بۆچی ده‌بێت كورد پێش ئاساییبوونه‌وه‌ی دۆخی ئاسایشیی عێراق، ده‌وڵه‌ت ڕابگه‌یه‌نێت؟
په‌رویز ڕه‌حیم قادر/ مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی:
هه‌وڵه‌كانی كورد له باشووری كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی، به‌تایبه‌ت پاش جه‌نگی دژی داعش بۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی چڕتر بۆته‌وه. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه كه بۆچی له‌م كاته‌دا؟ یاخود له ڕوانگه‌یه‌كی دیكه‌وه، به‌پێی تێڕوانین و بۆچوونی ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی تر كه پێیان وایه تاوه‌كوو كۆتاییهاتنی جه‌نگی دژی تیرۆر (داعش) ئه‌م هه‌نگاوانه پێویسته وه‌پاش بخرێت، بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی عێراق ئاسایی ببێته‌وه و هێز و توانای هه‌موو لایه‌نه‌كان ته‌نیا بۆ ئه‌م جه‌نگه ته‌رخان بكرێت و یه‌ك بخرێت و، ئه‌و كاته كوردستان بڕیار بدات و تاووتوێی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییی خۆی بكات. ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه ئه‌م پرسیاره له لای به‌شێك له هاووڵاتیانیش گه‌ڵاڵه بووبێت كه ئایا ئێستا كاتی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییی كوردستانه و كاته‌كه‌ی گونجاوه؟
له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین هۆ، پێویستی و گرنگیی بڕیاردان له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی له‌م قۆناغه‌دا، بخه‌ینه ڕوو. به‌م واتایه، ئه‌وه تاووتوێ بكه‌ین كه بۆچی كورد له ئێستادا هه‌وڵ ده‌دات پێش ئاسایبوونی دۆخی ئاسایشی و به‌هێزبوونه‌وه‌ی سه‌ربازیی عێراق ئه‌م كاره بكات. بۆیه پرسیاری گه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه: ئایا ئه‌م كاره له ئێستادا هه‌ڵه‌یه یاخود دروسته؟
هاوسه‌نگیی هه‌ڕه‌شه
به‌پێی ڕوانگه و تێڕوانینی ستێفان ڤاڵت (Stephen Walt)، ده‌وڵه‌تان و ئه‌كته‌ره‌كان ته‌نیا له هه‌مبه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی هێزی لایه‌نی به‌رامبه‌ریان هه‌وڵی دروستكردنی هاوسه‌نگیی هێز (Balance of Power) ناده‌ن، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی كه ده‌بێته هۆكاری هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی هاوسه‌نگی له هه‌مبه‌ر نه‌یار و ئه‌كته‌ره‌كانی به‌رامبه‌ریان، ئاست و ڕێژه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه كه هه‌ستی پێ ده‌كه‌ن كه ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه و دركی پێ ده‌كه‌ن؛ بۆیه ناوبراو چه‌مكی هاوسه‌نگیی هه‌ڕه‌شه (Balance of Threat) ده‌خاته ڕوو.
هه‌ر به‌پێی ڕوانگه‌ی "ستێفان ڤاڵت"، ئه‌كته‌ره‌كان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی لایه‌نی به‌رامبه‌ریان كه هه‌ستی پێ ده‌كه‌ن و لێی تێ ده‌گه‌ن، كه له‌وانه‌یه ئه‌مه ببێته هۆی دروستبوونی هه‌ستی نائاسایشی بۆیان و، بۆیه بۆ دروستكردنی هاوسه‌نگییه‌ك له به‌رامبه‌ریدا به‌گشتی دوو ستراتیژی ده‌گرنه به‌ر. یه‌كه‌مینیان ئه‌وه‌یه كه ئه‌و لایه‌نه‌ی كه هه‌ست به مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه ده‌كات، هه‌وڵ ده‌دات به‌پێی هاوسه‌نگیی هه‌ڕه‌شه، هاوسه‌نگییه‌ك له هه‌مبه‌ر ئه‌و ئه‌كته‌ره‌دا دروست بكات. دووه‌میشیان ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ی كه هه‌ستی به هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی كردووه، بۆ پاراستنی ئاسایش و مانه‌وه‌ی خۆی سیاسه‌تی شوێنكه‌وتوویی و نزیكبوونه‌وه له‌و ئه‌كته‌ره‌ی كه هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌كات بگرێته به‌ر. ئه‌وه‌ی كه لێره‌دا گرنگه ئه‌وه‌یه كه به بڕوای "ڤاڵت" له ستراتیژیی یه‌كه‌مدا، چوار فاكته‌ری 1- ئاستی هێز و تواناكانی سه‌ربازی، 2- نزیكیی جوگرافی و هاوسنووربوون یاخود دراوسێیه‌تی، 3- تواناكانی هێرشبه‌رانه و 4- نییه‌تی هێرشبه‌رانه و ده‌ستدریژیكارانه، وا ده‌كه‌ن كه ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ی كه هه‌ست به هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی ده‌كات، په‌نا بۆ دروستكردنی هاوسه‌نگیی هه‌ڕه‌شه به‌رێت.
كه‌واته، گه‌وهه‌ری تیۆرییه‌كه ئه‌وه‌یه كه ته‌نیا هێز و توانای سه‌ربازیی لایه‌نی به‌رامبه‌ر نییه كه وا ده‌كات ئه‌كته‌ره‌كان په‌نا بۆ دروستكردنی هاوسه‌نگیی هێز ببه‌ن، به‌ڵكوو ئه‌وه ئاست و ڕێژه‌ی تێگه‌یشتن له‌و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییانه‌یه كه دركی پێ ده‌كه‌ن و لێی تێ ده‌گه‌ن. لێره‌یشدا ئه‌زموونه مێژوویییه‌كان و ڕایردووی خوێناوی و تاڵی لایه‌نی به‌رامبه‌ر ڕۆڵێكی سه‌ره‌كیی هه‌یه. به‌م واتایه كه تا هه‌ر ئاست و ڕادده‌یه‌ك كه نییه‌تی لایه‌نی به‌رامبه‌ر هێرشكارانه و دوژمنكارانه بێت، زیاتر كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دروستبوونی هه‌ستی دڵه‌ڕاوكێی ئاسایشی له لایه‌نی به‌رامبه‌ردا هه‌یه؛ چونكه هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك له ئارادا نییه كه ئه‌و به‌هێزبوونه‌ی لایه‌نی نه‌یار و به‌رامبه‌ر، به مه‌به‌ستی هێرش و ده‌ستدرێژی و له‌ناوبردنی ئه‌كته‌ره‌كه‌ی تر به‌كار نه‌یه‌ت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته نه‌بێت.
بۆیه لێره‌دا به‌پێی ئه‌م ڕوانگه تیۆرییه‌ی "ڤاڵت"، ئه‌و بڕیاره‌ی كوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی، باشتر ڕوون ده‌بێته‌وه. لێره‌دا له چوار خاڵ ئه‌و هه‌ستكردن به مه‌ترسی و نائاسایشییه‌ی كوردستان له هه‌مبه‌ر ئاسایبوونه‌وه‌ی دۆخی ئاسایشیی عێراق و به‌هێزبوونی عێراق له ڕووی سه‌ربازی و ده‌ست ئاوه‌ڵابوونی له جه‌نگی داعش ڕاڤه ده‌كه‌ین.
یه‌كه‌م: توانا و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هێزی عێراق
یه‌كێك له هۆیه‌كانی دڵه‌ڕاوكێی كوردستان له به‌رزبوونه‌وه‌ی توانای ده‌وڵه‌تی عێراق، ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر توانای سه‌ربازی و هێزی ئه‌و ده‌وڵه‌ته به‌رز بێته‌وه، ئه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆیه بۆ سه‌ر ئاسایش و مانه‌وه‌ی ئه‌و كیانه سیاسییه نیمچه-سه‌ربه‌خۆیه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان. چونكه چ له ڕووی ژماره‌ی دانیشتووان و چ له ڕووی ئه‌زموونی مێژوویی و ڕابردووی خوێناویی كورد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق، ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه كه هه‌ر به‌هێزبوونێكی حكوومه‌تی ناوه‌ندی، به زیانی كورد شكاوته‌وه. له لایه‌كی تریشه‌وه، له دوای ساڵی 2003وه به هۆی ڕاهێنان و پڕچه‌كبوونی سوپای عێراق به چه‌كی پێشكه‌وتوو له لایه‌ن ئه‌مریكا‌وه، كه به سوپایه‌كی ناوهاوسه‌نگی تائیفی داده‌ندرێت، ئه‌وه هێز و توانای عێراق ده‌توانێت هه‌ڕه‌شه بێت له‌سه‌ر پێشمه‌رگه و خاكی كوردستان. چونكه كورد ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه پاش ته‌واوبوونی جه‌نگی داعش، سوپای عێراق به هۆی نه‌مانی مه‌ترسیی تیرۆر ده‌ستی ئاوه‌ڵاتر بێت و هێزه‌كانی بۆ هێرش بۆ سه‌ر كوردستان چڕتر بكاته‌وه.
له كاتێكدا به هۆی ئه‌وه‌ی كه كوردستان به‌شێك بووه له عێراق، نه‌یتوانیوه هێزی پێشمه‌رگه به چه‌كی مۆدێرن پڕچه‌ك بكات و زۆربه‌ی یارمه‌تییه‌كانیش ته‌نیا له ڕێگه‌ی به‌غداوه هه‌نارده‌ی كوردستان كراون. بۆیه ناهاوسه‌نگیییه‌ك له نێوان هێز و توانای ئابووری و سیاسی و سه‌ربازیی هێزی پێشمه‌رگه و هێزه چه‌كداره‌كانی عێراقدا هه‌یه. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی كه كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش به یارمه‌تیدانی حه‌شدی شه‌عبی، ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ بۆته هۆی تێكچوونی باڵانسی هێزی سه‌ربازی له عێراق و، مه‌ترسیی ئه‌و هێزه نانشتیمانییه زیاتر ده‌كاته‌وه.
هه‌روه‌ها به هۆی سه‌روه‌ریی عێراقه‌وه ئه‌وه حكوومه‌تی زۆرینه شیعیی عێراق، ده‌توانێت له ڕووی ئابوورییه‌وه و به فرۆشتنی ڕۆژانه‌ی چه‌ندین ملیۆن به‌رمیل نه‌وت و به‌ده‌ستهێنانی چه‌ندین ملیارد دۆلاری مانگانه كه بۆ تێچووی جه‌نگ ته‌رخانی كردووه، پێداویستییه‌كانی سوپای عێراق دابین بكات. له كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن سه‌روه‌ری نییه و، ناتوانێت به نرخی گونجاو نه‌وته‌كه‌ی بفرۆشێت و، له لایه‌ن عێراقه‌وه له‌ژێر گوشاری قه‌یرانی ئابووری و ئابڵووقه و سزای ئابووریی عێراقدایه. ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كه كوردستان نه‌توانێت له درێژخایه‌ندا ڕووبه‌ڕووی عێراق ببێته‌وه. له لایه‌كی تریشه‌وه نادیموكراتیكبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق وای كردووه كه بونیاده‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای به‌میلیشیاییكردن و ملیتاریزه‌كردنی كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ت دابندرێت، به‌م واتایه كه له بری پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری، زۆربه‌ی توانا دارایی و ئابوورییه‌كانی عێراق بۆ پێداویستییه ئاسایشی و سه‌ربازییه‌كان ته‌رخان كراوه و ده‌كرێت.
دووه‌م: نزیكی، دراوسێیه‌تی و هاوسنوربوونی جوگرافی
به هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی توانا و هێزی سه‌ربازیی عێراق له لایه‌ك و، نزیكیی جوگرافیی كوردستان و هاوسنووربوونی له‌گه‌ڵ ناوچه عه‌ره‌بییه‌كان، هه‌ر ئاڵوگۆر و تێكچوونێكی هاوسه‌نگیی هێز، ده‌توانێت هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌وخۆ بێت بۆ سه‌ر ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان. بۆیه به هۆی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی سنوور له نێوان یه‌غدا و هه‌ولێر و نزیكیی جوگرافییه‌وه، به‌هێزبوونی عێراق وا ده‌كات كه هه‌ڕه‌شه‌كان بۆ سه‌ر كوردستان به‌رزتر ببێته‌وه، چونكه حكوومه‌تی ناوه‌ندی ده‌توانێت به بیانوو و پاساوی جۆراوجۆر، به‌تایبه‌ت له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڕه‌شه له پێشمه‌رگه و ئه‌و سنوور و ناوچانه بكات؛ ئه‌مه‌یش ئه‌گه‌ری پێكدادان به‌رز ده‌كاته‌وه.
هه‌روه‌ها به هۆی نزیكیی جوگرافی و بچووكبوونی ڕووبه‌ری جوگرافیی كوردستان، تێكچوونی هاوسه‌نگیی هێز له زیانی هه‌رێمی كوردستانه و، هه‌موو ناوچه‌كان به‌تایبه‌ت شاره گه‌وره‌كانی كوردستان ده‌كه‌وێته ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه و، له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌م نزیكییه جوگرافییه، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه سه‌رچاوه‌كانی ئابووری و بژێوی كوردستان و بیره نه‌وته‌كان، كه بڕبڕه‌ی پشتی ئابووری و پشتبه‌خۆبه‌ستنی هه‌رێمی كوردستان پێك دێنن، ده‌كه‌وێته به‌ر هێرش و هه‌ڕه‌شه. كۆی ئه‌مانه، له پاڵ گه‌مارۆدراوبوونی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن ئێران و توركیا و عێراقه‌وه، ئه‌و مه‌ترسییانه به هۆی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه و هاوسنووربوونیان له‌گه‌ڵ كوردستان به‌رزتر ده‌كاته‌وه و دۆخی دڵه‌ڕاوكێی ئاسایشی بۆ كوردستان دروست ده‌كات.
سێیه‌م: تواناكانی هێرشبه‌رانه
له ڕاستیدا به‌رزبوونه‌وه‌ی توانا و هێزی سه‌ربازیی عێراق و نزیكیی جوگرافی و هاوسنووربوون له‌گه‌ڵ عێراق و ناوچه عه‌ره‌بییه‌كان، وا ده‌كات كه توانای هێرشبه‌رانه‌ی عێراق بۆ كوردستان به‌رزتر ببێته‌وه، چونكه له لایه‌ك پڕچه‌كبوونی سوپای عێراق به چه‌كی پێشكه‌وتوو و بێبه‌شبوونی پێشمه‌رگه له‌و چه‌كانه (به‌تایبه‌ت چه‌كی قورس و فڕۆكه‌ی جه‌نگی)، وا ده‌كات كه هاوسه‌نگیی هێز له زیانی هه‌رێمی كوردستان بێت و، ئه‌مه‌یش هه‌ڕه‌شه له ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. له لایه‌كی تریشه‌وه دروستبوونی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كه له لایه‌ن مه‌رجه‌عه شیعه‌كان و كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن و به‌پێی یاسا له لایه‌ن حكوومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه پێداویستییه‌كانیان دابین ده‌كرێت و سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆری داراییشیان بۆ ته‌رخان كراوه و، به سه‌دان هه‌زار كه‌س و چه‌ندین گرووپی میلیشیاییی جیاواز و توندڕه‌وی ئایینی مه‌زه‌نده ده‌كرێن، وا ده‌كات كه هاوسه‌نگیی هێز له زیانی هه‌رێمی كوردستان بێت.
بۆیه توانای هێرشبه‌رانه‌ی سوپای عێراق و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، وا ده‌كات كه هه‌رێمی كوردستان بیر له دروستكردنی هاوسه‌نگیی هێز بكاته‌وه و خۆی بپارێزێت، چونكه له ڕابردوو لانی كه‌م له پاش ساڵی 2003وه سوپای عێراق و توانا هێرشبه‌رانه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شایه‌وه و پێشمه‌رگه ئه‌ركه‌كانی گرته ئه‌ستۆ و ڕۆڵی له بنیاتنانی سوپای عێراقدا هه‌بوو. به‌ڵام پاش گۆڕانگارییه سیاسییه‌كان و به‌هێزبوونی پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی عێراق و پشتگوێخستنی هێزی پێشمه‌رگه و بنیاتنانه‌وه‌ی سوپای عێراق و یارمه‌تییه‌كانی ئه‌مریكا له ڕاهێنان و پڕچه‌ككردنی ئه‌و سوپایه له ڕووی چه‌ندێتی و چۆنێتییه‌وه، وای كردووه كه توانای هێرشبه‌رانه‌ی ئه‌م سوپایه زۆر به‌رزتر بێته‌وه و هه‌موو چه‌كه پێشكه‌وتوو و مۆدێرنه‌كان له ڕووی وشكایی و ئاسمانییه‌وه له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و سوپایه‌دا بێت. له كاتێكدا كه هێزی پێشمه‌رگه له ڕووی ژماره و قه‌باره و ئاستی پێشكه‌وتووییی جۆری چه‌كه‌وه، له‌گه‌ڵ تواناكانی سوپای عێراق به‌راورد ناكرێت، به‌ڵكوو توانای هێزی پێشمه‌رگه له باشترین حاڵه‌تدا زیاتر به‌رگریكارانه‌یه؛ ئه‌مه‌یش هاوسه‌نگییه‌كه‌ی له قازانجی حكوومه‌تی عێراق تێك داوه.
چواره‌م: نییه‌تی هێرشبه‌رانه و ده‌ستدریژیكارانه
ئه‌م به‌هێزبوونه‌وه‌ی عێراق و به‌رزبوونه‌وه‌ی توانای هێرشبه‌رانه و هاسنووری له‌گه‌ڵ عێراق له پاڵ ئه‌زموونی مێژووییی كورد، چ له پێش ساڵی 2003 و چ له پاش ساڵی 2003ه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌رخست كه ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا به‌رده‌وام له هه‌وڵی لاوازكردن و كۆنترۆڵكردن و ته‌نانه‌ت له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی كوردستانن، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین سڕینه‌وه‌ی كورد (وه‌كوو كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و هتد). بۆیه ده‌بینین كه لێدوان و هه‌ڕه‌شه به‌رده‌وامه‌كانی نوخبه سیاسی و ئایینی و سه‌ربازییه‌كانی عێراق له‌م ماوه‌یه‌دا و، هه‌روه‌ها جم‌وجۆل و هه‌وڵه‌كانی سوپای عێراق بۆ هێرش بۆ سه‌ر كوردستان (بۆ نموونه ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله له ماوه‌ی ڕابردوودا) و گرژی، ئالۆزی و ته‌نانه‌ت پێكدادانه‌كانی سنوورداری نێوان پێشمه‌رگه و حه‌شدی شه‌عبی، وا ده‌كات كه نییه‌تی دوژمنكارانه و هێرشبه‌رانه‌ی ئه‌و هێزانه ببێته هۆكاری نائاسایشیی كوردستان و ئه‌مه‌یش نییه‌تی حكوومه‌تی عێراق له هه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی و ئاسایشی كوردستان ئاشكرا ده‌كات.
