ده‌رفه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌كانی واژووكردنی لێكتێگه‌یشتن و ڕێككه‌وتنی نێوان ڕۆسنه‌فت له‌سه‌ر پێگه‌ی جیۆسیاسی و جیۆئێكۆنۆمیی هه‌رێمی كوردستان
پێشه‌كی:
شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژی چوارشه‌ممه 31ی ئایاری 2017، بۆ بەشداریکردن له "كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانیی سان پێتێرزبورگ"ی ڕووسیا، كه پێک هاتبوو لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت و، ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەکان و، سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم، گه‌شه‌تێكیان بۆ ڕووسیا ئه‌نجام دا. لە کۆڕبەندەکەدا چوار تەوەر تاووتوێ كرا، له‌وانه: "ئابووریی جیهانی"، "کاری بەرەوپێشچوونی ئابووریی ڕووسیا"، "تەکنەلۆژیی نوێ" و "دەستەبەرکردنی هەلی کار وەک بنەمای پەرەپێدان".
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وەفدەكەی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ بەڕێوەبەر و بەرپرسانی كۆمپانیا‌ی ڕۆسنەفتی‌ڕووسی كۆ بوونەتەوە. لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی چۆنێتیی هاوكاریی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیا‌ی ڕۆسنه‌فت له ئێستا و داهاتوودا و میكانیزمی دروستكردنی ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنان بۆ كۆمپانیاكه له هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وامیی دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی هاوشێوه له نێوان هه‌ر دوو لادا كراوە.
هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێك كه‌وتوون و، چه‌ند زنجیره ڕێككه‌وتنێكیان سه‌باره‌ت به فراوانكردنی هاوكاریی نێوانیان له بواری گه‌ڕان و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و گاز و بازرگانی و بواری لۆجستیكی، واژوو كردووه. ڕۆسنه‌فت، له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه به‌ڵگه‌نامه‌كان پێش كۆبوونه‌وه‌ی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ڤلادیمیر پووتین واژوو كران و، گرێبه‌سته‌كان له لایه‌نی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ئاشتی هه‌ورامی، وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان واژووی كردووه و، له لایه‌نی ڕووسیش "ئیگۆر سه‌چین"، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری ڕۆسنه‌فت واژووی كردووه. هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه كراوه، هه‌ر دوو لا ڕێككه‌وتنێكی وه‌به‌رهێنانیان واژووكرد كه تێیدا، پابه‌ند ده‌بن به په‌ره‌پێدانی هاوكاریی نێوانیان له دۆزینه‌وه و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و گاز. له لایه‌كی تره‌وه، ئاماژه به‌وه كراوه كه، ڕێك كه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له به‌رامبه‌ر ئه‌و نه‌وته‌ی له هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌نێردرێت، پاره به شێوه‌یه‌كی یاسایی بنێردرێت بۆ هه‌رێمی كوردستان و، چه‌ند گرێبه‌ستێكی وه‌به‌رهێنان واژوو كراون. به‌پێی ڕێككه‌وتنه‌كه، گرێبه‌ستێكی درێژخایه‌ن واژوو ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان بنیات بنرێته‌وه.
كۆمپانیا‌ی ڕۆسنەفت لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە، ئاستی هاوكاری و وه‌به‌رهێنانیان له هه‌رێمی كوردستان په‌ره پێ ده‌ده‌ن و، له 5 كێڵگه‌ی نه‌وتی نوێیش دەستبەكار ده‌كه‌ن. ڕۆسنەفت، هه‌رێمی كوردستانی به ناوچه‌یه‌كی سه‌ره‌كی و گرنگی وزه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌سف كردووه، كە له‌و ڕێگه‌یه‌وه چالاكییه‌كان و ئاستی داهاته‌كانیان زیاد ده‌كه‌ن. پێشتر ڕۆسنه‌فت و هه‌رێمی كوردستان ڕێك كه‌وتن، كە كۆمپانیا‌ی ڕۆسنەفت به پاره‌ی پێشه‌كی، نه‌وتی كوردستان ده‌كڕێت و بۆ پاڵاوتن ده‌یگوازێته‌وه ئه‌ڵمانیا.
له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه تیشك بخه‌ینه سه‌ر لایه‌نه ئه‌رێنی و نه‌رێنی یاخود ده‌رفه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌م لێكنزیكبوونه‌وه‌ی ڕووسیا و هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر ڕۆشناییی ستراتیژیی نوێی ڕووسیا، بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بدۆزینه‌وه كه: ئایا لێكتێگه‌یشتن و گرێبه‌ستی له‌م شێوه‌یه (بێجگه له ڕووی ناوه‌ڕۆكی ته‌كنیكی و یاسایی‌ی گرێبه‌سته‌كان، كه پێویسته شاره‌زایانی بواری نه‌وت و گاز شرۆڤه‌ی بۆ بكه‌ن) سوودی بۆ ڕووسیا له لایه‌ك و، ئێستا و داهاتووی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌كی دیكه‌وه چییه؟
ستراتیژیی نوێی ڕووسیا
پێش ڕووخانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، ڕووسیا له ڕێگه‌ی ئامرازی سه‌ربازییه‌وه ڕووبه‌ڕووی بلۆكی ڕۆژاوا، به‌تایبه‌ت ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌بووه‌وه. به‌م مانایه كه ئه‌و كاته ڕووسیا ته‌نیا هێزێكی سه‌ربازی بوو، به‌ڵام به ڕووخانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، ڕووسیا ئه‌و كارت یاخود هێزه‌ی جارانی نه‌ما و، له ڕووی جیۆسیاسییه‌وه گۆشه‌گیر كرا و، له ڕووی ستراتیژییه‌وه تووشی جۆرێك له ئاڵۆزی و سه‌رلێشیواوی بوو. به‌ڵام قۆناغ به قۆناغ ڕووسیا هه‌وڵی داوه تاوه‌كوو له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی باڵانسی هێز، سوود له كارتی "وزه" وه‌ربگرێت، له كاتێكدا تووشی چه‌ندین گوشار و ته‌نانه‌ت ئابڵووقه و سزای نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌ت له لایه‌ن وڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مریكی بۆته‌وه، له‌سه‌ر پرسه جۆراوجۆره‌كان وه‌كوو "جۆرجیا" و " كریمیا" و هتد.
ستراتیژیی سه‌ره‌كیی ڕووسیا بۆ كۆنترۆڵی سه‌رچاوه‌كانی وزه و هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی له ناوچه‌ی "ئۆراسیا" و، هه‌روه‌ها بوون به دابینكه‌ری سه‌ره‌كیی وزه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ئاسایشی ئابووری و وزه‌ی وڵاتانی ڕۆژاوایی، له ڕوانگه‌ی ڕووسیاوه ده‌توانێت هاوسه‌نگیی هێز له هه‌مبه‌ر ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و ناتۆ له قازانجی ڕووسیا بگۆڕێت. ئه‌مه‌یش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاسایشی ئه‌وروپا و ته‌نانه‌ت ئاسایشی وزه و ئابووریی جیهانی ده‌بێت.
له پاش ساڵی 2000ه‌وه ڕووسه‌كان هه‌وڵی زۆریان داوه كه بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی جیۆسیاسیی خۆیان و ده‌ربازبوون له گۆشه‌گیری و ئابڵووقه‌ی جیۆسیاسیی ڕۆژاوا، ترانزیتی وزه‌ی نێوان ئاسیای ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپا كۆنترۆڵ بكه‌ن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش چه‌ندین گرێبه‌ست و وه‌به‌رهێنانیان ئه‌نجام داوه. بۆ نموونه له ئۆزبه‌كستان به بڕی 2.5 ملیار دۆلار له لایه‌ن كۆمپانیا‌ی گازپرۆم (Gazprom) و لوك ئۆیل (Luk Oil) وه‌به‌رهێنان كراوه. هه‌روه‌ها ڕووسیا گرێبه‌ستی به مه‌به‌ستی دروستكردنی هێڵی گواستنه‌وه‌ی گازی سروشتی له‌گه‌ڵ توركمانستان و قه‌زاقستان واژوو كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌م هێڵه، به هێڵی گواستنه‌وه‌ی گازی ڕووسیا ببه‌سترێته‌وه.
كاتێك گرنگیی كۆنترۆڵی دابینكردنی وزه و گواستنه‌وه‌ی وزه ده‌رده‌كه‌وێت كه بزانین نزیكه‌ی 80%ی نه‌وت و 60%ی گازی سروشتیی پێویستی وڵاتانی ئه‌وروپی له ده‌ره‌وه هاورده ده‌كرێت. له‌م نێوه‌نده‌یشدا بۆ نموونه له ساڵی 2008 وڵاتانی ئه‌وروپی 33% له نه‌وت و زیاتر له 40% له گازی پێویستی خۆیان له ڕووسیاوه هاورده كردووه.
ڕووسیا و ململانێ جیۆئێكۆنۆمی و جیۆسیاسییه‌كان
په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ له نێوان پرسه ئابووری و سیاسییه‌كان و پرسه جوگرافییه‌كاندا هه‌یه. هه‌ر بۆیه‌یشه چ له ناوچه‌ی ئاسیای ناوه‌ڕاست و قه‌وقاز و، چ له ناوچه‌ی‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بێت، ئێمه ململانێ و كێبركێی توند له نێوان وڵاتانی ناوچه‌یی و سه‌رووناوچه‌ییدا ده‌بینن؛ به جۆرێك كه پێكدادان له نێوان به‌رژه‌وه‌ندی و ستراتیژییه‌كانیان دروست ده‌بێت. ئه‌مه له كاتێكدایه كه پرسه‌كان له ڕووی ئابووری و سیاسی و ئاسایشییه‌وه پێكه‌وه‌گرێدراون و، ئه‌مه‌یش له توانای وڵاتان بۆ سه‌ربه‌خۆبوونی سیاسی و ئابووری، كه‌م ده‌كاته‌وه. بۆیه نفووزی هه‌ر وڵات و لایه‌نێك له ناوچه‌یه‌ك، ده‌توانێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ڕۆڵ و نفووزی ئه‌و ده‌وڵه‌ته له ناوچه‌كانی تری جیهاندا هه‌بێت. له‌به‌ر ئه‌وه، ڕووسیا هه‌وڵ ده‌دات نفووزی له ناوچه‌ی "ده‌ره‌وه‌ی نزیك"ی خۆی (ئاسیای ناوه‌ڕاست و قه‌وقاز) بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست درێژ بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی كه له لایه‌ك به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بپارێزێت و ئه‌م ناوچه ده‌ره‌وه‌ی نزیكه‌ی خۆی پارێزراو بێت و، له لایه‌كی تریشه‌وه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا بتوانێت له ڕووی جیۆسیاسی و جیۆئێكۆنۆمییه‌وه پێگه‌یه‌كی به‌رز و به‌هێزی هه‌بێت.
هه‌ر به‌م هۆیه‌یشه كه هه‌ر یه‌ك له ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپی له لایه‌ك و، ڕووسیا و لایه‌نگرانی له لایه‌كی تره‌وه، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له ڕووی هێڵی گواستنه‌وه‌ی وزه و ئاسایشی وزه‌وه هێڵی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كۆنترۆڵی ئه‌م كارته ستراتیژییه (ئاسایشی وزه) بكه‌ن. به‌م پێیه، وڵاتانی ئه‌وروپی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه هێڵی ئه‌ڵته‌رناتیڤ (جێگره‌وه بۆ وزه‌ی ڕووسیا) بدۆزنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له گوشاری سیاسی و ئابووریی ڕووسه‌كان له‌سه‌ریان كه‌م بكه‌نه‌وه و، پێگه‌یان له هاوكێشه جیۆسیاسی و جیۆئێكۆنۆمییه‌كان له سه‌رووی ڕووسیاوه بێت.
ڕووسیا و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ڕۆژاوا
ڕووسه‌كان به‌گشتی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌ی كه ئه‌وروپییه‌كان و ئه‌مریكا هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌راوێزیان بخه‌ن و هێڵی جێگره‌وه بدۆزنه‌وه، هه‌وڵ ده‌ده‌ن به دوو شێواز ڕووبه‌ڕووی ئه‌م ستراتیژییه‌ی ئه‌وروپییه‌كان ببنه‌وه: 1- هێڵی گواستنه‌وه‌ی ئه‌وروپییه‌كان له ڕووی ئاسایشییه‌وه ناسه‌قامگیر و له‌رزۆك بكه‌ن؛ بۆ نموونه له ساڵی 2008 له جه‌نگی نێوان ڕووسیا و جۆرجیادا ئه‌و هێڵه‌یان كه به جۆرجیادا تێ ده‌په‌ڕی، بۆردوومان كرد، وه‌كوو گوشار و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك دژی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا 2- ڕووسیا خۆیشی هه‌وڵ ده‌دات كه سه‌رچاوه و هێڵی جۆراوجۆر دابین و ده‌سته‌به‌ر بكات و له‌ژێر گۆنترۆڵی خۆیدا بێت؛ ئه‌و كاته ده‌توانێت له پێگه‌یه‌كی به‌رزتری جیۆسیاسی و جیۆئێكۆنۆمیدا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئه‌وروپا بكات.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دایه كه ئه‌مریكا كه خۆی به‌كاربه‌ری ڕاسته‌وخۆی وزه له‌م ناوچانه نییه (چونكه خۆی توانای به‌رهه‌مهێنانی به‌رزی هه‌یه)، بۆ ئه‌وه‌ی ڕووسیا نه‌توانێت به‌سه‌ر ئاسایشی وزه‌ی ئه‌وروپا زاڵ بێت و پاشان كۆنترۆڵی سیاسی و ئابووریی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بكات وه‌كوو گوشار بۆ ئه‌مریكا و، ته‌نانه‌ت ناوچه‌كانی تری جیهان له هاوكێشه جیۆسیاسییه‌كاندا، هه‌وڵ ده‌دات ڕێگه له ڕووسیا و ته‌نانه‌ت چین و ئێران بگرێت كه له‌م بواره‌دا باڵاده‌ست بن. به هۆی ئه‌وه‌یشه كه ڕووسیا هه‌وڵ ده‌دات له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌مه قه‌ره‌بوو بكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه له ڕووی جیۆئێكۆنۆمییه‌وه زیاتر به‌هێز بێت و، ئه‌مه‌یش له هاوكێشه جیهانی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا لێكه‌وته‌ی جیۆستراتیژیی بۆ پێگه‌ی ڕووسیا، لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
ئاسایشی وزه: پرسێكی ئابووری، یان ستراتیژی؟
پرسی نه‌وت و گاز، زیاتر پرسێكی جیۆسیاسی و جیۆستراتیژییه تاوه‌كوو پرسێكی ئابووریی ڕووت بێت. ڕاستییه‌كه‌ی، ئه‌م ململانێیه له نێوان ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپی له لایه‌ك و، ڕووسیا و ئێران و چین و...، به جۆرێك به جه‌نگی ساردی هێڵه‌كان یاخود بۆڕییه‌كان (Pipeline Cold War) ده‌ناسرێت. بۆیه یه‌كێك له نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا له ده‌وڵه‌تی توركیا، چوونه‌پاڵ ڕووسیایه له لایه‌ن توركیاوه، كه وه‌كوو كارتی گوشار به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا و ئه‌وروپا به‌كاری بێنێت. هه‌روه‌ها قه‌یرانی ئۆكراین و كریمیایش هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌م جه‌نگه سارده‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت و، بۆیه ڕووسیا ترسی هه‌یه له هه‌ر حكوومه‌تێكی دژی ڕووسیا له‌م وڵاته و، هه‌وڵ ده‌دات كه حكوومه‌تی لایه‌نگری ڕووسیا له‌م وڵاته و وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه له‌سه‌ر كار بێت؛ به‌و پێیه‌ی ئۆكراین ڕۆڵێكی سه‌ره‌كیی له گواستنه‌وه‌ی وزه بۆ ئه‌وروپا هه‌یه.
بۆیه هه‌ر تێكچوونێك له هاوسه‌نگیی هێز كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ناوچه‌كان و ئه‌كته‌ره‌كانی تر له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌بێت. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه زیاتر ڕۆڵی "سووریا" بۆ ڕووسیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌رده‌كه‌وێت؛ به‌و پێیه‌ی كه ئه‌م وڵاته له پاڵ توركیا، ده‌توانێت وڵاتانی دیكه له‌گه‌ڵ ده‌ریای ناوه‌ڕاست پێكه‌وه ببه‌ستێته‌وه و، ئه‌و كاته له نه‌بوونی ڕووسیا، ئه‌وه ئه‌گه‌ری په‌راوێزكه‌تن و شكستی ستراتیژیی ڕووسیا له‌م جه‌نگه سارده‌دا به‌هێز ده‌بێت و، ڕووسیا له ئاستی ناوچه‌یی و ته‌نانه‌ت ناوخۆییدا تووشی قه‌یران ده‌بێت.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش باس له چه‌ندین هێڵی جێگره‌وه‌ی ڕووسیا له لایه‌ن ئه‌مریكا و ئه‌وروپییه‌كانه‌وه بۆ گواستنه‌وه‌ی وزه ده‌كرێت، بۆ نموونه:
١- هێڵی گواستنه‌وه‌ی ده‌ریای قه‌زوین، كه نه‌وت و گازی سی وڵاتی ئه‌و ده‌ریایه بۆ ئه‌وروپا له ڕێگه‌ی توركیا و جۆرجیاوه بۆ ئه‌وروپا ده‌گوازێته‌وه.
٢- هێڵی گواستنه‌وه‌ی باكۆ-نۆرڤێسیك به درێژاییی 1500 كیلۆمه‌تر.
٣- هێڵی گواستنه‌وه‌ی باكۆ-سۆپسا به درێژاییی 920 كیلۆمه‌تر.
٤- هێڵی گواستنه‌وه‌ی باكۆ-ته‌فلیس-جه‌یهان به درێژاییی 1730 كیلۆمه‌تر (له 2005 ته‌واو بووه) و، باكۆ-ته‌فلیس-ئه‌رزروم (له 2006 ته‌واو بووه).
كۆی ئه‌مانه، له پاڵ چه‌ندین پێشنیازی دیكه (وه‌كوو "نۆبۆكۆ"Nabucco- ) به درێژاییی 3900 كیلۆمه‌تر، هه‌رچه‌نده چه‌ندین كێشه‌ی تێچوو، ئاسایش، ناكۆكی و ژینگه‌یییان هه‌یه، به‌ڵام بۆ ڕووسیا به هه‌ڕه‌شه داده‌ندرێت. بۆیه ڕووسیا هه‌وڵ ده‌دات ڕێگه‌یان لی بگرێت. له‌م نێوه‌نده‌یشدا هه‌رێمی كوردستان یه‌كێكه له‌و ناوچه نوێیانه‌ی كه به یه‌ده‌گێكی زۆری نه‌وت و گازه‌وه له ناوچه‌كه‌دا، ده‌توانێت له داهاتوویه‌كی نزیك ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ستراتیژیی نوێی ڕووسیا له‌م بواره‌دا.
ستراتیژی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕووسیا له ڕێككه‌وتنی وزه له‌گه‌ڵ كوردستان
١- ڕێگه‌گرتن له دروستبوونی هێڵی جێگره‌وه له لایه‌ن ئه‌وروپا و ئه‌مریكاوه.
٢- كۆنترۆڵی نرخی نه‌وت و، له داهاتوودا گازی كوردستان؛ به‌و پێیه‌ی تاوه‌كوو كوردستان به هۆی نێوده‌وڵه‌تینه‌بوونه‌وه له‌ژێر نرخی بازاڕ نه‌وته‌كه‌ی ده‌فرۆشێت.
٣- قازانج و سوودی بازرگانی له وزه‌ی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن كۆمپانیا‌ی ڕۆسنه‌فته‌وه، كه زیاتر پشكه‌كانی حكوومین و، بۆ ئابووریی ڕووسیا كه له‌ژێر گوشاری ئابڵووقه و گه‌مارووی ئابووری و دارایییه، گرنگه.
٤- كارتی گوشار بۆ توركیا، كه ئێستاكه كۆنترۆڵی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه له توركیا بگیرێت كه له‌م ڕێگه‌یه‌وه قازانجی زۆری ئابووری بكات و، له هه‌مان كاتیش‌دا له به‌رامبه‌ر ڕووسیادا ببێته جێگره‌وه‌ی دابینكردنی وزه به سه‌ربه‌خۆیی له ڕێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت عێراقه‌وه؛ چونكه هه‌رێمی كوردستان له هه‌مبه‌ر توركیا لاوازه، به‌ڵام ڕووسیا ده‌توانێت توركیا كۆنترۆڵ و سنووردار بكات.
٥- كۆنترۆڵی چالاكیی كۆمپانیا ڕۆژاوایییه‌كان له لایه‌ن كۆمپانیا ڕووسییه‌كانه‌وه (یاخود لانی كه‌م گرێدانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، كه ئه‌مه‌یش هه‌ر به قازانجی ڕووسیایه، له ململانێ سیاسییه‌كاندا له‌گه‌ڵ ڕۆژاوا) له باشووری كوردستان؛ به‌و پێیه‌ی ململانێی توند له نێوانیاندا هه‌یه و، ئه‌مه‌یش بێجگه له كاریگه‌ریی دارایی و ئابووری، لێكه‌وته‌ی ستراتیژیی هه‌یه؛ هه‌روه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ دا.
٦- سیناریۆ و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه له داهاتوودا ڕووسیا له ڕێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان و سووریاوه، به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ كۆنترۆڵی گواستنه‌وه‌ی وزه و هێڵی جێگره‌وه بۆ بازاڕه‌كان بكات. لێره‌وه ڕووسیا ده‌توانێت به‌شیكی زۆری ئاسایشی وزه‌ی ناوچه‌ی قه‌وقاز و ئاسیای ناوه‌ڕاست و، هه‌روه‌ها له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له هه‌مبه‌ر ئه‌مریكا و ئه‌وروپا، بخاته ژێر چاودێری و كۆنترۆڵی خۆیه‌وه.
٧- ئه‌م جۆره ڕێككه‌وتننانه، ده‌توانێت سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕووسیا له ناوچه‌كه‌دا بێجگه له ڕووی سه‌ربازییه‌وه، له ڕووی ئابووری و دارایییشه‌وه (لێره‌دا وزه) به‌شدار بێت. ئه‌مه‌یش پێگه‌ی جیۆسیاسی و جیۆئێكۆنۆمیی ڕووسیا له هاوكێشه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا له هه‌مبه‌ر ئه‌مریكا و ئه‌وروپا له‌سه‌ر كێشه و ناكۆكییه‌كانیان به‌رزتر ده‌كاته‌وه. چونكه به‌رژه‌وه‌ندیی ڕووسیا له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه پێكه‌وه گرێ ده‌درێت و، له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌مریكا ناچار ده‌كات له‌سه‌ر ناوچه‌ی دیكه‌ی جێگه‌ی ناكۆكی، سازش له‌گه‌ڵ ڕووسیا بكات.
٨- پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه له لایه‌ن هێزه ڕۆژاوایییه‌كان گرنگیی ستراتیژیی هه‌یه، ده‌توانێت ببێته مه‌ترسی بۆ هاوسه‌نگیی هێز له به‌رامبه‌ر ڕووسیادا له سووریا و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ توركیادا. به‌م پێیه ڕووسیا له‌م ڕێگه‌یه‌وه (وزه)، ده‌توانێت ڕێگه له‌وه بگرێت كه هه‌رێمی كوردستان له ئه‌گه‌ری به‌ده‌وڵه‌تبوون، به‌ته‌واوی بكه‌وێته ناو بازنه‌ی ئاسایشی ئه‌مریكا و ئه‌وروپاوه و، به‌م پێیه له ناوچه‌كه‌دا ببێته مه‌ترسی بۆ پێگه و نفووزی ڕووسیا. بۆیه ڕووسیا هه‌وڵ ده‌دات له ناوچه‌كه‌دا هاوكات په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئێسڕائیلدا هه‌بێت؛ به‌ڵام باشوور و ڕۆژاوای كوردستان له ڕووی پێگه‌ی جیۆستراتیژییه‌وه له ناوچه‌كه‌دا، بۆ داهاتووی ڕووسیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ململانێی نێوان ڕووسیا و ئه‌كته‌ره هه‌رێمی و سه‌روو-هه‌رێمییه‌كان زۆر گرنگن.
ده‌رفه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ڕووسیادا
ده‌رفه‌ته‌كان:
١- له پاش گۆڕانكارییه‌كانی سیاسیی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی له توركیا، ئه‌گه‌ری مه‌ترسی بۆ داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و هه‌رێمی كوردستان به‌هێز بووه، به‌م پێیه‌یش ئه‌م ڕێككه‌وتنه له‌گه‌ڵ ڕووسیا، ده‌توانێت گه‌ره‌نتیی سیاسی و ئابووریی زیاتر بداته هه‌رێمی كوردستان، كه توركیا نه‌توانێت به هۆی گرێدانی ڕاسته‌وخۆی به‌رژه‌وه‌ندیی ڕووسیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، له هه‌ر گۆڕانكاری و ئه‌گه‌رێكدا گوشار بخاته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. چونكه ڕووداوه‌كانی ئه‌م دوایییه، ده‌ریان خست كه توركیا زۆر له به‌رامبه‌ر گوشار و ئابڵووقه و گه‌مارۆ ئابوورییه‌كانی ڕووسیا لاوازه.
٢- نزیكبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ڕووسیا له ڕێگه‌ی ئه‌م ستراتیژییه‌ی كه ڕووسیا له ناوچه‌كه‌دا به‌دواداچوونی بۆ ده‌كات، وا ده‌كات پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له هاوكێشه جیۆسیاسی و جیۆئێكۆنۆمییه‌كاندا به‌رزتر ببێته‌وه. ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆی سه‌ر‌نجڕاكێشیی زیاتری هه‌رێمی كوردستان بۆ وڵاتانی دیكه.
٣- به‌شداریی كۆمپانیا ڕووسییه‌كان له كه‌رتی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان، وا ده‌كات كه وڵاتانی ڕۆژاواییش زیاتر له ڕابردوو گرنگی به هه‌رێمی كوردستان بده‌ن و، به‌م پێیه به نزیكبوونه‌وه‌ی زیاتر، ڕێگه له‌وه بگرن كه هه‌رێمی كوردستان به‌ته‌واوه‌تی بكه‌وێته نێو بازنه‌ی ستراتیژیی جیۆسیاسی و جیۆئابووریی ڕووسیا له ناوچه‌كه‌دا.
٤- كێبڕكێی نێوان كۆمپانیاكان، ده‌ستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له دانوستاندن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ڕۆژاوایییه‌كاندا ئاواڵا‌تر ده‌كات؛ به‌و پێیه‌ی ئیستاكه كۆمپانیا‌ی كێبڕكێكار و جێگره‌وه‌یان له هه‌رێمی كوردستاندا بۆ دروست بووه؛ ئه‌مه‌یش له ڕووی سیاسی و ئابوورییه‌وه به قازانجی هه‌رێمی كوردستانه.
٥- گرێدانی به‌رژه‌وه‌ندیی ڕووسیا و هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی "وزه"ه‌وه، ده‌توانێت له ئه‌گه‌ری به‌ده‌وڵه‌تبوونی هه‌رێمی كوردستان مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌متر بكاته‌وه. چونكه هه‌م ئێران (ته‌نانه‌ت عێراق به هۆی نزیكی له ئێرانه‌وه) و هه‌میش توركیا، ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ریی ڕووسیا له هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراودا له كاتی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییدا. له لایه‌كی تریشه‌وه وا ده‌كات ئه‌مریكایش به گرنگیی زیاتر بڕوانێته هه‌رێمی كوردستان و، ڕێگه له ڕووسیا بگرێت كه هه‌رێمی كوردستان بخاته ناو بازنه‌ی ستراتیژیی خۆیه‌وه له ناوچه‌كه‌دا له ئه‌گه‌ری سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان. چونكه یه‌كێك له كێشه و گرفته‌كانی سه‌ربه‌خۆییی "كۆسۆڤۆ"، ئه‌وه بووه كه ڕووسیا (هه‌روه‌ها چین) به هۆی ململانێیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و گرێدراویی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌و ناوچه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ "سێربیا"دا، وای كرووه كه كێشه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆییی "كۆسۆڤۆ"دا هه‌بێت. ئه‌مه‌یش له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، بووه‌ته كێشه و گرفت بۆ "كۆسۆڤۆ".
٦- له‌م قۆناغه‌دا كه هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر گوشاریكی سه‌ختی دارایی و قه‌یرانی ئابووریدایه، ڕێككه‌وتنێكی له‌م چه‌شنه (سه‌ره‌ڕای چۆنێتیی ناوه‌رۆكه‌كه‌ی)، ده‌توانێت یارمه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بدات كه ئه‌م قۆناغه باشتر تێپه‌ڕ بكات. چونكه ڕووسیا و كۆمپانیاكانی، به‌پێی ڕێككه‌وتنه‌كه نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌كڕن و، به‌شدارن له په‌ره‌پێدانی ژێرخانی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان و، هه‌روه‌ها ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنان و ته‌نانه‌ت گواستنه‌وه‌یدا. ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی ئه‌و بۆشایییه بكرێته‌وه كه له پاش هێرشی داعش بۆ سه‌ر كوردستان به‌شێكی زۆری كۆمپانیا ڕۆژاوایییه‌كان هه‌رێمی كوردستانیان به‌جێ هێشت. بۆیه ئه‌م ڕێككه‌وتنه ده‌توانێت پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له ڕووی ئاسایشی ئابوورییه‌وه به‌رزتر بكاته‌وه و، هانی هاتنه‌وه‌ی كۆمپانیاكان یاخود كۆمپانیا‌ی دیكه ده‌دات.
٧- ئه‌م رێككه‌وتنه ده‌توانێت له ڕووی قازانجی فرۆشتنی نه‌وته‌وه، به سوودی هه‌رێمی كوردستان بێت، به‌م مانایه كه كۆمپانیایه‌كی وڵاتێكی زلهێز نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌یاسایی و به‌ئاشكرا بكڕێت، به به‌راورد له‌گه‌ڵ فرۆشتنی نه‌وت له ڕابردوودا له لایه‌ن كه‌سانی بازرگان و كۆمپانیا پله دوو و سێیه‌كان. ئه‌مه‌یش بۆ داهاتوو ده‌توانێت له لایه‌ن وڵاتان و كۆمپانیاكانی دیكه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ڕۆژاوایی، ببێته هۆی گرێبه‌ستی له‌م شێوه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.
هه‌ڕه‌شه‌كان:
١- یه‌كێك له گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه‌كان ئه‌وه‌یه كه به هۆی ناكۆكی و ململانێی نێوان ڕووسیا و ئه‌مریكا و ئه‌وروپا له‌سه‌ر ناوچه و پرسه جۆراوجۆره‌كان وه‌كوو: كریمیا، ئۆكرانیا و جۆرجیا و ...، ئابڵووقه و گه‌مارۆ ئابوورییه‌كانی سه‌ر كۆمپانیا حكوومی و ناحكوومییه‌كانی و كه‌رته جۆراوجۆره بازرگانی و بانكییه‌كانی ڕووسیا له لایه‌ن‌ڕۆژاواوه، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌رتی ئابووری و داراییی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌بێت. باشترین نموونه‌یش له كاتی كێشه‌ی ئه‌تۆمیی نێوان ئێران و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌ڵه‌تیدا، وڵاتانی ئه‌وروپی و ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان به هۆی ترس له سزا ئابوورییه‌كانی ئه‌مریكا، نه‌یانده‌وێرا له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی مامه‌ڵه بكه‌ن و ته‌نانه‌ت نه‌وتی لێ بكڕن؛ ئه‌مه‌یش له ئه‌گه‌ری بارگرژیی زیاتری نێوان ڕووسیا و ئه‌مریكا، ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه.
٢- سه‌ره‌ڕای ده‌رفه‌ته‌كانی، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی دیكه ئه‌وه‌یه كه به هۆی كۆنترۆڵی كۆمپانیا ڕووسییه‌كانه‌وه له‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، له ڕووی سیاسی و ئابوورییه‌وه له لایه‌ن وڵاتانی نه‌یاری ڕووسیاوه (به‌تایبه‌ت ئه‌وروپا و ئه‌مریكا) په‌راوێز بخرێت. هه‌رچه‌نده له جیهانی پێكه‌وه‌به‌ستراوه‌ی ئابووریی ئیمڕۆكه‌دا ئه‌م ئه‌گه‌ره لاوازه، به‌ڵام ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه.
٣- كه‌وتنه‌ناو بازنه‌ی ستراتیژیی نوێی ڕووسیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ده‌توانێت هه‌ڕه‌شه بێت له ئه‌گه‌ری قووڵتربوونه‌وه‌ی ململانێ و هاوكێشه جیۆسیاسی و جیۆئێكۆنۆمییه‌كانی نێوان ڕووسیا و ئه‌مریكا و، بۆ ئێستا و داهاتووی پێگه‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوونی هه‌رێمی كوردستان له ناوچه‌كه‌دا كاریگه‌ریی نه‌رێنیی هه‌بێت. هه‌رچه‌نده هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت به به‌ڕێوه‌بردنێكی هۆشمه‌ندانه باڵانس له نێوانیاندا ڕابگرێت و، ئه‌و كاته ئه‌م لێكنزیكبوونه‌وه‌یه ده‌بێته در‌فه‌ت بۆ كوردستان و، ته‌نانه‌ت پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رزتر ده‌بێته‌وه.
٤- هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی دیكه ئه‌وه‌یه كه ڕووسیا له ئه‌زموونی ڕابردوویدا هیچ كاتێك (لانی كه‌م تاوه‌كوو ئێستا) هاوبه‌ش و شه‌ریكێكی ڕاسته‌قینه نه‌بووه؛ ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه متمانه‌ی وڵاتان بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی ستراتیژی له نێوان ڕووسیا و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌دا لاواز بێت. ته‌نانه‌ت ئێرانییه‌كانیش كه ئێستا به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ ڕووسیا هه‌یه، ئه‌زموونی تاڵیان له‌م بواره هه‌یه و، دوایین نموونه‌یش ده‌نگدانی ڕووسیایه به گه‌مارۆ ئابوورییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌رباره‌ی پرسی ئه‌تۆمیی ئێران پێش ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ وڵاتانی 5+1؛ به‌ڵام پێده‌چێت ڕووسه‌كان دركیان به‌مه كردبێت و، هه‌وڵ بده‌ن ببنه شه‌ریكی جێگه‌ی متمانه بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی خۆیان له هاوكێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا به‌رز بكه‌نه‌وه.
٥- بۆ مه‌ودای درێژخایه‌ن، كۆنترۆڵی كه‌رتی نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن كۆمپانیا ڕووسییه‌كان و، هه‌روه‌ها وه‌به‌رهێنه‌رانی ڕووسی و ته‌كنه‌لۆژیی ڕووسی، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تره؛ به هۆی ئه‌وه‌ی خودی كه‌رتی نه‌وت و گازی ڕووسیایش، بۆ په‌ره‌پێدان پێویستیی به وه‌به‌رهێنانی سه‌رمایه‌دارانی ده‌ره‌كی، به‌تایبه‌ت ڕۆژاوایی و ته‌كنه‌لۆژیی پێشكه‌وتووی ڕۆژاوایی هه‌یه. بۆیه پشتبه‌ستن به ڕووسیا له‌و بواره‌دا له ماوه‌ی گواستنه‌وه‌دا گرنگه، به‌ڵام بۆ داهاتووی درێژخایه‌ن، ده‌توانێت مه‌ترسی بێت؛ هه‌رچه‌نده به‌پێی زانیارییه‌كان ڕێككه‌وتنه‌كه زۆر درێژخایه‌ن نییه.
٦- هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك یاخود ناڕوونییه‌ك له گرێبه‌سته‌كان به‌و پێیه‌ی كه ڕووسیا ئه‌زموونێكی زۆری له بواری وه‌به‌رهێنان و گواستنه‌وه و ئاسایشی وزه هه‌یه، ده‌توانێت بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڕه‌شه بێت. به‌و مانایه كه ڕووسیا وه‌كوو وڵاتێكی زلهێز، ده‌توانێت گوشاری زۆر بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت له ڕووی یاسایی و ئابووری و سیاسییه‌وه له ناوچه‌كه‌دا دروست بكات. بۆیه پێویسته به‌وریایییه‌وه گرێبه‌سته‌كان و خاڵه‌كانی، تاووتوێ بكرێن. باشترین به‌ڵگه‌یش بۆ ئه‌مه، كێشه‌كانی نێوان كۆمپانیا‌ی دانه‌گاز و هه‌رێمی كوردستانه.
كۆبه‌ند:
ڕووسیا ستراتیژییه‌كی نوێ له ناوچه‌كه‌دا بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست په‌یڕه‌و ده‌كات. ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌یش ته‌نیا سه‌ربازی نییه وه‌كوو سووریا. بۆیه ڕووسیا بۆ‌ڕاستكردنه‌وه‌ی هاوسه‌نگیی هێز و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ گوشاره‌كانی وڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مریكا له لایه‌ك و، بۆ به‌هێزبوون و په‌ره‌پێدان له ئاستی ناوخۆیی، پێویستیی به به‌كارهێنان و به‌هێزبوونی كارتی ئاسایشی ئابووری و وزه هه‌یه. له جیهانی ئێمڕۆیشدا هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له هاوكێشه جیۆسیاسی و جێۆئیكۆنۆمییه‌كانی ناوچه‌یه‌ك، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ناوچه‌كان و هاوكێشه‌كانی تری جیهان ده‌بێت.
بۆیه، ئه‌م ڕێككه‌وتنه بۆ هه‌رێمی كوردستان، سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌كانی، ده‌توانێت له ڕووی سیاسی و ئابوورییه‌وه ده‌رفه‌تێكی زێرین بێت. هه‌روه‌ها ده‌توانێت به گرێدانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕووسیا، هه‌ڕه‌شه‌ی وڵاتانی ناوچه‌یی، وه‌كوو توركیا و ئێران، كه‌متر بكاته‌وه؛ به‌و پێیه‌ی ڕووسیا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه هه‌یه. له لایه‌كی تریشه‌وه به پرسی به‌ده‌وڵه‌تبوونی كوردستان، ده‌تواندرێت سوود له‌م كارته وه‌ربگیرێت و، ئه‌مه‌یش ڕێگه‌ی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی، كراوه‌تر ده‌كات. ئه‌مه بێجه له ئاسه‌وار و كاریگه‌رییه ئه‌رێنییه‌كانی له ڕووی سه‌ربازی و ئاسایشییه‌وه، كه ڕووسیا ناچار ده‌كات بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی، گرنگی به هه‌رێمی كوردستان بدات.
كۆی ئه‌مانه له پاڵ پاڵپشتی و هاوپه‌یمانێتیی وڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، ده‌توانێت پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌دا به‌رزتر بكاته‌وه، به‌ڵام نابێت هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانیشی پشتگوێ بخرێت. بۆیه پێویسته گرنگی به هاوكێشه و ستراتیژییه‌كان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بدرێت، له سه‌روو قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییه كورتمه‌وداكان و، له لایه‌ن پسپۆڕانی ئه‌م بواره‌وه له هه‌رێمی كوردستان خوێندنه‌وه‌ی زانستیی بۆ بكرێت.