پێشه‌كی:
یه‌كه‌مین گه‌ڕی گه‌شتی دیپلۆماسیی "دۆناڵد ترامپ" پاش هاتنه‌سه‌ركاری وه‌كوو سه‌رۆككۆماری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له 21-5-2017 بۆ سعوودیا و ئیسڕائیل و پاشان ڤاتیكان وه‌كوو سیمبۆلی سێ ئایینی ئیسلام، جوو و مه‌سیحییه‌ت،، لێكدانه‌وه و كاردانه‌وه‌ی جۆراوجۆری لێ كه‌وته‌وه. ئه‌م گه‌شته هه‌م له ڕووی سیمبۆلیك و هه‌میش له ڕووی ناوه‌رۆك و مه‌به‌ست و ئامانجه‌كانی، زیاتر له هه‌موو ده‌وڵه‌تێك، كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كردۆته ئامانج؛ به‌م مانایه كه ئێران تووشی دڵه‌ڕاوكێی ئاسایشی و نیگه‌رانی بووه.
لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه كه دۆناڵد ترامپ له‌م گه‌شته‌دا مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی و ئامانجی چییه؟ له كاتێكدا پێشتر به هۆی لێدوانه‌كانی ترامپ له دژی سعوودیا و وڵاتانی عه‌ره‌بی/ئیسلامی چاودێران چاوه‌ڕاونی بارگرژی و ساردیی زیاتر له په‌یوه‌ندییه‌كانی سعوودیا و ئه‌مریكا بوون. بۆچی ترامپ سعوودیا‌ی وه‌كوو یه‌كه‌مین وڵات بۆ گه‌شتی خۆی هه‌ڵبژارد؟ له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین تیشك بخه‌ینه سه‌ر ئه‌م پرس و بابه‌تانه.
ترامپ و سعوودیا: گرێدانی ئابووری و ئاسایش
دۆناڵد ترامپ له دیداره‌كه‌یدا له سعوودیا چه‌ندین گرێبه‌ستی گه‌وره‌ی سه‌ربازی/ئابووریی له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاته واژوو كرد. بۆ نموونه كۆمپانیای گه‌وره‌ی بواری سه‌ربازی، نه‌وت گاز و ته‌كنه‌لۆژیی ئه‌مریكا، چه‌ندین گرێبه‌ستیان له بواری بووژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووریی سعوودیا واژوو كردووه و، له هه‌مان كاتیش‌دا كۆمپانیای "ئارامكۆ"ی سعوودی تاوه‌كوو ساڵی 2023 به بڕی 30 ملیار دۆلار له ئه‌مریكا وه‌به‌رهێنان ده‌كات. له بواری سه‌ربازیدا ئه‌مریكا و سعوودیا گرێبه‌ستێكیان به بڕی 110 ملیار دۆلار واژوو كردووه كه بواره‌كانی چاككردنه‌وه و ڕاگرتنی كه‌لوپه‌له سه‌ربازییه‌كان، پاپۆڕی جه‌نگی، مووشه‌كی به‌رگریی ده‌ریایی، فڕۆكه‌ی ئێف 15 و ...، ده‌گرێته خۆ. هه‌روه‌ها تاوه‌كوو 10 ساڵی داهاتوو گوژمه‌ی ئه‌م ئاڵوگۆڕ و گرێبه‌ستانه ده‌گاته 460 ملیار دۆلار. زۆربه‌ی پسپۆڕان ئه‌م ڕێككه‌وتن و گرێبه‌ستانه به "ڕێككه‌وتنی سه‌ده" ناوی ده‌به‌ن.
له ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆشكی سپی، ئه‌م ڕێككه‌وتنانه به مه‌به‌ستی به‌هێزكردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای به‌رگریی سعوودیا و پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌ی كه‌نداو و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و به‌تایبه‌ت هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئه‌نجام دراوه. له ڕاستیدا ئه‌م گرێبه‌ست و ڕێككه‌وتنانه له چوارچێوه‌ی دۆكترینی ئابووری/ئاسایشیی ترامپدان؛ به‌م مانایه كه ڕوانگه‌ی ترامپ بۆ سیاسه‌تی جیهانی و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ته‌نانه‌ت پرسه ئاسایشییه‌كان له‌م سۆنگه‌یه‌وه ئاراسته ده‌كرێت. بۆیه ئه‌مه بۆ ئیداره‌ی "ترامپ" به ده‌ستكه‌وتێكی مه‌زن داده‌ندرێت. پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م گرێبه‌ستانه ببنه هۆی دروستبوونی ده‌یان هه‌زار هه‌لی كار له ئه‌مریكا و بووژانه‌وه‌ی كه‌رته جۆراوجۆره‌كانی پیشه‌سازیی ئه‌مریكا، كه "ترامپ" به‌ڵێنی بووژانه‌وه‌ی دابوون.
له لایه‌كی تره‌وه، له ڕووی سیاسییه‌وه ترامپ به‌م گه‌شته‌ی خۆی بۆ گرنگترین ناوه‌ندی ئایینی له جیهانی ئیسلام (واته سعوودیا)، زۆربه‌ی ئه‌و نیگه‌رانی و تۆمه‌تانه‌ی ڕه‌وانده‌وه كه "ترامپ"یان به كه‌سێكی دژی ئیسلام و موسڵمانان ده‌ناساند. له‌م نێوه‌نده‌یشدا كۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر هه‌وڵی ده‌دا كه له ئاستی جیهانی و ناوچه‌ییدا ئه‌م وێنایه له ئه‌مریكا و ترامپ نیشان بدات. به‌ڵام ترامپ و ڕاوێژكاران و تیمه‌كه‌ی له كۆشكی سپی، هه‌وڵ ده‌ده‌ن "داعش/ القاعیده/ ئیسلامی توندڕه‌و" له لایه‌ك و، "كۆماری ئیسلامی" وه‌كوو سه‌رچاوه‌ی تیرۆر و ئاژاوه و پشێوی بناسێنن. ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كه ئێران نه‌توانێت هه‌ستی دژه-ڕۆژاوایی و دژه-ئه‌مریكی له ناوچه‌كه‌دا له به‌رژه‌وه‌ندی و قازانجی خۆی به‌كار بێنێت و ئه‌جێندای شیعی/ئێرانی له پشته‌وه‌ی جه‌نگه تائیفییه‌كانی له ناوچه‌كه‌دا بشارێته‌وه و، ئه‌و به‌ره‌یه‌ی كه ئێران به "به‌ره‌ی به‌رگری" ده‌یناسێنێت، ڕێبه‌رایه‌تی بكات.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بوو كه ترامپ هه‌وڵی دا به‌پێی دۆكترینه نافه‌رمی/ ڕانه‌گه‌ندراوه‌كه‌ی كه پێویسته تێچووی به‌رگری و ئاسایشی ناوچه‌كه له لایه‌ن وڵاتانی ناوچه‌كه‌وه دابین بكرێت، له كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ 55 وڵاتی ئیسلامی له‌سه‌ر پێویستیی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایش و ئاشتی و دژایه‌تیی تیرۆریزم جه‌ختی كرده‌وه. ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌مه‌ش دروستكردنی به‌ره‌یه‌ك و ڕێككه‌وتنێك بوو له وڵاتانی سوننه كه له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كی سه‌ربازی/ئاسایشی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه و سنوورداركردنی ڕۆڵ و نفووزی تێكده‌رانه‌ی ئێران له ناوچه‌كه و، هه‌روه‌ها ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعیده و داعش له چوارچێوه‌ی جه‌نگی دژه‌تیرۆردا. پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه كه به "ناتۆی عه‌ره‌بی" ناسراوه، زیاتر له 34 هه‌زار سه‌ربازی هه‌بێت.
"جۆن مه‌ككین" سیناتۆری ناسراوی كۆماریییه‌كان، له‌سه‌ر ئه‌م ڕێككه‌وتننانه له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی هه‌واڵی Fox News Sunday گوتی كه ئه‌مه په‌یامێكی توند و ئاشكرایه بۆ ڕاگرتنی ڕۆڵی تێكده‌رانه‌ی ئێران له ناوچه‌كه‌دا. كۆی ئه‌م جووڵه و هاوكێشانه وای كردووه كه ته‌نانه‌ت وه‌كوو "محه‌مه‌د بن سه‌لمان"، وه‌زیری به‌رگریی سعوودیا باس له‌وه بكات كه بۆ سنوورداركردنی ئێران، "جه‌نگ ببرێته ناو خاكی ئێران"؛ ئه‌مه‌یش نیگه‌رانیی قووڵی له لای ئێرانییه‌كان دروست كردووه.
ئامانج و ستراتیژیی ئه‌مریكا له نزیكبوونه له سعوودیا
1-ترامپ به‌م هه‌نگاوه‌ی، ڕێگه‌ی له دروستبوونی وێنایه‌كی دژه‌ئیسلام/موسڵمانان، كه له لایه‌ن نه‌یارانی و، هه‌روه‌ها ئێرانه‌وه هه‌وڵی بۆ ده‌درا، گرت. چونكه ئه‌گه‌ر ترامپ نه‌یتوانیبا ئه‌م كاره بكات، ئه‌وه ئێران ده‌یتوانی له‌م ڕێگه‌یه‌وه وڵاتانی سوننه و ڕای گشتیی وڵاتانی عه‌ره‌بی له قازانجی خۆی به‌كار بێنێت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه‌دا بكه‌ویته مه‌ترسییه‌وه. ئه‌مه‌یش ڕاسته‌وخۆ ڕۆڵ و هێزی ئێرانی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌ووه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئیسڕائیل به‌رز ده‌كرده‌وه. به جۆرێك كه ئیسڕائیل به ته‌نیا ده‌مایه‌وه و، ئه‌مریكا پێگه‌ی خۆی زیاتر له سه‌رده‌می "ئۆباما" له‌ده‌ست ده‌دا.
2- ترامپ له‌م ڕێگه‌یه‌وه به‌ڵێنه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ده‌رباره‌ی ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ت و هه‌لی كاری نوێ بۆ ئه‌مریكییه‌كان جێبه‌جێ كرد؛ ئه‌مه‌یش پێگه‌ی ناوخۆییی ترامپ له هاوكێشه سیاسییه‌كانی ئه‌مریكادا به‌رزتر ده‌كاته‌وه.
3-ترامپ به‌م هه‌نگاوه‌ی، ئیسڕائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بیی له یه‌كتری نزیكتر كردۆته‌وه. ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌مریكا له ڕووی ئاسایشی و سیاسییه‌وه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ پرس و كێشه ئاسایشی و سیاسییه‌كان له هه‌مبه‌ر "تیرۆر" و نفووزی ئێران و ڕووسیا پێویستییه‌كی هه‌ره له‌پێش بوو. به‌و پێیه‌ی كه بارگرژی له نێوان ئیسڕائیل و وڵاتانی عه‌ره‌بی، ده‌بووه هۆی نائارامی و ناسه‌قامگیریی زیاتری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باڵاده‌ستی و كه‌ڵكوه‌رگرتنی ئێران له‌م دۆخه‌دا. له‌م سۆنگه‌یه‌وه ئه‌م ڕێككه‌وتنه (به‌و پێیه‌ی كه ڕاگه‌یه‌ندراوه كه نابێته هۆی باڵاده‌ستیی وڵاتانی عه‌ره‌بی له ڕووی سه‌ربازییه‌وه له‌سه‌ر ئیسڕائیل و، هاوسه‌نگیی هێز له دژی ئیسڕائیل تێك نادات)، بۆیه ده‌بێته هۆكاری لێكنزیكبوونه‌وه و كاری هاوبه‌شی ئیسڕائیل له ڕووی ته‌كنه‌لۆژی و هه‌واڵگری له لایه‌ك و، وڵاتانی عه‌ره‌بی له ڕووی سه‌ربازی و دارایییه‌وه له لایه‌كی تره‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كتری، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی ئێران له ناوچه‌كه‌دا.
4-ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا له‌م ڕێگه‌یه‌وه، ده‌توانێت به كه‌ڵكوه‌رگرتن له سه‌رچاوه دارایی و ئابووری و مرۆیییه‌كانی خودی وڵاتانی عه‌ره‌بی و سوننه له ناوچه‌كه‌دا، ڕووبه‌ڕووی تیرۆر و مه‌ترسییه ئاسایشییه‌كان ببێته‌وه و، ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌مریكا له چوارچێوه‌ی دۆكترینی ئابووری/ئاسایشیی نوێی ئیداره‌ی ترامپ به ده‌سكه‌وتێكی مه‌زن داده‌ندرێت. ئه‌مه‌یش وا ده‌كات ئه‌مریكا ده‌ستی كراوه‌تر بێت بۆ ئه‌وه‌ی له ناوچه‌كانی دیكه‌ی جیهان وه‌كوو باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا، ڕۆڵی ڕووسیا و چین سنووردار بكات. له ڕوانگه‌یه‌كی دیكه‌وه ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا له‌م ڕێگه‌یه‌وه له ناوچه جیاجیاكان، بۆ نموونه ئه‌وروپا و ئاسیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هاوسه‌نگیی هێز له ڕێگه‌ی ئه‌م هاوپه‌یمانێتییانه‌وه له قازانجی به‌رژه‌وه‌ندییه ئاسایشی و ئابووری و سه‌ربازییه‌كانی خۆی ده‌گۆڕێت؛ ئه‌مه‌یش له هه‌زاره‌ی سێیه‌م به گونجاوترین ستراتیژیی ئاسایشی و به‌رگریی ئه‌مریكا داده‌ندرێت. كۆی ئه‌م هاوكێشانه‌یش وا ده‌كات ئه‌مریكا ڕۆڵی زلهێزی مه‌زن له هه‌مبه‌ر ڕووسیا و چین بپارێزێت.
5-ترامپ به‌م كاره‌ی، ده‌توانێت هاوسه‌نگییه‌كی نوێ له ناوچه‌كه‌دا بێنێته دی. به‌م مانایه كه به هۆی سیاسه‌ته‌كانی ئیداره‌ی ئۆباما له ناوچه‌كه‌دا و ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران و ئازادبوونه‌وه‌ی سه‌دان ملیار دۆلاری ئه‌و وڵاته و لاچوونی گه‌مارۆ و ئابڵووقه ئابوورییه‌كان، ئه‌وه ڕۆڵ و نفووزی ئێران نه‌ك ته‌نیا له "هیلالی شیعی"یه‌وه تێپه‌ڕی كردبوو، به‌ڵكوو كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هه‌نارده‌كردنی چه‌ك و ڕاهێنانی گرووپه‌كان و ناسه‌قامگیركردنی ئه‌م ناوچانه، هه‌وڵی په‌لهاوێشتن بۆ یه‌مه‌ن و وڵاتانی كه‌نداو و وڵاتانی باكووری ئه‌فریقا، هه‌وڵی دروستكردنی "مانگی شیعی"ی ده‌دا. بۆیه هه‌موو هه‌وڵی ترامپ و سعوودیا، ڕێگه‌گرتن بوو له دروستبوونی ئه‌م مانگه شیعییه له بری هیلالی شیعی، كه له پاش ساڵی 2001 و ڕووخاندنی تاڵیبان له ئه‌فغانستان له سنوووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئێران و، هه‌روه‌ها له ساڵی 2003ه‌وه و ڕووخاندنی ڕژێمی سه‌دام وه‌كوو دوژمنی ئێران و، ئازادكردنی عێراق، هاتبووه ئاراوه. له ڕوانگه‌یه‌كی تره‌وه، ئێران له ڕێگه‌ی ده‌ستێوه‌ردان و كه‌ڵكوه‌رگرتن له فاكته‌ری شیعی و گرووپه توندڕه‌وه سوننییه‌كانی دژی ڕۆژاوایی له ئه‌فغانستان و پاكستان و وڵاتانی سوننه‌ی ناوچه‌كه، به‌ره‌و دروستكردنی "مانگی شیعی" چوو. ئه‌مه‌یش به مانای كۆنترۆڵی هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، یاخود هیچ نه‌بێ به‌شێكی زۆری ناوچه‌كه له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی و ڕازیبوون به ڕۆڵ و باڵاده‌ستی ئێران له ناوچه‌كه‌دا ده‌شكایه‌وه.
ئامانج و ستراتیژیی سعوودیا
1-سعوودیا له‌م ڕێگه‌یه‌وه، ده‌توانێت به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كانی خۆی، به به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریكا‌وه گرێ بدات. به‌م مانایه كه چیتر ئه‌مریكا ناتوانێت وه‌كوو سه‌رده‌می ئۆباما، سعوودیا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی پشتگوێ بخات؛ ئه‌مه‌یش لانی كه‌م بۆ 10 ساڵی داهاتوو ده‌سته‌به‌ر كراوه.
2-سعوودیا له‌م نزیكبوونه‌وه‌یه مه‌به‌ستی بنیاتنانه‌وه‌ی ئابوورییشی هه‌یه؛ به‌و پێیه‌ی كه سعوودیا هه‌وڵ ده‌دات به‌ره به‌ره و قۆناغ به قۆناغ خۆی له ئاسه‌واری هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زینی ئابووریی تاك-به‌رهه‌میی نه‌وت و گاز دوور بگرێت. گرێبه‌سته جۆراوجۆره‌كان ئه‌وه نیشان ده‌دات كه سعوودیا هه‌نگاوی به‌ره‌و بووژانه‌وه‌ی ئابووری له سێكته‌ره‌كانی دیكه هاوێشتووه. ئه‌مه‌یش توانای سعوودیا له ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی له بواره جۆراوجۆره‌كان به‌رزتر ده‌كاته‌وه. به‌م پێیه توانای سعوودیا به به‌كارهێنانی چه‌كی نه‌وت و ڕاگرتنی به نرخێكی هه‌رزان له دژی ئێران و ڕووسیا به‌رزتر ده‌كاته‌وه؛ كه هه‌م ئامانجی سعوودیایه و هه‌م ئامانجی ئه‌مریكا له لاوازكردنی ڕووسیا و ئێران.
3-ڕێبه‌رانی سعوودیا له ڕێگه‌ی ئه‌م ڕێككه‌وتن و گرێبه‌ستانه توانییان به وڵاتانی عه‌ره‌بی نیشان بده‌ن كه بۆ پاراستنی ئاسایشیان، پێویسته له‌ژێر چه‌تری ڕێبه‌رایه‌تیی سعوودیادابن. به‌م مانایه كه ئه‌وه سعوودیایه كه ئه‌و توانا ئابووری و سیاسییه‌ی هه‌یه كه ئه‌مریكا بێنێته سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی كه پاڵپشتی له سیاسه‌ت و به‌رنامه‌كانی وڵاتانی سوننه بكات و ڕووبه‌ڕووی دوژمن و مه‌ترسییه‌كانی ئاسایشی ئه‌و وڵاتانه، كه ئێرانه، ببێته‌وه. ئه‌مه‌یش پێگه‌ی سعوودیا له هاوكێشه سیاسی، ئاسایشی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه به‌رزتر ده‌كاته‌وه و، له لایه‌كی تریشه‌وه هاوسه‌نگیی هێزه‌كانی له قازانجی سعوودیا و له دژی ئێران ده‌گۆرێت.
4-ئه‌م ڕێككه‌وتن و لێكنزیكبوونه‌وانه وا ده‌كات كه سعوودیا ڕێگه له ئێران بگرێت كه وڵاتانی ناوچه‌كه له به‌ره‌ی به‌رگریی ئێران‌دا بن. به‌م مانایه سعوودیا و ئه‌مریكا ده‌توانن ڕێگه له‌وه بگرن كه ئێران هه‌ستی دژه-ئه‌مریكی و ڕۆژاوایی له هاوكێشه جیۆسیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا به‌كار بێنێت. له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه ڕێگه‌ی له به‌كارهێنانی پرسی فه‌ڵه‌ستین و ئیسڕائیل له لایه‌ن ئێرانه‌وه ده‌گرێت.
5- له‌م ڕێگه‌یه‌وه سعوودیا ده‌توانێت له ناوچه‌ی ده‌ره‌وه‌ی نزیكی خۆی، وه‌كوو یه‌مه‌ن، ده‌ستی كراوه‌تر بێت و له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌ب و سوننه هاوكێشه‌كانی یه‌مه‌ن یه‌كلایی بكاته‌وه. پاشان سعوودیا ده‌ستی كراوه‌تر ده‌بێت بۆ پرسه‌كانی فه‌ڵه‌ستین و عێراق و لوبنان و سووریا و هتد.
6-ئه‌م گرێبه‌ستانه له داهاتوودا توانای مووشه‌كیی ئێران لاواز ده‌كات و كارتی گوشاری ئێران له هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر داخستنی "گه‌رووی هۆرموز" و ڕێگه‌گرتن له هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بۆ جیهان لاواز ده‌كات. له لایه‌كی تریشه‌وه ڕێگه له ئێران بۆ گه‌یشتن به ده‌ریای ناوه‌ڕاست و هه‌ڕه‌شه له گه‌رووی "بابه‌لمه‌نده‌ب" ده‌گیرێت. بۆیه ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی ئێران به گه‌رووه‌كان له ڕێگه‌ی "مانگی شیعی"، شكست دێنێت. به‌م پێیه، رۆڵ و نفووزی ئێران له‌و ناوچانه‌ی كه ده‌كه‌ونه ناو چوارچێوه‌ی "مانگی شیعی" بۆ پاراستنی "هیلالی شیعییه".
كۆبه‌ند:
په‌لهاوێشتنی ئێران له ناوچه‌كه پاش ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی كۆماری ئیسلامی و وڵاتانی 5+1 و لاوازیی ئیداره‌ی ئۆباما له بڕیاردان له هاوكێشه ئاسایشی/سیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ستی ئێرانی به شێوه‌یه‌ك ئاوه‌ڵا كردووه كه له پاش هیلالی شیعی به هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی جیۆپۆلیتیكی شیعی و لاوازبوونی جیۆپۆلیتیكی سوننه/عه‌ره‌بی، باس له دروستبوونی "مانگی شیعی" ده‌كرێت.
به‌م پێیه، ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا به هۆی ڕوانگه‌ی ستراتیژییه نوێیه‌كه‌ی له‌سه‌ر پرس و بابه‌ته‌كان و گرێدراویی ئابووری و ئاسایش له لایه‌ك و، دڵه‌ڕاوكێیه‌كانی هاوبه‌شی ئه‌مریكا و وڵاتانی عه‌ره‌بی له هه‌مبه‌ر ئێران له لایه‌كی تره‌وه، وای كردووه كه ئه‌م ڕێژه و قه‌باره گه‌وره‌یه له ڕێككه‌وتن و گرێبه‌ستی سه‌ربازی، ئابووری و ئاسایشی له نێوان سعوودیا و ئه‌مریكا، واژوو بكرێت. ئێران وای كردووه كه بلۆكێك له نێوان ئه‌مریكا و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسڕائیل له دژی ئێران دروست بكرێت و ته‌نانه‌ت هه‌وڵی ناسه‌قامگیركردنی ناوخۆی ئێران بدرێت. بۆیه ئێران زۆر به‌توندی هه‌وڵی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌دات، به‌و پێیه‌ی كه ده‌زانێت گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێران بۆ سنووره نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی، ده‌بێته هۆی لاوازی و نانه‌وه‌ی كێشه و گرفتی ناوخۆیی و، له‌وانه‌یشه گۆڕانكاریی سیاسی له ئاستی ناوخۆییدا. ئه‌وه‌ی كه ڕوونه، كۆی ئه‌م ئاڵوگۆڕ و هاوكێشه سه‌ربازی و ئاسایشییانه، ده‌توانێت هاوكێشه جیۆسیاسییه‌كانی ناوچه‌كه بگۆڕێت. ئه‌مه‌یش به‌دڵنیایییه‌وه، بۆ ئه‌مریكا ده‌رهاوێشته و ده‌ره‌نجامی سه‌رووناوچه‌ییی ده‌بێت.
|