ئاسمانی هەرێمی کوردستان؛ چەکێکی دووسەرە (نوێ کراوەتەوە)

ئەم بابەتە پێش ساڵێك لە  ماڵپەڕی پێنووس لە ڕێکەوتی ٢٧/٨/٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە[1]. لەبەر گرنگیی بابەتەکە، ئەم جارەیش لەژێر ڕۆشناییی ئەم پێشهات و ڕووداوانەی کە لە دوای ڕيفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان ڕوویان داوە، بڵاوی دەکەینەوە.

ئاسمانی هەرێمی کوردستان، چەکێکی دووسەرە. هەروەك چۆن تواندرا بە باشترین شێوە بۆ پاراستن و بووژاندنەوەی کوردستان بەکار بێت، بەپێچەوانەیشه‌وە، تواندرا بە خراپترین شێوە دژی ئەم هەرێمە بەکار بێت. شاراوە نییە، دوای بڕیاری ٦٨٨ لە ڕۆژی ٥/٤/١٩٩١، كوردستان لەڕێی ئاسمانەوە پارێزرا؛ کاتێك هەندێك دەوڵەتی ئەوروپی و ئەمریکا بە پشتبەستن بەم بڕیارە، ناوچەی دژەفڕین (Non-Fly Zone)یان، بەتایبەتی لە سەرووی هێڵی (٣٦)ەوە دانا؛ کەچی هەر لە ئاسمانەوە هەڵەبجە بە بۆمبی کيمیایی بۆردومان کرا و نەیارانمان چەندین جار بە فڕۆکە و مووشەکی دوورهاوێژ هێرشیان کردۆتە سەرمان، یان بەم جۆرە چەکە ئاسمانییانە هەڕەشەیان لە هەرێمی کوردستان کردووە. ئێستاکەیش حکوومەتی عێراقی بۆ سزادانی هەرێمی کوردستان،گەشتە ئاسایییەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانیی ڕاگرتووه‌. هەروەک چۆن خاك گرنگە بۆ ئێمەی کوردستانی، ئاوهایش ئاسمانەکەی گرنگە؛ لەبەر ئەوەی جوگرافیای كوردستانی عێراق وایە و، دەروازەیەکی ئاوی ئازادی نییە. ئەمڕۆ كوردستان، بەهێز و بازووی پێشمەرگە کۆنترۆڵی خاکی کردووە، بەڵام هەرێمی کوردستان بەزەحمەت دەتوانێت كۆنتڕۆڵی ئاسمانی خۆی بکات.

ئاسمان و سەروەری

کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمان، نیشانەی سەروەرییە. لە زۆربەی جەنگەکانی سەدەی ٢٠ و ٢١، ئەو لایەنەی کە هێزی ئاسمانیی تۆکمەی هەبووە، براوەی جەنگ بووە. هەروەهابەپێی ماددەی یەکی ڕێکكەوتننامەی پاريسی ساڵی ١٩١٩ لەسەر ڕێکخستنی یاساییی ئاسمان و فڕۆکەوانیی جیهان، تەنیا زلهێزەکان مافی بەکارهێنانی ئاسمانیان پێدرابوو؛ واتا بریتانیای زلهێزی ئەوکاتە، مافی بەکارهێنانی ئاسمانی ئەم ناوچەیەی هەبوو، نەك عێراقی تازەدروستبووی ئەوکات. لە ڕێکكەوتننامەی شيکاگۆی ساڵی ١٩٤٤ –کە گرنگترین ڕێکكەوتننامەیە لە بواری فڕۆکەوانی-دەوڵەتان پێداگرییان لەسەر ئاسمانی خۆیان دەکردەوە و، وەکوو پایەیەك لە پایەکانی سەروەری پێناسە کراوە. بە واتایەکی تر، تاوەکوو قەوارەیەك سەربەخۆییی خۆیی ڕانەگەیەنێت، ناتوانێت سەروەریی تەواو بەدەست بێنێت. ئەو کاتەیش دەتوانیت کۆنتڕۆڵی تەواوی ئاسمان بکەیت، كه‌ سەروەریت هەبێت.

ئاسمان وفيدراڵیی عێراق

کەواتە ئاسمان، واڵایییەکی ئازاد نییە بەڵکوو خراوەتە ژێر ڕکێفی سەروەریی دەوڵەتانه‌وه‌. هەر بۆیە، دەوڵەتان لە سەرەتادا بە شێوەیەکی ناوەندی (مەرکەزی)، به‌بێگوێدان به‌ هەرێمەکانی خۆیان، ئاسمانی خۆیان ڕێک دەخست. بەڵام ئەم قسەیە تەنیا بۆ ماوەیەك ڕاست بوو. دەوڵەتانی فیدراڵی، لە مەسەلەی ڕێکخستنی ئاسمانی دەوڵەتەکەیان، ڕۆڵیکی بەرچاویان بە هەرێمەکانی خۆیانداوە، هەروەک لە نموونەی سویسرا و بەلژیکاوە بۆمان دەردەکەوێت.

عێراق، کە لە ٢٠٠٥ەوە خۆی بە دەوڵەتێکی فیدراڵی پێناسە کردووە، سیسته‌می هاوبەشی یاساییی نێوان بەغدا و هەولێری تێدا ڕێکنەخراوە. پرسی ڕێکخستنی ئاسمانی، وه‌ك هەر پرسێکی تر لە عێراق، بەفيدراڵی نەکراوە؛ هەرچەندە دەستووری ٢٠٠٥، لەسەر ئەم پرسە بێدەنگە و، بەدەسەڵاتێکی تاكلایەنه‌ (حصری)ی عێراقی داینەناوە. یاسای بەرکاری ڕێکخستنی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقی، لە ساڵی ١٩٧٤ دانراوە؛ ئەوکات عێراق لە لووتکەی مەرکەزیبوونی دەسەڵاتدا بوو.

هیوایەک هەبوو لە ساڵی ٢٠١٦ ئەم یاسایە هەموار بکرێتەوە، بە جۆرێك ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە ڕێکخستنی ئاسمانی عێراقدا بەرچاو بگيرێت –هەروەك چۆن لە وڵاتە فيدراڵيیەکان ڕێکخراوە – بەڵام پەرلەمانتارانی هەرێم نەیانتوانی مافی كوردستان، لەم پرسەدا بەسەرکەوتوویی بچەسپێنن. ئەم بابەتە گرنگە، بەبێدەنگی لە ناوەندە سیاسی و ڕاگەیەندنەکان تێپەڕی و هەر باس نەکرا. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نەك هه‌ر بەرەو فيدراڵیبوون نەچوو، بەڵكوو هێشتا مەرکەزییەتی دەوڵەتی عێراقی لەسەر ئەم پرسە توند کرد. لە ماددەی یەکەمی ئەم یاسایەدا لە ساڵی ١٩٧٤، باس لە دەسەڵاتدارەکان (بە شێوەی کۆ)ی فڕۆکەوانی کرابوو، کەچی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی لە ١٢/٤/٢٠١٦، کردیان بە یەك دەسەڵاتدار (بە شێوەی تاك)، نه‌بادا دەستەواژەی "دەسەڵاتدارەکان" بە شێوەیەك ڕاڤە (تفسير) بکرێت کە دەسەڵاتی پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.

ئەو دەسەڵاتدارە تاكلایەنەی عێراقيش کە سەرپەرشتیی کاری مەدەنیی ئاسمانی عێراق دەکات، ناوی "دامەزراوەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی" (المنشأة العامة للطيران المدني)یه‌؛ بە پێی ڕێسایەک ڕێکخراوە، کە لە ساڵی ١٩٩٦ لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی لە سەردەمی بەعس دەرچووە. سەیر لەوەدایە ئێمە ئه‌وكات نيمچەسەربەخۆ بووین و ئاسمانەکەمان لە لایەن ئەمریکا و بریتانیا و فەڕەنساوه‌ پارێزراو بوو. هەروەها بە هۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە، لەو ماوەیەدا کاری فڕۆکەوانیی مەدەنی و سەربازی لە عێراق، بەتەواوی پەك خرابوو.

کەواتە هەموو ئەو یاسا و ڕێسایانەی سەبارەت بە فڕۆکەوانی و ئاسمان دەرچوونە، کۆنن و بەردەوامی بە دەسەڵاتی تاكلایەنەی حکوومەتی عێراق دەده‌ن. کێشەکە تەنیا لە بەغدا نییە؛ پەرلەمانی هەرێمی کوردستانيش لە ساڵی ٢٠٠٨، یاسای دەزگه‌ی فڕۆكەخانەکانی شارستانیی هەرێمی کوردستانی دەرکردووە، کەچی تا ئێستا هيچ هەنگاوێکی ڕاستەقینە بۆ دروستکردنی ئەم دەزگه‌یە نەنراوه‌. ئەگەر ئەم یاسایە وەکوو خۆی جێبەجێ بکرایە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی نەیدەتوانی بەم شێوەیە یاسای فڕۆکەوانیی عێراقی هەموار بکات. دەبوایە بە جۆرێك لە جۆرەکان ڕۆڵێك بۆ ئەو دەزگه‌یەی هەرێمی کوردستان بکرایەتەوە.

کۆتەکان لەسەر سەروەریی ئاسمانی

ڕاستە لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە سەروەریی ئاسمانی بۆ دەوڵەتان پارێزراوە، بەڵام ئەم سەروەرییە ڕەها نییە. بينیومانە کە پێشتر چەندین کۆت لەسەر ئاسمانی عێراق دانراوە. لێرەدا چەند نموونەیەك لەو کۆتانەی سەر عێراق دەخەینە ڕوو، كه‌ مەبەست لێی، تێگەیشتن و بەهێزکردنی لایەنی ئاسمانیی هەرێمی کوردستانە.

یەکەم: لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی ڕوون بووه‌تەوە، کاتێك هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە – بۆ نموونە گەلێك ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژییەك بێتەوە - بە سەر گەلێك هەبێت، سەروەریی ئاسمانیی دەوڵەتان ڕێگر نییە. باشترین نموونەی یاسای نێودەوڵەتییش بڕیاری ٦٨٨ بوو. ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایش، بووه‌هۆی ڕاگرتنی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر گەلی کوردستان و، بوو بە هەوێنی دروستکەری هەرێمی کوردستان. هەر ئەم بڕیارە، دەریخست كه‌ پێشێلکاریی ڕێکخراو و بەکۆمەڵ بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەبێتە هۆی پەکخستنی بنەمای سەروەریی وڵاتان لەسەر ئاسمانەکەیان.

دووەم: کاتێك ئاسایش و ئاشتەواییی نێودەوڵەتی لەژێر هەڕەشەدا بێت، سەروەریی ئاسمانیی دەوڵەتێك نابێت بە لەمپەر بۆ واڵا کردنی ئاسمانی وڵاتێك. به‌م ئاراستەیەدا، چەندین بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانمان هەیە. هەروەها، چالاکبوونی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و فەڕەنسا و چەندین دەوڵەتی تر لە دوای ٢٠١٤ەوە، دەچێتە قاڵبی ئەوەی کە عێراق و سووریا و ناوچەکە لەژێر هەڕەشەدان. هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای جەنگی داعش بە فڕۆکەی سەربازیی وڵاتانی هاوپەیمانی پارێزرا. بۆیە مەبەست لە پاراستنی هەرێمی کوردستانيش لە لایەن ئەم فڕۆکانەوە، ئەوە بوو کە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی نایەوێت هەڕەشەکانی سەر ئاسایش و ئاشتەوایی بەرفراوانتر بێت. کەواتە کاتێك ئەم هەڕەشەیە نەما، ئەم هێزه‌ ئاسمانییانە ناتوانن ئازادانە بەردەوام بن، بەڵکوو پێویستیان بە مۆڵەتی دەوڵەتی عێراق دەبێت. حکوومەتی عێراقی، نە لە پێش ڕیفراندۆمەکەی كوردستان و نە لە کاتی ڕیفراندۆمەکە، هەنگاوی سەربازیی دژی کوردستان نەنا. بوونی هێزی سەربازیی ئاسمانیی هاوپەیمانان، چاودێرێکی ناڕاستەوخۆ بوون بۆ هەر جووڵه‌یەکی نەخوازراوی عێراقی. پێویستە ئاگاداربین، ئەگەر ئەو هێزە ئاسمانییانەی هاوپەیمانان لە كوردستان نەمێنن، حکوومەتی عێراق بۆ سزادانی گەلی کوردستان دەستکراوەتر دەبێت.

سێیەم: جێبەجێکردنی ئەرکێکی نێودەوڵەتی، ڕێگه‌یەکە لە ڕێگه‌کان بۆ کۆتکردنی سەروەریی ئاسمانیی دەوڵەتەکان. یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی ئێستای یاسای نێودەوڵەتی، بریتییە لە به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تيرۆریزم. بەپێی بڕیاری ژمارە ٢٢٤٩ی ساڵی ٢٠١٥، دەوڵەتان هەموویان پابەندکراون بە لەناوبردنی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (ناسراو بە داعش). کەواتە هەموو دەوڵەتان –بە دەوڵەتی عێراق و سووریاوە- پابەندن بە کردنەوەی ئاسمانی خۆیان بۆ ئەو فڕۆکە سەربازییانەی دژی داعش دەجەنگن.

کەواتە ئێمەیش لە هەرێمی کوردستان پابەندین و، دەبێت بە باشترین شێوە له‌گه‌ڵ ئەم هێزە ئاسمانییانەدا هاوکار و هه‌ماهەنگ بین. هەندێك جار لەوانەیە هەرێم، کاتێك فڕۆکەی مەدەنی پەک دەخرێت، تووشی کێشەی تەکنیکی ببێتەوە؛ وه‌ك چۆن لە مانگی ١١ و ١٢ی ساڵی ٢٠١٥ ڕووی دا. مووشەکەکانی ڕووسیا بۆ لێدانی مۆڵگەکانی داعش، بە ئاسمانی هەرێمدا تێپەڕین؛ بە هۆیەوە چەندین ڕۆژ حکوومەتی عێراقی، کاری فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت. زەرەمەند لێرەدا، هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیایانە بوون کە کاریان لەگەڵ هەرێم هەبوو. بەڵام پێویستە شتێك ڕوون بکەینەوە: ئەگەر لە بواری ئاسمانیدا هەماهەنگی و پەیوەندیی توندوتۆڵ له‌ نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕووسیا هەبوایە، ئەم ڕاگرتنە ڕووی نەدەدا. لە ڕێگه‌ی ئەم پەیوەندییانەوە، دەکرا ڕێڕەوێكی شیاو بۆ ئەو مووشەکانە بدۆزرێتەوە و، نەبن بە هەڕەشە بۆ ئه‌و فڕۆکە مەدەنییانه‌ی کە بە ئاسمانی کوردستاندا تێدەپەڕن یان لێرەوە هەڵدەستن. ئەمە یەکەم تاقیکردنەوە بوو؛ عێراقی توانیی گەشتی ئاسمانیی كوردستان بۆ ماوەیەکی کاتی ڕابگرێت. ئەگەر ئەو کاتە بەدوای چارەسەرێکی گونجاودا بگەڕاینایە، لەوانەبوو عێراق نەیتوانیبایه‌ دیسانەوە گەشتە ئاسمانییەکانی کوردستان ڕابگرێت.

چوارەم: کۆتێکی تر لەسەر سەروەری، دەبێت لە ڕووی ناوخۆیییە بۆی بڕۆین. ئەگەر عێراق، كوردستانی بە هەرێمێکی فيدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدا دابنایە، دەبوایە دەسەڵاتدارانی بەغدا بەشێك لە دەسەڵاتەکانی بواری فڕۆکەوانی ڕادەستی هەرێم بکات، وه‌ك چۆن لە وڵاتانی تری فيدراڵیدا پیادە دەکرێت. هەروەها پێویست بوو هەر لە بەغدا دەزگه‌یەکی هەماهەنگیی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکخستنی هەموو لایەنە جۆربەجۆرەکانی ڕێکخستنی ئاسمانیی عێراق و كوردستانی دابمەزرایە. نە بارودۆخی ئێستای عێراق و نە یاساکانی فڕۆکەوانی لە جیهان، لە خزمەتی تاكڕەویی بەغدادا نین، بەڵكوو ئێستا لە هەموو جیهان کاتی هەماهەنگی و هاوکاریی فرەلایەنە‌ لە بواری ڕێکخستنی ئاسمانی. عێراق ئەم هەماهەنگییەی ناوێت؛ دەیەوێت مەرکەزییەتی تاكلایەنەی بسەپێنێت.

ڕاگرتنی گەشتی ئاسمانیی هەرێمی کوردستان

لە دوای ڕيفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان لە ڕۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧، حکوومەتی عێراقی چەندین ڕێوشوێنی سزایی، دژی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کوردستانییەکان ڕاگەیاندووە. لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕۆژی ٢٦/٩/٢٠١٧، عێراق بڕیاریدا گەشتە ئاسمانییەکان بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی ڕابگيرێت و، تا ئه‌و كاته‌ی ئەم دوو فڕۆکەخانەیە دەخرێتە ژێر ڕكێفی حکوومەتی عێراقەوە، ئەم بڕیارە بەردەوام دەبێت. لە ڕۆژی ٢٨/٩/٢٠١٧ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارەکەی حکوومەتی بەغدای ڕەت کردەوە و، بە سزادانی بەکۆمەڵی گەلی کوردستانی لە قەڵەمدا و، هەروەها پێشێلکاریی دەستوور و یاساکانی عێراقیشە. لە ڕاگەیاندراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بە پێنج خاڵ کراوه‌، کە پێشێلکاریی یاسایی و دەستوورین. خاڵەکانی کە باسکراون، زیاتر لە چوارچێوەی یاسا عێراقییەکان باسکراوە[2]. ئێمە لێرەدا دووبارەیان ناکەینەوە، بەڵام هەندێك خاڵی تریش هەن کە پەیوەندییان بە یاسای نێودەوڵەتییه‌وه‌ هەیە، ئێمە لێرەدا دەیانخەینە ڕوو:

یەکەم: بڕیارەکەی حکوومەتی عێراقی، لە نێوان فڕۆکەی سەربازی و فڕۆکەی مەدەنیدا جیاوازیی نەکردووە و، هەردوو جۆرە گەشتەکەی ڕاگرتووە؛ هەرچەندە له‌ ڕووی پراکتیکییەوە نەیتوانیوە گەشتە سەربازییەکان ڕابگرێت. دەقی بڕیارەکە پێچەوانەی ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانه‌، کە ئەرك دەخاتە سەر وڵاتان كه‌ دەبێت بە هەموو شێوەیەك، یارمەتیدەر بن بۆ لەناوبردنی تيرۆر و داعش. بەپێی ئامارە ڕاگەیەندراوەکانی پێش ڕيفراندۆم، گەشتەکانی فڕۆکەخانه‌ی نێودەوڵەتیی هه‌ولێر، زیاتر سەربازی بوونە نەك گەشتی مەدەنی.

دووەم: ڕاگرتنی گەشتەکان پێچەوانەی ڕاسپاردەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانه‌، کە داوای "شەراکەتێکی ڕاستەقینە" دەکات لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق، بەتایبەتی بڕیارەکانی ٢٢٩٩ و ٢٣٦٧.

سێیەم: هەموو ئاراستەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن، مووسڵی دوای داعش ئاوەدان و نۆژەن بکرێتەوە. فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه‌، له‌ هه‌موو شوێنێكی تر نزیكترن. ئایا کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان و بیانییەکان، ئامادەن بە ڕێگه‌ی وشکانیی پڕمەترسیی ئەمنی، لە بەغداوە، یان لە سووریاوە بێن بۆ مووسڵ؟

چوارەم: ڕێگەگرتن لە گەشتی ئاسمانی، دژی بنەماکانی مافی مرۆڤە. مافی هاتوچۆکردن، لە ماددەی ١٢ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ساڵی ١٩٩٦ دەقنووس کراوە؛ عێراق لە ساڵی ١٩٧١ خۆی پێوە پابەندکردووە.

پێنجەم: بڕیاری ڕاگرتنی گەشتی ئاسمانی، خراپ بەکارهێنانی مافی تێدا بەرجەستە بووە، کە ئەمەیش دژی بنەماکانی "ڕێکكەوتننامەی شيکاگۆ"یە بۆ فڕۆکەوانیی مەدەنی، بەتایبەتی ماددەی (٤) و (٤٤) و (١١).

شەشەم: جیاکاری لە نێوان هەندێك هێڵی ئاسمانی لەسەر حيسابی هێڵی تر، بەپێی ڕێکكەوتننامەکەی شێکاگۆ قەدەغەیە. عێراق هەموو هێڵەکانی ئاسمانیی ڕانەگرتووە، بەڵکوو هەندێك هێڵی ناوخۆی عێراقی ڕانه‌گەگرتووە.

حەوتەم: بەپێی ماددەی (٩) بڕگەی (ب) لە ڕێکكەوتننامەی شيکاگۆ، چەندین مەرج و ڕێوشێنی تایبەت هەن کە پێویستە لە کاتی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکاندا ڕەچاو بکرێن؛ بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، هۆکاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی دەرنەخستووە. بەپێی ئەم ڕێکكەوتننامەیە سێ حاڵەت هەیە كه‌ تێیدا دەوڵەتان دەتوانن گەشتە ئاسمانییەکان ڕابگرن: ڕوودانی دۆخێکی تایبەت (استثنائی)، کارەساتێك یان دۆخی ئاسایش.

هەشتەم: بەپێی پێوەرەکانی دامەزراوە فڕۆکەوانییەکان، هیچ دۆخێکی ڕیزپه‌ڕ (استثنائی)، یان کارەساتێکی سروشتی ڕووی نەداوە؛ ئەوەی ڕووی داوە، تەنیا ڕیفراندۆمێك بووە، كه‌ لە پرۆسەیەکی ئاشتییانە و ديموکراسییانەدا بەڕێوە چووە.

نۆیەم: باری ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هۆکار نەبووە بۆ ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان. ئاشکرایە لە ساڵی ٢٠٠٣وە بۆ ئەمڕۆ، لە ڕووی ئاسایشەوە كوردستان بەردەوام سەقامگیر و پارێزراو بووە. ڕوون و ئاشکرایشە كه‌ لە کام شوێنی عێراق دۆخی ئەمنی، بەردەوام شێواو و مەترسیداربووە.

دەیەم: ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی كوردستان، چەندین پێشێلکاریی تێدایە سەبارەت بە ئامانجەکانی دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ فڕۆکەوانیی مەدەنی، بەتایبەتی ماددەی ٤٤ لە ڕێکكەوتننامەی شيکاگۆ.

هەنگاوەکانی داهاتوو

هەرێمی کوردستان لەم دۆخەی ئێستایدا، دەتوانێت بۆ سەلماندنی جۆرە سەربەخۆیییەکی خۆی لە بواری ئاسمانی، هەوڵ بدات:

ئاسمانی كوردستان، تەنیا هی عێراق نییە، هی هەموو کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵه‌تییە. دەزگه‌ پەیوەندیدارەکانی كوردستان، پێویستە بەردەوام پەیامیان سەبارەت بە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان هەبێت. كوردستان، پێویستە په‌یامی بەردەوام و ڕۆژانە ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ فڕۆکەوانیی مەدەنی، دەوڵەتانی هاوپەیمان و بەشداربوو لە جەنگی دژی داعش، بەتایبەتی ئەمریکا، ڕووسیا، فەڕەنسا و بریتانیا، بكات.

دەزانین وڵاتانی دراوسێ، هەندێك هەڵوێستی توندی سیاسییان دژی کوردستان لەم کاتەدا هەیە. بەڵام کاری فڕۆکەوانیی مەدەنی، زیاتر پرسێکی تەکنیکی و ئابوورییە و، دەکرێت هەوڵبدرێت لە داهاتوودا، هێڵێکی پەیوەندیی توندوتۆڵ و ڕۆژانە دروست بکرێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەموو دەوڵەتانی جیهان لە بواری فڕۆکەوانیی مەدەنی. ئەگەر بکرێت ڕێکكەوتننامەیه‌كی دوولایەنەی "ئاسمانی واڵا" لە نێوان كوردستان و یەکێك لە دروسێکانمان گرێ بدرێت، ئەوا کارەکان بۆ کەرتی فڕۆکەوانی لە کوردستان زۆر ئاسان دەکات.

هەوڵبدرێت پەیوەندیی بەردەوام به‌ دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ فڕۆکەوانیی مەدەنی لە مۆنتریاله‌وه‌ بکرێت؛ ڕۆژانە ڕاپۆرتیان بۆ بنێردرێت کە فڕۆکەخانەکانی هەرێم تا چه‌ند تووشی زەره‌ر بوونە. هه‌روه‌ها داوای کۆدی گەشتیاریی جیاواز لە کۆدەکانی عێراق بکرێت، هەروەک چۆن کۆسۆڤۆ توانیی کۆدی جیاوازی لە کۆدەکانی سربیای هەبێت.

ئەگەر بێینە سەر ناوخۆی هەرێم، لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە یاسامان هەیە؛ پێویستە بە زووترین کات بەرکار بکرێت. هەوڵبدرێت دامەزراوەیەکی گەشتیاریی فڕۆکەوانیی سەر بە حکوومەتی کوردستان دروست بکرێت: حکوومەتی هەرێم فڕۆکەی خۆی هەبێت، کەرتی فڕۆکەوانیی خۆی هەبێت و، گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی كوردستان ئەوەندە زۆر بکات، کە بە ئاسانی لە ڕووی نێودەوڵەتییە ڕانەگيرێت. لێرەدا نموونەیەك دەهێنینەوە: چین و تایوان کێشەیەکی قووڵیان لە نێواندا هەیە. سەرەڕای ڕێگرییەکانی چین، بەڵام دەزگه‌ی فڕۆکەوانیی تایوانی، یەکجار زۆر چالاکە. تایوان دەوڵەت نییە و، ئەندام نییە لە دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ فڕۆکەوانیی مەدەنی کە ١٩١ دەوڵەت تێیدا ئەندامن، کەچی فڕۆکەخانه‌ی تاویوان لە تایپی پایتەختی تایوان، یەكێکە لە پڕگەشتیارترین فڕۆکەخانەکان لە جیهاندا. ڕاگرتنی گەشتی ئەم فڕۆکەخانەیە، کارەساتی ئابووری بە دوای خۆیدا دێنێت؛ بۆیە مەحاڵە ڕابگيرێت، بۆ هەر مەبەستێك بێت.

هەروەها لە ڕووی سەربازییه‌وه‌، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان لە جەنگێکی گەورەی نێودەوڵەتیی دژی تيرۆریزمدا بەشدارە، پێویستیی بە دامەزراوه‌یه‌کی هەماهەنگیی ئاسمانیی سەربازی هەیە بۆ ڕێکخستن و پەیوەندیبەستنی ڕۆژانە لەگەڵ هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە له ‌دژی داعش ده‌جه‌نگن. دەزانین کە ئێستا ئەو پەیوەندییە هەیە، بەڵام ئەوەی مەبەستمە، بەدامەزراوەییکردنییەتی لەناو حکوومەتی هەرێم. لەوانەیش گرنگتر، هەوڵ بدرێت بەپێی توانا، دامەزراوەی سەربازیی ئاسمانی و بەرگریی ئاسمانی (دژەهێرشی ئاسمانی)یش لەناو وەزارەتی پێشمەرگە دروست بکرێت.

لە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانيشدا، پێویستە ڕاستەوخۆ بير لە ئاسمانی ئەم دەوڵەتە نوێیە بکرێتەوە، چونکە دەرچەیەکمان نابێت بۆ دەرەوەی وڵات، تەنیا بە ڕێگه‌ی ئاسمانی نەبێت. کەواتە، دەبێت بە زووترین کات دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان، لە بواری فڕۆکەوانی، خۆمان پابەندی یاسای نێودەوڵەتی بكه‌ین. مەبەست لەم خۆپابەندکردنە ئەوەیە، بۆ جیهان دەسەلمێنین کە سەروەریی ئەم ئاسمانە، لە ئاسمانی عێراقەوە، گۆڕاوە بۆ ئاسمانی دەوڵەتی نوێی کوردستان. هەروەها متمانەیەك بدەینە هەموو جیهان و بەو بیانییانەی کە دانيشتووی کوردستانن، کە ئێمە لە بنەما نێودەوڵەتییەکان لا نادەین. هەروەکوو باسمان کرد، هەندێك کۆدی تەکنیكی هەیە، پێویستە لە دامەزراوەی نێودەوڵەتی بۆ فڕۆکەوانیی مەدەنی داوا بکرێت، بەتایبەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەوانیی مەدەنی، کە بە ئاسمانی کوردستاندا هاتوچۆ دەکەن یان دەنیشنەوە.

ئەوەی جێی سەرنجە، سزای ڕاگرتنی گەشتی ئاسمانی لە نێوان وڵاتاندا ڕوو دەدات، بۆ نموونە هەندێك وڵاتی کەنداو ئەم جۆرە سزایانەیان بە سەر دەوڵەتی قەتەردا سەپاند. کەتەلۆنیا ڕیفراندۆمی کرد، بەڵام حکوومەتی ئیسپانی نەیویست گەشتە ئاسمانییەکانی ئەم "هەرێمە نزيک لە سەربەخۆیییە"، ڕابگرێت. ئیسپانیا باش دەزانێت كه‌ سزادانی خەڵکی کەتەلۆنیا چارەسەری بابەتەکە ناکات، بەڵکوو درزەکان قووڵتر دەکاتەوە. تا چەند سزای بەکۆمەڵ بسەپێنرێت، ئەوەندە ڕق و کینە دژی سزاده‌رەکە توندتر دەبێت. عێراق دەیەوێت زیاتر لە ئاسمانی كوردستان کۆنترۆڵ بکات؛ ئەگەر پێی بکرێت تەماشاکردنی ئەستێرەکانیش قەدەغە دەکات. پەندێکی "کۆرسیکایی" هەیە دەڵێت: "ئاسمان بگۆڕە، ئەستێرەکانیش بۆ خۆت ببە". تا سەروەریی ئاسمانیش نەگۆڕین، زۆر زەحمەتە بتوانین ببین بە خاوەنی فڕۆکە و ئاسمان و ئەستێرەی خۆمان.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples