پێشه‌كی:
له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی دواییدا ڕووداوێكی گرنگ، كه بووه هۆی هاتنه‌ئارای مشت‌ومڕ و لێكدانه‌وه‌ی جۆراوجۆر، پرسی پڕچه‌ككردنی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه) له ڕۆژاوای كوردستان بوو، له لایه‌ن ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكاوه. به‌شێك له چاودێران ئه‌م كاره‌یان به پشتتێكردنی ئه‌مریكا له توركیا و، به‌شێكی تر به كارێكی ته‌كتیكی و كاتی لێكیان دایه‌وه. به‌ڵام پرسی گرنگ ئه‌وه‌یه كه ئایا له كاتێكدا ئه‌مریكا له پاڵ توركیا، په‌كه‌كه به تیرۆریست ده‌زانێت، بۆچی له ڕۆژاوای كوردستان یارمه‌تیی هێزه كوردییه‌كان ده‌دات؟ له لایه‌كی تره‌وه، ئایا ئه‌وه به مانای پشتكردنی ئه‌مریكایه له ڕووسیا؟ ڕاستییه‌كه‌ی، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌مریكا له چوارچێوه‌یه‌كی گه‌وره‌تردا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت، كه پرسی ئه‌كته‌ره نا-ده‌وڵه‌تییه‌كانه، كه من به دینامیزمی نوێی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناوی ده‌به‌م. بۆیه له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین تیشك بخه‌ینه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته.
مشتومڕی پێدانی چه‌ك به یه‌په‌گه
له دوایین پێشهاتدا كۆشكى سپى له به‌ياننامه‌يه‌كدا ئاشكراي كرد سه‌رۆكى ئه‌مريكا ڕه‌زامه‌ندیى خۆى بۆ پڕچه‌ككردنى يه‌په‌گه له سووريا پيشان داوه. كه‌ناڵى NBCی ئه‌مريكايى له زارى به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى به‌رگریى وڵاتەكەی بڵاوی كرده‌وه: "ترا‌مپ له‌سه‌ر پلانى پێدانی چه‌ك به يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل ڕێك كه‌وتووه و، ئه‌و هێزه كوردييه‌ى به هاوپه‌يمانێكى گرنگى ئه‌مريكا زانيوه. له به‌رامبه‌ردا وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه دۆناڵد ترا‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته فه‌رمانی كردووه، بۆ شه‌ڕی ڕه‌ققه چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی به یه‌په‌گه بدرێت و، ئامانج له‌و بڕیاره‌یش هاوكاریكردنی یه‌په‌گه‌یه بۆ سه‌ركه‌وتن له شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ڕه‌ققه و ده‌رهێنانی له‌ده‌ست چه‌كدارانی داعش. توركیا له‌م باره‌یه‌وه كاردانه‌وه‌ی توندی هه‌بوو و، له یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر بڕیاری كۆشكی سپی بۆ پێدانی چه‌ك به یه‌په‌گه، توركیا ناڕه‌زایه‌تیی خۆی پیشان دا و، ڕای گه‌یاند كه دژی ئه‌و بڕیاره‌ی دۆناڵد ترا‌مپ دەوەستێتەوە.
له‌م باره‌یه‌وه "نوورەددین جانیكلی"، جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا بە ڕۆیتەرزی گوت: "یارمەتییەكانی ئەمریكا بۆ پێدانی چەك بە یەپەگە، جیگەی قبووڵكردن نییە. پێنتاگۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كردووه كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن توركیا له بڕیاری پێدانی چه‌ك به یه‌په‌گه دڵنیا بكه‌نه‌وه. "ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان"، سه‌رۆككۆماری توركیا، له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد: "له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی توركیا، له هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر داعش و، په‌كه‌كه و یه‌په‌گه‌یش به‌رده‌وام ده‌بن". ئه‌ردۆغان گوتی: "له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌مریكا و ڕووسیا نییه و، گوتیشی پێویسته ئه‌مریكا هه‌نگاوی جیاوازتر بنێت و، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه نه‌بوون پشتگیریی یه‌په‌گه بكات". سه‌رۆككۆماری توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد: "ئه‌مریكا به پێدانی چه‌كی قورس، پشتیوانیی یه‌په‌گه ده‌كات و، ئه‌وه‌یش دژی په‌یوه‌ندییه ستراتیژی و ڕێككه‌وتننامه ستراتیژییه‌كانی وڵاته‌كه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا". سه‌باره‌ت به سه‌ردانه‌كه‌یشی له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا بۆ ئه‌مریكا، ئه‌ردۆغان ئاشكرای كرد: "نایانه‌وێت هاوكارییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ یه‌په‌گه به‌رده‌وام بێت، بۆیه له‌و باره‌یه‌وه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترا‌مپ ده‌كات." سه‌رۆككۆماری توركیا هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئه‌نجامی ده‌دات زۆر گرنگه و، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بێت".
له به‌رامبه‌ریشدا مارك تۆنەر، یاریدەدەری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند كه وڵاته‌كه‌ی بە ھیچ شێوەیەک "یەپەگە" وه‌ك ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نابینێت، بەڵام پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) ڕێکخراوێکی تیرۆرستییە و، بۆ بەڕەنگاربوونەوەی پەکەکە هه‌موو هاوكارییه‌كی ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌كه‌ن. ئه‌و به‌رپرسه ئه‌مریكییه هه‌روه‌ها گوتی: "یه‌په‌گه له ڕۆژاوای كوردستان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعشدا هاوكاری ئه‌مریكایه و شان به شانی ژماره‌یه‌كی دیكه له‌و گرووپانه‌ی له سووریا دژی داعش ده‌جه‌نگن، "یه‌په‌گه"یش له‌و پرۆسه‌یه‌دا هاوكاره. مارك تۆنه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه دا: "له‌باره‌ی نیگه‌رانییه‌كانی توركیا به‌رامبه‌ر "یه‌په‌گه" و "په‌كه‌كه"، قسه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا كردووه و بۆچوونه‌كانی ئه‌مریكامان له‌و باره‌یه‌وه به به‌رپرسانی ئا‌نكارا گوتووه."
دینامیزمی گۆڕانكارییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
یه‌كه‌م: ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا
به هاتنه‌سه‌ركاری دۆناڵد ترا‌مپ، ئیداره‌ی نوێی ئه‌م وڵاته هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی سوننه و عه‌ره‌بی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست توندوتۆڵ‌تر بكات، كه له سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تیی "باراك ئۆباما"دا به هۆی دڵه‌ڕاوكێیه‌كانیان له ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی 5+1 به‌ره‌و ساردوسڕی چووبوو. به‌م پێیه، ئه‌مریكا هه‌وڵ ده‌دات له لایه‌ك له‌گه‌ڵ وڵاتانی گرنگی سوننه، وه‌كوو سعوودیا، میسر و ئۆردن، په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵتری له ناوچه‌كه‌دا هه‌بێت و، له لایه‌كی تره‌وه ئابڵووقه و گوشار و سزا و چاودێرییه‌كانی سه‌ر ئێران قورس‌تر بكات. ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا، به‌رده‌وام ئێرانی به هه‌وڵی پشێوی و ناسه‌قامگیركردنی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به یارمه‌تیدانی ملیشیا و گرووپه تیرۆریستییه‌كان تۆمه‌تبار كردووه و، ئێرانی به سه‌رچاوه‌ی نائامنی و كێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زانیوه. بۆیه هه‌موو هه‌وڵی ئه‌مریكا ئه‌وه‌یه كه بێجگه له‌وه‌ی كه له عێراق و سووریا جه‌نگی دژی تیرۆر (داعش) ده‌كات، له هه‌مان كاتدا ڕێگه نه‌دات كه ئه‌مه دواجار به قازانجی ئێران ته‌واو ببێت. به‌م مانایه كه ئێران له ڕێگه‌ی ئه‌كته‌ر ناده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه هه‌وڵی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌دات؛ كه ئه‌مه‌یش هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی له ناوچه‌كه‌دا، به‌تایبه‌ت بۆ ئیسڕائیل.
پاش ڕێككه‌وتنی ئێران، توركیا و سووریا له "ئاستانه"ی پایته‌ختی كازاخستان و، ڕاگه‌یاندنی جۆرێك له ناوچه‌ی پارێزراو (ناوچه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرژی) بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ له ڕۆژاوای حه‌له‌ب و هه‌موو پارێزگه‌ی ئێدلب و، هه‌روه‌ها حومس و باكووری حه‌ما و باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی لازقیه و دیمه‌شق، ئه‌مریكا و ڕووسیا به جۆرێك ناوچه‌ی نفووزیان بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر كردووه كه له ئه‌گه‌ری ڕوونه‌دانی هیچ كێشه‌یه‌ك، ئه‌وه ده‌بێته بنه‌ما بۆ دابه‌شكردنی نفووز له ناوچه‌كانی دیكه‌ی جیگه‌ی مشتومڕی نێوانیان. بۆ نموونه ڕووسیا له‌و شوێنانه‌ی ئێستا و، ئه‌مریكایش له ناوچه كوردییه‌كان و، پاش شكستی داعش له ڕه‌ققه و ناوچه سوننییه‌كان باڵاده‌ست ده‌بێت. له‌م گۆڕانكارییه نوێیانه‌دا ئه‌مریكا بۆ جه‌نگی دژی داعش له لایه‌ك و، له لایه‌كی تره‌وه بۆ دروستكردنی ئه‌لته‌رناتیڤێك بۆ هێزه‌كانی خۆی له‌سه‌ر زه‌وی و، هه‌روه‌ها له به‌رامبه‌ر ڕه‌فتاره‌كانی توركیا و سنوورداركردنی ڕۆڵ و نفووزی ئێران و ڕێگه‌گرتن له نفووزی له سووریا و به‌گشتی له ناوچه‌كه‌دا له هه‌مبه‌ر ئه‌مریكا و ئه‌وروپا، پێویستیی به ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌یه كه لێره‌دا یه‌په‌گه و به‌گشتی هێزه‌كانی میانڕه‌وی "سووریای دیموكراتیك" باشترین بژارده‌ی ئه‌مریكان له پاڵ پێشمه‌رگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له عێراقدا. بۆیه ئه‌مریكا هه‌وڵ ده‌دات هێزه كوردییه‌كان له لایه‌ك له‌ژێر گوشاری توركیا بێنێه‌ته ده‌ره‌وه و پاڵپشتییان بكات و، له لایه‌كی تریشه‌وه له ئێران دووریان بخاته‌وه، كه ئێران نه‌توانێت به‌كاریان بێنێت.
دووه‌م: ڕووسیا
ڕاستییه‌كه‌ی، ڕووسیا بۆ دروستكردنی گوشار و هاوسه‌نگیی هێز له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئه‌وروپا، پێویستیی به نفووز و پێگه هه‌یه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا؛ به‌و پێیه‌ی كه هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێگه و نفووزی خۆی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌دات، به‌تایبه‌ت كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و گوشار و هه‌ڕه‌شانه‌ی ناتۆ و ئه‌مریكا كه به ناوچه‌ی ده‌ره‌وه‌ی نزیكی ڕووسیا ناسراوه. بۆیه ڕووسیایش یارمه‌تیی یه‌په‌گه ده‌دات؛ له لایه‌ك به هۆی جه‌نگی دژی داعش و، له لایه‌كی تره‌وه بۆ دروستكردنی باڵانس له‌گه‌ڵ توركیا و گوشارخستنه‌سه‌ر ئه‌و وڵاته له هاوكێشه‌كانی نێوانیان. هه‌روه‌ها ڕووسیایش له ئه‌گه‌ری ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و نه‌مانی حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د و دابه‌شكردنی ناوچه‌ی نفووز له سووریا و پاشان له ناوچه‌كانی دیكه‌ی جێگه‌ی ناكۆكی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، پێویستیی به هێزه كوردییه‌كان (یه‌په‌گه) له سووریا هه‌یه.
سێیه‌م: توركیا
ناوچە و دەڤەرە کوردنشینەکانى سووریا کەوتوونەتە ناو "شریت"ى ئەمنیى تورکیاوە. لەو ناوچانەدا بە تەنیا کوردیان لێ ناژى، به‌ڵكوو ئه‌مانه‌یشی لێ ده‌ژین: عەرەب، تورکمەن، ئەرمەن، سریان، چەرکەس و هتد. تورکیا لەگەڵ سووریا، سنوورێکى 910 کیلۆمەتریی هەیە و بەشێکى زۆرى ئەو شریتە سنوورییە، كه ده‌وڵه‌مه‌نده به وزه و سه‌رچاوه‌ی سروشتییه‌وه، بەدەست پەیەدە، یەپەگە، یەپەژە و هێزەکانى سووریاى دیموکراتەوەیە. لە کاتێکدا تورکیا نایشارێتەوە و، پەیەدە، یەپەگە و یەپەژە بە تیرۆریست و بە بەشێکى جیانەکراوە لە پەکەکەیان دەزانێ. توركیا كه به‌توندی دژی به‌هێزبوون و پڕچه‌ككردنی یه‌په‌گه‌یه له لایه‌ن ئه‌مریكاوه، یه‌په‌گه به درێژكراوه‌ی په‌كه‌كه ده‌زانێت و، به‌هێزبوونی به دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی خۆی ده‌زانێت. هه‌روه‌ها تورکیا دڵه‌ڕاوكێی ئاسایشیی خۆى لە دامەزراندنى خۆبەڕێوەبەریى کانتۆنەکان و دواتر فیدراڵیى ئەو ناوچانە نەشاردۆتەوە و، جەخت لە یەکپارچەییى خاکى سووریا دەکاتەوە و، ئەوەیش خاڵى یەکانگیریى ئێران و تورکیایه. به‌و پێیه‌ی كه له لایه‌ك نفووزی ئێران له سنووره‌كانی توركیا به‌هێز ده‌بێت و، له لایه‌كی تره‌وه به‌هێزبوونی یه‌په‌گه له سووریادا و ئه‌گه‌ری دروستبوونی ده‌سه‌ڵاتێكی كوردی له سووریا پێگه‌ی په‌كه‌كه و كورد به‌گشتی له ناوخۆی توركیا و له ناوچه‌كه‌دا به‌هێز ده‌كات. ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه له ناوخۆدا توركیا له به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه‌دا تووشی كێشه ببێت و، له ده‌ره‌وه‌یشدا یه‌په‌گه ده‌بیته هۆی ئه‌وه‌ی كه وه‌كوو ئه‌لته‌رناتیڤێك گرنگی و ڕۆڵی توركیا له ناوچه‌كه‌دا كه‌م بكاته‌وه. هه‌روه‌ها نابێت فه‌رامۆش بكه‌ین كه ئه‌و كاته توركیا ته‌نیا له ڕێگه‌ی كورده‌وه (باشوور و ڕۆژاوا) ده‌توانێت له‌گه‌ڵ جیهانی عه‌ره‌بی و سوننه‌دا په‌یوه‌ندیی هه‌بێت و، ئه‌م دۆخه‌یش به‌پێچه‌وانه‌ی پلان و تێزی "نیوعوسمانیزم"ی "ئه‌كه‌په"یه له ناوچه‌كه‌دا.
خاڵێكی تریش ئه‌وه‌یه كه ڕووسیایش له هاوكێشه‌كاندا بۆ گوشارخستنه‌سه‌ر توركیا، ده‌توانێت ئه‌و هێزه كوردییانه به‌كار بێنێت. بۆیه توركیا به‌توندی دژی ئه‌وه‌یه ئه‌م هێزه كوردییانه به‌هێز بكرێن و، له به‌رامبه‌ریشدا خۆی پاڵپشتی له هێزه‌كانی ئۆپۆزیسۆنی سووریا و، هه‌روه‌ها سوننه و توركمانه‌كان له عێراق ده‌كات و ڕاهێنانیان پێ ده‌كات و پڕچه‌كیان ده‌كات، یاخود هه‌وڵ ده‌دات له ڕێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه گوشار بۆ سه‌ر ڕۆژاوا و په‌كه‌كه دروست بكات. واته توركیایش له ناوچه‌كه‌دا بۆ پاراستنی ئاسایش و ده‌سته‌به‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی، سوود له ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌رده‌گرێت. بۆیه‌یشه توركیا له هه‌مبه‌ر داهاتووی پارێزگه‌ی مووسڵ و بوونی په‌كه‌كه له شنگال، زۆر هه‌ستیاره، چونكه لاوازیی توركیا له‌م ناوچانه له‌لایه‌ك یارمه‌تیی به‌هێزبوونی په‌كه‌كه و یه‌په‌گه ده‌دات له ڕۆژاوا، و له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌وه ڕۆڵ و نفووزی ئێران له ناوچه‌ی "ده‌ره‌وه‌ی نزیكی" توركیا به‌هێز ده‌كات. ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی كۆریدۆرێك له پارێزگه‌ی دیالەدا، کە ئێستا زۆرینەی دانیشتووانەکەی شیعەن، بەره‌و کەرکووک و بە شارۆچکەی شەرگاتدا دەڕوات و، لەنێو تەلەعفەر و چیای شنگالەوە بە سووریا دەگات و به‌م پێیه نفووزی ئێران و هێزه شیعییه‌كان ده‌گاته ده‌ریای ناوه‌ڕاست. ئەمەیش مانای ئەوەیە گرووپە شیعی- ئێرانییەکان بەئاسانی دەگەنە ناوچە کوردییەکانی سووریا و، بۆ كۆنترۆڵی ئێستا و داهاتووی سووریا و په‌راوێزخستنی توركیا له لایه‌ن ئێران و گرووپه‌كانی هاوپه‌یمانی كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گیرێت. ئه‌مه‌ش دابڕانی توركیا له جیهانی عه‌ره‌بی-سوننه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
چواره‌م: ئێڕان
كۆماری ئیسلامیی ئێران، به‌تایبه‌ت دوای ڕێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و لاوازیی ئیداره‌ی "ئۆباما" له وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستی توند و یه‌كلاكه‌ره‌وه له سووریا و، هه‌روه‌ها ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق، به‌ته‌واوی له ناوچه‌كه‌دا بۆته خاوه‌ن نفووز و پێگه. بۆیه ئێرانیش له ڕێگه‌ی په‌كه‌كه‌وه هه‌وڵی گوشار بۆ سه‌ر توركیا ده‌دات و، هه‌روه‌ها له سووریا كورده‌كان به هاوپه‌یمانی خۆی ده‌زانێت. ستراتیژیی ئێران ئه‌وه‌یه كه له ڕێگه‌ی دروستكردن و به‌هێزكردنی میلیشیا توندڕه‌وه‌كانه‌وه له ناوچه‌كه‌دا، باڵاده‌ستیی خۆی بپارێزێت. بۆیه به‌پێی دوایین ڕاپۆرته‌كانی ناوه‌نده‌كانی لێكۆڵینه‌وه، مه‌به‌ستی ئێران له پاراستنی نفووز له سووریا و وڵاتانی عه‌ربی وه‌كوو عێراق و لوبنان، ئه‌وه‌یه كه ڕێگه‌ی دروستكردنی كۆریدۆرێك له‌و ناوچانه‌ی كه زۆرینه شیعین له عێراق و سووریاوه، بگاته ده‌ریای ناوه‌ڕاست و له‌م ڕێگه‌یه‌وه بتوانێت له به‌رزایییه‌كانی "جۆلان" هه‌ڕه‌شه له ئیسڕائیل بكات. ئێران ئه‌م ستراتیژییه له عێراقدا له ڕێگه‌ی دروستكردن و به‌هێزكردنی حه‌شدی شه‌عبی و، هه‌میش له سووریا له ڕێگه‌ی پاراستنی به‌شار ئه‌سه‌د و دروستكردنی هاوشێوه‌ی "به‌سیج"، له لوبنان له ڕێگه‌ی "حزبوڵڵای لوبنان"ه‌وه، به‌رێوه ده‌بات و ده‌توانێت ده‌ست به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا بگرێت. لێره‌وه ئێران به‌ته‌واوی به یارمه‌تیی ئه‌كته‌ره نا-ده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌وڵی به‌رگری و پاراستنی ئاسایش و ده‌سته‌به‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و مانه‌وه‌ی خۆی ده‌دات. ته‌نانه‌ت له عێراقیش له ڕێگه‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه گوشار بۆ كوردستان دروست ده‌كات و، ناڕاسته‌وخۆ جه‌نگی گرووپ و لایه‌نه سوننه‌كان ده‌كات كه دژی نفووز و باڵاده‌ستیی ئێرانن. ته‌نانه‌ت ئێران له یه‌مه‌نیش، هه‌ر له ڕێگه‌ی ئه‌كته‌ره-ناده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه بۆ نموونه "حوسییه‌كان" گوشار بۆ سه‌ر سعوودیا دروست ده‌كات و هه‌وڵی كۆنترۆڵ و گه‌مارۆدان و دروستكردنی مه‌ترسی بۆ سه‌ر سعوودیا و یارمه‌تیی شیعه‌كانی سعوودیا و داكشان بۆ كۆنترۆڵی "باب المندب" ده‌دات.
پێنجه‌م: وڵاتانی عه‌ره‌بی-سوننه
سعوودیا و وڵاتانی دیكه‌ی سوننه‌ی عه‌ره‌ب، له لایه‌ك به هۆی شه‌پۆلی به‌هاری عه‌ره‌بی و كێشه و گرفته‌كانی ناوخۆیی و ده‌ستێوه‌ردانی كۆماری ئیسلامی له ڕێگه‌ی فاكته‌ری شیعیزمه‌وه و، له لایه‌كی دیكه‌وه به هۆی زاڵبوونی كۆماری ئیسلامی و مه‌ترسییه ئاسایشییه‌كانی بۆ سه‌ر ئه‌م وڵاتانه، له ڕێگه‌ی ئه‌كته‌ر نا-ده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه هه‌وڵی دروستكردنی باڵانس له هه‌مبه‌ر ئێران ده‌ده‌ن. به‌م پێیه وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئێران له ناوچه‌كه‌دا كه‌وتوونه‌ته خۆ. بۆ نموونه له عێراق به هۆی باڵاده‌ستیی شیعه و ئێران، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له ڕێگه‌ی یارمه‌تیی عه‌شیره سوننه‌كان و دروستكردنی گرووپی ملیشیای سوننه به‌ره‌نگاری ئێران ببنه‌وه و، له یه‌مه‌ن له رێگه‌ی جه‌نگ دژی حوسییه‌كان كه له لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه پاڵپشتی و پرچه‌ك ده‌كرێن هه‌وڵده‌ده‌ن ئێران كۆنترۆل بكه‌ن، هه‌روه‌ها له لوبنان له دژی حزبوڵڵای لوبنان كه سیاسه‌تی ئێران جێبه‌جێ ده‌كات ئه‌وه به‌رگری له سوننه‌كان و حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته ده‌كه‌ن و، له سووریایش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئێران به‌رگری له گرووپه توندڕه‌وه سوننه‌كان و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ده‌كه‌ن و، له فه‌له‌ستینیش له به‌رامبه‌ر "حه‌ماس"دا به‌رگری له "فه‌تح" ده‌كه‌ن. بۆیه ده‌بینین ئه‌م وڵاتانه‌یش به‌پێی دینامیزی نوێی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سیاسه‌تی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه، هه‌وڵی خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌م ژینگه نوێیه ده‌ده‌ن. ته‌نانه‌ت سعوودیا هه‌وڵ ده‌دات له عێراق له هه‌مبه‌ر نفووزی شیعه و ئێران، به‌رگری له كورد بكات.
كۆبه‌ند:
كۆی ئه‌م گۆڕانكارییانه و دروستبوونی دینامیزمێكی نوێ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وا ده‌كات كه ئه‌مریكا به هۆی ئه‌زموونی له ئه‌فغانستان و عێراق له لایه‌ك و، هه‌روه‌ها به هۆی به‌هێزبوونی ئه‌كته‌ره نا-ده‌وڵه‌تییه‌كان و شكستی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه له په‌ره‌پێدانی سیاسی و ئابووری و ... بۆ دروستكردنی باڵانس و ئه‌لته‌ر‌ناتیڤ و، هه‌روه‌ها پاراستنی ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له هه‌مبه‌ر نه‌یارانی وه‌كوو ڕووسیا و ئێران و هاوپەیمانه‌كانیان، به‌رگری له هێزێكی وه‌كوو كورد له سووریا ده‌كات. بۆیه ده‌توانین پێدانی چه‌ك به یه‌په‌گه و سوپای سووریای دیموكراتیك، بێجگه له جه‌نگی دژه تیرۆر (داعش)، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین. بۆیه ئامانجه‌كانی ئه‌مریكا له‌م كاره، له‌م خاڵانه كورت ده‌كریته‌وه:
١- جه‌نگ له دژی تیرۆر و له‌ناوبردن یاخود لاوازكردنی گرووپه تیرۆریستییه‌كان، به‌تایبه‌ت داعش
٢- دروستكردنی گوشار و ئه‌لته‌رناتیڤێك بۆ ئه‌گه‌ری نزیكبوونه‌وه‌ی توركیا له ڕووسیا
٣- دووركردنه‌وه‌ی هێزه كوردییه‌كان له ئه‌سه‌د و كۆماری ئیسلامی
٤- ڕێگه‌گرتن له دروستبوونی كۆریدۆره‌كانی ئێران له عێراقه‌وه بۆ سووریا و بۆ سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست
٥- دروستكردنی هێزێكی سێكیولار له‌سه‌ر زه‌وی له هه‌مبه‌ر گرووپ و هێزه توندڕه‌وه‌كانی ئیسلامی له ناوچه‌كه‌دا
٦- كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌م هێزه نا-ده‌وڵه‌تییانه له ئه‌گه‌ری شكستی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه یاخود ڕووخانیان و پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایییه ئاسایشییه‌كان
٧- پاراستنی ئاسایشی ئیسڕائیل
٨- دروستكردنی ئه‌م گرووپه سێكیولارانه بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسڕائیل و وڵاتانی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا
٩- سنوورداركردنی ڕۆڵی ئێران و ڕێگه‌گرتن له باڵاده‌ستیی ئه‌م وڵاته له ناوچه‌كه‌دا
١٠- به‌شدارینه‌كردنی ڕاسته‌وخۆی سه‌ربازی له لایه‌ن ئه‌مریكاوه و، گۆڕانكاری له‌م ڕوانگه‌یه‌دا كه ئه‌مریكا ڕاسته‌وخۆ به‌شداریی سه‌ربازی له ناوچه جۆراوجۆره‌كان، به‌تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بكات.
بۆیه لانی كه‌م له‌م قۆناغه‌دا، ناكرێت هاوكاریی یه‌په‌گه و ئه‌مریكا به هاوكارییه‌ك له چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه ستراتیژییه‌كانی ئه‌مریكا و كورد له ڕۆژاوا لێك بدرێته‌وه. ئه‌زموونی ئه‌مریكا له جیهان له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره نا-ده‌وڵه‌تییه‌كاندا، ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه، به‌ڵام له شكستی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه، ئه‌مریكا هه‌وڵده‌دات له ڕێگه‌ی ئه‌كته‌ره نا-ده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه هاوسه‌نگیی نوێ دروست بكاته‌وه. به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا ئه‌مریكا بۆ ڕازیكردنی توركیا و ته‌واوكردنی ستراتیژییه ناوچه‌یییه‌كانی له‌گه‌ل توركیا دژایه‌تیی په‌كه‌كه ده‌كات و وه‌كوو گروپێكی تیرۆریستی ده‌یناسێنێت، چونكه په‌كه‌كه به ئه‌كته‌رێكی جێبه‌جێكاری ستراتیژیی ئێران له ناوچه‌كه‌دا ده‌زانێت.