بۆیه ئه‌زموونه خوێناوییه‌كان و سیاسه‌ته‌كانی عێراق، ته‌نانه‌ت له ڕووی سیاسی و ئابوورییه‌وه (وه‌كوو بڕینی بوودجه و مووچه‌ی هاووڵاتیانی كوردستان)، نییه‌تێكی دۆستانه نه‌بووه و نییه. ته‌نانه‌ت خۆدزینه‌وه‌یان له پڕچه‌ككردنی پێشمه‌رگه و ته‌رخانكردنی بوودجه بۆ ئه‌و هێزانه‌یش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا خوێنده‌نه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت كه ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی عێراق و نوخبه سیاسییه‌كانیان نییه‌تی دوژمنكارانه و ده‌ستدرێژیكارانه‌یان بۆ سه‌ر كوردستان هه‌یه. ته‌نانه‌ت ئه‌زموونه مێژوویییه‌كان ئه‌وه‌یان نیشان داوه كه هه‌ر كاتێك سوپا و حكوومه‌تی ناوه‌ندی لاواز بووه، ئه‌وه هه‌وڵی دانوستاندنی له‌گه‌ڵ كورد داوه، به‌ڵام به هۆی ئاڵوگۆڕی هێز و پاش تێپه‌ڕینی كات و به‌هێزبوونه‌وه‌یان له ڕووی سه‌ربازی و سیاسییه‌وه، هێرشیان كردۆته سه‌ر كوردستان و به‌ڵێن و ڕێككه‌وتنه‌كانیان هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه. باشترین نموونه‌یش شۆڕشی ئه‌یلوول له ڕابردوودا و، له پاش ساڵی 2003 په‌شیمانبوونه‌وه‌یان له به‌ڵێن و ڕێككه‌وتنه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و، هه‌روه‌ها جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستوور و پێشێلكردنی بنه‌ماكانی هاوبه‌شی و شه‌راكه‌ت له عێراق و هه‌وڵدان بۆ دروستكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی تائیفیی شیعی و زۆرینه له عێراق.
هه‌روه‌ها نابێت ڕۆڵ و هۆكاری دروستبوونی حه‌شدی شه‌عبی و ئه‌ركه‌كانی له پاڵ سوپای تائیفیی عێراق، به‌تایبه‌ت له پاش نه‌مانی داعش، فه‌رامۆش بكه‌ین. له‌م دوایییه‌یش شكانی سوپای عێراق له به‌رامبه‌ر داعش و، هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتنی گوماناویی نێوان حزبوڵڵای لوبنان و داعش و ئێران و سووریا و پاڵپشتیی "مالكی" و سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌و ڕێككه‌وتنه و گواستنه‌وه‌یان بۆ سه‌ر سنووره‌كانی باشووری كوردستان، زیاتر نییه‌تی هێرشبه‌رانه و دوژمنكارانه‌ی عێراق ئاشكرا ده‌كات.
كۆبه‌ند:
هه‌وڵی سه‌ركردایه‌تیی كورد بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییی كوردستان له‌م كاته‌ی ئیستادا، ده‌تواندرێت به‌پێی تیۆریی "هاوسه‌نگیی هه‌ڕه‌شه" خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت. به‌م پێیه له‌و قۆناغه‌ی ئیستادا كورد بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی له مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی دوژمنكارانه له‌پاش ته‌واوبوونی جه‌نگی داعش، ئه‌و بڕیاره‌ی داوه. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی كه پرسی مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی گه‌لی كوردستان مافێكی ڕه‌وایه، به‌ڵام به‌پێی ڕه‌گه‌زه‌كانی "هاوسه‌نگیی هه‌ڕه‌شه"، دواكه‌وتنی ئه‌و پرۆسه‌یه به زیانی هه‌رێمی كوردستان و ئاسایشی كوردستانه. به‌ڵام به ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم و ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی، كورد ده‌توانێت ئاسایشی وجوودیی خۆی له‌و هه‌ڕه‌شانه بپارێزێت، چونكه هه‌موو ئاماژه‌كان ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن كه مانه‌وه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا و ته‌واوبوونی جه‌نگی داعش، جارێكی تر عێراق به‌هێز ده‌بێت/ ده‌كات و به‌پێی ئه‌زموونه مێژوویییه‌كان، ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتداری و ئاسایشی كوردستان ده‌كه‌وێته ژێر مه‌ترسییه‌وه؛ بۆیه تێپه‌ڕینی كات له قازانجی كوردستان نییه.