خستنه‌ڕووی پرس:
یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كێشه و گرفته‌كانی ئێستا له هه‌رێمی كوردستان-عێراق، ناكۆكیی لایه‌نه سیاسییه‌كان و، به‌م پێیه‌یش دا‌به‌شبوونی ڕای گشتییه له‌سه‌ر پرسی سیسته‌می سیاسی و چۆنێتیی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان له نێوان دامه‌زراوه و ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكوومه‌تدا. ئه‌م گرفته ئه‌وه‌نده قووڵ بووه‌ته‌وه كه كوردستانی تا ئاستی دابه‌شبوونێكی ڕاسته‌قینه بردووه. ئه‌وه جێگه‌ی ئاماژه‌یه به‌رگریی هه‌ڵه‌ی زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانه له‌و جۆره سیسته‌مه سیاسییه‌ی كه مه‌به‌ستیانه و، به‌م پێیه‌یش، پێچه‌وانه‌كه‌ی به نادیموكراسیبوون ناو ده‌به‌ن.
له ڕاستیدا به‌راوردی سیسته‌مه سیاسییه‌كان، به‌تایبه‌ت له نێوان ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی و وڵاتانی ناسراو به جیهانی سێیه‌م یاخود باشوور و گه‌شه‌نه‌سه‌ندوو، پرسێكی ئه‌كادیمیی ئاڵۆز و ئه‌سته‌مه كه به هۆی جیاوازیی بونیاده سیاسی، ئابووری، كه‌لتووری، مێژوویی و...ه‌كانه‌وه له‌م ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا، ناتواندرێت به‌ڕه‌هایی باس له‌وه بكرێت كه: كامه مۆدێلی حوكمڕانی یاخود سیسته‌م گونجاوه و، ئایا ده‌كرێت ده‌قاوده‌ق سیسته‌مێكی ده‌وڵه‌تێكی پێشكه‌وتووی ڕۆژاوایی لاسایی بكرێته‌وه؟
بۆیه پێویسته ئه‌و ڕاستییه ئاشكرا بكه‌ین كه هه‌ر وڵاتێك، ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی، به هۆی جیاوازی له ستراكچه‌ر و پێكهاته‌كانیانه‌وه، له ڕه‌وتێكی مێژوویی‌دا جۆره سیسته‌مێكیان هه‌ڵبژاردووه كه به‌رهه‌می مێژوو، ئابووری، سیاسه‌ت، هۆشیاریی تاك و كۆمه‌ڵگه، جوگرافیا، گۆڕانكارییه‌كان، كه‌لتوور، باڵانسی نێوان هێز و گرووپه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و كۆمه‌ڵگه تایبه‌ته‌یه. بۆیه‌یشه ناكرێت به به‌راوردی جۆری سیسته‌می سیاسی، بڕیار له‌سه‌ر به‌دیموكراسیبوون یاخود نادیموكراسیبوونی سیسته‌مێكی سیاسی بده‌ین و، له لایه‌كی تره‌وه بمانه‌وێت ئه‌گه‌ر له وڵاتێكدا سیسته‌مێكی سیاسیی تایبه‌ت به‌باشی كاری كردووه، ئه‌وه هه‌مان سیسته‌م له كوردستاندا پیاده بكه‌ین و، وا بزانین له‌گه‌ڵ ئه‌و فاكته‌ر و ڕه‌گه‌زه بونیادییه جیاوازانه‌دا ده‌گونجێ. ئه‌م دوو خاڵه زۆر گرنگه و، پێویسته ئاوڕێكی جددیی لێ بده‌ینه‌وه.
له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به شێوه‌یه‌كی پوخت و كورت ئاوڕێك له‌و بابه‌ته بده‌ینه‌وه و، نیشانی بده‌ین كه بۆ به‌راوردكردنی سیسته‌مێكی سیاسی له‌گه‌ڵ سیسته‌مێكی تر و، هه‌روه‌ها به‌دیموكراسیزانین یاخود نادیموكراسیبوونی سیسته‌مێكی سیاسی، چه‌ندین فاكته‌ر و ڕه‌گه‌زی بونیادیی جیاواز ڕۆڵ و كاریگه‌رییان هه‌یه و ده‌ستنیشانی ئه‌وه ده‌كه‌ن؛ ئه‌ویش نه‌ك به شێوه‌ی ڕه‌ها، به‌ڵكوو به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی.
هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه بزانین كه ئه‌ركی سیسته‌م و حزبه سیاسییه‌كان و ته‌نانه‌ت دامه‌زراوه‌كانی حوكمڕانیش بەپێی پێداویستی و پێویستییه‌كانی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له یه‌كتری جیاوازه و، نابێت هاوشێوه‌بوونی" ناوه‌كان" به‌لاڕێماندا ببات. لێره‌دا لێكۆڵه‌ران و توێژه‌رانی زانستی سیاسه‌ت، به دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌دا ده‌چن كه بۆچی له هه‌ندێ له وڵاتان سیستەمی دیموكراسی هه‌یه و له وڵاتانی تردا سیسته‌مێكی نادیموكراتیك، بوونی هه‌یه؟ ئایا ده‌كرێت به هه‌مان پێوه‌ری كه‌لتووری و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و، هه‌روه‌ها چوارچێوه‌ی زانستی بۆ ده‌وڵه‌تانی پێشكه‌وتوو و ڕۆژاوایی، خوێندنه‌وه بۆ سیسته‌می سیاسی و حكوومه‌ت له به‌شه‌كه‌ی تری ئاسیا و ئه‌فریقا و ئه‌مریكای لاتین، كه زیاتر له 63%ی یه‌كه سیاسییه‌كان و 75% دانیشتووانی جیهان له‌خۆ ده‌گرێت، بكرێت؟
یه‌كه‌م: به‌راوردی سیسته‌مه سیاسییه‌كان
له چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته‌كانی به‌راوردكاریدا، ده‌تواندرێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ شێوازی كاری حكوومه‌ته‌كان و په‌یوه‌ندیی نێوان بونیاده جۆراوجۆره‌كان بكرێت و چۆنێتیی كار و چالاكییه‌كانی حكوومه‌ته جۆراوجۆره‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر به‌راورد بكرێت. پێشووتر بیرمه‌ندان زیاتر له چوارچێوه‌ی خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه یاسایییه فه‌رمییه‌كاندا ئه‌م كاره‌یان ده‌كرد، به‌ڵام به هۆی گۆڕانكاریی كۆمه‌ڵگه‌كان و گرێدراویی دوولایه‌نه و چه‌ندلایه‌نه‌ی سیسته‌مه جۆراوجۆره‌كان و كار و كارلێكی بواره‌كانی ئابووری و سیاسی و كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و، هه‌روه‌ها په‌ره‌سه‌ندنی په‌یوه‌ندییه‌كان و ئاڵۆزیی میكانیزمی كاركردنی ده‌وڵه‌ته‌كان و، هه‌روه‌ها جیاوازیی نێوان حكوومه‌ت و ده‌وڵه‌تان، ئه‌وه سیاسه‌ته‌كانی به‌راوردكاری، له‌م چوارچێوه ته‌سكه یاسایی و فه‌رمی و نه‌ریتییه‌ی پێشوو ده‌رچوو.
به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسی له دوو ڕه‌گه‌ز پێك دێت: پێكهاته‌ی بونیادی و چه‌ند وزه‌یفه یاخود ئه‌ركێك. پێناسه‌ی جۆراوجۆر بۆ سیسته‌م و سیسته‌می سیاسی كراوه، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین: "سیسته‌می سیاسی، كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه ئامانجی گشتیی كۆمه‌ڵگه جێبه‌جێ ده‌كات." به‌م پێیه لێره‌وه بۆ به‌راوردی هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسی، دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه ده‌بێت/پێویسته به‌راورد بكرێت، كه كارێكی ئاڵۆز و ئه‌سته‌مه. ئه‌م دامه‌زراوانه و ئه‌ركه‌كانیان جیاواز و فره‌ن، بۆ نموونه: حزبه سیاسییه‌كان، دامه‌زراوه‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن، كه‌لتووری سیاسی، داموده‌زگه حكوومییه‌كان و ته‌نانه‌ت دادگه‌كان.
هه‌روه‌ها هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسی، به‌رگری له مانه‌وه و به‌رده‌وامیی خۆی ده‌كات. شێوازی ئه‌م به‌رگری و مانه‌وه‌یه، ده‌ربڕی ئاستی پێگه‌یشتوویی و پێشكه‌وتنی ئه‌م سیسته‌مه سیاسییه‌یه. ئه‌مه‌یش له پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك به‌رجه‌سته ده‌بێت. هه‌ر به‌م هۆیه‌یشه كه هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسی له ڕێگه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی یارمه‌تی و پاڵپشتی و ڕه‌زامه‌ندیی هاووڵاتیانه‌وه، ئه‌و مانه‌وه و، به‌و پێیه‌یش ڕه‌وایه‌تیی خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌ته‌وه.
ئه‌م جۆره له شیكردنه‌وه‌یه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه هه‌ر به‌ش و ئه‌ندام و بونیاد و دامه‌زراوه و به‌ها و پرۆسه‌یه‌ك هه‌ڵگری ئه‌رك یان چه‌ند ئه‌ركێكه، كه به وه‌زیفه یاخود ئه‌ركی ئه‌و بونیاد و دامه‌زراوه یان ته‌نانه‌ت بوونه‌وه‌ره ده‌ناسرێت. به‌م واتایه كه كۆمه‌ڵگەی مرۆیی وه‌كو ئۆرگانیزمێكی بایۆلۆژیك كار ده‌كات، كه هه‌ر به‌شێك له‌م ئۆرگانیزمه كارێكی تایبه‌تی هه‌یه كه ته‌واوكه‌ری به‌شه‌كانی تره كه بۆ ژیان و به‌رده‌وامیی هه‌ر بوونه‌وه‌رێك پێویسته، به‌م شێوه‌یه‌ش له كۆمه‌ڵگەیش هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ك ئه‌ركێكی هه‌یه كه بۆ سه‌قامگیری و مانه‌وه و پێشكه‌وتنی ئه‌و كۆمه‌ڵگەیه گرنگ و پێویسته.
