشە بوودجەی کوردستان لە لایەن بەغداوە، جەنگی نەگریسی داعش و هاتنی بەلێشاوی ئاوارە و لێقەوماوەکان، کە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر بەرز کردەوە.

بەرامبەر بە بڕینی بوودجە، هەرێمی کوردستان کاردانەوەیەکی نواند: بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هەرێم، بەفەرمی و تاكلایەنانە نه‌وتی هه‌نارده‌ كرد. لە هەمان کاتدا، نرخی نەوت لە جیهان تووشی دابەزينێکی توند بووەوە و، هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی ئابووری هات.

لە سەرەتای هەناردەکردنی نەوته‌وه‌ لە لایەن هەرێمی کوردستان، باس لە سەربەخۆییی ئابووری دەکرا. ئەم بابەتە بەڕاستی بە شێوەیەکی باش تيۆریزە نەکرا، لەبەر چەند هۆکارێك: کوردستان و عێراق هەر لە ١٩٩١ەوە تا ئەمڕۆ، دوو ئابووریی جیاواز بوونە. لە نێوان ساڵی ١٩٩١ تا ٢٠٠٣، ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق لێك دابڕابوون و جیاواز بوون. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام، هەوڵێک درا کە هەر دوو ئابوورییەکە یەك بخرێتەوە؛ بۆ نموونە یەكخستنەوەی دیناری عێراقی. لە نێوان ٢٠٠٥ تا ٢٠١٤ ئابووریی هەرێمی کوردستان تۆکمەتر و بەهێزتر بوو لە عێراق؛ کەواتە هەر دوو ئابوورییه‌كه‌ بەبەردەوامی جیاواز بوون. شایەنی گوتنە، لە دوای هەناردەکردنی تاكلایەنەی نەوت لە ساڵی ٢٠١٤، هەرێمی کوردستان بەتەواوی "جیابوونەوەی ئابووری"ی خۆی بەرامبەر ئابووریی عێراق، نەك سەربەخۆییی ئابووری، ڕاگەیاند. زاراوەی سەربەخۆیی، قورسە بەکار بێت، چونکە هێشتا هه‌رێمی كوردستان سەربەخۆییی سیاسی و یاساییی خۆی ڕانەگەیاندووە. لە زۆر شوێندا سێبەری سەروەریی عێراق بەسەر مامەڵە بازرگانییه‌كانەوە، هەر دەمێنێتەوە؛ بۆ نموونە زۆر قورسە هەرێمێك چەك بكڕێت. لە ڕووی واقعییەوە، ئێستا لە سەردەمی بەجیهانبووندا دەژین؛ مەحاڵە ئەمڕۆ دەوڵەتێكی زلهێزی ئابوورییش، بتوانێت بڵێت کە ئابوورییەکەی سەربەخۆیە. زۆر وڵات هەیە، بوودجەی ساڵانەی خۆی لەسەر بناغەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دادەنێت؛ کەواتە سەربەخۆییی ئابووری، به‌ قسەیەکی خەیاڵی دەمێنێتەوە.

دوای ئەم هەموو قسەیەی سەرەوە، دەمانەوێت‌ بگەین به‌وه‌ی کە عێراق بەسەر دوو ئابووریی تەواو جیاواز دابەش بووە. لە دوای بڕینی بەشە بوودجە، جەنگی داعش، هاتنی ئاوارەکان و دابەزینی نرخی نەوت، ئابووریی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ عێراق زیاتر کێشەی ئابووریی بۆ ساز بووە. ئەم بەراوردکردنە لە ڕووی ئابوورییەوە، کاریگەریی لەسەر ڕێژەی دەنگدان بۆ سەربەخۆییی کوردستان هەیە. پێمان خۆش نییە ئەو قسەیە دەکەین، به‌ڵام ئەگەر لە ساڵی ٢٠٠٥ ڕێژەی سەرکەوتنی دەنگی "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی، لە سەرووی %٩٨ بوو، ئێستا چاوەڕوان دەکرێت ئەم ڕێژەیە گۆڕانکاریی بەرچاوی بەسەردا بێت. پرسی سەربەخۆییی کوردستانیش بەرەبەرە تێکەڵی سيندرۆمی لۆمباردی دەبێت. پێشتر هەموو کوردستانیان، لە خراپترین بارودۆخی ئابوورییشدا پاڵپشتی سەربەخۆییی کوردستان بوون، كه‌چی ئێستا جووڵانەوەیەك دژی ڕيفراندۆم و سەربەخۆیی دروست بووه‌، کە پێش باشبوونی بارودۆخی ئابووری لە ساڵی ٢٠٠٥، مەحاڵ بوو ئەم جۆرە جووڵانەوانەیە ببينرایە. گرنگترین پاساوی ئەم جووڵانەوە دژە-ڕيفراندۆم و سەربەخۆیییە، ئابوورییە. دەڵێن دوای سەرکەوتنی ڕيفراندۆم، لە برسان دەمرین؛ لەبەر ئەوەی سنوورەکان دادەخرێن، یان دەڵێن حکوومەت ناتوانێت مووچە بدات، یان خزمەتگوزاری پێشکەش بکات.

سيندرۆمی لۆمباردی، کاریگەری لەسەر خودی پرسیاری ڕيفراندۆم دروست دەکات. پرسیاری ئاساییی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەوەیە: "ئایا لەگەڵ سەربەخۆییدایت، یان دژی سەربەخۆییت؟" بەڵام کاتێك ئەم سيندرۆمە تێکەڵی پرسی سەربەخۆیی دەبێت، دەنگدەر بە شێوەیەکی تر بير لە پرسیارەکە دەکاتەوە: ئایا سەربەخۆیی بەرەو دەوڵەمەندیم دەبات، یان بەرەو هەژاریم دەبات؟

زۆربەی زۆری پاساوەکانی بەرەی "نەخێر"، لە پرسە ئابوورییەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە. پرسیارەکه‌یان بەم شێوە شێواندووە: "ئایا سەربەخۆیی دەخوازی، یان دەتەوێت لە برسان بمریت؟!" ئه‌وان جۆرە فۆبیایەك دروست دەکەن، کە لەژێر سێبەری دەوڵەتێکی نوێدا وڵات تووشی قاتوقڕی دەبێتەوە. گومانی تێدا نییە، سەربەخۆیی گۆڕانکاریی ڕيشەیی لە ئابووریی وڵاتە نوێیەکەدا دروست دەکات. ئەم گۆڕانکارییە، ترسێک لە دڵ و دەروونی سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکان دروست دەکات. ئەوان هەردەم لەگەڵ ئەوەدان کە بارودۆخ وەك خۆی بمێنێنتەوە بۆ ئەوەی زەرەری ئابوورییان بەر نەکەوێت.

تا نووسينی ئەو چەند دێڕە، بەرەی "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی، گوتارێکی ئەوتۆی بۆ داهاتووی ئابووریی کوردستان نییە. بۆ ئابووریی دەوڵەتی نوێی کوردستان، بەرچاوڕوونی پێویستە. لەبەر ئەوەی پرسی ئابووری و خۆشگوزەرانی، بووەتە بەشێك لە کەسایەتیی تاکی هەرێمی کوردستان، بۆیه‌ پێویستە هێڵه‌ گشتییەکانی داهاتووی ئابووری ڕوون بکرێتەوە. ئایا هەر پشت بە نەوت ده‌به‌ستین؟ ئایا گازی سروشتی دەبێتە داهات بۆ دەوڵەتی نوێی کوردستان؟ هاوبەشە ئابوورییەکانمان کێ دەبن؟ پلانی داهاتوو بۆ کشتوکاڵی کوردستان چی دەبێت؟ چی دەکرێت بۆ بەرەوڕووبوونەوەی گەندەڵی؟ لە ڕوانگەی ئابوورییەوە چەندین پرسیاری تر لە دڵی دەنگدەردا هەیە، ده‌بێ هەوڵ بدرێت بە گوتارێکی بەهێز وەڵام بدرێتەوە.

لە ئاستی دەرەوەیش، پێویستە بگوترێت كه‌ وڵاتانی دراوسێ و جیهان تەنیا بە چاوێکی ئاسایشی و سیاسییەوە له‌ پرسی سەربەخۆییی کوردستان ناڕوانن، بەڵکوو سەربەخۆییی کوردستان، پرسێکی ئابوورییشە بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان. سەربەخۆییی کوردستان ڕابگەیەنرێت، سنووری نێوان عێراق و تورکیا نامێنێت، یاریکەرێکی نوێ لە بواری نەوت و گاز دەکەوێتە بازاڕەکانی جیهان، سنووری کوردستان لە نێوان دوو دەوڵەتی خاوەن نەوت (عێراق و ئێران) و دوو دەوڵەتی بێنەوت (تورکیا و سووریا) دروست دەبێت؛ ئەوروپایش لەبەر نزیکی لە ناوچەکە، بە چاوێکی ئابووری بۆ ئەم پرسە دەڕوانێت.

سەربەخۆبوونی دەوڵەتە هەژارەکان و سەربەخۆبوونی دەوڵەتە دەوڵەمەندەکان

پرۆفيسۆر "ستێفان ڕۆزیێير"، پرۆسەی سەربەخۆیی لەسەر بناغەی ئابووری بۆ دوو جۆر پۆلین دەکات: سەربەخۆبوونی دەوڵەتە هەژارەکان، بۆ نموونە: کۆسۆڤۆ و باشووری سوودان و قەرەباخ؛ جۆرەکەی تریان سەربەخۆییی دەوڵەتە دەوڵەمەندەکانە، وەكوو: سکۆتلەندا، کەتەلۆنیا، باسك و وڵاتانی کەنداو. دەوڵەمەندیی ئابووریی هەرێمێك، خۆی لە خۆیدا بووه‌تە پاساوێکی بەهێز بە دەستی ئەو هەرێمانەی کە دەیانەوێت سەربەخۆیی وەرگرن.

دەتوانین بە شێوەیەکی تریش پۆلینی سەربەخۆیی بکەین: یەکەم، هەندێك هەرێم خۆیان بارگرانین بەسەر ئابووریی وڵاتەوە. ئەم وڵاتانە دەیانەوێت لەو بەرگرانییە ڕزگاریان بێت و، ئاسانکاری دەکەن بۆ جیابوونەوەی ئەو هەرێمە، هەروەکوو باشووری سوودان. کاتێك چیك و سلۆڤاکیا لە یەك جیابوونەوە، ئەم جیابوونەوەیە چیکییەکانی دڵخۆش کرد؛ لەبەر ئەوەی نەیاندەویست سلۆڤاکەکان بەخێو بکەن. ڕژێمی سەددامیش لە ساڵی ١٩٩١، لە هەرێمی کوردستان کشایەوە و بە هەموو شێوەیەك بوودجەی لەم هەرێمە بڕی. ڕژێمی ئەو کاتە ئابڵووقەی لەسەر بوو و، نەیدەتوانی، یان نەیدەویست ئەم هەرێمە بەخێو بکات؛ بەجێی هێشت. ڕژێمی سەددام تەنیا لە کەرکووك مایەوە، لەبەر ئەوەی سەرچاوەی داهات بوو. دووەم، هەندێك هەرێم دەوڵەمەندن و، دەوڵەتی دایك بە هیچ شێوەیەك نایەوێت ده‌ستبه‌رداری بێت. لێرەدا کێشەکە بەڕوونی دەردەکەوێت. کەتەلۆنیای دەوڵەمەند، نایەوێت باجی زیاتر بدات و، بدرێت بە هەرێمێکی تری هەژار. هەرێمی فلاندەری بەلژیکی، نایەوێت هەرێمی والۆنی بەخێو بکات. ئیسپانیا و بەلژیکا بە هیچ شێوەیەك نایانه‌وێت دەستبەرداری هەرێمە دەوڵەمەندەکانیان بن.

هەرێمە هەژارەکان ئاسانتر جیا دەبنەوە. دەوڵەتی دایك بەزەحمەت دەستی لە هەرێمێكی دەوڵەمەند بەر دەبێت. ئەوەتا، زۆر گوێمان لە سەرکردە عێراقییەکان دەبێت کە دەڵێن: ئەگەر کورد سەربەخۆییی دەوێت، فەرموو با جیا بێتەوە، بەڵام بێ کەرکووك. کەواتە پرسەکە تەنیا ئابوورییەوە. ئەو برایەتییە خەیاڵییەی چەندین ساڵە هەبووە، بناغەکەی تەنیا ئابووری بووە. بڕینی مووچە و بوودجە لە لایەن بەغداوە نیشانەیەکی بەهێزە بەوەی کە ناتوانێت، یان نایەوێت هەرێمی کوردستان بەخێو بکات. زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی لەم سەردەمەدا جیا بوونەوەتەوە، لە دەوڵەتی دایك هەژارترن، بۆ نموونە: باشووری سوودان لە سوودان لە ساڵی ٢٠١١، کۆسۆڤۆ و مۆنتێنێگرۆ لە سربیا و تەیمووری ڕۆژهەڵات لە ئەندەنووسیا لە ساڵی ٢٠٠٢. نموونەی پێچەوانەیشمان هەیە: ڕيفراندۆمی سەربەخۆییی سکۆتلەندای دەوڵەمەند، شکستی هێناوە. ئێستا بەڕووکەش باری ئابووریی عێراق لە کوردستان باشتر دیارە، عێراقیش نایەوێت یان ناتوانێت بە هیچ شێوەیەك قەیرانی ئابووریی کوردستان چارەسەر بکات؛ بۆیە تا ڕاددەیەك ئاماژەیەکی ئیجابییە بۆ پرۆسەی سەربەخۆییی کوردستان. عێراق ئامادەسازیی ئابووریی نییە بۆ چارەسەری قەیرانی ئابووریی کوردستان، ناچار هەرێمی کوردستان بەتەنیا بەرەوڕووی ئەم قەیرانە دەبێتەوە. بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ڕووبەڕووی ئەم قەیرانەیش ببێتەوە، پێویستە دەوڵەت ڕابگەیەنێت. 

هەروەک لە سەرەوە ئاژەمان پێ دا، لە ئاستی ناوخۆدا گەمەی ئابووری، خۆی خزاندۆتە ناو پرسی ڕيفراندۆمی کوردستانەوە. ڕاستە؛ پێویستە پرسی ڕيفراندۆمی کوردستان لە زۆر ڕەهەندەوە تەماشا بکرێت: ڕەهەندی مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی گەلان، ڕەهەندی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و ڕەهەندی کۆتاییی پێکەوەژیان لەگەڵ عێراق. سيندرۆمی لۆمباردی، وا دەکات تەنیا بە چاوی بەرژەوەندیی ئابوورییه‌وه،‌ بۆ ئەم پرسە نەتەوەیی-نیشتمانییە بڕوانرێت. ئەوەی زیاتر لە سەد ساڵە کوردستانییەکان خەباتی بۆ دەکەن و خوێنیان بۆ داوه‌، بۆ دەوڵەمەندبوونی کوردستان بووە، یان بۆ سەربەخۆییی کوردستان؟ وەڵامەکەی ئاشکرایە. ئەم سيندرۆمی لۆمباردییە زۆر بەتوندی یاریی بە ڕێژەی دەنگدانی "بەڵی" و "نەخێر" لە سكۆتلەندا کرد. چاوەڕوانیش دەکرێت پرسە ئابوورییەکان، ڕۆڵی تەواوی خۆی لە ڕيفراندۆمی کەتەلۆنیا ببينێت، کە بەم زووانە ئەنجام دەدرێت.

لەبەر ئەوەی پرسی ئابووری، بووه‌تە بڕبڕەی پاساوی دەنگی "نەخێر" لە هەرێمی کوردستان، پێویستی بە گوتارێکی ئابووریی بەهێزە لە لایەن بەرەی "بەڵێ"یەوە. ئەو کەسەی لەژێر کاریگەریی ئابووریدا، نیازی وایە بە "نەخێر" دەنگ بدات، پێویستە بە گوتارێك و کردەوەیەکی  ئابوورییانە و دارایییانە وەڵام بدرێتەوە. تا ساڵی ٢٠٠٥، پرسی ئابووری، بابەتێکی لاوەکی بووە بۆ کوردستانیان. دوای باشبوونی دارایی و ئابووریی هەرێم لە دوای ساڵی ٢٠٠٥، خۆشگوزەرانی لە لای بەشێکی زۆری دانیشتووانی کوردستان دروست بوو. ئەگەر قەیرانی ئابووری نەبووایە، مەحاڵ بوو لە ناوخۆی کوردستان دەنگی "نەخێر" ببيسترایە. ئێستا دەرفەتێکی مێژوویی هاتۆتە پێشەوە؛  با هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوە بن کە پرسی ئابووریی تێکچووی دوای ساڵی ٢٠١٤، نەبێتە كۆسپێك و ته‌گه‌ره‌یه‌ك له‌ به‌رده‌م سەربەخۆییی کوردستاندا، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، پێویستە بۆ بەهێزکردنی دەنگی "بەڵێ"، سوود لە پاساوە ئابووری و دارایییەکان وەربگيرێت؛ بە شێوەیەك دڵنەوایی بدرێت بە دەنگدەران، کە دەوڵەتی داهاتووی کوردستان لەسەر پایە و پلانی ئابووریی بەهێز بنیات دەنرێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples