"پێنووس": بۆچی پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا (٣٠-٩-٢٠١٨) بەڕێوە بچێت؟
پەرویز ڕەحیم قادر/ مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین:
لەبەر چەند هۆكارێك:
- هیچ پاساو و بیانووێكی نالەباربوونی دۆخی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ئارادا نییە كە بەو هۆكارە ئەم هەڵبژاردنە دوا بخرێت.
- لە ڕووی یاساییشەوە بە هۆی ئەوەی كە ویلایەتی پەرلەمانی كوردستان درێژ كراوەتەوە، ئەم جارەیش درێژ بكرێتەوە ئەوە هیچ واتایەك بۆ پرەنسیپی ویلایەتی 4 ساڵەی پەرلەمانی كوردستان نامێنێت. بۆیە ڕەوایەتیی پەرلەمان و بەم پێیەیش حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.
- بە دواخستنی هەڵبژاردن، ئەوە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هۆی نەبوونی ڕەوایەتیی نوێی هەڵبژاردن، ناتوانن كارەكانی خۆیان وەكوو پێویست بەڕێوە بەرن و زیاتر كابینەی ئێستا وەكوو حكوومەتێكی كاربەرێكەر دەنوێنێت و تەنانەت لە ئەگەری هاتنەئارای دۆخێكی لەناكاو كە پێویستی بە بڕیارێكی ستراتیژی و چارەنووسساز هەبێت، بڕیارەكانیان بە هۆی تەواوبوونی 4 ساڵەی كاری كابینە و درێژكردنەوەی، متمانە و بەم پێیەیش ڕەوایەتییان، دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە و لەوانەیە لایەنەكانی دیكە قبووڵی بڕیارەكانی نەكەن.
- بە دواخستنی هەڵبژاردنی كوردستان ئەگەری ئەوە هەیە كە لە داهاتوودا هەر كاتێك هێز و حزبێكی دیاریكراو لەناو خۆیدا كێشەی هەبوو یاخود هەستی كرد پێگەی جەماوەریی لە دابەزیندایە، ئەوە داوای دواخستنی هەڵبژاردن بكات. ئەمەیش كۆی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسیی هەرێمی كوردستان بە دەستاودەستكردنی دەسەڵاتەوە دەخاتە ژێر پرسیار. بەم واتایە كە عورفێكی سیاسیی نادیموكراسی لە كوردستاندا دروست دەبێت.
- لە لایەكی تریشەوە خەڵك متمانەیان بەو دەسەڵاتە نامێنێت كە بەبێ پاساوی ڕەوا و ئاسایشی و، تەنیا لەسەر داوای هێزە سیاسییەكان و بە هۆی كێشە ناوخۆیییەكانیان هەڵبژاردن دوا بخرێت. ئەمەیش وا دەكات كە كۆی سیستەمی سیاسیی كوردستان پرسیاری ئەوەی لەسەر دروست بێت كە بەرژەوەندیی حزبی و كەسی، لە سەرووی بەرژەوەندیی هاووڵاتیانەوەیە.
- لە پاش ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر و كشانەوەی حزبەكانی بەشدار لە حكوومەت (بێجگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) ڕەوایەتیی ئەم حكوومەتهی ئێستا لەرزۆكە و، ئەو ڕێككەوتنەی كە ئەم حكوومەتەی ئیستای لەسەر دروست ببوو نەماوە و بەشێك لە وەزارەتەكان بەوەكالەت بەڕێوە دەچن؛ ئەمەیش كاریگەریی لەسەر ئیدارە و ئەدای ئەو وەزارەتانە دروست كردووە. بێجگە لەوەیش بە هۆی نەمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پۆستەكە و هەڵپەساردنی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی، ئەوە هەڵبژاردنی پەرلەمان و یەكلاییكردەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە ڕێككەوتن یاخود زۆرینەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بەشێك لە كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكات.
- بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا و پاشان پێكهاتنی كابینەی نوێی حكوومەت، وا دەكات كە لە بەغدایش پێگەی كورد بەپێی واقعی كوردستان و پێگەی هێزە سیاسییەكان دیاری بكرێت و تەنانەت بەرز بێتەوە.
- لە ڕووی هەرێمییشەوە لە ڕێگەی هەڵبژاردن و درستكردنی كابینەی نوێ، دەكرێت حكوومەتیكی بەهێز بێتە ئاراوە كە خۆی بۆ گۆڕانكارییە هەرێمییەكان كە پێشبینیی گۆڕانكاری لە هاوسەنگیی هێزەكان دەكرێت، ئامادە بكات.
- لە كۆتاییدا ئەگەر زووتر هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوە بچێت، ئەوە دەكرێت پرسی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و دەستووری هەرێمی كوردستان بەپێی هاوسەنگیی نوێ سیاسی لە كوردستان یەكلایی بكرێتەوە و ئەمەیش یارمەتیی زیاتری سەقامگیریی سیاسیی كوردستان دەدات.
|