پێشه‌كی:
له پاش كۆتاییهاتنی جه‌نگی سارد، ڕیسا و یاساكانی په‌یوه‌ندی و یاریی نێوان ئه‌كته‌ره‌كان گۆڕانی به‌سه‌ردا هات. له‌م نێوه‌دا ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین قه‌یرانی به‌جێماوی جه‌نگی سارد و سه‌رهه‌ڵدان و ته‌قینه‌وه‌ی چه‌ندین قه‌یرانی نوێی چاره‌سه‌رنه‌كراو بووه‌وه. سه‌رهه‌ڵدانی داعش وه‌كوو گرووپێكی توندڕه‌وی تیرۆریستی، سه‌ره‌ڕای به‌میراتبردنی پێشینه ڕێكخراوه‌یی و مێژوویی و بڕوایییه‌كانی ئه‌لقاعیده، بووه هۆی وه‌رچه‌رخانێك له هاوكێشه ئاسایشییه‌كانی ناوچه‌كه. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، چه‌نده سه‌رهه‌ڵدانی داعش، له پاڵ كێشه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی ڕابردووه، په‌یوه‌ندیی به ئاماده‌ییی فاكته‌ره سیاسی، ئابووری، ئاسایشی و... ه‌كانه‌وه هه‌بووه، ئه‌وه‌نده‌یش په‌یوه‌ندیی به ململانێی جیۆسیاسیی نێوان ئه‌كته‌ره هه‌رێمی و سه‌رووهه‌رێمییه‌كانه‌وه هه‌بووه. به‌م پێیه‌یش كاریگه‌ری و ده‌ره‌نجامی ئاسایشیی لێ كه‌وتۆته‌وه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه ئه‌وه‌یه كه پرسی جیۆپۆلیتیكی شیعی له لایه‌ك و پرسی ده‌ركه‌وتنی داعش و جه‌نگی دژی ئه‌م گرووپه له لایه‌ن ئه‌كته‌ره ناوچه‌یی و سه‌رووناوچه‌یییه‌كانه‌وه له لایه‌كی تره‌وه، په‌یوه‌ندیی به هاوكێشه جیۆسیاسییه‌كانه‌وه هه‌یه، به‌ڵام له چوارچێوه و فۆرم و میكانیزمی ناسنامه‌یی و ئایدیۆلۆژیدا. باشترین نموونه‌یش پرسه‌كانی تایبه‌ت به سووریا و عێراق و یه‌مه‌ن له لایه‌ك و، ململانێكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی و سعوودیا و توركیا و هاوپه‌یمانه سه‌رووناوچه‌یییه‌كانیان له لایه‌كی تره‌وه. بۆیه لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه كه ئه‌م ململانێیانه چۆن خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت؟ به واتایه‌كی تر، ناوه‌ڕۆكی ئه‌م پرسانه جیۆسیاسین یاخود ناسنامه‌یی و ئایدیۆلۆژی؟ له كۆتاییشدا ئه‌م پرسانه چۆن له‌گه‌ڵ یه‌كتری كار و كارلێك ده‌كه‌ن و دیارده و پرسی نوێ دێننه ئاراوه یاخود ده‌خوڵقێنن؟
گۆڕانكاری و قه‌یرانی ناسنامه
یه‌كێك له كێشه‌كانی پاش سه‌رده‌می جه‌نگی سارد و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات، پرسی ناسنامه‌كان و قه‌یرانی ناسنامه‌یی بووه. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، له سه‌رده‌مانێك كه وڵاتان له‌ژێر گۆشار و كاریگه‌ریی ڕیسا و یساكانی جه‌نگی سارددا ڕه‌فتاریان ده‌كرد، پاش كۆتاییی جەنگی سارد و گۆڕانی ئه‌م به‌ها و مۆدێلهڕه‌فتارییانه‌یان لە ئاستی دەرەوەدا، بە هۆی دووبارە پێناسەكردنەوەی ناسنامه‌ی سیسته‌می سیاسی و كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان له ئاستی ناوخۆییدا، تووشی پێكدادانی ناسنامه‌یی و به‌م پێیه‌یش ڕووبەڕووی قه‌یرانی ناسنامه‌یی بوونەوە.
بۆ نموونه له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا به‌رده‌وام ئه‌گه‌ری ململانێی ناسنامه‌ییی ناوخۆیی له نێوان به‌ها ڕۆژاوایییه‌كان و به‌ها كلاسیكییه ئیسلامییه‌كان، مۆدێرنیته و نه‌ریت، نه‌ته‌وه‌گه‌رایی و سه‌روونه‌ته‌وه‌گه‌رایی و...، بوونی هه‌بووه. به بڕوای "مانوێل كاستێلز" (Manuel Castells) سێ چه‌شن ناسنامه بوونی هه‌یه، كه قه‌یران له بنه‌ماكانی هه‌ر كامه له‌م ناسنامانه، ده‌بێته هۆكاری دروستبوونی قه‌یرانی ناسنامه‌یی، به‌تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
- ناسنامه ڕه‌وایه‌تیپێده‌ره‌كان (Legitimizing Identity):
ئه‌م چه‌شنه ناسنامه‌یه له لایه‌ن دامه‌زراوه زاڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه دروست ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وایه‌تی بدرێته ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی. لێره‌وه ناسیۆنالیزم ده‌توانێت باشترین بنه‌مای ڕه‌وایه‌تیی ناسنامه‌ی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه بێت بۆ ڕه‌وایه‌تیدان به ده‌سه‌ڵاتدارێتی و فه‌رمانڕه‌وایی له ده‌وڵه‌تدا.
- ناسنامه به‌رگریكارانه‌كان (Resistance Identity):
ئه‌م ناسنامه‌یه له ڕێگه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه یاخود ئه‌كته‌رانه‌وه دروست ده‌كرێت كه له بارودۆخ یاخود هه‌لومه‌رجێكدان كه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران و ناسنامه‌ی باڵاده‌سته‌وه په‌راوێز ده‌خرێت/ده‌خرێن یاخود هه‌وڵی سڕینه‌وه‌یان ده‌درێت. بۆ نموونه ده‌توانین ئاماژه به بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌یی و ته‌نانه‌ت ئایینی و مه‌زهه‌بییه‌كان بكه‌ین.
- ناسنامه به‌رنامه‌داره‌كان (Project Identity):
كاتێك كه بكه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی فاكته‌ر و بنه‌ما كه‌لتوورییه‌كانی به‌رده‌ستیان ناسنامه‌یه‌كی نوی بخوڵقێنن و سه‌رله‌نوێ پێگه‌ی خۆیان له پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ت پێناسه بكه‌نه‌وه، ئه‌م ناسنامه‌یه دروست ده‌بێت. بۆ نموونه ناسنامه‌ی ویستراوی فێمینیسته‌كان بۆ دووباره ڕێكخستنه‌وه و بنیاتنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه به‌پێی ئه‌و نۆرم و به‌ها نوێیانه.
لێره‌وه هه‌ر سێ ناسنامه، ئه‌گه‌ری گۆڕانیان بۆ ئه‌وه‌ی تر هه‌یه. بۆ نموونه له عێراقی پاش 2003 سوننه‌كان له ناسنامه‌ی ڕه‌وایه‌تیپێده‌ره‌وه، بوون به ناسنامه‌ی به‌رگریكار و، ناسنامه‌ی شیعه به‌پێچه‌وانه‌وه. ئه‌مه‌یش به هۆی پێكهاته‌ی نوێی سیسته‌می سیاسیی عێراق و هاوسه‌نگیی نوێی هێزه‌كان. ئه‌وه‌ی كه جێگه‌ی سه‌رنجه، كورده‌كان چ له پێش 2003 و چ له پاش 2003، نه‌یانتوانیوه له ناسنامه‌ی به‌رگریكاره‌وه بۆ ناسنامه‌ی ڕه‌وایه‌تیپێده‌ر له چوارچێوه‌ی عێراقدا بگۆڕدرێن؛ ئه‌مه‌یش به هۆی پێكهاته و بونیادی سیسته‌می سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییی عێراقه‌وه. بۆیه بۆ پاراستنی ئاسایشی ناسنامه‌ییی خۆیان و ده‌ربازبوون له ناسنامه‌ی به‌رگریكارانه، هه‌وڵی بنیاتنانی نه‌ته‌وه-ده‌وڵه‌تی خۆیان ده‌ده‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی.
ململانێ جیۆسیاسییه‌كان له چوارچێوه‌ی ناسنامه‌دا
ئه‌وه‌ی كه ئیمڕۆ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بیندرێت، ململانێیه‌كی توندی جیۆسیاسییه له نێوان ئه‌كته‌ره ده‌وڵه‌تی و ناده‌وڵه‌تییه‌كان له لایه‌ك و، ئه‌كته‌ره ناوچه‌یی و سه‌رووناوچه‌یییه‌كان له لایه‌كی تره‌وه، به‌ڵام له فۆرمی ناسنامه‌ییدا. بۆ نموونه به‌ره‌ی جیۆسیاسیی ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی (شیعه)، به هۆی دژایه‌تیی ڕۆژاوا و ئه‌مریكا و ئیسڕائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بی سوننه، ناونیشانی "به‌ره‌ی به‌رگری"یان له‌سه‌ر خۆیان داناوه وه‌كوو ئاماژه‌یه‌ك بۆ ڕزگاربوون له ناسنامه‌ی زاڵی ناوچه‌یی (سوننه) و سه‌رووناوچه‌یی (ڕۆژاوایی) و، بوون به ناسنامه‌یه‌كی زاڵی ڕه‌وایه‌تیپێده‌ر.
هه‌ر به‌م هۆیه‌یش، ئێمه پێكدادانی توندی جیۆسیاسی و جه‌نگی به‌نوێنه‌رایه‌تی و ته‌نانه‌ت ڕاسته‌وخۆی ئه‌كته‌ره‌كان له ناوچه‌كه‌دا ده‌بینین. له‌م نێوه‌نده‌یشدا له ئاستی هاوپەیمانییەتی و بەرەی ناوخۆیی، ئه‌م ئەكتەرە ناسنامەیییانەیشدا ململانێی بۆ زاڵبوونی ناسنامه‌ی ئەكتەرێك لە ئارادایە. بۆ نموونه له به‌ره‌ی سوننه‌دا، قه‌ته‌ر و توركیا و ئیخوانییه‌كان له لایه‌ك و، سعوودیا و وڵاتانی كه‌نداو و ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كانی تر له لایه‌كی تره‌وه.
ئه‌م چوارچێوه تیۆرییه‌یش گۆڕانكارییه‌كانی ناسراو به شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی، ڕوون ده‌كاته‌وه. بۆیه وڵاتان له ڕوودانی هه‌ر شۆڕشێك دڵه‌ڕاوكێی ئاسایشییان بۆ دروست ده‌بێت. به مانایه‌كی تر، هه‌ر كام له ناسنامه‌كان، ده‌بنه ئه‌كته‌رێك كه درێژكراوی ناسنامه‌كانی دیكه‌ن له ناوچه‌كه‌دا. هه‌ر به‌م هۆیه‌یشه كه ئێران و وڵاتانی ناوچه‌كه، وه‌كوو توركیا، له به‌هێزبوونی كورد و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان نیگه‌رانن و دژی ده‌وستنه‌وه. چونكه ئه‌م ناسنامه به‌رگریكارانه هه‌وڵی بنیاتنانی ناسنامه‌ی ڕه‌وایه‌تیپێده‌ری خۆیان ده‌ده‌ن و، ئه‌مه‌یش به هۆی پێگه‌ی جوگرافیی كورد له‌و ده‌وڵه‌تانه و له ناوچه‌كه‌دا كۆی هاوكێشه جیۆسیاسییه‌كانی ناوچه‌كه ده‌گۆڕێت.
داعش له ناسنامه‌یه‌كی به‌رگریكار-به‌رنامه‌دار بۆ ناسنامه‌یه‌كی ڕه‌وایه‌تیپێده‌ر
ده‌ركه‌وتنی داعش به هۆی ئاماده‌بوونی زه‌مینه كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووری و سیاسی و ته‌نانه‌ت ئاسایشییه‌كانی سووریا و عێراق وه‌كوو ناسنامه‌یه‌كی به‌رگریكار له هه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی شیعه له عێراق و سووریا له لایه‌ك و، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریكا و هاوپەیمانەكانی له لایه‌كی تره‌وه، ده‌ربڕی كێشه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بووی ڕابردوو و گۆڕانكارییه نوێیه‌كانی ناوچه‌كه بوو. له هه‌مان كاتدا بۆ سه‌ركه‌وتن و پێشڕه‌وییه‌كانی ئه‌م گرووپه ناسنامه‌یییه و، بۆ چه‌سپاندنی خۆیان وەكوو ناسنامه‌یه‌كی به‌رنامه‌دار، پێویستییان به ڕه‌وایه‌تیپێدان به ناسنامه‌كه‌یان هه‌بێت.
بۆیه داگیركردنی جوگرافیا/ خاك و بوونی خه‌ڵك/گه‌ل و ته‌نانه‌ت ئه‌ندامگیری و دامه‌زراندنی خه‌لافه‌ت، فۆرمی ناسنامه‌كه‌ی بۆ ناسنامه‌یه‌كی ڕه‌وایه‌تیپێده‌ر وه‌كوو به‌دیل و جێگره‌وه‌ی ناسنامه ڕۆژاوایییه‌كان و به‌تایبه‌ت ناسنامه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه (سۆسیالیزم، ناسیۆنالیزم، دیموكراسی، لیبرالیزم و هتد) گۆڕی.
لێره‌وه‌یه كه ده‌بینین ناسنامه‌ی داعش به هۆی به‌رده‌ستبوونی بنه‌ما و بنچینه و فاكته‌ره كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناوچه‌كه، له ناسنامه‌یه‌كی به‌رگریكار-به‌رنامه‌داره‌وه بۆ بنیاتنانی ناسنامه‌یه‌كی ڕه‌وایه‌تیپێده‌ری جێگره‌وه هه‌نگاو ده‌نێت. ئه‌مه‌یش پێكدادانی ناسنامه‌یی و به‌م پێیه‌یش جیۆسیاسی له نێوان ئه‌كته‌ره ناوچه‌یی و سه‌رووناوچه‌یییه‌كانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
كاتێك كه سوننه‌كان له پێكهاته‌ی نوێی ناسنامه‌ییی عێراق په‌راوێز ده‌كه‌ون، ئه‌وه هه‌وڵی به‌رگری له چوارچێوه‌ی ناسنامه‌یه‌كی به‌رگریكارانه‌دا ده‌ده‌ن. پاشان گرووپی تیرۆریستیی داعش له ڕێگه‌ی قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌له و لاوازیی ده‌وڵه‌ت له سووریا و عێراق، ناسنامه به‌رنامه‌داره‌كه‌ی بۆ ناسنامه‌ی ڕه‌وایه‌تیپێده‌ر ده‌گۆڕێت. ئه‌مه‌یش به‌بێ ڕاگه‌یاندنی خه‌لافه‌ت نه‌ده‌كرا؛ بۆیه پێویستی به داگیركردنی جوگرافی هه‌بوو. لێره‌وه ئه‌وه‌ی ڕه‌وایه‌تیی پێ ده‌دا، دژایه‌تیی به‌هاكانی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه له لایه‌ك و، وڵاتانی سه‌رووناوچه‌یی وه‌كوو ئه‌مریكا و ڕۆژاوا له لایه‌كی تره‌وه بوو.
له هه‌مان كاتدا ئه‌م ئاڵوگۆڕانه بارودۆخی جیۆسیاسیی ناوچه‌كه‌ی گۆڕی و، كۆمه‌ڵێك ده‌رفه‌ت بۆ ناسنامه‌كانی دیكه وه‌كوو "شیعه" هاته ئاراوه. بۆیه له لایه‌ك ململانێ جیۆسیاسییه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه ڕه‌هه‌ندی ناسنامه‌یی وه‌رده‌گرێت و، له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌م ململانێ ناسنامه‌یییانه لێكه‌وته و ده‌رهاوێشته‌ی جیۆسیاسیی ده‌بێت. ته‌نانه‌ت لێره‌وه ململانێی ناسنامه جۆراوجۆره‌كان، له‌ناو خودی گوتاری توندڕه‌وه ئایینییه‌كان (بۆ نموونه له پێكدادانی نێوان گرووپه تیرۆریستی و سوپای سووریا یاخود له یه‌مه‌ن و هتد) و به‌م پێیه‌یش وڵاتانی ناوچه‌كه، ڕوون ده‌بێته‌وه.
پێكدادانه ناسنامه‌یییه‌كان له چوارچێوه‌ی ململانێ جیۆسیاسییه‌كان له سووریا
ئه‌وه‌ی كه له سووریا ده‌بینرێت، به‌ڕوونی و به‌ئاشكرا ئه‌و ئاڵۆزییانه‌ی نێوان ئه‌كته‌ره ده‌وڵه‌تی و ناده‌وڵه‌تییانه‌مان بۆ شرۆڤه ده‌كات؛ له لایه‌ك ڕووسیا و ئێران و حزبوڵڵای لوبنان و عێراق و، له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌مریكا، سعوودیا، توركیا و وڵاتانی عه‌ره‌بی و قه‌ته‌ر و هتد. لێره‌وه‌یه كه ده‌بینین كه هه‌ر كامه له‌م ئه‌كته‌رانه‌یش هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات كه بۆ ڕه‌وایه‌تپێدانی ناسنامه‌ییی خۆی، هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ وڵاتان و ئه‌كته‌ره‌كانی نزیكی ناسنامه‌یی گرێ بدات؛ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌جێندا و به‌رنامه‌ی هه‌ر ناسنامه‌یه‌ك بۆ بنیاتنانی ناسنامه‌ی ڕه‌وایه‌تیپێده‌ر جیاوازه.
بۆ نموونه له نێوان ڕووسیا و ئێران یاخود سعوودیا له لایه‌ك و توركیا و قه‌ته‌ر له لایه‌یه‌كی تر، هه‌روه‌ها داعش و گرووپه توندڕه‌وه تیرۆریستییه‌كان و هتد. لێره‌وه ململانێ و بارگرژییه‌كانی نێوان قه‌ته‌ر و وڵاتانی دیكه‌ی سوننه‌یش ڕوون ده‌بێته‌وه؛ كه هه‌ر كامه‌یان به‌پێی ناسنامه به‌رنامه‌داره‌كه‌یان هه‌وڵی بنیاتنانی ناسنامه‌ی ڕه‌وایه‌تیپێده‌ر ده‌ده‌ن و لێره‌وه ناكۆكی و ململانێ و پێكدادان ڕوو ده‌دات. به‌م پێیه‌یش ئاسایش و هاوپه‌یمانێتییه‌كان به‌پێی ناسنامه‌كان، وه‌كوو "كۆنستراكتیڤیسته‌كان" ده‌ڵێن فۆرمی تایبه‌ت وه‌رده‌گرێت.
كاریگه‌ریی گوتاره ناسنامه‌یییه‌كان له‌سه‌ر فۆرمی ململانێی جیۆسیاسیی ناوچه‌كه
بە شێوەیەكی گشتی گۆڕانكاریی جیۆسیاسی گرێدراوی گۆڕانكاری له نۆرم و گوتاری زاڵی سیسته‌می نێودەوڵەتی و، بەم پێیەش گۆڕانكاری لە هاوسەنگیی هێزی نێوان ئه‌كته‌ره ناوچه‌یییه‌كانه‌وه هه‌یه. ئه‌كته‌ره ناسنامه‌یییه‌كانیش كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هاوكێشه جیۆسیاسییه‌كانی ناوچه‌كه هه‌بووه، به‌تایبه‌تی پاش شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی و ده‌ركه‌وتنی داعش و قه‌یرانی سووریا و هتد. له‌م نێوه‌نده‌دا ململانێكانی ئه‌كته‌ر ناسنامه‌یییه‌كانی ناوچه‌كه وه‌كوو ئێران و هاوپه‌یمانه ناوچه‌یییه‌كانی له لایه‌ك و، سعوودیا و توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانیان له لایه‌كی دیكه‌وه، ده‌ری ده‌خات كه بۆ مه‌به‌ستی هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه له قازانجی خۆیان له پاڵ هێز و ئه‌كته‌ره سه‌رووهه‌رێمییه‌كان هه‌وڵی دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی ده‌ده‌ن.
بۆ نموونه ئه‌مریكا له پاڵ وڵاتانی سوننه و، ڕووسیا له پاڵ وڵاتانی ناسراو به به‌ره‌ی به‌رگری له ناوچه‌كه‌دا، به‌پێی تیۆریی ڕیالیزمی نوێی هێرشبه‌رانه، هه‌ر كام له‌م وڵاتانه‌یش به هۆی هاوسنووریی جوگرافی و هێزی لایه‌نی به‌رامبه‌ر و نییه‌تی ئه‌كته‌ره‌كان و پڕچه‌كبوونی نه‌یاره‌كانیان، كاردانه‌وه‌یان ده‌بێت.
لێره‌وه ئه‌وه‌ی وا ده‌كات كه نییه‌تی ئه‌كته‌ره‌كان له كاتی به‌هێزبوون به مه‌ترسی بزاندرێت، بێجگه له هاوسنووری، ده‌توانێت ئه‌و ناسنامه به‌رنامه‌داره یاخود ڕه‌وایه‌تیپێده‌ره بێت كه دژی ناسنامه و به‌رنامه ناسنامه‌یییه‌كانی لایه‌نی به‌رامبه‌ره وه‌كوو پاڵنه‌ریك بۆ ڕه‌فتاری ئه‌كته‌ره‌كان و پێناسه‌كردنی دۆست و دوژمن و، به‌م پێیه‌یش ئاسایش یاخود دۆخی نائاسایشی و هه‌ڕه‌شه‌ئامێز. بۆیه ده‌وڵه‌تان بۆ ڕێگه‌گرتن له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ و جه‌نگ له‌گه‌ڵ یه‌كتری له ناوچه‌كه‌دا، له ڕێگه‌ی جه‌نگی به‌نوێنه‌رایه‌تی و ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه ململانێ ناسنامه‌یی و جیۆسیاسییه‌كان به‌ڕێوه ده‌به‌ن.
هه‌ر بۆیه، توركیا نیگه‌رانه له هه‌ر به‌هێزبوونێكی كورده‌كان له سووریا و كاردانه‌وه‌ی هه‌یه، چونكه جۆری ناسنامه‌ی كورده‌كان له به‌رگریكار-به‌رنامه‌داره‌وه، ده‌گۆڕدرێت بۆ ناسنامه‌ی ڕه‌وایه‌تیپێده‌ر. ئه‌مه‌یش له ڕوانگه‌ی توركیاوه ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نفووزی توركیا له ناوچه‌كه، به هۆی جیاوازی و ناكۆكی ناسنامه‌ییی توركیا و كورده‌كان له توركیا و سووریا، ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی ده‌كاته‌وه.
هه‌روه‌ها توركیا ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ئێران و سووریا له لایه‌ك و ئه‌مریكا و وڵاتانی ڕۆژاوایی له لایه‌كی دیكه‌وه، كورده‌كان له دژی ئاسایشی توركیا و له ململانێ جیۆسیاسییه‌كاندا به‌كار بێنن. بۆیه‌یشه توركیا به‌پێی ناسنامه‌كه‌ی، له به‌رامبه‌ر هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی جیۆسیاسی له ناوچه‌كه یاخود هاوپه‌یمانێتییه‌ك هه‌ستیاره و به‌پێی توانای، كاردانه‌وه‌ی سه‌ربازیی ده‌بێت.
قه‌ته‌ر و سعوودیا: ململانێی ناسنامه‌یی
ململانێ ناسنامه‌یی و جیۆسیاسییه‌كان، له‌ناو خودی سنووری هاوپه‌یمانێتییه‌كانیش بوونی هه‌یه؛ باشترین نموونه‌یش بارگرژیی نێوان قه‌ته‌ر و سعوودیا و ئیمارات و میسر. به هۆی ئه‌وه‌ی كه ناسنامه به‌رنامه‌دار- ڕه‌وایه‌تیپێده‌ره‌كه‌ی قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ ئیخوانییه‌كان و گرووپه توندڕه‌وه‌كان هاوته‌ریبه، ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆی نزیكبوونه‌وه له ئێران له به‌رامبه‌ر سعوودیا و وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه، كه ناسنامه به‌رنامه‌دار و ڕه‌وایه‌تیپێده‌ره‌كه‌یان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر و هاوپه‌یمانه‌كانی تووشی پێكدادان ده‌بێت.
بۆیه ئه‌م بارگرژییه كار ده‌كاته سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانیان و، ئێرانیش هه‌وڵ ده‌دات كه‌ڵك له‌م لێكترازانه گوتارییه وه‌ربگرێت. هه‌ر ئه‌م پاڵنه‌ره‌یش وا ده‌كات كه وڵاتانی سوننه هه‌وڵی گوشارخستنه سه‌ر قه‌ته‌ر بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له ڕووی جیۆسیاسییه‌وه به قازانجی ئێران نه‌شكێته‌وه. ئه‌مه‌یش هۆكاری پاڵپشتیی توركیا و قه‌ته‌ر و كه‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره له ڕووداوه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی و ئیخوانییه‌كان، كه بووه هۆی دڵه‌ڕاوكێی ئاسایشی له‌نێو وڵاتانی خاوه‌ن ناسنامه‌ی ڕه‌وایه‌تیپێده‌ر وه‌كوو سعوودیا و میسر و ئیمارات و به‌حرین و...، ده‌رده‌خات. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، كێبڕكێی دوو جۆری ناسنامه‌ی به‌رنامه‌دار بۆ بوون به ناسنامه‌ی ڕه‌وایه‌تیپێده‌ر له جیهانی ئیسلامی، بۆته هۆكاری بارگرژی و ململانێی نێو-ناسنامه‌یی.
له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، كێشه و گرفته ناوخۆیییه‌كان ده‌توانن ئاسه‌وار و كاریگه‌ریی سه‌روونه‌ته‌وه‌یییان هه‌بێت. بۆیه ئێران هه‌وڵ ده‌دات له كه‌لێن و لێكترازانه ناسنامه‌یییه ناوچه‌یییه‌كانی جیهانی عه‌ره‌بی كه‌ڵك وه‌ربگرێت و هیلالی شیعی وه‌كوو باڵاده‌ستییه‌كی جیۆسیاسی له ڕووی نفووزی ناسنامه‌یییه‌وه بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات. ئه‌مه‌یش دڵه‌ڕاوكێی ئاسایشیی بۆ وڵاتانی دیكه و ئه‌مریكا دروست كردووه. لێره‌وه هۆكاری نزیكبوونه‌وه‌ی ئێران له قه‌ته‌ر و پاڵپشتی له سووریا و حزبوڵڵا ده‌رده‌كه‌وێت. ته‌نانه‌ت ڕووداوه‌كان نیشانیان داوه كه نائارامی و ناسه‌قامگیری، ده‌توانێت ئاسایشی ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بخاته مه‌ترسییه‌وه. بۆ نموونه هێرشه‌كانی داعش له ئه‌وروپا و پرسی كۆچبه‌ران و هتد.
جیۆپۆلیتیكی شیعی و ململانێ جیۆسیاسی و ناسنامه‌یییه‌كان
ڕه‌فتاری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، به‌پێی ناسنامه‌كه‌ی له پاش 1979ه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای فاكته‌ره ماددی و ئایدیۆلۆژییه‌كان بووه. پاش گۆڕانكارییه‌كانی 11 سێپته‌مبه‌ری ساڵی 2001 و هێرشی ئه‌مریكا بۆ ئه‌فغانستان و 2003 بۆ عێراق، ئه‌وه ئێران تووشی دڵه‌ڕاوكێی ئاسایشی بوو. یه‌كێك له فاكته‌ره‌كانی كاریگه‌ر بۆ پاراستنی ناسنامه‌ییی ئێران، پرسی شیعه‌كان و هه‌نارده‌كردنی شۆڕش بووه. ئه‌مه‌یش له به‌رامبه‌ردا وڵاتانی ناوچه‌كه‌ی، كه ناسنامه‌ی جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و ئایدیۆلۆژیی جیاوازیان هه‌یه، تووشی دڵه‌ڕاوكێ كردووه.
به‌م پێیه ململانێ جیۆسیاسییه‌كانیان ڕه‌هه‌ندی ناسنامه‌ییی به‌خۆیه‌وه گرته‌وه. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، هه‌ر كام له ئێران و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه هه‌وڵیان داوه كه ناسنامه به‌رنامه‌داره‌كه‌یان بۆ ئه‌كته‌ر و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه، بگۆڕن بۆ ناسنامه‌یه‌كی ڕه‌وایه‌تیپێده‌ری زاڵ؛ ئه‌مه‌یش پێكدادانی جیۆسیاسیی لێ كه‌وتۆته‌وه. بۆیه ئێران بۆ به‌رفراوانكردنی سنووری ناسنامه‌ییی خۆی، هه‌وڵی داوه به‌توندی به‌رگری له ڕژێمی سووریا بكات بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه شیعه‌نشینه‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه بخاته ژێر هێژموونیی ناسنامه‌ییی خۆیه‌وه. لێره‌وه ئه‌م ناسنامه به‌رنامه‌داره‌ی ئێران به ناوی "به‌ره‌ی به‌رگری"، هه‌وڵی ناسه‌قامگیركردنی وڵاتانی ناوچه‌كه و دروستكردنی ناسنامه‌یه‌كی جێگره‌وه‌ی داوه. ئه‌مه‌یش وای كردووه ئه‌مریكا و وڵاتانی ناوچه‌كه، له دژی به‌هێزبوونی ئێران به‌م تایبه‌تمه‌ندییه دژه ڕۆژاوایییه‌ی ئێران، بوه‌ستنه‌وه.
گۆڕانكارییه ناوخۆیییه‌كانی وڵاتانی سوننه‌ی ناوچه‌كه و ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێران، وای كردووه كه ناوچه‌كه به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش بێت. كۆماری ئیسلامی ڕووبه‌ڕووی دۆخێكی پارادۆكسیكاڵ بۆته‌وه؛ به‌م مانایه كه له لایه‌ك هه‌وڵی داوه كه له سه‌رهه‌ڵدانی داعش بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی جیۆسیاسی خۆی كه‌ڵك وه‌ربگرێت به هۆی ڕه‌وایه‌تیوه‌رگرتن له ده‌ستێوه‌ردان و دژایه‌تیی تیرۆر (داعش)، له هه‌مان كاتیش‌دا به‌هێزبوونی داعش و گرووپه سوننه توندڕه‌وه‌كان، دژی باڵاده‌ستیی جیۆسیاسیی كۆماری ئیسلامییه و به‌ره‌ی به‌رامبه‌ری ئێران به‌هێز ده‌كات.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ئێران گرنگه ئەوەیە كە به هۆی جۆری ناسنامه‌كه ئیسلامی-شیعی و شۆڕشگێڕانەكەی و، بەم پێیە بنه‌مای ڕه‌وایه‌تییپێدەری ئه‌م ناسنامه‌یه و، (هه‌روه‌ها ڕاستییه كۆمه‌ڵایه‌تی، نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانی ناوخۆیی و ژینگەیی ئێران) بۆ ڕێگریكردن له دروستبوونی ناسنامه‌ی به‌رگریكارانه و به‌رنامه‌دار له ناوخۆی ئێران، له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی خۆی ڕووبه‌ڕووی ئه‌م ناسنامانه ببێته‌وه. به مانایه‌كی تر، ئێران ناتوانێت به‌بێ باڵاده‌ستیی جیۆسیاسی له ڕێگه‌ی ناسنامه‌یییه‌وه، ئاسایشی بوونناسانه‌ی خۆی بپارێزێت و، تووشی پووكانه‌وه و ئاڵوگۆڕی ناوخۆیی ده‌بێت. بۆیه ئێران له ڕێگه‌ی جیۆپۆلیتیكی شیعه‌وه هه‌وڵی دروستكردنی هاوسه‌نگی و نفووز له وڵاتانی عێراق، به‌حرێن، سعوودیا، ئازه‌ربایجان، توركیا، پاكستان، ئه‌فغانستان، لوبنان و یه‌مه‌ن و سووریا ده‌دات. به‌گشتی ئێران له ناوچه‌كه‌دا چه‌ندین ململانێی جیۆسیاسی و جیۆستراتیژیی هه‌یه:
- له ناوچه‌ی ئه‌فغانستان له‌گه‌ڵ نفووزی ستراتیژیی پاكستان و ئه‌مریكا و سعوودیا.
- له ناوچه‌ی قه‌وقاز و ئاسیای ناوه‌ڕاست، ململانێی جیۆسیاسی و جیۆئێكۆنۆمی له‌گه‌ڵ توركیا و، هه‌روه‌ها جیۆستراتیژی له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل و ئه‌مریكا.
- له ناوچه‌ی كه‌نداو له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌كه و ئه‌مریكا و، به‌تایبه‌ت سعوودیا.
- له جیهانی ئیسلامی له‌سه‌ر ڕێبه‌رایه‌تی و مۆدێلی حوكمڕانی و ناسنامه‌یی له‌گه‌ڵ سعوودیا و میسر.
- له عێراق له‌گه‌ڵ سوننه و نفووزی سعوودیا و وڵاتانی عه‌ره‌بی له لایه‌ك و، هه‌روه‌ها ڕۆڵ و نفووزی ئه‌مریكا له لایه‌كی دیكه‌وه. ئه‌مه بێجگه له ترسی ئێران له دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان، كه ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه و به‌پێی ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی ئێران و ناسنامه ئیسلامی-شیعی و شۆڕشگێڕییه‌كه‌ی، كۆی هاوكێشه‌كان له ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی له زیانی ڕۆڵ و نفووزی ئێران ده‌گۆڕێت.
- له سووریا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و سعوودیا و توركیا و ئه‌كته‌ر و هاوپه‌یمانه‌كانیان.
- له لوبنان له‌گه‌ڵ سوننه‌كان و سعوودیا و ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا.
- له فه‌ڵه‌ستین له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل له لایه‌ك و، وڵاتانی سوننه، به‌تایبه‌ت سعوودیا و میسر.
9- له یه‌مه‌ن له‌گه‌ڵ سعوودیا و وڵاتانی سوننه و ئه‌مریكا.
كۆبه‌ند:
به شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌رهه‌ڵدانی داعش و جه‌نگی دژه‌تیرۆر له ناوچه‌كه‌دا، گۆڕانكاری و هه‌ڕه‌شه و ده‌رفه‌تی زۆری خوڵقاندووه. هه‌ر كاتێك كه له پێكهاته‌ی هێزی ناوچه‌ییدا دوو یان چه‌ند ئه‌كته‌ر و ده‌وڵه‌تیك ده‌ستێوه‌ردان بكه‌ن، ئه‌وه ئه‌و ناوچه‌یه تووشی ناسه‌قامگیری و نائاسایشی ده‌بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ناسنامه و ستراتیژیی ئه‌م ئه‌كته‌رانه دژ به یه‌كتری بن. ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كه به‌ره یاخود بكه‌ر و ئه‌كته‌ری نوێ دروست ببێت. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، به‌پێی ناسنامه و به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و ئه‌كته‌رانه، پاڵپشتی له هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌بێته هۆی دروستبوونی به‌ره و لایه‌نێك له ناوچه‌كه‌دا كه ئاكامه‌كه‌ی ململانێ و كێبڕكێی جیۆسیاسییه.
داینامیزمی نوێی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌سه‌ر بنه‌مای پێكدادانی ناسنامه‌یییه له ڕێگه‌ی ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی جیۆسیاسیی ئه‌كته‌ره ناوچه‌یی و سه‌رووناوچه‌یییه‌كان. ئه‌مه‌یش بۆ كورد ده‌توانێت ده‌رفه‌تێكی زێڕین بێت كه له دۆخی گۆڕانكاری له هاوسه‌نگیی هێزه‌كاندا، بتوانێت له ناسنامه‌ی به‌رگریكارانه-به‌رنامه‌داره‌وه به‌ره‌و ناسنامه‌ی ڕه‌وایه‌تیپێده‌ر له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا هه‌نگاو بنێت.
له ڕاستیدا كه‌ڵكوه‌رگرتن له ناكۆكییه جیۆسیاسییه‌كان و پێگه‌ی جیۆسیاسیی هه‌رێمی كودرستان و كورد به‌گشتی، له پاڵ فاكته‌ره‌كانی هێزی سه‌ربازیی پێشمه‌رگه و جه‌نگی تیرۆر و فاكته‌ری جیۆئیكۆنۆمی و دیموكراسیی ناوخۆیی، ده‌توانێت ئه‌م ناسنامه‌یه بپارێزێت؛ به‌ڵام به ڕه‌چاوكردنی پێكدادانه ناسنامه‌یییه‌كانی نێوان ئه‌كته‌ره‌كان له چوارچێوه‌ی ململانێ جیۆسیاسییه‌كانی ئه‌كته‌ره ناوچه‌یییه‌كان (سعوودیا و ئێران و توركیا)، هەروەها ئەكتەرە سه‌رووناوچه‌یییه‌كان، به‌تایبه‌ت ڕووسیا و ئه‌مریكادا؛ چونكه كوردستان خاڵی هاوبه‌شی زۆری بۆ لێكنزیكبوونه‌وه هه‌یه و، له هه‌مان كاتدا له ڕووی ناسنامه‌یی و پێگه‌ی جیۆستراتیژییه‌وه خاوه‌نی فاكته‌ری "دروستكردنی هاوسه‌نگی"یه له نێوان ئه‌م ململانێ جیۆسیاسی و ناسنامه‌یییانه‌دا. بۆیە بەهەموو ئامراز و شێوەیەك كۆماری ئیسلامیی ئێران ستراتیژیی كۆتاییپێهێنان بەم ئەزموونە یاخود دابەشكردن و لاوازكردنی گرتۆتەبەر.
|