پێشه‌كی:
له پاش جه‌نگی جیهانیی دووه‌م، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ڕووسیا و ئه‌مریكا یه‌كێك له گرنگترین بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بووه و زیاتر له هه‌ر پرسێكی تر كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی و ته‌نانه‌ت ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌وڵه‌تانی تر هه‌بووه. هه‌ر به‌م پێیه جۆری په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌م دوو هێزه، فۆرم و پێكهاته‌ی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی وێنا ده‌كات. هه‌رچه‌نده یه‌كێتیی ئه‌وروپا و چین وه‌كوو ئه‌كته‌رێكی به‌هێز له هاوكێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌وڵی شوێندانه‌رییان هه‌بووه، به‌ڵام تاوه‌كوو ئێستا ئه‌مه زیاتر ئابووری بووه و، له ڕووی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه ئه‌وه ڕووسیا بووه كه له هه‌مبه‌ر ئه‌مریكا هێزی هاوسه‌نگه‌ر بووه. له ڕاستیدا پرس و بابه‌ته‌كانی نێوان ئه‌م دوو هێزه (ئه‌مریكا و ڕووسیا) بێجگه له‌وه‌ی كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه، ده‌توانێت بارگرژی و ناكۆكییه‌كان چاره‌سه‌ر یاخود دروست بكات.
له پاش هاتنه‌سه‌ر كاری "دۆناڵد ترامپ"، ئه‌وه گه‌شبینییه‌ك بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی نێوان ئه‌م دوو هێزه و چاره‌سه‌ركردنی كێشه و ناكۆكییه‌كانیان هاتۆته ئاراوه. بۆیه پرسیار ئه‌وه‌یه كه ئایا ئه‌م دوو هێزه ده‌توانن یاخود ده‌خوازن كۆتایی به پرسه ناكۆكه‌كانیان، بۆ نموونه له سووریا و داهاتووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئۆكراین و كریمیا، سنووری نفووزی ناتۆ، بڵاوبوونه‌وه و كۆنترۆڵی چه‌كی ئه‌تۆمی، پێناسه‌ی تیرۆریزم، ئه‌بخازیا و ئۆسیتیا و...، بهێنن؟
له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌م پرسه تاووتوێ بكه‌ین، چونكه داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانیان كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هاوسه‌نگیی هێزه‌كان و جه‌مسه‌ربه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی و ته‌نانه‌ت ناوچه‌یی هه‌یه، و به‌م پێیه‌یش شوێندانه‌ریی له‌سه‌ر چاره‌نووسی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی و باشووری كوردستان به‌تایبه‌ت ده‌بێت.
گۆڕانكارییه‌كانی پاش جه‌نگی سارد
دوای ساڵه‌كانی سه‌ره‌تای 90ه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو و ڕووخانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، په‌یوه‌ندییه ستراتیژییه‌كانی نێوان ئه‌م دوو هێزه له ساڵانی 2001 و 2002، به‌رەو كێبركێ و ململانێی نێوانیان ئاراسته كرا، تاوه‌كوو بارگرژی له‌سه‌ر پرسی ئۆسیتیا له ساڵی 2008. پاش ئه‌م ڕێكه‌وته و له سه‌رده‌می سه‌ره‌تای سه‌رۆكایه‌تیی "ئۆبامادا" به‌ره‌و نه‌هێشتنی بارگرژی یاخود ئه‌وه‌ی كه به Reset یاخود Great Deal ناسرا، ڕۆیشت. به‌ڵام ڕووداوه‌كانی ئۆكراین و كریمیا و هه‌روه‌ها ئابڵووقه‌كانی ڕۆژاوا بۆ سه‌ر ڕووسیا، پاشان پرسی لایه‌نگریی ئیداره‌ی ئۆباما له ئۆپۆزیسیۆنی دژی پووتین و، هه‌روه‌ها ده‌ستێوه‌ردان و به‌شداریی ڕاسته‌وخۆی ڕووسیا له سووریا، په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و ڕووسیای تووشی ئاڵوگۆڕ كرد.
هه‌رچه‌نده له پاش كۆتاییی جه‌نگی سارد، ڕووسیا ئه‌و پێگه و ڕۆڵه جیهانییه‌ی تا ڕادده‌یه‌ك له‌ده‌ست داوه، به‌ڵام وه‌كوو دووه‌مین هێزی سه‌ربازیی جیهان و، هه‌روه‌ها ئه‌ندامێتیی له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و هاوسنووری له ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوان و به‌ربڵاوی جوگرافی (ژاپۆن، چین، ئاسیای ناوه‌ڕاست و قه‌وقاز، ده‌ریای قه‌زوین، ناوچه‌ی ده‌ریای ڕه‌ش، ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا تاوه‌كوو ناوچه‌ی ده‌ریای باڵتیك) ده‌توانێت تاوه‌كوو ئێستایش جددیترین هه‌ڕه‌شه بێت بۆ سه‌ر ئه‌مریكا و نفووزی ئه‌م وڵاته، هه‌روه‌كوو "ستێفان واڵت" (Stephen Martin Walt)، زانای په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و مامۆستای زانكۆی هارڤارد ده‌ڵێت، به هۆی تواناكانی له دروستكردنی "هاوسه‌نگیی تۆقاندن" (Threat Balance) له هه‌مبه‌ر ئه‌مریكادا.
به‌م پێیه فاكته‌ری یه‌كلاكه‌ره‌وه له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ڕووسیا، ته‌نیا هێزی ڕووسیا نییه له هه‌مبه‌ر ئه‌مریكادا، به‌ڵكوو هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی ڕووسیا و، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنی ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌یه. ئه‌مه‌یش بۆ "هاوسه‌نگیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان (Balance of Interests) یاخود مه‌یل و حه‌زی ڕووسیا بۆ دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له به‌رامبه‌ر ئه‌مریكادا، ده‌گه‌ڕێته‌وه.
كێشه و پرسه جێناكۆكه‌كان
به شێوه‌یه‌كی گشتی كۆمه‌ڵیك پرس و بابه‌تی هه‌ستیار و گرنگی جێگه‌ی ناكۆكی له نێوان ئه‌مریكا و ڕووسیادا له ئارادایه كه "ترامپ" و "پووتین" بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان وه‌كوو به‌ربه‌ست، ده‌بێت له‌سه‌ر ڕێگه‌یان لای ببه‌ن یاخود هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیان بده‌ن، وه‌كوو: نفووز و به‌رفراوانبوونی ڕێكخراوی ناتۆ بۆ ڕۆژهه‌ڵات یاخود ناوچه‌ی نفووزی نه‌ریتیی ڕووسیا، قه‌یرانی سووریا، سزا و ئابڵووقه‌كانی سه‌ر ڕووسیا له لایه‌ن وڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مریكا له لایه‌ك و پرسه ئابوورییه‌كان له لایه‌كی تره‌وه، قه‌یرانی ئۆكراین و كریمیا، پرسی قه‌ڵغانی مووشه‌كی له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا، پرسی كۆنترۆڵكردنی چه‌كه ستراتیژی و ئه‌تۆمییه‌كان، ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ڕێسا و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان یاخود پێكهاته‌ی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی و دابه‌شبونی هێز له ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیدا و هتد.
كێشه‌ی ئۆكراین و سووریا
كاتێك كه سیاسه‌تی مۆسكۆ له "به‌رگریی ئه‌رێنی" له پاش ڕووداوه‌كانی ساڵی 2008ه‌وه، بۆ سیاسه‌تی "به‌رگریی ڕاسته‌وخۆ" گۆڕدرا، زۆربه‌ی ستراتیژیسته‌كان گه‌یشتنه ئه‌و بڕوایه‌ی كه ڕووسیا و ئه‌مریكا له‌ناو جه‌نگێكی ساردی دیكه‌دان. بۆ نموونه پووتین له ساڵی 2007دا ڕای گه‌یاند كه پرۆژه‌ی قه‌ڵغانی مووشه‌كی له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا وه‌كوو خوڵقاندنی دۆخی هاوشێوه‌ی قه‌یرانی مووشه‌كیی كۆبایه له ده‌یه‌ی 1960. له پاش جه‌نگی سارد، ڕووسیا خۆی به ئابڵووقه‌دراو ده‌بینێت كه له لایه‌ن ئه‌مریكاوه ده‌وره دراوه. به‌م پێیه ململانێیه‌كی جیۆپۆلیتیك و جیۆئێكۆنۆمیك له نێوان ڕۆژاوا و ڕووسیادا له‌سه‌ر ناوچه‌كانی نفووز و "ناوچه پشتێنه‌یییه‌كان" بۆ پاراستنی ئاسایش و كۆنترۆڵكردنی یه‌كتری له ئارادایه. ڕووداوه‌كانی ساڵی 2014 و ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازیی ڕووسیا له نیمچه‌دوورگه‌ی كریمیا و، پاشان سزا و ئابڵووقه‌كانی بواره‌كانی دارایی و ئابووری و ته‌كنه‌لۆژی و وزه‌ی ڕۆژاوا بۆ سه‌ر ئه‌م وڵاته وای كردووه، كه ڕووسیا بكه‌وێته نێو گوشارێكی له‌ڕادده‌به‌ده‌ر.
هه‌موو ئه‌مانه وای كرد، كه پاش جه‌نگی ناوخۆ له سووریا، تاكه بنكه‌ی دەرەكیی سه‌ربازیی ڕووسیا له جیهان بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه و، ڕووسیا خۆی به دۆڕاوی گۆڕانكارییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له قازانجی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا بزانێت. ئه‌وه بوو كه له ساڵی 2015دا ڕاسته‌وخۆ هاته ناو ئه‌م جه‌نگه‌وه و، هاوكێشه سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی گۆڕی. له ڕاستیدا سووریا بۆ ڕووسیا وه‌كوو كارتێكی به‌هێزی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی هاوكێشه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان (بۆ نموونه كه‌مكردنه‌وه‌ی گوشاره‌كان له‌سه‌ر پرسی كریمیا و ناوچه‌ی نفووزی ڕووسیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا و پرۆژه‌ی قه‌ڵغانی مووشه‌كی و نفووزی ناتۆ و...) و، ته‌نانه‌ت پاراستنی ناوچه‌ی نفووزی نه‌ریتیی ئه‌م وڵاته له ناوچه‌ی ده‌ره‌وه‌ی نزیكی خۆی داده‌ندرێت.
بۆیه باشترین كارتی ڕووسیا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا كه كه‌مترین ئاڵۆزی و هه‌ستیاریی بۆ ئه‌مریكا و ئه‌وروپا هه‌یه و، ده‌كرێت ڕێككه‌وتنێك بكرێت كه ڕووسیا له به‌رامبه‌ردا له‌سه‌ر پرس و ناوچه‌كانی تر ئیمتیاز له ڕۆژاوا وه‌ربگرێت، "پرسی سووریایه". ته‌نانه‌ت پێشبینی ده‌كرێت كه جۆری ڕێككه‌وتنی ڕووسیا و ئه‌مریكا له‌سه‌ر پرسی سووریا، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دابه‌شكردنه‌وه‌ی هێز یاخود هاوسه‌نگیی هێزه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێت و، به‌م پێیه‌یش فۆرمی پێكهاته‌ی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی و چۆنێتیی چاره‌سه‌ركردنی پرس و كێشه جیهانییه‌كان ده‌ستنیشان بكات. به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕاستییانه، ڕووسیای سه‌رده‌می پووتین (Vladimir Putin)، به‌تایبه‌ت دوای ساڵی 2007وه، هه‌وڵ ده‌دات به تێپه‌ڕاندنی ستراتیژیی سیاسه‌تی "یۆرۆئه‌تلانتیكگه‌رایی" (Euroatlantism) و "ئۆراسیاگه‌رایی" (Eurasianism)، دووباره پێگه و ڕۆڵی خۆی له هاوكێشه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ده‌ست بێنیته‌وه. به‌م مانایه‌ی كه قۆناغی ئیفلیجبوون (The stage of paralysis)ی پێشووتر تێ په‌ڕێنێت، كه له هاوكێشه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان په‌راوێز خرابوو.
بۆیه چۆنێتیی به‌ڕێوه‌بردنی ململانێ جیۆسیاسییه‌كانی ڕووسیا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌تایبه‌ت له چوارچێوه‌یه‌كی ناسراو به "فره‌لایه‌نگه‌رایی" (multilateralism) له بری سیسته‌می فره‌جه‌مسه‌ری (multipolarity)، خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت. بۆیه ڕووسیا هه‌وڵ ده‌دات كه ستراتیژیی "پشتپێكبه‌ستن له‌سه‌ر بنه‌مای فره‌لایه‌نگه‌رایی" (Interdependence Based on Multilateralism) له ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی په‌یڕه‌و بكات. به‌و مانایه‌ی كه له گوشار و سنووردارێتیی جاران له ناوچه‌ی "ده‌ره‌وه‌ی نزیك"ی خۆی ڕزگاری بێت و، چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفته‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌به‌ستێته‌وه به سازشی ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی له ناوچه‌كانی تری جێگه‌ی مشت‌ومڕ و ململانێ له‌گه‌ڵ خۆی؛ بۆ نموونه ئاسیای ناوه‌ڕاست و قه‌وقاز و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌ی باڵتیك و هتد.
به‌رفرانبوون و نفووزی ناتۆ
به‌رفرانبوون و په‌لهاوێشتنی ڕێكخراوی ناتۆ بۆ ڕۆژهه‌ڵات له لایه‌ن ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه ڕۆژاوایییه‌كانی، به‌ئاشكرا دژی هێزی نه‌ریتیی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا واتا ڕووسیایه. گۆڕانكاری و بارگرژییه‌كانی ئۆكراین و كریمیا هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت. به ئه‌ندامێتیی كۆماری چێك و هه‌نگاریا و پۆلۆنیا له ساڵی 1999دا، سنووره‌كانی ناتۆ نزیكەی (400) كیلۆمه‌تر به‌ره‌و ڕووسیا به‌فراوان بووه‌وه. پاشان له ساڵی 2004دا ستۆنیا، لاتیڤیا، لیتوانیا و ڕۆمانیا، سلۆڤاكیا و سلۆڤینیا بوونه ئه‌ندام. بۆیه پرسی وه‌رنه‌گرتنی ئۆكراین و جۆرجیا وەكوو ئەندامی تەواو، بووه جێگه‌ی دڵه‌ڕاوكێی ڕووسیا و مشتومڕی ڕووسیا و ئه‌مریكا، هه‌رچه‌نده له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ڕووسیا و ئه‌مریكا ڕێك كه‌وتوون.
له ڕاستیدا ئه‌زموون و مێژووی ڕووسیا له‌م ناوچانه، له‌گه‌ڵ داگیركاری و جه‌نگی خوێناوی بووه. بۆیه ئه‌و وڵاتانه پێویستیان به نفووز و ڕۆڵی ئه‌كته‌ره‌كانی تر له هه‌مبه‌ر ڕووسیا هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕووسیا بوه‌ستێنن و هاسه‌نگی له به‌رامبه‌ر ڕووسیادا دروست بكه‌ن. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌ندامانی پێشووتری "په‌یمانی وارشۆ/1955-1991" (Warsaw Pact) له لایه‌ن ڕۆژاواوه یه‌ك له دوای یه‌كتری بوونه‌ته ئه‌ندامی ڕێكخراوی ناتۆ؛ ئه‌مه‌یش به گه‌وره‌ترین مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر نفووز و ئاسایشی ڕووسیا داده‌ندرێت، چونكه له ساڵی 1989 ئه‌ندامی ناتۆ له‌گه‌ڵ گۆرباچۆڤ ڕێككه‌وتنێكیان ئه‌نجام دا كه له پاش نه‌مانی وارشۆ، ناتۆ نه‌بێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ڕووسیا.
به‌ڵام ڕووداوه‌كانی پاشتر و گۆڕانكاری له پێكهاته و ئه‌رك و ئامانجه‌كانی ناتۆ، بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه دڵه‌ڕاوكێی ئاسایشی بۆ ڕووسیا دروست بكرێت، به‌تایبه‌ت له پرسی ئه‌ندامێتیی جۆرجیا و ئۆكراین له‌و ڕیكخراوه‌دا. هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تادا ڕووسیا هاوكاریی ئه‌م ڕێكخراوه‌ی ده‌كرد به‌ڵام پاشان و به هۆی په‌لهاوێشتنی ئه‌م ڕێكخراوه و هه‌نگاونان له ڕێكخراوێكی ناوچه‌یی –سه‌ربازی بۆ بوون به ڕێكخراوێكی سه‌رووناوچه‌یی و ئاسایشی، مه‌ترسیی بۆ پێگه و ڕۆڵ و نفووزی ڕووسیا دروست كرد. هه‌ر ئه‌وه‌یش بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه له ساڵی 2008 تاوه‌كوو 2014، قه‌یرانه‌كانی ئه‌بخازیا (Abkhazia) و ئۆسیتیا (South Ossetia) له 2008 و، نیمچه‌دوورگه‌ی كریمیا (The Crimean Peninsula) له 2014، ببێته بابه‌تێكی پڕ له كێشه و بارگرژی له نێوان ڕووسیا و ئه‌مریكادا.
هه‌ر ئه‌وه‌یش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه ڕووسیا بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌م ئابڵووقه‌یه ڕزگار بكات، هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات كه ململانێكانی له پرس و ناوچه‌كانی تر له‌گه‌ڵ ڕۆژاوا و ئه‌مریكا یه‌كلایی بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له سنوور و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی نزیكی خۆی كارتی به‌هێزی به‌ده‌سته‌وه بیت؛ بۆ نموونه: له پرسی سووریا و داهاتووی نفووزی سه‌ربازی ڕووسیا له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
پرسی كه‌مكردنه‌وه و كۆنترۆڵكردنی چه‌كه ستراتیژییه بالستیكی و ئه‌تۆمییه‌كان
له ئێستادا هه‌ر یه‌كه له ڕووسیا 13000 و ئه‌مریكا نزیكه‌ی 9500 كلاوه‌ی ئه‌تۆمی و 1000 مووشه‌كی بالستیكیان هه‌یه. بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كان له پاش به‌كارهێنانی ئه‌م چه‌كه له ساڵی 1945 له لایه‌ن ئه‌مریكاوه له دژی ژاپۆن، هه‌میشه پرس و بابه‌تێكی هه‌ستیار و پڕ له مشتومڕی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بووه. ڕووسیا یه‌كه‌م بۆمبی ئه‌تۆمیی خۆی له ساڵی 1949 و بریتانیا له ساڵی 1952 و فه‌ڕه‌نسا له ساڵی 1960 و چین له ساڵی 1964 تاقی كرده‌وه.
ئه‌م وڵاتانه به پێنج هێزی سه‌ره‌كیی خاوه‌ن چه‌كی ئه‌تۆمی ده‌ناسرێن و، هه‌ر به‌م پێیه‌یش له ساڵی 1968 ڕێككه‌وتننامه‌ی ڕێگه‌گرتن و قه‌ده‌غه‌كردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كان، ناسراو به Treaty on the Non-Proliferation of Nuclear Weapons (NPT) ئیمزا كرا و، له ساڵی 1970 چووه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. چه‌ندین ڕێككه‌وتننامه‌ی دوولایه‌نه و چه‌ندلایه‌نه بۆ ڕێگه‌گرتن له بڵاوبوونه‌وه و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئه‌م جۆره چه‌كانه له نێوان وڵاتانی زلهێزی جیهان به‌ستراوه و، ئه‌مه‌یش ده‌ربڕی نیگه‌رانیی قووڵی ئه‌م وڵاتانه‌یه له به‌كارهێنانی ئه‌م چه‌كانه له لایه‌ن وڵاتانه‌وه.
هه‌رچه‌نده زۆرن ئه‌و ستراتیژیستانه‌ی كه بڕوایان وایه كه بوونی ئه‌و چه‌كانه به هۆی مه‌ترسیی ده‌وڵه‌تان له وێرانبوونی یه‌كجاره‌كیی هه‌موو جیهان، نه‌یانهێشت كه له سه‌رده‌می جه‌نگی سارددا، جه‌نگی جیهانیی سێیه‌م له نێوان یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت و ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانیان ڕوو بدات. بۆیه به بڕوای ئه‌و كه‌سانه هه‌بوونی ئه‌م چه‌كانه به شێوه‌یه‌ی كۆنترۆڵكراو له لایه‌ن وڵاتانی به‌رپرسیار و زلهێز و هاتنه‌ئارای سیاسه‌تی ڕێگه‌گرتن یاخود پێشگیری (deterrence)، یارمه‌تیی ئاشتی و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌دات. به‌م پێیه هه‌ر یه‌كه له ئه‌مریكا و ڕووسیا هه‌وڵیان داوه، كه له چه‌ندین ڕێككه‌وتننامه‌دا ئه‌م چه‌كانه كۆنترۆڵ بكه‌ن. به‌ڵام به‌رده‌وام ئه‌م پرسه و ئاست و ڕێژه‌ی توانایی و ژماره‌ی ئه‌م چه‌كانه جێگه‌ی ناكۆكی و بارگرژی بوونه له نێوان ئه‌مریكا و ڕووسیادا.
بۆ نموونه له ساڵی 1972 بۆ ڕێگه‌گرتن له جه‌نگی ئه‌تۆمی و تاقیكردنه‌وه‌ی مووشه‌كی، پاش ده‌ستپێكردنی دانوستاندن له ساڵی 1969، ڕێككه‌وتننامه‌ی ناسراو به "ساڵتی 1" (Strategic Arm Limitation Talks 1 (له نێوان ئه‌مریكا و یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت واژوو كرا. پاشان له ساڵی 1972 تا 1979ئه‌م ڕێككه‌وتننامه‌یه بۆ "ساڵتی 2" گۆڕدرا، به‌ڵام به‌فه‌رمی په‌سند نه‌كرا.
پاشان له ساڵی 1972 له نێوان "خرۆشچۆف" و "نیكسۆن"دا ڕێككه‌وتننامه‌ی مووشه‌كه دژه‌بالستیكییه‌كان بۆ ماوه‌ی 30 ساڵ واژوو كرا، كه به كورتكراوەیی ((Anti-Ballistic Missile Treaty “ABMT”)) ناسراوه. به‌ڵام "ڤلادیمیر پووتین" و "بیل كلینتۆن" له ساڵی 2000 له‌سه‌ر چاكسازی له‌م ڕێككه‌وتننامه‌یه‌دا نه‌گه‌یشتنه ئه‌نجام و، ئه‌مریكا له ساڵی 2002 له ڕێككه‌وتنه‌كه هاته ده‌ره‌وه.
هه‌روه‌ها له ساڵی 1987 ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی سنوورداركردنی چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كانی مه‌ودای مامناوه‌ندی 500 تا 5500 كیلۆمه‌تر و، كورتمه‌ودای 500 تا 1000 كیلۆمه‌تر له نێوان "ڕێگان" و " گۆرباچۆف" واژوو كرا و، به "ڕێككه‌وتننامه‌ی چه‌كه ئه‌تۆمییه مه‌ودا مامناوه‌ندییه‌كان" The Intermediate-Range Nuclear Forces (INF))) ناسراوه. به‌ڵام له پاش مكوڕبوونی ئه‌مریكا له دامه‌زراندنی قه‌ڵغانی به‌رگریی مووشه‌كی ئه‌وروپی، "پووتین" له ساڵی 2007دا ڕای گه‌یاند كه چیتر ڕێككه‌وتننامه‌ی INFبه‌رژه‌وه‌ندی و ئاسایشی ڕووسیا ناپارێزێت. به‌م پێیه‌یش هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌م ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ی ڕاگه‌یاند و، جێبه‌جێكردنی، به‌م به‌رنامه‌یه‌ی ئه‌مریكاوه له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا مه‌رجدار كرد.
له ساڵی 1991 ڕێككه‌وتننامه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی چه‌كه ستراتیژیكه‌كان له نێوان ئه‌مریكا و ڕووسیادا واژوو كرا كه به "ستارتی1" (Strategic Arm Reductions Treaty) ناسراوه. ئه‌وه بوو پاش شكستی چه‌ندین دانیشتن له نێوان ڕووسیا و ئه‌مریكادا له نێوان "مێدڤێدۆف" و "ئۆباما"دا له ساڵی 2010 له شاری پراگ ڕێككه‌وتنی "ستارتی2" واژوو كرا كه له ساڵی 2011دا كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. به‌پێی ئه‌م ڕێككه‌وتننامه‌یه ئه‌مریكا و ڕووسیا پابه‌ندن كه له ماوه‌ی 7 ساڵدا ژماره‌ی كلاوه ئه‌تۆمییه‌كانی چه‌كه ستراتیژیكه‌كانیان كه‌م بكه‌نه‌وه.
پرسی كورد لەم نێوەندەدا
تاوەكوو ئێستا ڕووسیا هەوڵ دەدات كە وەكوو ئەكتەرێكی ستراتیژیك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێگەیەك لە ڕێگەی دیپلۆماسیی فرەلایەنگەرایی و چەندڕەهەندییەوە به ئامانجی دروستكردنی هاوسەنگی لە نێوان هەموو لایەنەكانی ئەم ناوچەیە دروست بكات. بەم واتایە كە ڕووسیا هەم لەگەڵ كورد و هەم دەوڵەتانی ناوەندیی ئەم ناوچەیەدا پەیوەندیی هەیە، بۆیە هەوڵ دەدات كە ڕۆڵی بكەرایەتیی كورد وەكوو فاكتەرێك لە كاتی پێویستدا لە هەمبەر ئەم دەوڵەتانە بەكار بێنێت؛ بۆ نموونە دەیەوێت لە نێوان پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا و هەرێمی كوردستان هاوسەنگییەك هەبێت. هەروەها لە سووریا و توركیایش دەخوازێت، سوود لە فاكتەری بكەرایەتیی كورد لە هاوكێشەكاندا بە ڕێگەی گونجاندنی "ئۆتۆنۆمی" لە ڕەشنووسی دەستووری داهاتووی سووریا و بانگهێشتكردنیان بۆ دانوستانەكانی سووریا وەربگرێت.
لە پاش 1990ەوە، كورد بووە بەشێك لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم سیاسەتە تاوەكوو 2003 و پاشان لە پرۆسەی ئازادكردنی عێراق و پرۆسەی سیاسی و بنیاتنانەوەی عێراق درێژەی كێشا. لە دوای هێرشی داعش بۆ عێراق و كوردستان، دیسانەوە ئەمریكا ڕۆڵی سەرەكیی لە بەرگری لە كورد بینیوە. هەرچەندە ئەمریكا لە پرۆسەی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستاندا پاڵپشتیی لە كورد نەكرد، بەڵام ناتوانین گرنگیی كورد بۆ هاوسەنگی لە عێراقی زۆرینە شیعی و، هەروەها بكەرێك بۆ دژایەتیی تیرۆر و بنكەیەك بۆ ڕێگەگرتن لە ئێران و پێگەی ئەمریكا لە داهاتووی ناوچەكەدا بۆ ئەمریكا فەرامۆش بكەین. لە لایەكی تریشەوە، لە ڕۆژاوای كوردستانیش كورد دەتوانێت لە ڕووی كردەیی و، هەروەها مەیدانییەوە، ئەكتەرێكی گرنگ بێت بۆ دژایەتیی تیرۆر و چارەنووسی داهاتووی سووریا و ڕێگەگرتن لە نفووزی ئێران و پاراستنی ئاسایشی ئیسڕائیل. بۆیە جۆری په‌یوه‌ندییەكانی نێوان ئەمریكا و ڕووسیا، هێز و ڕۆڵی وڵاتانی هه‌رێمی له ڕۆژهه‌ڵات ناوه‌ڕاست ده‌ستنیشان و پێناسه ده‌كات؛ به‌م پێیه‌یش داهاتووی كورد ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ گرێدراوی داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌یه. به مانایه‌كی تر، چاره‌نووسی كورد له باشووری كوردستان و تەنانەت ڕۆژاوا، ڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕێككه‌وتنی ئه‌م دوو هێزه له‌سه‌ر پرس و كێشه‌كان و ناڕاسته‌وخۆ دابه‌شبوونی هێز له نێوان ئێران، توركیا و وڵاتانی تری سوننه‌ی ناوچه‌كه.
به‌پێی بوار و پرسه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ڕووسیا، هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت له ڕووی ئابووری و ئاسایشییه‌وه كه‌ڵك له پێگه جیۆسیاسییه‌كه‌ی وه‌ربگرێت، به‌و مه‌رجه‌ی بتوانێت هاوسه‌نگییه‌ك له پەیوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته پێك بێنێت. به مانایه‌كی دیكه، كورد بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی ئێران و توركیا ده‌توانێت سوود له‌م ململانێیانه وه‌ربگرێت و، پێگه جیۆسیاسییه‌كه‌ی ببێته بنه‌مایه‌ك بۆ پێگه جیۆئێكۆنۆمییه‌كه‌ی له بواری نه‌وت و گاز له لایه‌ك و، له لایه‌كی تریشه‌وه به كه‌ڵكوه‌رگرتن له پێگه جیۆسیاسییه‌كه‌ی وه‌كوو ناوچەیەکی پارێزراو (buffer zone) بۆ دروستكردنی هاوسه‌نگی له نێوان سێ ناوچه‌ی ململانێ و پێكدادانی جیۆپۆلیتیكی شیعه/ئێران، سوننه/عه‌ره‌بی و تورك، ده‌توانێت ببێته گرنگترین هه‌رێمی جوگرافی بۆ پاراستنی به‌رژوه‌ندی و ئاسایشی ڕووسیا و ئه‌مریكا و پاراستنی هاوسه‌نگیی هێزه‌كانیان له ناوچه‌كه‌دا.
ده‌رباره‌ی باكووری كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش بارگرژی یاخود لێكنزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته، ده‌توانێت هه‌م هه‌ڕه‌شه و هه‌میش ده‌رفه‌ت بۆ كورده‌كان بره‌خسێنێت. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ئێران و ڕووسیا ڕێك بكه‌ون و ڕۆڵی ئێران له سووریا و عێراق و به‌گشتی له ناوچه‌كه‌دا لاواز ببێت، ئه‌وه كورده‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌رفه‌تی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونیان بۆ ده‌ڕه‌خسێت. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕووسیا و ئه‌مریكایش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر باكووری كوردستان و پێگەی توركیا له هاوكێشه ناوچه‌یییه‌كان یاخود لاوازبوونی ئه‌و وڵاته ده‌بێت. چونكه به شیوه‌یه‌كی گشتی، پێكهاته‌ی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی، ڕێسا و یاساكانی گه‌مه‌ی ئه‌كته‌ره ناده‌وڵه‌تی و ده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌ستنیشان ده‌كات و، له‌م نێوه‌نده‌دا ئه‌مریكا و ڕووسیا ئه‌و دوو ئه‌كته‌ره شوێندانه‌ره‌ن كه له پاڵ ئه‌كته‌ره سه‌رووهه‌رێمییه‌كانی تر، به‌ڵام به جیاوازییه‌كی زۆره‌وه، ده‌توانن فۆرم و چوارچێوه‌ی ئه‌م پێكهاته‌یه و ڕێساكانی ده‌ستنیشان و پێناسه بكه‌ن.
كۆبەند: داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كان
ڕووسیا، تا ئه‌و كاته‌ی كه پرسی ئۆكراین و ئابڵووقه ئابوورییه‌كانی ڕۆژاوا له دژی به‌رده‌وام بێت، درێژه به‌م ململانێیه ده‌دات. ڕووسیا بۆی ده‌ركه‌وتووه كه هه‌ر پاشه‌كشه‌یه‌ك له‌و ناوچه‌یه‌ی ئێستا، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پێگه‌ی ڕووسیا له ناوچه‌كانی تری نفووزی ده‌بێت و، به‌ته‌واوی سنووردار و كۆنترۆڵ ده‌كرێت. بۆیه، ڕووسیا له ڕووداو و گۆڕانكارییه‌كانی ڕابردووی له لیبیا و عێراق و ته‌نانه‌ت تونس، ئه‌زموونی وه‌رگرتووه. ئه‌مه‌یش به‌و واتایه دێت كه ڕووسیا بۆ ئه‌وه‌ی دووباره، ببێته‌وه به هێزێكی كاریگه‌ری نێوده‌وڵه‌تی و له ئه‌وروپادا ڕێز له پێگه‌ی بگیرێت و به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌سته‌به‌ر بكرێت، هه‌وڵ ده‌دات له ناوچه‌كانی تردا ئه‌م هاوكێشه و دانوستاندنه، یه‌كلایی بكاته‌وه.
بۆیه له ڕوانگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕووسیا، پێویسته ڕووسیا كێشه و ململانێكانی له سووریا و ناوچه‌كانی دوور له سنووره‌كانی به‌ڕێوه به‌رێت و، پاش وه‌رگرتنی ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ی كه له قازانجی ستراتیژیی ڕووسیایه، هه‌وڵی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕۆژاوا بدات. ئه‌مه‌یش نایه‌ته دی، تاوه‌كوو ڕووسیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست (لێره‌دا سووریا) خاوه‌ن پێگه، ناوچه‌ی نفووز و ده‌وڵه‌تی لایه‌نگر نه‌بێت، كه مانه‌وه‌ی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕووسیادا بێت. كۆنترۆڵی به‌نده‌ری ته‌رتوس، ئه‌و ئامانجه ستراتیژییه‌ی ڕووسیا ده‌سته‌به‌ر ده‌كات و ڕێگه نادات ناتۆ هه‌موو ده‌ریای ناوه‌ڕاست كۆنترۆڵ بكات و هێزی ده‌ریاییی ڕووسیا له ئاوه گه‌رمه‌كاندا بێبه‌ش بكرێت. به‌پێی ئه‌م ستراتیژییه، ڕووسیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌وڵ ده‌دات هاوسه‌نگییه‌ك له نێوان په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی سوننه‌ی عه‌ره‌بی، ئیسڕائیل و توركیا له لایه‌ك و، له لایه‌كی تره‌وه ئێران و ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له سووریا و بزووتنه‌وه ڕادیكاڵه شیعه‌كان دروست بكات.
له لایه‌كی تره‌وه ئه‌مریكا و، به‌تایبه‌ت ئیداره‌ی نوێی ترامپ، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له گۆشه‌نیگایه‌كی نوێوه پرس و كێشه‌كان له‌گه‌ڵ ڕووسیا چاره‌سه‌ر بكه‌ن. ئه‌مه‌یش به جۆڕیك ده‌رفه‌تێكه بۆ ڕووسیا و وڵاتانی سوننه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا دڵه‌ڕاوكێی بۆ ئێران دروست كردووه كه ڕۆڵی هه‌رێمایه‌تیی ئێران سنووردار و په‌رواێز بخرێت. هه‌روه‌ها ڕوانگه‌ی ئابووریی ترامپ بۆ پرسه سیاسی و ستراتیژییه‌كان وا ده‌كات، كه به نزیكبوونه‌وه له ڕووسیا، چین په‌راوێز بخات و گوشار له‌سه‌ر هێزی ڕوو له گه‌شه‌ی ئه‌م وڵاته دروست بكات و ڕێگه له دروستبوونی هاوبه‌ندی و هاوپه‌یمانێتییه‌كی ستراتیژیك له نێوان ڕووسیا و چین و هندستان بگرێت.
هەروەها دەتوانین بڵێین سیاسه‌ته‌كانی ترامپ بۆته جێگه‌ی دڵه‌ڕاوكێی ئاسایشیی وڵاتانی ئه‌وروپی، به‌تایبه‌تی پاش ده‌رچوونی بریتانیا له یه‌كێتیی ئه‌وروپا و پرسی داهاتووی ڕێكخراوی ناتۆ و ئه‌گه‌ری ڕێككه‌وتنی ترامپ و ڕووسیا و به‌رزبوونه‌وه‌ی نفووز و ڕۆڵی ڕووسیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا. بۆیه ده‌بینین به ڕێككه‌وتن یاخود نزیكبوونه‌وه‌ی ڕووسیا و ئه‌مریكا، كۆی هاوكێشه سیاسی و سه‌ربازی و ئاسایشی و ته‌نانه‌ت ئابووری و به‌گشتی جیۆئێكۆنۆمی و جیۆپۆلیتیكییه‌كانی ناوچه‌كه و جیهان، ده‌توانێت گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت.
هه‌رچه‌نده ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌یه به هۆی به‌هێزبوونی نه‌یارانی ڕووسیا له ناوخۆی ئه‌مریكادا له لایه‌ك و، گوشاری وڵاتانی ئه‌روپی له لایه‌كی تره‌وه، له‌وانه‌یه تووشی كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ست و كێشه ببێته‌وه، به‌ڵام ده‌كرێت/ده‌تواندرێت په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕووسیا و ئه‌مریكا له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك پرس و بابه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌ت له بواری ئاسایش و ئابووریدا گه‌شه بسێنێت و، هاوكێشه‌ی نوێ دروست بكات.