پێشه‌كی:
هه‌ر بڕیار و ئاڵوگۆڕێكی سیاسی، كۆمه‌ڵێك لێكه‌وته و ده‌رهاوێشته‌ی ده‌بێت، به‌و واتایه‌ی كه مه‌به‌ست ئاڵوگۆڕ له دۆخی هه‌نووكه‌یی و هاتنه‌ئارای هه‌لومه‌رجێكی دڵخوازه. پرسی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێك له‌و بابه‌ته گرنگ و چاره‌نووسسازانه‌یه كه به‌دڵنیایییه‌وه بڕیارێكی گرنگ و هه‌ستیاره كه له لایه‌ن گه‌لی كوردستانه‌وه ده‌درێت بۆ ده‌ربازبوون له‌و قۆناغه نادڵنیا و چه‌قبه‌ستووه‌ی ئێستا كه گه‌لی كوردستانی تێدایه.
بۆیه دڵه‌ڕاوكێ و نیگه‌رانیی به‌شێك له خه‌ڵكیش ئه‌وه‌یه كه ئه‌و گۆڕانكارییانه ئه‌رێنین یاخود نه‌رێنی؟ له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین ده‌رفه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌م بڕیاره به‌پێی چه‌ند سیناریۆیه‌كی گریمانه‌كراوی پاش ئه‌نجامی ڕیفراندۆم بخه‌ینه ڕوو؛ هه‌رچه‌نده سنووری نووسینه‌كه‌مان به‌رته‌سك ده‌كه‌ینه‌وه ته‌نیا بۆ كاریگه‌ریی "به‌ڵێ" و "نه‌خێر" له ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا. ئه‌م سیناریۆیانه وا ده‌كات كه هاووڵاتیان و دروستكه‌رانی بڕیاری سیاسی به‌هۆشیاری و ئاگایییه‌وه بڕواننه دۆخه‌كه و هه‌وڵی كه‌ڵكوه‌رگرتن له ده‌رفه‌ته‌كان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان بده‌ن. بۆیه پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه به‌پێی باشترین و خراپترین سیناریۆكان هه‌ڕه‌شه و ده‌رفه‌ته‌كانی ئه‌نجامی ڕیفراندۆم به به‌ڵێ یاخود نه‌خێر چین؟
سیناریۆی ده‌رفه‌ته‌كان
یه‌كه‌م: قبووڵكردن و ڕازیبوون به ئه‌نجامی ڕیفراندۆم
له‌م سیناریۆیه‌دا كه به باشترین سیناریۆ داده‌ندرێت، به‌و پێیه‌ی كه زۆرینه‌ی گه‌لی كوردستان به "به‌ڵێ" ده‌نگی به سه‌ربه‌خۆیی داوه، ئه‌وه ده‌وڵه‌تی عێراق ناچار ده‌كات دان به ئه‌نجامه‌كانی بنێت و كاره ته‌كنیكییه‌كان له ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نیی دیاریكراو و به‌پێی ڕێككه‌وتن و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆبوون ئه‌نجام بدات. لێره‌وه ئه‌نجامی زۆرینه‌ی ڕه‌ها، ده‌توانێت باشترین پاڵپشت بێت بۆ دانوستانه‌كان له نێوان حكوومه‌تی عێراق و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. له‌م سیناریۆیه‌دا ڕازیبوونی عێراق به ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌كانی دیكه لاواز ده‌كات و ده‌وڵه‌تان له ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی ناچار ده‌كات كه دان به‌م ئه‌نجامه بنێن.
به‌پێی ئه‌نجامی ڕیفراندۆم و ده‌نگی زۆرینه‌ی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌م ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌یی و هه‌م له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا پشتگیری له بڕیاری گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ن و، له پڕۆسه‌یه‌كی زه‌مه‌نیدا ده‌وڵه‌تان به‌پێی لێكدانه‌وه و بۆچوونی خۆیان ڕێز له ئه‌نجامی ڕیفراندۆم ده‌گرن و، ئه‌مه‌یش به سه‌ره‌تای دانپێدانان داده‌ندرێت بۆ كاتی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان.
دووه‌م: دژایه‌تیی عێراق و ڕازیبوونی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی
به‌و پێیه‌ی كه عێراق ده‌وڵه‌تێكی لاواز و ڕووخاوه و نوێنه‌رایه‌تیی تائیفیی پێكهاته‌یه‌كی دیاریكراو (شیعه) ده‌كات، ئه‌وه ته‌نانه‌ت له ئه‌گه‌ری دژایه‌تی بۆ ئه‌نجامی ڕیفراندۆم، ئه‌گه‌ری به‌شێكی زۆر له ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه ئه‌نجامه‌كه‌یان قبووڵ كرد یاخود ڕێزیان لێ گرت، یان بێده‌نگ بوون، ئه‌وه ئه‌و كاته عێراقیش ناچار ده‌بێت له پرۆسه‌یه‌كدا به دانوستاندن ڕازی بێت بۆ ئه‌نجامی ڕیفراندۆمه‌كه و سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، له ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی كه دیاری ده‌كرێت؛ چونكه ده‌نگی زۆرینه‌ی هاووڵاتیان باشترین پاڵپشتی و گه‌ره‌نتییه بۆ دیپلۆماسییه‌كی چالاك له ئاستی ناوچه‌ییدا.
2-ئاستی نێوده‌وڵه‌تی:
فه‌راهه‌مبوونی پاڵپشتیی نێوده‌وڵه‌تی ده‌توانێت زۆربه‌ی هاوكێشه یاسایی و سیاسییه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان بگۆڕێت. به‌م مانایه كه ئه‌نجامی ڕیفراندۆم به هۆی ئه‌وه‌ی كه له پرۆسه‌یه‌كی دیموكراتیك‌دا هاتۆته ئاراوه، كه‌متر له لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ دژایه‌تی ده‌كرێت. له‌م حاڵه‌ته‌دا یان له سه‌ره‌تادا ڕێزی لێ ده‌گیرێت یاخود دوای ئه‌نجامه‌كان و پاش هه‌وڵێكی چڕوپڕی نوێنه‌رانی كورد له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی ڕۆژاوایی. لێره‌دا نوێنه‌رانی فه‌رمیی كورد به پاڵپشتیی ده‌نگی زۆرینه‌ی هاووڵاتیانی كوردستان كه له پرۆسه‌یه‌كی یاساییدا به‌ده‌ست هاتووه، ده‌توانن به دانوستاندن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی كاریگه‌ری جیهان، پشتیوانی و پاڵپشتی بۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ده‌سته‌به‌ر و مسۆگه‌ر بكه‌ن. هه‌روه‌ها له‌م پرۆسه‌یه‌دا، نابێت ڕۆڵی به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری و پرسی وزه و جه‌نگی دژی تیرۆر و بوونی هێزی پێشمه‌رگه و ململانێ جیۆسیاسییه‌كان و پێگه‌ی كوردستان له هاوكێشه‌كاندا فه‌رامۆش بكرێت.
سێیه‌م: مانه‌وه له چوارچێوه‌ی عێراق
یه‌كێكی تر له ده‌رفه‌ته‌كانی پاش ئه‌نجامی ئه‌رێی ڕیفراندۆم، ده‌توانێت مانه‌وه بێت له چوارچێوه‌ی عێراق تا كاتی گونجاو و ئاماده‌بوون و فه‌راهه‌مكردنی پێداویستییه‌كانی له پرۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌ندا. ئه‌مه‌یش ده‌توانێت كارتی دیپلۆماسی و گوشاری كوردی له دانوستان و یارییه سیاسییه ناوخۆیییه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌دا زۆر به‌هێز بكات. به‌م واتایه كه به پاڵپشتیی ده‌نگی به‌ڵێی زۆرینه‌ی هاووڵاتیانی كوردستان، له لایه‌ك ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌ی یاسایی و ده‌ستووری مسۆگه‌ر ده‌بێت، به‌و پێیه‌ی كه هێزی پێشمه‌رگه‌یش ئاماده‌ییی هه‌یه له‌و ناوچانه، له لایه‌كی تریشه‌وه تا هاتنه‌ئارای كات و ده‌رفه‌تی گونجاو، ئه‌نجامی ئه‌م ڕیفراندۆمه ده‌توانێت له دانوستانه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، هێزی نه‌رمی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان به‌رز بكاته‌وه. له‌م حاڵه‌ته‌دا له ئه‌گه‌ری ڕازینه‌بوونی به‌غدا له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كانی بڕینی مووچه و بوودجه و پێشمه‌رگه و مادده‌ی 140 و...، ئه‌وه هه‌رێمی كوردستان به پاڵپشتی به ئه‌نجامی ئه‌م ڕیفراندۆمه، باشتر ده‌توانێت كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له به‌بنبه‌ستگه‌یشتنی مانه‌وه له عێراق و شكستی دانوستاندن بۆ چاه‌رسه‌ركردنی كێشه‌كانیان و به‌م پێیه ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، ڕازی بكات. كه واته مانه‌وه‌یش بۆ ماوه‌یه‌ك و هه‌وڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، ده‌توانێت ده‌رفه‌ت بێت.
سیناریۆی هه‌ڕه‌شه‌كان: ده‌نگی "نه‌خێر" بۆ ڕیفراندۆم
له خراپترین سیناریۆكان كه ده‌توانێ كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر پێگه، چاره‌نووس و ته‌نانه‌ت شوێنه‌واری نه‌رێنی له‌سه‌ر داهاتووی ده‌سكه‌وته‌كانی ئێستای هه‌رێمی كوردستان دابنێت، ئه‌وه‌یه كه ڕیفراندۆم به ده‌نگی "نه‌خێر" وڵام بدرێته‌وه. له‌م سیناریۆیه‌دا بێجگه له‌وه‌ی ناوماڵی كورد تووشی لێكترازان و ناسه‌قامگیری ده‌كات، ئه‌وه ده‌توانێت كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌ی سیاسی هه‌بێت و، داهاتوویه‌كی نادیار باڵ به‌سه‌ر ئاسایشی ناوخۆیی و سه‌قامگیریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت ئابووریی هه‌رێمی كوردستان بكێشێت. ته‌نانه‌ت ده‌نگی "به‌ڵێ" به‌ڵام به ڕیژه‌یه‌كی كه‌م و له‌رزۆك، پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له ئاستی عێراق و ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ییدا بۆ دانوستان و ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی لاواز ده‌كات. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئاسه‌واره‌كانی ئه‌م ده‌نگه ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ئه‌نجامی ڕیفراندۆم قه‌تیس نامێنێته‌وه، به‌ڵكوو هه‌موو پرۆسه و بواره‌كانی دیكه‌یش ده‌گرێته‌وه.
2- ئاستی عێراق:
ئه‌نجامی زۆرینه‌ی "نه‌خێر" بۆ ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی، وا ده‌كات له ئاستی عێراق پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان نزم ببێته‌وه و ئه‌و كاته كارتی گوشاری سه‌ربه‌خۆیی له دانوستانه‌كاندا ده‌سووتێت. لێره به‌دواوه پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان زۆر لاواز ده‌بێت و مه‌ترسی بۆ ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانیش دروست ده‌بێت و، قۆناغ به قۆناغ پاشه‌كشه به ده‌ستكه‌وته سه‌ربازی و ئاسایشی و سیاسی و ته‌نانه‌ت ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی عێراقدا ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها سیناریۆی مه‌ترسیدار ئه‌وه‌یه كه ئه‌م شێوازه له ستاتۆ سیاسییه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان كه له نێوان فیدراڵی و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆدایه، به‌ره‌و فیدراڵی داده‌به‌زێت، به‌م جیاوازییه‌وه كه به هۆی پێكهاته‌ی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی و یاسایی و كه‌لتووری و مێژووییی عێراق، هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك له ئارادا نابێت بۆ به‌رده‌وامیی فیدراڵی به شێوه‌ی ئێستا له عێراقدا. بۆ نموونه هه‌رێمی كوردستان له ڕووی سه‌رچاوه سروشتییه‌كان و هێزی پێشمه‌رگه و سه‌ربه‌خۆییی سیاسییه‌وه زۆر له ستاتۆی ئێستاكه‌ی پاشه‌كشه ده‌كات. به جۆرێك له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ڕه‌فتار ده‌كرێت كه له جه‌نگێكدا دۆڕاوه و، پێویسته ڕازی بێت به ویست و داواكاریی لایه‌نی براوه، كه حكوومه‌تی ناوه‌ندیی عێراقه.
لێره‌وه كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر نه‌ك چاره‌سه‌ر نابن، به‌ڵكوو هه‌وڵ ده‌درێت به میكانیزمی سیاسی/ یاسایی (زۆرینه -كه‌مینه) و ته‌نانه‌ت هێزی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر بكرێت. بۆیه شكستی ڕیفراندۆم ته‌نیا ده‌نگی نه‌خێر نییه بۆ سه‌ربه‌خۆیی، وه‌كوو له وڵاتانی خاوه‌ن دیموكراسییه‌تی پێشكه‌وتوو ئه‌نجام دراوه- بۆ نموونه له كیۆبك له كه‌نه‌دا- به‌ڵكوو ئه‌م ئه‌نجامه بۆ كوردستان سه‌ره‌تای كۆتایییه؛ به‌و پێیه‌ی به‌غدا له ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیدا پێگه‌ی بۆ چۆنێتیی ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ كوردستان به‌رزتر ده‌بێته‌وه و، ته‌نانه‌ت ڕه‌وایه‌تی به ڕه‌فتاره نادیموكراتییه‌كانی به‌غدا و لۆژیكی زۆرینه و كه‌مینه له عێراقدا ده‌درێت؛ ئه‌مه بێجگه له ئه‌گه‌ری لێكترازان له نێوان هێزه سیاسییه كوردستانییه‌كان له عێراق، كه كار ده‌كاته سه‌ر پێگه‌ی سیاسی و كاریگه‌ریی كورد له حكوومه‌تی به‌غدا.
3- ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی:
له ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیدا، كه تاوه‌كوو ئیستا كوردستان به یه‌كێك له‌و نه‌ته‌وانه داده‌ندرێت كه له هه‌وڵی ڕاگه‌یاندنی و بنیاتنانی ده‌و‌ڵه‌تدایه و به‌م پێیه‌ش مامه‌ڵه‌ی دیفاكتۆی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، له‌م حاڵه‌ته‌دا پێگه‌ی نزم ده‌بێته‌وه و گرنگیی ئێستای نامێنێت. چونكه تاوه‌كوو ئێستا ده‌وڵه‌تان- سه‌ره‌ڕای هه‌ڵوێستی فه‌رمییان- خۆیان ئاماده ده‌كرد كه له ئه‌گه‌ری ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، ئه‌وه له ده‌وڵه‌تی گریمانه‌كراوی كوردستاندا به‌رژه‌وه‌ندییه ئاسایشی و ئابووری و سیاسییه‌كانیان پارێزراو بێت.
به‌ڵام له پاش ده‌نگی نه‌خێر به ڕیفراندۆم، ئه‌وه مامه‌ڵه‌یان ده‌گۆڕێت و زیاتر گرنگی به به‌غدا ده‌ده‌ن و، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییان هه‌بێت له ڕێگه‌ی ناوه‌نده‌وه ده‌بێت. لێره به‌دواوه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌رێمی كوردستان پێگه‌ی جارانی نامێنێت چونكه گه‌لی كوردستان به نه‌خێر ده‌نگیان داوه و نایانه‌وێت له عێراق جیا ببنه‌وه، بۆیه ده‌وڵه‌تانیش ڕێز له‌و بڕیاره دیموكراسییه و ده‌نگه ده‌گرن. بۆیه ته‌نانه‌ت كۆمپانیا بیانییه‌كانیش مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆیان كه‌متر ده‌كه‌نه‌وه و له ڕێگه‌ی لقه‌كانیانه‌وه یاخود ناوه‌نده‌وه له هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن. به‌م پێیه ئه‌نجامی ڕیفراندۆم به نه‌خێر، كاریگه‌ری له‌سه‌ر دابه‌زینی ئاستی گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنی ئابووری و خۆشگوزه‌رانیی هاووڵاتیانی كوردستان داده‌نێت.
كۆبه‌ند:
ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ر دوو ئه‌گه‌ری ئه‌نجامه‌كانی "به‌ڵێ" و "نه‌خێر"، هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك هه‌ڕه‌شه و ده‌رفه‌ته بۆ داهاتووی كوردستان له بواره جۆراوجۆره‌كانی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تی. به‌ڵام مه‌ترسیدارترین سیناریۆ ده‌نگی نه‌خێره به‌م ڕیفراندۆمه، لانی كه‌م له ماوه‌یه‌كی كورت و مامناوه‌ندیدا؛ به‌و پێیه‌ی ده‌بێته هۆی لاوازیی پێگه‌ی هه‌رێمی كودرستان له ئاستی عێراق و ناوچه‌ییدا و، ڕه‌وایه‌تی له ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی وه‌رده‌گرێته‌وه. له لایه‌كی تریشه‌وه، ئه‌م ئه‌نجامه ده‌بێته هۆی لێكترازانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له ئاستی ناوخۆیی و، به‌م پێیه‌یش ئاسایشی سه‌بازی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان لاواز ده‌كات. ئه‌مه بێجگه له ئاسه‌واره نه‌رێنییه‌كانی له ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیدا له بواری سیاسی و ئابووری بۆ هه‌رێمی كوردستان.
به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌نجامی به‌ڵێ بۆ ڕیفراندۆم به ڕێژه‌ی ده‌نگێكی به‌رز، ده‌توانێت له هاوكێشه سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه و عێراقدا قورسایی، پێگه و هێزی كوردستان به‌رز بكاته‌وه و ڕه‌وایه‌تی بداته هه‌ر هه‌نگاوێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه به ناوی گه‌لی كوردستانه‌وه بۆ ڕێزگرتن له ویست و ئیراده‌یان له داهاتوودا ئه‌نجامی ده‌دات.
بۆیه ده‌نگی به‌ڵێ به ڕێژه‌ی به‌رز، ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی كوردستان به مانا فره‌ڕه‌هه‌ند و فراوانه‌كه‌ی و، پێچه‌وانه‌كه‌یشی (نه‌خێر)، ئاسایشی بوونناسانه‌ی كورد ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه؛ گه‌رچی ڕاسته‌وخۆ پاش ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی، ده‌وڵه‌ت ڕانه‌گه‌یه‌ندرێت. بۆیه له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی كه هه‌ستیار، چاره‌نووسساز، گرنگ و پێویسته كه له‌م قۆناغه‌دا ئه‌نجام بدرێت، سه‌ركه‌وتنی ڕیفراندۆمه‌كه‌یه به ده‌نگی به‌ڵێ به ڕێژه‌یه‌كی به‌رز، نه‌ك چۆنێتیی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت له كورتمه‌ودا یاخود له ماوه‌یه‌كی مامناوه‌ندیدا دوای ئه‌نجامی ڕیفراندۆم. به‌م مانایه‌ی كه ئه‌م بڕیاره‌ی گه‌لی كوردستان پێویستیی به كۆده‌نگی هه‌یه، چونكه داهاتوو و ئاسایشی كوردستان له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م ڕیفراندۆمه‌دایه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌و‌ڵه‌تیش ڕانه‌گه‌یه‌ندرێت.