چارەنووس و داهاتووی سیستەمی سیاسیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوان گوشاری دەرەكی و ناڕەزایەتیی ناوخۆییدا

چارەنووس و داهاتووی سیستەمی سیاسیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوان گوشاری دەرەكی و ناڕەزایەتیی ناوخۆییدا

پەرویز ڕەحیم قادر/ مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین

پێشەكی:

لە پاش دەرچوونی ئەمریكا لە ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1، هەروەها دانانی دوازدە مەرج بۆ لابردن و نەسەپاندنی سزا و ئابڵووقەی توند بۆ سەر ئێران، ئاستی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی و گوشاری دەرەكیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران بەرز بۆتەوە و ئەم دەوڵەتە به‌ قەیرانێكی بێوێنەی ناوخۆیی و دەرەكیدا تێ دەپەڕێت. بە شێوەیەكی گشتی كرۆكی ستراتیژیی نوێی ئەمریكا ئەوەیە كە، ڕێككەوتنی ئەتۆمی چیتر بەرژەوەندییە دارایی و ئابووری و سیاسی و ئاسایشییەكانی ئێران دەستەبەر نەكا.  بەو واتایە، دەبێت ئێران لە نێوان دوو بژاردەی 1- ڕووخانی سیستەمە سیاسییەكەی و، 2- ڕازیبوون بە هەموو مەرجەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانی، یەكێكیان هەڵبژێرێت. بەڵام خاڵی گرنگ ئەوەیە كە بەپێی سیستەمی بڕوایی و ناسنامەیی و، هەروەها ئابووری و سیاسیی ئێران، وازهێنان لە سیاسەتی ئێستای، بریتییە لە دەسپێكردنی سەرەتای ڕووخانی كۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوخۆیی. هەرچەند سیناریۆیەكی دیكە ئەوەیە كە ئەمریكا لە بەرامبەر نەرمینواندنی ئێران، گرێنتیی مانەوەی ئەم سیستەمە سیاسییە بدات، بەڵام بە لاوازی؛ ئەمەیش بە هۆی گۆڕانكارییەكانی ئەم دوایییە لە ناوخۆ و پێكهاتەی نەتەوەیی-مەزهەبی و تەنانەت جیلی ئێران ئەگەرێكی لاوازە. بۆیە كۆی دوازدە مەرجەكەی ئەمریكا، بە مەرجێك جێبەجێ دەبێت كە سیستەمی سیاسیی كۆماری ئیسلامی ڕووخابێت. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین سیناریۆكانی داهاتووی ئەم سیستەمە سیاسییەی ئیستای ئێران شرۆڤە بكەین و وه‌ڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە كە داهاتوو و چارەنووسی سیستەمی سیاسیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەو كوێ دەچێت؟

خستنەڕووی بابەت

ڕۆژی 8-5-2018 دۆناڵد ترامپ، سەرۆككۆماری ئەمریكا، بەڵێنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لەمەڕ دەرچوونی لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 (ئەڵمانیا+ ئەمریكا، ڕووسیا، بریتانیا، فەڕەنسا و چین) جێبەجێ كرد. ئەم ڕووداوە بە یەكێك لە گرنگترین، ئاڵۆزترین و پڕمشتومڕترین بڕیارەكانی ئیدارەی نوێی ئەمریكا دادەنرێت. بەو واتایە كە كاریگەریی لەسەر داهاتووی پەیوەندیی نێوان هێزە نێودەوڵەتییەكان و تەنانەت هاوكێشە جیۆسیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.

پاشان لە ڕۆژی 21-5-2018دا له‌ گوتارێکدا بە ناونیشانی "دوای ڕێککەوتنەکە: ستراتیژیی نوێ لەبارەی ئێران" (After the Deal: A New Iran Strategy)، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە "دامەزراوەی هێریتاج" لە ئەمریكا ستراتیژیی وڵاتەکەی لە سەردەمی ئیدارەی ترامپ لەبارەی ئێران خستە ڕوو. مایك پۆمپیۆ بەئاشكرا ئەوەی ڕاگەیاند كە "ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە هۆی کەموکوڕییەکانییه‌وه‌ جیهانی خستە مەترسییەوە. هەروەک بەم دوایییانە لە ڕێگەی زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسڕائیلەوە بینیومانە، ئێران ساڵانێکە هەوڵ دەدات توانای ئەتۆمی بەدەست بێنێت. ئێران بۆ نییەتێكی خراپ لە ڕێککەوتنەکەدا مابووەوە؛ تاوەکوو ئەمڕۆكەیش ئێران لەو بارەوە هەر درۆ دەکات. هەروەها ڕێککەوتنەکە نەیتوانی وا بكات، کە ئێران لە گەیشتن بە بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی بوەستێنیت، کە دەکرێت کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرێت. ڕێکخراوەی وزەی ئەتۆمی، ڕێگەی بە ئێران دا ئەو پارەیەی بە هۆی ڕێککەوتنەکە بەدەستی دەگات، بۆ پەرەپێدان و بووژاندنەوەی ئابووریی وڵات بەکاری بێنێت، بەڵام ڕژێمی ئێران دواتر ڕەتی کردەوە تەنانەت ئەم كارەیش بكات. بۆیە پۆمپیۆ، بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە دوازدە مەرجی بۆ گۆڕانكاری لە سیاسەت و ڕەفتاری ئێران داناوە و، مەرجی هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران كە بە دەرچوونی ئەمریكا لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی دووبارە دەگەڕێتەوە، خستە ڕوو.

ئابڵووقە و سزا دەرەكییەكان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و سەربازی و مووشەكی، لە پاڵ سیاسەتی دەرەكیی تێكدەرانەی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەكە و پاڵپشتی لە گرووپە تیرۆریستییەكان لە ئاستی دەره‌كی و، لە ئاستی ناوخۆییش قەیرانە كەڵەكەبووەكانی لە ئێران لە ڕووی سیاسی، دارایی، تەندروستی، پەروەردەیی، ژینگەیی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، كەلتووری و...، وای كرد كە زەمینە ئامادە بێت بۆ پەرەسەندنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییه‌كی بچووك لەسەر گرانیی كەلوپەل، بەتایبەت پێداویستییە سەرەتایییەكان و خواردن، تەنانەت "هێڵكە"، وەكوو هێمایەك بۆ كەمترین چەشنی خواردن لە ئێران و، هەروەها پشتگوێخستنی داواكاریی هاووڵاتیان لە ڕووی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزارییە گشتییەكان و، لە لایەكی تریشەوە گێڕانەوەی پارە یاخود قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەی كە هەموو دارایییان لە لایەن دامەزراوە دارایییە تایبەتەكانەوە، كە لەژێر كۆنترۆڵی حكوومەت و بە مۆڵەتی فەرمی دامەزراوە، بە هۆی گەندەڵیی سیسته‌ماتیك و ناوخۆییی دەسەڵاتی سیاسییەوە دەستی بەسەردا گیراوە، زۆربەی شارەكانی ئێران بگرێتەوە. ئەوەی كە گرنگە و جێگەی هەڵوەستەیە، ئەوەیە كە زۆربەی دروشمەكانی ناڕه‌زایەتییەكان بە بەراورد لەگەڵ دروشمە ڕیفۆرمخوازانە و ناو-سیستەمییەكانی ڕابردوو، لە ئێستادا دروشم و داواكارییەكان پێكهاتەشكێن (هه‌ڵوه‌شێنه‌رانه‌) یاخود ڕەچەشكێنن و، "ڕێبەر" و دەسەڵاتداران و، بەگشتی نەمان و ڕووخانی كۆی ئەم سیستەمە سیاسییەیان كردۆتە ئامانج.

سیناریۆكان

بە شیوەیەكی گشتی لێكەوتەی گوشار و سزا و ئابڵووقە دەرەكییەكانی ئەمریكا بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ چەند ئەگەر و سیناریۆیەك بۆ چارەنووس و داهاتووی سیستەمی سیاسیی كۆماری ئیسلامیی ئێران دێنێتە ئاراوە، كە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:

یەكەم: ڕازیبوون بە مەرجەكانی ئەمریكا و مانەوەی كۆماری ئیسلامی

لە ڕاستیدا تاكوو ئێستا پلانی سەرەكیی ئەمریكا و بڕیاردەرانی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی "ترامپ"، لە دەرچوونی ئەمریكا لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی و سەپاندنی سزا و ئابڵووقەكان ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەرجەكانی ئەمریكا ڕازی بێت و وەكوو دەوڵەتێكی ئاسایی مامەڵە و ڕەفتار بكات. لە لێدوانەكانی ئەم دوایییەی "دۆناڵد ترامپ" ئەم ئەرگیۆمێنتە بەرجەستە دەبێت كە ئەمریكا بە هۆی ئەم گوشار و سزا توندانە، چاوەڕوانە كە كۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی و ڕێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەكان بە هۆی گوشاری سزاكان لەسەر ژیانی خەڵك و، هەروەها بێتواناییی ڕژێم لە دابینكردنی تێچووی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەكی و، هەروەها پاڵپشتیی داراییی گرووپە توندڕەوە نادەوڵەتییەكانی ناوچەكە، بێتەوە سەر مێزی دانوستاندن و 12 مەرجەكەی ئەمریكا قبووڵ بكات و ڕێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی كە نیگەرانییەكانی ئەمریكا لە هەمبەر چالاكییەكانی مووشەكی و دەستێوەردانی ناوچەیی و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بگرێتەوە، واژوو بكات. ئەمەیش دڵنیاییی زیاتر دەداتە دەوڵەتانی ئەوروپی و تەنانەت چین و ڕووسیا كە ناوچەكە تووشی قەیران و بارگرژی نابێت و، لە لایەكی تریشەوە هاوپەیمانە هەرێمییەكانی ئەمریكا، وەكوو ئیسڕائیل و سعوودیا و وڵاتانی عەرەبی ڕازی دەكات كە ڕۆڵ و نفووز و مەترسییەكانی سەربازیی ئێران لەناو بچێت یاخود سنووردار بكرێت. ئەم سیناریۆیە هەڵگری چەند دەرفەت و هەڕەشەیە بۆ ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی كە دەتوانین ئاماژەیان پێ بكەین:

دەرفەتەكان

١- ئەمریكا بە كەمترین تێچوو و تەنیا بە گوشاری ئابووری و سیاسی، كۆماری ئیسلامی بە مەرجەكانی ڕازی دەكات و، بەم پێیەیش لە ڕووی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە پێگەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی و، هەروەها گرنگی و بایەخی ستراتیژی و سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بەرز دەبێتەوە.

٢- ئەمریكا هاوكات لە ئەگەری سەركەوتنی ئەم سیناریۆیە لەم ڕێگە و بەم میكانیزمە دۆسییەی ئەتۆمی و مووشەكیی كۆریای باكوور چارەسەر دەكات و، بەم پێیەیش دووبارە لە ڕووی جیۆسیاسییەوە سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و، پەیامێكی بەهێزیش دەبێت بۆ ڕووسیا و چین.

٣- لە ئەگەری سەركەوتنی ئەم سیناریۆیەدا هاوسەنگیی هێزی هه‌رێمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا، بەتایبەت وڵاتانی عەرەب و سووننە بەهێز دەبن. لەم حاڵەتەدا ئەمریكا هیچ هێزی سەربازی و تێچوویەكی ماددیی بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە بەگشتی و هاوپەیمانەكانی بەتایبەتی نەگرتۆتە ئەستۆ و، لە هەمان كاتیشدا سەركەوتنێكی هەرێمیی لەو ناوچە گرنگە بەدەست هێناوە.

٤- بە سەركەوتنی ستراتیژیی ترامپ لە هەمبەر كۆماری ئیسلامی، ڕۆڵی چین و ڕووسیا وەكو دوو هێزی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سنووردار دەبێت و، دەبێت سەركردایەتی و پێشەنگایەتی و نفووزی ئەمریكا بەتایبەتی لەم ناوچەیە قبووڵ بكەن.

٥- بە ڕازیبوونی ئێران بە مەرجەكانی ئەمریكا، ئەوە دۆسییەی سووریا و عێراق و تەنانەت ئەفغانستان و لوبنان و یەمەن، پێكەوە چارەسەر دەبێت. لەم حاڵەتەیشدا كۆی هاوكێشە جیۆسیاسی و ئاسایشییەكان لە بەرژەوەندیی ئەمریكا دەگۆڕدرێت و گیروگرفتی ئەمریكا لە ناوچەكە چارەسەر دەبێت. هاوكاتیش دەستی ئەمریكا بۆ داڕشتنەوەی نەزمی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاوەڵاتر دەبێت. بەم واتایە كە شكستی ئیدارەكانی پێشووتری ئەمریكا لە ئەفغانستان و عێراق قەرەبوو دەكرێتەوە.

٦- سەركەوتنی ئەم ستراتیژییەی ترامپ لە هەمبەر كۆماری ئیسلامیی ئێران وا دەكات، كە ئەمریكا كێشەكانی لەگەڵ ڕووسیا لە پێگەیەكی بەهێزترەوە چارەسەر بكات. بەم واتایە كە خاڵە ناكۆكەكانیان لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە دەچێتە قۆناغێكی نوێوە و ئەمریكا دەتوانێت گوشارەكانی بۆ سەر ڕووسیا زیاتر بكات یاخود بگاتە ڕێككەوتنێك لەگەڵ ڕووسیا لە ناوچە جێناكۆكەكانیان.

٧- لە ئەگەری سەركەوتنی ئەم سیناریۆیە، ئەوە وڵاتانی ئەوروپی زیاتر لە ئەمریكا نزیك دەبنەوە و تەنانەت بە مەرجەكانی ئەمریكا لە ئاستی پەیوەندیی دوولایەنە و پاشان لە ئاستی پرس و بابەتە نیودەوڵەتییەكان ڕازی دەبن؛ بەتایبەتی لە ڕووی ئابووری و پەیوەندییە بازرگانییەكانەوە. هەروەها ئەمە دەتوانێت وەكوو هۆشداری و گوشارێكیش بێت بۆ هەر دەوڵەتێكی دیكە و، هەروەها وڵاتانی ئەوروپی كە ئەگەر لە بازنەی بەرژوەندییەكانی ئەمریكا دەربچن تووشی سزا و ئابڵووقەی توند دەبنەوە و، لە كۆتاییدا دەبێت خۆیان بەدەستەوە بدەن. ئەمەیش لە ڕووی پێكهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتییەوە جۆرێكە لە گەڕانەوە بۆ سیستەمی تاك-فرەجەمسەری بە ڕێبەرایەتیی ئەمریكا كە لەم چەند ساڵەی دواییدا تووشی ئالنگاری (ته‌حه‌ددا)ی جددی ببووەوە.

٨- لە ئاستی ناوخۆییش لە ئەگەری سەركەوتنی ئەم سیناریۆیە، ئەمریكا پێی وایە كە لەم ڕێگەیەوە باڵی میانڕەو یاخود ڕیفۆرمخواز زاڵ دەبێت و، باڵی توندڕەو و سوپای پاسداران بە هۆی دروشم و سیاسەتەكانیانەوە پەراوێز دەخرێن.

٩- بێجگە لەمانەیش، لە ڕووی ئابوورییەوە ڕازیبوونی ئێران بەم مەرجانە بە واتای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمریكا دێت. ئەمەیش دەتوانێت لە كۆتاییدا سەر بكێشێت بۆ پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری لە نێوان هەردوو وڵاتدا كە لە لای "ترامپ" خاڵێكی گەوهەرییە و، تەنانەت ئەمریكا دەتوانێت بە هۆی پێداویستی و پێویستییەكانی ئێران لە هەموو ڕەهەند و بوارەكانەوە جێگەی وڵاتانی ئەوروپی و تەنانەت جێگەی چین و ڕووسیاش بگرێتەوە. ئەم خاڵە گرنگیی تایبەتی هەیە و بە سەركەوتنێكی گەورە بۆ ئەمریكا دادەندرێت كە "ترامپ" لەم گۆشەنیگایەوە دەڕوانێتە سیاسەتی نێودەوڵەتی و هاوتەریبە لەگەڵ دكتۆرینی (ئەمریكا یەكەم)ی ترامپ.

١٠- بەم پێیەیش لە ئەگەری سەركەوتنی ئەم سیناریۆیەی خۆبەدەستەوەدانی ئێران، پێگەی كۆماریخوازەكان و بەتایبەتی  "ترامپ" لە ئاستی سیاسەتی ناوخۆییی ئەمریكاش بەرز دەبێتەوە و، دەتوانێت بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتیی ئەمریكا، بێ كێشە ببێتەوە سەرۆككۆماری ئەمریكا.

هەڕه‌شە و ئالنگارییەكان

١- ئەم سیناریۆیە دەتوانێت ئۆپۆزیسۆنی ناوخۆیی و دەرەكیی كۆماری ئیسلامی لاواز و لە بەرامبەر سیاسەتی ئەمریكا بێمتمانە بكات. ئەمەیش وا دەكات لە داهاتوودا ئەمریكا نەتوانێت لەم ڕێگەیەوە و لە كاتی پێویست گوشار بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران دروست بكات.

٢- خاڵێكی لاوازی ئەم سیناریۆیە ئەوەیە كە لە ئاستی ڕای گشتیی ناوخۆی ئێراندا نادڵنیایی و بێمتمانەیی لە ئەگەری ڕێككەوتنی نێوان ئێران و ئەمریكا لە هەمبەر ئەمریكا دروست ببێت و خەڵكی ناڕازی ڕەشبین بن و جارێكی دیكە متمانە بە ئەمریكا نەكەنەوە و هەست بەوە بكەن كە وەكوو ئامرازێك بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا تێچووی زۆری ماددی و گیانییان داوە؛ چونكە سەركەوتنی سیناریۆیەكە پەیوەستە بە ناڕەزایەتیی بەرفراوان و هەمەلایەنە و بەرینی هاووڵاتیانی ئێران.

٣- لە ئەگەری شكستی ئەم سیناریۆیەدا، ئەوە باڵی توندڕەو و بەتایبەت سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی بەتەواوی بەسەر ئێراندا زاڵ دەبێت.

٤- سەركەوتنی ئەم سیناریۆیە، پەیوەستە بە هاوڕابوونی لانی كەم ڕێژەییی وڵاتانی ئەوروپی و چین و ڕووسیا. بۆیە ئەمریكا بۆ ڕازیكردنیان بۆ گوشارخستنە سەر ئێران، پێویستی بە قەناعەتپێهێنان و تەنانەت گوشارخستنە سەر ئەو وڵاتە هەیە. ئەمەیش لەوانەیە ببێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی ئەمریكا و دروستبوونی بارگرژی لە پەیوەندییەكانی ئەم وڵاتانە لەگەڵ ئەمریكا. هەروەها ئەگەری ئەوە بەهێزە كە ئەو وڵاتە و بەتایبەتی چین و ڕووسیا بۆ لاوزاكردنی پێگەی ئەمریكا و شكستی ئەم سیناریۆیە كار بكەن. لە لایەكی تریشەوە بیانەوێت كە بەم هۆیەوە لەسەر پرس و بواری جێگەی ناكۆكیی نێوانیان ئیمتیاز لە ئەمریكا وەربگرن.

٥- هەڕەشە و ئالنگاریی سەرەكیی ئەم سیناریۆیە ئەوەیە كە وڵاتانی ئەوروپی، بەتایبەتی (بریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا) پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا تووشی بارگرژی بێتەوە و بچنە ناوململانێ و جەنگێكی ئابوورییەوە كە كۆی سیستەمی ئابووریی جیهانی و، هەروەها پەیوەندییە سیاسی و ئاسایشییەكانیان بخاتە ژێر كاریگەریی خۆیەوە.

٦- لە ئەگەری شكستی ئەم سیناریۆیە، ئەوە سیاسەتی ئەمریكا لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەرزۆك دەبێت و، نەیارەكانی ئەمریكا وەكوو چین و ڕووسیا پێگەیان بەرزتر دەبێتەوە.

٧- لە ئاستی ناوخۆییی ئەمریكا پێگەی دۆناڵد ترامپ لەرزۆك و لاواز دەبێت و، بەم پێیە سەرۆكایەتیی كۆماری ئەمریكا بۆ خولی دووەم بۆ ترامپ ئاسۆیەكی نادیار و لێلی دەبێت. هەروەها پێگەی حزبی كۆماریخوازەكان لاواز دەبێت و نەیارەكانی سیاسەتی ترامپ بەهێز دەبن.

٨- لە ئاستی ناوچەییشدا پێگەی ئەمریكا بە هۆی هەڕەشەكانی ئێران و مانەوەی و بەرگریی ئێران لاواز و، وڵاتان و ئەكتەرە نادەوڵه‌تییەكانی نەیاری ئەمریكا بەهێز دەبن و، هاوسەنگیی هێز لە زیانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەگۆڕێت. لێرەوەیە كە تەنیا جەنگ دێتە ڕۆژەڤەوە و ئاسایشی نێودەڵەتی و تەنانەت جیهانی دەكەوێتە مەترسییەوە؛ بە مەرجێك كە لە ئاستی ناوخۆییدا هیچ شتێك ڕوو نەدات و ئەم ڕژیمە بتوانێت ناڕەزایەتییەكان سەركوت و كۆنترۆڵ بكات.

٩- ئەگەری ئەوە هەیە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ شكست و شكاندنی سزا و ئابڵووقە و گەمارۆكان هەڕەشه‌ی زۆر بكات كە ترس بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە و ئاسایشی ناوچەكە دروست بكات، كە كەڵكوەرگرتن لە ئەكتەرە نادەوڵەتییەكان وەكوو حزبوڵڵای لوبنان و حوسییەكانی یەمەن و حەشدی شەعبی و...، هەروەها بەستنی گەرووی هۆرمۆز و ڕێگەگرتن لە هەناردەكردنی نەوت، بەشێك لەو مەترسییانە بێت.

١٠- سیستەمی سیاسی و ناسنامەی كۆماری ئیسلامی و بەم پێیەیش ڕەوایەتیی ئەم سیستەمە، خۆی لە دژایەتیی ئەمریكا و هاوپەیمانە ناوچەیییەكانی، بەتایبەتی ئیسڕائیدا دەبینێتەوە. بۆیە لەوانەیە بڕیاروەرگرانی ئێران، ڕازی نەبن كە لەگەڵ ئەمریكا لەسەر دوازدە خاڵەكە كە بەتەواوی دژی دكتۆرینی سیاسەتی دەرەكی و تەنانەت ناوخۆی كۆماری ئیسلامییە، ڕێك بكەون.  

دووەم: دروستبوونی جەنگ لە نێوان ئەمریكا و هاوپەیمانە ناوچەیییەكانی لەگەڵ ئێران

لە ئەگەری خۆبەدەستەوەنەدانی ئێران و، هەروەها ڕازینەبوونی ئێران بە مەرجەكانی ئەمریكا، ئەوە سیناریۆی دووەم دێتە ئاراوە. بەڵام ئەم جەنگە دوو سیناریۆی هێرشی سنوورداری سەربازی و ئەگەری دروستبوونی جەنگی بەرفراوان و هەمەلایەن دەگرێتە خۆ. هەرچەندە دەكرێت سیناریۆی سێیەمیش هەبێت: جەنگێكی بەنوێنەرایەتی بەڵام بە پاڵپشتیی ئەمریكا لە لایەن وڵاتانی عەرەبی و ئیسڕائیل لە دژی ئێران بەرپا بێت. بۆیە دەرفەت و هەڕەشە و ئالنگارییەكانی ئەم سیناریۆیە بەم شێوەیە پۆلین دەكرێت:

ئالنگاری و هەڕەشەكان:

١- ئیدارەی نوێی ئەمریكا ناخوازێت كە لە ناوچەكەدا جەنگێكی دیكە بەرپا بێت و ئاسایشی ناوچەكە بكەوێتە مەترسییەوە.

٢- دەوڵەتانی هاوپەیمانی ناوچەییی ئەمریكا بە هۆی نزیكیی جوگرافی و، هەروەها لێكەوتە ئاسایشی و ئابووری و تەنانەت مرۆیییە نادیارەكانی جەنگ لە دژی ئێران، هەست بە دڵەڕاوكێی ئاسایشی بۆ سەر مانەوەی خۆیان دەكەن و بە دوایین و خراپترین سیناریۆی دەزانن.

٣- ڕای گشتیی ئەمریكا و بەشێكی زۆر لە سیاسەتمەدارانی هەر دوو حزبی سەرەكی لە ئەمریكا، تاوەكوو ئێستا لەگەڵ جەنگ لە دژی ئێران هاوڕا نییە.

٤- ئاكام و سیناریۆ و لێكەوتەكانی ئەم جەنگە ناڕوون و نادیار دەبێت و، بەم پێیە لە ڕووی مرۆیی و ئابوورییەوە ئەمریكا تووشی زیان دەبێت، كە ئەم خاڵە جێگەی نیگەرانیی "ترامپ" و ستراتیژیی ئەو وڵاتەیە؛ هەروەها بەپێچەوانەی سیاسەتی ترامپە دەربارەی دەستێوەرنەدانی سەربازی لە كاروباری وڵاتان و بەكارهێنانی سامان و ئابووری و، هەروەها هێزی مرۆیی و سەربازیی ئەمریكا لە ناوچەكانی جیهان.

٥- هەڵگیرسانی جەنگ وا دەكات، كە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە بكەوێتە مەترسییەوە و، هەروەها بوونی گرووپی تیرۆریستی و، هه‌مدیس گرووپی توندڕەوی نزیك لە ئێران، وا دەكات هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاگری ئه‌م جەنگە بسووتێت و مەترسیی ئاسایشیی گەورە دروست بكات.

٦- پرسی هەناردەكردنی وزە و ئاسایشی وزە بە هۆی ئەم جەنگەوە دەكەوێتە مەترسیی جددییەوە و، ئەمەیش كاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی ئابووری و، هەروەها نرخی نەوت دادەنێت، بە ڕەچاوكردنی ئەوەی كە ئێران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرمزی كردووە.

٧- لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگدا ئێران كەڵك لە گرووپە تیرۆریستی و توندڕەوە سوننە و شیعەكان وەردەگرێت و لەوانەیە ئەم جەنگە بۆ وڵاتانی ئەوروپی بگوازێتەوە.

٨- پرسی كۆچبەران و ئەگەری دروستبوونی لێشاوێكی نوێی پەنابەر، وا دەكات كە وڵاتانی ئەوروپی هەست بە مەترسی بكەن.

٩- ئەم جەنگە دەتوانێت ئاستی بارگرژی و تەنانەت پێكدادانی نێوان ئەمریكا و ڕووسیا و چین بەرز بكاتەوە؛ كە ویستراوی ئەمریكا نییە.

١٠- مەترسیی ئەوە هەیە كە ئەم جەنگە ڕەوایەتیی ڕژێمی ئێستا جارێكی دیكە لە دژی ئەمریكا بەهێز بكات و ناكۆكییەكانی ناوخۆییی ئێران و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی كۆماری ئیسلامی كەم بكاتەوە. هەروەها بەشێك لە هێزە سیاسییەكانی دژبەری كۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات، دژی هەڕەشە و هێرشی سەربازین بۆ سەر ئێران.

دەرفەتەكان:

١- لە سیناریۆی هێرشێكی سنووردار بۆ بنكە و دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەكییەكان، ئەگەری ئەوە دێتە ئاراوە كە سوپای پاسداران لاواز بێت و دۆخەكە لە كۆنترۆڵی حكوومەت دەربچێت و خەڵكی ئێران ڕاپەڕن و سیستەمە سیاسییەكە بگۆڕن.

٢- بژاردەی سەربازی وا دەكات، كە دەسەڵاتدارانی ئێران لە ترسی هێرشی سەربازی، بە مەرجەكانی ئەمریكا ڕازی بن.

٣- یەكێك لە ئەگەرەكان ئەوەیە كە مەترسیی ڕووخانی سیستەم لە ڕێگەی سەربازییەوە، وا دەكات كە دەسەڵاتدارانی ئێران بە گۆڕانكاریی ناوخۆیی و، تەنانەت بە داواكاری و ویستی ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆیی ڕازی بن.

٤- بژاردەی سەربازی وا دەكات، كە وڵاتانی ئەوروپی و تەنانەت ڕووسیا و چین بۆ ڕێگەگرتن لە هێرشی سەربازی، ڕازی بن كە لەگەڵ گوشارەكانی ئەمریكا هەماهەنگ و هاوڕا بن بۆ خۆبەدەستەوەدانی كۆماری ئیسلامی و، ڕازیبوون بە دانوستاندن لەسەر پرسە جێناكۆكەكان.

سێیەم: ڕووخانی سیستەمی سیاسیی ئێران بە هۆی گوشارە دەرەكی و ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەكان

دەرفەتەكان:

١- ئەمریكا و بەتایبەتی "ترامپ" ئەمە بە سەركەوتنێك تۆمار دەكات و لە ئاستی ناوخۆییدا پێگەی بەرز دەبێتەوە.

٢- ئەمریكا دەبێتە خاوەن پێگەیەكی بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، هەروەها هاوكێشەكانی لە ناوچەكانی دیكەی جیهان؛ هەروەها حكوومەتی داهاتوو وەكوو هاوپەیمانێكی سەرەكیی ئەمریكا دێتە سەر شانۆی هاوكێشە جیۆسیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

٣- لە ڕووی ئابووری و تەنانەت دابەزینی نرخی نەوت (لە مەودای مامناوەندی و درێژخایەندا) ئەمریكا قازانج دەكات و، ئەگەری زۆرە كە ئەمریكا لەم ڕێگەیەوە ئاستێكی بەرز لە پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ ئێران دروست بكات؛ ئەمەیش بە هۆی ڕۆڵی ئەمریكا لە ڕووخانی سیستەمە سیاسییەكە و، هەروەها پێویستیی ئێران بە وەبەرهێنانی دەرەكی و وێرانبوونی ژێرخانەكانی ئێران و پێویستییان بە بووژانەوە و بنیاتنانەوە لە ڕێگەی تەكنەلۆژی و سەرمایەی ئەمریكا.

٤- نەزم و هاوكێشەیەكی نوێی ئاسایشی و جیۆسیاسی لە ناوچەكەدا دێتە ئاراوە و بارودۆخی ئاسایشیی سەقامگیر، بەڵام ڕێژەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەبێت؛ ئەمەیش بە هۆی لاوازبوونی گرووپە توندڕەو و تیرۆریستی و ئەكتەرە نا-دەوڵەتییەكانی لایەنگری ئێران و، هەروەها تەنانەت گرووپەكانی توندڕەوی دژبەری ئێران.

٥- پرسە ئاسایشییە ئاڵۆزەكانی دەوڵەتانی ناوچەكە وەكوو سووریا و عێراق و یەمەن و ئەفغانستان و لوبنان و فەڵەستین و ئیسڕائیل و...، بە هۆی نەبوونی ئەكتەرێكی دەستێوەرده‌ر یاخود ڕێگره‌وه‌، بەرەو چارەسەری كۆنكریتی دەڕۆن.

٦- لە ڕووی ڕای گشتیی وڵاتانی عەرەبی سوننه‌ لە لایەك و ئێران لە لایەكی ترەوە، پێگە و نفووزی ئەمریكا بەرز دەبێتەوە. لە ڕوانگەیەكی دیكەوە، حكوومەت و هێزە سیاسییەكانی ناوچەكەیش زیاتر لە ئەمریكا نزیك دەبنەوە.

٧- ئەم سەركەوتنە، بە مۆدێل و ستراتیژییەكی سەركەوتوو دادەندرێت و ئەگەری دووبارەكردنەوەی لە هەمبەر نەیارانی ئەمریكا دێتە ئاراوە.

ئالنگاری و هەڕەشەكان

١- گەورەترین ئالنگاری لە جێبەجێكردن و سەركەوتنی ئەم سیناریۆیەدا، نەبوونی ئەلتەرناتیڤ یاخود جێگرەوەی حكوومەتی ئێستای كۆماری ئیسلامییە. بەم واتایە كە نەبوونی ڕێككەوتنی گشتگیر لەسەر داهاتووی سیستەمی سیاسی لە نێوان خەڵكی ئاسایی و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكان بە مەبەستی دروستكردنی جێگرەوەیەك، بۆتە هۆی مانەوە و درێژەدان بە سیستەمی سیاسیی ئێستای كۆماری ئیسلامی.

٢- لاوازبوونی خەڵكی ئاسایی و سەرقاڵبوون بە دابینكردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانە و بارودۆخی نالەباری ئابووری و دارایی بە هۆی ئابڵووقە و گەمارۆكانه‌وه‌، هەڕەشە لە سەركەوتنی ئەم سیناریۆیە دەكات.

٣- باڵادەستبوونی باڵی توندڕەو و بە دیاریكراوی سوپای پاسداران، هەڕەشەیەكه‌ لە بەردەم جێبەجێكردنی ئەم سیناریۆیەدا؛ بە هۆی گوشاری دەرەكی و مەترسی سەرهەڵدانی بەرفراوانی ناڕەزایەتی ناوخۆیی.

٤- مەترسیی هەڵوەشانەوەی ئێران بە هۆی فرەنەتەوەیی و فرەناسنامەبوونی ئێرانه‌وه‌، وادەكات كە خەڵك و هێزە سیاسییەكان تاوەكوو ئێستا بەپارێزەوە مامەڵە بكەن و بەم پێیەیش كۆماری ئیسلامی بتوانێت بەسەر ناڕەزایەتیی ناوخۆیی و بارودۆخەكەدا زاڵ بێت.

٥- یارمەتیدانی ئێران لە لایەن ڕووسیا و چین و وڵاتانی ئەوروپییەوە بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بۆ لەباربردنی كاریگەری و شوێندانەریی ئابڵووقە و سزاكانی ئەمریكا، وا دەكات كە ئالنگاری لە بەردەم جێبەجێكردنی ئەم سیناریۆیە بێتە ئاراوە و، دەسەڵاتدارانی ئێران بتوانن ڕێگە لە شۆڕش و سەرهەڵدانی جەماوەری بە هۆی گوشاری ئابووری بگرن و، لە ئاستی نێودەڵەتییشدا كۆماری ئیسلامی پەراوێز نەخرێت و مانەوەی ئەم ڕژێمە سیاسییە بۆ ماوەیەكی نادیار درێژ بێتەوە.

كۆبەند:

بەگشتی سیستەمی ئابووریی ئێران لەژێر كاریگەریی كێشە و گرفتەكانی سیستەمی سیاسیی ئێراندایە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. بەم واتایە كە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، ئاسایشی ئابووریی ئێران بەردەوام لەژێر هەڕەشەدایە. ئەمەیش بە هۆی پێكهاتەی سیستەمی سیاسی-ئابووری لە لایەك و، بارگرژییەكانی ئێران لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئابڵووقە و سزاكانی سەر ئەو دەوڵەتە لە لایەكی ترەوە. بۆیە كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ درێژەپیدان و مانەوەی سیستەمە سیاسییەكەی لە هەمبەر گوشار و ئابڵووقە و سزاكانی ئەمریكا، سێ بژاردەی ڕووخانی ناوخۆیی و هێرشی سەربازی و جەنگ یاخود دانوستاندن و ڕازیبوون بە مەرجەكانی ئەمریكای لە بەردەمدایە. بۆیە بەپێی سروشتی سیستەمی سیاسی و ڕەفتاری دەسەڵاتدارانی ئێران و هاوكێشە ناوخۆیی و هەرێمییەكان، بەهێزترین سیناریۆ ڕازیبوونە بە مەرجەكانی ئەمریكا و دانوستاندن لە لایەن ئێرانەوە و، پاشان سیناریۆی ڕووخانی ناوخۆیی و، لە پلەی  سێیەمدا هەڵگیرسانی جەنگ و هێرشی سەربازییە بۆ سەر ئێران. بەڵام لە ئێستادا سیاسەتی ئێران ئیدارەكردنی ناوخۆیی و دەرەكیی پەیوەندییەكانییەتی لە ڕووی دیبلۆماسی و ئاسایشی و سیاسی و ئابوورییه‌وه‌ بۆ ئەوەی ماوەی سەرۆكایەتیی ترامپ كۆتاییی پێ بێت. گەورەترین چەكی ئێرانیش (بێجگە لە مووشەكی دوورهاوێژ و پرسی دەستپێكردنەوەی چالاكیی ئەتۆمی)، تێكدانی دۆخی وڵاتانی ناوچەكە‌ لە ڕێگەی هاوپەیمانانی و گرووپە توندڕەوەكان و، هەروەها نرخی نەوته‌ لە بازاڕی جیهانی.

Latest from پەرویز ڕەحیم

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples