پێشه‌كی:
دروستبوون و ده‌ركه‌وتنی داعش له عێراق و سووریا، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆی هاوكێشه سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت هاوسه‌نگیی هێزی ناوچه‌ییی نێوان ئه‌كته‌ره‌كان دروست كرد؛ ته‌نانه‌ت بووه هۆی مانه‌وه و به‌رده‌وامیی ڕژێمی سووریا به پاڵپشتیی ئه‌كته‌ره ناوچه‌یی و سه‌رووناوچه‌یییه‌كان، وه‌كوو ئێران و ڕووسیا. له ئێستا كه ئه‌م ڕێكخراوه له ڕووی ڕێكخستن و فۆرمی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌وه (نه‌ك له ڕووی ئایدیۆلۆژیایی و هزرییه‌وه) به‌ره‌و لاوازی و نه‌مان ده‌چێت و، دیسانه‌وه پێشبینی ده‌كرێت كه هۆكاری هاوپه‌یمانێتییه‌كان له‌ناو بچێت كه زیاتر كاتی و له‌سه‌ر پرسی جه‌نگی دژه‌تیرۆر بووه. كرۆكی هاوكێشه‌كه به‌م شێوه‌یه بوو كه داعش وای كردبوو ڕۆڵ و پێگه‌ی ئێران و، هه‌روه‌ها توركیا به‌رز ببێته‌وه و ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كانی هاوپه‌یمانیشیان ببنه بكه‌رێكی كاریگه‌ر و، له‌مه‌یش گرنگتر ئه‌وله‌وییه‌تی ئاسایشی بگۆڕێت له هه‌ڕه‌شه‌ی ئێرانه‌وه بۆ هه‌ڕه‌شه‌ی داعش و، ته‌نانه‌ت ئێران له پاڵ دوژمنه‌كه‌ی (ئه‌مریكا) له یه‌ك به‌ره‌دا بن له دژی داعش. به‌ڵام له سه‌رده‌می پۆست- داعشدا ئه‌م ئه‌وله‌وییه‌ته گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و سنوور و ئەندامانی به‌ره و هێڵه هه‌رێمی و سه‌رووهه‌رێمییه‌كان ڕوونتر ده‌بێته‌وه و، ئه‌مه‌یش به ڕێككه‌وتن و سازانی ئه‌مریكا و ڕووسیا ده‌چێته قۆناغێكی نوێوه. بۆیه ئێمه ده‌توانین باس له دوو قۆناغ بكه‌ین: پێش داعش و پاش داعش.
ئه‌مه‌یش هاوكێشه‌ی هاوسه‌نگیی هێزه‌كان له ناوچه‌كه‌دا ده‌گۆڕێت. لێره‌دا به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی پێكناكۆكی ئه‌كته‌ره هه‌رێمی و سه‌رووهه‌رێمییه‌كان چه‌ند سیناریۆ و ئه‌گه‌رێك له ئارادان. له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین تیشك بخه‌ینه سه‌ر ئه‌م ئه‌گه‌ر و سیناریۆ چاوه‌ڕوانكراوانه.
هاوسه‌نگیی هێزی ئه‌كته‌ره سه‌رووهه‌رێمییه‌كان
ڕووسیا:
پرسی دژایه‌تیی تیرۆر، ئه‌و پاساوه ڕواڵه‌تییه یاخود هۆكاره ئاسایشییه بوو كه ڕووسیای هان دا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی، له سووریا له ناوچه‌كه هێزی سه‌ربازی به‌كار بێنێت. هه‌رچه‌نده ڕووسیا مه‌ترسیی ئاسایشیی له بڵاوبوونه‌وه و به‌هێزبوونی گرووپه توندڕه‌وه ئیسلامییه‌كانی وه‌كوو داعش هه‌بووه و هه‌یه و، ده‌خوازێت له ده‌ره‌وه‌ی سنووره نه‌ته‌وه‌یییه‌كان و ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی نفووزی ناسراوی له ئاسیای ناوه‌ڕاست و قه‌وقاز، ئه‌م هه‌ڕه‌شه ئاسایشییانه بڕه‌وێنێته‌وه یاخود به‌ره‌نگاریان ببێته‌وه؛ به‌ڵام له ڕاستیدا پرسی گۆڕانی هاوسه‌نگیی هێز له سه‌رده‌می داعش له ناوچه‌كه، مه‌ترسییه‌كی زۆر زیاتری بۆ هاوسه‌نگیی هێزی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و پاشان پرس و ناوچه‌كانی تری جێگه‌ی ناكۆكی و ململانێی ڕووسیا و ئه‌مریكا، وه‌كوو ئۆكراینا و كریمیا و كۆریای باكوور و پرسه‌كانی ناوچه‌ی نفووز و پرسی ئاسایشی سایبه‌ری و قه‌ڵغانی مووشه‌كیی ئه‌مریكا و ناتۆ له ئه‌وروپا و نزیك سنووره‌كانی ڕووسیا و په‌لهاوێشتنی ناتۆ بۆ كۆماره‌كانی پێشووتری سۆڤیه‌ت و...، دروست كردبوو.
بۆیه ئێستاكه به‌پێی ئه‌وله‌وییه‌تی ئاسایشی خۆی، له پرسی سووریا نه‌رمیی زیاتر ده‌نوێنێت به مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی ئیمتیاز له ئه‌مریكا بۆ پرس و ناوچه‌گه‌لێك كه بۆ ڕووسیا گرنگیی ئاسایشیی زیاتری هه‌یه. بۆیه ڕووسیا ده‌یه‌وێت به سازش له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا له سووریا، ئامانجه ستراتیژی و ئاسایشییه‌كانی وه‌كوو زلهێز و هاوبه‌شێكی جیهانی بپارێزێت. ئه‌مه‌یش سیناریۆی هاوسه‌نگیی هێزه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گۆرێت، به‌و پێیه‌ی كه ئه‌كته‌ره هه‌رێمییه‌كان ناتوانن به‌ته‌نیایی و به‌بێ ڕه‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندی و ستراتیژیی زلهێزه‌كانی وه‌ك ڕووسیا و ئه‌مریكا، هاوسه‌نگیی هێز له قازانجی خۆیان ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بێنن.
ئه‌مریكا:
له‌م نێوه‌نده‌دا ئه‌مریكا له ڕێگه‌ی ئه‌كته‌ره هه‌رێمییه ده‌وڵه‌تی و ناده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه (وه‌كوو كورده‌كان و هێزه میانڕه‌وه سوننه‌كان)، ده‌خوازێت له سه‌رده‌می پۆست–داعشدا هاوسه‌نگییه‌ك بێته ئاراوه كه ئێران له ناوچه‌كه‌دا سنووردار بێت و هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر كۆنترۆڵ بكرێت و، هه‌روه‌ها له ماوه‌ی مامناوه‌ندی و درێژخایه‌ندا ڕژێمی سووریا ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بێت و به‌شار ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵاتدا نه‌مێنێت. به‌م پێیه چه‌ند ئامانجێكی ستراتیژیی ئیداره‌ی "ترامپ" له ئه‌مریكا دێته دی، كه گرنگترینیان كۆنترۆڵ و سنوورداركردنی په‌لهاوێشتن و مه‌ترسییه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه له ناوچه‌كه بۆ سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌یی و به‌تایبه‌ت ئیسڕائیل و سعوودیا. ئه‌م سیناریۆیه یه‌كێك له به‌هێزترین سیناریۆكانی ئاڵوگۆڕی هاوسه‌نگیی هێزه‌كانه له ناوچه‌كه‌دا كه به‌ته‌واوه‌تی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پرۆسه و ڕووداوه‌كانی داهاتوو ده‌بێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش ئه‌مریكا دەتوانێت بە هەڵگرتن یاخود هەڵپەساردنی ئابڵووقه و سزا ئابوورییه‌كانی سەر ڕووسیا له‌گه‌ڵ ئەم دەوڵەتە له‌سه‌ر پرسه پله‌دووه ئاسایشی و ستراتیژییه‌كانی ناوچەكە بگاتە ڕێككەوتن و ئه‌م سیناریۆیه بێنێته دی. ته‌نانه‌ت ئه‌م سیناریۆیه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر داهاتووی نفووزی ئێران له عێراق و یه‌مه‌ن ده‌بێت. بۆیه گه‌شته‌كه‌ی ترامپ بۆ سعوودیا و، هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌كانی له ئێران (به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و ئه‌گه‌ری به‌تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران) و سه‌پاندنی سزای نوێ به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی مووشه‌كی و پاڵپشتی له گرووپه توندڕه‌وه تیرۆریستییه‌كان، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت. هه‌رچه‌نده ئیداره‌ی ترامپ له‌ژێر گوشاری ناوخۆییی ئه‌مریكایه بۆ ئه‌گه‌ری زیاتر نزیكبوونه‌وه له ڕووسیا و، له لایه‌كی تریشه‌وه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌كه‌وێته ژێر گوشاری ئه‌وروپییه‌كان ئه‌گه‌ر تاكلایه‌نه بیهه‌وێت ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
هاوسه‌نگیی هێزی ئه‌كته‌ره هه‌رێمییه‌كان
ئێران:
له ئاستی ناوچه‌ییدا ئێران یه‌كێك له‌و ئه‌كته‌ر‌انه‌یه كه دڵەراوكێی ئاسایشی هەیە كە لە سه‌رده‌می پۆست-داعشدا مه‌ترسیی بۆ رۆڵ و كەمبوونەوەی نفووزری ئه‌و وڵاته لە ناوچەكە له به‌رامبه‌ر ئه‌كته‌ره‌كانی تر وه‌كوو سعوودیا و ته‌نانه‌ت توركیا و ئیسڕائیلدا دروست ببێت، چونكه ئێران له‌وه دڵنیا نییه كه ڕووسیا وه‌كوو هاوپه‌یمانێكی ستراتیژی، تا كۆتایی له پرسی سووریا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بپارێزێت و، له‌وانه‌یه به ڕێككه‌وتنی ڕووسیا و ئه‌مریكا، كۆی هاوكێشه‌كان له زیانی ئێران له ناوچه‌كه‌دا ته‌واو بێت. هۆكاری ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌یه كه به‌رژه‌وه‌ندی و پرسه‌كانی نێوان ڕووسیا و ئه‌مریكا فره‌ڕه‌هه‌ندتر و جۆراوجۆرترن، به‌ڵام ئێران د‌رك به‌وه ده‌كات كه سووریا پرسێكی حه‌یاتییه له ڕووی ستراتیژیی ئاسایشییه‌وه بۆ داهاتووی هاوسه‌نگیی هێزه‌كان و، به له‌ده‌ستدانی پێگه‌ی له‌و ده‌وڵه‌ته و نه‌مانی به‌شار ئه‌سه‌د، ئه‌وه ئێران تووشی په‌راوێزكه‌وتن و گۆشه‌گیری ده‌بێت و، له ناوچه‌كانی تریش، وه‌كوو عێراق و لوبنان و یه‌مه‌ن و...، ناچار به پاشه‌كشه ده‌بێت. بۆیه ئێران به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان و دابه‌شبوونی عێراقه، چونكه ئه‌وه به واتای به‌هێزبوونی به‌ره‌ی وڵاتانی سو‌ننه و سعوودیایه. بۆیه‌یشه پرسی ناكۆكیی قه‌ته‌ر و وڵاتانی سو‌ننه، پاڵپشتی له قه‌ته‌ر ده‌كات له پاڵ توركیادا له هه‌مبه‌ر سعوودیا.
سعوودیا:
ئاڵوگۆڕه ناوخۆیی و ڕه‌فتار و سیاسه‌ته ده‌ره‌كییه‌كانی سعوودیا، ئه‌وه نیشان ده‌دات كه ئه‌م وڵاته به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی دروستبوونی هاوسه‌نگییه‌كی نوێی هێزه‌كان له پاش داعش ده‌دات كه ئێران سنووردار كرابێت. ئه‌مه‌یش پێویستی به پاڵپشتیی ئه‌مریكا و، تا ڕادده‌یه‌ك ڕووسیا و، هه‌روه‌ها وڵاتانی سو‌ننه و ته‌نانه‌ت ئیسڕائیل هه‌یه. بۆیه ته‌نانه‌ت پێشبینی ده‌كرێت كه ئه‌گه‌ر ئێران له سه‌رده‌می پۆست-داعش، له سیاسه‌ته ده‌ره‌كییه‌كانی ئێستای به‌رده‌وام بێت، ئه‌وه ئه‌گه‌ری پێكدادانی ڕاسته‌وخۆی سه‌ربازی، هه‌رچه‌نده سنوورداریش بێت، له نێوانیاندا هه‌یه. سعوودیا مانه‌وه و به‌رده‌وامیی ئاسایشی خۆی له‌م هاوسه‌نگییه نوێیه‌دا كه ئێران لاواز بێت ده‌بینێته‌وه و، هه‌موو توانا و هه‌وڵه‌كانیشی بۆ ئه‌م ستراتیژییه‌ی ده‌خاته گه‌ڕ. ته‌نانه‌ت گوشار و ئابڵووقه‌كانی سه‌ر قه‌ته‌ریش له‌م چوارچێوه‌یه‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت.
توركیا:
بۆ توركیا، به هۆی گۆڕانكارییه ناوچه‌یی و ناوخۆیییه‌كانی ئه‌و وڵاته و تێڕوانیننی حزبی ده‌سه‌ڵاتدار و كه‌سایه‌تیی ئه‌ردۆغان، پرسی سووریا و نه‌مانی به‌شار ئه‌سه‌د ئه‌وله‌وییه‌تی ئاسایشیی هه‌یه، چونكه له لایه‌ك ئێران سنووردار ده‌كات و، له لایه‌كی تریشه‌وه پرسی كورد له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی كۆنترۆڵ ده‌كات. بۆیه مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د و، هه‌روه‌ها به‌هێزبوونی كورده‌كان به یارمه‌تیی ئه‌مریكا و ته‌نانه‌ت ڕووسیا له ئاستی ناوچه‌یی و ناوخۆییدا، هاوسه‌نگیی هێزه‌كان له زیانی توركیا تێك ده‌دات. توركیا له دۆخێكی ئاسته‌می ناوخۆیی و ناوچه‌ییدایه؛ به‌و مانایه‌ی كه تووشی گرفت و ته‌نگژه‌ی ئاسایشی بووه: له لایه‌ك له وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا دوور كه‌وتۆته‌وه و، له لایه‌كی تریشه‌وه له ناوچه‌كه‌دا گۆڕانكارییه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و وڵاته‌دا نین. ته‌نانه‌ت له نێوان وڵاتانی سوننه‌یشدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ناپارێزرێت؛ ئه‌مه بێجگه له پرسی كورد كه به هۆی سروشت و ناسنامه‌ی ئه‌م وڵاته له ئاستی ناوخۆیی و ناوچه‌ییدا هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌كات. توركیا به هۆی سیاسه‌ته‌كانی له ناوچه‌كه‌دا ئێستاكه له نێوان وڵاتانی ناوچه‌یی (ئێران و سعوودیا) و له نێوان ئه‌كته‌ره سه‌رووهه‌رێمییه‌كان (ڕووسیا و ئه‌مریكا) به‌ته‌نیا ماوه‌ته‌وه و، ته‌نیا سوود له پێگه جیۆسیاسی و جیۆستراتیژییه‌كه‌ی، به‌تایبه‌ت له پرسی ئاسایشی وزه و پرسی كۆچبه‌ران، وه‌رده‌گرێت؛ بێجگه له‌وه‌ی كه نیشانی داوه، بۆ ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی هاوپه‌یمانێكی جێگه‌ی متمانه نییه. هه‌روه‌ها به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕووسیایش هاوته‌ریب نین؛ بۆیه سه‌رده‌می پۆست-داعش سه‌رده‌مێكی دژوار و ئه‌سته‌م ده‌بێت بۆ توركیا و، به هۆی ئه‌م دۆخه‌یشه كه دژی سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستانه، لانی كه‌م له‌م قۆناغه‌دا. توركیا ترسی له‌وه‌یه نفووزی خۆی له سووریا و عێراق و، به‌م پێیه وڵاتانی عه‌ره‌بیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ده‌ست بدات، له كاتێكدا وه‌كوو جاران نه‌یتوانیوه هاوبه‌شێكی جێگه‌ی متمانه و كاریگه‌ر بێت بۆ ئه‌مریكا.
ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان (كورد)
یه‌كێك له كاریگه‌رترین ئه‌كته‌ره نا-ده‌وڵه‌تییه‌كان له جه‌نگی دژه‌تیرۆر و دژی داعش، كورد بوو له هه‌رێمی كوردستان و سووریا. به نه‌مانی داعش و دروستبوونی هاوسه‌نگیی هێز، كۆمه‌ڵێك هه‌ڕه‌شه و ده‌رفه‌ت بۆ كورد دێته ئاراوه، كه ده‌توانین گرنگترینی ئه‌م هه‌ڕه‌شه و ده‌رفه‌تانه به‌م شێوه‌یه پۆلینیان بكه‌ین:
له ئه‌گه‌ری ڕێككه‌وتنی ڕووسیا و ئه‌مریكا له‌سه‌ر سووریا به پێدان و ئاڵوگۆڕی ئیمتیازات له‌سه‌ر پرس و ناوچه‌كه‌كانی كێشه‌له‌سه‌ری نێوانیان، ده‌كرێت له‌سه‌ر هاوسه‌نگی له نێوان ئێران و سعوودیا ڕێك بكه‌ون، كه ئه‌مه ده‌توانێت بۆ پرۆسه‌ی به‌ده‌وڵه‌تبوونی كورد هه‌ڕه‌شه بێت. هه‌روه‌ها له ئه‌گه‌ری ڕێكنه‌كه‌وتنیشیان، ئه‌وه له‌و حاڵه‌ته‌دا ململانێكان ده‌كه‌وێته ئاستێك كه له سه‌روو هێز و توانای ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌كوو كورده‌وه بێت. خاڵێكی جێگه‌ی مه‌ترسی بۆ كوردستان، دابه‌شكردنی ناوچه‌ی نفووزه بۆ پاراستنی پارسه‌نگی هێز له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه ئەگەری ئەوە هەیە كوردستان بكەوێتە نێو ئه‌و ناوچه جیۆستراتیژییەوە كه ڕووسیا و ئێران تێیدا باڵاده‌ستن. هه‌روه‌ها له لایه‌كی تریشه‌وه له ئه‌گه‌ری پێكدادانی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی نێوان وڵاتانی سو‌ننه و ئێران، كوردستان تووشی ته‌نگژه‌ی ئاسایشی ده‌بێت.
له لایه‌كی تره‌وه مانه‌وه‌ی دۆخه‌كه وه‌كوو خۆی جێگه‌ی مه‌ترسییه بۆ داهاتوو و پێگه‌ی كورد، به‌تایبه‌ت له سووریا و عێراق و، به ڕه‌چاوكردنی ستراتیژیی ئاسایشی ئێران له ناوچه‌كه‌دا، كه هه‌موو هه‌وڵێك بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه ده‌دات. ئه‌مه‌یش به هۆی نه‌بوونی ستراتیژییه‌كی ڕوون له لایه‌ن ئیداره‌ی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه‌دا، ئه‌گه‌رێكی مه‌ترسیداره كه ڕۆڵی توركیا و ئێران له‌و هاوسه‌نگییه‌دا به‌رزتر ببێته‌وه؛ هه‌رچه‌نده به هۆی ڕه‌فتاری ئێران له ناوچه‌كه، له‌م قۆناغه‌دا ئاراسته‌ی ڕووداوه‌كان پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه.
له ئه‌گه‌ری هاتنه‌ئارای هاوسه‌نگیی نوێ كه له زیانی ئێران بێت، ئه‌وه ئه‌و كاته ده‌رفه‌ت بۆ بكه‌رایه‌تیی كورد دێته ئاراوه. به‌م واتایه كه ئێران له سووریا و عێراق لاواز بێت و به‌ره‌ی وڵاتانی سو‌ننه له‌و هاوسه‌نگییه نوێێه‌دا به‌هێز بن. ئه‌و كاته كورد ئه‌و ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تییه ده‌بێت كه ڕۆڵی "هاوسه‌نگكه‌ر" ده‌بینێت.
یه‌كێك له گه‌وره‌ترین سیناریۆ و ئه‌گه‌ره‌كانی ده‌رفه‌ت بۆ كورد، دووباره دابه‌شكردنه‌وه‌ی هاوسه‌نگیی هێز و سنووره‌كانی ناوچه‌كه‌یه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته؛ ئه‌مه‌یش ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوه بۆ سنوورداركردنی ڕۆڵی ئێران. له‌م سیناریۆیه‌دا كورد ده‌توانێت به‌رژه‌وه‌ندی و ئاسایشی خۆی بپارێزێت، ئه‌گه‌ر سووریا و عێراق وه‌كوو ئێستا نه‌مێننه‌وه و ئه‌و هاوسه‌نگییه نوێیه پێویستی به دابه‌شبوونی ئه‌و دوو وڵاته هه‌بێت. هه‌روه‌ها بوار بۆ چالاكیی حزبه‌كانی كوردی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش فه‌راهه‌م ده‌بێت، چونكه به‌رژه‌وه‌ندیی كورد، له لاوازیی ئێران له ناوچه‌كه و به‌هێزیی ئیسڕائیل و سعوودیادایه، به هۆی سروشتی ناسنامه‌ییی ئێران و، به‌م پێیه به‌رژه‌وه‌ندی و ئاسایشی پێناسه‌كراوی ئه‌و ده‌وڵه‌ته له ناوچه‌كه‌دا.
كۆبه‌ند:
سه‌رده‌می پۆست-داعش، ده‌توانێت هه‌ڵگری هه‌ر دوو ڕه‌گه‌زه‌كانی هه‌ڕه‌شه و ده‌رفه‌ت بێت، به‌ڵام ده‌رفه‌تێك كه له ئارادایه ئه‌وه‌یه كه به‌رژه‌وه‌ندی و ستراتیژیی ئاسایشیی وڵاتانی ناوچه‌یی و سه‌روویناوچه‌یی پێكناكۆكه. به‌م پێیه به مه‌به‌ستی هاتنه‌ئارای هاوسه‌نگیی نوێ، پێویستی به دابه‌شكردنه‌وه‌ی هێز هه‌یه. داعش ڕۆڵی بكه‌رایه‌تیی كوردی له ڕۆژاوا و باشووری كوردستان به‌رز كرده‌وه، بۆیه گۆڕانكاریه‌كان ده‌توانێت ده‌رفه‌تێكی پێكهاته‌یی له ئاستی ناوچه‌ییدا بۆ كورد به سه‌رنجدان له فاكته‌ری ئاسایشی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی بێنێته ئاراوه. له گۆڕانكاری له هاوسه‌نگیی هێزی نێوان ئه‌كته‌ره ناوچه‌یییه‌كان، كورد به‌شێكه له كۆمه‌ڵه‌ی نوێی ئاسایشی ناوچه‌ییی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
به‌گشتی پرسه‌كان له بواری پێكدادان و ململانێیه ناسنامه‌یییه‌كان و، هه‌روه‌ها پرسه‌كانی جیۆسیاسی و جیۆستراتیژییدا ده‌سووڕێته‌وه، كه كۆی ئه‌مانه‌یش به‌پێی ستراتیژیی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییی نێوان ئه‌كته‌ر هه‌رێمی و سه‌رووهه‌رێمییه‌كان له دۆخی گۆڕانی خێرادایه. بۆیه ئه‌گه‌ر كورد بتوانێت وه‌كوو یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتووی سیاسی و ئه‌كته‌رێكی كاریگه‌ر، به‌پێی فاكته‌ره‌كانی هێزی خۆی له هاوكێشه‌كاندا خۆی ده‌ربخات، ئه‌و كاته هاوسه‌نگیی هێزی نوێ به قازانجی كورد ده‌شكێته‌وه. دووركه‌وتنه‌وه‌ی توركیا له ئه‌مریكا ڕۆڵ و پێگه‌ی كورد لانی كه‌م له باشوور و ڕۆژاوا به‌رزتر ده‌كاته‌وه. هەروەها گوشار بۆ ئێران له عێراق و سووریا و یه‌مه‌ن له لایه‌ن سعوودیا و هاوپه‌یمانه‌كانی به پشتیوانیی ئەمریكا پێگه و ڕۆڵی حزبه كوردستانییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌رزتر ده‌بێته‌وه. به واتایه‌كی تر، ئه‌گه‌ر تاوه‌كوو پێش داعش هاوسه‌نگیی هێز له نێوان توركیا و ئێران‌دا (به هاوپه‌یمانه‌كانیانه‌وه) یه‌كلایی ده‌بووه‌وه، له سه‌رده‌می پۆست-داعش به هاوپه‌یمانێتی و بكه‌رایه‌تیی سعوودیا و هاوپه‌یمانه‌كانی له هاوكێشه جیۆسیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا یه‌كلایی ده‌بێته‌وه. ئه‌م هاوسه‌نگییه نوێیه‌یش دۆخ و پێگه‌ی كورد، به‌تایبه‌ت له عێراق و سووریا و ئێران، ده‌گۆڕێت.