دەستپێك:
ئەوە بۆ دووەم ساڵە لەسەر یەك، پرسی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بۆتە پرسی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. بۆ یەکەم جار لە مێژوو، ئەم پرسە لە بڕیاری (٢٢٩٩)ی ڕۆژی ٢٥/٧/٢٠١٦ خرایە نێو دەقەکانی ئەم بڕیارەوه. دوای ساڵێك دیسانەوە، لە ١٤/٧/٢٠١٧ ئەم پرسە خۆی لەناو بڕیاری (٢٣٦٧)دا دووبارە کردەوە. لەم کورتە باسەدا، باسی ناوەڕۆکی ئەم بڕیارە دەکەین كه چ پەیوەندییهكی بە کوردستانەوە هەیە و، هەوڵدەدەین لەژێر ڕۆشناییی ئەو دۆخەی کە کوردستان و عێراق پێیدا تێپەڕ دەبن، شرۆڤەیەکی بۆ بکەین.
زیاتر لە ٢٥ ساڵ دەبێت پەیوەندیی نێوان نەتەوە یەکگرتوووەکان و عێراق بەردەوامیی هەیە. نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەرکردنی عێراق لە کوێت، هاوپەیمانێتیی سەربازیی دروست کرد. هەر نەتەوە یەکگرتووەکان گەمارۆی ئابووریی بەسەر عێراق و کوردستاندا سەپاند. هەر نەتەوە یەکگرتووەکان بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراک و بەرنامەی چەكداماڵینی دژی عێراق دامەزراند. عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان مێژوویەکی سەیر و سەمەرە کۆیان دەکاتەوە. ژمارەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە عێراق، (٨٠) بڕیاری تێپەڕاندووە. بڕیارەکان "بۆ" یان "دژی" عێراق دەرچوونە. زۆربەی زۆری بڕیارەکان، جێبەجێکردن و دارایییەکەیان خراوەتە ئەستۆی عێراق. لە ساڵی ١٩٩٠ەوە تاوەکوو ئەمڕۆ، عێراق مەیدانێکی زۆر بەپيت بووە بۆ چالاکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەر لەو ساڵەوە، کەم تا زۆر، بەشێك لە کایەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەتاوەکوو سیاسیی عێراقیش لە دەستی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. پێویستە بڵێین، نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق بە پەروەردەی دەستی خۆی دادەنێت و، هەوڵدەدات بيپارێزێت.
مەبەستی سەرەکیی دوایین بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە (٢٣٦٧)، درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ یارمەتیدانی عێراق، کە بە يونامی (UNAMI)ناسراوە. لە هەندێك شوێنی ئەم بڕیارەدا، هەست به جۆرە گۆڕانکارییەک دەکەین لە هەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر هەرێمی کوردستان– قەوارەیەکە، دەوڵەتی ڕانەگەیاندووە. ئەوە بۆ ماوەی ساڵێك دەبێت، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دوایین بڕیارەکانی تەنیا ئاراستەی عێراق ناکات، بەڵکوو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاراستەی هەرێمی کوردستانیشی دەکات. بڕیاری ژمارە (٢٢٩٩)ی ڕۆژی ٢٥/٧/٢٠١٦ و دوایین بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە (٢٣٦٧)ی ڕۆژی ١٤/٧/٢٠١٧، لە ناوەڕۆكدا زۆر لە یەك نزیکن. بەڵام دۆخەکە گۆڕاوە و، هەرێمی کوردستانی عێراق بڕیاریداوە ڕيفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدات. ئەنجومەنی ئاسایش هەر دوو بڕیارەکەی ئەمساڵ و پار ساڵی بە هەمان ناوەڕۆك داڕشتووە؛ گۆڕانکاریی تێدانییە. هەرچەندە ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا، پێش دەرچوونی بڕیارەکە زۆر بەئاشکرا باسی لە ڕيفراندۆمی سەربەخۆیی کردووە. ئەم حاڵەتەیش ئاماژەیەکی باشە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە پرسی ڕيفراندۆمی سەربەخۆیی، بە هەڕەشە بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دانەنراوە؛ بۆیە پێویست ناکات ئەنجومەنی ئاسایش دەستێوەردان بکات.
لەگەڵ ئامانجە سەرهکییەکەی بڕیارەکە، ئەنجومەنی ئاسایش وەك دابونەريتێکی خۆی، لە پێشەکیی هەر بڕیارێكدا کە دەریدەچوێنێت، چەند پەیامێك و بيرخستنەوەیەك دەنێرێت. لە بڕیاری (٢٣٦٧)، چەند پەیامێك هەیە پێویستە هەڵوهستەیان لەسەر بکەین، کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە هەرێمی کوردستانهوه هەیە. دەتوانین ئەم پەیامانە بکەینه دووبەش: بەشی یەکەم، ناوی هەرێمی کوردستانی تێدا هاتووە. بەشی دووەم، بابەتەکە پەیوەندیی تەواوی بە هەرێمەوە هەیە، کەچی ناوی کوردستان نەهاتووە؛ ئینجا لەبەر ههر هۆیەك بێت، کە بەدرێژی دێینە سەری.
سەرنجی یەکەم: نەتەوە یەکگرتووەکان، وەك پيشەی هەميشەییی خۆی، هەوڵ دەدات ڕێگە لە گرژی و ئاڵۆزی و جەنگ بگرێت. لەم بڕیارەدا، ئەنجومەنی ئاسایش گرنگییەکی تەواو دەدات بەوەی کە "هاوبەشییەکی ڕاستگۆیانە" (Genuine partnership) لە نێوان حکوومەتی عێراقی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان،لە چەند تەوەرێکی دیاریکراودا هەبێت: دەستپێکردنەوەی دیالۆگێکی سیاسیی نێوان هەردوو لایەن، نەکردنی هەر کارێك و ڕاگەیاندنێك کە ئاڵۆزییەکان قووڵتر بکاتهوه، چارەسەرێكی دادپەروەرانە بۆ دابەشکردنی سەرچاوەکان، چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هاوتا بۆ پرسی سنووری ناوخۆییی ناوچە جێناکۆکەکان و ڕێزگرتنی دەستوور.
هەڵبەتە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم جۆرە کێشانەدا، ناچێتە بنج و بنەوانیانهوه وبڵێت کێ خەتابارە. ئەوەی لە سەرنجی یەکەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، نەتەوە یەکگرتووەکان هەستی بهوه کردووە کە ئەم خاڵانە لە نێوان عێراق و كوردستاندا کێشەن. لە بنەڕەتدا، ئەم کێشانە بە نیسبەت ئەم ڕێکخراوەوە، بە پێی بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەمیشە پرسی ناوخۆیی بوونه و، نابێت دەستێوەردانی تێدا بکات. ئەوەی سوودی بۆ کورد هەیە ئەوەیە کە، ئەم پرسانە لە چوارچێوەی عێراقدا قەتیس نەماون، بەڵکوو ئەم بابەتانە بەنێودەوڵەتی بوونە و، گەیشتوونهتە ئەو ڕاددەیەی کە ببن بە بەشێك لە بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەروەها شتێکی تریش هەیە، ئهویش ئهوهیه كه ئەم پەیامە ئاڕاستەی عێراق کراوە؛ ئەرکەکەیشی بە پلەی یەکەم لەسەر دەوڵەتی عێراقە كه بۆ چارەسەری کێشەکان دەستپێشخەری بکات. چارەسەری ئەم کێشانەیش دووقۆڵی دەبن لە نێوان دوو حکوومەتی هاوتای عێراقی و کوردستانی.
لێرەدا، ئەنجومەنی ئاسایش، داوای ڕێزگرتن لە دەستوور دەکات. کۆمەڵگهی نێودەوڵەتیش هەستی بهوه کردووە، کە دەستووری عێراق پێشێلکراوە. ئەم خاڵە دەریدەخات، کە حکوومەتی عێراق نیازپاک نەبووە لە جێبەجێکردنی دەستوور؛ دەستوور وەك گرێبەستی کۆمەڵایەتی و سیاسیی عێراق، شکستی هێناوە. سەرۆکی هەرێم ڕای گەیاندووە کە عێراق زیاتر لە (٥٥) ماددەی دەستووری پێشێل کردووە، کە ئەمە نیشانەی کارەساتێکی سیاسی و یاسایییە لە عێراق. بنیاتنانەوەی عێراق، نەك تەنیا لە ڕووی ئەمنی و سیاسییهوه شكستی هێناوە، بەڵکوو لە ڕووی یاسایی و دەستوورییشەوە لە دۆخێکی ترسناكدایه.
سەرنجی دووەم: هەستمانکردووە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و شاراوه هەندێك لە دەقی بڕیارەکەی ژمارە (٢٣٦٧) ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراوە، بەبێ ناوهێنانی لە هەندێك پرسی پەیوەندیدار بەم هەرێمەوه. ئەنجومەنی ئاسایش ئامرازێکە بەدەستی دەوڵەتان، یان باشتر بڵێین بە دەستی زلهێزەکانهوه. نەتەوە و هەرێم و هەر قەوارەيەك کە وڵات نەبێت، بە زەحمەت جێی دەبێتەوە. لێرەدا بە شێوەی چەند خاڵێك ئەم بابەتە دەخەینە ڕوو، کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی واقعییانەدایڕشتووە، هەندێك لە هەڵوێستەکانیش جێی ڕەخنەن:
تێبینیی یەکەم: ئەو کار و دەزگهیانەی کە حکوومەتی هەرێم،سازی کردوون و پەیوەندییان بە بابەتی بڕیاری ٢٣٦٧هوه هەیە، نەبوونەته بەشێك لەم بڕیارە. بۆ نموونە، دروستکردنی دەستەیەکی باڵا لە ئاستی وەزارەتەکانی هەرێم بۆ پرسی بەبەڵگەکردن و لێكۆڵینەوە لەوتاوانانهی دژی ئێزیدییەکان كراون، کەچی دروستکردنی لێژنەیەکی تایبەت لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقییەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوان و پێشێلکارییەکان، پێشوازییەکی گهرمی لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشهوه لێکراوە.
تێبینیی دووەم: گەورەترین ناهەقی لهم بڕیارەدا ئهوهیه كه، دەستخۆشی لەو سەرکەوتنانە دەکات کە "حکوومەتی عێراقی" لە ڕزگارکردنی شنگاڵ و بێجی و ڕومادی ومووسڵ و شوێنی تردابەدەستی هێناون. ڕوون و ئاشکرایە کە کێ شنگاڵی ڕزگارکردووە. ئەگەر دەست و بازوو و قوربانیی پێشمەرگە نەبووایە، زۆر زەحمەت بوو باس لە ڕزگارکردنی ئەم شارانە بکرێت. ئەمە تەنیا قسەی من نییە. هەموو جیهان ئەم شایەتییە دەدەن و، لە ڕاپۆرتەکانی نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە، ئەم ڕاستییە پشتڕاست کراوەتەوە.
بۆ تێگەییشتنی سەرچاوەی ئەم ناهەقییە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ چۆنێتیی دەرکردنی ئەم بڕیارە. بڕیاری ٢٣٦٧، لەسەر داوای وەزیری دەرەوەی عێراقی، ئیبراهيم جەعفەری، دەرچووە. نامەکەی وەزیر لە ڕۆژی ١٤/٦/٢٠١٧، لە ڕێگهی نوێنەری هەمیشەییی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، محەمەد ساحێب مەرزوق، گەیەنراوەته ئەمينداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. بۆ داڕشتنی ئەم جۆرە بڕیارە، کە دەوڵەتانی ئەندام هيچ لارییەکیان لە مەبەستە سەرهکییەکەی بڕیارەکە نەبووە، دەڕواننە دەمی دەوڵەتی پەیوەندیدار، کە لێرەدا عێراقە. هەروەها پێش دەرکردنی ئەم بڕیارە، چەندین ڕاپۆرت لە دەزگه جیاوازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانهوه لە عێراق و کوردستان،بۆ ئەم ئەنجومە نەهاتوون. گرنگترین ڕاپۆرتيش ئەو ڕاپۆرتانەن کە سێ مانگ جارێك نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی لە عێراقەوە دەینووسێت و، باس لە ورد و دروشتی ئەو ڕووداوانە دەکات کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویانداوە. لەم ڕاپۆرتانەدا، ڕۆڵی بەهێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژی داعش، زۆر ئاشکرا و بهرجهستهیه. بۆ نمونە، ڕاپۆرتی ٢٦/١/٢٠١٦، ژمارە S/2016/77، لە پەرەگرافەکانی (٢) و (٥٠)، زۆر بەڕوونی باسی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە شنگاڵ دەکات.
کاتێك دەستبە داڕشتنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش دەکەن، دەوڵەتان بەرامبەر سەروەریی دەوڵەتی پەیوەندیدار هەستیار دەبن.ئەنجومەنی ئاسایش، توندترین داکۆکیکاری سەروەریی وڵاتانه. چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەك لە وشەکانی بەکارهاتوو و ڕۆحی دەقەکانەوە دەردەکەوێت، تەنیا مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتان دەکات. بۆیە سیستەمی بەرگریی هەر دەوڵەتێك، بە یەك چاو سەیر دەکرێت. عێراق لەو دەوڵەتە دەگمەنانهی جیهانه، کە چەندین هێزی بەرگریی تێدایە: سوپای عێراقی، پێشمەرگە، حەشدی شەعبی، حەشدی وەتەنی و هێزی هۆزەکان. نەتەوە یەکگرتووەکان، خۆی لە دانپێدانان بە یەك بە یەکی ئەم هێزانەبەدوور دەگرێت. بۆیە هێزی پێشمەرگە، هەرچەندە بناغەیەکی یاسایی و دەستووریی خۆی هەیە، بە ئاگری نادەستووریبوونی هێزەکانی تری عێراقی، سووتاوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، داڕێژەرانی ئەم بڕیارە، جۆرە چارەسەرێکی شاراوەیان دۆزیوەتەوە كه ئێمە لە خاڵی سێیەمدا ڕوونی دەکەینەوە.
تێبینیی سێیەم: سەرنجی خوێنەر بۆ دەستەواژەی هاوبەش، یان هاوبەشەکان لە بڕیاری ٢٣٦٧ ڕادەکێشم، كه لە دەقە عەرەبییەکەدا بە "شراکة"یان "شركاء" هاتووە. لە دەقە ئینگلیزییەکەیشدا، بە Partnership یان Partners هاتووه. لە سەرنجی یەکەمدا باسمان کرد، کە ناوی حکوومەتی هەرێم بە ئاشکرا لەو بڕیارەدا هاتووە کە داوای "هاوبەشییەکی ڕاستگۆیانە" لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقدا کراوە.ئەنجومەنی ئاسایش دەزانێت كه عێراق کێشەی زۆرە. هەندێ لهو كێشانه، بەبێ بەشداریکردنی حکوومەتی هەرێم چارەسەر نابن. لە دەقەکانی دواتردا، چەندین جار " حکوومەتی عێراق و هاوبەشەکانی" دووبارە بووهتەوە. لێرەدا، ئەگەر بەوردی دەقی بڕیارەکە و ڕاپۆرتەکانی پێشتر بخوێنینەوە، بۆمان دەردەکەوێتمەبەستیان حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بەبێ ئەوەی ناوی بهێنن. چونکەلەوانەیە عێراق، ناوهێنانی دووبارەی قبووڵ نەکردبێت، کە ههر خۆی داوایکردووە ئەم بڕیارە دەربچێت.
بۆیە داڕێژەرانی دەقی بڕیارەکە، زیرەکانە جیاکارییەکیان لە نێوان حکوومەتی عێراقی و هاوبەشەکەیدا (کە هەرێمی کوردستانه) کردووە، بێ ئەوەی حکوومەتی عێراق هەستیار بێت. بۆ نموونە، ئەنجومەنی ئاسایش داوای لە حکوومەتی عێراق و هاوبەشەکانیکردووە، بە زووترین کات و بەپارێزراوی، ئاوارەکان بگەڕێننەوە ناوچەکانی خۆیان، یان دەستخۆشیی لە دەوڵەتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە یارمەتیی حکوومەتی عێراقی و هاوبەشەکەیانیان داوه، یان دەستخۆشی لە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق و هاوبەشەکانی دەکات لە پێناو ڕيشەکێشکردنی داعش و هتد.
بە مانایەکی تر، لە هەموو بڕیارەکانی پێشووتری ئەنجومەنی ئاسایشدا، عێراق بە یەك چاو و بە یەك قەوارە لە قەڵەم دەدرا، کەچی حکوومەتی ئێستای عێراق، یەك قەوارە نییە بەڵکوو هاوبەشی هەیە. لەوانەیە ئەمیندارەکانی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەردانەکانیان بۆ هەولێری پایتەخت، هەستێکی تەواویان بەم واقعە ڕوون و ئاشكرایه کردبێت. ئەم ڕوانگە نوێیەی نەتەوە یەکگرتووەکان –ڕێکخراوێكی پڕاوپڕ هەڵچنراو بە سەروەریی وڵاتان- بۆ هەرێمی کوردستان جێی هەڵوهستەیە. پێگەی هەرێمی کوردستان، وەك هاوبەشێك بۆ حکوومەتی عێراق، پێناسەیەکی نوێیە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانهوه. هاوتاکردنی حکوومەتی عێراقی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان، خۆی لە خۆیدا دەتواندرێ دەستکەوتی یاسایی و سیاسیی کاریگەری لە لایەن هەرێمەوە لەسەر بنیات بنرێت.
لە کۆتاییدا، هاوبەشیکردنیش بنەما و لۆژيکی تایبەت بە خۆی هەیە. شاراوە نییەهاوبەشیکردن لە نێوان دوو قەوارەی هاوسەنگدا دەبێت:حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق. دەوڵەتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش باش دەزانن، هاوبەشی تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت كه ئیرادە و بەرژەوەندیی هاوبەش هەبێت. کاتێك نەما، هاوبەشبوونيش کۆتایی دێت. سەرۆکی هەرێم زۆر ڕاشکاوانە باسی لە پێشێلکردنی بنەمای هاوبەشی (شەراکەت) كردووە لە لایەن حکوومەتە یەك لە دوای یەکەکانی عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٥. ئێستا کوردستان و عێراق دوو قەوارەی جیان، نە دەزگا بەرگرییەکانیان یەکە، نە ئابوورییان یەکە، نە ستراتیژییەتیان یەکە و نە ناسنامەیان یەکە. تەنیا لە ناو بەڵگهنامەکاندا یەكپارچەییی خاکی عێراقمان بەرچاو دەکەوێت، كه لە واقعدا نەماوە. هاوبەشییەکان لە دەقی دەستوورێکی جێبەجێنەکراودا خۆی دەبينێتەوە. ئەنجومەنی ئاسایش خۆی دەڵێت ڕێزی دەستوور بگرن؛ دیارە باش دەزانێ، عێراق نەدەیەوێت و نەدەتوانێت ڕێزی لێبگرێت.
ئەوەی لە ڕۆحی ئەم بڕیارەوە دەیخوێنینەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە "داکۆکیکەری بێمەرج"ی یەكپارچەییی خاکی عێراقەوە، بەرەو "بێلایەنی" دەڕوات لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. سەبارەت بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، هێشتا ئەم پرسە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان یەكلا نەبۆتەوە. بڕیاری ڕیفراندۆم لە ٧/٦/٢٠١٧ درا. ڕاپۆرتەکەی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش،پێش دەرچوونی بڕیاری ٢٣٦٧، بەدرێژی ئاماژەی بۆ کردووە، بەڵام ئەم بڕیارە کە مانگێك زیاتر دوای بڕیاری ڕیفراندۆم دەرچووە، بە هیچ شێوەیەك نەیویستووە لەمبارەیەوە هەڵوێستیان هەبێت. وا دیارە، تا ئەمڕۆ پرسی سەربەخۆییی کوردستان، بە هەڕەشەیەك بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نازانرێت. یەکێك لە ئەرکەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتییە. پرسی سەربەخۆیی نەك هەڕەشە نییە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵکوو چارەسەرە بۆ ئەو قەیرانە مرۆیی و سیاسییانەی کە ڕووبەڕووی عێراق و ناوچەکە بوونهتهوه. کەمایەتییه ئایینی و نەتەوەیییەکان لە عێراق نەمان، کەچی لە هەرێمی کوردستان بە باشترین شێوە پارێزگارییان لێكراوه و مافەکانیان پارێزراوه. نەك تەنیا کەمایەتییەکان، عەرەبی زۆرینەی عێراق، خۆی لە هەولێر بە پارێزراوتر دەزانێت وەك لە بەغدای عەرەبی.