بەڕەوشتکردنەوەی ژیانی سیاسی، یەکەم هەنگاوی سەرۆك ماکرۆن

دوای دەستبەکاربوونی سەرۆكی نوێی فەڕەنسا، بەڕێز ئێمانوێل ماکرۆن و مسۆگەرکردنی زۆرینەی پەرلەمانی فەڕەنسا، هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن کە بزانن یەکەم هەنگاوی بەهێزی سەرۆك ماکرۆن چی دەبێت. لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا سەرۆك ماکرۆن پێشنیاری "بەڕەوشتکردنەوە" (به‌ئه‌خلاقیكردنه‌وه یان بەمۆڕاليکردنەوە‌)ی ژیانی گشتی و سیاسەتی لە فەڕەنسا ڕاگەیاند. یەكێك لە بەڵێنە هەرە سەره‌کییەکانی ماکرۆن، گەڕاندنەوەی ئەو متمانەیە بوو کە دەنگدەران بەرامبەر بەرپرسەکانی ئەو وڵاتە لە دەستیان دابوو. پاڵێوراوە ڕکابەرەکانی ماکرۆن، بەتایبەتی فڕەنسوا فيۆن و مارین لۆپێن، چەندین تۆمەت و قسە و قسەڵۆکیان لەسەربوو. فڕەنسوا فيۆن، پاڵێوراوی حزبی کۆمارییەکان، کاتێك کە پەرلەمانتار بوو، منداڵەکانی و خێزانەکەی بە یاریدەدەر و ڕاوێژکاری خۆی دامەزراندبوو. هەروەها مارین لۆپێن، بە وەزیفەی خەیاڵی تۆمەتبار دەکرا (لە هەرێمی کوردستان بە وەزیفەی "بندیوار" ناسراوە) لە کاتی کارکردنی لە پەرلەمانی ئەوروپی. هەندێك کەسیان دامەزراندبوو کە مووچەیان لە دەوڵەت، یان یەكێتیی ئەوروپا وەردەگرت، بێ ئەوەی کار بکەن. دوای ئەوەی حزبەکەی سەرۆك ماکرۆن، لە هەڵبژاردنی ئەم مانگەدا زۆرینەی پەرلەمانی فەڕەنسیی بەدەست هێناوە، مەیدان بۆ ماکرۆن و حزبەکەی واڵا دەبێت کە سیاسەتێکی نوێ پەيڕەو بکەن. هەروەها دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان ئەو یاسایانە دەربکەن کە لەگەڵ ویستی ئێستای خەڵکی فەڕەنسا دەگونجێن؛ گرنگترینیان بەڕەوشتکردنەوەی ژیانی سیاسییە.  

ڕەوشت و سیاسەت

پەیوەندیی نێوان ڕەوشت و سیاسەت، قووڵ و فرەڕەهەندە. ئەم پەیوەندییە، لە ژیانی سیاسیی ئەوروپییەکاندا کۆنە و ئەمڕۆ نوێ بۆتەوە. ئەم پەیوەندییە لە هەموو وڵاتێك و کۆمەڵگه‌یەکیش هەستی پێدەکرێت. چەندین سەدە لەمەوپێش "ژان ژاك ڕوسۆ" هەوڵی وەڵامدانەوەی "ماکیاڤێللی"ی دەدا، کاتێك هەوڵی دەدا بیسه‌لمێنێت کە ده‌بێت دەوڵەت، زیاتر بەرەو ئایدیالیستی بڕوات نەك ڕیالیستییە ڕەقەکەی ماکیاڤێللی. ماکیاڤێللی لەو باوەڕەدا بوو، کە باشترین شێوەی بەڕێوه‌بردنی گه‌لێک، سیاسەتێکی داماڵراو لە ڕەوشتی ئاساییی خەڵک بێت. بەهایەکی باڵا هەیە کە حكومڕانیکردنە؛ ماکیاڤێللی لە پێناو ئەم بەهایەدا دەیگوت: "نیشتمانی خۆم خۆش دەوێت؛ زیاتر لە ڕۆحی خۆم."لە بەرامبەردا، ژان ژاك ڕۆسۆ، باوکی"ڕۆحی"ی یاساكان، دەیگوت: ئەو کەسەی دەیەوێت بە جیا مامەڵە لەگەڵ سیاسەت و ڕەوشتدا بکات، هەرگيز لە هیچیان تێناگات. هێشتا لەوانەی سەرەوەیش کۆنتر، ئه‌فڵاتۆن و ئەریستۆ، سیاسەت و ڕەوشتیان تێکەڵکردبوو. ئه‌وان پێیان وابوو ئامانجی ڕەوشت، بۆ باشترکردنی مرۆڤە. کاتێکيش مرۆڤەکانت باش کرد، کۆمەڵگه‌یەكی باش دروست دەبێت.

بەڵام پرسیارێکی زۆر گرنگ هەیە: ئایا ئامانجی سیاسەت، ڕەوشتە یان سەرکەوتنە؟ هەڵوێستی ماکیاڤێللی لەسەر ئەم پرسیارە ڕوون بوو: بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن، هەموو ئامرازەکانی پێ باش بوو. ئایا ئەم لۆژيکەی ماکیاڤێللی لە هەندێك دۆخدا ڕاست نییە؟ یان هەموو شتێك، بکرێتە قوربانی مۆراڵ و ڕەوشتی باش؟

بۆچی بەڕەوشتکردنەوەی ژیانی سیاسی؟

بۆچوونێك هەیە پێی وایە کە تا چەند ديموکراسی لە کۆمەڵگەیەکدا بەرقەرار بێت، ئەوەندە ڕەوشت بە سەر سیاسەتدا زاڵ دەبێت. سیاسەت، هەرچەندە لە وڵاتێکی ديموکراتیدا بێت، تەنیا لەژێرکاریگەریی ڕەوشتدا نییە. سیاسەت لە ڕۆژی ئەمڕۆدا، لە زۆر دۆخدا تێکەڵی بازرگانی و ئابووری بووە. یان بە شێوەیەكی تر بڵێین، بۆتە تاکە هۆیەك بۆ بژێوی سیاسەتمەداران، نەك تەنیا لە وڵاتانی دواکەوتوو، بەڵکوو لە هەندێك دەوڵەتی پێشکەوتوودا. لە لایەکی ترەوە، میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بوونه‌تە پانتایییەکی کۆنتڕۆڵنەکراو. جاران، دەزگه‌کانی ڕاگەیاندن سنووداربوون و،بە هەر شێوەیەك بێت، بەئاسانی لە لایەن سیاسەتمەدارانەوە کۆنتڕۆڵ دەکران. ئێستا هەر کەسێک (بەرپرس، یان نا) لەسەر کۆمپیوتەرێک لە هەر کونجێکی ئەم دنیایە، دەتوانێت کاریگەرییەکی میدیایی و سیاسی دروست بکات.

یەك بە یەكی پاڵێوراوە بەهێزەکانی فەڕەنسا، کەوتنە بەرلێشاوی میدیای بیستراو، بینراو و خوێنراوی فەڕەنسا. چەندین تۆمەت و قسە و قسەلۆکیان لەسەر هەڵبەسترا، وەك: دامەزراندنی خزموکەس، گەندەڵی، دامەزراندنی خەیاڵی، دەستێکەڵکردن لەگەڵ هەندێك دەوڵەتی نەیاری فەڕەنسا، خۆدزینەوە لە پێدانی تاکس (باج) بە دەوڵەت، سەرچاوەی داراییی نادیاری حزبە سیاسییەکان و هتد. هەندێک لەم تۆمەتانە ڕاست بوون و هەندێکیان درۆ؛ هەندێکیشیان تا ئێستا ساغ نەبوونه‌تەوە. هەندێك لەو تۆمەتانە ناگاتە ئەوەی کە پێشێلکاریی یاسابن، بەڵام پێچەوانەی ڕەوشتی کۆمەڵایەتین.

ئەم هەموو تۆمەتانە لە لایەن میدیاکانەوە لە مێشکی فەڕەنسییەکان دەکوترا. هێشتا دادگه‌کان بڕیاری خۆیان نەدابوو، بەڵام هاووڵاتیی فەڕەنسی، لەسەر بنەمای ڕەوشت بڕیاری خۆی لەسەرپاڵێوراوەکان دەدا. واتا کاتێك هاووڵاتییەك لە هەڵبژاردنی فەڕەنسادا دەنگی دەدا، پێوەرەکەی ئەوە نەبوو کە پرۆگرام و لێهاتووییی ئەو پاڵێوراوە چۆنە، بەڵکوو دەنگی به‌ یەكێك دەدا کە لە هەموو پاڵێوراوەکانی تر "پاكتر" بێت؛ سەرۆك ماکرۆن، کەمترین قسە و قسەڵۆکی لەسەربوو. جگە لەمەیش، سەرۆك ماکرۆن و ڕەوتە سیاسییەکەی، زۆر زیرەکانە پەیامی خۆیان گەیاندە خەڵکی فەڕەنسی و، هیوایەکی نوێیان دەبەخشییە فەڕەنسییەکان. یەكێك لە پەیامە هەرە گرنگەکانی، بەڕەوشتکردنەوەی ژیانی سیاسیی فەڕەنسایە. ئەمەیش ئاماژەیەك بوو بۆ ئەوەی بڵێت هەندێك پاڵێوراو لە هەندێك ڕەوشت و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی لایانداوە. بە هۆی ئەو هەموو تۆمەتانەی سەرەوە، متمانەی نێوان دەنگدەران و سیاسەتمەدارە کۆنەکانی فەڕەنسا، تەواو لەق ببوو. لێشاوی ماکرۆن بە بيرێکی نوێ و پاشخانێکی پاك، هەموو حزبە کلاسیکییەکانی فەڕەنسای ڕاماڵی. 

گرنگترین هەنگاوەکانی بەڕەوشتکردنەوەی سیاسەت، چۆن دەبێت؟

بەڕەوشتکردنەوەی ژیانی سیاسی، لە لایەن وەزیری نوێی داد، "فڕەنسوا بایرۆ"وه‌ کاری لەسەر دەکرێت. ئێستایش یەكلا نەبۆتەوە، ئایا ناوی لێبنرێت بەڕەوشتکردنەوەی "ژیانی گشتی"، بەڕەوشتکردنەوەی "ژیانی سیاسی"، یان ناوێکی تری لێبنرێت. ئەو ڕێوشوێنانەی کە ماکرۆن دەیەوێت بيگرێتە بەر، ئاراستەی چينێکی دیاریکراو لە دەسەڵاتداران دەکرێت کە وەزیر و پەرلەمانتار و ئەندامانی ئەنجومەنه‌کانن. دوو ئامانجی سەرەکی هەن: گەڕاندنەوەی متمانە لە نێوان هاووڵاتی و دەسەڵاتدارانی وڵات، هەروەها بنیاتنانی کۆمارێکی فەڕەنسیی نموونەیی.

لێرەدا بەکورتی، گرنگترین ئەو ڕێوشوێنانەی کە سەرۆك ماکرۆن و حکوومەتەکەی کاری لەسەر دەکەن، دەخەینە ڕوو. پڕۆژە یاسایەك ئامادەدەکرێت کە چەند بنەما و بنچينەی یاسایی لەخۆ دەگرێت؛ لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەیش دەنگی لەسەر دەدرێت.

یەکەم: سەرچاوەی داراییی حزبە سیاسییەکان کێشەی گەورەی تێدایە و، هەوڵی چاکكردنی دەدرێت. ژمارە حزبە سیاسییةكان لە فەڕەنسا یەکجار زۆر بووە و، گەیشتۆته‌ ٤٥٠ حزب؛ ئەمانە بارقورسییان لەسەر داراییی گشتیی دەوڵەت دروست کردووە. بۆ سوود وه‌رگرتنی حزبە سیاسییەکان لە داراییی گشتی، مەرجی توند پێشنیار کراون، بۆ نموونە: حزبی سیاسی، پێویستە ژمارەیەکی بەرچاو لە دەنگی دەنگدەران بهێنن تا بتوانن سوودمەند بن لە داراییی گشتی. حزبە سیاسییەکان زۆر بە زەحمەتی دەتوانن قەرز وەرگرن. وەرگرتنی قەرز لە حزبە سیاسییەکان قەدەغە دەکرێت. بوودجە و کۆمەكە دارایییەکانی پێشکەشکراو بە حزبە سیاسییەکان، لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی دەسەڵاتدارە تایبەتمەندەکانی دەوڵەتی فەڕەنسا دەبێت.

دووەم: پاڵێوراوەکان بۆ هەر هەڵبژاردنێك، دەبێت خاوەنی دۆسیەیەکی پاك بن. واتە، نابێت تاوانیان کردبێت، بەتایبەت ئەو تاوانانەی پەیوەندییان به‌مانه‌وه‌ هه‌بێت: گەندەڵی، دزينی سامانی گشتی، فێڵی هەڵبژاردن، تەزوير (گزیكاری)، سپیکردنەوەی پارە و فڕوفێڵ لە داراییی گشتی. هەروەها ئه‌گه‌ر دەسەڵاتدارێك، پەرلەمانتارێك، ئەندامێکی ئەنجومەنی شار و شارۆچکەکان، خۆی لە باج دزییەوە، یەکسەر بە دەرکراو لە کارەکەی خۆی هەژمار بکرێت.

سێیەم: کۆمەڵێك ڕێوشوێنی تر پێشنیارکراون و ئاراستەی پەرلەمانتارەکانی فەڕەنسا کراون، وەك: کەمکردنەوەی شایستە داراییی پەرلەمانتار، کاتێك کارێکی تری هەبێت، سنووردارکردنی دەسەڵاتە دارایییەکانی پەرلەمان و پەرلەمانتاران، پەرلەمانتار نەتوانێت زیاتر لە سێ جار یەك لە دوای یەك، خۆی بۆ پەرلەمان بپاڵێوێت، پەرلەمانتارەکان ناتوانن کەسوکاری نزيکی خۆیان لە پۆستی یاریدەدەری پەرلەمانتار دابمەزرێنن. ئەو دیارییانەی کە پێشکەشی پەرلەمانتار دەکرێت و بەهاکەی زیاتر بێت لە ١٥٠ يۆرۆ، پێویستە دەزگه‌ تایبەتمەندەکانی لێ ئاگادار بکرێتەوە، حیسابی بانکیی پەرلەمانتاران لە ژێر چاودێریی هەندێك دەزگه‌ی تایبەتمەندی ناو پەرلەمان بێت و پەرلەمانتاران پێویستە کاتێکی تەواو بۆ کاری ناوخۆییی پەرلەمان تەرخان بکەن.

چوارەم: هەندێك ڕێوشوێنی تری پێشنیارکراو ئاراستەی پۆستی سەرۆکی فەڕەنسایش کراوە. پاڵێوراوان بۆ سەرۆککۆماریی فەڕەنسا، پێویستە چەند شتێكی تایبەت بە دۆخی دارایییان و ئەو بەرژوەندییە تایبەتییانەی کە هەیانە و، هەروەها چالاکییە ناسیاسییەکانیشیان، ڕابگەیەنن. لە کاتی هەڵبژاردنیان وه‌ك سەرۆكکۆمار، دەزگه‌ی تایبەتمەند ئەم ڕاگەیاندراوانە لە کاتی دەستبەکاربوون و دەستبەردان لەسەرۆکایەتیی وڵات، هەڵبسەنگێنێت؛ هەروەها مووچەی خانەنشینیی سەرۆكکۆمار کەم بکرێتەوە.

ئەو ڕێوشوێنانەی سەرەوە و چەندینی تریش، تا نووسینی ئەم وشانە، تەنیا ڕەشنووسن؛ چاوەڕێی دەستبەکاربوونی پەرلەمانی نوێی فەڕەنسا دەبين،کە بە چ شێوەیەك یاساکان دادەڕێژن.

وانەکانی فەڕەنسا

لە کۆتاییدا دەڵێین: فەڕەنسا جێی وانەی سیاسی و یاسایییە بۆ هەموو جیهان. ئایا سیاسەت، یان ڕەوشت، خۆی لە کۆمەڵگەدا باشتر دەسەپێنێت؟ ئه‌مه‌ پرسیارێکی لاستیکییە؛ لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر دەگۆڕێت. بێ گومان هەردووکیان پێکەوەبن، کۆمەڵگەیەکی سەرکەوتوو پێکدەهێنن. فەڕەنسییەکان، ئەمجارەیان هەستیان کرد کە ژیانی سیاسی،لە ڕوانگەی مۆڕاڵییەوە پێویستیی بە چاوپێداخشاندنەوەیەك هەیە. سیاسەتیش وەك هەر کایەیەکی کۆمەڵایەتی، پێویستیی بە نوێکردنەوە هەیە. لە هەموو کۆمەڵگەیەك، پێداچوونەوە بە ژیانی سیاسی و دانانی پێوەری مۆڕاڵیی گونجاو، پێویستییەکی نیشتمانییە.

پرسیارەکە بە شێوەیەکی تریش لەفەڕەنسا و لە هەموو کۆمەڵگەیەکی جیهان دەکرێت: چ جۆرە کەسایەتییەك لە لووتکەی دەسەڵات بێت؟ کەسانێك بە هیچ شێوەیەك جێی ڕەخنە نەبن، یان کەسانێك توانایەکی سیاسی و ئابووریی بەهێزیان هەبێت؟ ئایا دەتوانرێت کەسانێك بدۆزرێنەوە جێی ڕەخنە نەبن و،لە بواری سیاسەت و ئابووریدا لێهاتوو بن؟ لەمڕۆدا، لە چاوی ڕاگەیاندنە بەرپرس و نابەرپرسەکانەوە، زەحمەتە بەڕێوه‌بەرێكیش لە دەرەوەی ڕەخنە و تۆمەتدا بدۆزینەوە. ڕای گشتی، بە چۆنێتیی بەکارهێنانی سامانی گشتی، زۆر هەستیار بووه‌. بابەتی خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتیی دەوڵەتیش، بووە بە بنێشتەخۆشەی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

ئەوەی بۆ فەڕەنسییەکان وبۆ هەر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی تریش گرنگە، پێویستە سیاسەت لە قازانجی ئابووریی کەسی و خێزانی دابماڵرێت و،دوور بێت لە گەندەڵی. هەروەها، پێویستە سیاسەت حکومڕانی خەڵك بێت، کۆمپانیاکان و میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نابێت ببنە حوکمڕانی سیاسەت. وەك دەڵێن: "میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هیچ کەسێك بۆ حکومڕانی بە باش نازانن." ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەنگدانەوەی مۆراڵی کۆمەڵگەیە بە هەموو جیاوازی و ئاڵۆزییەکانییەوە، بەڵام سیاسەت ڕەنگدانەوەی هزری چینی دەسەڵاتدارە. سیاسەت، نابێت ببێتە بارمتەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ قازانجی ئابووریی کەسیش، نابێت ببێتە پاڵنەری کاری سیاسی.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples