خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری ساڵی 2017 له كۆماری ئیسلامیی ئێران
په‌رویز ڕه‌حیم قادر- مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان / زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی:
دوازده‌یه‌مین خولی هه‌ڵبژاردنی كۆماری ئیسلامیی ئێران له ڕۆژی هه‌ینی 19-5-2017 له ئێران به‌ڕێوه چوو. له‌م خوله‌دا له كۆی 1636 كه‌س، شوورای پاراستنی ده‌ستوور ته‌نیا شیاوێتیی شه‌ش كه‌س (حه‌سه‌ن ڕۆحانی، سه‌ییدئیبراهیم ڕه‌ئیسی، محه‌مه‌دباقر قالیباف، ئیسحاق جه‌هانگیری، سه‌ییدمسته‌فا هاشمی ته‌با و سه‌ییدمسته‌فا میرسه‌لیم)ی په‌سه‌ند كرد. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌له‌سه‌ركردن بوو ئه‌وه‌یه كه، ئه‌م شوورایه شیاوێتیی "ئه‌حمه‌دینه‌ژاد"، سه‌رۆككۆماری هه‌شت ساڵه‌ی پێشووتری ئێرانی ڕه‌ت كرده‌وه.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌ندێ له پێشبینییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی كه له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا ئه‌گه‌ری به‌شدارییه‌كی كه‌م هه‌یه یاخود له‌وانه‌یه به هۆی بارودۆخی تایبه‌تی ته‌ندروستیی ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامییه‌وه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه پاڵێوراوی توندڕه‌وه‌كان، واته سه‌ییدئیبراهیم ڕه‌ئیسی، له لایه‌ن ڕژێمه‌وه هه‌ڵبژێردرێت، به‌ڵام لانی كه‌م به‌پێی ئاماره‌كانی فه‌رمیی كۆماری ئیسلامی (هه‌رچه‌نده هه‌میشه به هۆی جۆری سیسته‌می سیاسیی ئه‌و وڵاته و، هه‌روه‌ها نه‌بوونی ئازادیی ڕاگه‌یاندن و به‌شدارنه‌بوونی ڕێكخراو، ناوه‌ند و چاودێرانی بێلایه‌ن، ئاماره‌كانی كۆماری ئیسلامی لانی كه‌م له لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌م و ڕه‌خنه‌گرانه‌وه ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه و، به جێگه‌ی متمانه داناندرێت)، هه‌ر دوو پێشبینییه‌كان دروست نه‌بوون یاخود وه‌ڕاست نه‌گه‌ڕان.
لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین تیشك بخه‌ینه سه‌ر هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی "ڕۆحانی" وه‌كوو سه‌رۆككۆمار و، له لایه‌كی تریشه‌وه هۆكاره‌كانی به‌شداریكردنی كورد له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا تاووتوێ بكه‌ین كه سه‌ره‌ڕای بایكۆتكردنی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه له لایه‌ن شه‌ش حزبی ئۆپۆزیسیۆنی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و داواكارییان بۆ به‌شدارینه‌كردنی خه‌ڵك، به‌ڵام كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان تا ڕادده‌یه‌كی به‌رچاو به‌شداریی كرد.
بۆیه پرسیاری سه‌ره‌كی و بنچینه‌یی ئه‌وه‌یه: چ فاكته‌رگه‌لێك، بووه هۆكاری به‌شداریی به‌رچاوی تاكه‌كان له ئێران و به‌تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان؟ ئایا به‌پێی ئاكامه‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بێت، ئێران وڵاتێكی دیموكراتیك و سه‌قامگیره و، حزبه سیاسییه كورده‌كان چیتر كاریگه‌ری و ڕۆڵیان نه‌ماوه؟ خه‌ساری حزبه‌كان چین كه ناتوانن ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر تاكه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات دروست بكه‌ن؟
پرسیاری بنچینه‌یی و جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه كه چ چوارچێوه‌یه‌كی تیۆری، ده‌توانێ وه‌ڵامی ئه‌وه بداته‌وه كه بۆچی له لایه‌ك خه‌ڵك له هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا دژی ئه‌م سیسته‌مه سیاسییه ڕه‌فتار ده‌كات، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ده‌نگ به پاڵێوراوه‌كانی ئه‌م سیسته‌مه ده‌دات؟ واته پرسیار ئه‌وه‌یه كه له ڕووی زانستییه‌وه هۆكاری ئه‌م پشێوی و ئاڵۆزییانه چین؟
یه‌كه‌م: هه‌ڵبژاردن به‌پێی ئاماره‌كان
له كۆی 56،410،234 كه‌س له ئێران كه مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو، به‌پێی ئاماره‌كان ڕێژه‌ی 73،07% له خه‌ڵك، كه ده‌كاته 41،220،131 كه‌س، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌شدارییان كرد. هه‌رچه‌نده كه به هۆی هاوكات به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری و ئه‌نجومه‌نی شار و گونده‌كان ڕیژه‌ی به‌شداریی هه‌ر كامه‌یان به‌جیا ڕوون نییه. له خولی پێشووتری هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له ساڵی 2013دا خه‌ڵك به ڕێژه‌ی 72،7% به‌شداریی كردبوو و، هه‌ر له‌و خوله‌ی پێشووتردا "حه‌سه‌ن ڕۆحانی" توانیبووی به به‌ده‌ست هێنانی 18.613.329 ده‌نگ، ڕێژه‌ی 50.71%ی ده‌نگه‌كان له كۆی 36.704.156 ده‌نگده‌ر، ببێته حه‌وته‌مین سه‌رۆككۆماری ئێران.
به‌ڵام له‌م خوله‌دا ڕۆحانی به به‌ده‌ست هێنانی ڕێژه‌ی 57،13%ی ده‌نگه‌كان، توانیی 23،549،616 ده‌نگ به‌ده‌ست بێنێت كه به به‌راورد به خولی پێشتووتر، به‌رزبوونه‌وه‌كه ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاوه و نزیكه‌ی 8% به‌رز بۆته‌وه. كێبڕكێكاری سه‌ره‌كیی حه‌سه‌ن ڕۆحانی، واته سه‌ییدئیبراهیم ڕه‌ئیسی، توانیی 15،786،449 ده‌نگ كه ده‌كاته ڕێژه‌ی 38،5%ی ده‌نگه‌كان، به‌ده‌ست بێنێت. هه‌رچه‌نده هه‌ر یه‌كه له محه‌مه‌دباقر قالیباف و ئیسحاق جه‌هانگیری به قازانجی ڕه‌ئیسی و ڕۆحانی له هه‌ڵبژاردندا كشانه‌وه، به‌ڵام سه‌ییدمسته‌فا هاشمی ته‌با، ته‌نیا 215،450 ده‌نگی به‌ده‌ست هێنا و، سه‌ییدمسته‌فا میرسه‌لیم 478،215 ده‌نگی به‌ده‌ست هێنا. كۆی ده‌نگه پووچه‌ڵكراوه‌كان یاخود ده‌نگه سپییه‌كان نزیكه‌ی 2% واته 1،190،401 ده‌نگ بوون، كه ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاوه.
له لایه‌كی تریشه‌وه له‌م خوله‌دا ڕێژه‌ی به‌شداریی ئێرانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ته‌نانه‌ت كه‌سانی ناسراوی ئۆپۆزیسیۆنی ڕیفۆرمخواز به ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كرد؛ به جۆرێك كه له كۆی 168،430 كه‌س كه له ده‌ره‌وه ده‌نگیان داوه، "حه‌سه‌ن ڕۆحانی" توانیی 135،976 ده‌نگ، "ئیبراهیم ڕه‌ئیسی" توانیی 30،890 ده‌نگ، "میرسه‌لیم" 1020 ده‌نگ و "هاشمی ته‌با" 606 ده‌نگ به‌ده‌ست بێنن.
ئاماری پارێزگه‌كانی كوردستان:
ئه‌وه‌ی كه جێگه‌ی تێڕامانه "ڕۆحانی" زۆرترین ده‌نگی له پارێزگه‌ی كوردستان (سنه) به‌ده‌ست هێناوه. هه‌رچه‌نده لێره‌دا به هۆی مشتومڕی جیاواز له سه‌ر پارێزگه‌ی لورستان، ئه‌م پارێزگه‌یه هه‌ژمار نه‌كراوه.
كوردستان (سنه)
به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌نده فه‌رمییه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، له پارێزگه‌ی كوردستان (سنه) له كۆی 1،181،883 كه‌س كه مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه، 694،037 كه‌س ده‌نگیان داوه كه ڕێژه‌ی 641،654 ده‌نگ هه‌ژمار كراون. به‌م پێیه ڕێژه‌ی به‌شداری له‌م پارێزگه‌یه، ده‌گاته 59%ی ده‌نگده‌ران كه به به‌راورد له‌گه‌ڵ خولی ڕابردووی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری ساڵی 2013، نزیكه‌ی 3% ڕێژه‌ی به‌شداریی خه‌ڵك دابه‌زیوه. له‌م ده‌نگانه‌یش، "ڕۆحانی" ڕێژه‌ی 73%ی ده‌نگه‌كان واته 467،710 ده‌نگی به‌ده‌ست هێناوه. له هه‌مان كاتدا "ڕه‌ئیسی" ڕێژه‌ی 24،16%ی ده‌نگه‌كان، واته 155،036 ده‌نگی به‌ده‌ست هێناوه.
ئازه‌ربایجانی ڕۆژاوا (ورمێ)
له پارێزگه‌ی ئازه‌ربایجانی ڕۆژاوا ڕێژه‌ی به‌شداریی خه‌ڵك به‌رزتر بۆته‌وه. به‌م مانایه، كه له كۆی 2،342،000 كه‌س كه مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه له‌م پارێزگه‌یه‌دا، ڕێژه‌ی به‌شداریی خه‌ڵك نزیكه‌ی 68،2% بووه؛ واته 1،609،500 كه‌س ده‌نگیان داوه كه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی 2013 كه ڕێژه‌ی به‌شداری 67،4% بووه، ئه‌وه به به‌راورد له‌گه‌ڵ پێشووتردا به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینیوه. له‌م ڕێژه‌یه 1،030،286 كه‌س كه ده‌كاته 67%، ده‌نگیان به "ڕۆحانی" و 473،857 كه‌س كه ده‌كاته ڕێژه‌ی 30.81%، ده‌نگیان به "ڕه‌ئیسی" داوه.
كرماشان
له پارێزگه‌ی كرماشان، له كۆی 1،070،000 كه‌س كه به‌شدارییان كردووه، ڕێژه‌ی به‌شداریی خه‌ڵك گه‌یشتۆته 71% و، 1،026،508 ده‌نگی دروست بۆ پاڵێوراوان هه‌ژمار كراوه. له‌م ده‌نگانه‌یش ڕۆحانی 68،15%ی ده‌نگه‌كان واته 699،654 ده‌نگی به‌ده‌ست هێناوه، له كاتێكدا "ڕه‌ئیسی" 30،57%ی ده‌نگه‌كان واته 313،894 ده‌نگی كۆ كردۆته‌وه. له هه‌مان كاتدا "میرسه‌لیم" 8787 ده‌نگ و "هاشمی ته‌با" 4173 ده‌نگی وه‌ده‌ست خستووه.
ئیلام
له پارێزگه‌ی ئیلام له كۆی 425،000 كه‌س كه مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه، له‌م ڕێژه‌یه 341،636 كه‌س به‌شدار بووه كه ڕێژه‌ی به‌شداریی خه‌ڵك ده‌كاته 77،37% و، له‌م ڕێژه‌یه 325،872 ده‌نگی دروست بۆ پاڵێوراوان هه‌ژمار كراوه. له‌م ده‌نگانه "ڕۆحانی" توانیی 55%ی ده‌نگه‌كان (188،925) و "ڕه‌ئیسی" 38%ی ده‌نگه‌كان (133،023)ی به‌ده‌ست هێنا. هه‌روه‌ها "میرسه‌لیم" 2781 ده‌نگ و "هاشمی ته‌با" 1143 ده‌نگی به‌ده‌ست هێناوه.
ئاماره فه‌رمییه‌كان چیمان پێ ده‌ڵین؟
به‌پێی لێكدانه‌وه‌یه‌كی خێرا و به هه‌ژماركردنی كۆی ڕێژه و ئاماره‌كانی به‌شداریكردن و ده‌نگه سپی و پووچه‌ڵكراوه‌كان، ده‌توانین بڵێین كه ڕۆحانی له ڕاستیدا 41%ی ده‌نگه‌كانی ئێرانییه‌كانی به‌ده‌ست هێناوه و، "ڕه‌ئیسی" 27%ی كۆی ده‌نگه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ی مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه. به‌م پێیه ده‌نگی سپی و بایكۆت و پووچه‌ڵكراو، ده‌گاته نزیكه‌ی 30%ی كۆی ده‌نگی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه مافی ده‌نگدانیان هه‌یه و، 2%ی ده‌نگه‌كانیش ده‌مێنێته‌وه بۆ لایه‌نه‌كانی تری به‌شداربوو. چونكه له كۆی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه مافی ده‌نگدانیان هه‌بووه، نزیكه‌ی 15،190،103 كه‌س له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌شدارییان نه‌كردووه و نزیكه‌ی 1،200،000 ده‌نگی سپی یاخود پوچه‌ڵكراوه هه‌بووه، كه له كۆی ده‌نگی هه‌ر دوو پاڵێواری سێیه‌م و چوارم، واته "میرسه‌لیم" و "هاشمی ته‌با"، زیاتر بووه. كۆی ڕێژه‌ی ئه‌م دوو ده‌نگه سپی و به‌شدارینه‌كردنه، ده‌كاته 16،390،103 ده‌نگ، كه له كۆی ده‌نگه‌كانی "ئیبراهیم ڕه‌ئیسی" (15،786،449) وه‌كوو كه‌سی دووه‌می هه‌ڵبژاردن و پاڵێوراوی ئسووڵگه‌را یاخود موحافیزكارهكان له ئێران‌دا، به‌رزتر یاخود زیاتره. هه‌روه‌ك ساڵانی پێشووتر، موحافیزكارهكان كه له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ساڵی 2013 شكستیان خوارد و له ساڵی 2015 له ئه‌نجومه‌نی شوورای ئیسلامی، دووباره تووشی شكست بوون و، ئێستایش دووباره نه‌یانتوانی سه‌ركه‌وتوو بن.
له لایه‌كی تره‌وه، ئه‌گه‌ر ئێمه ئاماره فه‌رمییه‌كانی كۆماری ئیسلامی به پێوه‌ر وه‌ربگرین، ئه‌وه كۆی ده‌نگی پارێزگاره‌كان به نوێنه‌رایه‌تیی "ڕه‌ئیسی" له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، ده‌ری ده‌خات كه بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی ئه‌م ڕه‌وته ده‌سه‌ڵاتداره، جێگیره؛ به‌و مانایه‌ی كه به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2013ی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار، ده‌نگی چوار پاڵێوراوی ئسووڵگه‌را یاخود موحافیز‌كاران (جه‌لیلی، قالیباف، ڕه‌زایی و ویلایه‌تی) كه توانییان پێكه‌وه 16،5 ملیۆن ده‌نگ بهێننه‌وه، له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئێستای ڕه‌ئیسیدا یه‌كسانه.
دووه‌م: پاڵنه‌ر، فاكته‌ر و هۆكاره عه‌ینییه‌كانی به‌شداریی هاووڵاتیان
به شێوه‌یه‌كی گشتی، چه‌ندین فاكته‌ر و هۆكار، بوونه هۆی به‌شداریی خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردندا. لێره‌دا ئاماژه به چه‌ند فاكته‌ر و هۆكارێكی سه‌ره‌كی ده‌كه‌ین و پاشان له به‌ستێنی فاكته‌ر و پارامێتره نێونجی و گه‌وره‌كاندا شیكردنه‌وه‌یان بۆ ده‌كه‌ین، به‌پێی چوارچێوه‌ی "تیۆریی پشێوی" له جیهانی سیاسه‌تی نوێ‌دا.
یه‌كه‌م: ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پاڵێوراوه‌كان له به‌رنامه‌ی زیندووی ته‌له‌ڤزیۆنیدا و، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بڕیاریان دابوو به‌شداری نه‌كه‌ن یاخود بڕیاریان نه‌دابوو كه ده‌نگ به كێ ده‌ده‌ن.
دووه‌م: دووركه‌وتنه‌وه‌ی گوتاری پاڵیوراوه‌كان (به پاڵێوراوی پارێزگاره‌كانیشه‌وه) له گوتاری ئیسلامیی فه‌رمی. به‌م مانایه كه له هه‌ڵمه‌ته‌كاندا زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر نه‌ته‌وه و ئێرانی‌بوون ده‌كرایه‌وه نه‌ك ئیسلامی‌بوون.
سێیه‌م: جێبه‌جێكردن و سه‌ركه‌وتنی "ڕۆحانی" له به‌ڵێنی خولی پێشووتر ده‌رباره‌ی به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران و گه‌یشتن به ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌ڵگرتنی ئابڵووقه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌م به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌وه، ناسراو به "به‌رجام" (به فارسی: برجام (برنامه جامع اقدام مشترك/ پلانی گشتگیری هه‌نگاوی هاوبه‌ش؛ له‌م وتاره‌دا به كوردی واته "به‌رجام" ده‌نووسرێت.) و، ڕه‌واندنه‌وه‌ی تارماییی جه‌نگ له‌سه‌ر ئێران. به‌م پێیه بۆ جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانی دیكه ده‌رفه‌تی دووباره درایه "ڕۆحانی".
چواره‌م: باسكردنی گه‌رم له پرسی ئازادی و ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی هاووڵاتیان. بۆ نموونه "ڕۆحانی " به‌ڵینی ئه‌وه‌ی داوه كه به پاڵپشتیی خه‌ڵك، به‌رجامی یه‌ك و دوو جێبه‌جێ ده‌كات؛ كه به بڕوای شرۆڤه‌كاران مه‌به‌ستی، چاكسازیی سیاسی و كرانه‌وه‌ی بارودۆخی سیاسیی ئێرانه.
پێنجه‌م: خستنه‌ڕووی پرسی ماف و ئازادییه‌كانی پێكهاته و كه‌مایه‌تییه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان؛ كه ئه‌مه‌یش، بووه هۆی دروستبوونی هیوا له لایه‌ن ئه‌م پێكهاتانه به "ڕۆحانی" و ته‌نانه‌ت "ڕه‌ئیسی".
شه‌شه‌م: ترس و دڵه‌ڕاوكێی خه‌ڵك له ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی سه‌رده‌می "ئه‌حمه‌دینه‌ژاد" و خراپبوونه‌وه‌ی بارودۆخی ئابووری و گوزه‌رانی خه‌ڵك و گه‌نده‌ڵی و هتد. یه‌كێكیش له هۆكاره‌كانی شكستی ڕه‌ئیسی (له پاڵ فاكته‌ره‌كانی دیكه)، هه‌ڵگرتنی گوتارێكی پۆپۆلیستیی هاوشێوه‌ی "ئه‌حمه‌دینه‌ژاد" بوو.
حه‌وته‌م: ڕاشكاوی و ئازایه‌تیی زیاتری "ڕۆحانی" له قسه‌كردن و به‌زاندنی سنوور و هێڵه سووره‌كانی سیسته‌می هه‌نووكه‌ییی سیاسیی ئێران به به‌راورد له‌گه‌ڵ "ڕه‌ئیسی" و، هه‌روه‌ها ڕیفۆرمیسته‌كانی وه‌كوو "خاته‌می" له سه‌رده‌می خۆیدا.
هه‌شته‌م: به‌رجه‌سته‌كردنه‌وه‌ی ترس و هۆشداریدان له‌وه‌ی كه له ئه‌گه‌ری به‌شدارینه‌كردنی به‌رفراوان، ئه‌وه "ڕه‌ئیسی"، كه به كه‌سێكی سه‌ركوتكه‌ر و به‌شدار له له‌سێداره‌دانی ناڕازییه‌كان و زیندانییه‌كان له ده‌یه‌ی هه‌شتاكان له ئێران ده‌ناسرێت، ده‌بێته سه‌رۆككۆمار.
نۆیه‌م: په‌نابردنی به‌رده‌وامی "ڕۆحانی" و نیشاندانی "یه‌كبه‌ره‌یی" (له‌به‌ره‌یه‌كدابوون) له گوتاره‌كانیدا، بۆ كاریزمای ڕه‌فسه‌نجانی، مووسه‌وی، كه‌ڕووبی و خاته‌می وه‌كوو كه‌سانێكی مافخوراو و لایه‌نگری چاكسازی و خه‌ڵك.
ده‌یه‌م: ویستراوبوون و مۆدێرنتربوون و سه‌رنجڕاكێشتربوونی گوتاری "ڕیفۆرمخوازی و میانڕه‌وی" له‌نێو هاووڵاتیان، له هه‌مبه‌ر گوتاری "شۆڕشگێڕی و پارێزگارانه‌ی توندڕه‌وه‌كان".
یازده‌یه‌م: به‌رجه‌سته‌كردنه‌وه و زه‌قكردنه‌وه‌ی ناڕاسته‌وخۆی بارودۆخی ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت سووریا، له ڕێگه‌ی مه‌ترسیی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ له ئێران و هێرشی ده‌ره‌كی له ئه‌گه‌ری هاتنه‌سه‌ركاری كه‌سیكی توندڕه‌وی وه‌كوو "ڕه‌ئیسی". به‌م پێیه هاتنه‌سه‌ركاری "ترامپ"، له لایه‌ك كاریگه‌ریی له‌سه‌ر نه‌رمیی سیسته‌م له هه‌مبه‌ر هاتنه‌سه‌ركاری میانڕه‌و یاخود ڕیفۆرمخوازه‌كان هه‌بووه و، له لایه‌كی تریشه‌وه خه‌ڵكیش به ده‌نگدان به كه‌سێكی سه‌ركه‌وتووی وه‌كوو "ڕۆحانی"، له ڕووی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، ویستوویانه یاخود له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه بوونه كه له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانن تارماییی جه‌نگ بڕه‌وێننه‌وه.
دوازده‌یه‌م: دووركه‌وتنه‌وه‌ی له دروشمه‌كانی سه‌ره‌تای شۆڕش. به‌م مانایه كه له‌م خوله‌دا زیاتر باس له چاكتركردنی دۆخی ئابووری و چاكسازی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ڕیفۆرمی سیاسی و ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و ئازادییه‌كان و...، به به‌راورد له‌گه‌ڵ خوله‌كانی ڕابردوو كه زیاتر باس له ئایین، سیاسه‌ت و دروشمی ئه‌خلاقی و به‌هایی و شۆڕشگێرانه‌ی ئیسلامی و داخراو و پارێزگارانه ده‌كرا. به‌ڵام ئه‌م جاره زیاتر باس له ئابووری و ئاسایشی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و... ده‌كرا.
سێزده‌یه‌م: هه‌ستكردنی خه‌ڵك به‌وه‌ی كه ده‌توانن له‌م ڕێگه‌یه‌وه دژی پاڵێوراوی ڕێبه‌ری باڵای شۆڕش (خامنه‌یی) بوه‌ستنه‌وه و، ڕێگه نه‌ده‌ن كه كۆنترۆڵی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار بكه‌ن. به مانایه‌كی تر، ئه‌م هه‌ست و تێگه‌یشتنه له لای خه‌ڵك دروست بووه كه له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانن هه‌نگاوی بچووك به‌ره‌و كرانه‌وه و چاكسازی بهاوێژن و، به ده‌نگدان به كه‌سانی میانڕه‌وتر، كه مه‌ودایه‌كیان له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و توندڕه‌وه‌كاندا هه‌یه، قۆناغ به قۆناغ ویست و داواكارییه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.
چوارده‌یه‌م: كرانه‌وه‌یه‌كی ڕێژه‌یی له سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردن، كه تا ڕادده‌یه‌ك پاڵێوراوان و ڕۆژنامه و تاكه‌كان و لایه‌نه‌كان ده‌توانن بیروڕای خۆیان ده‌ڕببرن. ئه‌مه‌یش كاریگه‌ری له‌سه‌ر دروستبوونی هه‌ستی كاریگه‌ربوون دروست كرد و هانی خه‌ڵكیدا بۆ به‌شداری له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا.
پازده‌یه‌م: هه‌ستیاریی تاكه‌كان له هه‌مبه‌ر باشتربوونی دۆخی ژیان و ئابوورییان و، هه‌روه‌ها كرانه‌وه‌ی ڕێژه‌ییی دۆخی سیاسی بۆ تاكه‌كان به به‌راورد له‌گه‌ڵ دروشم و سیاسه‌ت و ستراتیژییه‌كانی تر، كه به‌ڵێنه‌كانی دوورمه‌ودایه یاخود له‌م كاته‌دا ئه‌گه‌ری جێبه‌جێبوونی لاوازه.
شازده‌یه‌م: ڕۆڵی به‌رچاوی ڕۆشنبیران، هونه‌رمه‌ندان، مامۆستایانی زانكۆ، ڕۆژنامه‌نووسان و چالاكانی مه‌ده‌نی و هه‌روه‌ها، ئامرازه‌كانی ڕاگه‌یاندن و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌گشتی میدیاكانی ناوخۆیی و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌كی له هاندانی جه‌ماوه‌ر بۆ به‌شداری و ڕێگه‌گرتن له سه‌ركه‌وتنی پاڵێوراوی توندڕه‌وه‌كان.
حه‌ڤده‌یه‌م: هاوكاتبوونی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و ئه‌نجومه‌نه‌كانی شار و گونده‌كان. به‌م مانایه كه تاكه‌كان به هۆكاری جۆراوجۆر (ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی كه سیاسی نین و متمانه‌یان به هیچ پاڵێوراوێكی سه‌رۆكایه‌تی و، له‌وانه‌یه كۆی سیسته‌می سیاسی نه‌بێت)، به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی شار و گونده‌كان به‌پێویست ده‌زانن.
هه‌ژده‌یه‌م: نه‌بوونی هیچ ئۆپۆزیسیۆنێك به گوتارێكی یه‌كگرتوو و سه‌رنجڕاكێش یاخود ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی به‌هێز له ناو سیسته‌م له لایه‌ك و له ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌م له لایه‌كی تره‌وه، كه له به‌رده‌م خه‌ڵك بێت و، بتوانێ له ڕێگه‌یه‌وه ویست و داواكارییه ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت ئایینی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر و جێبه‌جی بكات.
نۆزده‌یه‌م: به‌دووجه‌مسه‌ربوونی پاڵێوراوان (سێ كاندیدی توندڕه‌وه‌كان و سێ كاندیدی میانڕه‌و و ڕیفۆرمخوازه‌كان) له هه‌ڵبژاردندا. به‌م مانایه كه سیسته‌می سیاسی، توانیی له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵمه‌ته‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، ئه‌م هه‌سته له لای خه‌ڵك دروست بكات كه تاكه‌كان ده‌توانن ویست و داواكاری و ته‌نانه‌ت ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان له به‌رامبه‌ر به‌ره و گوتاری به‌رامبه‌ر له یه‌كێك له‌م لایه‌نانه‌دا ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن؛ هاوشێوه‌ی مۆدێلێكی ڕووكه‌شی یاخود ڕه‌واڵه‌تی له سیسته‌می دووحزبی له وڵاتانی دیموكراتیك‌دا.
بیسته‌م: دروستبوونی تێڕوانین و بڕوایه‌ك له لای تاكه‌كان كه له‌وانه‌یه مه‌رگی "ئایه‌توڵڵا خامنه‌یی" له‌م خوله‌دا ڕوو بدات و ئه‌و كاته به‌پێی ئه‌زموونی ڕابردوو باڵانسی هێز ده‌توانێت به قازانجی میانڕه‌وه‌كان و كرانه‌وه‌ی فه‌زای سیاسیی ئێران بگۆڕدرێت. به‌پێچه‌وانه‌وه به بڕوای تاكه‌كان به هاتنه‌سه‌ركاری "ڕه‌ئیسی" ئه‌گه‌ری به‌ڕێبه‌ربوونی ناوبرا به‌هێز ده‌بێت. ئه‌مه‌یش وای كرد كه نیگه‌رانی له داهاتووی ڕێبه‌ری و كۆی مانه‌وه و چاره‌نووسی سیسته‌م، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پرۆسه و ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه هه‌بێت.
سێیه‌م: شیكردنه‌وه‌ی هۆكاری ئاڵۆزیی دۆخی سیاسیی ئێران: پارادۆكس(تناقض)ی بایكۆت و به‌شداریی تاكه‌كان
به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانین بڵێین ناسه‌قامگیری و پشێوی، تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌كیی ئه‌م سیسته‌مه سیاسییه‌یه. ته‌نانه‌ت له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌و كاندیده‌ی كه تا ڕادده‌یه‌كی هه‌رچه‌نده سنووردار، جیاوازیی هه‌بێت له‌گه‌ڵ گوتاری فه‌رمیی ده‌سه‌ڵاتدارانی پارێزگاره‌كان و توندڕه‌وه‌كان، ئه‌وه خه‌ڵك ده‌نگی پێ ده‌ده‌ن. به‌ڵام جیاوازییه‌كی ماناییی زۆر له نێوان ئامانجی ده‌نگدانی خه‌ڵك و ئامانجی ده‌سه‌ڵات له هه‌ڵبژاردنه‌كان له ئارادایه. بۆیه بۆ تێگه‌یشتن و شیكردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری تاكه‌كان له‌م هه‌ڵبژاردنانه، پێویسته په‌نا بۆ "تیۆریی پشێوی" و گۆڕانكارییه جیاوازه‌كان له ئاستی جیهانیدا له سه‌رده‌می ئێستا به‌رین.
تیۆری و مۆدێلی پشێوی و ناسەقامگیری، دەڕبری ئەوەیە كە گۆڕانكاریی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەسەر بنەما و بەپێی كات، زەمینە و شوێن ڕادەوستێت و خوێندنەوەی بۆ دەكرێت. بەم پێیەیش، ناكرێت ئێمە بەدوای یاسای گشتگیر و گەردوونی بۆ شیكردنەوە و تێگەیشتنی گۆڕانكارییەكان بین، بەڵكوو بەپێچەوانەوە، پێویستە بەدوای ڕیسای ورد، بچووك، ناوچەیی، خۆجێیی و گونجاو لەگەڵ كات و زەمینەی نوێ بین.
لە تیۆریی ناسەقامگیری و پشێوی لە سیاسەتدا، وا گریمان دەكرێت كە ئەوەی دەبێتە هۆی كاریگەری و شوێن‌دانان لەسەر ئەكتەرەكان، هەڵقووڵاوی یاسا و پرسی سەروەری نییە، بەڵكوو لەسەر بنەمای دیاردەكانی پەیوەندی و، هەروەها ڕێژە و ئاستی ئەو دەسەڵاتەی كە توانای جێبەجێكردنیان هەیە ڕادەوستێت و، بەم پێیەیش لایەنگری بۆ خۆیان و سیاسەتەكانیان دەستەبەر دەكەن.
هەرچەندە پشێوی و ناسەقامگیری بە مانای ڕەهاكەی نییە و بەپێی یاسا و ڕیسا و چوارچێوەی خۆی بەڕێوە دەچێت. "جێمز ڕۆزێنا" لە بیرمەندان و داڕێژەرانی تیۆریی پشێوی و ناسەقامگیرییە لە زانستە سیاسییەكاندا و، چەند چەمكێكی بنچینەیی بۆ شیكردنەوەی سیستەمێكی ئاڵۆز و پشێوی و ناسەقامگیری و هۆكارەكانی بەكار دێنێت، وەكوو: بەربڵاوی و فراوانبوونەوەی تەكنەلۆژیی زانیاری و پەیوەندی، بەرزبوونەوەی ئاستی توانا، پسپۆری، شارەزایی و لێهاتوویی لە شیكردنەوەی تاكەكان، بەرزبوونەوەی ڕێژە و ژمارە و فرەییی گرووپ و وردەگرووپەكان، نزمبوونی ئاستی توانا یاخود لاوازیی دەسەڵاتدارێتیی ڕێبەرانی گرووپە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان و فرەیی لە ڕۆڵی تاكەكان. بەگشتی بە بڕوای ڕۆزێنا، كار و كارلێكی ئەم بگۆڕ و فاكتەرانە لە پەیوەندی لەگەڵ یەكتری، دەبێتە هۆی دروستبوونی "نەزمێك لەنێو بێنەزمی" و ناسەقامگیری لە جیهانی ئەم سەردەمەدا.
لێرەوە بەپێی بڕوا و چوارچێوەی تیۆریی ڕۆزێنا، پێویستە بۆ جیاكردنەوەی گۆڕانكارییە ڕووكەشی و باوەكان لە گۆڕانكارییە قووڵەكانی ئیمڕۆكە لە سەردەمی ئێمەدا، ئاماژە بەتایبەتمەندییەكی گرنگی پشێوی (Turbulence) و ناسەقامگیری لە سیاسەتدا بكەین. ئەمەیش بریتییە لە گۆڕانكاریی پارادایمی؛ بەم مانایە كە ئێمە كاتێك دەتوانین لە سیاسەتدا باس لە پشێوی و ناسەقامگیری بكەین كە فاكتەرە بنەڕەتییه‌كانی سیاسەتی جیهان گۆڕانی بەسەردا هاتبێت و، گرفت و كێشە بۆ ئاسایشی دەوڵەتان دروست بووبێت. بەگشتی لە بارودۆخی ئاسایی‌دا سێ فاكتەر، سیاسەتی جیهان سەقامگیر دەكات: فاكتەری بچووك، فاكتەری گەورە، فاكتەری بچووك-گەورە.
فاكتەری بچووك بە بڕوای ڕۆزێنا، بریتییە لە فاكتەری پسپۆری و شارەزایی (Skill Parameter)، كە ئاماژەیە بە توانا، لێهاتوویی، شارەزایی و پسپۆریی هاووڵاتیان؛ چونكە لە سەردەمی ڕابردوودا خەڵك پەیوەندیی زۆر و بەرفراوانیان لەگەڵ كۆمەڵگەكانی تر نەبوو و، هەروەها ڕێبەرە سیاسییەكانیش ده‌ستیان كراوه‌تر بوو، بەڵام ئیمڕۆ بە هۆی ئەم فاكتەرەوه، خەڵك بەشداریی سیاسیی زیاتر و بەرفراونتریان هەیە.
مەبەست لە فاكتەری گەورە (Structural Parameter)، یاخود فاكتەری پێكهاتەیی، چۆنێتیی دابەشبوونی هێزە، كە لە ڕێگەیەوە دەوڵەت و ئەكتەرەكانی تر كار و كاردانەوەیان بەرامبەر یەكتر دەبێت. ئەگەر لە ڕابردوودا دەوڵەتان خاوەن سەروەری و دەسەڵاتی ڕەها بوونە، ئیمڕۆكە بە هۆی گۆڕانكاری لەم فاكتەره‌دا جیهانێكی چەندناوەندی یاخود فرەناوەندی دروست بووە و، گرووپە نادەوڵەتییەكان چیتر لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتدا نین.
هەروەها بە بڕوای ڕۆزێنا، فاكتەری گەورە-بچووك كە بە فاكتەری پەیوەندیدار (Relational Parameter) دەناسرێت ئاماژەیە بە پەیوەندییەكانی ناوەند و دەسەڵات، كە لە ڕێگەیانەوە هاووڵاتیان، كۆمپانیا فرەڕەگەزەكان و گرووپە نەتەوەیی و ئیتنیكییەكان پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەوڵەت-تەوەردا دەكەن، كە لەسەر بنەمای كارامەیی و ڕەوایەتیی دەوڵەتانە. ڕۆزێنا لەم پەیوەندییەدا چەند فاكتەرێكی تری وەكوو: زیادبوونی ژمارەی ئەكتەرەكان، بەجیهانیبوونی ئابووریی نەتەوەیی، ناكارامەیی و لاوازبوونی دەوڵەتان، گۆڕانكاری لە پابەندی و هۆگرییەكان، بڵاوبوونەوەی هەژاری و نەخۆشی و... بە گرنگ و كاریگەر دەزانێت. بەڵام لە كۆتاییدا هەموو ئەم فاكتەرانە بە كاردانەوە لە هەمبەر گۆڕانكارییە خێرا و كتوپڕەكان دەزانێت، كە لە شۆڕشی زانیاری و پەیوەندی و تەكنه‌لۆژیدا ڕوو دەدات و دەبنە هۆی پشێوی و ناسەقامگیری.
2- ناسه‌قامگیری و گۆڕانكارییه‌كان
بیرمەندانی زانستە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان پێناسەی جۆراوجۆریان بۆ ناسەقامگیریی سیاسی هەیە. "د‌یڤید ساندرز" یەكێك لەو كەسانەیە كە لەسەر ئەم بابەتە بیروبۆچوونەكانی جێگەی قبووڵكردنە لە لایەن ڕوانگە جیاجیاكانەوە. "ساندرز" ناسەقامگیریی سیاسی بە مانای ڕوودانی پێشهاتەی سیاسیی ناسەقامگیركەر و یاخود پشێویخوڵقێن دەزانێت، كە بە شێوازی گۆڕانكاری، یان دروستكردنی گیروگرفت و كێشە بۆ سیستەمی سیاسی، كۆمەڵگەی سیاسی و بەرپرسانی سیاسی دەردەكەوێت و بەرجەستە دەبێت.
بەم پێیە ساندرز ناسەقامگیری بەم شێوەیە پێناسە دەكات: "پێوەرێك كە بتوانین لە ڕێگەیەوە سیستەمێكی سیاسی لە هەر خول و سەردەمێكی زەمەنیی دیاریكراو، بە ناسەقامگیر بزانین. ناسەقامگیریی سیاسی پێوەرێكە، كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی به ئه‌گه‌ری ڕوودان، یاخود ڕوونەدانی گۆڕانكاری و دروستبوونی كێشە و گرفتەكان لە هەر حكوومەت، ڕژێم، یان كۆمەڵگەیەك هەیە. بەم مانایە كە تا چ ئاست و ڕێژەیەك ئەم گۆڕانكاری و پشێوی و ئاڵۆزییانە مۆدێلی باوی حوكمڕانیی سیستەمێكی سیاسیی تایبەت، یان كۆمەڵگەیەك دەگۆڕن و، تا چ ئاست و ڕێژەیەك بوونەتە هۆی پشێوی و كێشە."
لێرەوەیە كە سەقامگیری بە مانای نەبوونی ڕێژەییی ڕووداوی ناسەقامگیركەر و پشێویخوڵقێن دێت، كە دەبنە هۆی وەرچەرخان لە حكوومەت، پێكهاتەی هێز و دەسەڵات بە شێوازی ئاشتییانە، یان توندوتیژی. "ساندرز" چەند پێوەرێك بۆ ناسەقامگیری دەستنیشان دەكات كە لێرە ئاماژەی پێ دەدەین:
أ- گۆڕانكاری لە سیستەمی سیاسی: ئەو گۆڕانكارییانەی لە بارودۆخی سیاسی، بەها و پێوەرەكانی سیستەم، شێواز و فۆرمی بە كارهێنانی هێزی سەربازی و ناسەربازی و سیستەمی حزبیدا دەكرێت.
ب- گۆڕانكاری لە حكوومەت: گۆڕانكاری و جێگوركێ لە بەرپرسانی سەرەكی و، بەگشتی گۆڕانكاری لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن دەگرێتەوە.
ت- كێشە و گرفتی توندوتیژی: هێرشی چەكداری، توندوتیژیی سیاسی، ڕاپەڕین، تیرۆر، كودەتا، دەستاودەستكردنی ناسەركەوتووی دەسەڵات و پاكسازیی سیاسی دەگرێتە خۆ.
پ- كێشە و گرفتی ناتوندوتیژ: مانگرتنی سیاسی و ناسیاسی، خۆپێشاندان، چالاكیی ڕەخنەییی نوخبە جۆراوجۆرەكان لە سیستەم و بەگشتی ناڕەزایەتیدەڕبرین لە هەمبەر سیستەم دەگرێتەوە.
بە شێوەیەكی گشتی بۆ سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی هەر دیاردەیەك وەكوو "ناسەقامگیریی سیاسی" پێویستی به گونجاوبوون و هاتنه ئارای زه‌مینه و هۆكاری بونیادی و درێژخایەن، هەروەها هۆكاره خێرا و كتوپڕەكان هەیە:
1- هۆكاره پێكهاته‌یی و بونیادییه‌كان: لەسەر بنەمای ڕیشە و زەمینەی درێژخایەنی ڕووداوەكانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و...هتد، ڕادەوەستێت.
2- هۆكاره كتوپڕ و خێراكان: لەسەر بنەمای كردەوە و ڕەفتاری بكەرە مرۆیییه‌كان و، یان ڕووداو و پێشهاتە خێرا و كتوپڕەكان ڕادەوستێت.
بۆ نموونە ئەگەر فاكتەر و هۆكاری بونیادیی دیاردەی ناسەقامگیریی سیاسی لە وڵاتێك، لەسەر بنەمای ناكۆكی و ململانێ و فرەییی نەتەوەیی و سیاسی و مەزهەبی و...، یاخود گەشەنەسەندوویی و دواكەوتوویی و هەژاری و سەركوتكردن و دەسەڵاتدارێتیی نادیموكراتیك بێت، ئەوە هۆكاری خێرا و كتوپڕ، دەتوانێت لەسەر بنەمای ڕووداو و پێشهاتەی ڕۆژانە و كاتیی چاوەڕواننەكراو وەكوو مردنی دیكتاتۆر یاخود خۆپێشاندان و خۆسووتاندنی كەسێك و...، بێت.
بەم پێیەیش ئاماده‌یی فاكتەره بونیادی و گەورەكان، مەرجی پێویستە بۆ دروستبوونی دیاردەی ناسەقامگیریی سیاسی، بەڵام ئه‌م ناسه‌قامگیرییه سیاسییه به یارمه‌تیی فاكتەره له‌ناكاو و كتوپڕه‌كان وه‌كوو مه‌رجی تەواوكەر و بە شێوەی هاوبەش ده‌بنه هۆی دروستبوونی ناسەقامگیریی سیاسی؛ بەم مانایە كە كار و كارلێك لە نێوان فاكتەرەكاندا هەیە. باشترین نموونه‌یش شۆڕشه‌كانی ناسراو به "به‌هاری عه‌ره‌بی"یه.
به‌گشتی چەند پێوەری سه‌ره‌كی بۆ ناسەقامگیریی وڵاتان دەستنیشان كراون:
6- ژینگە: ڕێژەی زەویی كشتوكاڵی، كارەساتی سروشتی، سەرچاوەكانی ئاو، بەكارهێنانی سووتەمەنی، وێرانكردنی جەنگەڵ و سروشت، پیسبوونی هەوا.
بە بڕوای ڕۆزێنا لە سەردەمی ئیمڕۆدا بە هۆی ئەوەی كە تاكەكان زانیارییەكانیان لە سەرچاوەی جۆراوجۆری زانیاری وەردەگرن، ئەوە توانای شیكردنەوەی ڕووداوەكانیان زیاتر بووە و، بەم پێیەیش هەڵوێستیان دەگۆڕدرێت. هەروەها تاكەكان زیاتر پراگماتیست بوونە و، بە هۆی ئامرازەكانی تەكنه‌لۆژی و زانیاری و پەیوەندییه‌وه، بەردەوام بەراوردی ئاستی بارودۆخی ماددی و ژیانی خۆیان لەگەڵ كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان دەكەن و، تەنانەت لە ڕووی كەلتووری و شێوازی ژیانی ناماددی و ئاستی ئازادی و مافەكانیشیانەوە خۆیان بەراورد دەكەن.
ئەو پرۆسە و كارلێكانەی كە لە ڕێگەیانەوە هەڵوێست و ئاراستە و ڕەفتار و كردەوەی تاكەكەسیی تاكەكان دەكاتە هەڵوێست و ڕەفتاری بەكۆمەڵ، شێوازی جۆراوجۆری هەیە، وەكوو: یەكڕایی و یه‌كهەڵوێستبوونی هاووڵاتیان و ڕێبەرەكانیان لەسەر پرس و بابەتێك و، یاخود ڕەفتاری پاڵپشتیكەرانەیان یاخود ناڕەزایەتیدەربڕینیان. ئەم جۆر و شێوە ڕەفتارانە، دەكرێت لە ڕێگەی پەروەردە، گفتوگۆ، دروستبوونی بەرژەوەندیی هاوبەش، سزا و توندوتیژی و...، دروست بكرێت. ئەم ڕەفتار و هەڵوێستانەیش بەرهەم و دەرهاوێشتەی ڕووداو و هاوكێشە جۆراوجۆرەكانن كە لە ڕێگەی ئامرازەكانی زانیاری و پەیوەندییەوە زیاتر بەرجەستە دەبن.
هێزە ماددی و ناماددییەكان و كێبركێ و ململانێ، هەروەها بەپسپۆریبوونی كاروبارەكان جیاوازی لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە دروست دەكات و، تاكەكان بۆ سەر گرووپی جۆراوجۆر دابەش دەكات. ئەم گرووپانەیش لە ڕێگەی جێبەجێكردنی دەسەڵات لەناو گرووپ لەسەر تاكەكان، دەبنە هۆی هاتنەئارا و دروستبوونی سیستەمێك بۆ بەهاكان و پێوەرەكان و، هەروەها ڕەفتار و شێوازی تایبەتی ژیان و پەیوەندی. لێرەوە زۆربوونی ئەم گرووپ و هێزانە، بە هۆی جیاوازی و فرەیی لە سیستەمی كۆمەڵایەتی، كەلتووری و ئابووریدا كاریگەری لەسەر ئاستی یەكگرتوویی و یەكانگیریی كۆمەڵایەتی و سیاسی دادەنێت.
4- ئاڵۆزی و فره‌یی له نێوان په‌یوه‌ندیی هێز و ئه‌كته‌ره‌كاندا
لە ئێران بە هۆی كێشە و گرفت و ململانێیە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانەوە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا، چەندین هێز و گرووپی جۆراوجۆر سەریان هەڵداوە كە بانگەشەی چاكسازی لە سیستەم یاخود گۆڕانكاری لە هەلومەرجی نالەباری ناوخۆیی و دەرەكی دەكەن، ئەمەیش هێزە نەریتخواز و دەسەڵاتدارەكانی ئێران تووشی كێشە دەكات.
لە سەره‌تای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران‌دا ئەم ڕەوتەی پەراوێزخستن و سڕینەوە و كێبركێ و ململانێ و ناكۆكیی نێوان هێز و گرووپەكان و جیابوونەوە و دروستبوونی وردەگرووپی تر بەردەوام بووە و، ئەم گرووپ و هێزانە و ململانێكانیان، بووه‌تە هۆی هاتنەسەركاری سەرۆككۆماری جۆراوجۆر و تا ڕاددەیەك دژبەیەك، بەڵام لە چوارچێوەی گوتار و سیستەمی سیاسیی زاڵ، وەكوو: خاتەمی، ئەحمەدینەژاد و پاشان حەسەن ڕۆحانی لە ساڵی 2013 و ساڵی 2017.
جێمز ڕۆزێنا، پێی وایە كە لە سیاسەتدا پەیوەندییەكانی كۆنترۆڵ هەیە. بەم مانایە كە ئەكتەرەكان، یان هاووڵاتیان، سیاسەتمەداران، تیرۆریستان، گرووپەكانی گوشار و بەرژەوەندی، دەزگه‌ی بیرۆكراسی و حكوومەت، دەوڵەتان و بكەرە سەروونەتەوەیییەكان و ...، لە هەوڵی گۆڕانكاری یاخود پاراستنی شێواز و هەلومەرجی ڕەفتاری ئەكتەر و بەگشتی ئەوانەی ترن و، ئەمەیش سەرچاوەی ململانێ و پشێوی و ناسەقامگیرییە.
5- ململانێ بۆ ده‌سه‌ڵات و قه‌یرانی به‌ڕێوه‌بردن و ده‌سه‌ڵاتدارێتی
لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانیشدا ئەم ململانێیە بۆ دەسەڵاتدارێتی و بوون بە ناوەندی بڕیار، دەبینرێت، بۆ نموونە: لە قۆناغەكانی سەرۆكایەتیی كۆمار و هەڵبژاردن و، یاخود بوونی كێشەی دەرەكی و ناوەخۆیی و، یان بۆ نموونە لە ئاڵۆزی و پشێوییەكانی ساڵی 1999 و، هەروەها ساڵی 2009دا لە ئێران. ئەمەیش لە ڕێگەی بەشداریی سیاسی، هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامی و سەرۆكایەتیی كۆمار و تەنانەت لە ناڕەزایەتی و مانگرتنە جۆراوجۆرەكان و خۆپێشاندانەكاندا بەرجەستە دەبێت.
ئەم قەیرانە لە دەسەڵاتدارێتیدا، لە ڕوانگەی تیۆریی ناسەقامگیری و پشێوییه‌وه، دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی تیۆری و، له لایه‌كی تریشه‌وه فرەیی لە تیۆرییەكان، هه‌روه‌ها نەبوونی ستراتیژیی ڕوون یاخود فرەییی ستراتیژییەكان، نەبوونی توانای زاڵبوونی ڕەهای لایەنێك بەسەر لایەنەكانی تر، فرەییی هێز و گرووپە ناكۆكەكان و نەبوونی یەكگرتوویی لە نێوان خودی هێز و گرووپەكان و هتد. ئەمەیش دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی دەسەڵاتدارێتی و، كاریگەری لەسەر ڕەوایەتیی سیستەمی سیاسی دادەنێت. قەیرانەكانی ڕەوایەتی و بەشداری و دەسەڵاتدارێتی لە ئێران، بەتایبەت لە پاش ساڵی 1989وە، سیستەمی سیاسیی ئێرانی لە هەمبەر كێشە و گرفتەكان لاوازتر كردووە و، بەردەوام دیاردەی ناسەقامگیری دەبینرێت. قەیرانی دەسەڵاتدارێتی لە سیستەمی سیاسیی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بووه‌تە هۆی ئەوەی كە بەگشتی چوار گرووپی بەهێز دروست ببێت كە بەردەوام بۆ دەسەڵاتدارێتی لە ململانێدان:
4- هێز و گرووپە سیاسییە دیموكراسیخوازەكان و، هه‌روه‌ها حزب و لایه‌نه نه‌ته‌وه‌یییه‌كان، كه زۆربه‌یان له ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌م و ئێرانن. ئه‌م گرووپانه به‌پێی به‌رته‌سكی و سنوورداربوونی توانای سیسته‌م و، هه‌روه‌ها داخراوبوون و بێهیوایی له چاكسازی له چوارچێوه‌ی نیزامی هه‌نووكه‌ییدا هه‌وڵی ئاڵوگۆڕی ڕیشه‌یی و ڕووخاندنی سیسته‌می حوكمڕانیی ئێران ده‌ده‌ن.
ئەم قەیرانەی دەسەڵاتدارێتییە، سیستەمی سیاسی تووشی ناسەقامگیری و تەنانەت قەیران دەكات و، گۆڕانكاری لە نوخبە سیاسییەكاندا كاریگەریی لەسەر وەرچەرخانی سیستەمی سیاسی دەبێت، هەرچەندە سەرەتا سنووردار و لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسی بێت، بۆ نموونە: ململانێ بەردەوامەكانی نێوان توندڕۆكان و ڕیفۆرمخوازان و نەریتخوازان لە قۆناغە جۆراوجۆرەكاندا.
بەم پێیەیش سیستەمی سیاسیی ئێران، نەیتوانیوە یه‌كانگیری و یەكگرتووییی ڕاسته‌قینه بپارێزێت و چارەسەری ڕیشه‌ییی كێشە و ململانێ سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان بكات. بۆیه هەر پشێوی و ناسەقامگیرییەك لە ئێران، بە درزتێكەوتن لە بلۆكی هێز و دەسەڵات و، هەروەها دروستبوونی هێزی سیاسیی نوێ كۆتایی هاتووە. لە لایەكی ترەوە بە هۆی گۆڕانكارییەكان و داواكارییە بەرفراوانەكانه‌وه، كێشەی لە ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتدارێتیی سیستەمی سیاسیی ئێران دروست كردووە و، توانای سیستەمی سیاسیی ئێرانی بۆ وه‌ڵامدانەوەی گوشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان لاوازتر كردووە.
6- په‌راوێزكه‌وتنی نوخبه‌كانی سیسته‌م و هه‌ڵگرتنی ناسنامه‌ی ڕیفۆرمخوازی یاخود ئۆپۆزیسیۆنبوون:
لە لایەكی ترەوە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا سەرچاوەكانی دەسەڵات و یاسادانان لە دەستووردا، یەكێك بووە لە هۆكارەكانی قەیرانی دەسەڵاتدارێتی لە ئێران. ئەم دەستوورە، وەكوو هەموو دەستووری وڵاتان، ناسنامەی سیستەمی سیاسی و پێوەری هەڵسەنگاندنی سیستەمە سیاسییەكەیە. ئەم دەستوورە سەرەڕای بوونی هەندێ سیما و تایبەتمەندیی دیموكراسی، بەڵام پارادۆكسی زۆری تێدایە لە تێكەڵاوكردنی ئایین و بنەماكانی مەزهەبی شیعە و پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسی، بەشداری و دەسەڵاتی خەڵك لە دیاریكردنی ئەولەوییەتی پرس و بابەتەكان.
ئەمەیش بۆتە هۆی دروستبوونی مشت‌ومڕ و كێشە و ئاڵۆزی و ناكۆكی و تەنانەت ناسەقامگیریی سیاسی لە ئێران وەكوو دەوڵەتێكی ئایدیۆلۆژیك. بەپێی ئەم دەستوورە، تەنیا ئەو كەسانە دەسەڵات دەگرنە دەست كە پابەندی هزری و كردەییی ئایدیۆلۆژیی پێناسەكراو و سنوورداری ئایینی- شۆڕشگێرانەی زاڵ بن. لێرەوە بەردەوام لە ئێران كۆمەڵە كەس و گرووپ و هێز و لایەنێك دەكەونە پەراوێزە و، ناسنامەی ڕیفۆرمخوازی، یان دژەسیستەمی وەردەگرن.
بە بڕوای ڕۆزێنا، لاوازیی دەوڵەت لە دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كێشە و گرفتە كەڵەكەبووەكان و، هەروەها دابینكردنی ئەوەی لێیان چاوەڕوانی دەكرێت، كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی كارامەیی و ڕەوایەتیی سیستەمی سیاسی دەبێت. ئەم ناكارامەیییەیش لە جێبەجێكردنی پلان و بەرنامەكان بە هۆی قەیران و لاوازیی دەوڵەت، وا دەكات كە لە دەوڵەتدا گرووپ و هێزی تری ئۆپۆزیسیۆن دروست ببێت كە بانگەشەی ئەوە بكات چارەسەری كێشە و گرفتەكان دەكات.
بۆ نموونە لە ئێران لە پاش جەنگی ئێران و عێراق و قەیرانەكانی بەجێماوی ئەو جەنگە لە ناوخۆ و دەرەوەدا، هاشمی ڕەفسەنجانی و لایەنگرانی، بانگەشەی چاكسازیی ئابووری و دابینكردنی خۆشگوزەرانییان دەكرد. سەرۆككۆمار خاتەمی، بە بانگەشەی چارەسەری و چاكسازیی سیاسی و یاسایی هاتە سەر كار و، ئەحمەدینەژادیش جەختی لەسەر چاكسازیی كۆمەڵایەتی و دەستەبەركردنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و سڕینەوەی هەژاری دەكرده‌وه.
پاشان بە هۆی دروستبوونی هەڕەشە و قەیرانی دەرەكی و ناوخۆیی بۆ سیستەمی سیاسیی ئێران بە هۆی دۆسییەی ئەتۆمیی ئێران و سەپاندنی سزا و ئابڵووقە نێونەتەوەیییەكانه‌وه، حەسەن ڕۆحانی بانگەشەی سڕینەوەی بارگرژییەكانی لە ئاستی دەرەوە كرد و، بەم پێیەیش لابردنی سزا ئابوورییە نێونەتەوەیییەكان و كەمكردنەوەی گوشارە ئابووری و سیاسییەكانی سەر خەڵكیی كردە دروشمی خۆی و هاتە سەر كار. لێرەوە دەبینین كە ئەم ئاڵوگۆڕ و جێگۆڕكێ و ململانێیه بۆ دەسەڵات، بەردەوام لە ئێران ڕوو دەدات. كێشە و گرفتە سیاسی، ئابووری و كەلتوورییه‌كانی وەك: دابینكردنی هەلی كار، چارەسەری بێكاری، هەڵاوسان، باگرژی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران، پرسی ماف و ئازادییەكان، دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، بەشداریی خەڵك و...، لە ئێران‌دا بەردەوام بە هۆی ناكارامەییی سیستەم و حكوومەتەكان قەیران و ناسەقامگیریی دروست كردووە.
ئەمەیش لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی سیستەمی سیاسیی كۆماری ئیسلامی و تێكەڵاوی و گرێدانی نێوان "ئایین و سیاسەت"، كە وای كردووە ڕوانگەیەكی "باوكسالاری" لە سیستەمی سیاسیی ئێران زاڵ ببێت. بەم پێیەیش دەوڵەت ده‌بێته سەرچاوەی دابینكردنی هەموو پێداویستییەكان، لە كاتێكدا لە هیچ شوێنكی جیهان و بەتایبەت لە ئێران، دەوڵەت ئەم توانایەی نییە و، ئەم دژبه‌یه‌كییه له هه‌ناوی كۆماری ئیسلامی‌دا، دەبێتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی و پشێوی و ناسەقامگیریی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئێران‌دا.
بۆیە دەتوانین بڵێین یەكێك لە سەرەكیترین هۆكارەكانی هاتنەسەركاری خاتەمی و ڕۆحانی، لە چوارچێوەی ناكارامەییی ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەكیی حكوومەتەكانی پێش خۆیان و بانگەشەیان بۆ باشتركردنی بارودۆخی خەڵك بوو، كە توانییان دەنگی زۆرینەی هاووڵاتیان بەدەست بێنن كە لە سیاسەت و بەرنامە و پلان و بەگشتی كارامەیی و توانای سیستەم ناڕازی بوون، بەتایبەت لەنێو جیلی گەنجان و توێژی ژنان و قوتابیان و كەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییه‌كانی ئێران و، هەروەها بەگشتی چینی ناوەڕاست.
7- هۆكارەكانی دیاردەی ناسەقامگیریی سیاسی و ده‌رفه‌ت و هەڕەشەكانی سەر سیستەمی سیاسیی ئێران:
لێكترازانە كۆمەڵایەتییەكان:
بە شێوەیەكی گشتی، كۆمەڵگه‌ی ئێران چەندین لێكترازانی كۆمەڵایەتیی هەیە كە هێزە سیاسییەكان لەسەر ئەو لێكترازانانە پێك دێن. لە ڕوانگەی كۆمەڵناسیی سیاسییەوە، چالاكبوون یاخود چالاكنەبوونی هەر كامەیان، دەگەڕێتەوە بۆ دابەشكردنی دادپەروەرانە و دیموكراتیكی سێ سەرچاوەی نایاب: هێز و دەسەڵات، سەروەت و سامان، پێگە و پرستیژ؛ كە ئەم لێكترازانانەیش كاریگەرییان لەسەر ناسەقامگیریی سیاسی و لە كۆتاییدا له‌سه‌ر خودی سیستەمی سیاسی هەیە. لێرەدا ئاماژە بە چەند لێكترازانێك دەكەین.
گۆڕانكاریی خێرا و شۆڕشگێرانە و لەناكاو و، هەروەها ناكارامەییی حكوومەت و جیاوازی لە نێوان بەهاكانی گەنجان و پیران لە ئێران، بووه‌تە هۆی لێكترازانی نه‌وه‌كان. بە هۆی گەنجبوونی ڕێژەی دانیشتووان لە ئێران و ناڕەزایەتی لە بارودۆخی سیاسیی ئێران و لایەنگری لە گۆڕانكاری لە سیستەمی سیاسی لە نێوان گەنجان، ئەوە ئەم لێكترازانە زۆر شوێندانەر و بەرجەستە دەبێت. نموونەیش بۆ ئه‌مه، لە هەموو پشێوی و ناڕەزایەتییەكان لە ئێران، ژمارەی گەنجانی بەشداربوو و خوازیاری چاكسازی و گۆڕانكاری، لە بەرزترین ئاستدایە.
بە سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامی و دروستبوونی سیستەمێكی سیاسیی دەسەڵاتداری شیعە، ڕۆڵی ناكۆكی و لێكترازانی مەزهەبی لە كۆمەڵگەی فرەئایین و فره‌مەزهەبی ئێران، لە ڕووداوەكاندا بەرجەستە بوو. سروشتی سیستەمی سیاسیی كۆماری ئیسلامی، بووه‌تە هۆی سەرهەڵدانی لێكترازانی ئایینی و مەزهەبی و، ئەم لێكترازانە لە ململانێ و پرسە سیاسییەكاندا دەبینرێت. جیاكاریی مەزهەبی و ئایینی، بووه‌تە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی ئاشكرا و نهێنی؛ بەو مانایەی كە ئەگەر دەرفەتی ناڕەزایەتیدەڕبرینی ئاشكرایش نەبووبێت، ئەوە لە دۆخی دروستبوونی دەرفەتی ناڕەزایەتیی سیاسیی گشتیدا، ئەو لایەنە ئایینی و مەزهەبییانەی كە هەست بە جیاكاری و پەراوێزخستن و گوشار دەكەن، هاوكاریی گرووپە سیاسییە ڕەخنەگر و ڕیفۆرمیست یاخود ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێرانیان كردووە.
لێكترازانی مەزهەبی، زیاتر لە ناوچەكانی كوردستان، سیستان و بەلوچستان، پارێزگه‌ی گوڵستان، خۆزستان و بەگشتی ئەو ناوچانەی كە زۆرینەی دانیشتووانیان لە ئێران، ئایین و مەزهەبی جیاواز لە موسڵمان، یان شیعەی دوازدە ئیمامییان هەیە، دەبینرێت. دانیشتووانی ئەو ناوچانە هەست بە بێبەشبوونی سیاسی و ئابووری دەكەن و، ڕوانگەی نەرێنییان هەیە بۆ دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و سیاسی لە سیستەمی سیاسیی زاڵی ئێران‌دا و، ئەمەیش بووه‌تە هۆی دروستبوونی دۆخی ناسەقامگیریی سیاسی لەم ناوچانە و فراوانبوونی هەژاری و جیاكاریی ئایینی و مەزهەبی. لە كۆتاییدا، سیستەمی سیاسیی ئێران داواكارییەكانیان بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر مانەوەی خۆی دەزانێت.
لە ڕوانگەی ژنانەوە سیستەمی سیاسیی كۆماری ئیسلامی بەتوندی پیاوسالارە و، یاساكانی وەكوو تەڵاق، میرات، سەرپەرشتیی منداڵان، سزا ئیسلامییه‌كان و...، جیاكاریی ڕەگەزیی زۆری تێدایە لە دژی ژنان. هەروەها ژنان بەپێی ئەم یاسایانە توانای وەرگرتنی پۆستی باڵای سیاسی و دادوەرییان نییە؛ ئەمە بێجگە لە هەست بە بێبەشبوون و جیاكاریی ئابووری. هەست بە جیاكاری لە لای ژنانی ئێران و، هەروەها نایەكسانیی ڕاستەقینە لە كۆمەڵگەدا. بووه‌تە هۆی لێكترازانی ڕەگەزی لە ئێران‌دا؛ كە ئەمەیش زۆر پەیوەستە بە بێبەشبوون لە مافەكانی هاووڵاتیبوون بۆ ژنان لە كۆماری ئیسلامی‌دا.
هەوڵەكانی بەئیسلامیكردنی كۆمەڵگە لە ئێران لە لایەن سیستەمی سیاسییەوە، تاوەكوو ئێستا بەردەوامە؛ ئەمەیش بۆتە هۆی نانەوەی ناڕەزایەتی و مشتومڕی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران. بەرزبوونەوەی ڕێژەی كۆچ بۆ شارەكان، بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری و خوێندەواری و دەستپێڕاگەیشتن بە دەرفەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەشداریی ژنان لە كاروبار و بواری گشتیدا، بوونه‌تە هۆی ئەوەی كە سیاسەتی دەسەڵاتدارانی پارێزگار و نەریتخواز و توندڕەوەكان لە ئێران تووشی كێشە و قەیران بێت. لەم نێوەندەدا، تۆڕەكانی ڕاگەیاندن دەرفەتی زیاتری بۆ بڵاوكردنەوەی بیروباوەڕی نوێ و ڕێكخستنی سیاسی و كۆمەڵایەتیی ژنان لە ئێران و دژایەتیكردنی یاساكان، وەكوو بەردبارانكردن و هاوسەرگیریی كاتی (صیغه) و...، هێناوەتە ئاراوە. بۆ نموونە كەمپینی یەك ملیۆن واژوو، كە لەسەر تۆڕەكانی ئینتەرنێت دژی سیاسەتەكانی جیاكاری لە هەمبەر ژنان كراوە و، ئەمەیش دەری دەخات ئەم ئامرازانە بۆشاییی دەرفەتی ڕاستەقینەی بۆ ژنان پڕ كردۆتەوە و، ئەم دژایەتی و چالاكییانەیش مەترسییان بۆ كۆی بەها باڵاكانی سیستەمی سیاسیی ئێران دروست كردووە.
بە سەركەوتنی شۆڕشی ساڵی 1979 لە ئێران و بەتاییەت لە سەرەتای شۆڕشەوە، ئەو نەتەوانەی كە پێشووتر دەرفەتیان نەبوو داوای مافەكانیان بكەن، ئەوە بەئاشكرا ئەو داواكاری و داخوازییانەیان خستە ڕوو. بەڵام پاشتر بە هۆی سروشتی سیستەمی سیاسیی كۆماری ئیسلامییه‌وه، تووشی پێكدادان و سەركوتكردنەوە هاتن، بۆ نموونە: كوردەكان، عەرەبەكان، توركمانەكان و بەلوچەكان. بەڵام بە هۆی سروشتی فرەنەتەوەییبوونی كۆمەڵگه‌ی ئێران (تورك، كورد، بەلوچ، فارس، عەرەب، توركمان و هتد) و هەست بە بێبەشبوونی ڕێژەیی بە هۆی فاكتەرە سیاسی و ئابووری و كەلتووری و كۆمەڵایەتییەكان لە ئێران‌دا، ئێمە بەڕوونی لێكترازانی نەتەوەیی دەبینین.
كۆماری ئیسلامی بە هۆی سروشتی تاكناسنامەییی مەزهەبی-نەتەوەییی خۆی، بەردەوام هەستی بە مەترسی كردووە و هەر داواكاری و چالاكییەكی نەتەوەیی، بە دژی سەقامگیری و سیستەمی سیاسی و ئاسایشی نەتەوەییی خۆی دادەنێت. تاوەكوو ئێستا ئەم ململانێیە بەردەوامە و، دان بە فرەنەتەوەییبوونی ئێران نانرێت و، وەكوو هەڕەشەیه‌كی ئاسایشی بۆ سەر یەكپارچەیی و یەكگرتووییی ئێران سەیر دەكرێت. بەڵام ئامرازەكانی تەكنه‌لۆژی و پەیوەندی، دەرفەتی بۆ دروستبوونی هۆشیاریی نەتەوەیی و پەیوەندی و دووبارە خۆڕێكخستنەوەی ناسنامەكانی تر لە ئێران ڕەخساندووە.
ئابووریی دەوڵەتی لەسەر بنەمای بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و، هەروەها گوشارە ئابوورییە نێونەتەوەیییەكان و هەڵاتنی سەرمایەكان لە ئێران لە پاش شۆڕشی ساڵی 1979 و بوونی بەربەست بۆ وەبەرهێنانی دەرەكی و بیانی، وای كردووە كە ئێران لە دۆخێكی نالەباری ئابووریدا بێت و، ئاست و ڕێژەی بێكاری و هەڵاوسان و هەژاری بەرز بێتەوە و، بەم پێیەیش كێشە و لادانە كۆمەڵایەتییەكانی پەیوەندیدار بە دۆخی ئابووری، زیاتر و بەرفراوانتر بێت و، لێكترازانی چینایەتی، زیاتر هەڕەشە لە كۆی سیستەمی كۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێران بكات.
بەپێی ئامارە فەرمییەكان لە نێوان ساڵانی 1980 تاوەكوو 2012، ژمارەی زیندانییەكانی ئێران (بێجگە لە سیاسی)، 47 بەرامبەر بووە؛ لە كاتێكدا ڕێژەی دانیشتووان 2 بەرامبەر زیادی كردووە. لە ساڵی 1980دا لە ئێران 5233 زیندانی هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2012 ئەم ژماره‌یە دەگاتە 250 هەزار كەس؛ كە دەربڕی زۆربوونی تاوانكاری و لادانی كۆمەڵایەتی و زۆربوونی مەودای نێوان چینەكان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و لێكترازانی چینایەتییە.
دۆخی ئابووری و داخراوبوونی سیستەمی سیاسیی ئێران، وای كردووە كە لە ڕێگەی دەرفەتی تۆڕەكانی پەیوەندی و ڕاگەیاندنەوە سیاسەتەكانی ئابووریی ئێران و تەنانەت ڕەوایەتی و كارامەییی سیستەمی سیاسی لە لایەن ڕێكخراو و سەندیكا و كۆمەڵەكان و بزووتنه‌وه كرێكارییه‌كان، بخرێتە ژێر پرسیارەوە و تەنانەت قوتابیانی زانكۆ و چالاكانی بواری كرێكاری، هەوڵی تەیاركردن و ڕێكخستنی سیاسی بۆ مانگرتن و ڕێپێوان و ناڕەزایەتیدەڕبرین لە دژی دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران بدەن.
بەگشتی توێژینەوە و لێكۆڵینەوەكان دەریان خستووە، كە لێكترازانە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان لە ئێران، بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوان و تاوانكاری و دەستدرێژی و دزی و بێمتمانەبوونی خەڵك بە یەكتری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق و خۆكوشتن. بەرزبوونەوەی بێمتمانەیی بە حكوومەت بە هۆی ناكارامەیی لە چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانه‌وه، وای كردووە كە بارگرژیی شاراوەی بەردەوام لە نێوان دەسەڵات و خەڵك دروست ببێت و لە هەر دەرفەتێكدا، دەگۆڕدرێت بۆ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی پیشەیی و سیاسی تاوەكوو ئاستی ناسەقامگیریی سیاسی و توندتیژی و ڕەفتاری دژەسیستەم لە هەڵبژاردنەكاندا. هەروەها بەرزبوونەوەی ئاڵۆزی و بارگرژییە فەرمی و نافەرمییه‌كانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، بووه‌تە هۆی ئەوەی كە كاریگەریی لەسەر ناوخۆی ئێران بە هۆی لێكترازانەكانەوە هەبێت و ناسەقامگیریی سیاسی دروست بكات.
چواره‌م: پاتۆلۆژیی حزبه سیاسییه‌كانی كورد له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا "چه‌قبه‌ستن له نێوان بایكۆت و به‌شداریكردندا"
به ڕه‌چاوكردنی ئاماره‌كان و، هه‌روه‌ها مێژووی حزبه‌كان و واقعی ئیمڕۆكه‌ی ئێران له لایه‌ك و، چوارچێوه‌ی "تیۆریی پشێوی"ی "ڕۆزێنا"، ده‌توانین لاوازی و زیانی حزبه سیاسییه كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌م شێوه‌یه پۆلین بكه‌ین:
1- فاكته‌ر و هۆكاره بچووك و نێونجییه‌كان
یه‌كه‌م: هاوهه‌ڵوێستنه‌بوونی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ر شه‌ش حزبی سه‌ره‌كیی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و ئه‌نجومه‌نی شار و گونده‌كان، كه ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌یان بایكۆت كردبوو. باشترین به‌ڵگه‌یش، ده‌ربڕینی ئه‌م ڕوانگه‌یه بوو له لایه‌ن دوو حزبی سه‌ره‌كییه‌وه له پانێڵێكی "ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی ڕووداو". له ڕاستیدا له‌م دانیشتنه‌دا ناكۆكی و لێكترازان له ستراتیژی و گوتاریاندا ئاشكرا بوو، له بری ئه‌وه‌ی كه به یه‌ك گوتار و هاوڕا ده‌ربكه‌ون؛ ئه‌مه بێجگه له پابه‌ندنه‌بوونی ئه‌ندام و لایه‌نگرانیان به گوتاری فه‌رمی و ڕاگه‌یاندنه هاوبه‌شه‌كه‌وه.
دووه‌م: نه‌بوونی ڕاگه‌یاندنێكی مۆدێرنی كارا، به‌هێز و فره‌ڕه‌هه‌ندی تایبه‌ت به ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، كه گوزارشت له‌م سیاسه‌ت و په‌یامه‌ی ئه‌م شه‌ش حزبه بۆ به‌شدارینه‌كردن له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكات؛ له كاتێكدا ناڕاسته‌وخۆ ڕاگه‌یاندنه‌كانی باشووری كوردستان، به‌تایبه‌ت RUDAW و K24 و NRT، ڕۆڵیان هه‌بوو له هاندانی خه‌ڵك بۆ به‌شداریكردن (له‌وانه‌یه به شێوه‌یه‌كی نه‌خوازراو)، به هۆی له لایه‌ك گرنگیپێدانی زۆر به‌م هه‌ڵبژاردنانه و زاڵبوونی شرۆڤه و گوتار و هاندانی ڕیفۆرمخوازه كورد و فارسه‌كان بۆ به‌شداری له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا و، له لایه‌كی تره‌وه به هۆی لاوازی له گوتار و ئه‌رگیومێنتی نوێنه‌ری حزبه‌كان له‌م ڕاگه‌یاندنانه‌دا بۆ هاندان و قه‌ناعه‌تپێهێنان به خه‌ڵك بۆ به‌شدارینه‌كردن، به به‌راورد له‌گه‌ڵ گوتار و ئه‌رگیومێنیتی ڕیفۆرمخوازه‌كان له‌م كه‌ناڵانه‌دا.
سێیه‌م: بانگه‌شه‌ی بایكۆت و به‌شدارینه‌كردن، ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بایكۆت و زاره‌كیدا مایه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌كانی بایكۆتێكی چالاك ده‌ستنیشان بكه‌ن. به‌م مانایه كه بایكۆت ته‌نیا داواكاری و ڕاگه‌یه‌ندراوێك بوو و، هیچ كار و ئه‌كتێكی چالاك له ئارادا نه‌بوو. له كاتێكدا حكوومه‌ت به هه‌موو میتۆد و توانا و ئامرازێكه‌وه، خه‌ڵكی كوردی هێنانه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان.
چواره‌م: به هۆی ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه، به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به دووجه‌مسه‌ری كرا، له كاتێكدا كه ئه‌مه بۆ بزووتنه‌وه‌ی كورد هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه. به‌م مانایه كه خه‌ڵك به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی به‌شداری و بایكۆتدا دابه‌ش كرا. بۆ نموونه، ده‌كرا كه‌ڵك له ستراتیژی و تاكتیكی جیاوازتر وه‌ربگیرێت، وه‌كوو بایكۆت به ڕێگه‌ی به‌شداریكردن، به‌ڵام به ده‌نگدانی سپی یاخود پووچه‌ڵكراوه و ڕاگه‌یاندنی وه‌كوو ڕیفراندۆمێك به ناوی "نا-بۆ كۆماری ئیسلامی" و "نا- بۆ هه‌ڵبژاردن" له‌م چوارچێوه داخراو و داپڵۆسێنه‌ره سیاسییه‌دا.
پێنجه‌م: دووربوونی ئه‌م حزبانه له گۆڕانكارییه سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و ته‌نانه‌ت ئاسایشییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه، وای كردووه كه به دروستی نه‌توانن كاریگه‌ری و شوێندانه‌رییان له‌سه‌ر خه‌ڵك و بڕواپێهێنانیان هه‌بێت، كه به یه‌كده‌نگی به‌شداری له هه‌ڵبژاردندا نه‌كه‌ن. به مانایه‌كی تر، به هۆی گۆڕانكارییه جۆراوجۆره‌كان له پاش 38 ساڵ له ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كۆماری ئیسلامی و گۆڕانكاری و وه‌رچه‌رخان له عه‌قڵییه‌ت و ویست و داواكاری و حه‌زی نه‌وه‌ی نوێ، گوتاری حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات شۆڕ نه‌بۆته‌وه بۆ نێو هزر و ژیانی ڕۆژانه و داواكاری و ویستی زۆرینه‌ی تاكه‌كان. به‌م مانایه كه ستراتیژیی ئه‌م حزبانه، ژیانی ماددی و واتایی هه‌موو چین و توێژه‌كان له‌خۆ ناگرێت، به‌ڵكوو له چوارچێوه‌یه‌كی شۆڕشگێریی ئابستراكتدا و مانه‌وه له بیره‌وه‌ریی مێژوویی‌دا قه‌تیس ماوه‌ته‌وه.
شه‌شه‌م: په‌یام و سیاسه‌تی زۆربه‌ی حزبه سه‌ره‌كییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، تاوه‌كوو ئێستا له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه "خه‌باتی چه‌كداری" ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه كۆماری ئیسلامی له ڕێگه‌ی دیالۆگ و دانوستاندن، دان به مافه‌كان و داواكارییه‌كانی كورددا بنێت، له كاتێكدا ئه‌مه به ناڕاسته‌وخۆ بۆ خه‌ڵك په‌یامێكی كوشنده‌یه بۆ دروستبوونی ئه‌و ڕوانگه‌یه له‌نێو تاكه‌كاندا، كه ئه‌م ڕژێمه ئه‌گه‌ر و توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ڕیفۆرمی تێدا بكرێت و، ته‌نیا پێویسته ئاستی گوشار زۆر بێت. له كاتێكدا كه زۆربه‌ی حزبه‌كان دروشمی فیدڕاڵییان هه‌ڵگرتووه و، ئه‌مه‌یش تاوه‌كوو ئێستا له هیچ وڵاتێكی نادیموكراتیكدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه. بۆیه خه‌ڵكیش به‌م دژبه‌یه‌كییه (تناقض) له گوتاری حزبه‌كان، ئه‌م په‌یامه وه‌رده‌گرن كه ده‌كرێت له كۆماری ئیسلامی‌دا له ڕێگه‌یه‌كی ناتوندوتیژی و سندووقی ده‌نگه‌كانه‌وه ماف، ئازادی و داواكارییه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكرێت.
حه‌وته‌م: دروشمی حزبه‌كان ڕووخانی كۆماری ئیسلامییه، له كاتێكدا هه‌موو حزبه‌كان تاوه‌كوو ئێستا چاوه‌ڕوانن كه كۆماری ئیسلامی دانیشتن و دانوستاندنیان له‌گه‌ڵ بكات و له‌م ڕێگه‌یه‌وه لانی كه‌م به‌شێك له مافه‌كانیان مسۆگه‌ر بكات. له كاتێكدا له لایه‌ك ئه‌م حزبانه هیچ هێزیكی شوێندانه‌ر و كاریگه‌ریان نییه بۆ ئه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ناچار به‌م كاره بكه‌ن و، له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌م دووانه و دژبه‌یه‌كییه‌یش (ڕووخان-دانوستاندن)، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی سنووری خه‌باتگێڕ-خه‌ڵكی ئاسایی له‌گه‌ڵ ناوه‌ند (تاران) ڕوون و ئاشكرا نه‌بێت و، توانای جووڵه له كۆمه‌ڵگه وه‌ربگیرێته‌وه.
هه‌شته‌م: یه‌كێك له خاڵه لاوازه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌وه‌یه كه، تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌یش حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات خۆیان به پێشه‌نگی بزووتنه‌وه‌ی خه‌باتی ڕزگاریخوازی و شۆڕشگێری ده‌زانن؛ به‌م مانایه كه ئه‌م په‌یامه‌یان ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ بۆ خه‌ڵك ناردووه كه پێشمه‌رگه و ئه‌م حزبانه ده‌توانن ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ڕزگار بكه‌ن. به مانایه‌كی تر، لێكه‌وته و ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌م ستراتیژییه، وای كردووه كه خه‌ڵك چاوه‌ڕوانی هێزێكی ڕزگاركه‌ری ده‌ره‌وه‌ی خۆیان/شاره‌كان بێت كه ڕزگاریان بكات. ئه‌مه‌یش توانای جووڵه و به‌رپرسیارێتیی له زۆرینه‌ی تاكه‌كان وه‌رگرتۆته‌وه و له دۆخی چه‌قبه‌ستووی چاوه‌ڕوانیدا هێشتوونه‌ته‌وه.
نۆیه‌م: تاكڕه‌هه‌ندبوون یاخود زاڵبوونی شێوازی خه‌باتی (پێشمه‌رگانه/ چه‌كداری) خاڵێكی لاوازی تری بزاڤی ڕزگاریخوازی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه و، ئه‌مه‌یش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه بۆ زیاتر له بیست ساڵ به هۆی گۆڕانكارییه‌كانی باشووری كوردستان و ته‌نانه‌ت ناوچه‌كه و جۆری بارگرژی یاخود ڕێككه‌وتن و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، كاریگه‌ریی سلبیی له‌سه‌ر خه‌باتی ئه‌م پارچه‌یه هه‌بێت. به‌م مانایه كه خه‌باتی ئه‌م پارچه‌یه به هۆی هاوكێشه جیۆسیاسییه‌كانه‌وه "به‌بارمته" بگیرێت. به‌كورتی ئه‌م حزبانه نه‌یانتوانیوه خۆیان له كۆتوبه‌ندی جیۆسیاسی ڕزگار بكه‌ن؛ ئه‌مه‌یش یه‌كێكه له لێكه‌وته و ئاسه‌واره‌كانی تاكڕه‌هه‌ندبوونی ستراتیژیی خه‌باتی حزبه‌كان له‌م به‌شه‌ی كوردستاندا.
ده‌یه‌م: به هۆی زاڵبوونی گوتاری خه‌باتی چه‌كداری (سه‌ره‌ڕای دروشمی هه‌موو حزبه‌كان به‌وه‌ی كه باوه‌ڕیان به خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و مه‌ده‌نی له شاره‌كان هه‌یه!) بوار و ڕه‌هه‌نده‌كانی دیكه‌ی خه‌بات، فه‌رامۆش یاخود پشتگوی خراون. به‌م مانایه كه له لایه‌ك "شاخ" كه چه‌كی هه‌یه، ئه‌و توانا مرۆیی و ته‌كنه‌لۆژی و ماددی و سه‌ربازییه‌ی نییه كه هاوكێشه‌كان به قازانجی كورد بگۆڕێت و، هه‌روه‌ها كۆماری ئیسلامیش زاڵه له‌م بواره‌دا و، له لایه‌كی تره‌وه "شار" كه خاوه‌ن چه‌ك نییه، له لایه‌ن گوتاری حزبه‌كانه‌وه به شێوه‌یه‌كی كرده‌یی و پراكتیكی په‌راوێز خراوه. له ڕوانگه‌یه‌كی دیكه‌وه، نه هه‌موو تاكه‌كانی كوردستان بڕوایان به خه‌باتی چه‌كداری هه‌یه یاخود ده‌توانن چه‌ك هه‌ڵگرن و بێنه شاخ و، نه حزبه‌كانیش به‌رنامه، پلان و ستراتیژییه‌كی ڕوون و ئاشكرا، تۆكمه و سه‌رده‌مییانه‌یان بۆ خه‌باتی نه‌رم/ مه‌ده‌نی له شاردا هه‌یه. به‌گشتی ده‌توانین بڵێین حزبه‌كان بڕوایان به كاریگه‌ریی "هێزی نه‌رم" نییه یاخود به بابه‌تێكی لاواز و لاوه‌كیی ده‌زانن.
یازده‌یه‌م: نه‌بوونی "به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌شی كوردستانی" یاخود جۆرێك له "حكوومه‌تی كاتی له تاراوگه"، كه وه‌كوو ئه‌ڵته‌رناتیڤێك بۆ تاكه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌ربكه‌وێت و، له لایه‌كی تره‌وه بۆ جیهانی ده‌ره‌وه و وڵاتانی تر وه‌كوو ناوه‌ند و مه‌رجه‌عێكی خه‌باتی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بناسرێت، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه په‌رشوبڵاوی و فره‌گوتاری له نێوان هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان بێته ئاراوه؛ ئه‌مه‌یش خه‌ڵكی تووشی لێكترازان، دوودڵی و دردۆنگی كردووه.
دوازده‌یه‌م: كۆی ئه‌م سیاسه‌تانه‌ی حزبه‌كان (بێجگه له بارودۆخی خودی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له چوارچێوه‌ی سیسته‌می سیاسیی ئێران‌دا)، وای كردووه كه هیچ سه‌ندیكا و ڕێكخراوێكی به‌هێزی مه‌ده‌نیی سه‌رتاسه‌ری دروست نه‌بێت؛ ئه‌مه‌یش توانای جووڵه و ڕێكخستنی، له ناوخۆ له تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه وه‌رگرتۆته‌وه یاخود لاواز كردووه.
سێزده‌یه‌م: تاكه‌كان و حزبه‌كان به هۆی لاوازیی ڕێكخستن و نه‌بوونی ستراتیژی و پلانێكی ڕوون و تۆكمه و ئاشكرا له تاراوگه و وڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مریكا، نه‌یانتوانیوه كه‌ڵك له ده‌رفه‌ته‌كانی ئه‌م وڵاتانه وه‌ربگرن و ببنه ده‌نگی خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، هیچ جۆره لۆبیگه‌ری و گوشارێك، چ بۆ كۆماری ئیسلامی و چ له‌سه‌ر وڵاتانی ڕۆژاوایی، له لایه‌ن ئه‌م حزبانه و ئه‌ندام و لایه‌نگرانیان له ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه (Think tank) و ئه‌كادیمی، ڕاگه‌یاندنه گشتییه‌كان و ڕای گشتیی وڵاتانی ڕۆژاوایییه‌وه نابیندرێت یاخود زۆر لاواز و سنوورداره.
چوارده‌یه‌م: له ڕووی بونیادی ناوخۆیی و پێكهاته‌ییشه‌وه حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات گرفت و كێشه‌ی جددییان له ناوخۆی خۆیاندا هه‌یه. له لایه‌ك تووشی لێكدابڕان و جیابوونه‌وه و كه‌رتبوون بوونه و له لایه‌كی تریشه‌وه زۆربه‌ی بڕیاربه‌ده‌ست، ڕێبه‌ر و نوخبه سیاسییه‌كانیان به جۆرێك هه‌مان نوخبه‌ی سه‌ره‌تای شۆڕشی گه‌لانی ئێرانن كه له ڕۆژهه‌ڵات پاشه‌كشه‌یان كردووه. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، ئه‌م حزبانه‌ی ئێستا نه‌یانتوانیوه له‌نێو نه‌وه‌ی نوێ‌دا بڕیاربه‌ده‌ستی پله‌به‌رزی یه‌كه‌م له حزبه‌كاندا په‌روه‌رده بكه‌ن، یاخود ڕێگه‌یان پێ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌یان بگرنه‌وه و ئه‌ركی ڕێبه‌رایه‌تییان پێ بسپێرن. ئه‌مه بێجگه له ڕۆڵی لاوازی ژنان له ڕێبه‌ریی ئه‌م حزبانه و، له لایه‌كی تریشه‌وه دابڕانیان له ویست و داواكاری و ژیانی كچان و ژنانی گه‌نج و خوێنده‌واری كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و وه‌گه‌ڕخستنیان له خه‌باتی شار و شاخ.
پازده‌یه‌م: له هه‌مان كاتدا تا ڕادده‌یه‌كی زۆر دووبه‌ره‌كی و لێكترازانێكی قووڵ له نێوان ئه‌م حزبانه و تاكی ڕۆشنبیر و خوێنده‌واری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌بینرێت. ئه‌مه‌یش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م حزبانه له هزر و توانای ئه‌م نوخبانه بێبه‌ش بن و، هه‌ژاریی تیۆریك و ستراتیژی به‌سه‌ر ئه‌م حزبانه‌دا زاڵ ببێت. له ڕوانگه‌یه‌كی دیكه‌وه پێكهاته و بونیادی ئه‌م حزبانه به شێوه‌یه‌ك سنووردار/ داخراوه، كه تاكه‌كانی ڕه‌خنه‌گر، ڕۆشنبیر، خوێنده‌واره باڵاكان له چوراچێوه‌ی ئه‌م ڕێكخراوانه‌دا خۆیان نابیننه‌وه، یاخود گوتاری ئه‌م حزبانه له هزر و ویستی خۆیان به‌دوور ده‌بینن. لێره‌وه (هه‌رچه‌ند ئه‌م بابه‌ته ڕه‌ها نییه) به‌ڵام سێ به‌ره‌ی لێكدابڕاوی به‌رگری و خه‌بات بۆ ڕۆژهه‌ڵات، ناڕاسته‌وخۆ دروست بوونه یاخود له ئارادان:
به‌گشتی له دابه‌شكردن و پۆلینكردنێكی جیاوازدا، ئێمه ده‌توانین چه‌ند ڕه‌وت و ڕوانگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ببینین:
١- ریفۆرمیسته كورده‌كان: كه هیوایان به چاكسازییه‌كانی ناوه‌نده له ئێران و، زیاتر له‌ژێر كاریگه‌ریی ڕیفۆرمیسته‌كانی ناوه‌نددان.
٢- حزب و لایه‌نه شۆڕشگێره‌كان: كه زیاتر له چوارچێوه‌ی حزبه‌كاندان و دروشمی خه‌باتی چه‌كداری و ڕووخانی ڕژێمیان هه‌ڵگرتووه (هه‌رچه‌نده ئه‌م ده‌سته‌یه‌یش یه‌كگوتار و یه‌كده‌ست نین و جیاوازی له بیروبۆچوون و ستراتیژییان هه‌یه و، ته‌نانه‌ت به‌شێكیان هیوایان به ئه‌گه‌ری ڕیفۆرم و چاكسازیی ناوه‌ند هه‌یه).
٣- چالاك و ڕۆشنبیره سه‌ربه‌خۆكان له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان: كه ئه‌مانه‌یش یه‌كگرتوو نین و هه‌ر كامه‌یان ڕوانگه‌یه‌كیان بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد هه‌یه.
٤- به‌شێك له چالاكانی ناوخۆیی: كه له نێوان گوتاری شۆڕشگێری و ڕیفۆرمیسته‌كاندان و، زیاتر ڕوویان له كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاته له بواره‌كانی كه‌لتووری و زمانی و ژینگه‌یی و هتد.
٥- لایه‌نگرانی په‌كه‌كه، پژاك و...: كه زیاتر له‌ژێر كاریگه‌ریی گوتاری باكووری كوردستاندان.
٦- ئه‌و تاك و لایه‌نانه‌ی كه له‌ژێر كاریگه‌ریی گوتاری حزبه‌كانی باشووری كوردستاندا كار و چالاكی ده‌كه‌ن.
٧- لایه‌نه ئیسلامییه‌كانی كوردستان (به هه‌ر دوو باڵی توندڕه‌و و میانڕه‌و): هه‌رچه‌نده ئه‌م به‌ره‌یه زۆر به‌هێز و خاوه‌ن كاریگه‌ریی قووڵ نین، به‌ڵام به‌شێكی زۆریان زیاتر گوتاری ئایینی و مه‌زهه‌بی به‌سه‌ریاندا زاڵه.
به‌گشتی دووركه‌وتنه‌وه و لێكترازانی جوگرافی-واقعی له نێوان تاكه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و حزبه سیاسییه‌كان له لایه‌ك و، جۆر و شێوازی ستراتیژیی حزبه‌كان له‌گه‌ڵ تاكه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و كه‌ڵكوه‌رنه‌گرتن له ئامرازه نوێیه‌كانی په‌یوه‌ندی به شێوه‌یه‌كی كارا و كاریگه‌ر یاخود به شێوه‌یه‌كی دروست و شوێندانه‌ر له لایه‌كی تره‌وه، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه نه‌تواندرێت تێگه‌یشتن و ڕێككه‌وتنێكی هاوبه‌شی نه‌نووسراو له نێوانیاندا دروست ببێت كه خه‌باتی ڕۆژانه و به‌رده‌وام ببێته به‌شێك له ژیانی هاووڵاتیان.
له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، ده‌توانین بڵێین كه حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات نه‌یانتوانیوه له‌گه‌ڵ ژیانی ڕۆژانه‌ی تاكی ئاسایی له شاردا ده‌رگیر بن یاخود تاكه‌كان تێوه بگلێنن، یان ئه‌وه‌ی كه ستراتیژیی خۆیان له‌گه‌ڵ ژیانی تاكه‌كاندا ئاوێته بكه‌ن. به‌م مانایه به‌رزكردنه‌وه‌ی تێچووی خه‌بات (زاڵبوونی خه‌باتی چه‌كداری و دووركه‌وتنه‌وه له شار)، وای كردووه تاكه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات دوودڵ و دردۆنگ بن له نێوان به‌جێهێشتنی ژیان له شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و هه‌ڵبژاردنی خه‌بات له شاخ، یاخود مانه‌وه له شار و به‌ڕێوه‌بردنی ژیانی ئاسایی و له‌ژێر سێبه‌ری كۆماری ئیسلامی و ڕازیبوون به‌م سیسته‌مه و ده‌رفه‌ته سنوورداره‌كانی.
له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، پێناسه‌كردنی سنوور و كاری خه‌باتگێڕی و شۆڕشگێڕی ته‌نیا له "شاخ"، وای كردووه كه تاكه‌كان له "شار"، نه‌توانن له هه‌ر ده‌رفه‌تێكی بچووك وه‌كوو ئه‌كتێكی شۆڕشگێڕی و به‌رگریكارانه‌ی ڕاسته‌قینه كه‌ڵك وه‌ربگرن. ئه‌مه‌یش بۆ به‌رته‌سكیی پێكهاته و بونیادی ناوخۆیی و، هه‌روه‌ها ستراتیژی و دیسكۆرسی حزبه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه به‌ناڕاسته‌وخۆ وای كردووه تاكه ڕه‌فتاری شۆڕشگێڕانه ڕه‌فتارێكی چه‌كدارانه بێت.
لێره‌وه‌یه كه پێویستیی هاتنه‌ئارای گوتارێكی خه‌باتگێڕیی فره‌ڕه‌هه‌ند و نا-چه‌كداری (له پاڵ بوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ی تۆكمه و یه‌كگرتوو) دێته ئاراوه. به مانایه‌كی تر، پێویسته حزبه‌كان ئاستی تێچووی خه‌بات و به‌رگری بۆ تاكه‌كان كه‌م و "نزم" بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌بات له‌م قۆناغه‌دا كه‌متێچووتر بێت و تاكه‌كان خۆیانی تێدا ببیننه‌وه و ترس و دڵه‌ڕاوكێی تاكه‌كان له خه‌بات به‌پێی واقعی سه‌ركوتكه‌ری سه‌ربازی-ئاسایشیی كۆماری ئیسلامی بڕه‌وێته‌وه و پاشان هه‌نگاو به هه‌نگاو هه‌ستانه‌وه‌یه‌ك له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دروست ببێت.
كۆبه‌ند:
ڕاستییه‌كه‌ی، بۆ شیكردنه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی به‌شداریی خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردندا، پێویسته دوو پرس له یه‌كتری جیا بكه‌ینه‌وه:
یه‌كه‌م: ئامانجی خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات له به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كان جیاوازه؛ به‌م مانایه كه خه‌ڵك به چه‌ند هۆكارێك كه په‌یوه‌ندیی به ڕوانگه‌ی سیاسی، ئاستی هۆشیاری و تێگه‌یشتن له پرس و بابه‌ته‌كان، ترس و تۆقاندن، چاولێكه‌ری و بانگه‌شه، ویستی گۆڕانكاری، كه‌ڵكوه‌رگرتن له ده‌رفه‌ته سنوورداره‌كان، ژیان و خۆشگوزه‌رانی، شوێندانه‌ری له‌سه‌ر چاره‌نووس، ئابووری و ئاسایش و ...، هه‌یه به‌شداری ده‌كات. به‌ڵام بۆ ده‌سه‌ڵات ئه‌م به‌شدارییه، ڕه‌وایه‌تیوه‌رگرتنه له ئاستی ناوخۆ و به‌هێزكردنی له ئاستی جیهانی ده‌ره‌وه‌دا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه كۆی سیسته‌مه‌كه له ده‌قی پیرۆز و خواوه‌نده‌وه ڕه‌وایه‌تی وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام ڕه‌هه‌ندی كۆماریبوونی سیسته‌مه‌كه (هه‌رچه‌نده ناچاری و به‌پێی پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش نادیموكراتیكه)، وا ده‌كات كه ئه‌م سیسته‌مه بۆ مانه‌وه‌ی خۆی، په‌نا بۆ هه‌ڵبژاردنێكی سنووردار و كۆنترۆڵكراو له چوارچێوه‌ی پێناسه‌كراوی خۆیدا ببات.
دووه‌م: پێكه‌وه‌بوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار و ئه‌نجومه‌نی شار و گونده‌كان له لایه‌ك و، نه‌بووونی ئامار و داتای بێلایه‌ن و جێگه‌ی متمانه له لایه‌كی تره‌وه، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه مه‌به‌سته‌كانی حكوومه‌ت له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بێنه دی. بۆیه حكوومه‌ت له‌م حاڵه‌ته‌دا هه‌ر دوو ئاستی ورد و بچووك له لایه‌ك و ئاستی باڵا و گه‌وره له لایه‌كی دیكه‌وه، پێكه‌وه‌یانی گرێ داوه، كه ده‌ره‌نجامه‌كه‌یشی به‌پێی ئاماره فه‌رمییه‌كان به‌م شێوه‌یه كه له سه‌ره‌تادا باس كرا، ده‌رده‌كه‌وێت.
ته‌نیا ئه‌م هاوكێشه‌یه، ده‌ری ده‌خات كه ئه‌گه‌ر ئه‌م سیسته‌مه ترسی له هه‌ڵبژاردنی ئازاد و دیموكراتیك نه‌بووایه، ئه‌وه به‌دڵنیایییه‌وه سنووری هه‌ڵبژاردن به‌رفراوانتر ده‌بوو. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی له ڕێگه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه سنووردارانه‌وه، هه‌وڵ ده‌دات گۆڕانكاری دروست بكات؛ به‌م مانایه كه كۆمه‌ڵگه پارێزگارتر بووه و له‌م قۆناغه‌دا ویست و ئیراده‌ی توندوتیژی و شۆڕشی تێدا نییه. ئه‌مه‌یش بێجگه له هۆكاری ناوخۆیی، به‌شێكی بۆ پارامێتره ده‌ره‌كییه‌كانی ناوچه‌كه و جیهان ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام كۆی سیسته‌مه‌كه به‌پێی پێوه‌ره‌كانی ناسه‌قامگیری و پشێوی و لێكترازانه‌كان له لایه‌ك و هاوكێشه‌ی سه‌ره‌وه له لایه‌كی تره‌وه، له قه‌یرانی ڕه‌اویه‌تی و، به‌م پێیه‌یش له پشێوی و ناسه‌قامگیریدا ده‌ژیت. بۆیه له سیسته‌مێكی وادا ڕووداوه بچووك و لاوه‌كییه‌كان ده‌توانن له پاڵ ئاماده‌ییی فاكته‌ر و پارامێتره گه‌وره‌كان، ببنه پشێوی و ناسه‌قامگیری و ته‌نانه‌ت ڕووخانی سیسته‌م له ئێران‌دا.
به‌پێی چوارچێوه تیۆرییه‌كه و به‌پێی ئه‌و هۆكارانه‌یشه كه هه‌ڵبژاردنه‌كان و، هه‌روه‌ها ئاكام و ده‌ره‌نجامه‌كانی بریتی نین له جێگیربوون و سه‌قامگیریی سیسته‌م، به‌ڵكوو له درێژخایه‌ندا هۆكارێكن بۆ ناسه‌قامگیریی زیاتر. پشێوی و ئالۆزی و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری ئالوگۆڕی بنه‌ڕه‌تیی سیاسی له ئێران‌دا، به‌هێز و كراوه‌یه. كوردیش له ڕێگه‌ی بكه‌رایه‌تییه‌وه وه‌كوو پارامێتر و فاكته‌رێك له ئاستی بچووك و نێونجی‌دا، ده‌توانێت له پاڵ ئاماده‌ییی پێكهاته‌یی و بونیادیی گۆڕانكاری، پشێوی و ناسه‌قامگیری له ئێران (به‌پێی ئه‌و لێكترازان و فاكته‌رانه‌ی كه پێشووتر خرانه ڕوو) ڕۆڵی له هاوكێشه و گۆڕانكارییه باڵا و گه‌وره‌كاندا هه‌بێت.
سه‌رچاوه‌كان و هه‌روه‌ها بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه: