پێشه‌كی:
پاش ئه‌وه‌ی كه له ڕۆژی حه‌وتی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ، له كۆبوونه‌وه‌ی نێوان به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌ریمی كوردستان و، 15 لایه‌نی سیاسی، بڕیار درا ڕۆژی 25ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ ڕیفراندۆم له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدرێت، به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به فه‌رمانی هه‌رێمیی ژماره (106) كه له 8/6/2017 ده‌ری كردووه، بڕیاری دا كه له ڕۆژی 25/9/2017 ڕیفراندۆم ئه‌نجام بدرێت، وبۆ ئه‌م مه‌به‌سته كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی ڕاسپاردووه بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم و، ئه‌وه‌یش به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی مافی چاره‌نووس له لایه‌ن گه‌لی كوردستان.
ڕۆژی 10-6-2017، به‌هرام قاسمی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی له‌باره‌ی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاند و گوتی: "هه‌ڵوێستی بنه‌ڕه‌تی و ڕوونی كۆماری ئیسلامیی ئێران، پشتیوانییه له خاك و یه‌كپارچه‌ییی عێراق. هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه له كۆماری عێراق و بڕیاری تاكلایه‌نه و له ده‌ره‌وه‌ی ڕێسا و چوارچێوه نیشتمانی و یاسایییه‌كان، به‌تایبه‌تی ده‌ستووری عێراق، ئه‌ویش له دۆخی ئاڵۆزی ئێستای عێراق و ناوچه‌كه و پلانی ناحه‌زان بۆ به‌رده‌وامیی ناسه‌قامگیری له عێراقدا، ته‌نیا درێژه به دروستبوونی كێشه‌ی نوێ له‌و وڵاته ده‌دات".
هه‌روه‌ها قاسمی ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا كه: "عێراقێكی یه‌كپارچه، سه‌قامگیر و دیموكراسی، گه‌ره‌نتیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بییه‌كانی ده‌كات. ئه‌مڕۆ عێراق زیاتر له هه‌موو كاتێكی دیكه پێویستیی به ئارامی و یه‌كێتیی نیشتمانی هه‌یه و، ناكۆكییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، ده‌بێت له چوارچێوه‌ی گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتنی نیشتمانی و ده‌ستووریی عێراقدا چاره‌سه‌ر بكرێن".
پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه ئێران بۆچی به‌توندی دژی سه‌ربه‌خۆییی كوردستانه؟ له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه هۆكاره‌كانی دژایه‌تیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پرسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان تاووتوێ بكه‌ین.
فاكته‌ره ناوچه‌یی و ده‌ره‌كییه‌كان:
١- كۆماری ئیسلامیی ئێران به هۆی سروشتی سیسته‌می سیاسی و ستراتیژیی ناوچه‌یییەکەی، دژایه‌تییه‌كی زۆری له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل هه‌یه. هه‌روه‌ها ئێرانییه‌كان دكتۆرینی "بێن گۆریۆن" به ناوی "هاوپه‌یمانێتیی په‌راوێز" به مه‌ترسی ده‌زانن، كه داوا ده‌كات ئیسڕائیل بۆ ڕزگاربوون له ئابڵووقه و گه‌مارۆی جیۆسیاسیی وڵاتانی عه‌ره‌ب، له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه و ئه‌كته‌ره ناعه‌ره‌به‌كان هاوپه‌یمانی گرێ بدات. به‌م پێیه‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان به مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی بوونناسانه بۆ سه‌ر خۆیان ده‌زانن.
هه‌روه‌ها ترسی كۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌یه، كه ئیسڕائیل سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ی كوردستان له پاڵ كارتی "ئاو" به باشترین شێوه له ململانێ ناوچه‌یییه‌كاندا بۆ وڵاتانی نه‌یاری خۆی به‌كار بهێنێت. له لایه‌كی تریشه‌وه به بڕوای ئێرانییه‌كان، ئیسڕائیل ده‌توانێت له ڕێگه‌ی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوردستان هاوكێشه‌ی ستراتیژیی سێگۆشه‌ی "سووریا، ئێران و عێراق" له دژی خۆی پووچه‌ڵ بكاته‌وه. به مانایه‌كی تر، ستراتیژیسته ئێرانییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن كه ئیسڕائیل له ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌وه به شێوه‌ی "به‌نوێنه‌رایه‌تی" ده‌گاته سنووره‌كانیان و، مه‌ترسیی ئاسایشی و سه‌ربازییان بۆ دروست ده‌كات. هه‌روه‌ها له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانێت ناوخۆی ئێران ناسه‌قامگیر بكات. به‌گشتی هاوپه‌یمانێتیی كوردستان و ئیسڕائیل كۆی هاوكێشه جیۆسیاسی و جیۆستراتیژییه‌كانی ناوچه‌كه ده‌گۆڕیت و، ئه‌مه‌یش به زیانی ئاسایشی ئێران ده‌زاندرێت.
٢- هه‌ر به‌م هۆكارانه كۆماری ئیسلامی، ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه به هۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی كوردستان و ئه‌مریكاوه، بنكه‌ی سه‌ربازی و هه‌واڵگریی ئه‌مریكا له سنووره‌كانی ئێران جێگیر بێت و ئه‌مریكا له ڕێگه‌ی كوردستان و، هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی ناوه‌ندی سیاسی و سه‌ربازی و هه‌واڵگرییه‌وه، سیاسه‌تی ناوچه‌یی و ده‌ره‌كیی ئێران له ناوچه‌كه‌دا كۆنترۆڵ بكات و نفووزی ئێران سنووردار بكرێت. له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌مریكا بۆ گوشارخستنه سه‌ر ئێران و ته‌نانه‌ت گۆڕینی ئه‌م ڕژیمه، پاڵپشتی له نه‌یاران و گرووپه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بكات و ئێران له ناوخۆ به‌ره‌و گۆڕان بڕوات. ئه‌مه بێجگه له ترسی ئێران له گۆڕانكاریی هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه كه به هۆی بوونی ئه‌مریكاوه له زیانی ئێران ده‌گۆڕێت.
٣- كۆماری ئیسلامی، ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ده‌وڵه‌تێكی كورد-سوننه له سنووره‌كانی دروست ببێت كه په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ سعوودیا و وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بیدا هه‌یه. لێره‌وه ستراتیژییه ناوچه‌یییه‌كانی ئێران تووشی به‌ربه‌ست و ته‌نانه‌ت شكست ده‌بێت؛ به‌و پێیه‌ی كه به‌رده‌وام بارگرژی و مشت‌ومڕ له نێوان ئێران و وڵاتانی سوننه و عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌دا هه‌بووه و هه‌یه و، ئێستا توندتریشه.
٤- كۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌ست به مه‌ترسیی ئاسایشی ده‌كات له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی عێراق، كه ئه‌گه‌ری جیابوونه‌وه‌ی سوننه‌كانیشی لێ بكه‌وێته‌وه و ئه‌و كاته له ناوخۆی عێراقی شیعیشدا پرسی ململانێی "مه‌رجه‌عه" ئایینییه‌كان دێته ئاراوه له پاڵ ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی له عێراقی شیعی، كه هه‌ردووی ئه‌وانه هێژموونی و نفووزی ئێران له ڕووی سیاسی و ئاسایشی و ئابوورییه‌وه لاواز ده‌كات.
٥- ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران دابه‌شبوونی عێراق به "باڵكانیزه"بوونی هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌زانن. به‌م مانایه كه ئێران دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان به سه‌ره‌تای لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه فره-نه‌ته‌وه و فره-ئایین و فره‌مه‌زهه‌ب و فره-ناسنامه‌ن، ده‌زانێت. لێره‌وه مه‌ترسیی قووڵ بۆ داهاتوو و ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خودی ئێرانی فره-پێكهاته دروست ده‌بێت. له پاڵ ئه‌وه‌یش، دابه‌شبوونی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه هاوسه‌نگیی هێز له زیانی ئێران تێك ده‌دات.
٦- به دروستبوونی ده‌وڵه‌تی باشووری كوردستان، ئێران بۆ ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی به "گه‌رووه‌كان" له ناوچه‌كه‌دا تووشی كێشه و گرفتی زۆر ده‌بێت و، ناتوانێت وه‌كوو ئێستا پاڵپشتی و جووڵه به هێز و ئه‌كته‌ره نا-ده‌وڵه‌تییه‌كان یاخود لایه‌نگره‌كانی بكات و، وڵاتانی ناوچه‌كه له ڕووی ئاسایشییه‌وه كۆنترۆڵ بكات. بۆ نموونه له خودی سووریا تووشی كێشه و گرفت ده‌بێته‌وه، بێجگه ده‌ستپێڕانه‌گه‌یشتنی به لوبنان و فه‌ڵه‌ستین و هتد.
٧- كۆماری ئیسلامی، ترسی ئه‌وه‌یشی هه‌یه كه به دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان له پاڵ گۆڕانكاری له هاوكێشه جیۆسیاسییه‌كاندا، له ڕووی جیۆئێكۆنۆمیش تووشی لاوازی و په‌راوێزبوون ببێته‌وه. به‌م مانایه كه به هۆی گرنگیی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیاییی كوردستان و ده‌وڵه‌مه‌ندی به سه‌رچاوه‌كانی وزه (نه‌وت و گازی سروشتی)، ده‌وڵه‌تی كوردستان ببێته ئه‌ڵته‌رناتیڤ یاخود جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ دابینكردنی ئاسایشی وزه‌ی ئه‌وروپا. ئه‌مه‌یش بۆ ئابووریی ئێران و پێگه‌كه‌ی له ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیدا كوشنده‌یه و، كۆمه‌ڵێك لێكه‌وته‌ی زیانباری بۆ ئێران ده‌بێت.
٨- ئێستا ئێران ڕێبه‌رایه‌تیی وڵاتانی شیعه و، هه‌روه‌ها به‌ره‌ی دژه-ڕۆژاوایی و ئه‌مریكا و ئیسڕائیل و ده‌وڵه‌تانی سوننه ده‌كات. به‌م مانایه كه له ناوچه‌كه‌دا دوو به‌ره‌ی ناسنامه‌یی دروستبوونه و هه‌وڵی درزخستنه نێو به‌ره‌ی سوننه‌كان (بۆ نموونه قه‌ته‌ر و توركیا) ده‌دات، به‌ڵام له ئه‌گه‌ری دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان، هاوكێشه‌كان گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت و به هۆی سروشتی ناسنامه‌ییی سێكیولار و نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراتیكی ده‌وڵه‌تی كوردستان، كۆی هاوكێشه ناسنامه‌یی و ململانێ ناسنامه‌یییه‌كان و به‌م پێیه لۆژیكی هاوكێشه ستراتیژییه‌كان به‌ره‌و گۆڕان ده‌ڕوات. ئه‌مه‌یش به زیانی ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی ئێرانه له ناوچه‌كه‌دا.
٩- به هۆی جیاوازی و ناكۆكییه‌كانی توركیا و ئێران، ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه له داهاتوودا ده‌وڵه‌تی كوردستان به هۆی پێویستییه‌كانی توركیا و كوردستان په‌یوه‌ندیی توندوتۆڵ و پته‌وی له بواره‌كانی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی و ئاسایشی و...، له‌گه‌ڵ توركیا هه‌بێت. ئه‌مه‌یش به زیانی ئێران و هاوسه‌نگیی هێز له ناوچه‌كه‌دا ده‌شكێته‌وه.
فاكته‌ره ناوخۆیییه‌كانی ئێران:
١- به هۆی نادیموكراتیكبوونی سیسته‌می سیاسیی ئێران و ناسنامه شۆڕشگێری و ئایینییه‌كه‌ی، هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له ژینگه‌ی ده‌ره‌كیدا، كه له دژی نۆرم و به‌ها زاڵه‌كانی ناوخۆییی ئه‌م وڵاته بێت، ئه‌وه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هاوكێشه سیاسییه‌كانی ئێران ده‌بێت. به‌م مانایه ئێران دڵه‌راوكێی قووڵی له پرۆسه‌ی دیموكراتیزاسیۆنی وڵاتانی ناوچه‌كه هه‌یه و، به مه‌ترسیی بۆ سه‌ر ئاسایشی سیاسیی خۆی ده‌زانێت. كاتێك كه ده‌وڵه‌تی كوردستان به ناسنامه‌یه‌كی سێكیولار له‌دایك بێت، كاریگه‌رییه‌كانی ده‌توانێت ئێرانییه‌كان نیگه‌ران بكات.
٢- ناسنامه ئایینی و شیعییه‌كه‌ی سیسته‌می سیاسیی ئێران، هه‌وڵی جێگیربوون له كۆمه‌ڵگه‌ی فره‌پێكهاته و ناسنامه‌ی ئێران ده‌دات و، له هه‌مبه‌ر له‌دایكبوونی ئه‌كته‌ری سێكیولار و نه‌ته‌وه‌ییدا زۆر هه‌ستیاره. به‌م مانایه كه ئێرانییه‌كان ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه ئه‌م ئاڵوگۆڕه، ڕاسته‌وخۆ ببێته هۆی ئه‌وه‌ی كه پێكهاته‌كانی تر، به‌تایبه‌ت كورده‌كان له ئێران، داوای مافی سیاسی، كه‌لتووری و ئابووری و...، خۆیان بكه‌ن. ئه‌مه‌یش بۆ كۆماری ئیسلامی به مانای كه‌وتنه‌ژێر مه‌ترسی و ته‌نانه‌ت هه‌ڵوه‌شانه‌وه و كۆتاییهاتنی سیسته‌می سیاسیی هه‌نووكه‌یی دێت.
٣- به هۆی ئه‌م فاكته‌ره‌ی سه‌ره‌وه، كۆماری ئیسلامی ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌هێز بێت و، له ئه‌گه‌ری دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان ئه‌وه كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش وه‌كوو مۆدێل و نموونه‌یه‌كی زیندووی سه‌رنجراكێش سه‌یری ده‌وڵه‌تی كوردستان بكه‌ن و هه‌وڵی به‌دیهێنانی مۆدێلێكی هاوشێوه بده‌ن یاخود له‌وه كه‌متر، داوای فیدراڵی بكه‌ن. ئه‌مه‌یش له هه‌ر دوو حاڵه‌تدا بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران به مانای كۆتاییهاتنی سیسته‌مه سیاسییه‌كه‌یان دێت؛ ئه‌گه‌ر به مانای كۆتاییهاتنی ئێران وه‌كوو یه‌كه و كیانێكی سیاسی، مێژووی و جوگرافیایی نه‌بێت.
٤- كۆماری ئیسلامی له‌وه ده‌ترسێت كه له ئاستی ناوخۆیی و ڕای گشتیدا سیاسه‌ته‌كانی له ناوچه‌كه به شكستخواردوو بناسرێت. به‌م مانایه به هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی عێراق و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان، هه‌موو ئه‌و تێچووه مرۆیی و دارایییانه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردووی ئێران به‌فێرۆ ده‌چێت و ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی سوپای پاسداران له وڵاتانی ناوچه‌كه به بێسوود ده‌زاندرێت. ئه‌مه‌یش بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران تێچوویه‌كی سیاسیی زۆری هه‌یه، چونكه ئێران پاساوی ئه‌م تێچووانه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه له ڕووی ئاسایشی و سیاسی و ئابوورییه‌وه قازانجی بۆ ئێران هه‌یه و هێژموونیی ئێران ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵام له ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی عێراق و گۆڕانگاری له هاوكێشه جیۆسیاسییه‌كان، ئه‌وه پاساوی ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێرانیش ناڕه‌وا و كاڵ ده‌بێته‌وه.
٥- له ڕووی ئایدیۆلۆژیی سیاسییه‌وه كه كۆماری ئیسلامی بزووتنه‌وه‌كانی به "هه‌ستانه‌وه‌ی ئیسلامی" ده‌ناساند و، ڕای گه‌یاندبوو كه به ئیلهاموه‌رگرتن له شۆڕشی ئێران وڵاتان و گه‌لانی ناوچه‌كه شوێنپێی شۆڕشی ئێران ده‌كه‌ون، ئه‌مه‌یش تووشی شكست ده‌بێت و ئاسه‌واری ناوخۆییی نه‌ریتیی بۆ ئێران ده‌بێت.
كۆبه‌ند:
له ڕاستیدا سنووره به‌هایییه‌كانی كۆماری ئیسلامی، له سه‌رووی سنووره به‌رجه‌سته مادییه ناسراوه‌كانه‌وه‌ن. به‌م پێیه ئێران، سنووری كوردستان به ناوچه‌ی نفووزی به‌هاییی خۆی ده‌زانێت. بۆیه تێكچوونی ئه‌م ڕوانگه‌یه به مانای دروستبوونی به‌ربه‌سته بۆ كۆی ستراتیژیی ده‌ره‌كی كۆماری ئیسلامی. بێجگه له‌وه‌یش، هه‌رێمی كوردستان به هۆی پێگه جیۆستراتیژی، جیۆئێكۆنۆمی و جیۆسیاسییه‌كه‌یه‌وه ده‌توانێت له ڕووی جیۆكه‌لتوورییشه‌وه ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ كۆماری ئیسلامی.
به‌م پێیه ئه‌وه د‌رك و تێگه‌یشتنی ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامییه كه به هۆی ناسنامه تایبه‌ته ئیسلامی و شۆڕشگێره دژه‌ڕۆژاوایییه‌كه‌یه‌وه ده‌وڵه‌تی كوردستان به هه‌ڕه‌شه ده‌زانێت. پاشان دروستبونی ئه‌م ده‌وڵه‌ته له سنووره‌كانی كۆماری ئیسلامی، له ئاستی ناوخۆی ئێرانیش به هۆی داخراوبوونی سیسته‌می سیاسیی ئێران و فره‌پێكهاته‌بوونی و له‌ژێر گوشار و سه‌ركەوتووبوونی زیاتر له 12 ملیۆن كورد و، هه‌روه‌ها نادیموكراتیكبوونی سیسته‌می سیاسیی ئێران، ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌بێته مۆدێل و جێگره‌وه‌ی سیسته‌می هه‌نووكه‌یی و، به‌م پێیه‌یش هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی كۆماری ئیسلامی.
به‌ها و ناسنامه و سیسته‌می سیاسیی ده‌وڵه‌تی كوردستان، هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌ستنیشان ده‌كات. به‌م پێیه به‌رژه‌وه‌ندی و ئاسایشی جیهانیی ڕۆژاوا و ئه‌مریكا و ئیسڕائیل، به شێوه‌یه‌كی واقعی ده‌بنه هاوسنووری كۆماری ئیسلامی و، ئه‌مه‌یش كۆی بواره‌كانی ئه‌جێندا و نفووز و سیاسه‌ت و ئاسایشی ناسنامه‌یی و ته‌نانه‌ت ستراتیژیی ئێران له ناوچه‌كه‌دا ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه. بۆیه ئێران به هه‌موو شێوه و سیناریۆیه‌ك هه‌وڵی له‌باربردنی ئه‌م ڕیفراندۆمه و ڕێگه‌گرتن له دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌دات، چونكه دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان بۆ ئێران به مانای كۆتاییی عێراق و له‌ده‌ستدانی ناوچه‌ی نفووز له عێراق، سووریا و لوبنان و فه‌ڵه‌ستین و... دێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌وڵه‌ته دروست بوو و ئێران نه‌یتوانی ڕێگه‌ی لێ بگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كه نه‌بێته مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئێران و باڵانسی هێز به قازانجی توركیا و سعوودیا و... به‌رز نه‌بێته‌وه، ئه‌وه ئێران هه‌وڵی ته‌عاموڵكردن و دروستكردنی لایه‌نگر و ناوچه‌ی نفووزیی تێدا ده‌دات و، به مانایه‌كی تر دانی پێدا ده‌نێت.