بۆ نموونه ئه‌ركی خۆگه‌نجاندن له‌گه‌ڵ ژینگه، كاری ئابوورییه. ئه‌ركی ده‌سته‌به‌ركردن و گه‌یشتن به ئامانجه‌كان كاری حكوومه‌ته و ئه‌ركی یه‌كپارچه‌یی و یه‌كگرتوویی و په‌یوه‌ندیی دامه‌زراوه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر، كاری دامه‌زراوه یاسایی و ئایینییه‌كانه و هه‌روه‌ها ئه‌ركی پاراستنی به‌هاكان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی بنه‌ماڵه و خێزان و په‌روه‌رده و فێركردن. لێره‌وه‌یه كه به‌پێی جیاوازیی كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كان، كه سیسته‌مێكی كه‌لتووریی جیاوازیان هه‌یه، پێنج جۆره بگۆڕ بۆ لێكۆڵینه‌وه له كۆمه‌ڵگای كلاسیكی و مۆدێرن دێته ئاراوه:
1- په‌یوه‌ندیی سۆزدارانه و له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ست له كۆمه‌ڵگەی كلاسیكی، له هه‌مبه‌ر په‌یوه‌ندیی فه‌رمی له كۆمه‌ڵگە مۆدێرنه‌كان.
2- په‌یوه‌ندیی تایبه‌ت له وڵاتانی دواكه‌وتوو له هه‌مبه‌ر په‌یوه‌ندیی گشتی له وڵاتانی پێشكه‌وتوو.
3- به‌رژه‌وه‌ندیی تاكه‌كه‌سی له كۆمه‌ڵگە نه‌ریتییه‌كان له هه‌مبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی له كۆمه‌ڵگە مۆدێرنه‌كان.
4- په‌یوه‌ندی له‌سه‌ر بنه‌مای خوێن و عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه و ناوچه، له هه‌مبه‌ر په‌یوه‌ندی له‌سه‌ر بنه‌مای شایسته‌بوون له كۆمه‌ڵگەی مۆدێرن.
5- په‌یوه‌ندییه‌كانی تیكه‌ڵ و ئاڵۆز له كۆمه‌ڵگە دواكه‌وتووه‌كان، له هه‌مبه‌ر په‌یوه‌ندیی تایبه‌تی پسپۆری له كۆمه‌ڵگە مۆدێرنه‌كان.
بۆیه‌شه له هه‌ر ده‌وڵه‌تێك دیارده و دامه‌زراوه‌یه‌ك ئه‌ركی جیاواز و هه‌ندێك جار نه‌رێنیی هه‌یه، بۆ نموونه كاریگه‌ری و ڕۆڵی ئایین له ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگە جۆراوجۆره‌كان له‌سه‌ر بواره‌كانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ... هتد. به‌م پێیه‌ش تاوه‌كو هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك دامه‌زراوه‌ی جۆراوجۆر و ئاڵۆزی هه‌بیت، زیاتر ده‌توانێت ئه‌ركی جۆراوجۆر و داواكارییه جیاوازه‌كان به‌رجه‌سته بكات و وڵامی پێویستیان بداته‌وە. ئه‌مه‌یش كۆمه‌ڵگه نه‌ریتی و مۆدێرنه‌كان لێك جیا ده‌كاته‌وه.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسی، هه‌وڵی ده‌سته‌به‌ركردنی جۆرێكی تایبه‌ت له خۆشگوزه‌رانی و ئاسایش و دادپه‌روه‌ریی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت سیاسی ده‌دات. هه‌ر به‌م هۆیه‌ی دوایییه، كه شێوازی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شكردن و به‌گشتی سیسته‌می ئابووری-سیاسیی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك، ئاستی دیموكراسی و پێشكه‌وتنی ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه ده‌ستنیشان ده‌كات. بۆیه فاكته‌ری ئابوورییش بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌راوردی سیسته‌مه سیاسییه‌كان گرنگیی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. به‌م مانایه كه له سیسته‌مه لیبراڵه‌كان ڕۆڵی تاك و خاوه‌ندارێتیی تایبه‌ت و بازاڕی ئازاد و، له سیسته‌مه كۆمۆنیستییه‌كان ده‌ستێوه‌ردان و ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت و خاوه‌ندارێتیی گشتی، جۆری سیسته‌می سیاسی و ته‌نانه‌ت ئاستی ئه‌و ده‌وڵه‌ته له ڕووی پێشكه‌وتنه‌وه دیاری ده‌كات.
دووه‌م: سیسته‌مه سیاسییه‌كانی ده‌وڵه‌تانی پێشكه‌وتوو (پەرەسەندوو) و ده‌وڵه‌تانی دواكەتوو (په‌رئە‌ستێن)
ده‌وڵه‌ت شتێكی به‌رجه‌سته و عه‌ینی نییه، به‌ڵكوو ئه‌بستراكته، به‌ڵام كۆمه‌ڵیك یاسا و ڕیسای پابه‌ندكه‌ره. به شێوه‌یه‌كی گشتی، ده‌وڵه‌ت وه‌ك گردبوونه‌وه‌یه‌كی مرۆیی پێناسه ده‌كرێت كه گرێدراوی هه‌رێم (ئیقلیم یاخود خاك) و، سنوورداركراوه به سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و یاسایی بۆ مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی و ئاسایشی گشتی، كه له ڕێگه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاتی پابه‌ندكه‌ره‌وه به‌رگری له مانه‌وه‌ی خۆی ده‌كات. به‌م پێیه‌یش هه‌ر ده‌وڵه‌تێك پێویسته ئه‌م سێ بنه‌مایه‌ی هه‌بێت: 1- بنه‌مای یاسایی‌ی ده‌وڵه‌ت 2- بنه‌مای كه‌سایه‌تیی مه‌عنه‌وی و یاسایی‌ی ده‌وڵه‌ت 3- بنه‌مای سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ت (یاسایی و سیاسی له بواری ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا).
هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵات توانایه‌كی ئیرادی و مرۆیییه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی كه له‌سه‌ر بنه‌مای هێز و ده‌سه‌ڵات و ڕه‌زامه‌ندیی یاسایییه؛ جیا له‌وه‌ی كه له چ ڕوانگه یاخود تیۆرییه‌كه‌وه بڕوانینه ده‌سه‌ڵات. بۆ نموونه:1- تیۆریی بنه‌مای پیرۆزیی ده‌سه‌ڵات و خواوه‌ندیبوونی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته 2- تیۆریی سه‌رچاوه‌ی مرۆیی و گرێبه‌ست و دامه‌زراوه‌یی بۆ ده‌سه‌ڵات و هتد. ئه‌وه‌ی كه جێگه‌ی ئاماژه‌یه ئه‌وه‌یه، كه ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌راوردكارییه به شێوه‌ی زانستی نه‌كرێت، ئه‌وه تووشی هه‌ڵه و نازانستیبوونی به‌راورده‌كه ده‌بێت. به‌و مانایه كه له نێوان دوو جۆری ده‌وڵه‌تانی پێشكه‌وتوو و دواكه‌توودا جیاوازیی زۆر له جۆری ئه‌و دامه‌زراوانه و ته‌نانه‌ت كێشه‌كانیان هه‌یه، چونكه ئێمه باس له دوو جۆری جیاوازی كۆمه‌ڵگه و ئه‌ركی جیاوازی دامه‌زراوه‌كان و پێكهاته‌ی بونیادیی جیاواز ده‌كه‌ین؛ بۆ نموونه: زۆربوونی له‌ڕادده‌به‌ده‌ری دانیشتووان، هه‌ژاری و جیاوازیی چینایه‌تیی قووڵ، نه‌خۆشی، سیسته‌می په‌روه‌رده و فێركردن و ئاستی په‌روه‌رده، كێشه‌ی بێكاری و هه‌ڵاوسان و هتد. هه‌روه‌ها له‌و جۆره ده‌وڵه‌تانه (دواكه‌وتوو)، كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی بونیادیی تر وه‌ك: جیاوازیی ناوچه‌یی، چینایه‌تی، ئیتنیكی، ئایینی، نه‌ته‌وه‌یی، مێژوویی و...، بوونی هه‌یه و به‌چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماوه‌ته‌وه.
له لایه‌كی تره‌وه ئێمه له سه‌ره‌تای هه‌ر به‌راوردكردنێكدا ڕووبه‌ڕووی دوو جۆره سیما یاخود تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌بینه‌وه، بۆ نموونه: ده‌وڵه‌تانی پێشكه‌وتوو سیمایه‌كی پیشه‌سازی و بازرگانی و به مانا مۆدێرنه‌كه‌ی شارستانییانه‌یان هه‌یه و، ده‌وڵه‌تانی دواكه‌توو یاخود هه‌ژار و پاشكه‌وتوو خاوه‌ن سیمایه‌كی خێڵه‌كی و كشتوكاڵی و لادێیی و گوندین و له ڕووی پشتپێكبه‌ستن (پشتپێبه‌ستنی دوولایه‌نه) (Interdependency)ی ئابووری، سیاسی، سه‌ربازی و ئاسایشییه‌وه به‌ته‌واوی له یه‌كتری جیاوازن. به‌م مانایه كه كۆمه‌ڵێك ڕێگری له بواری پشتبه‌ستن به یه‌كتری له ده‌وڵه‌تانی دواكه‌توودا هه‌ن كه زیاتریان بونیادی و مێژوویین.
سێیه‌م: به‌سیاسیكردن و كه‌لتووری سیاسی
یه‌كێك له گه‌وره‌ترین گرفت و كێشه‌كان له به‌رده‌م به‌راوردی ئه‌م دوو جۆره ده‌وڵه‌تانه، كه‌لتووری سیاسیی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌یه كه به‌شێكه له كه‌لتووره گشتییه‌كه‌ی ئه‌م وڵاتانه. هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسی، هه‌وڵ ده‌دات بانگەشە بۆ تاقانەبوونی بنه‌مای هزری، سیستەمی به‌هایی و نۆرمه ناسنامەیییەكانی بكات و تەنانەت هه‌وڵی چەسپاندن و جێگیركردنیان ده‌دات، ئەمەیش به‌شێكه له پرۆسه‌ی "به‌كۆمه‌ڵایه‌تیكردن"؛ به‌م مانایه كه به‌كۆمه‌ڵایه‌تیكردن ده‌توانێت ئه‌و به‌ها و نۆرم و بنه‌مایانه بكاته به‌شێك له كه‌لتووری سیاسیی ئه‌و ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌یه. لێره‌وه بۆ نموونه له سه‌رده‌می یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، حزبی كۆمۆنیست هه‌وڵی ده‌دا كه له ڕێگه‌ی پرۆسه‌ی به‌كۆمه‌ڵایه‌تیكردنه‌وه ئه‌و بنه‌ما و نۆرم و به‌هایانه بكاته به‌شێك له كه‌لتووری سیاسی و ته‌نانه‌ت به‌پێچه‌وانه‌وه. به‌م پێیه كه ڕۆڵی كه‌لتووری سیاسی، وه‌كو به‌شێك له كه‌لتووری گشتیی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك، له شوێن‌دانان له‌سه‌ر ڕه‌فتاری تاك و گرووپه جیاوازه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت.
به‌گشتی كو‌لتووری سیاسی، به‌رهه‌می مێژووی سیسته‌می سیاسییه، به‌م پێیه‌ش كو‌لتووری سیاسی په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان 1- لێكدانه‌وه‌ی ده‌روونناسانه‌ی ڕه‌فتاری سیاسیی تاكه‌كان (شیكردنه‌وه‌ی ورد و بچووك)، هه‌روه‌ها 2- لێكدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵناسانه‌ی ڕه‌فتاری گرووپ و كۆمه‌ڵه‌كان (شیكردنه‌وه‌ی گه‌وره و باڵا) دروست ده‌كات.
به‌پێی پێوه‌ره‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی بیرمه‌ندانی ئه‌م بواره "ئالمۆند و ڤێربا" له كو‌لتووری سیاسی، به‌گشتی جۆره‌كانی كو‌لتووری سیاسی به سه‌ر سێ (3) جۆر دابه‌ش ده‌كرێت كه جیاكه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتوو و نه‌ریتییه‌كان و كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتوو دیموكراتیكه‌كانه:
1- كو‌لتووری سیاسیی داخراو (سنووردار)
2- كو‌لتووری سیاسیی پاشكۆ (دووره‌په‌رێز)
3- كو‌لتووری سیاسیی به‌شدارانه (چالاك) یاخود مه‌ده‌نی.
هه‌ر چه‌ند تێكه‌ڵێك له‌م كو‌لتوورانه له ده‌وڵه‌تاندا ده‌بیندرێت. خوێندنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م جۆره كو‌لتوورانه‌یه كه چۆنییه‌تیی په‌یوه‌ندیی نێوان خه‌ڵك و نوخبه‌كان، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگە و حكوومه‌ت و چۆنیه‌تیی ڕوانینی تاكه‌كان بۆ ڕه‌وایه‌تیی ده‌سه‌ڵاتداران له‌لایه‌ك و له لایه‌كی تریشه‌وه ڕه‌فتار و بونیاد و بڕیار و به‌هاكانی هه‌ر سیسته‌مێكی سیاسی ده‌ستنیشان ده‌كات. ئه‌مه‌یش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی سیاسی و كاراییی سیسته‌م و هه‌روه‌ها سه‌قامگیری و گۆڕانكاری له سیسته‌مدا هه‌یه.
ئه‌م ڕه‌گه‌زه بۆ به‌راوردكردنی سیسته‌مه سیاسییه‌كان، به‌ڕوونی ئه‌وه ده‌رده‌خات كه چ جیاوازییه‌ك له نێوان سیسته‌مه سیاسییه‌كانی ده‌وڵه‌تانی پێشكه‌وتوو و ڕۆژاوایی و سیسته‌مه سیاسییه‌كانی ده‌وڵه‌تانی دواكه‌توو و په‌ره‌نه‌سه‌ندوودا هه‌یه. به هۆی ئه‌وه‌ی كه چه‌ندین فاكته‌ر ده‌بێته هۆی ئه‌و به‌كۆمه‌ڵایه‌تیكردنه و، كاریگه‌ریی له‌سه‌ری ده‌بێت و، له دواییدا به‌پێی ئه‌و پرۆسه‌یه ئه‌رك و كێشه و به‌هاكانی ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه، جیاوازن. له گرنگترین فاكته‌ره‌كانی كاریگه‌ر و پێكهێنه‌ری به‌كۆمه‌ڵایه‌تیبوونی سیاسی بریتین له: بنه‌ماڵه، قوتابخانه، ڕێكخراوه ئایینییه‌كان، گرووپی هه‌ڤاڵان، كار و پیشه و پسپۆریی تاكه‌كان، ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندن، حزبه سیاسییه‌كان و هتد. به‌م پێیه‌یش بۆ نموونه ده‌توانین ئه‌وه به‌ئاشكرا ببینین كه له نێوان ده‌وڵه‌تێكی ڕۆژاوایی و ده‌وڵه‌تێكی دواكه‌توو یاخود په‌ره‌ستێندا، وه‌ك كوردستان، ته‌واوی ئه‌و فاكته‌ر و ڕه‌گه‌زانه‌ی به‌كۆمه‌ڵایه‌تیكردنی سیاسی جیاوازییان هه‌یه و، ناتوانین به‌م جیاوازییه‌وه چاوه‌ڕوانی ده‌رهاوێشته و ئه‌نجامی یه‌كسان بین له بوار و كایه جۆراوجۆره‌كانی سیاسی و پرۆسه‌ی سیاسی‌دا و، له ئاكامدا بینه‌ری یاسا و دیموكراسییه‌كی هاوشێوه و یه‌كسان بین. هه‌ر به هۆی ئه‌و جۆره ڕه‌گه‌ز و بنه‌مایانه‌یه، كه ئێمه بۆ نموونه له كوردستاندا ناتوانین ده‌ستوورێك دابنێین كه ڕێك هاوشێوه‌ی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی بێت و چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێكردنیشی بین.
چواره‌م: ئه‌ركی سیاسی و بونیاده سیاسییه‌كان
به‌پێی جیاوازی له كه‌لتووری سیاسیی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه (پێشكه‌وتوو و دواكه‌وتوو)، ئه‌ركی سیاسی و بونیاده سیاسییه‌كانیشیان جیاوازه. بۆ نموونه له بواری پێكهاته‌ی سیاسی‌دا حزبه سیاسییه‌كان و چۆنێتیی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و دامه‌زراوه و ده‌سه‌ڵات و ده‌سته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دامه‌زراوه حكوومییه‌كانیشیان زۆر جیاوازن. له گرنگترین فاكته‌ره‌كان ده‌توانین ئاماژه به جۆر و شێوازی هه‌ڵبژاردنه گشتییەكان بكەین كه ئایا هه‌ڵبژاردنەكان كێبڕكێكارانهیه یاخود ناكێبڕكێكارانه‌یه؟ هه‌روه‌ها به‌شداریی هاووڵاتیان ئاراسته‌كراو و به‌زۆره‌ملێیه یاخود ئێمه له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا هاووڵاتییه‌كی به‌شدار و كاریگه‌ر ده‌بینین؟
پێنجه‌م: كۆكردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان
هه‌ر به‌پێی ئه‌م به‌راورده ئه‌وه گرنگه، كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان له‌و جۆره ده‌وڵه‌تانه چۆن پێناسه ده‌كرێن و چۆن ده‌رده‌بڕدرێن. به‌م مانایه یه‌كێك له‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی كه ده‌توانین ناونیشانی دیموكراسیبوون به‌كار بێنین، ئه‌وه‌یه كه ئایا داواكاریی تاك و گرووپ و حزبه سیاسییه‌كان به چ شێوه‌یه‌ك ده‌رده‌بردرێت و، به‌م پێیه به‌رژه‌وه‌ندیی چ كه‌س یاخود گرووپ و حزبێك ده‌پارێزرێت و گوزارشت له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ده‌كات، بۆ نموونه: شێوازی داواكارییه‌كان له ڕێگه‌ی كه‌سی، یاسایی، خۆپێشاندان و مانگرتن یاخود توندوتیژییه‌وه ئاراسته‌ی سیسته‌می سیاسی ده‌كرێت و وه‌ڵام ده‌درێته‌وه (وه‌ڵامی ئه‌رێنی یاخود نه‌رێنی). لێره‌دا حزبه سیاسییه‌كان ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌گێڕن و، هه‌ر به‌م هۆیه‌یشه كه جۆر و شێوازی كاری حزبه سیاسییه‌كان وێنایه‌كی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌مان پێ ده‌دات كه ئاخ‌و پێشكه‌وتوون یاخو دواكه‌توو و نادیموكراتیك.
كۆكردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان پرۆسه‌یه‌كه، كه داواكاری و پێویستیی تاك و گرووپ و كۆمه‌ڵه‌كان ده‌كرێته پێشنیازی سیاسی و، له‌وانه‌یشه بڕیاری سیاسی؛ كه له ڕێگه‌ی حزبه سیاسییه‌كانه‌وه ده‌كرێته به‌رنامه‌ی كاری حكوومه‌ت یاخود پرۆپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان. شێوازی كار و چالاكیی حزبه سیاسییه‌كان، ده‌توانن پێمان بڵێن كه ئایا سیسته‌مێكی سیاسی، خاوه‌ن سیسته‌می حزبیی كێبڕكێكارانهیه یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه؟ یاخود ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدانه‌وه كۆ ده‌كرێنه‌وه؟
بۆیه سیمای دیموكراتیكبوون یاخود نادیموكراتیكبوونی ده‌وڵه‌تان له جۆری سیسته‌می حزبییه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر سیسته‌مێكی حزبی، به سیسته‌می حزبیی ده‌سه‌ڵاتخوازانه بناسرێت و بەرنامە و سیاسەتی ئه‌و حزبه بریتی بێت له دابینكردن و كۆكردنەوەی هه‌موو داواكاری و به‌رژه‌وه‌ندیی چین و توێژەكانی كۆمه‌ڵگه (به‌پێی ویست و ئایدیۆلۆژی و به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و حزبه)، ئه‌وه به‌دڵنیایییه‌وه ئه‌و حكوومه‌ت و سیسته‌مه سیاسییه، نادیموكراتیكه. ته‌نانه‌ت جۆری بونیاد و ڕێكخستنی حزبه‌كان وه‌ك حزبه دەستەبژێرەكان (ئه‌مریكا و ئه‌وروپا)، حزبه جه‌ماوه‌رییه‌كان (حزبه كۆمۆنیست و فاشیستییه‌كان) و حزبی شۆڕشگێڕ و ...، كاریگه‌ریی ده‌خاته سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی سیاسی و بڕیاروه‌رگرتن و، به‌م پێیه‌یش پێویستیی به به‌رواردێكی تایبه‌ت ده‌بێت. به‌گشتی جۆری سیسته‌می حزبه سیاسییه‌كان له هه‌ر ده‌وڵه‌تێك، دابه‌ش ده‌بێته سه‌ر دوو جۆری:1- سیسته‌می كێبڕكێكارانه‌ی حزبی 2- سیسته‌می ناكێبڕكێكا‌رانه‌ی حزبی.
سیسته‌مه حزبییه كێبڕكێكاره‌كان به‌سه‌ر 1- تاكحزبی یاخود سیسته‌می حزبیی زاڵ 2- دووحزبی و 3- فره‌حزبی، دابه‌ش ده‌بن. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه بۆ به‌راوردی سیسته‌مه سیاسییه‌كان له ڕێگه‌ی سیسته‌می حزبییه‌وه، ده‌بێت ئاگاداری ئه‌و خاڵه بین كه خودی ئه‌و سیسته‌مانه‌یش جۆراوجۆر و جیاوازن. بۆ نموونه: سیسته‌می حزبیی ڕه‌ق (وه‌ك بریتانیا)، سیسته‌می دووحزبیی نه‌رم (ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا)، سیسته‌می دووحزبیی ته‌واو (بریتانیا تا ساڵی 1935)، سیسته‌می دووحزبیی ناته‌واو (ئه‌ڵمانیا له ساڵی 1961 تاوه‌كوو 1966)، یاخود سیسته‌می حزبیی هاوسه‌نگ و ناوهاوسه‌نگ، سیسته‌می حزبیی زاڵ (حزبه كۆمۆنیستییه‌كان)، یاخود له فه‌ڕه‌نسا (له ساڵی 1958 تاوه‌كوو 1981)، سیسته‌می حزبیی زاڵی توند (سوید له ساڵی 1940 تاوه‌كوو ساڵی 1944 كه حزبێك ده‌نگی ڕه‌ها دینێته‌وه). له لایه‌كی تره‌وه له سیسته‌مه حزبییه ناكێبڕكێكاره‌كاندا ئێمه ده‌توانین ئاماژه به: 1- سیسته‌می حزبیی تاك (كۆمۆنیستی) 2- سیسته‌می حزبیی تاك (فاشیستی) 3- سیسته‌می حزبیی تاك (له وڵاتانی دواكه‌وتوو یاخود جیهانی سێیه‌م)، بكه‌ین.
له‌م جۆره پۆلێن‌كردن و سیسته‌مانه‌دا، ده‌رده‌كه‌وێت كه بۆ به‌راوردی سیسته‌می سیاسی و سیسته‌می حزبی له هه‌ر ده‌وڵه‌تێك، ده‌بێت زۆر به‌وردی ئاگاداری ئه‌وه بین كه ته‌نانه‌ت تاكحزبیبوون نابێته هۆی دیكتاتۆری یاخود به‌رهه‌مهێنانی تۆتالیتاریزم، به‌ڵكوو به‌پێی هه‌لومه‌رجی ئابووری، سیاسی، مێژوویی، كه‌لتووری، یاسایی و ...، له هه‌ر ده‌وڵه‌تێكدا جیاوازه و به‌ئاسانی ناتوانین به سیسته‌مێكی سیاسی، مۆركی دیموكراسی یاخود دیكتاتۆریی لێ بده‌ین. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه ده‌توانین بڵێین ئه‌م ڕه‌گه‌زه به‌باشی ده‌ری ده‌خات، كه له كوردستاندا به‌پێی واقعی مێژوویی، سیاسی، ئابووری و كه‌لتووری و ته‌نانه‌ت یاسایی‌ی سیسته‌می حزبی و پرۆژه‌ی دیموكراسی و دروستكردنی بڕیاری سیاسی، كه له خاڵی دواتردا باسی لێوه ده‌كه‌ین، دامەزراوەییبوون و پێشگه‌یشتوویی دیموكراسی له چ ئاستێكدایه.
شه‌شه‌م: دروستكردنی بڕیاری سیاسی
یه‌كێك له خاڵه هه‌ر گرنگه‌كان بۆ به‌راوردی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و ده‌ستنیشانكردنی جیاوازی و ئه‌ركه‌كانیان، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌یه كه كێ (چ كه‌سێك یاخود دامه‌زراوه‌یه‌ك) بڕیاری سیاسی ده‌دات. به‌م مانایه كه ئایا زۆربه‌ی بڕیاره‌كان له په‌رله‌مانه‌وه ده‌درێت یاخود له لایه‌ن سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت یاخود تاكه‌كه‌س و تاكه حزبێك؟ خودی دروستكردنی بڕیار به‌پێی ده‌ستوور و دابه‌شكردنی جوگرافیی ده‌وڵه‌ت ده‌گۆڕدرێت. بۆ نموونه به‌پێی ئه‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌ته‌كه كۆنفیدراڵییه یاخود فیدراڵییه، یان یه‌كگرتوو و ده‌وڵه‌تێكی ساده‌یه، ئه‌وه پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیار له ڕێگه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه‌وه جیاوازیی ده‌بێت.
بۆ نموونە عێراقی پێش و عێراقی پاش ساڵی 2003 لە ڕووی سیستەمی سیاسییەوە جیاوازی هەیە. به‌ڕوونی ده‌بیندرێت كه عێراق پێشووتر ده‌وڵه‌تێكی ساده بوو، به‌ڵام له پاش ساڵی 2003وه (سه‌ره‌ڕای كه‌موكورتییه‌كانی سیسته‌می فیدراڵی له عێراق) به‌ڵام جیاوازیی لە دابەشكردنی دەسەڵات و دروستكردنی بڕیاردا هەیە و، هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی جوگرافی-سیاسی و یاسایی ده‌رده‌كه‌وێت و، به‌شداره له دروستكردنی بڕیاری سیاسی له ناوه‌ندی ده‌وڵه‌تی فیدراڵ (عێراق) و، هه‌روه‌ها بڕیاری سیاسی به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی و تایبەتمەندییەكانی خۆی لەناوخۆی هەرێمی كوردستاندا ده‌رده‌كات. خاڵێكی زۆر گرنگ ئه‌وه‌یه كه چۆنێتیی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان، كه جۆری سیسته‌می سیاسی ده‌ستنیشان ده‌كات، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیاریش هه‌یه. بۆ نموونه سیسته‌مه دیموكراتیكه‌كان به‌پێی ئه‌و پێوه‌ره، دابه‌ش ده‌بنه سه‌ر سیسته‌می په‌رله‌مانی، سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی، سیسته‌می تێكه‌ڵاو و سیسته‌می به‌كۆمه‌ڵ (جمعیه).
به‌م پێیه‌یش ئه‌م جۆره سیسته‌مه سیاسییانه به‌پێی هه‌لومه‌رجی مێژوویی و واقعی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووری و ئابووری و سیاسیی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك جیاوازه و، له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ده‌گونجێت. بۆیه ئه‌م ڕه‌گه‌زه بۆ به‌راوردكاری، ناتوانێت وه‌ك فاكته‌ر و بگۆڕێكی سه‌ربه‌خۆ و داماڵراو له فاكت و بنه‌ماكانی تر هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكرێت و ببێته تاكه خاڵی به‌راوردی سیسته‌مه سیاسییه‌كان یاخود دیموكراسیبوون و نادیموكراسیبوونی سیسته‌مێكی سیاسی و، له لایه‌كی تره‌وه باش یاخود خراپبوونی هه‌ر كامه له‌و سیسته‌مانه. به‌ڵكوو ئه‌وه سوودمه‌ندی و كارامه‌یی و گونجاوبوونی ئه‌و سیسته‌مه‌یه بۆ واقعی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێداویستی و ئاستی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه.
كۆبه‌ند:
كه‌وابوو، له كۆتاییدا ده‌توانین بڵێین بێجگە لەوەی كە ئێمە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ نین، شتێكی هه‌ڵه‌یه كه ئیمه له كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته مشتومڕی توندی سیاسی بكه‌ین كە خۆمان لەگەڵ دیموكراسیی پێگەیشتووی دەوڵەتانی رۆژاوایی بەراورد بكەین، به‌ڵكوو پێویسته به‌پێی بارودۆخی تایبه‌تی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، مێژوویی، كه‌لتووری، ناوچه‌یی و ته‌نانه‌ت سیستەمی ئابووریی سیاسی و...، له هه‌رێمی كوردستان و به لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌م بوارانه‌دا، بگه‌ینه گونجاوترین و به‌كه‌ڵكترین سیسته‌می سیاسی و له ده‌ستووردا جێگیر بكرێت.
چونكه بۆ نموونه فاكته‌ری ئابووری له هه‌رێمی كوردستان، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر جۆری سیسته‌می سیاسی و كه‌لتووری سیاسی هه‌یه. ئابووریی گرێدراوی فرۆشتنی نه‌وت و گاز له لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه، یاخود له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه داهاته‌كه‌ی به ڕێژه‌ی 42% بۆ سه‌ره‌وه گرێدراوی فرۆشتنی سه‌رچاوه‌ی سروشتی و پاره‌ی ده‌ره‌كی بێت، به‌دڵنیایییه‌وه پێویسته/ده‌بێت سیسته‌مێكی زۆر تایبه‌تتری هه‌بێت و، ناكرێت ده‌قاوده‌ق لاساییی وڵاتێكی پیشه‌سازی و پێشكه‌وتوو بكرێته‌وه. بۆیه پێویسته پرسی سیسته‌می سیاسیی هه‌رێمی كوردستان دوور له كێشمه‌كێشی حزبیی ته‌سك، به شێوه‌یه‌كی واقعی و زانستی به‌پێی پێویستی و پێداویستییه‌كانی سه‌رده‌م و واقعی ئابووری، سیاسی، كه‌لتووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، مێژوویی و...ی كوردستان دابڕێژرێت و، له ده‌ستووردا جێگیر بكرێت.
ته‌نانه‌ت ئه‌م ده‌ستووره‌ش بێجگه له پرسی ماف و ئازادییه‌كان كه ده‌بێت به‌پێی سه‌رده‌م په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی جیهانی و نێوده‌وڵه‌تیی تێدا ڕه‌نگ بداته‌وه، له‌به‌شه‌كانی تریشی به ڕه‌چاوكردنی ئه‌و ماف و ئازادییانه و جێگیركردنی دیموكراسی به‌پێی واقعی كوردستان، له قۆناغه جۆراوجۆره‌كان به‌پێی ویستی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان هه‌موار بكرێته‌وه.