پێكهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی و ستراتیژیی سیاسەتی دەرەكیی ترامپ

پێشەكی:

سەرۆك باراك ئۆباما (2009-2017) بە دروشمی "گۆڕان" ((Change هاتە سەركار و، ئەم درشمە بووە بناغەی دكتۆرینی ئۆباما لە سیاسەتی ناوخۆ و دەره‌وە. پاشان "دۆناڵد ترامپ" لە ساڵی 2017 بە دروشمی "ئەمریكا یەكەم" (America first) و، هەروەها "دووبارە ئەمریكا بەهێز دەكەینەوە" (Make America Great Again)، بووە سەرۆككۆماری ئەمریكا. لە ڕاستیدا ئەم دوو دروشمە، بوونەتەوە بناغەی دكتۆرینی دۆناڵد ترامپ و بەم پێیەیش سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریكا. بەڵام چۆنێتیی جێبەجێكردنی ئەم دروشم و ستراتیژییانە، هەندێ جار بۆتە هۆی ئاڵۆزی و ناڕوونی لە خوێندنەوە و شرۆڤەی ڕەفتاری سیاسی ئەمریكا و بەتایبەتی لە وتە و ڕەفتارەكانی دۆناڵد ترامپ؛ بەم واتایە كە خوێندەوەی ڕەفتار و پێشبینیكردنی "ترامپ"، بووه‌تە كارێكی ئەستەم و تەنانەت دژبەیەك. بۆیە لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین چۆنێتیی جێبەجێكردنی هێڵە سەرەكییەكانی ئەم دروشم و ستراتیژییەی ترامپ لە چوارچێوەی دكتۆرینی ترامپدا، بخەینە بەر باس و لێكدانەوە.

ستراتیژیی ئۆباما و پرسە نێودەوڵەتییەكان

ئۆباما هەوڵی دا دروشم و چەمكی "گۆڕان" لە سیاسەتی ئەمریكا بەرجەستە بێت یاخود ڕەنگ بداتەوە. بەو واتایە كە لە ئاستی نێودەوڵەتی و دەرەكیدا چەمكی" بەرگریی پێشدەستانە" كە لە لایەن "جۆرج بۆش" لە ساڵی 2003 ببوو بە بەشێك لە ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا و، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گرفت و كێشەی ڕەوایەتیی بۆ سیاسەتەكانی ئەمریكا دروست كردبوو و، وڵاتان دڵەڕاوكێیان لە ڕەفتاری ئەمریكا هەبوو و، هەروەها لە ڕووی ئابوورییەوە ئەمریكای خستبووە دۆخیكی نالەبار، بگۆڕێت.

بۆ نموونە ئۆباما هەوڵی دا بە ڕێگەی دانوستاندن و دیپلۆماسی و، هەروەها سزا و ئابڵووقەی نێودەوڵەتییەوە دەربارەی قەیرانی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بگاتە ڕێككەوتنێك. سەرەرای ڕەخنە توندەكانی ئیستای "ترامپ" لەو ڕێككەوتنە، بەڵام لە ڕاستیدا سیاسەتی ئۆباما لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران و ئەم ڕێككەوتنە، لەسەر بنەمای "كۆنترۆڵی ئێران" لە ناوچە و، هەروەها هەوڵدان بۆ گۆڕانكاری لە ناوخوی ئێران داڕێژرابوو. بۆ نموونە لە ڕێكەوتی 24/7/2015 "جۆن كێری" لە ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی كۆنگرێسی ئەمریكا ڕای گەیاند، كە ئەمریكا كار لەسەر گۆڕانكاری لە داهاتووی ئێران دەكات. تەنانەت ئەم ڕەفتارەی "ئۆباما" لە هەمبەر ڕووسیایش بە سیاسه‌تی Rest ناسرا، بە مەبەستی سڕینەوەی بارگرژییەكان لەسەر پرس و بابەتە جێناكۆكه‌كانیان، وەكوو: پەلهاوێشتنی ناتۆ بۆ ڕۆژهەڵات، پێكدادانی بەرژەوەندییەكانیان لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی هاوبەرژەوەندی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، شۆڕشی جەماوەری بۆ گۆڕینی ڕژیمە سیاسییەكانی دەوڵەتان ناسراو بە شۆڕشە ڕەنگییەكان، جەنگی ڕووسیا لەگەڵ جۆرجیا لەسەر ناوچەی ئەبخازیا، قەڵغانی مووشەكیی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، قەیرانی ئۆكراینا و نیمچەدوورگەی كریمیا، پرسی كۆریای باكوور و...، لە ڕێگەی سزا لە لایەك و، دیپلۆماسییەت لە لایەكی ترەوە، بەكار هات.

ئەمریكا و پێكهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی: ڕیاڵیزمی پێكهاتەگەرا

بۆ ڕوونكردنەوەی چییەتی و هۆكاری ڕەفتاری "ترامپ"، پێویستە ئاوڕێك لە تێڕوانینی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بۆ پێكهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی بدەینەوە. "كێنت والتز" لە په‌رتووكی "تیۆریی سیاسەتی نێودەوڵەتی"دا بنەماكانی ڕیاڵیزمی كلاسیكی بردە ژێر پرسیار؛ بەم واتایە كە ئەوە سروشتی مرۆڤ نییە كە وا لە دەوڵەتان دەكات ڕەفتارێكی شەڕانگێز یاخود جەنگویستانە و بەرژەوەندیخوازانەیان هەبێت، بەڵكوو ئەوە سیستەمی نێودەوڵەتی و سروشتی ئەنارشی (Anarchical)ی ئەم سیستەمە و نەبوونی دەسەڵاتێكی سەروودەوڵەتانە، وا دەكات هەموو دەڵەتان بیر لە خۆبەهێزكردن و خۆپڕچەككردن و بەرژەوەندییەكانیان بكەنەوە. بەم پێیە "والتز" بنەما سەرەكییەكانی "ڕیاڵیزم" قبووڵ دەكات، بەڵام سیستەمی نێودەوڵەتی و پشێوی و ئەنارشیی ئەم سیستەمە، بەم پێیەیش دابەشكردنی هێز لە سیستەمەكەدا، بە هۆكاری سەرەكیی نادڵنیاییی دەوڵەتان و تەنانەت جەنگ و هاوپەیمانێتیی كاتی و ئاسایش و نا-ئاسایشی دەزانێت. بۆیە دەتوانین لەسەر چەند چەمك یاخود بنەمای سەرەكیی هاوبەشی نێوان ستراتیژی و دكتۆرینی "ترامپ" و، هەروەها ڕیاڵیزم و نیۆڕیاڵیزم جەخت بكەینەوە:

یەكەم: دەوڵەتگەرایی (Statism)

لە ڕوانگەی ڕیاڵیستەكانەوە دەوڵەتی خاوەن سەروەری، گرنگترین ئەكتەری گۆڕەپانی نێودەوڵەتییە. بۆیە كۆمپانیاكان و ئەكتەرە نادەوڵەتییەكان ئەو توانا و ڕۆڵە بنەڕەتی و سەرەكییەیان نییە، چونكە دەوڵەت لە ئاستی ناوخۆیی، خاوەن هێز و دەسەڵاتی ڕەوا و یەكلاكەرەوەیە؛ لە ئاستی دەرەكیدا لە پاڵ دەوڵەتانی تردا خاوەن سەرەوەرییە. هەروەها ئەم دەوڵەتە یەكپارچە و عەقڵانییە و بە دوای ئاسایش و بەرژەوەندییەكانی خۆیەتی. بۆیە دەوڵەت لە ئاستی ناوخۆییدا بە دوای ڕێكخستنی هێز و، لە ئاستی دەرەكیدا به‌ دوای كۆكردنەوە و بەدەستهێنان و كەڵەكەكردنی هێزەوه‌یه‌. گرنگترین ڕەگەزی هێزیش سەربازییە و، بۆیە ئایدیۆلۆژی و ئابوورییش گرنگیی تایبەتیان هەیە. بۆیە "ترامپ" زۆر گرنگی بە سیاسەتێك بە ناوی "نەتەوەگەراییی پاڵپشتیكەرانە" (National Protectionism) دەدات. لێرەوە لەژێر ناونیشانی "ئەمریكا یەكەم"، ئەم بنەمایەی ڕیاڵیستەكان هەم لە ئاستی گوتار و هەم لە ئاستی ڕەفتار و سیاسەتدانانی ترامپدا بەرجەستە دەبێت.

دووەم: ئاسایش و مانەوە (Survival)

گرنگترین ئامانجی دەوڵەت لە كۆكردنەوە و بەدەستهێنانی "هێز"دا، ئاسایش یاخود مانەوەیە. بەو واتایە كە ئه‌و مانەوەیە لە چوارچێوەی ئاسایشدا پێناسە دەكرێت. بۆیە هیچ سەودا و دانوستاندنێك لەسەر مانەوەی دەوڵەت ناكرێت و، هەر بەم پێیەیش ئەخلاق و سیاسەت لە یەكتری جیا دەكرێنەوە. دەوڵەت بەرپرسیاری یەكەم و كۆتاییی ئەم مانەوەیە. بەم پێیە ترامپ لە بەڵگەنامەی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكادا زۆر گرنگی بە دەستەبەركردنی ئاشتی و ئاسایش لە ڕیگەی هێزی سەربازییەوە دەدات. بۆیە چەمكی "ئاشتیی دەسەڵاتدارانە" (Bullying Peace)  دەتوانێت ئەم ڕوانگەیەیك ترامپ ڕوون بكاتەوە. بەم واتایە كە ئەمریكا ئاشتی و ئاسایش لە ڕێگەی بەهێزبوون و هێزی سەربازییه‌وه،‌ بەبێ بەكارهێنانی، دەستەبەر دەكات.

سێیەم: پشتبەخۆبەستن یاخود خۆژینی (Self-help)

لە ڕوانگەی ڕیاڵیستەكانەوە، لە نێوان "سیاسەتی ناوخۆیی" و "سیاسەتی نێودەوڵەتی"دا جیاوازی هەیە. لە ئاستی ناوخۆییدا تاكەكان پێویست ناكات خۆیان بەرگری لە ئاسایشی خۆیان بكەن، چونكە دەسەڵاتێكی باڵاتر هەیە، بەڵام لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا چونكە هیچ دەسەڵاتێكی باڵا بوونی نییە، بۆیە پێویستە دەوڵەتان كار بۆ ئاسایش و بەرگری لە ئاسایشی خۆیان بكەن. چونكە سیستەمی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای ئەنارشییە، بۆیە دەوڵەتان پشت بە خۆیان دەبەستن. هەر بۆیەیشە كە بەهێزبوونی دەوڵەتێك دەبێتە هۆی هەستكردن بە مەترسی و هەڕەشە لە دەوڵەتێكی دیكە. ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی كە "والتز" گرنگی بە پێكهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی بۆ شوێندانەری لەسەر سنوورداركردنی ڕەفتاری ئەكتەرەكان بدات. هەر بۆیە "ترامپ" زۆر گرنگی بە ڕێككەوتن و هاوپەیمانێتییه‌كان و تەنانەت ڕۆڵی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان نادات. بەم پێیەیش چەمكی "هاوپەیمانێتیی كەم-تێچوو" (Low -Cost Alliance) وێنای ڕەفتاری ترامپ ده‌كات لە دەرچوون لە ڕێككەوتننامەی كەشوهەوای پاریس و، هەروەها ڕێككەوتننامەی "ترانس–پاسێفیك" و هەڕەشە لە وڵاتانی ئەوروپی بۆ كەمكردنەوەی بوودجەی "ناتۆ" و وەئەستۆگرتنی لە لایەن وڵاتانی ئەوروپی و تەنانەت داواكردن لە وڵاتانی دەوڵەمەندی عەرەبی، بەتایبەتی سعوودیا، بۆ وەئەستۆگرتنی تێچووەكانی جەنگ لە سووریا و، هەروەها وتەكانی ترامپ لە هەمبەر هێزەكانی ئەمریكا لە كۆریای باشوور و هتد. لە ڕوانگەی "والتز"ەوە پێكهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی لە سێ پێكهێنەر یاخود بەش پێك هاتووە:

  1. بنەمای ڕێكخەر:

ئەم بنەمایە هەمان ئەنارشیی سیستەمی نێودەوڵەتییە، كە واتای نەبوونی دەسەڵاتێكی باڵایه‌ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا؛ چونكە هەموو دەوڵەتان خاوەن سەروەرین و، بەپێچەوانەی ئاستی ناوخۆیی لە دەوڵەتاندا، لە ئاستی دەرەكیدا كەس حاكمی كەس نییە. بۆیە "والتز" سیاسەت لە ئاستی ناوخۆیی بە "سیاسەت لەگەڵ حكوومەت (Politics with the government) و، سیاسەت لە ئاستی دەرەكی بە "سیاسەت بەبێ حكوومەت" (Politics without the government) دەزانێت. ئەمەیش وا دەكات دەوڵەتان هەوڵی زیادكردنی هێزی خۆیان بدەن و، گەرەنتیكردنی ئاسایشی ناوخۆیییان لە هەمبەر هەڕەشە دەرەكییەكان دەبێتە گرنگترین ئامانجی سیاسەتی دەرەكیی دەوڵەتان. هەر بۆیە سیستەمی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای "پشتبەخۆبەستن" و "خۆژیانییە". بەم پێیە بۆیە دەبینین كه‌ "ترامپ" بوودجەی سەربازیی ئەمریكا دەگەیه‌نێتە 760 ملیار دۆلار.

  1. جیاوازی و فرەییی ئەكتەرەكان و هاوشێوەبوون و دیاریكراوبوونی ئەركەكانیان:

لە ڕوانگەی "والتز" ەوە یەكەكانی سیستەمی نێودەوڵەتی (كە دەوڵەت گرنگترین و سەرەكیترینیانە) هەموویان لە ڕووی ڕەفتار و ئەركەوە وەكوو یەكن؛ بەم واتایە كە بە دوای زیاتركردنی هێز و توانای خۆیانەوەن بە مەبەستی گەرەنتیكردنی مانەوەیان و دەستەبەركردنی ئاسایشی ناوخۆیییان. بۆیە "والتز" پێی وایە تا ئەو كاتەی كە بنەمای سەرەكیی ڕێكخەری سیستەمی نێودەوڵەتی "ئەنارشییە"، دەوڵەتان وەكوو یەك ڕەفتار دەكەن و ئەركی هاوشێوەیان هەیە، كە ئەویش پاراستنی ئاسایش و بەرگرییە لە مانەوەیان لە ڕێگەی هێزەوە. بۆیە "ترامپ" كەڵك لەم بنەمایە وەردەگرێت بۆ ئەوەی لە ڕێگەی گوشارەكان و پاشان تەنانەت هێرشی سەربازیی سنوورداره‌وه‌ (وەكوو هەڕەشە لە كۆریا و هێرشی مووشەكی لە سووریا لە دژی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی) بە مەبەستی ئەوەی كە لە لایەك ئەوە بەرگرییە لە ئاسایش و مانەوەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی و، بەم پێیەیش ئەنجامدانی ئەركی دەوڵەت كە بریتییە لە پارێزگاری لە مانەوەی لە سیستەمی ئەنارشیدا و، لە لایەكی تریشەوە ناچاركردنی ئەو لایەن و دەوڵەتانه‌ی دژی ئەمریكا كە بە هۆی ئەو بنەمایە، ڕازی بن بە مەرجەكانی ئەمریكا لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و بەردەوامبوون لە مانەوەی خۆیان وەكوو ئەكتەر (دەوڵەت) لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا. بۆیە چەمكی ڕووبەڕووبوونەوە یاخود وه‌ڵامدانەوەی سەربازی (Military Response)، هەم دەربڕی سروشتی سیستەمی نێودەوڵەتی و هەم ئەركی هاوشێوەی ئەكتەرەكانە، هەرچەندە سنوورداریش بێت.

  1. دابەشكردنی تواناكان لە نێوان ئەكتەرەكان:

لە ڕوانگەی "والتز"ەوە ئەو بەشەی كە لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا یەكسان نییە و بگۆڕە، ئەوە تواناكانی یەكەكانی سیستەمی نێودەوڵەتی یاخود دەوڵەتانە كە هێز و توانایان یەكسان نییە. ئەمەیش دەبێتە هۆی جیاوازیی نێوانیان؛ سەرەڕای ئەوەی كە ئەركی هاوشێوەیان لە بەرگری لە مانەوە و كۆكردنەوەی هێز و دەستەبەركردنی ئاسایش هەیە. جیاوازیی ئەم توانایانەیش، دەكرێت لە ڕووی ڕێژەی دانیشتووان، ڕووبه‌ری وڵات، سەرچاوەكانی وڵاتێك، توانا ئابوورییه‌كان، هێزی سەربازی، سەقامگیری و ڕەوایەتیی سیاسی و...، بپێورێت و هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت. بۆیەیش ئەم جیاوازییە وا دەكات كە سیستەمی نێودەوڵەتی، تاكجەمسەری یاخود دووجەمسەری (وەكوو جەنگی سارد)، یان فرەجەمسەری بێت (وەكوو پێش جەنگی جیهانیی یەكەم و دووەم). هەر بۆیەیش كە دەبینین ئەمریكا لە سەردەمی"ترامپ"دا هەوڵی ئەوە دەدات ئەم جیاوازییە لە ڕووی هێز و توانایەوە بپارێزێت و ڕێگە لە وڵاتانی نەیاری خۆی، وەكوو ئێران و كۆریای باكوور و چین و ڕووسیا بگرێت كە توانا و هێزیان بەرز بكەنەوە؛ چونكە ئەو كاتە دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایش و مانەوەی ئەمریكا. ئەم دابەشكردنی توانایانەیش دەبێتە هۆی دروستكردن یاخود فۆرمگرتنی "سیاسەتی نێودەوڵەتی". بۆیە "ترامپ" لە ڕێگەی بەرزكردنەوەی بارگرژییەكانه‌وه‌ هەوڵی سڕینەوەی بارگرژی دەدات و، چەمكی Escalation For De-escalation دەتوانێت ستراتیژیی ترامپ لە ڕەفتار و سیاسەتی دەرەكیدا لە هەمبەر كۆریای باكوور و ئێران زیاتر ڕوون بكاتەوە. چونكە ترامپ بە هۆی پێگەی ئەمریكا و دابەشبوونی هێز لە پێكهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی، لە لایەك بەرگری لە وڵاتە نەیارەكان دەكات كە هەڕەشە لە ئاسایشی ئەمریكا بكەن و، لە لایەكی تریشەوە لە ڕێگەی بەرزكردنەوەی تێچووی بارگرژی و پێكدادان و جەنگ لەگەڵ ئەمریكا، پێگەی ئەمریكا دەپارێزێت و ڕیگە لە بەرزبوونەوەی پێگەی وڵاتان لە ڕێگەی بەدەستهێنانی پێگە و هێز دەگرێت و دابەشبوونی هێز لە ئاستی پێكهاتەی سیتسەمی نێودەوڵەتی دەپارێزێت. ئەمەیش لە ڕێگەی گوشار، ئابڵووقە و سزا و گەمارۆی ئابووری و دارایی و دیپلۆماسیی هێرشبەرانە و تەنانەت هەڕەشەی سەبازییه‌وه‌ ئەنجام دەدات.

بەم واتایە كاتێك كە سیاسەتی "ئاشتیی دەسەڵاتدارانە" ئەگەری جێبەجێكردنی نەبوو، ئەوە ئەمریكا ئاستی بارگرژییەكان و تێچووەكانی دژایەتی لەگەڵ ئەمریكا بۆ پاراستنی هێز و پێگەی ئەمریكا بەرز دەكاتەوە و، بەم پێیە بارگرژییەكان لە ئاستی سیستەمی نێودەوڵەتیدا دەسڕێتەوە. بۆ نموونە هەڵوێستی ئەمریكا لە هەمبەر ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و 5+1 و هاتنەدەرەوەی "ترامپ" لە ڕێككەوتنەكە و، هەروەها هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر كۆریای باكوور و، لە بەرامبەردا ڕازیبوونی كۆریای باكوور بۆ ڕاگرتنی هەموو چالاكییە ئەتۆمی و مووشەكییەكانی، دەرهاوێشتەی ئەم سیاسەتەی ئیدارەی نوێی ئەمریكایە.

بە شێوەیەكی گشتی سیاسەتی دەرەكییش لەژێر كاریگەریی چۆنێتیی ڕوانینی نوخبە سیاسییەكان و، هەروەها ڕۆحییه‌ و وره‌ و كەسایەتیی سەركردە باڵا سیاسییەكاندایە. بۆیەیشە چۆنێتیی ڕەفتاری "ئۆباما" لە مامەڵەكردنی لەگەڵ ئێران بە مەبەستی دووركردنەوەی هەڕەشەكانی ئەتۆمیی ئێران، جیاوازیی لەگەڵ "ترامپ"دا هەیە. بەڵام لە كۆتاییدا هەمان ئامانج و مەبەست كە بریتییە لە پاراستنی ئاسایش و مانەوە و، هەروەها دەستەبەركردنی بەرژەوەندییەكان و پێگەی بەزری ئەمریكا لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، بەدواداچوونی بۆ دەكرێت.

كۆبەند:

هەرچەندە ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی و بەم پێیەیش سیاسەتی دەرەكی و دكتۆرینی "ترامپ" لە چوارچێوەیەكی تیۆری و ڕوانگەیه‌كی تاقانەدا ناگونجێت، بەڵام بەپێی هەڵوێست و سیاسەتەكانی "ترامپ" و، هەروەها پێكهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی، دەتوانین بڵێین كە دروشم و ستراتیژیی "ئەمریكا یەكەم"، دەتوانێت لە ڕێگەی چەندین میكانیزم و سیاسەتی جۆراوجۆرەوە ببێتە دۆكترینی سیاسەتی دەرەكی و ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا. بۆیە ئەمریكای سەردەمی "ترامپ" لە پەیڕەوكردنی سیاسەتی تاكلایەنەگەرایی (Unilateralism) لە ئاستی دەرەكیدا و، هەروەها ناسیۆنالیزمی پاڵپشتیكەرانە لە ئاستی ناوخۆییدا، هەوڵی ئەوە دەدات كە تێچووی بەشداری لەگەڵ هاوپەیمانێتییه‌كانی بگەیەنێتە نزمترین ئاست و، تێچووە دارایییەكانی بخاتە ئەستۆی هاوپەیمانەكانی و، خۆی لە ڕێگەی هێزی سەربازی و، هەروەها بەرزكردنی ئاستی بارگرژییەكان و چەسپاندنی ئاشتیی دەسەڵاتدارانەوه‌، هەوڵی كەمكردنەوە و سڕینەوەی بارگرژییەكانی بدات و بەم پێیەیش ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەستەبەر بكات.

بۆیە بە تێگەیشتن لە سروشتی سیستەمی نێودەوڵەتی و، هەروەها ستراتیژیی سیاسەتی دەره‌كیی ئەمریكا لە سەردەمی ترامپ، باشتر دەتوانین ڕەفتار و بڕیارەكانی "ترامپ" لەمەڕ پرس و بابەتە جیهانی و نێودەڵەتییەكان پێشبینی بكه‌ین یاخود بخوێنینەوە.

Latest from پەرویز ڕەحیم

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples