کاتی نەتەوەی بێوڵات و کاتی دەوڵەتانی سەربەخۆ

دەستپێك:

لەم جیهانەدا کە تێیدا دەژین، دوو جۆرە کات هەیە: کاتی نەتەوە بێوڵاتەکان و کاتی دەوڵەتانی سەربەخۆ. نەتەوەی بێوڵات نەك تەنیا لە نەخشەی جیهاندا جێی ونە، بەڵکوو لە مێژووی وڵاتانی سەربەخۆشدا ئەم نەتەوانە، یان ناخوێنرێنەوە یان بە دژەدەوڵەت لە قەڵەم دەدرێن. نەتەوەی بێوڵات لە کات و مێژووی جیهانیش بێبەش دەکرێن. کاتژمێری دەوڵەتانی سەربەخۆ بە شێوەیەکی ئاسایی لێ دەدات، بەڵام چرکەکانی کاتژمێری نەتەوەیەکی بێوڵات یەك لە دوای یەك نایەن، بەڵکوو لە نێوان هەر چرکەیەك و چرکەیەك، لەوانەیە دەیان ساڵی کاتی ئاسایی تێپەڕ بێت. ئەو کاتژمێرەی لە دەستی نەتەوەیەکی بێوڵاتدایە، میلەکەی دەیان، یان سەدان ساڵ لە دوای دەوڵەتێکی سەربەخۆیه‌.

لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەرواری ٢٥/٩/٢٠١٧ بۆ ڕيفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان، زۆربەی گوتارەکان سەبارەت بە ڕيفراندۆم، بە ڕەهەندی کاتەوە گرێ دراون. لە لایەکەوە دەگوترێت کە ئەمە دەرفەتێکە بۆ گەلی کوردستان؛ بڕوات ناگەڕێتەوە. لە لایەکی ترەوە، هەندێك وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی ئەمریکا و هەندێك وڵاتی ئەوروپی، دەڵێن ئێستا کاتی ڕیفراندۆم نییە، ئەدی کەی کاتییه‌تی؟ وەڵاممان دەست ناکەوێت. جووڵانەوەیەك لە ناوخۆی هەرێمیش دروست بووە هەمان قسە دووبارە دەکەنەوە. لێرەدا، هەوڵ دەدەین چەند وانەیەكی بچووك سەبارەت بە پرسی کات و ڕيفراندۆم و تێڕوانینی جیهان لەسەر ئەم پرسە بخەینە ڕوو. لە ڕێگه‌ی ئەم نووسینەوە بەراوردێك لە نێوان کاتی نەتەوە بێوڵاتەکان و کاتی دەوڵەتانی سەربەخۆدا دەکەین.

وانەکانی کات

یەکەم: کات، دوو سەرئێشەی بەردەوامی هەیە. ئەم دوو سەرئێشەیە، دەکرێت دەروونی، کۆمەڵایەتی، یان ئابووری بن و، دەکرێت پەیوەندییان بە چارەنووسی میللەتێکەوە هەبێت. یەکەم سەرئێشە ئەوەیە کاتێك دەڵێن "کاتی ماوە". دووەمیان زۆر مەترسیدارترە، کاتێ كه‌ پێت دەڵێن "کاتەکەی بەسەر چوو". ئێستا هەندێك دەوڵەتی خاوەنی سەروەری، پێمان دەڵێن "کاتی ماوە" بۆ ڕیفراندۆم؛ جۆرە هەستێكت پێ دەبەخشن لە نێوان ئازار و هیوادایە. ئازارەکەی ئەوەیە کە پێمان دەڵێن کوردستان ناتوانێت، یان نازانێت کاتێکی باش بۆ خۆی بۆ سەربەخۆیی دیاری بکات. هیواکەیش ئەوەیە كه‌ پێمان دەڵێن "چاوەڕێ بکەن جیهان شتێکی باشی بۆ كوردستان هەڵگرتووە؛ لە کاتی خۆیدا پێتان دەدەین." بەڵام ئەوەی بۆ نەتەوەیەکی بێوڵات جێی مەترسییە، ئه‌وه‌یه‌ بەردەوام بە کوردستانیان بگوترێت "کاتی ماوە"؛ تا ڕۆژێك پێی بڵێن "کاتەکەی بەسەر چوو."

دووەم: کاتێك دەوڵەتێك دەڵێت "کاتی نییە"، یان "کاتی ماوە" بۆ ڕیفراندۆم، دەتوانین بە شێوەیەکی تریش ڕاڤەی بکەین. ئەم ڕاگەیاندنە، ڕاکردنە لە پرسێکی ئاڵۆز. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست واتە ناسەقامگيری؛ واتە دەمارگیریی ئایینی بۆ وڵاتانی جیهان. هەندێك دەوڵەت، هه‌م نایانه‌وێ دژی یەكپارچەییی خاکی عێراق قسە بکەن، هه‌میش نایانەوێ ئارەزوو و هیواکانی کورد ڕەچاو نەکەن. لە کۆتاییدا، دەستەواژەی "کاتی نییە"، لە بەرژەوەندیی پرسی دەوڵەتێکی بێوڵاتدا نییە، چونکە دەوڵەتان باش دەزانن ئەو کاتەی ئەوان مەبەستیانه‌، هەمان ئەو کاتە نییە کە کوردستانیان مەبەستیانە. وەكوو باسمان کرد چەمکی کات لای میللەتێکی ژێردەستە و میللەتێکی سەربەخۆ، هەمان پێگە و مانای نییە.

سێیەم: گرێدانی گوتاری کات بە ڕيفراندۆمەوە، باشییەك و زیانێکی بۆ گەلی کوردستان هەیە. سوودەکەی ئەوەیە کاتێك دەوڵەتێك دەڵێت "کاتی نییە"، واتایەکی تێدایە کە ئەوان دژی بنەمای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی نین بەڵام کێشەکەیان لە کاتدایە. زیانەکەیشی ئەوەیە لەوانەیە ئەو دەوڵەتانە بیانەوێت ئەو ئارەزوو و هێزەی کە هەرێمی کوردستان ئێستا هەیەتی، دابمرکێتەوە و، لە کاتێکی تردا داوای ئەم ڕیفراندۆمه‌ نەکات. وەك لە سەرەوە گوتمان، دەوڵەتێك و نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، لە یه‌ك کاتدا ناژین. ئەو شتەی بۆ دەوڵەتێك ده‌لوێت، بۆ نەتەوەیەك لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا مەحاڵە. کوردستانییەکان لە جۆرە چاوەڕوانییەکدا دەژین، دەوڵەتان زۆر لەمێژە تێیان پەڕاندووە. ئەم هەقیقەتە پێمان دەڵێت: نەتەوەی بێوڵات، لە هەموو شتێك لەگەڵ دەوڵەتێکی سەربەخۆ جیاوازە؛ لە شێوازی بيرکردنەوە، لە ستراتیژییەت، لە تەکتیك و لە ئامانج.

چوارەم: کاتی کوردستان، کاتێكی وابەستەیە بە دەرفەت و ڕێکەوتەوە. کاتی دەوڵەتانی سەربەخۆ سیفەتێکی "ڕيتمی"ی هەیە، واتە هاوسەنگییەك و ڕێکوپێکییەك لە کاتیاندا هەیە. دەوڵەتانی جیهان بەئاسانی هەر چوار وەرزەکان بەڕێوە دەبەن، واتا خۆیان بۆ خۆشی و ناخۆشییەکانی ڕووداوەکان ئامادە کردووە؛ بەڵام نەتەوەیەکی بێوڵات، هەردەم لە وەرزێکی ناخۆشدا دەژیت کە بە دڵی نییە. هەر کاتێك بەهارێك هات، دەبێت ئەم جۆرە نەتەوانە بزانن چۆن بیقۆزنەوە، چونکە بەهارێکی تر لەوانەیە سەد ساڵی تر بێتەوە. بەڵام دەوڵەتی خاوەن سەروەری، زۆر باش دەزانێت کە کات و کارتەکان لە دەستی خۆیدایه‌؛ ئەگەر لە دەستی خۆیشیدا نەبێت، دەتوانێت دوای کاتێکی دیاریکراو جڵەوی پرسەکان بگەڕێنێتەوە ژێر دەستی خۆی.

پێنجەم: میللەتانی بێوڵات، هەستکردنیان بە کات لاواز دەبێت، یان لاواز دەکرێت. نەتەوەی بێوڵات هەر کاتێك هەنگاوێك بنێت پێی دەڵێن: پەلە دەکەیت، پرسەکە خێرا نەکرێت، پرسەکە سەرەڕۆیییەکی تێدایە، پرسەکە نابێت هەر ئێستا بکرێت، پرسەکە پێویستە بەمۆدێرنە بکرێت، دەرفەتێکی باشتر هەیە و هتد. نەتەوەی بێوڵات هەندێك جار چەمکەکانی "ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو"ی لێ تێکەڵ دەبێت. لە ساڵی ١٩٩١ و لە ساڵی ٢٠٠٣ش، نەدەزانرا "کەی دەرفەتە"، "کەی کاتی بەسەر چووە"، "کەی کات لە دژتدایە"، "کەی کات لە بەرژوەندیتدایە". لە ڕۆژی ئەمڕۆدا هەندێك گوتاری ناوخۆی هەرێمی کوردستان هه‌ن، له‌ پرسی دەرفەت و "کات لە به‌رژه‌وه‌ندیتدایه‌" تێ نەگەیشتوون. "پاسکال" قسەیەکی جوانی لەسەر ئەم بابەتە هەیە، كه‌ دەتوانین بە باشترین چارەسەر بۆ هەستنەکردن بە کات دایبنێین. پاسکاڵ دەڵێت: "ئێستا قەت ئامانج نییە، بەڵکوو ڕابردوو و ئێستاش ئامرازن، تەنیا داهاتوو ئامانجە." ئەم قسەیە، دەکرێت بکرێت بە دروشمی نەتەوەیەکی بێوڵات بۆ سەربەخۆیی. ئێستا میللەتێکی بێوڵات چەند سوودی بۆ ئەم جیهانە هەبێت و چەند جەنگیان لە جیاتی بکات، کە دێتە سەر پرسی سەربەخۆیی، ئەوان پێت دەڵێن لە کاتێك دەژیت کە جیاوازە لەو کاتەی جیهان. یان بە شێوەیەکی تر، هەندێك وڵات بە کوردستانیان دەڵێن: کاتی ئێوە لە دەستی ئێمەدایە، نەك بە دەستی ئێوە.

شەشەم: لە کوردستان دەبووایە دەسەڵاتی یاسادانانمان زۆر چالاکانە لە هەموو مەیدانەکاندا کارا بووایە، بەتایبەتی لە پرسێکی چارەنووسسازی وەكوو ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی. پەرلەمان لە وڵاتاندا بەقەد ڕۆژنامە ڕۆژانەکان کاران و، بە یاسا وەڵامی ورد و درشتی پێداویستییەکانی میللەت دەدەنەوە. کات لە سەردەمی بێوڵاتیدا زۆر خاو دەڕوات. پەرلەمانی کوردستان، نیشانەی ئەوەیە نەتەوەیەکی بێوڵات لە کاتێکی ئاساییدا ناژیت. پەرلەمانی کوردستان لە تەمەنی ٢٥ ساڵەی خۆیدا، چەندین جار بە هۆی جەنگی براکوژی و ناکۆکیی سیاسییه‌وه‌ لە کارکردن وەستاوە. هەموو یاسا و بڕیارەکانی (٢٥) ساڵی پەرلەمانی کورستان کۆ بکەرەوە، ناگاتە چالاکییەکانی (١) ساڵی پەرلەمانێکی وڵاتێکی ئاسایی، کە ژمارەی دانیشتووانیان لە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمه‌وه‌ نزیك بێت. بێدەوڵەتی ئه‌وهایە! ئەگەر نەتەوەیەکی بێوڵات دەسەڵاتیشی بەدەستەوە بێت، ئەوا چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسیی بچووك هەیە ناهێڵن لەو سنوورە تێپەڕ بکات. لە پەرلەمانی بەلژیکا، یاسای بەرپرسیارێتیی وەزیرەکان، دەبووایە ١٦٤ ساڵ پێشتر دەرچووبایە، بەڵام کە ڕووداوێك ڕووی دا، بە یەك شەو یاسایەکیان بۆ دەرکرد؛ چونکە دەرفەتەکە وای دەخواست. هەروەک باسم کرد، هەستکردنی پەرلەمانی نەتەوەیەکی بێوڵات بە کات و بە دەرفەت، لاواز بووە، یان لاواز کراوە.

حەوتەم: نەتەوەی بێوڵات لە ڕێڕەوی مێژوودا پەکی کەوتووە. چۆنیش میللەتێك لە ڕێڕەوی مێژوودا پەکی دەکەوێت؟ "هانا ئارێنت" بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە: ئەم دیارەدەیە کاتێك ڕوو دەدات کە نەتوانێت "ئێستا" بۆ گرێدانی "ڕابردوو" و "داهاتوو" بەکار بهێنێنت. واتا هەر کاتێك نەتتوانی ڕابردوو بە داهاتوو گرێ بدەیت، ئەوا دەکەویتە دوادواوه‌ی ڕەوتی مێژووەوە. با ڕوونتر بڵێین: ڕيفراندۆم لە ٢٥/٩/٢٠١٧، گرێدانی مێژووی پڕخەباتە بە داهاتوویەکی سەربەخۆ؛ سەرنەکەوتنی ڕيفراندۆم، یان دواخستنی، وا دەکات مێژووی کوردستان دیسانەوە پەکی بکەوێت و، تا کاتێكی نادیار، بکەوینەوە نێو چاڵە تاریکەکانی جیهانه‌وه‌. لە ئەنجامدا، میلی کاتژمێری کوردستان  لە جیاتی بەرەو پێشەوە بڕوات، بەرەو پشتەوە دەڕوات. لەم ئەگەرەدا، درزی نێوان کاتی کوردستان و کاتی جیهان ئەوەنده‌ گەورە دەبێتەوە، کە زەحمەتە بتوانین دەرفەتێكی نوێ بدۆزینەوە.

هەشتەم: مەترسیدارترین خەیاڵ کە لە ناخی تاکی کوردستانیدا بڕوێنرێت، بریتییە لەوەی گومان لە داهاتووی خۆی بکات. هەموو ئەو گومانانەی کە سەبارەت بە دەوڵەتی کوردستان لای تاک دروست دەکرێت، لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە کە مێژوو بۆ داهاتووەکەی، کراوە بە پێوەر. مێژوو ئامرازێکە بۆ ئامانجی دروستبوونی دەوڵەت، بەڵام لە کاتی هەبوونی دەوڵەت، واتای ئەوە نییە چیی خراپ لە مێژووی کوردستاندا ڕووی داوە دیسانەوە دووبارە ببێتەوە. بەڵکوو بەپێچەوانەوە، لە کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەت، لە زۆنێکی بێوڵاتییەوە دەرباز دەبیت بۆ زۆنێکی وڵاتدار. جیهان بە هەمان چاو تەماشای ئەو دوو زۆنە ناکات.

نۆیەم: دوو کایەی گرنگ سەبارەت بە ڕاگەیاندنی دەوڵەت هەن: جوگرافیای سیاسی و کات. دەرفەتێكمان لە ڕابردوو، لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم هه‌بوو؛ نەمانزانی بيقۆزینەوە و، کاتەکەمان لە دەست چوو. جوگرافیای سیاسیی کوردستان لەو سەردەمەدا، بۆ دامەزراندنی دەوڵەت ئامادە نەبوو. ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە؛ جوگرافیای سیاسی تا ڕاددەیەك باشترە. ئەوەی کە زۆر گرنگە، ڕەهەندی کاتە. بەگشتی ئەم خاڵانە لە بەرژەوەندیی کاتی سەربەخۆییی کوردستانن: عێراق لاوازە، ڕایەکی گشتیی جیهانییش پشتگیری لە دۆزی کوردستان دەکات، بەتایبەتی لە جەنگی دژەداعش؛ هەروەها جەنگی تائیفەگەریی ڕانەگەیەنراو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەردەوامە. عێراق دەوڵەتە، ئەمساڵ نەبێت، چەند ساڵێکی تر خۆی دەگرێتەوە و بەهێز دەبێتەوە، ئەو کاتە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەکرێت؟ لە کاتی بەهێزیی عێراقدا چیی خراپ هەبوو، بەسەر کوردستانیان هێنا: جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ.

دەیەم: گوتارێك هەیە کە دەڵێت کوردستانیان پەلە لە ڕیفراندۆم دەکەن. ڕاستیی  پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کوردستانیان پەلە دەکەن، یان لە پرسی سەربەخۆییدا خاو بوونە؟ ئێمە لەم پرسەدا لە دوادواوه‌ی هەموو جیهانین. کاتژمێری سەربەخۆییی کوردستان نەك پەلەی تێدا نەکراوە، به‌ڵكوو ئەگەر بە کاتژمێری سەربەخۆبوونی عێراق و ناوچەکە بەراوردی بکەین، زیاتر لە (١٠٠) ساڵە وڵاتانی جیهان کاتی سەربەخۆییی كوردستانیان ڕاگرتووە؛ یان وەک له‌ناو خەڵکدا دەگوترێت "کاتژمێرەکە نووستووە"، کە شتێکیش نووست، بواری کارکردنی نامێنێنت، تەنیا خەون دەبينین. ئێستا ئەم ڕيفراندۆمی سەربەخۆیییە، کاتژمێرەکانی دەستی گه‌لی كوردستان بەکار دەخاتەوە؛ لە ڕۆژی سەربەخۆییدا میلی کاتژمێرەکان، دەبێت بخرێتەوە سەر میلی کاتژمێرە ئاسایییەکانی دەوڵەتان.

یازدەیەم: دوو جۆری تری کات هەیە: "کاتی سەپێنراو" و "کاتی دروستکەر". لە دوای دروستبوونی عێراقەوە تا ڕاپەڕينە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١، کوردستانیان مێژوو و کاتی عێراقیان بەسەردا سەپێنرا. کاتێك لە دوای ساڵی ١٩٩١، سەربەخۆیییەکی ديفاکتۆ و ڕانەگەیه‌نراو دروست بوو، کوردستانیان بە کاتێکی دروستکەردا تێ پەڕین. سەرەڕای جەنگی براکوژی و گەمارۆ ئابوورییەکان، چەند دەسەڵاتێکی باڵا لە هەرێمی کوردستان دروست کران؛ کە ئەم دەسەڵاتانەیش ڕۆژێك لە ڕۆژان، دەبن بە بناغەی دەوڵەتێکی نوێ لەم ناوچەیەدا. بە شێوەیەکی گشتی، نەتەوەی بێوڵات ئەگەر سەربەخۆ نەبێت، ناتوانێت ئەو کاتەی هەیەتی، بۆ بنیاتنانی خۆی بەکاری بهێنێت، چونکە دەبێت بە ڕيتمی یاسایی و دەستووریی دەوڵەتە باڵادەستەکە بجووڵێتەوە.

دوازدەیەم: ئاریستۆت دەڵێت "کات بە کارکردنه‌وه‌ بەستراوەتەوە"؛ کارکردنیش واتە دروستبوونی بەرپرسیارێتی. ئەوەی کار بۆ ئامانجێك نەکات، جێی لە کات و مێژوودا نابێتەوە. نەتەوەی بێوڵات، ئامانجەکەی دەبێت ئاشکرا بێت. ڕیفراندۆم ئامرازێکی گرنگە بۆ زانینی ئامانجی نەتەوەیەکی بێوڵات. دەبێت باوەڕێك بۆ كوردستانیان دروست بکرێت، کە خۆیانن مێژوو دەنووسنەوە؛ کاتێك دەنگ بە "بەڵێ" یان بە "نەخێر" دەده‌ن، ئەوا مێژوو دەنووسنەوە. هه‌ر لایه‌ك سه‌ر بكه‌وێت، ئەوە دەبێته‌ بەرپرسیارێتییه‌كی مێژوویی بۆیان. لێرەدا بەکورتی لە ڕووی کاتەوە دەنگی "بەڵێ" و "نەخێر" دەخوێنینەوە: دەنگی "بەڵێ" بەرەو داهاتوو دەڕوات، دەنگی "نەخێر"ێش واتا ڕازیبوون بە "مێژوو" و "ئێستا"ی عێراق. ئەو کەسەی دەنگ بە "نەخێر" دەدات، ئایا ده‌زانێت کە دەنگ ده‌داته‌ مێژووی پڕکارەساتی عێراق؟ هه‌روه‌ك باسمان کرد، مێژوو و ئێستا تەنیا ئامرازن بۆ نەتەوەیەکی بێوڵات؛ پێویسته‌ داهاتوو ببێتە ئامانج.

سێزدەیەم: ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی نوێ، وەك ژەنینی ئۆرکسترا وایە. دەبێت هەموو ژەنیارەکان ئامادە بن و، لە هەمان کاتدا پێکەوە ئاوازەکە بچڕن و هەر ئامێرێك ڕۆڵی خۆی لە کاتی خۆیدا بزانێت. هەر ئامێرێک لە کاتی خۆیدا لێی نەدا، ئەوا دەبێتە دەنگێکی نه‌شاز لەناو ئاوازەکەدا. ئەگەر ژمارەی ئەو دەنگە نه‌شازانه‌ زۆر بێت، ئەوا کاریگەریی لەسەر کۆی ئاوازی سەربەخۆیی دەبێت. پێویستە ئاوازەکە بە شێوەیەك لێ بدرێت، کە کۆی جیهان بکەین بە گوێگر و بينەرمان. بۆیە پێویستە تا بکرێت، هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەم پرۆسەیەدا بەشدار بن؛ بۆ ئەوەی ڕەنگاوڕەنگترین ئاواز لەم ناوچەیەدا ساز بکەین.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples