پێشەكی:
ڕۆژی 13-10-2017 لە پاش چاوەڕەوانی و دڵەڕاوكێی ئێران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ڕاگەیاندنی ستراتیژیی نوێی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ لە هەمبەر ئێران بەگشتی و ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و دەوڵەتانی 5+1، لە وتاریكدا دۆناڵد ترامپ، سەرۆككۆماری ئەمریكا، هێڵە گشتییەكانی ئەم ستراتیژییە ڕاگەیاند. هەرچەندە وەكوو پێشبینی دەكرا ترامپ لە ڕاگەیاندنی تاكلایەنە و هەڵوەشاندنەوە یاخود چوونەدەرەوەی ئەمریكا لەم ڕێككەوتنە ئەتۆمییە خۆی بوارد و، تۆپەكەی خستە گۆڕەپانی كۆنگرێسی ئەمریكی، بەڵام ئەم وتارە چەندین ئاماژەی مەترسیدار و هەڕەشەئامێزی بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران تێدا بوو؛ كە لێرەدا هەوڵ دەدەین خوێندنەوەیەك بۆ ئەم وتارە و هێڵە سەرەكییەكانی ستراتیژیی ترامپ و هەنگاوەكانی داهاتووی لە هەمبەر ئێران بكەین و، هەروەها وهڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە كە بۆچی ئەمریكا لەم ڕێككەوتنە ئەتۆمییە نەكشایەوە و، بۆچی سوپای پاسدارانی نەخستە نێو لیستی گرووپە تیرۆریستییەكانهوه؟
هێڵە سەرەكییەكانی گوتاری ترامپ لە هەمبەر ئێران
ترامپ لە نێوهندی پێشكەشكردنی وتارەكەی دەربارەی هەڕەشە و مەترسییەكانی ئێران و ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئەمریكا لەگەڵ ئەو وڵاتە، چەند خاڵی گرنگی خستە ڕوو، كە دەكرێت ڕاڤەی هەنگاوەكانی داهاتووی ئەم ئیدارەیە بێت و بە هێڵە سەرەكییەكانی گوتار و، بەم پێیە ستراتیژیی ترامپ لە هەمبەر ئێران بیناسێنین:
دوژمنایەتیی مێژووییی ئێران و ئەمریكا
١- ترامپ مێژووی دوژمنایەتیی قووڵی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەگەڵ ئەمریكا لە سەرەتای دروستبوونی ئەم سیستەمە سیاسییە وەبیر هێنایەوە، ئهویش بە ئاماژەپێكردن بە بەبارمتەگرتنی دیپلۆماتەكانی ئەمریكا لە تاران لە ساڵی 1979، تاوەكوو ڕەفتارەكانی ئێران لە دژی ئەمریكییەكان و بەشداری لە كوشتنی هێزە ئەمریكییەكان لە لوبنان و سعوودیا و عێراق و هتد. ئەمەیش بۆ ئەوەیە كە ئامادەكاری بكات بۆ ئەوەی كە ئەگەر لە داهاتوودا هەر هەنگاوێك لە دژی ئەو ڕژێمە هەڵبگرێت، لە لایەن ڕای گشتیی ناوخۆ ئەمریكا و نێودەوڵەتییەوە و، هەروەها هەر دوو حزبی كۆماری و دیموكراتەكانهوه ڕەوایەتیی هەبێت. لە لایەكی دیكەیشەوە، ئەم گێڕانەوەیە مێژوویییە دەتوانێت پەیامێكیش بێت بۆ بێدەنگكردنی نەیارانی ناوخۆیی و دەرەكیی هەڵوەشانەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی و گوشار و ئابڵووقە و سزای زیاتر بەسەر ئێران. هەروەها ترامپ بە ئاماژەدان بەوەی كە دروشمی دڵخوازی ئێران تاوەكوو ئێستا "مەرگ" و "نهمان" بۆ ئەمریكا و ئیسڕائیلە، ئەوە وەبیر كۆمەڵگەی ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هێنایەوە كە ئەم ڕژێمە كار لەسەر نەمانی ئیسڕائیل و ئەمریكا دەكات و، هەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئەم ڕژێمە، كاتی و تەكتیكی و كاتكوشتنە. ئەم پەیامە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە كاریگەری و شوێندانەریی زۆری لەسەر هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپی و دۆستی ئیسڕائیلیش دەبێت، بێجگە لەوەی كە ئیسڕائیلیش لە ستراتیژیی ئەمریكا لە هەمبەر ئێران، ڕازی دەكات.
جیاكردنەوەی گەلانی ئێران لەگەڵ ڕژێمی ئێران
٢- ترامپ لە وتارەکەیدا بەردەوام هەوڵی داوە كە حكوومەت و ڕژێمی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵكی ئاساییی ئێران لێك جیا بكاتەوە. ئەمەیش بە ئاماژەكردن بەوەی كە خەڵكی ئێران خاوەن شارستانییەتن و ئەم ڕژێمە ئەوانیش سەركوت دەكات و ڕژێمێكی داپڵۆسێنەرە و خەڵك لێی ناڕازین و ڕەوایەتیی نییە. ئەمە بۆ ئەوەی كە پەیامێك بە خەڵك بدات كە مەبەست لە هەر كاردانەوە و سەپاندنی سزا و ئابڵووقەیەك بۆ سەر ئێران، ڕژێم و دەسەڵاتدارانی ئەو سیستەمە سیاسییەیە نەك خەڵكی ئاسایی. ئەمەیش لە ڕووداو و هاوكێشەكانی داهاتوودا بۆ كەمكردنەوەی پاڵپشتی لە حكوومەتی ئێران و، هەروەها بۆ پووچەڵكردنەوەی سیاسەتی بەدوژمنناساندنی ئەمریكا لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە كاریگەریی خۆی هەیە. لە لایەكی دیكەیشەوە، جیاكردنەوەی حكوومەت لە خەڵكی ئێران، سەرەتایەكە بۆ ڕەاویەتیدان بە چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ گۆڕینی ڕژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران و، ئهمەیش دەسەڵاتدارانی ئێرانی تووشی دڵەڕاوكێی زیاتر كردووە.
پرسی پاڵپشتی لە تیرۆر
٣- لە وتاری ترامپدا ئاماژە بە ڕۆڵی ئێران وەكوو گەورەترین پاڵپشت و داكۆكیكاری تیرۆریزم لە جیهاندا كراوه. ئەمەیش بە كرۆكی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریكا لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران دادەندرێت، بەو پێیەی كە دژایەتیی تیرۆر لەگەڵ پرسە ئابوورییەكان، ئەولەوییەتی سەرەكیی ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكایە لە سەدەی بیست و یەكەمدا. بۆیە ناساندنی ئێران وەكوو سەرچاوەی دابینكردنی پاڵپشتیی لۆجێستیكی و دارایی و ڕاهێنان و... بۆ گرووپە تیرۆریستییەكانی وەكوو ئهلقاعیدە، حەماس و حزبوڵڵای لوبنان و...، وا دەكات كە ڕێگە خۆش بكرێت بۆ ئەوەی كە ئابڵووقە و سزای زیاتری ئێران بدرێت.
پرسی سوپای پاسداران
٤- لە وتارەكەی ترامپدا، سوپای پاسدارانی ئێران وەك هێزێكی پاڵپشتیكەری تیرۆریزم و، هەروەها تێكدەری ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە و ئامرازی دەستێوەردان لە دەوڵەتانی ناوچەكە پێناسە كرا. بەم پێیە پاش كەمتر لە یەك كاتژمێر، سوپای پاسداران خرایە لیستی ڕەشی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكاوە بۆ سەپاندنی سزا و ئابڵووقەی زیاتر بەسەر ئەندامانی باڵا و فەرماندەكان و، هەروەها ڕێكخراو و كۆمپانیاكانی سەر بەو دامەزراوە سەربازییە توندڕەوە. لە ڕاستیدا ئەوەی كە وای كرد سوپای پاسداران نەخرێتە نێو لیستی تیرۆرەوە، ئەوە بوو كە لەم قۆناغەدا ئەگەری پێكدادان لە سوووریا و عێراق و كەنداوی فارس و بەگشتی لە ناوچەكەدا لە نێوان سوپای ئەمریكا و سوپای پاسداران بەرز دەبووەوە. ئەمەیش دهبووه هۆی ئهوهی كە ناوچەكە تووشی ئاڵۆزیی زیاتر بێت و جەنگی دژی داعش وەكوو ئەولەوییەتی ئاسایشیی ئەمریكا لە عێراق و سووریادا، تووشی گرفت بێت. بەڵام ئەم هەنگاوەی ئەمریكا، بە پەیام و سەرەتایەك دادەندرێت كە لە داهاتوودا ئەم ڕێكخراوە بخرێتە لیستی تیرۆرەوە ئەگەر ئێران واز لە دەستێوەردانە ناسەقامگیرەكانی لە دەوڵەتانی ناوچەكە نههێنێت. لە لایەكی دیكەیشەوە، ناساندنی سوپای پاسداران بە پاڵپشتیكەری تیرۆریزم، وا دەكات كە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەستیان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو گرووپانەی كە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە یارمەتی دەدرێن و جەنگی بەنوێنەرایەتی بۆ ئێران دەكەن، ئاوەڵاتر بێت. هەروەها ئەوەی كە گرنگە ئەوەیە كە بە گوشارخستنە سەر سوپای پاسداران، ئەوا دەتواندرێت لە ڕووی ئابوورییەوە گوشار و ئابڵووقە بخرێتە سەر ئێران بە هۆی ئەوەی كە سوپا زیاتر لە 75% لە ئابووریی ئێرانی بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەدەستەوەیە؛ ئەمەیش ئێران هاوشێوەی سەردەمی ئابڵووقەكانی ئەتۆمی، تووشی گرفت و گوشار دەكات.
دەستێوەردانی تێكدەرانەی ئێران لە دەوڵەتانی ناوچەكە
٥- پرسی ناسەقامگیركردنی دەوڵەتانی ناوچەكە و دەستێوەردانەكانی ئێران لە ڕێگەی دروستكردنی پشتێنەیەك بە ناوی "هیلالی شیعی" كە ترامپ ئاماژەی پێ دا، پەیوەندیی بە سوپای پاسداران و، هەروەها ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران و وڵاتانی 5+1 هەیە. بەم واتایە كە ئەگەر ئێران واز لە دەستێوەردانە ناسەقامگیركەرەكانی نەهێنێت، ئەوە ئەو كاتە لەوانەیە سوپای پاسداران بخرێتە چوارچێوەی گرووپێكی تیرۆریستی و، هەروەها ئەمریكا لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە بكشێتەوە. بۆیە ئەوانە بە تەواوكەری یەكتری دادەندرێن. چونكە لەو قۆناغەی ئێستادا دەوڵەتانی ئەوروپی و، هەروەها ڕووسیا و چین، دژایەتیی خۆیان بۆ هەڵوەشانەوەی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان ئێران و ئەو دەوڵەتانە ڕاگەیاند. بۆیە ئەمریكا بەتەنیا دەمایەوە ئەگەر ئەو كارەی بكردبایە، بەڵام لێرە بەدواوە ستراتیژیی ئەمریكا ئەوەیە كە چاودێری و پاڵەپەستۆ و گوشار و ئابڵووقەی زیاتری سەر ئێران، وا بكات كە ئێران لەژێر گوشاری توندڕەوەكانی ناوخۆی ئێران خۆی پێشێلی ئەو ڕێككەوتنە بكات.
پرسی داهاتووی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران و دەوڵەتانی 5+1
٦- ترامپ لە وتارەكەیدا نیگەرانیی ئەمریكای لە پێشێلكردنی ڕۆحی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران و، هەروەها هەوڵەكانی ئێران بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەكی ئەتۆمی و پێشێلكارییەكانی نەشاردەوە و، ڕای گەیاند كە پابەندبوونی ئێران بە ڕێككەوتنەكەوه، پەسند ناكات. ئەمەیش سەرەتایەكی مەترسیدارە بۆ داهاتووی ئەم ڕێككەوتنە. بۆیە كۆنگرێسی ئەمریكی و دەزگه هەواڵگرییەكانی ئەو دەوڵەتەی ڕاسپارد كە لەمبارەیەوە ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر و لە ئەگەری نەگەیشتنە هیچ ئەنجام و بڕیارێك، ئەوە هەموو ئەگەرەكان كراوە دەبن و لەوانەیە ئەو كاتە خۆی وەكوو سەرۆككۆمار بڕیار بدات و ئەم ڕێككەوتنە، كە بە خراپترین ڕیككەوتن لە مێژووی ئەمریكادا پێناسەی كردووە، هەڵبوەشێنێتەوە. ئەمە ئەو خاڵەیە كە ئێران مەترسیی زۆری لێی هەیە. بۆیە پێشبینی دەكرێت كە سەپاندنی سزا و ئابڵووقەی زیاتر بەسەر ئێران و تەنانەت سوپای پاسداران، وا بكات كە ئێران هەوڵی پێشێلكردنی بنەماكانی ئەو ڕێككەوتنە ئەتۆمییە بدات. لێرەوەیە كە ئەمریكا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەستی كراوەتر دەبێت بە بەراورد لەگەڵ ئێستا بۆ دەرچوون لەو ڕێككەوتنە؛ ئەمەیش ئێران بە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگی هەمەلایەنە بۆ سەر خۆی دادەنێت.
بەرنامەی سەربازی و مووشەكیی ئێران
٧- پرسی مووشەكە دوورهاوێژەكان و هەوڵەكانی ئێران بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەك و مووشەكی بالستیكی و، نیگەرانیی دەوڵەتانی ناوچەكە و هاوپەیمانانی ئەمریكا و تەنانەت نیگەرانیی وڵاتانی ئەوروپی، وای كردووە كە ئەمریكا لەم ڕووەوە دەستی كراوەتر بێت و، بتوانێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنێت. ئەمەیش هاوسەنگیی هێز لە دژی ئێران دەگۆڕێت. بۆیە ڕۆحانی، سەرۆككۆكاری ئێران، لە یەكەمین كاردانەوەیدا ڕای گەیاند كە پێداگیرتر و مكوڕتر لە جاران لەسەر پرۆگرامە سەربازی و مووشەكییەكانی ئێران بەردەوام دەبین. ئێران لە ڕاستیدا هەست بە مەترسیی ئاسایشی دەكات كە ئەگەر ئەو توانایەی نەبێت بە هۆی هەڵپەساردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی و، هەروەها بەتیرۆریست ناساندنی گرووپە میلیشیایییەكانی لایەنگری ئێران لە ناوچەكەدا، ئەوە ناتوانێت ئاسایشی خۆی بپارێزێت و هاوسەنگیی هێزەكان، بەتایبەت لە پاش نەمانی داعش و نزیكبوونەوەی سعوودیا لە ڕووسیا و، هەروەها گرێبەستە ملیاردییەكانی فرۆشتنی چەك و تەكنەلۆژیی پێشكەوتووی سەربازی بە وڵاتانی سوننەی ناوچەكە، بە زیانی ئێران بشكێتەوە. بۆیە پێشبینی دەكرێت ئەم گوشارانەی ئەمریكا بۆ ئەوەیە، كە ئێران واز لە بەرنامە سەربازی و مووشەكییەكانی كە لەسەر دەوڵەتانی ناوچەكە و ئیسڕائیل بە هەڕەشە دادەندرێت، بهێنێت.
پاڵپشتییەكانی ئێران لە ڕژێمی بەشار ئەسەد
٨- ترامپ هەوڵی دا كە هەوڵەكانی ئێران بۆ پاڵپشتی لە ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا بخاتە ژێر پرسیارەوە و، ڕێگە بۆ داهاتوو و سناریۆكانی پاش ئەسەد خۆش بكات. بەو واتایە كە ئێرانی بە هۆكاری كوژرانی مناڵانی سووریا و ئەو كارەساتانە ناساند. ئەمەیش دهبێته هۆی ئهوهی كە لە داهاتوودا ئەگەری ئەوە لە ئارادا بێت كە ئێران لەسەر پرسی سووریا و، بەپێی گوتەكانی ترامپ لەسەر پێشێلكارییەكانی سوپای پاسداران و پاڵپشتی لە تیرۆر سزا بدرێت و لە سووریادا شكست بە ئێران بهێنرێت بە كۆدەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەنانەت لە ئەنجومەنی ئاسایشدا.
سزا و ئابڵووقە ئابوورییەكان
٩- جەختكردنەوەی زۆری ترامپ لەسەر پرسی ئابووری و بەتایبەت داراییی ئێران لە پاش ڕێككەوتنی ئەتۆمی، دەربڕی ئەوەیە كە ئەمریكا دووبارە هەوڵ دەدات كەناڵ و دەرچەكانی دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە سەرچاوە دارایییە نێودەوڵەتییەكان بلۆك بكاتەوە و ڕێوشوێنی تایبەت لەم بوارەدا بگرێتە بەر. هەروەها ئەوە نیشان دەدات كە ئەمریكا له هەوڵی سەپاندنی سزا و گەمارۆی نوێی ئابووری و داراییدایه بەسەر كۆماری ئیسلامیدا. ئەمەیش پەیامێك بوو بۆ دەوڵەتانی ئەوروپی و ڕووسیا و چین كە لەوانەیە ئەوانیش بە هۆی پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری و دارایی لەگەڵ ئێران بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بكەونە بەر ئەو گەمارۆ و سزا دارایی و ئابوورییانەوە.
ڕۆڵی دەوڵەتانی ناوچەكە و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا
١٠- پێداگریی ترامپ لەسەر هاوكاری لەگەڵ هاوپەیمانەكان دەربارەی ئێران، گرنگیی زۆری لەسەر داهاتووی ستراتیژیی ئەمریكا لە هەمبەر ئێران هەیە. ئەم پێداگرییە دەتوانێت دڵنیاییی زیاتر بداتە ئیسڕائیل و دەوڵەتانی سوننەی ناوچەكە وەكوو سعوودیا و، هەروەها دهتوانێ ئەوروپییەكانیش لەگەڵ ئەمریكادا بۆ سنوورداركردنی ڕۆڵی تێكدەرانەی ئێران هەماهەنگ بكات. بۆیە ئەمریكا دهیەوێت لەگەڵ وڵاتانی دژی ئێران لە ناوچەكە و، هەروەها هاوپەیمانە ئەوروپییەكان ئێران گەمارۆ و سزا بدات. تەنانەت پێشبینی دەكرێت كە ئێران وەكوو كارتی دانوستان لە لایەن ڕووسیا و چین كەڵكی لێ وەربگیرێت. لە لایەكی دیكەیشەوە، ئەم پێداگرییە دەتوانێت ئاماژەیەك بێت بۆ پاڵپشتیی زیاتری ئەمریكا لە دەوڵەتانی ناوچەكە لە دژی ئێران و دروستبوونی هاوسەنگیی نوێ لە پاش جەنگی داعش و گرنگیپێدانی ئیدارەی ترامپ بە ڕۆڵی ئەو دەوڵەتانە لە دروستكردنی ئاسایش و هاوسەنگیی هێز لە هەمبەر كۆماری ئیسلامیی ئێراندا.
هەڕەشە و نفووزی ئێران لە دەوڵەتانی كەنداو
١١- ناوهێنانی "كەنداوی عەرەبی" لە وتەكانی ترامپ لە دژی كۆماری ئیسلامی، ئێرانی تووشی نیگەرانیی توند و تەنانەت كاردانەوەی ڕۆحانی كرد. یەكێك لە گرنگترین مەبەستە شاراوەكانی ئەم ناوهێنانە، وەكوو هۆشدارییەكە بۆ ئێران كە لە ناوچەی كەنداودا چیتر ڕێگە نادەن ئێران باڵادەست بێت و كۆماری ئیسلامی پەراوێز و گۆشەگیر دەكەن؛ ئەمەیش وەكوو ئاماژەیەك بە دەستێوەردانەكانی ئێران لە دەوڵەتانی كەنداو و هەڕەشە سەربازییهكانی ئێران لە گەرووی هۆرمۆز و پرسی ئاسایشی وزە لە ناوچەی كەنداو.
كۆبەند:
ستراتیژیی نوێی ئیدارەی ئەمریكا (ترامپ) لە هەمبەر ئێران، دەتوانێت سەرەتایەك بێت بۆ گۆڕانگاریی گەورە و بە قازانجی كورد بشكێتەوە؛ بەو پێیەی كە ئێران هەم لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان هەوڵی نفووز و دروستكردنی دووبەرەكیی نێوان هێزە سیاسییەكان و هەڵپەساردنی ئەنجامەكانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەدات و، هەم لە ئاستی عێراقیشدا بە هەڕەشەكانی حەشدی شەعبی و حكوومەتی بەغدا گوشار دههێنێ و، مەترسیی ئاسایشی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دروست دەكات.
گوشار و سزاكانی سەر سوپای پاسداران و گرووپەكانی لایەنگریشی، دەتوانێت ڕۆڵی ئێران لە ناوچەكە و، هەروەها لە عێراق سنووردار بكات. بەڵام ئەوەی پێشبینی دەكرێت ئەوەیە كە ترامپ خوازیاری ئەوەیە كە بە هۆی گوشارەكانهوه ئێران خۆی لەو ڕێككەوتنە بكشێنێتەوە یاخود پێشێلی بكات. ئەمەیش لە ڕێگەی زیاتركردنی گوشار بۆ سەر سوپای پاسداران و سنوورداركردنی ڕۆڵی تێكدەرانەی سوپا لە ناوچەكە و، هەروەها هەوڵدان بۆ گۆڕینی هەندێ خاڵ و ماددەی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە و هەوڵی بەهەمیشەییكردنی سنووردارێتییەكانی ئێران، وا بكات كە ئێران ئەوە قبووڵ نەكات و لێی بكشێتەوە. چونكە ڕۆحانی لە كاردانەوەی لە هەمبەر وتەكانی ترامپدا ڕای گەیاند تا ئەو كاتەی كە ئەم ڕێككەوتنە بەرژەوەندییەكانیان دابین بكات ئەوە پێیەوە پابەند دەبن. بۆیە كرۆكی ستراتیژیی نوێی ئەمریكا ئەوەیە كە، ئەم ڕێككەوتنە چیتر بەرژەوەندییە دارایی و ئابووری و سیاسی و ئاسایشییەكانی ئێران دەستەبەر نەكات.
لە لایەكی دیكەیشەوە ترامپ هەوڵ دەدات لە ڕێگەی كۆنگرێسی ئەمریكییەوە ئابڵووقەی زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و، لە ئەگەری ئامادەبوونی زەمینە و ڕێكنەكەوتنی كۆنگرێسمانەكان لەسەر ئێران، ئهو وڵاته خۆی بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات و، ئەمەیش لە ئاستی ناوخۆییدا لە قازانجی ئیدارەی ترامپە. هەروەها نابێت ئەوە فەرامۆش بكەین كە سنوورداركردنی ئێران هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ سنوورداركردنی ڕووسیا لە ناوچەكەیش دەگرێتەوە.
ئەوەی كە مەترسییە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، پاڵپشتیی هێز و لایەنێك لە كوردستان لە ئەجێندای ئێران و، هەروەها ئەگەری پێكدادانی نێوان ئەمریكا و ئێرانه لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان. بەڵام هەر گوشارێك بۆ سەر ئێران، لە قازانجی ئابووری و سیاسی و سەربازیی هەرێمی كوردستانە.