پێش ڕيفراندۆم و دوای ڕيفراندۆم

پێشەکی:

هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە ڕۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧، بە یەك هەڵوێست بڕیاری خۆیان دەدەن. ڕاستە، وتوێژ و ناکۆکییەکی دیار هەیە سەبارەت بە ئامراز و چۆنێتیی بەستنی ڕيفراندۆم، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە، زۆربەی زۆری لایەنە سیاسییەکان هەمان ئامانجیان هەیە کە کوردستان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت. کێشەکان تەنیا لە ميکانيزمەکانن، لە ئامانج نییە. ئەگەر هەموو ڕێوشوێنەکان بەئاسایی بڕۆنە پێشەوە، چاوەڕێ دەکرێت کە زۆرينەی خەڵكی کوردستانی عێراق دەنگ بۆ دەوڵەتێکی نوێ بدات. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: ئایا ئەو ئەزموونە سەد ساڵییە تاڵەی لە عێراقدا برایە سەر، لە ڕۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧ کۆتایی دێت؟

ئێستا گەلی کوردستانی عێراق لە کۆتاییی قۆناغێکدا دەژيت، كه‌ ئێمە لێرەدا ناوی لێ دەنێین سەردەمی "پێش ڕيفراندۆم". دوای چەند مانگێك، ئەو شوێنانەی ڕيفراندۆمی تێدا دەکرێت دەکەونه‌ نێو قۆناغێکی نوێوە، كه‌ ئێمە لێرەدا ناوی لێ دەنێین سەردەمی "دوای ڕیفراندۆم". لەم کورتە باسەدا، هەوڵدەدەین جیاوازی و بەراوردکارییەك لە نێوان ئەو دوو قۆناغە دەربخەین. ئایا لە نێوان سەردەمی پێش ڕیفراندۆم و سەردەمی دوای ڕيفراندۆمدا، جیاوازی دەبێت؟ سەردەمی پێش ڕیفراندۆم، قۆناغێکی تێکەڵوپێکەڵە لە ژیانی یاسایی و سیاسیی هەرێمی کوردستاندا. ئەم ناوچەیە لە کایەی سیاسیدا ڕۆژێك ون کراوە، ڕۆژێك دەرکەوتۆتەوە. لە ساڵانی بیستەکانەوە، هەرێمی کوردستان سڕابووه‌وە. لە دوای ساڵانی هەفتاکانەوە سەردەمێكی تر دروستبوو و هەرێمێکی ئۆتۆنۆم ڕاگەیەندرا، بەڵام تەنیا لەسەر کاغەز بوو. سەردەمێك کوردستانێك هەبوو سەربەخۆیییەکی دیفاکتۆ هەبوو لە ساڵانی دوای ١٩٩١. سەردەمێك کوردستان هەبوو، عێراق نەمابوو لە نێوان (٢٠٠٣-٢٠٠٥). سەردەمێك کوردستان کرا بە هەرێمێکی فیدراڵ لە چوارچێوەی عێراقدا. دوای ڕیفراندۆم، هەموو هیواکان ئەوەن کە ئەم بەرزی و نزمییە نەمێنێت؛ کوردستانێکی سەربەخۆی بێ پێچوپەنا دروست بێت. ئەگەر دیسانەوە بەم قۆناغە پێچاوپێچانەدا تێپه‌ڕ ببینه‌وه‌، ئەوا هەرگیز ئەم ناوچەیە و دەوروبەرەکەی بەسەقامگیری نابينرێنەوە.

ڕاپرسییەکەی ساڵی ١٩٢٥ (پرسەگورگانە)

لکاندنی هەرێمی کوردستان بە عێراق، نە بە ئارەزووی گەلی کوردستان بووە، نە دەستکاریی عەرەبی عێراقیش بووە؛ خواستێکی ئینگليزەکان بووە لە دۆخێکی دیاریکراودا لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم دژی نایارە تورکەکانیان. لەو سەردەمەدا، هەرێمی کوردستان، ئەو کاتە زیاتر بە ویلایەتی مووسڵ ناسراوبوو، سەرچاوەی کێشەیەکی نێودەوڵەتی بوو لە نێوان تورکەکان و ئینگليزەکان. خاوەن هێز و دەسەڵاتەکانی کوردیش لەو کاتەدا نەیانتوانی ئەو هەلە بقۆزنەوە. ناچار، لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی بیستەوە تا ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بەفەرمی خرایە سەر عێراقێکی ناسەقامگیر، شەڕانگێز و جیاوازکوژ.

ئەم کێشە نێودەوڵەتییە بەشێواوی خرایە بەردەم ڕێکخراوی شکستخواردووی کۆمەڵەی گەلان. لە ساڵی ١٩٢٤، ئەم ڕێکخراوە بڕیاریدا لێژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە و پێشنیارکردنی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو کێشە نێودەوڵەتییە پێک بێنێت. لێژنەکە لە سێ کەس پێک هاتبوو: ئەفسەرێکی سویدی بە ناوی Wirsén، سیاسەتمەدارێکی هەنگاری بە ناوی Telekiو، ئەفسەرێکی بەلژيکی بە ناوی Paulis. ئەو لێژنە سێ کەسییە لە سەرەتای ساڵی ١٩٢٥ بە مەبەستی لێکۆڵینەوەکردن، سەردانی هەرێمی کوردستان و شاری مووسڵیان کرد. ئەم لێژنەیە نزیکەی دوو مانگ مانەوە و ڕاپۆرتێکی تێروتەسەڵیان لەسەر ئەم ناوچەیە ئامادەکردبوو. یەكێك لە کارەکانی ئەم لێژنەیە، پرسیاركردن بوو لە خەڵكی ناوچەکە دەربارەی چارەنووسی ناوچەکە. پرسەکە لەو خەڵکە شێوێنرابوو. بەپێی ڕاپۆرتەکەیان، تەنیا توانیویانە ٨٠٠ کەس ببينن و، تەنیا دوو بژاردەیان دەخستە بەردەمیان: "ئایا دەتەوێت لەگەڵ دەوڵەتی تورکەکان بمێنیتەوە، یان دەتەوێت لە عێراقێك بژیت کە لەژێر ئینتیدابی بریتانیدا بێت؟" بژاردەی سێیەم، کە "ئایا دەتەوێت بەسەربەخۆیی لەژێر سێبەری دەوڵەتی کوردستان بژیت؟" له‌ ئارادا نه‌بوو. لێژنەکە، هەستیان کردبوو ئەم ئارەزووی سەربەخۆبوونە لای خەڵکی ئەو ناوچەیە هەیە و، لە ڕاپۆرتەکەیشیان ئاماژەیان بۆ کردبوو.

ئەم لێژنەیە، ڕاپرسییەکی سنووردار و شێوێنراوی بەئەنجام گەیاند، کە خۆیشیان لە ڕاپۆرتەکەیان بۆ کۆمەڵەی گەلان هەستیان پێکردبوو. ڕیفراندۆم (گشتپرسی) نەبوو، ڕاپرسی بوو. لێژنەکە ئەو پرۆسەیەی ناونابوو بە "تێڕوانینەکانی خەڵک" “Views of the population”. ئەندامانی لێژنەکە خۆیان بەم شێوەیە باسی ڕاپرسییەکەیان دەکەن: خەڵکەکە دەترسان ڕای خۆیان دەربڕن، لەبەرئەوەی هەردوو نوێنەری بریتانییەکان و تورکەکان لەگەڵ لێژنە نێودەوڵەتییەکە دەسووڕانەوە. بەشێك لە خەڵکی کوردستان لە بریتانییەکان دەترسان، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتداری سەربازی و فیعلیی ناوچەکە بوون. هەروەها نەیاندەوێرا دژی تورکەکان قسە بکەن، لە ترسی ئەوەی بگەڕێنەوە سەر حوکمڕانیی ئەو ناوچەیە. خەڵکانێك هەبووە، لە ژوورەداخراوەکان لای لێژنەکە قسەیەکی کردووە، کە هاتۆتە دەرەوە بەئاشکرا قسەیەکی تەواو پێچەوانەی کردووە؛ ئه‌وه‌یش لەبەر ترسی تۆڵەسەندنەوەی ئەو دوو زلهێزەی ئەو سەردەمە. یان، هەندێك بە چاوێکی گومانەوە سەیری ئەم لێژنەیەیان دەکرد کە ئەمانە دەستەیەکی سيخوڕ بن. پەیکەری کۆمەڵایەتیی ئەو کاتەی کوردستان، جارجار ڕێگر بووە لەوەی کە خەڵکەکە ڕای خۆیان دەربڕن. چەندین جار پرسیاریان لە تاکێك کردووە کە چ بژاردەیەکی دەوێت، ئەمیش گوتویەتی "نازانم". ئاغاکەم، سەرۆكھۆزەکەم، یان شێخەکەم چیی بوێت منیش ئەوەم ده‌وێ. ئەم لێژنەیە، هەڵوێستی وایان پێ سه‌یر بووە. ئەو ئاغا و سەرۆكھۆزانە تەنیا لە بەرژوەندیی خودی خۆیان بڕیاریان داوە، نەك لە بەرژەوندیی تاك بە تاکی هۆزەکەی، یان لە بەرژەوندیی گشتیی کوردستان لە ساڵی ١٩٢٥. لێژنەکە دەڵێت کە هەندێک کەس تەنیا لە ڕوانگەی تەسکی تایبەتی خۆیانه‌وه‌ هەڵوێستیان وەرگرتووە؛ بۆ نموونە چەند کەسێك عێراقیان پێ باشتر بووە، لەبەر ئەوەی حکوومەتی عێراق لەو کاتەدا خزمەتی سەربازیی ئیجباریی نەهێشتبوو. شایەنی گوتنە، لێژنەکەیش لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیتوانیبوو سەردانی گشت ناوچەکانی کوردستان بکات. لەژێر ڕۆشناییی ئەم "پرسەگورگانە"یە و چەند بەرژوەندییەکی تەسکی سەربازی و ئابووریی دەوڵەتی بریتانیا، کۆمەڵەی گەلان لە کۆتاییی ساڵەکانی ١٩٢٥، ئەم پارچە خاکەی لە کوردستان بە مەرج بە دەوڵەتی عێراقەوە لکاند.

یەکەم ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

دوای لکاندنی زۆرەملێی کوردستان بە عێراقەوە، هیچ کاتێك نە عێراق و نه‌کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی، بيریان لەوە نەدەکردەوە کە خواستی خەڵکی کوردستان چییە و، پرسێکیان پێ بکرێت. ڕاستە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، خۆی شێوەیەکی گشتگیری هەبوو و، هەموو خەڵکی کوردستان دژی حکوومەتی بەغدا ڕاپه‌ڕی، بەڵام ڕیفراندۆم نەکرا. دوای هەشتا ساڵ لەو پرسەگورگانەی کۆمەڵەی گەلان، لە ساڵی ٢٠٠٥، ڕیفراندۆمێكی نافەرمی لە کوردستان ئەنجامدرا. ئەم ڕیفراندۆمە دەری خست، کە خەڵكی كوردستان چەند پەرۆشن بۆ سەربەخۆیی، بەڵام ئەم ڕیفراندۆمە تەنیا وەك کارتێکی سیاسی دژی بەغدا بۆ بەدەستهێنانی مافی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان بەکار هات.

٢٥/٩/٢٠١٧، ڕۆژی ڕیفراندۆمە بۆ کوردستان. دەبێت بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگوترێت كه‌ ئێوە بە "ڕاپرسییەکی شێواو" ئەم ناوچەیەتان لە ساڵی ١٩٢٥ بە عێراقەوە لکاند؛ ئەمڕۆ ڕیفراندۆمێکی ئاشکرا و گشتگیر دەکەین. ڕیفراندۆمەکەی ٢٠١٧، ڕاستکردنەوەیەكی مێژوویی دەبێت بۆ هەڵەکانی پێشوو. ڕیفراندۆم، سەرچاوەی یەکەمی یاسا و مافە. ڕیفراندۆم جێگره‌وه‌ (بەدیل)ی هەموو ئامرازە یاسایییەکانە. ئەو پرسەی کە پەرلەمانێك، حکوومەتێك یان سەرۆكێک نەتوانێت بڕیاری لەسەر بدات، ئەوا ڕیفراندۆم چارەسەری دەکات و، هەروەها هەڵوێستی یەكلاکەرەوەی دەبێت. بۆ ئەوەی لە هەر مقۆمقۆیەکی یاسایی و سیاسییه‌وه‌ دوور بین، پێویستە ڕیفراندۆمه‌كه‌ بێگەرد بێت و ڕێوشوێنە یاسایییەکان بگرێتە بەر و چاودێریی نێودەوڵەتیش هەبێت.

ڕیفراندۆمی کوردستان لە ٢٥/٩/٢٠١٧، یەکەم ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە ساڵی ٢٠١١ باشووری سوودان ڕیفراندۆمی ئەنجام دا، بەڵام ئەم ناوچەیە ناکەوێته‌ ئەو شوێنەی کە پێی دەگوترێت "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، یان وه‌ك ئەوروپییەکان پێیان خۆشە بە "ڕۆژهەڵاتی نزیك"  (Near East)ناوی ببەن. ڕیفراندۆمی تر لە بابەتی دەستووری و ناوخۆیی، کراون، بەڵام ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، لەم ناوچەیەدا ئەنجام نەدراوە. ئەوە ترسە هەرە سەرەکییەکەی وڵاتانی ناوچەکەیە. عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە "بەلوبنان" کرا؛ ترسەکە لەوەیە ئیتر "بەبەڵكان" بکرێت. زۆربەی وڵاتانی بەڵكان بە ڕێگه‌ی ڕيفراندۆم و جەنگ، لە یۆگسڵاڤیا جیا بوونەوە. وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەنگیان زۆر دیوە، بەڵام ڕێفراندۆمی سەربەخۆیییان نەدیوە.

هەندێك سەرکردەی عێراق و ناوچەکە، هەرێمی کوردستان بە یەکەم پوولی دۆمینە دادەنێن: هەر بکەوێت، چەندین شوێنی تریش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا داوای ڕیفراندۆم دەکەن. ترسەکە لەوەدایە کە هەر چەند پارێزگه‌یەك یەك بگرن و ڕیفراندۆم بکەن و، لە وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیا ببنەوە. ئەم ناوچەیە لە جیهان شڵۆق و ناسەقامگیرە. ئایا ڕاستە کوردستانی عێراق یەکەم پوولی دۆمینەکە دەبێت؟ بە وەسفێکی باشی نابینم؛ پێم باش نییە بەم شێوەیە لە ڕیفراندۆم بڕوانرێت. زۆر پێویستە لەم قۆناغەدا و لە دوای ڕیفراندۆمیش، کوردستان بۆ دراوسێکانی جێی متمانە بێت نەك جێی هەڕەشە.  

ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، جگە لەوەی کارێکی سیاسی و یاساییی نوێیە بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قۆناغێکی نوێیشە لە ژیانی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم. ژانی لەدايکبوونە. ژانێکی بێئازار نییە. ئەم ژانە، لە ئاستی دەرەوە و ناوەوەی هەرێم هەستی پێ دەکرێت. لەسەرەوە ئاماژەمان بە هەندێك ترس و دڵەڕاوکێی وڵاتان کرد، بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە، ئەو نەیارانەی ڕيفراندۆمن. بەشێك هەن کە دژی ڕیفراندۆمن بەو شێوەی ئێستا بەرکارە، بەڵام دژی سەربەخۆیی نین. هەندێك هەن، لەوانەیە بە دەنگی "نەخێر" دەنگ بدەن. پێویستە ئەم دەنگی "نەخێر"ە پێش ڕێفراندۆم بخوێنرێتەوە و لێیان تێ بگەین و، دوای ڕيفراندۆمیش بە "خائین" لە قەڵەمیان نەدەین. ئه‌مه‌یش لەبەر هۆیەکی گرنگ: ئەگەر دەوڵەتمان ڕاگەیاند، بۆ هەموو هاوڵاتیان دەبێت، بە دەنگدەرانی "بەڵێ" و "نەخێر"ەوە. ئەگەر دەنگدەرانی نەخێر هەر مکوڕ بن لەسەر ئەوەی دژ بن، ئەوا ئازاد دەبن لەوەی کە ناسنامەی عێراقیی خۆیان بهێڵنەوە و داوای ناسنامەی کوردستانی نەکەن. پێویستە ئەوەیش بگوترێت كه‌ لە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتدا، پێویستە یاسایەك سەبارەت بە ناسنامەی کوردستان دەربکرێت. دەتواندرێت بە ڕێکكەوتنیش لەگەڵ عێراق ڕێک بخرێت، ئەگەر ڕازی بوون. بەپێی ئەم یاسایە، با لە ماوەیەکی دیاریکراو دوو بژاردە بخرێتە پێش دانیشتووانی کوردستان:" ئایا ناسنامەی کوردستانت دەوێت، یان ناسنامە عێراقییەکەت دەهێڵیتەوە؟ هەردووکیان پێکەوە نابێت."

تێگەیشتن لە دەنگی نەخێر پێویستە. هەندێك کەس هەن دەنگ بە نەخێر دەدەن لەبەر ئەوەی دژی ئەو دەسەڵاتدارانەن کە پرسیارەکەیان کردووە. واتە وەڵامی پرسیاری ڕێفراندۆم نادەنەوە، بەڵکوو تەنها هەڵوێستی خۆیان دژی حکوومەت دووپات دەکەنەوە. ئەم جۆرە دەنگدانە نیشانەیەكە بۆ کورتبینیی ئەو کەسانە کە پێویستە بەرچاوییان زیاتر ڕوون بکرێتەوە. بۆیە، پێویستە هەموو لایەن و حزبەکان لەسەر "پرسیاری ڕیفراندۆم" کۆک بن. بە گشتی، دەنگی نەخێر مانای ئەوە نییە کە دەوڵەتی ناوێت، بەڵکوو تەنیا نەیاری سیاسەتی ئێستای حکوومەتی هەرێمە، یان تەنیا بەرامبەر کەمیی خزمەتگووزاری، ناڕەزاییی خۆیی دەردەبڕێت، یان زۆری پێناخۆشە کە مووچەکەی کەمکراوەتەوە.

لەگەڵ ڕيفراندۆمدا، دەرگه‌ی قەفەسە سەد ساڵییەکەی عێراق دەکرێتەوە. لەوانەیە چەندین کەس داوا بکەن لەو قەفەسەدا بمێنیتەوە و بە نەخێر وەڵام بدەنەوە. ژیانیش ڕاهاتنە؛ لەوانەیە زۆر کەس لەگەڵ ئەم شێوازی ژیانە ڕاهاتوون. لەوانەیە هەندێك کەس لەوە بسڵەمێنەوە کە لە دەرەوەی ئەو قەفەسە، نان و ئاو نەبێت بیخۆن، یان وەکوو جاران نەتوانن بژین. پێویستە دەسەڵاتداران ڕوونی بکەنەوە کە ژیانی دەرەوەی ئەو قەفەسە چۆن دەبێت. لە لایەکی ترەوە، هەندێك کەس کە دەیان ساڵە لە دەرەوەی ئەو قەفەسە ژیان بەسەر دەبەن، ئێستا بە دانیشتووانی ئەو قەفەسە دەڵێن دەنگ بە نەخێر بدەن؛ لەوێ بمێننەوە باشترە. ئەو کەسانە بەرژوەندی و ئارەزووی ژیانیان نە لە کوردستانە، نە لە عێراقە؛ چۆن واقعییانە بڕیار دەدەن؟ هەر کاتێك بیانەوێت لە شەقەی باڵدەدەن و، بەئازادی دەردەچنەوە بۆ ئەو وڵاتەی لێی هاتوون.

دوای ڕيفراندۆم، کۆتاییهێنان بە دۆخی پێش ڕيفراندۆم؟

بە دووری دەزانم کە دەنگی "نەخێر" سەربکەوێت. ئەگەر ڕووی دا، ئەوا کوردستانی عێراق بەرەو پارچەپارچەبوون و ناسەقەمگیرییەکی درێژخایەن دەڕوا. ئەوەی چاوەڕێ دەکرێت، ئه‌وه‌یه‌ کە دەنگی "بەڵێ" سەربکەوێت. دەنگی بەڵێ، هیوای لەمێژینەی كوردستانییەکانە. دوای سەرکەوتنی بەڵێ، کوردستان بە قۆناغێکی نوێدا تێپەردەبێت. زاراوە سیاسی و یاسایییەکان، پێویستە دووبارە پێناسە بکرێنەوە. پێگەی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە پرسێکی ناوخۆییی عێراقییەوە بەرەو پرسێکی نێودەوڵەتی دەڕوات. لە ڕوانگەی عێراقەوە هەرێمێکی فیدراڵی دەمێنینەوە، بەڵام كوردستان قەوارەیەکی خۆئامادەکەر دەبێت بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ. کوردستانی سه‌ربه‌خۆخواز بە قۆناغێکی گوازراوە تێپەڕ دەبێت: نە دەوڵەت ڕادەگەیەنێت، نە وه‌ك بەشێك لە عێراق دەمێنێتەوە؛ سەربەخۆیییەکی دیفاکتۆ دروست دەبێت. هیوادارین کە ماوەی نێوان ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، کورت بێت.

پێش ڕیفراندۆم، خیتاب (گوتار/دیسكۆرس)ە سیاسییەکان زۆر گرنگن. هونەری خیتاب، پێویستە بەجوانی کاری لەسەر بکرێت لە بابەتێکی هەستیار وەك سەربەخۆیی. بەگشتی دوو جۆر خیتاب لەم قۆناغەدا پێویستن: یەکەم، ئەو خیتابانەن كه‌ ئاراستەی دەرەوە دەکرێن. دووەم، ئەو خیتابانەن کە ئاراستەی دەنگدەری ناوخۆیی دەکرێن. کاتێك خیتابێك دەربارەی سەربەخۆیی ئاراستەی دەرەوە دەکرێت، پێویستە چەند خاڵێک لەخۆ بگرێت، لەوانە: بەبيرهێنانەوەی ئێش و مەینەتییەکانی گەلی کوردستان لە ڕابردوودا، مافی چارەنووسی زەوتلێکراو، مافی بەدەوڵەتبوونی کوردستان و، ئه‌وه‌یش كه‌ دەوڵەتی نوێی کوردستان بۆ کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی دەبێتە مایەی سەقامگیری. خیتابەکانی کە ئاراستەی ناوەوە دەکرێن، پێویستە پڕ بن لە هیوا، گەشبینی، ژیانێکی باشتر و دروستکردنی متمانە بە داهاتوو. پێویستە کار لەسەر ئارەزوو و پێداویستییە سەرەکییەکانی دەنگدەرانی نەخێر بکرێت؛ دەنگی نەخێر، دەبێت کەمترین ڕێژە تۆمار بکات. ئەوەی هەستمان پێ کردووە، کارێکی شیاو کراوە لەو خیتابەنەی کە ئاراستەی دەرەوە دەکرێن، بەڵام ئەو خیتابانەی ئاراستەی دەنگدەری کوردستان دەکرێن، زۆر کەم بیستراون. لەبیرمان نەچێت، سەرکەوتن لە ڕيفراندۆمدا بەندە بە تاكەکانی کۆمەڵگەوه‌، بە هەموو ئاڵۆزی و جیاوازییەکانییەوە. دەوڵەتانی جیهان لە کاتی ڕیفرامدۆمدا تەنیا وەكوو چاودێر دەمێننەوە. ڕۆڵی دەوڵەتان لە دوای ڕيفراندۆم زۆر کاریگەر دەبێت.

ئێستا کاتی ئەوەیە کە خەڵک تێ بگەیەنرێت، كه‌ پێش ڕیفراندۆم وەكوو دوای ڕیفراندۆم نابێت. خیتابی ناوخۆیی بۆ ڕیفراندۆم، پێویستە بەرەو داهاتوو ئاراستە بکرێت نەك بەرەو ڕابردوو. باشترە بگوترێت کە ئاییندەیەکی گەش چاوەڕێمان دەکات، چارەنووسێکی پڕمتمانە و کەرامەت ئامانجی ڕيفراندۆمە، بارێکی ئابووریی باشتر بەڕێوەیە و لەژێر سێبەری دەوڵەتێکی ئاشتیخوازدا دەحەسێینەوە. سروشتی مرۆڤ ئاوایە: لە بڕیارەکانیدا بۆ داهاتوو دەڕوانێت و، کەمتر بیر لە مێژوو دەکاتەوە. هەموو هەوڵەکانی دوای ڕيفراندۆم، بۆ ئەوەیە کە دەوڵەتێكی کوردستان دابمەزرێنین، زۆر جیاواز، ئاشتیخواز و زۆر تۆکمەتر لە عێراق.

دوای ڕیفراندۆم، سەردەمێکی نوێ دروست دەبێت. وتووێژەکان لەگەڵ دەوڵەتی دایك (عێراق) و وڵاتانی دراوسێ و جیهان زۆر گرنگن. ڕيفراندۆم کارتێکی هەرە بەهێز دەبێت. دەتوانین بە هەموو جیهان بڵێین کەوا گەل بڕیاری سەربەخۆییی خۆی داوە. چیتر هیچ کەسێك، یان دەوڵەتێکی تر ناتوانێت لە جیاتی خەڵکی کوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی بدات. لەوانەیە دانوستاندنەکان لەگەڵ عێراق هیچ ئەنجامی نەبێت، یان ئەنجامێکی باشی هەبێت کە جۆرە هاوبەشییەکی دراوسێتیی باش، یان جۆرە کۆنفیدراڵییەک دروست ببێت. سروشتی کۆنفیدراڵی ئەوەیە کە لە نێوان دەوڵەتانی سەربەخۆ ئەنجام دەدرێت. واتە قۆناغی یەکەم سەربەخۆبوون، ئینجا کۆنفیدراڵی قۆناغی دووەمە و ڕێکكەوتنی لەسەر دەکرێت. شایەنی گوتنە، کۆنفیدراڵی، مەرج نییە لەگەڵ عێراق بێت.

لەوانەیە شێوازێکی تری دەوڵەت ڕابگەیەنرێت کە بە دەوڵەتی بێلایەن ناسراوە. سویسرا لە ساڵی ١٨١٥ەوە لە کێشە ئەوروپییەکاندا بێلایەنە. ئایا کوردستانی سەربەخۆ دەتوانێت بێلایەنیی خۆی لە کێشە ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕابگەیەنێت؟ سویسرا وەكوو کوردستانی عێراق، وڵاتێکی "خاكداخراو" و فرەزمان و فرەکەلتوورە. لە هەموو بژاردەکانیش پڕماناتر ئەوەیە کە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی تەواو ڕابگەیەنرێت و، سیاسەتێکی دەرەکیی تایبەت بە خۆی هەبێت. هەوڵبدات ببێت بە دەوڵەتی ئەندامی ژمارە ١٩٤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples